ئەنجومەنی پارێزگاو ئەرکەکانی

یەکێک لە پرنسیپەکانی سیستمی دیموکراسی، ئەوەیە دەسەڵات لە دەستی کەسێک یان گروپێکی دیاریکراودا کۆنەکرێتەوە. سیستمە دیموکراسییە مۆدێرنەکان، هەوڵیانداوە خۆیان لە سیستمە شمولی و دیکتاتۆرییەکان رزگار بکەن و جارێکی دیکە بۆی نەگەڕێنەوە. ئەم هەوڵەشیان لە میانەی بوونی دەستورێکی مۆدرێن سەر رێگا خستووە، دەستورێک زامنی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان دەکات بەسەر زیاد لە هەرێمێک و پارێزگایەک و دەزگایەک و دەستەیەکدا. ئێمە لێرەدا باس لە ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەین و تیشکێک دەخەینە سەر ئەرکەکانیان. سەرەتا دەکرێت بەم جۆرەی خوارەوە پێناسەی بکەین

ئەنجومەنی پارێزگاکان: ئەنجومەنێکی کارگێڕی خزمەتگوزارییەو لەلایەن هاوڵاتیانەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێت، هەڵبژاردنەکە نهێنییەو تێیدا هاوڵاتی ئازادانە دەنگی خۆیدەدات. سیفەتی سەرەکی ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئەوەیە دەبێت ئەنجومەنێکی سەربەخۆبێت و پاشکۆی هیچ هێزێکی سەربازی یان سیاسی یا ئاینی نەبێت، بگرە پێویستە رەنگدانەوەی پێکهاتە هەمە جۆرەکانی پارێزگاکەبێت، لەیەککاتدا گوزارشتە لە سەرجەم پێکهاتە ئاینی و مەزهەبی و ئەتنییە جیاوازەکان و بۆ خزمەتکردنی ئەوان و کۆی چین و توێژەکانی پارێزگاکە کاردەکات. ئەنجومەنی پارێزگاکان کۆڵەکەیەکی سەرەکی سیستمی لامەرکەزییە. لەم سیستمەدا بەشێکی زۆر لە دەسەڵاتەکانی حکومەتی ناوەند یان حکومەتی هەرێم، دەگوێزرێتەوە بۆ دەسەڵاتە خۆجێییەکانی پارێزگاکان کە لەلایەن دانیشتوانی پارێزگاکەوە هەڵبژێردراون. ئەم حاڵەتەیە وایکردووە ئەنجومەنی پارێزگا، لەسەریەتی بە شێوەیەکی راستگۆو دادپەروەرانەو یەکسان، نوێنەرایەتی دانیشتوانە خۆجێییەکەی بکات. ئەو پرۆژەو بڕیارو کارانە ئەنجامبدات کە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی شارەکەو قەزاو ناحییەکانی پارێزگاکەن.

لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە 3 ساڵی 2009، تایبەتە بە یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان- عێراق. بەپێی ماددەی چواری ئەو یاسایە، ئەنجومەنی پارێزگا لە رێگەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی راستەوخۆوە دروستدەبێت و لە 25 ئەندام پێکدێت، بە مەرجێک رێژەی نوێنەرایەتی ئافرەت لە ئەنجومەندا، نابێت لە 30% ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەن کەمتربێت. ئێمە لەم نووسینەدا، هەوڵدەدەین بەدەر لە یاسای ژمارە 3 ساڵی 2009ی تایبەت بە پارێزگاکانی هەرێم، باس لە کۆمەڵێ ئەرک بکەین کە پێویستە ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم جێبەجێی بکەن، ئەمەش بۆ دەوڵەمەندکردنی یاساکەیەو بۆ بەرچاوڕوونی زیاتری ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکانە، تا بتوانن لە رێگەی خوێندنەوەی ئەم خاڵانەی خوارەوە، باشتر لە ئەرک و مەهامەکانیان تێبگەن و کاری جدیی و باشتر بۆ پارێزگاکەیان و ناوچەکەیان بە گشتی ئەنجامبدەن.

