ئاشتی کۆمەڵایەتی و بنەماکانی

ئاشتی کۆمەڵایەتی و بنەماکانی

پێشەکی

لەم رۆژگارەدا، لەم چەرخی کوشتن و رق و کینەو تووندوتیژییە کوێرانەیەدا، لەم کاتەدا کە ململانێی نێوان شوناسەکان، ئاینەکان، مەزهەبەکان، ئیتنییەکان، لە ئاستێکی باڵادایەو بەو هۆیەوە، کۆڵەکەو پێگەی دەوڵەتەکان لەبەریەک هەڵدەوەشێنەوەو کۆمەڵگاکان پەرتوبڵاودەبنەوە. لەم قۆناغەی گەشەی مرۆڤایەتدا کە تێیدا، بڕو ئاستی کوشتن و تیرۆرو لەناوبردنی یەکتری، لە هەڵکشان و بەرزبوونەوەیەکی بەرچاودایە. تێیدا جەنگ و تیرۆرو خۆپیشاندانی پڕ زەبروزەنگ، یەکێکە لە سیما هەرە دیارەکانی قۆناغەکە، مرۆڤ پرسیاری ئەوەی بەخەیاڵدادێت ئایا جەنگی زیاترو کوشتنی زیاتر، رێگای رزگاربوون و گەیشتنە بە سەرفرازی؟ ئاخۆ رفاندن و گرتن و ئەشکەنجەدان و کۆتاییهێنان بە ژیانی ئەوانی دیکەی جیاواز، چارەسەرە؟ تۆ بڵێی خۆتەقاندنەوە لەنێو ئاپۆرای خەڵکی بێتاوان، تەنها لەبەر ئەوەی لە من ناچن، دەمانگەیەنێتە سەرکەوتن و ژیانمان جوانترو خۆشتر دەکات؟ یان نەخێر ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە، دەرمانی ئەم دردو بەڵایەیە کە یەخەی وڵاتان و کۆمەڵگاکانی گرتووە؟

دەوترێت و وتنەکەش تەواو راستە: جەنگ سەرەتا لە هزری دەسەڵاتداران و سیاسییەکاندا دەخەمڵێت و بەرهەمدەهێنرێت، پاشان دەگوازرێتەوە بۆ سەر نەخشە سەربازییەکان و لەوێشەوە زۆر بە ئاسانی دەگوزارێتەوە بۆ نێو شارەکان و گوندەکان و گۆڕەپان و شەقام و دارستان و باخچەو کێڵگە و جەنگەڵەکان. دیارە کۆی عەقڵی سیاسی دەسەڵاتدارانی ئێمەی کوردو دراوسێکانمان لە عەرەب و فارس و تورک، سیخناخ بووە بە مانای کوشتن و جەنگ و سڕینەوەو پاکتاوکردن و دەرکردنی یەکترو راوەدونان و تەکفیرکردنی یەکتر. پرسیارەکە ئەوەیە: چۆن دەکرێت خۆمان لەم هزرە خوێناوی و نامرۆڤانەیە رزگار بکەین؟ چی بکەین بۆ ئەوەی ئەو هزرە لەو پاشخانە جەنگپەرستییە بەتاڵبکەینەوەو خۆمان لەو ئافاتە نەجاتبدەین؟ ئەو هزرو عەقڵییەتە پڕبکەین لە مانای سەلامەتی و پێکەوە ژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتی کە مافی ژیان بۆ هاوڵاتیان، بێ هیچ جیاوازییەک دەپارێزێت؟ ژیانێکی خاوەن کەرامەت و رێز. بۆچی؟ چونکە ژیانی پڕ کەرامەت و رێز بۆ مرڤ، پێش هەمو جۆرە ژیانێکی دیکە و ئینتیمایەکی دیکە دەکەوێت، لە ئینتیمای شوناسەوە بۆ ئینتیمای ئاین و نەتەوەو کەلتورو سەرجەم ئینتیماکانی دیکە. مرۆڤ بەو پێیەی مرۆڤە، مافی مرۆڤبوونی پێش هەمو ماف و ئینتیماکانی دیکە دەکەوێت. مرۆڤ کە عەقڵی پڕکرا لە وەهمی رەسەنایەتی و ئاین و نەتەوە، کە هزری سیخناخ بوو لە داگیرکاریی و کوشتن و پەلاماردان و سرودی مەزهەبی و تۆڵەکردنەوە، دەروونی لێوان لێوبوو لە کینەی بێ سنور لەوانی دیکە، ئەوا ناتوانین بە سەلامەتی هەنگاو بەرەو ئایندەبنێین، ناتوانین بەئاشتی و ئارامی لە سبەینێیەکی زوودا لەخەو هەستین، ناتوانین لە دوارۆژدا ژیانێکی کۆمەڵایەتی هێمن پێکەوەبنێین و هاوڵاتییەکی سەر بەم سەردەم و هەزارەی سێیەمە دروستبکەین.

هەنووکە بۆچی ئێمە هەست بە دڵنیایی ناکەین، مورتاح و ئاسودەنابین، مەگەر ئەو کاتە نەبێت کە ببینین-لە وڵاتەکەمان، هەرێمەکەمان، شارەکەمان، گوندەکەمان- ئەویتری جیاواز، ملکەچی داواکارییەکانمان بووە، هەمان شوناس و ئاین و هەمان مەزهەب و هەمان ئایدۆلۆژیاو هەمان بیرکردنەوەی ئێمەیان وەرگرتووە. ئەگەر نا ئەوە خۆمانی پێدا دەتەقێنینەوە یان دەیکوژین یاخود شاربەدەری دەکەین و لە مەملەکەتی خۆمان دەریدەپەڕێنین و ژیانی لێتاڵدەکەین؟ هەروەها دەمانەوێت ئەوانی دیکەی جیاواز، لە وڵات و زێد و مەملەکەتی خۆیان، لە ئێمە بچن و بەهاکانی ئێمە وەربگرن و شێوە ژیانی ئێمە بژین و باوەڕیان بە ئاین و مەزهەبی ئێمە بێت، دەنا ژیان و زیندەگیان پڕ دەکەین لە ترس و تۆقاندن و رق و کینە؟ وایان لێدەکەین نەتوانن لە ژوری نووستنەکەیان و لە نێو ماڵی خۆیاندا، بە ئاسودەیی چاویان لێکنێن و سەرخەوێک بشکێنن و پشوویەک بدەن؟

بەداخەوە عەقڵی سیاسییەکان و کاربەدەستانی باڵا، لە بەشێکی بەرچاوی گۆی زەوی، رق و کینەیان لێدەبارێت، ژەنگیان گرتووەو چاوەکانیان سورهەڵگەڕاون، لەدیمەنی خوێن و مەرگ زیاتر هیچی دیکە نابینن. بە دەیان فەرسەخ لە کەلتوورو بەهای رێزگرتن لەفرە رەنگی دوورکەوتوونەتەوە، جیاوازییەکان قبوڵناکەن، ژیانی هاوبەشی نێوان ئاین و نەتەوەو شوناسە جیاوازەکان رەتدەکەنەوە. کێشەکە لەوەدایە عەقڵیەتی ئەو سیاسییانە، زۆر بە ئاسانی گواستراوەتەوە بۆ نێو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، کینەو رقی خۆیان، بووەتە کینە و رقی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگا. ئاینەکان لە ئاین سەلام و خۆشەویستییەوە، دەگۆڕن بۆ ئاینی رق و کینە و دەمارگیری و تووندڕەوی و بەگژیەکداچوون و پێکداهەڵپژان. جیاوازی نێوان دانیشتوانی جیهان، رەوایەتی ئاینی و یاسایی و ژینگەیی و واقعی  خۆی هەیە، حاڵەتێکە لە دێرزەمانەوە بونی هەبووە و هەیەو بەردەوامیش دەبێت. تەنانەت سونەتێکە لە سونەتەکانی یەزدان، ویستێکی خودایانەیەو ناکرێت رەتبکرێتەوە. تەبایی کۆمەڵگا، پێویستی بەوەیە دان بە جیاوازییەکانیدا بنێین، ئەم دانپیانانە مانای ئەوە نییە ئەوی تری جییاواز لەسەر حەقە، بەڵکو مانای ئەوەیە ئەوی تری جیاواز، مافی ئەوەی هەیە جیاوازبێت و کەسیش بۆی نییە ئەو جیاوازییەی لێوەرگرێتەوە، یان بە زەبری هێزو بە زۆری زۆرداری بیسڕێتەوەو لەناویبەرێت.

بەڵام رێزگرتنی یەکترو رێزگرتنی ئەوی دیکەی جیاوازو ژیان لە سایەی ئاشتی کۆمەڵایەتیدا، چۆن و بە چ شێوەیەک بەدیدێت؟ کۆمەڵگا چۆن بتوانێت ناکۆکییەکانی خۆی بە شێوەیەکی ئەرێنی مامەڵە بکات و بیکات بە هێزی یەکگرتن و پەیوەستەگی کۆمەڵایەتی، نەک هێزی پەرتبوون و لێکترازانی کۆمەڵایەتی؟ چۆن ئاشتی کۆمەڵایەتی بەرقەراردەبێت و چی بکرێت بۆ بەردەوامی ئەو ئاشتییەو پتەوکردنی؟ لێرەدا هەوڵدەدەین وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە. وەلێ سەرەتا بە پێویستی دەزانین باس لە چەمکی ئاشتی کۆمەڵایەتی بکەین و هەندێک رووناکی بخەینەسەر، بۆ ئەم مەبەستەش با لە پێناسەکردنی چەمکەکەوە دەستپێبکەین.

پێناسەی چەمکی ئاشتی کۆمەڵایەتی

دیارە ئاشتی کۆمەڵایەتی وەک هەر چەمکێکی دیکە، گەلێک پێناسەی جۆراو جۆری هەیە، لەوانە: ئاشتی کۆمەڵایەتی زۆر بە سانایی بریتییە لە بڵاوکردنەوەی هاوسەنگی و پاراستنی هارمۆنییەتی نێوان چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، بێ رەچاوکردنی هیچ جۆرە ئینتیمایەک. یان ئاشتی کۆمەڵایەتی بریتییە لە گرێبەستی نێوان تاک/ فرد کە حەزدەکات لەگەڵ خەڵکانی ترو ئەوانی دیکەی جیاواز لە خۆی و لە ئاین و نەتەوەکەی بژی. یاخود ئاشتی کۆمەڵایەتی بریتییە لەو حاڵەتی بەدەمەوەچونی مرۆییەی لە ژینگەی کۆمەڵگادا بەرقەرارە، وەک رەگەزێکی بنەڕەتی لە رەگەزەکانی پێشکەوتن و بونیادنانی کۆمەڵگاو تاکەکانی.

دواجار لەگەڵ مێژونووسی بەریتانی "ئارنۆڵد جۆزێف تۆینبی 1889- 1975" دەڵێین: ئاشتی کۆمەڵایەتی بریتییە لەوەی (بژی و لێگەڕێ ئەوانی دیکەش بژین)، بەو مانایەی ژیانی خۆت بە جۆرێک رێکبخە، دەستدرێژی و سوکایەتی تیانەبێت بۆسەر ژیانی ئەوانی دیکە، چ ئەوانەی هاوزمان و هاوڕەگەزو هاو ئاینی خۆتن، یان ئەوانەی لە هەموو روویەکەوە لە تۆ جیاوازن. ئاشتی کۆمەڵایەتی پێویستە بدرێت بە هەموان، بۆ ئەوەی هەموان بتوانن وەک حاڵەتێکی گشتی سودمەندبن لێی. ئاشتی، سەلام، السلم، لەبەر ئەوەی نیعمەتێکی مرۆییە، بۆیە پێچەوانەکەی کە بریتییە لە جەنگ و کوشتن و توندوتیژی، لەعنەتە. مادام ئاشتی مانای سەلام و خۆشەویستی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە دەگەیەنێت، کەواتە جەنگ بریتییە لە دوژمنکاری و دووبەرەکی. جەنگ تەواو پێچەوانەی ئاشتییە، جەنگەکان بە درێژایی مێژو، تەواوی میللەتانی گۆی زەوییان شەکەت و ماندوکردووەو مەلاین مرۆڤیان کردووەتە قوربانی. هەر بۆیە لەمڕۆدا بەشی هەرە زۆری دانیشتوانی هەسارەی زەوی، خوازیاری ئاشتین، خوازیاری ئاشتییەکن تێیدا بتوانن خەون حەزو ویستەکانیان بەدیبێنن، تێیدا ژیانێکی خۆش بژین کە رێز لە مرۆڤبوونیان بگیرێت. بتوانن بە سەلامەتی و دوور لە رۆکێتە جۆراوجۆرەکان، فیشک و ناپاڵم و چەکە کۆکوژییەکان، بژین.