یەکەم: لە ڕووی پلاندانانەوە

1-دانانی پلانی دوور مەوداو کورت مەوداو ساڵانە، خاڵی هەرە سەرەکی ئەم پلانانە، بریتییە لە رەچاوکردنی بەرژەوەندی دانیشتوانی سنوری پارێزگاکە، بە سەرجەم یەکە ئیدارییەکانییەوە.

2-سەرپەرشتیکردنی ئەو رێوشوێنانەی دەرکراون کە پەیوەندییان بە ئامانج و بە چوارچێوەی ئەو پلانانەی پەیوەنیدیان بە شوێنەوە - الخطط المکانی - هەیەو بەو ژمارانەشەوە کە پلانەکان ئاشکرا دەکات.

3-دانانی پرۆگرامی جێبەجێکردنی پلانی شوێن/ الخطط المکانی

4-بەرزکردنەوەی پێشنیاری پەیوەست، سەبارەت بەو ئامانج و پرۆژانەی لە پلانی حکومەتی ناوەندا هاتووە، بەتایبەتی ئەوانەی بۆ پارێزگاکە گرنگن، پێدانی ئەو پێشنیارانە بە دەستەی دارێژەرانی پلانی دەوڵەت.

دووەم: لە ڕووی پیشەسازییەوە

1-دامەزراندنی پرۆژەکانی پیشەسازی خۆجێیەتی و ئیدارەدانیان، ئەنجامدانی پرۆژەی وەبەرهێنان یان موساهەمە لەگەڵ دەوڵەت یاخود لەگەڵ ئەنجومەنە خۆجێییەکانی دەوروبەر یان لەگەڵ کەرتی تایبەت. پێدانی ئەفزەڵییەت بەو پیشەسازیانەی پشت بە کەرەستەی ناوخۆیی و بەرهەمە خۆماڵییەکانی پارێزگاکە دەبەستن، وەک پیشەسازی قوتوبەندی میوەو سەوزەو پیشەسازی رستن و چنین و ماافور.

2-بەڕێوەبردنی کارگە پیشەسازییەکانی دەوڵەت کە دەوڵەت بۆ دەسەڵاتی خۆجێیەتی جێیهێشتووە، ئەنجامدانی وەبەرهێنان لەو کارگانەدا بۆ بەرژەوەندی دانیشتوانی پارێزگاکە.

3-هاندان بۆ دامەزراندنی کۆمەڵەی هەرەوەزی پیشەسازی، دانانی بنەما یاساییەکانی ئەو کۆمەڵە هەرەوەزییانە و بەخشینی مۆڵەت پێیان، بەپێی ئەو رێنماییانەی دەسەڵاتی مەرکەزی دەریکردوون، سەرپەرشتیکردنی کۆمەڵە هەرەوەزییەکان و پاڵپشتیکردنیان لە رووی هونەرییەوە.

4-گەشەپێدان و پێشخستنی پیشەسازییە ناوخۆییەکان و کاری دەستی خۆجێیەتی، پاڵپشتکردنی هەوڵە تاکە کەسییەکان لە بواری بەرهەمهێنان، لە چوارچێوەی سنوری سیاسەتی گشتی دەوڵەتدا.

5-سەرپەرشتی ئیدارەی کارگە پیشەسازییەکانی دەوڵەت کە راستەوخۆ سەر بە دەسەڵاتی خۆجێیەتی نین.

سێیەم: لە بواری کشتوکاڵ

1-خستەڕووی بیروڕای پارێزگا دەربارەی پلانەکانی ناوەند و جێبەجێکردنی پلانی دەوڵەت کە تایبەتن بە پێشخستن و گەشەپێدانی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان.

2-دابینکردنی دەرمان بۆ لەناوبردنی ئافاتە کشتوکاڵییەکان و قەلاچۆکردنیان.