لێرەوە یەکێک لە گرنگترین ئەو پێوەرە سەرەکیانەی کۆمەڵگایەکی پێهەڵدەسەنگێنرێت، بریتییە لە بڕو  رادەی ئەو ئاشتی کۆمەڵایەتییەی کە لەنێو چین و توێژو ئاین و نەتەوە جیاوازەکانی ئەو کۆمەڵگایەدا بەرقەرارە. بریتییە لە جۆری ئەو پەیوەندییە ناوخۆییەی تاکەکان و گروپ و دەستەو تاقمە فرە جۆرەکانی ئەو کۆمەڵگایە بەیەکەوە دەبەستێتەوە. سەلامەتی ئەو ئاشتییە کۆمەڵایەتییەی لەئارادایە، مانای وایە کۆمەڵگا تەندروستە و ئەگەری بوژانەوەو گەشەکردنی زۆرە. وەلێ خراپی ئاشتی کۆمەڵایەتییەکەی، مانای وایە کۆمەڵگا لە حاڵەتێکی ناتەندروست و دواکەوتودایە. ئەمەیە وایکردووە بووترێت بەدیهێنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی، فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ دابینکردنی ئەمن و ئیستیقراری وڵات. بەڵام ئەگەر ئاشتی کۆمەڵایەتی نەبوو یان لاواز بوو، ئەوا دەرئەنجامی سروشتی ئەو حاڵەتە بریتییە لە پەشێوی و ناکۆکی و ناجێگیریی. لە سایەی ئاشتی کۆمەڵایەتیدا، پردی پەیوەندی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان، دەبێتە پردێکی بەهێزو تۆکمەو یەکانگیر،هەموان دەتوانن بە ئاشتیانە بەکاریبێنن و بەسەریدا تێپەڕن. بەڵام لەسایەی نەبوونی ئاشتی کۆمەڵایەتیدا، ئەم پردی پەپوەندییەی نێوان پێکهاتەکان، درزو کەلێنی تێدەکەوێت و دەگۆڕێت بۆ پردی رق و کینەی نێوان پێکهاتەکان، ئەوا بەدڵنیاییەوە کۆمەڵگا دەچێتە حاڵەتێکی نا ئارام و پڕ کێشەو فەوزا، کۆمەڵگایەک دروستدەبێت تێیدا دیاردەی کوشتن و شەڕو دزی و تاڵانی و راوەڕووت تەشەنە دەسێنێت، بەهێز لاواز دەخوات و دەسەڵاتدار بێدەسەڵات دەچەوسێنێتەوە و نا دادپەروەری و نا یەکسانی و نەبوونی یاسا سەرهەڵدەدەن. هەمو ئەوانەش، ژیان لەو جۆرە کۆمەڵگایەدا دەخاتە مەترسییەوە، بەتایبەتی ژیانی ئەو خەڵکە سادانەی رۆژانە بۆ پەیداکردنی پارویەک نان، پێویستیان بە ئاشتی و ئارامی و ئەمن و ئاسایش و دۆخێکی هێمنە.

جێبەجێکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و هەوڵدان بۆ بەرقەرارکردنی، بە تەنها کاری لایەنێک یان گروپێکی دیاریکراو نییە. بە تەنها ئەرکی چینێک یا توێژێکی تایبەت نییە. بەڵکو حەڵقەیەکی تەکامولی کۆمەڵایەتییە کە هەمو هێزو گروپ و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، هەم دەیگرنەبەرو هەم بەجێیدەهێنن. ئەگەر هەموان پابەندبووین بە ئاشتی کۆمەڵایەتییەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەو پابەندبوونە ئاشتی و سەلامەتی و ئارامی کۆمەڵایەتیمان پێدەبەخشێت کە هەمومان داوای دەکەین. خۆ ئەگەر پابەندنەبین پێیەوەو پێشێلی بکەین، بێگومان نە هەست بە ئاشتی و نە بە ئارامی کۆمەڵایەتی ناکەین و بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوکەو ناخۆشیدا دەژین.

ماناکانی ئاشتی

بە شێوەیەکی گشتی دوو تێڕوانین یان دوو ئاراستە یاخود دوو دید هەیە بۆ لێکدانەوەی مانای ئاشتی، لە خوارەوە بە کورتی ئاماژە بە هەردووکیان دەدەین.

1-ئاشتی لە سادەترین پێناسەیدا بریتییە لە (نەبوونی ناکۆکی، تووندوتیژی، جەنگ)، ئەم ئاراستەیە یان ئەم تێڕوانینە لە نووسینی زۆربەی بیرمەندان و فەیلەسوفاندا باو و بەربڵاوەو رەگوڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ شارستانیەتی یۆنانی کۆن. بانگەشەکەرانی ئاشتی، تەبەنی ئەو پێناسەیە دەکەن بۆ ئاشتی. توێژەرانی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، پێیانوایە ئاشتی-السلم- بە واتای غیابی جەنگ دێت، بوونی جەنگ مانای نەبوونی ئاشتی دەگەیەنێت. لە کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکاندا ئاشتی واتە نەبوونی هەمو ئەو شتانەی پەیوەندی بە تووندتیژییەوە هەیە، وەک تاوانی گەورەی رێکخراو لە نموونەی تیرۆر، یان ناکۆکی و ململانێی ئیتنی و ئاینی و تائیفی و ناوچەیی. ناکۆکی و ململانێی ناوچەیی دەکرێت لەنێوان ناوچەیەکی جوگرافی بەرامبەر بە ناوچەیەکی دیکەی جوگرافی لە هەمان هەرێمی یەک دەوڵەتدا رووبدات. زۆرجار هۆکاری ئەو ناکۆکی و ململانێ ناوچەییانە بۆ فاکتەری ئابوری دەگەڕێتەوە (وەک ململانێ لەسەر سامانە سروشتییەکان کە لە زۆربەی وڵاتانی ئەفریقادا هەیە). یان بۆ فاکتەری سیاسی دەگەڕێتەوە (لەوانە ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراو قۆرخی دەسەڵاتی سیاسی وڵات دەکات، وەک ئەوەی ئێستا لە دارفۆر هەیە). یان بۆ فاکتەری ئیتنی دەگەڕێتەوە (لەوانە ململانێی نێوان دوو ناوچەی جوگرافی یەک وڵات کە هەر ناوچەیەی ئیتنییەکی تێدادەژی، وەک ئەو ململانێ ئیتنییەی تا ماوەیەک لەمەوبەر لە نێوان باکورو باشوری سوداندا هەبوو).

2-ئلشتی بریتییە لە (رێکەوتن/ الاتفاق، گونجان/ الانسجام، هێمنی)، ئەم پێناسەیە تا رادەیەک بە پێچەوانەی پێناسەکەی سەرەوەیە، بۆچی؟ چونکە لەم پێناسەیەدا ئاشتی بە مانای نەبوون یان غیابی تووندوتیژی نییە بە هەموو جۆرەکانییەوە. بەڵکو ئاشتی بە مانای بوونی هەندێک خەسڵەت و سیفاتی ئەرێنی دێت کە تووندوتیژییەکان کەمدەکاتەوە، وەک پێویستی و زەرورەتی گەیشتن بە رێکەوتن. حەزو ویستی خۆگونجاندن لە پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان. سەروەربوونی هێمنی لە نێوان پەیوەندی گروپە جیاواز جیاوازەکان لەگەڵ یەکتر. بەم شێوەیە ئاشتی خۆی لە خۆیدا حاڵەتێکی ئەرێنییەو مانای سەقامگیری و هێمنی دەگەیەنێت. ئەم پێناسەیە بوار بۆ ئەوە دەڕەخسێنێت بیر لە ئاستە جیاوازەکانی ئاشتی بکرێتەوە، وەک ئاشتی نێوان دەوڵەتەکان، ئاشتی نێوان گروپە مرۆییە جیاوازەکان، ئاشتی نێو خێزان، دواجار ئاشتی نێوان مرۆڤ و خودی خۆی.

لێرەوە دەتوانین بڵێن زۆربەی کۆمەڵگاکان، لە حاڵەتی هەمە جۆریی، کەلتووری و ئاینی و ئیتنیدا دەژین. بەڵام هەمەجۆری یان فرەیی، خۆی لەخۆیدا کێشەو قەیران نییە تا وڵاتان و دەوڵەتان بەدەستییەوە بناڵێنن. بەڵکو ئەوەی کێشەو قەیرانە، چۆنیەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ فرەییدا، شێوازی ئیدارەدانی ئەو فرەییەیە کە لە وڵات و کۆمەڵگاکاندا هەیە. ئەم فرەییە لە حاڵەتی مامەڵەکردنێکی خراپ و ئیدارەدانێکی خراپتردا، دەبێت بە بارگرانییەکی گەورە بەسەر کۆی تاکەکانی کۆمەڵگاوەو هیچ دوور نییە پەلبهاوێت بۆ بەرپابوونی تووندوتیژی و نانەوەی جەنگی خوێناوی. لە هەمانکاتدا پێچەوانەی ئەوەش راستە، واتە دەکرێت فرەیی ببێت بە هێزێکی گەورە بۆ کۆمەڵگاو دەوڵمەندکردنی، ئەگەر توانرا مامەڵەیەکی دروست و مرۆییانەی لەگەڵ بکرێت.

خەسڵەتی سەرەکی لە پێناسەکردنی وشەی (پێکەوەژیان)، ئەوەیە پەیوەندییەکی گەورەو بەرفراوانی بە وشەی (ئەوی تر/ ئەوانی تر)ەوە هەیەو داننان بەوەی (ئەوانی تر) هەم بوونیان هەیەو هەم ماف و هەم رێز و هەم کەرامەت، با لە تۆش نەچن. پێکەوەژیان مانای ئەوەیە فێری پێکەوە ژیانی هاوبەش ببین، فرەیی قبوڵبکەین، بەو مەرجەی پەیوەندییەکی ئەرێنیمان لەگەڵ ئەوانی تردا هەبێت. سەروەختێک پەیوەندییەکە لەگەڵ ئەوانی تر، ئەرێنی و لەسەر بنەمای یەکسانی بوو، ئەوا ئاشتی کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی باڵادایەو هەموان دڵنیاندەبن لە پاراستنی کەرامەت و ئازدی و سەربەخۆییان. خۆ ئەگەر پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەوای تر خراپبێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە کەرامەتی مرۆڤایەتی و بەها مرۆییەکان لە مەترسیدادەبن و بەئاسانی پێشێلدەکرێن. پێکەوەژیان هونەرێکی کارگێڕی گشتگیرەو دەرفەتێکە بۆ بونیادنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی لە نێوان گروپ و کۆمەڵە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگایەکدا. هونەرێکە رێگری لە بەرپابوونی ململانێی تووندو گرژیی و ئاڵۆزی دەگرێت. پێکەوەژیان واتە ئێمە هەرچەندە لەگەڵ یەکتر جیاوازین، بەڵام دەکرێت لەگەڵ یەکتر بە ئاشتی و ئارامی بژین. بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ ئەوەی لەیەکترناچین و پێکەوە بە ئاشتی بژین، پێویستمان بە تاکێک و کۆمەڵگایەکە، لە ناخەوە باوەڕی بە پێکەوە ژیانی ئاشتیانە بێت. تاکێک و کۆمەڵگایەک پێکەوە ژیان وەک بەها، وەک رەفتار، وەک ماف، وەک کەلتوور، لە هزرو بیرکردنەوەیدا جێگیربووبێت. چونکە تۆ ناتوانیت لەگەڵ ئەوی تری جیاواز بژیت، ئەگەر بڕوابوون بەوی دیکەی جیاواز نەبووبێت بە بەشێک لە رەفتارو بیرکردنەوەو مەرجعی رۆشنبیریت.

پێکەوە ژیان هەڵوێستێکی نەرێنی بێدەنگ نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی تەفاعولی و رازیبونێکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە، دانپیانانێکی روون و ئاشکرایە بە تەواوی ئەو جیاوازیانەی تۆ لەگەڵ کەسێکی دیکەدا هەتە. لە دەرەوەی رقی کۆمەڵایەتی و چەوساندنەوەی سیاسی و زوڵم و بێبەشکردنی ئابوری. بگرە پێکەوە ژیان تێڕوانینێکە بۆ ژیانکردن لەگەڵ ئەوانی دیکە. دیدێکە بۆ ئێستایەکی باشترو بونیادنانی ئایندەیەکی گەشتر، ئایندەیەک تێیدا هەمووان بەشدارن لە دروستکردنیداو هەریەک رێز لە تایبەتمەندی ئەوانی دیکە دەگرێت.

پێکەوەژیانی ئاشتیانە پێویستی بە چوارچێوەیەکی دەستوریی و یاسایی هەیە، تێیدا رێکخرابێت و پارێزگاری لێکرابێت و ژینگەیەکی ئاشتی کۆمەڵایەتی بۆ رەخسابێت کە بە یاسا پارێزراوبێت. لەگەڵ ئەوەشدا بێ بوونی دەوڵەتێکی بەهێز، پێکەوە ژیانی ئاشتی کۆمەڵایەتی زەحمەت دەبێت. دەوڵەتێک رێزی مرۆڤ بگرێت و کەرامەت و باوەڕی بپارێزێت، دەوڵەتێک خۆی خاوەنی هیچ ئاین و مەزهەب و ئایدۆلۆژیایەک نەبێت، دەوڵەتێک لەسەر جیاوازی ئاینی و نەتەوەیی و مەزهەبی، کەس سزا نەدات و ئازادییەکانی پێشیل نەکات. بەڵکو دەوڵەتی هەموان بۆ هەموان بێت. دواجار فرەیی ئاینی و نەتەوەیی و مەزهەبی، دەکرێت ببێت بە بەڵا و بارگرانی بەسەر میللەتەوەو هەزاران قوربانی لێبکەوێتەوەو دەوڵەت لەبەریەک هەڵوەشێنێتەوە. وەک ئەوەی لە هیندستان یاخود یۆگسلافیای پێشو روویدا. دەشکرێت ببێت بە هێزێکی گەورە بۆ دەوڵەت، وەک ئەوەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبینرێت. ئەوەتا بیل کلینتۆن-ی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە 27 کانونی دووەمی 2000، لە بەردەم کۆنگرێسدا دەڵێت: دەکرێت فرەیی-مان ببێت بە بنەمای سەرکەوتنمان، ئەوەندە بەسە تەماشای ئەم هۆڵە بکەن، لە دەوروبەری خۆتان بڕوانن، لەم کۆنگرێسەدا، لە هەمو رەچەڵەکێکی ئیتنی و ئاینی و مەزهەبی ئەندامان هەیە، لەو بڕوایەدام ئێوەش هەمان بیروڕای منتان هەیە بەوەی ئەمریکا بەم فرەییەوە زیاتر بەهیزبووە.