3-دروستکردنی نەمامگە (مەشتەل) و کێڵگەی زۆرکرنی تۆو.

4-پێشنیارکردنی پلان و پرۆگرامی چاکسازی لە زەوییە کشتوکاڵییەکان و جێبەجێکردنی پێشنیارو پلانەکان.

5-گەشەپێدانی سامانی ئاژەڵ و بەروبوومەکانی، فراوانکردنی لەوەڕگاکان و پاراستنی بەم رێگایانەی خوارەوە:

ا-دروستکردنی دەواجن و کێڵگەکانی بەخێوکردنی مانگا، ئیدارەدانیان و ئەنجامدانی وەربەهێنان تیایاندا. هاندانی دروستکردنی دەواجن و کێڵگەکانی بەخێوکردنی مانگا لەلایەن کەرتی تایبەتەوەو پاڵپشتکردنیان لە رووی هونەرییەوە.

ب-قەدەغەکردنی کێلانی زەوی لەوەڕەگا سروشتییەکان و کردنیان بە خانووبەرە.

ج-هەوڵبدرێت لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا، بەرهەمی ئالیک بچێنرێت بۆ بەرژەوەندی بەخێوکردنی ئاژەڵ.

د-دابینکردنی ئالیک بۆ مەڕوماڵات، دروستکردنی کۆگای هەڵگرتنی تایبەت بە ئالیک، لە سنوری پارێزگاکەداو بە پێی ئەو پلانەی ناوەندی دیاریکردووە.

ه-پاراستنی ئاژەڵ و پەلەوەرەکان لە نەخۆشی، دروستکردنی یەکەی پێویست بۆ لەناوبردنی نەخۆشییەکان و دروستکردنی نەخۆشخانەی ڤێرتەرنەری بە تەواوی ستاف و ئامێری پێویستەوە.

6-پەرەپێدانی سامانی دارستانەکان بەم رێگایانەی خوارەوە:

ا-ئەنجامدانی وەبەرهێنان لەو دارستانانەی هەیە، دروستکردنی دارستانی تازە و ئەنجامدانی کاری وەربەهێنان لە دارستانە تازە دروستکراوەکاندا.

ب-پاراستنی دارستانەکان، سازدانی هەڵمەتی هۆشیاری ژینگەیی بۆ دانیشتوانی ناوچە دارستانییەکان، ناساندنی سودەکانی دارستانەکان، هۆشداریدان لە مەترسییەکانی ئاگر کەوتنەوە لە دارستانەکان و چۆنیەتی رێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە. روونکردنەوەی زەرەرو زیانەکانی بزن بۆ ئەوانەی بزن-یان هەیە، هانبدرێن لە بری بەخێوکردنی بزن، مانگاو مەڕو هەنگ و کرمی ئاوریشم و پەلەوەر بەخێوبکەن، یان بۆ کاری دەستی سود لە دارستانەکان وەربگرن.

7-پێشخستن و پارێزگاریکردن لە سامانی ماسی، بەم رێگایانەی خوارەوە

ا-دروستکردنی کێڵگەو حەزوی گەورەی ماسی بەخێوکردن، هێنانی جۆری تازە ماسی، بە تایبەتی ئەوانەیان کە لەگەڵ ئاو و هەوای پارێزگاکەدا گونجاوەو داواکاری لەسەرە. سودوەرگرتن لە کۆبوونەوەی ئاوی سروشتی و بەنداوەکان.

ب-ئیدارەدانی ئەو کێڵگەو حەوزە ماسیانەی دەوڵەت بۆ پارێزگاکەی بەجێهێشتوون و ئەنجامدانی وەبەرهێنان تێیدا.

8-دروستکردنی یەکەکان یان دەستەکانی رێنمایی بۆ بەرهەمێنانی کشتوکاڵ.

9-سازدانی پێشانگای کشتوکاڵی بە شێوەیەکی وەرزی، بۆ بەرهەمە ناوخۆییە رووەکی و ئاژەڵییەکان.