بنەماکانی ئاشتی کۆمەڵایەتی

ئاشتی کۆمەڵایەتی لە هەر کۆمەڵگایەکدا، چەند بنەمایەکی هەیە، ئەو بنەمایانە تەنها پەیوەستنین بە مێژووەوە، بگرە زیاتر پەیوەستن بە چۆنیەتی بەرێوەبردنی سیاسیانەی کۆمەڵگاکان. پەیوەستن بە شێوازی حوکمڕانی و جۆری ئەو دەسەڵاتەی وڵات بەڕێوەدەبات. لە خوارەوە باس لە هەندێک لەو بنەمایانە دەکەین

یەکەم: ئیدارەدانێکی ئاشتیانە بۆ فرەیی

بەشێکی زۆری کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی، دیاردەی فرەیی ئاینی و مەزەبی و زمان و ئیتنی تێدایە، کۆمەڵگایەک نەماوەتەوە بە تەواوەتی پوخت –خالص- بێت، هەر خۆی بێت، لە یەک ئاین و یەک مەزهەب و یەک زمان و یەک نەتەوە پێکهاتبێت. فرەیی لەرووی مرۆیی و ئاینی و کەلتورییەوە لە کۆمەڵگاکاندا، بووەتە بەهایەکی سەرەکی، بووەتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ڕوون و ئاشکرا کە نکوڵیکردنی زۆر زەحمەتە، بگرە مەحاڵە. لەمڕۆدا فرەیی باڵی بەسەر وڵاتان و کۆمەڵگاکاندا کێشاوەو ناشاردرێتەوە. وەلێ مەسەلەکە بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ فرەیدا دەکرێت؟ بە چ شێوەیەک ئیدارەی فرەیی دەدرێت؟ ئیدارەدانێکی ئاشتییانە بۆ فرەیی هەیە، تێیدا دەستەو گروپە جیاوازەکان، پێکەوە لەگەڵ یەکتر بەخۆشی دەژین. پانتاییەک بۆ هەموان هەیە، لەم پانتاییەدا هەموان دەتوانن لە کەشوهەوایەکی گونجاوی رێزگرتن لەیەک، گوزارشت لە خۆیان بکەن، بێ ئەوەی هیچیان ماف و حەقی ئەوی دیکەیان بخوات.

ئیدارەدانێکی خراپیش بۆ فەرەیی هەیە، تێیدا بوونی فرەیی بە مەترسی دەزانێت، بە (سەرچاوەی لاوازی) نەک (سەرچاوەی بەهێزی) دەیبینێت. بە کانگای کێشەو قەیرانەکانی دادەنێت، نەک کانگای دەوڵەمەندی و هارمۆنیەت و مۆزایک. ئەو جۆرە لە ئیدارەدان، کار بۆ رەتکردنەوەو نەفیکردنی ئەوی دیکەی جیاواز دەکات. کار بۆ بەرژەوەندی گروپە دەسترۆیشتووەکان و خاوەن دەسەڵاتەکان دەکات، یان کار بۆ ئەو گروپە دەکات کە زۆرترین ژمارەی دانیشتوان پێدەهێنێت لەسەر حسابی گروپەکانی دیکە کە هەم ژمارەیان کەمەو هەم خاوەن دەسەڵاتنین. بێگومان ئەم جۆرە کارکردنە کۆمەڵگا پەلکێش دەکات بۆ جەنگی ئاینی و مەزهەبی و ئیتنی و کەلتووری. لەدوای خۆیەوە هەزاران کوژراو بریندارو بێسەروشوێن جێدەهێڵێت و ئابوری وڵاتیش وێران دەکات. لە هەموشی ترسناکتر، ئەوەیە یادەوەرییەکی مێژوویی دروست دەکات کە پڕ پڕە لە رق و کینە، نەوە لە دوای نەوە دەگوازرێتەوە، هزرو بیرکردنەوەی نەوەکان، سیخناخ دەکرێت بە رق لەوی دیکە و حەزی تۆڵەکردنەوە.

دووەم: پەنابردن بۆ یاسا

لە کۆمەڵگا مۆدێرنەکاندا، حوکمی یاسا، یەکێکە لە گرنگترین ئەو فاکتەرانەی، یەکسانی و دادپەروەری، لە پەیوەندی نێوان تاکەکاندا، دێنێتەئاراوە. حوکمی یاسا کۆمەڵێ خاڵی سەرەکی دەگرێتەوە، لەوانە:

1-تاکەکان لەبەردەم یاسادا یەکسانن، بێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی ئاینی و نەتەوەیی و رەنگ و رەگەز.

2-دەزگاکانی دادپەروەریی کە بریتین لە پۆلیس، داواکاری گشتی، دادگاکان، ئەرکیان جێبەجێکردنی یاسایە بەسەر تاکەکاندا بەو پەڕی بێلایەنییەوە، بێ رەچاوکردنی پێگەی کۆمەڵایەتی، ئینتیمای ئاینی، دەسەڵاتی سیاسی.

3-دەبێت پەنابردن بۆ دەزگاکانی دادپەروەریی، بۆ هەمو کەس ئاسان و ئاسایی بێت. پێویستە دەرگای ئەو دەزگایانە بۆ هەموان کراوەبێت و هەموان بە موڵکی خۆیانی بزانن.

4-کەسی تۆمەتبار لەبەردەم دادوەرێکی بێلایەندا دادگایی دەکرێت. کەسەکە رووبەڕوی هیچ تۆمەتێکی پێشوەختە بە پاساوی ئینتیمای سیاسی یان ئاینی یا مەزهەبی، نابێتەوە.

5-دەزگاکانی دادپەروەریی لە ماوەیەکی زەمەنی گونجاودا یاساکان جێبەجێ دەکەن، ماوەیەک تێیدا لایەنە جیاوازەکانی کێشەکە بە باشی تاوتوێکرابێت. ئەو ماوەیە نابێت زۆر درێژە بکێشێت و تێیدا کەسی تۆمەتبار زیانی گەورەی پێبگات، وەک هێشتنەوەی ماوەیەکی زۆر بە زیندانیکردنی.

6-بڕیاری دەزگاکانی دادپەروەریی، بەجدیی و بێ دواکەوتن جێبەجێ دەکرێت.

ئەو خاڵە سەرەکییانەی لای سەرەوە، بەرجەستەی حوکمی یاسا دەکات لە کۆمەڵگادا. ئامادەیی ئەو خاڵانە ئەوە دێنێتە ئاراوە کە دەتوانین ناوی لێبنێین: (چاوەڕوانی کۆمەڵایەتی)، واتە تاکەکانی کۆمەڵگا چاوەڕوانی بوونی سیستمێکی یاسایی دەکەن لە کۆمەڵگاکەیاندا کە پەیوەندییەکانی نێوان تاکەکان لەگەڵ یەکتر رێکدەخات. لە سیستمە یاساییەکەشدا پێویستە یاساکان زۆر روون و ئاشکرابن، پرۆسەی دادگایکردنەکە زۆر شەفافبێت، بڕیارەکانی دادگا بەو پەڕی جدییەتەوە جێبەجێ بکرێن. نەبوونی هەندێک لەو  خاڵانەی سەرەوە، بە واتای نەبوونی یەکسانی و دادپەروەریی نێوان هاوڵاتیان دێت. ئەمە وادەکات هاوڵاتیان پەنا ببەنە بەر ئەو یاسایانەی کە خۆیان دروستی دەکەن، وەک گوندەیی، شەقاوەیی، بەڵتەجییەتی، بەرتیل، تۆڵەکردنەوە، خوێن بە خوێن و کوشتن بە کوشتن، هەمو ئەوەش گوزارشتە لە فشەڵی و لەرزۆکی حوکمی یاسا لە دەرونی تاکەکاندا. بێگومان ئەمەش کاریگەری گەورەو نەرێنی لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی دەبێت.

سێیەم: حوکمی رەشید

لە هەر کۆمەڵگایەکدا پاراستن و پارێزگاریکردن لەئاشتی کۆمەڵایەتی، پێویستی بە حوکمڕانییەکی رەشید هەیە. زۆرێک لەو کێشەو گرفت و مانگرتن و خۆپیشاندانانەی روودەدات، لەبەر نەبوونی بەشداری هاوڵاتیانە لە پرۆسەی دەرکردنی بڕیارو دزینی سامانی گشتییە لەلایەن کاربەدەستانی وڵاتەوە. ئا لێرەوە ئاشتی کۆمەڵایەتی پێویستی بە دیموکراسی هەیە، واتە پێویستی بە حوکمێکی باش و رەشید هەیە، ئەوەی بە ئینگلیزی پێیدەوترێت Good Governance . حوکمی رەشیدیش لە کۆمەڵێ چەمک پێکهاتووە کە دەکرێت بە خێرایی ئاماژەیان پێبدەین:

*لێپرسینەوە Accountabilit، واتە ئاشکراکردن یان خستەڕووی هەر حسابێک کە کەسێک یان گروپێک یاخود دەزگایەکی فەرمی یان کۆمپانیایەک  ئەنجامیدابێت. لێپرسینەوە دوو لایەن لەخۆدەگرێت. لایەنی یەکەم بریتییە لە هەڵسەنگاندن Appraisal، لایەنی دووەم بریتییە لە پاداشت یان سزا Sanction. واتە یەکەمجار هەڵسەنگاندن بۆ کارەکە دەکرێت، پاشان لێپرسینەوە بە بەخشینی پاداشت یان سزا لەوانەی کارەکەیان کردووە. ئەمەش لە میانەی چالاککردنی رۆڵی دەزگاکانەوە دەکرێت، وەک پەرلەمان، دەزگاکانی چاودێری، دەستەی دەستپاکی، میدیا بە بینراو و نوسراو و بیستراوییەوە، رێخراوەکانی مافی مرۆڤ، دواجار هەمو ئەوانە دەبنە فاکتەری بەرزکردنەوەی ئاستی دەستپاکی لە ژیانی گشتیدا.

شەفافییەت Transparency، واتە بە ئاشکرا باسکردنی سەرجەم ئەو کێشە و بابەتانەی گومانی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لێدەکرێت. هەروەها واتە هەموو هاوڵاتییەک بە ئاسانی دەستی بگات بە زانیارییەکان و بەکارهێنانی ئەو زانیاریانە یان بەراوردکردنیان لەگەڵ ئەوەی لەسەرزەمینی واقیعدا هەیەو روویداوە. شەفافییەت لە دابینکردن و خستنەبەردەستی زانیارییەکان بۆ هاوڵاتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، وا دەکات لێپرسینەوەی جدیی بێتەئاراوەو راستییەکان لەبەردەم رای گشتی و تەواوی کۆمەڵگادا بخرێتەڕوو.

تواناسازیی Empowerment، واتە فراوانکردنی توانای کەسەکان و یارمەتیدانیان بۆ پێشخستن و گەشەپێدانی ئەو ژیانەی تێیدا دەژین. ئەم حاڵەتە وا دەکات هاوڵاتی لە کەسێکی ئەرێنی (وەرگرەوە) بگۆڕێت بۆ کەسێکی چالاکی (بەشداربوو)، ئەمەش لە میانەی بەرزکردنەوەی تواناکانیان و یارمەتیدانیان بۆ گەشەپێدان بە خودیی خۆیان مەیسەردەبێت و باشترکردنی جۆری ژیان و گوزەرانیان.

بەشداری Participation، واتە هاندانی هاوڵاتیان بۆ بەشداریکردن لە کاری گشتی و لابردنی تەگەرەو بەربەستەکانی بەردەمیان. بەشداری چەندین فۆرمی جیاواز لەخۆدەگرێت، لەوانە بەشداری سیاسی (وەک بوون بەئەندامی حیزب، بەشداری لەهەڵبژاردنەکان، گردبوونەوەو مانگرتن...هتد). بەشداری کۆمەڵایەتی (کارکردن لەدەزگا ئەهلییەکان، کارکردنی لە رێخراوە ناحوکمی و قازانجنەویست و خۆبەخشەکان...هتد). بەشداری کەلتووری (بەشداریکردنی لە ژیانی کەلتووری و رۆشنبیریی، پێشکەشکردنی بەرهەمی رۆشنبیریی لەسەر شێوەی کتێب یان کاری هونەری...هتد).