10-هاندانی خاوەن زەوی و زارەکان و ئاژەڵدارەکان، بۆ پێکهێنانی گروپی هەرەوەزی کشتوکاڵی بە هەموو جۆرەکانییەوە، لە پێناو چاکترکردنی لەوەڕگاکان و بەخێوکردن و قەڵەوکردنی مەڕوماڵات و راوکردنی ماسی. دانانی یاساو رێنمایی تایبەت بە مەسەلەی راوکردنی ماسی و سەرجەم ئاژەڵ و پەلەوەرەکانی دیکە، بەپێی رێنماییەکانی دەسەڵاتی مەرکەزی تایبەتمەند. پاڵپشتیکردنی ئەو رێنمایانە لە رووی مادیی و مەعنەوی و هونەرییەوە.

11-سەرپەرشتیکردنی کاروباری راوکردنی ئاژەڵەکانی سەر وشکانی و زیندەوەرە ئاوییەکان.

12-دروستکردنی وێستگەی چاکردنەوەی ئامێرە کشتوکاڵییەکان و دابینکردنی پارچەی یەدەک بۆ ئامێرەکان.

13-دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ دانیشتوانی لەوەڕگاکان و ناوچە دوورە دەستەکان و کۆچەرییەکان.

چوارەم: تەموین و بازرگانی ناوخۆ

1-دابینکردنی ماددە خۆراکییەکان، دڵنیابوون لەوەی ئەو مادە خۆراکیانە بەشێوەیەکی باش دابەشدەکرێت، لەگەڵ خەزنکردن و هەڵگرتنی بڕێکی باشی خۆراک، بۆ باوردۆخی  نەخوازراوی کتوپڕ.

2-دروستکردنی دامودەزگای تاایبەت بە کڕین و فرۆشتنی خۆراک، دروستکردنی کۆگای خەزنکردن و هەڵگرتنی خۆراک و ئیدارەدانی، دانانی رێوشوێن و چارەسەری گونجاو بۆ گەیشتنی مادە خۆراکییەکان بە هاوڵاتیان، بە ئااسانترین رێگاو بە هەرزانترین نرخ.

3-هاندانی هاوڵاتیان بۆ دروستکردنی کۆمەڵە هەرەوەزییەکان، بەپێی یاساو رێسا کارپێکراوەکان و پێدانی مۆڵەت بەو کۆمەڵە هەرەوەزیانەو دابینکردنی یارمەتی دارایی و هونەری بۆیان، پێشخستن و گەشەپێدانیان، تا ببنە شوێنێکی هەرزان و مۆدرێن بۆ بەخشینی خزمەتگوزاری خۆراکی بە هاوڵاتیان.

4-بەدواداچوون و لێپێچنەوە لە خۆراکی بەسەرچوو، سزادانی ئەو کەسانەی بازرگانی بە خواردنی بەسەرچوو دەکەن و کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکەن و دەیهێننە ناو پارێزگاکەوە.

5-چاودێریکردنی کۆگاکان و بازاڕ، لەپێناودابەشکردنی مادە خۆراکییەکان و هەڵنەگرتنیان تا نرخەکانی گرانببێت.

6-دروستکردنی کۆگاو ساردکەرەوەی گەورەو فراوان، بۆ پاراستنی مەوادە خۆراکییەکان، ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەیە مادە خۆراکییەکان، بە درێژایی ساڵ، بە نرخێکی گونجاو و هەرزان لەبەردەست هاوڵاتیاندابن.

7-هاریکاریکردن لەگەڵ رێکخراوە حکومی و نا حکومییەکان، بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری خۆراک لای هاوڵاتی، بە مەبەستی رێکخستنی بەرخۆری/ ئیستیهلاک و پابەندبوون بە نرخی کەلوپەلەکان و رێگریکردن لە قۆرخکاری و بە قاچاخگواستنەوەی مادە خۆراکییەکان.

8-بەشداریکردن لەگەڵ دەستەی گشتی دانەوێڵە و ئاشەکان، بەمەبەستی دانانی پلان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست، بۆ ئەو مادە خۆراکیانەی تایبەتن بەو دوو لایەنە: دەستەی گشتی دانەوێڵە و ئاشەکان.

پێنجەم: لە بواری پەروەردە

1-دروستکردن و ناونان و ئیدارەدانی قوتابخانەکانی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی و ئامادەیی پیشەسازی و بازرگانی و باخچەی ساوایان. دروستکردنی پۆل و هۆڵی تازە لەو قوتابخانانەی کە هەیەو نۆژەنکردنەوەیان.

2-دروستکردنی هۆڵی وەرزشی داخراو و گۆڕەپانی وەرزشی جۆراوجۆر

3-دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی خوێندن بۆ هەمو قوتابخانە و خوێندنگاکان، لەوانە کتێبخانە، هۆڵی کۆبوونەوە، تاقیگە، کورسی و ریحلەی شیاو، سۆپا، نەوت، کارەبا...هتد.

4-جێبەجێکردنی پلانی نەهێشتنی نەخوێندەواری، ئیلزامکردنی خوێندنی قۆناغی بنەڕەتی 1-6 یان 1-9. بۆ هەردوو رەگەزەکە، لەگەڵ بایەخدانی زیاتر بە خوێندنی رەگەزی مێ، ئەمەش لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی گەشەکردنی خێزان.

5-پێکهێنانی گەشتی دیدەوانی هاوینە، بە مەبەستی بەردەوامبوونی چالاکی رۆشنبیریی و زانستی و وەرزشی و کۆمەڵایەتی قوتابییەکان، دانانی پلانی دەوڵەمەندو گونجاو بۆ ئەو مەبەستە.

6-بەکارهێنانی پشکی پارێزگا لە بواری چالاکی وەرزشی و دیدەوانی، خەرجنەکردنی ئەو پشکە بۆ کاروباری دیکەی فەرمانگەکانی دەرەوەی قوتابخانەو خوێندنگاکان. واتە ئەو پشکە تەنها بۆ بەرێوەچوونی کاروباری خوێندنگاکان بەکاربێت.

7-دابینکردنی ئامرازی پێویست بۆ دڵنیایی و چاودێریکردنی تەندروستی قوتابیان. گرنگیدان بەوەی پێیدەوترێت تەندروستی قوتابخانەکان.

8-سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی پەروەردە، بە مەبەستی پێشخستن و باشترکردنی، خستنەڕوی پێشتیارو راسپاردەی پێویست بەو بوارە.

شەشەم: لە بواری کەلتوری

1-دروستکردن و نۆژەنکردنەوەو ئیدارەدانی ناوەندە کەلتوری و رۆشنبیرییەکانی وەک، تیپە میلییەکان، پەیمانگاکانی میوزیک، سەنتەرەکانی گەنجان، تیمەکانی شانۆو مۆسیقا، سەنتەرە کەلتورییەکان، بنکەکانی سەماو گۆرانی، ناوەندەکانی مەشق و راهێنانی کەلتوری و رۆشنبیری، کتێبخانەکان، کتێبخانە گەڕۆکەکان، راهێنان و پێگەیاندنی کادیری پێویست بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی پارێزگا لە بواری کەلتوری میللی.

2-جێبەجێکردنی سیاسەتی دەوڵەت بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری، بە هاریکاری لەگەڵ رێکخراوەکان و دەستە و گروپ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەم بوارە.

3-دروستکردنی مۆنۆمێنت بۆ قوربانییەکان

4-دروستکردنی سینەماو هۆڵی نمایشکردنی فیلم، سەرپەرشتیکردنی یانەکانی سینەماو شانۆ، چاودێریکردنی ئەو فیلم و شانۆگەریانەی نمایشدەکرێن و بەخشینی مۆڵەت پێیان.