دژایەتیکردنی گەندەڵی، گەندەڵی واتە خراپ بەکارهێنانی پێگەی وەزیفی، لە پێناو دەستکەوت و قازانجی شەخسی. دەوترێت قامچی گەندەڵی رۆژانە پشتی هاوڵاتی داخدەکات، لە نموونەی کڕینی کاڵایەک بە زیاد لە نرخەکەی خۆی، بێبەشبوون لە خزمەتگوزارییەک کە هاوڵاتی زۆر پێویستی پێیەتی، دەستنەکەوتنی کار لەبەر ئەوەی واستەی نییەو هیچ بەرپرس و دەسەڵاتدارێکی گەورە ناناسێت. گەندەڵی ئەگەر چارەسەر نەکرێت و سنوری بۆ دانەنرێت، لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، زۆر بە ئاسانی دەگۆڕدرێت بۆ ئامرازێک ژیانی رۆژانەی هاوڵاتیان بەڕێوەدەبات. واتە هەمو جووڵەیەکی هاوڵاتی، هەمو مامەڵەیەکی فەرمی و نا فەرمی، گەندەڵی تەحەکومی پێوەدەکات و ئەو چۆنیەتی رایکردنی مامەڵەکە دیاریدەکات. ئەم حاڵەتەش لەئەنجامی زۆری رۆتین و بیرۆکراسییەتی فەرمانگەکان و بەرتیلبەخشین و خزمخزمێنەو بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی و بوونی لەشکرێک لەمشەخۆری حیزبی و بوونی جیهازێکی ئیداری سەقەت دێتەئارا. بێگومان لە دۆخێکی لەوجۆرەدا، لە کەشوهەوایەکی لەو شێوەیەدا، درزو کەلێنی گەورەو بەرفراوان دەکەوێتە نێوان دەسەڵاتداران و میللەت، دەوڵەمەندو هەژارەکان، کەسانی حیزبی و کەسانی بێلایەن. کۆی ئەوانەش فاکتەری کاریگەرن بۆ تێکچوونی ئاشتی کۆمەڵایەتی و بەرزبوونەوەی ئاستی ناکۆکی و شپرزەیی کۆمەڵایەتی کە هیچ دوور نییە ئەو ناکۆکییە کۆمەڵایەتییە، دواجار پەلبهاوێت بۆ نانەوەی پەشێوی و بەکارهێنانی تووندوتیژی و ئەنجامدانی تاوان.

چوارەم: ئازادی بیروڕا

ئازادی بیروڕاو گوزارشتکردن، یەکێکە لە پێداویستییە هەرە گرنگەکانی پرۆسەی بونیادنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی لە هەر کۆمەڵگایەکدا. ئەوەی جێگیرو زانراوە، ئەوەیە کۆمەڵگاکان لەسەر بنەمای فرەیی ئاین و کەلتورو ئیتنی و زمان و مەیلی سیاسی جیاواز دروستبوون. هەر لایەنەی سەرقاڵی شتێکەو حەزدەکات بەدیبێنێت. خاڵی هاوبەشی نێوان ئەو گروپە جیاوازانە، بنەمای سەرەکییە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگاکان. ئاشتی کۆمەڵایەتی بەدینایەت، ئەگەر هەر پێکهاتەیەکی کۆمەڵگا، هەر گروپێک لەو گروپانە، پانتاییەکی یەکسانی نەبێت بۆ قسەکردن و دەربڕینی بیروڕاکانی، خەمەکانی، تموحەکانی. لە کەشوهەوایەکی عەقڵانیدا کە کرانەوە بە ڕووی یەکتردا باڵادەستبێت، دەکرێت گوێ لە هەموو لایەنەکان و گروپەکان بگیرێت، تێگەیشتن بۆ هەمو بیرۆکەکان هەبێت، بێدوورخستنەوەی لایەنێک یان گروپێک. ئەمەش لەپێناو گەیشتن بە ئەرزییەتێکی هاوبەش، تێیدا هەموان بەیەکتر بگەن. پێویستە دەستوری وڵات زۆر بە ڕوونی و ڕاشکاوانە، ئاماژەی بە ئازادی بیروڕا دابێت. بۆ نموونە تێیدا هاتبێت هەموو مرۆڤێک لە سنوری یاسادا، مافی گوزارشتکردن و دەربڕینی بیروڕای هەیە، چ بەنووسین یان بە وتن یا بە وێنە یا بە هەر ئامرازێکی دیکە کە خۆی هەڵیدەبژێرێت. رەخنەگرتن لە خود و رەخنەی بونیادنەرانە لە دامودەزگاکانی دەوڵەت و بەرپرسان و فەرمانڕەوایانی وڵات، زامنکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و بونیادنانی کۆمەڵگایە بە شێوەیەکی راست و دروست.

پێنجەم: دادپەروەری کۆمەڵایەتی

دادپەروەری کۆمەڵایەتی بە یەکێک لە کۆڵەکە هەرە سەرەکییەکانی ئاشتی کۆمەڵایەتی دادەنرێت. لە هیچ کۆمەڵگایەکدا ئاشتی کۆمەڵایەتی بەدینایەت، ئەگەر کەمینەیەکی کەم، قۆرخی هەموو شتێکی کردبێت و زۆرینەش خاوەنی هیچ نەبێت. لەم حاڵەتەدا ململانێی نێوان ئەو دوو بەرەیە، دەبێتە سیمای هەرە سەرەکی ئەو کۆمەڵگایە. لە راستیدا چەمکی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، تەنها بۆ هاوبەشیکردن لە سەروەت و سامانی گشتی و وەرگرتنی بەشی خۆت لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان کورتناکرێتەوە. بەڵکو پەلدەهاوێت بۆ بەشداری سیاسی و وەرگرتنی پلەو پۆستە باڵاکان و بەدەستهێنانی ئەوەی پێیدەوترێت پێگەی کۆمەڵایەتی. بوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی وا دەکات هەمو کەسێک، دەرفەتێکی باشی ژیانی لەبەردەستدابێت، دەرفەتێک بە هەوڵ و ماندووبوون و عارەقی نێوچاوانی پێیگەیشتبێت و بەدەستیپێنابێت.  ئەمەش مانای دوورکەوتنەوە لە هەمو شێوەکانی خزمخزمێنەو واستەو واستەکاری و حیزبایەتی و بەرتیلدان کە رێگا لەبەردەم گەندەڵیدا خۆشدەکەن.