5-هاندان و کۆمەککردن بۆ دروستگردنی گروپ و کۆمەڵە هونەری و ئەدەبی و کەلتورییەکان، دانانی یاساو رێنماییەکانی مۆڵەت وەرگرتنیان. هانی کردنەوەی خولە رۆشنبیری و هونەرییەکان بدرێت، یارمەتی دارایی و مەعنەویان بۆ دابینبکرێت.

6-بەشداریکردن لە گەشەپێدانی کەلتوری نەتەوەیی و نیشتیمانی، لە شارو شارۆچکەو گوندەکاندا. ئەمەش بۆ دەوڵەمەندکردنی ژیانە بە بیرۆکە مرۆڤایەتییەکان.

حەوتەم: لە رووی شوێنەوارەوە

*پاراستنی هەمو ئەو شوێنانەی کە رەهەندێکی شوێنەوارییان هەیە، واتە پاراستنی خانووە کۆنەکانی ناو شارەکان کە مێژوویەکی دێرینیان هەیەو کردنیان بەمۆزەخانە. چالاککردنی گروپە زانستییەکان بۆ بایەخدان بەو شوێنەوارانە، دروستکردنی مۆزەخانەی خۆجێیەتی بۆ نەریتە میلییەکان، هاندانی هاوڵاتیان تا سەردانی ئەو جۆرە مۆزەخانانە بکەن، دابینکردنی هۆیەکانی پشودان و هۆیەکانی گواستنەوە، تا هاوڵاتی بە ئاسانی بتوانێت سەردانی ئەو شوێنەوارە کۆنانەو ئەو مۆزەخانە خۆجێیەتیانە بکات.

هەشتەم: لە بواری گەشتوگوزار

1-کردنەوەی نووسینگەی گەشتوگوزارو بەڕێوەبردنی.

2-سەرپەرشتیکردنی شوێنە گەشتوگوزارییەکان، کارکردن بۆ گەشەپێدان و پێشخستنیان.

3-دابینکردنی سەرجەم خزمەتگوزارییەکان بۆ شوێنە گەشتیارییەکان، لە رێگەی کردنەوەی هوتێل و خواردنگەو باخچەو شوێنی حەوانەوەی بەرفراوان و دابینکردنی هۆیەکانی گواستنەوەی گونجاو، هەموو ئەوانە بۆ ئەوەیە هاوڵاتی بتوانێت بە ئاسانی بگاتە شوێنە گەشتیارییەکان.

4-پاراستنی سروشتی ناوچەکەو قەدەغەکردنی بڕینەوەی دارودرەختەکان و راوکردنی ئاژەڵ و باڵندەکان.

5-دروستکردنی لیژنەی خۆجێی بۆ چالاککردنی پرۆسەی گەشتوگوزارو بڵاوکردنەوەی هۆشیاری سیاحی لە نێوان هاوڵاتیااندا. پێکهێنانی گروپی بچوک بچوک وەک رێبەر، بۆ باسکردنی سروشت و مێژوی ناوچەکەو شوێنەوارەکان.

نۆیەم: لە بواری هاتوچۆوە

1-خستنەڕووی پێشنیاری تایبەت بە دروستکردنی رێگاوبان، جێگرتنەوەی پێشنیارەکان لە پلانی سەرەکی پارێزگاکەدا.

2-چاکسازیکردن لەو رێگاوبانانەی هەیە، بایەخدان بە رێگا لاوەکییەکانی گوندو ناحییەکان و قیرتاوکردنیان. دروستکردنی تۆڕێکی بەرفراوانی رێگاوبان کە رێگا سەرەکییەکان بە جوانی بە رێگا لاوەکییەکانەوە ببستێتەوە.

3-دروستکردنی تاقیگەی رێگاوبان، بۆ پشکنینی خاک و خۆڵ و بەردو تاوێرو سەرجەم کانزاکانی دیکە، ئەنجامدانی توێژینەوەی تاقیگەیی و بەستنەوەی تاقیگای رێگاوبانی سەرجەم پارێزگاکان بەیکتر، لە پێناو هاریکاریکردن و ئاگاداربوون لە سروشتی جیۆلۆجی پارێزگاکان.