شەشەم: میدیای هاوڵاتی

کۆمەڵگا پێویستی بە فرە میدیایی هەیە، ئەم فرە میدیاییە لەلایەکەوە یارمەتی کۆمەڵگا دەدات گوزارشت لە فرەیی خۆی بکات، لەلایەکی دیکەوە کێشە و قەیرانە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتووری و ئابورییەکان، بە مەبەستی چارەسەرکردنیان و هەستانەوەو بوژانەوەی کۆمەڵگا، ئاشکرا دەکات. ئا لێرەدا جیاوازی لە نێوان دوو جۆر میدیادا دەکەین: میدیای هاوڵاتی و میدیای دژ بە هاوڵاتی. بێگومان ئەوەی ئاشتی کۆمەڵایەتی پێویستی پێیەتی و لەسایەیدا گەشەدەکات، بریتییە لە میدیای جۆری یەکەمیان، واتە ئەو میدیایەی پاڵپشتی مەسەلەی هاوڵاتیبوون دەکات و دەبێتە بەرگریکارێکی سەرسەختی کۆی هاوڵاتییەکانی کۆمەڵگا. کەواتە مەبەست لە میدیای هاوڵاتیبوون، ئەوەیە هاوڵاتی لە میدیادا، پانتاییەک بۆ دەربڕینی حەزو ویست و ئومێدو نەهامەتییەکانی بدۆزێتەوە. ئاشکرایە لە کۆمەڵگادا، حەزو ویست و خەمەکانی هاوڵاتی، بەپێی پێگەی کۆمەڵایەتی و ئاینی و سیاسی و کەلتوری جیاوازە. بۆ نموونە هەژارەکان خەمی تایبەتی خۆیان هەیە، ئافرەتان خەمی جیاوازی خۆیان هەیە، مەسیحییەکان و کرێکارەکان و مامۆستایان و تەواوی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا، خەم و حەزو ویستی جیاوازیان هەیە. لێرەوە کارێکی زۆر سروشتییە هەمو ئەو پێکهاتانەی کۆمەڵگا، لە میدیادا پانتاییەک بۆ دەربڕینی بیروڕاو گوزارشتکردنەکانی بدۆزێتەوە. تا پانتایی گوزارشتکردنی هاوڵاتی سادە زیاتربێت و بە ئاسانی دەستی گەیشت بە میدیاو دەرفەتی باشی لەبەردەمدابوو بۆ قسەکردن و دەربڕینی خەمەکانی، مانای وایە میدیا لە دۆخێکی دینامیکی هاوئاهەنگی گرنگدایە لەگەڵ هاوڵاتی، بەمەش ئاشتی کۆمەڵایەتی بوژانەوەی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت.

بەپێچەوانەی ئەوەی سەرەوە، جۆرێک میدیا هەیە، دژ بە کەلتووری هاوڵاتیبوون و رەخساندنی دەرفەت بۆ قسەکردنی هاوڵاتی سادە کاردەکات. بەشی هەرە زۆری میدیای حیزبی و میدیای سێبەرو میدیای بەرپرسە باڵاکان، دەچنە خانەی ئەو جۆرە میدایەی کە گرنگی و بایەخ بە خەمەکانی هاوڵاتیان نادەن. خۆ ئەگەر گرنگیشی پێبدەن، ئەوا گرنگی بە کێشەی هەندێک هاوڵاتی دەدەن، ئەویش بۆ مەرام و بەرژەوەندی حیزبی و شەخسی دەیکەن و پەیامی پشت ئەو بایەخدانە، پەیامێکی راستگۆو میدیایی نییە، ئەوەندەی پەیامێکی حیزبیانەی بەرتەسکە. زۆرجار مەسەلەکە تەنها لە ئاستی گرنگی پێنەداندا نامێنێتەوە، بەڵکو خەسڵەتێکی مەترسدار وەردەگرێت، بەوەی میدیا لە ململانێ سیاسی و ئابوری و ئاینی و کەلتورییەکاندا، یان لەکاتی خۆپیشاندان و مانگرتنەکاندا، وەک ئامرازێک یان چەکێک بەکاردەهێنرێت و هاوڵاتیان دەکات بەگژیەکتردا، گروپێک دەکات بە نەیارو دوژمنی گروپێکی دیکە، کەلتوری رق و کینە بۆ نموونە دژ بە خۆپیشاندەران بڵاودەکاتەوە، وێنەیەکی زۆر نەرێنی و خراپ و ناشرین، لەسەر ئەو هاوڵاتیانەی بەشداری خۆپیشاندانەکان دەکەن دروستدەکات. لە دۆخێکی لەو جۆرەدا، زەرەرمەندی یەکەم، ئاشتی کۆمەڵایەتی نێوان  هاوڵاتیانە کە میدیا بە پلان و بە دەستی ئەنقەست، کاری لەسەردەکات و گورزی کوشندەی لێدەدات.

حەوتەم: یادەوەری کاری هاوبەش

هەموو کۆمەڵگایەک بە ساتەوەختی دژوارو شکست و پاشەکشەو دۆڕاندندا تێدەپەڕێت. گرنگ ئەوەیە ئەو ساتەوەختانە لەبیربکرێن. وەلێ پێویستە لەبیرکردنەکە لە پێناو سەرلەنوێ بونیادنانەوەی کۆمەڵگابێت، لەسەر بنەمای راست و دروست و پێکەوەیی و هاوگوزەرانی و رێزگرتنی بەرامبەر. لێرەوە کۆمەڵگا هەمیشە دەبێت جەخت لەسەر یادەوەری کاری هاوبەش بکات. پێداگری لەسەر ئەو ساتەوەختانە بکات کە هەمووان یەکگرتووبوون، یەک هەڵوێست و یەکدەنگن بوون. ئەمەش بەوە دەکرێت لایەنەکان هەر یەکەیان خەمی خۆیان و گیرفانی خۆیان نەبێت، دووبەرەکی نەخەنە نێو ریزەکانی هاوڵاتیان، میللەت بۆ چەند بەشێک دابەشنەکەن. بێگومان هەیە مێژو بۆ ئەوە دەخوێنێتەوە، تاکو فاکتەرەکانی یەکگرتن و یەکهەڵوێستی و یەکڕیزی بدۆزێتەوەو گەشەی زیاتری پێبدات. بەڵام لایەن هەیە مێژو بۆ ئەوە دەخوێنێتەوەو بەکاریدەهێنێت، تاکو فاکتەرەکانی دووبەرەکی و پەرتبوونی میللەت قووڵترو پتەوتر بکات. ئەو چرکەساتانەی مێژو زیندوودەکاتەوە کە پڕ پڕن لە یەکتر شکاندن و تەنانەت یەکتر کوشتن و بڕین. باسکردنی ئەو چرکەساتانە ئەگەر بۆ پەندوەرگرتن و بەخۆداچوونەوەبێت، کارێکی ئەرێنی و باشە، لێ ئەگەر تەنها بۆ کولانەوەی برینی نەتەوەیی و نیشتیمانی بێت و بۆ تەفرەقەی زیاتربێت، بۆ ئەوەبێت ئاشتی کۆمەڵایەتی دابەزێتە نزمترین ئاستی و کەس دانێکی خێر بەوی دیکەدا نەنێت، ئەوا کارەساتی گەورەی لێچاوەڕوان دەکرێت.

سەرچاوەکان

mawdoo3.com

  www.4may.net

www.raialyoum.com

www.almowaten.net

tfpb.org

www.youm7.com

 

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

6,227 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...