4-هاندانی ئەو کەسانەی سەروکاریان لەگەڵ هاوردەو هەناردەی کاڵاکان و گواستنەوەی هاوڵاتیانە، لە پێناو ئەوەی تەنسیقێکی سەرتاپاگیریان لە نێواندا هەبێت. ئەمەش لە رێگەی گەشەدان بە کاری دەستەجەمعییەوە دێتەدی. هەروەها لە رێگەی پێکهێنانی کۆمەڵەی هەرەوەزی بۆ هێنان و هاوردەی کەلوپەل و گواستنەوەی هاوڵاتیان.

دەیەم: کاروباری گشتی

1-دروستکردنی بینای حکومی و نۆژەنکردنەوەی بینا حکومییە کۆنەکان، بەپێی ئەو پلانە گشتییەی دەوڵەت دایڕشتووە. پاڵپشتیکردنی ئەو پرۆژانەی دەکەوێتە ئەستۆی دامودەزگاکانی ناوەند کە لە پلانی گشتی دەوڵەتدا ئامماژەیان بۆ کراوە

2-گرتنەبەری رێگای گونجاو بۆ خۆپاراستن لە لافاو، لەوانە دروستکردنی بەنداو. پێکهێنانی تیمی ئامادە بەهەموو پێداویستییەکانەوە، بۆ رووبەڕووبونەوەی هەر کارەساتێکی سروشتی کتوپڕو چاوەڕوان نەکراو.

یانزەم: لە بواری سامانی ئاوی

1-دانانی پلانی گونجاو بۆ چۆنیەتی گەشەپێدانی ئەو سامانە ئاوییەی لە پارێزگاکەدا هەیە، ئەنجامدانی توێژینەوەو گەشەپێدانی پرۆژە ئاوییە بچوک و گەورەکان بە سەرپەرشتی ئیدارەی ناوەند کە پسپۆڕن لە بوارەکەدا.

2-ئیدارەدانی ئەو دامودەزگا ئاویانەی خزمەت بە پارێزگاکە دەکەن و دەوڵەت بەجێیهێشتوون، نۆژەنکردنەوەیان و چاککردنەوەی ناتەواوییەکانیان و گەشەپێدانیان، بە شێوەیەک باشترین و زۆرترین سودی لێوەربگیرێت.

3-جێبەجێکردنی سەرجەم ئەو پرۆژە ئاوییانەی سیفەتێکی خۆجێیەتیان هەیە، ئیدارەدانیان و نۆژەنکردنەوەیان و ئەنجامدانی کاری وەربەرهێنان تیایاندا.

4-دانانی بەرنامە و پرۆگرامی وەبەرهێنان لە پرۆژە ئاوییەکان و جێبەجێکردنیان.

5-سەرپەرشتیکردنی ئاوی گشتی، راستکردنەوەی رێرەوی رووبارەکان، پاکردنەوەی جۆگە ئاوییەکان.

6-چارەسەرکردنی پیسبوونی ئاوی ڕوبارو چەم و سەرجەم سەرچاوەکانی دیکەی ئاو.

دوانزە: لە بواری تەندروستی

1-سەرپەرشیکردنی کاروباری تەندروستی و دامودەزگاکانی، پێشخستن و باشترکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و فراوانکردنی، بە شێوەیەک سەرجەم هاوڵاتیان سودمەندبن لێی. بەرزکردنەوەی ئاستی تەندروستی کە لەگەڵ پێشکەوتنە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکاندا بگونجێت.

2-دروستکردنی نەخۆشخانەی گشتی و ناوەندی تەندروستی لە شارەکان و لە دەرەوەی شارەکان، بردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ دوورترین ئاوەدانی.

3-سەرپەرشتیکردنی نەخۆشخانە گشتییەکان و بنکە تەندروستییەکان و دابینکردنی داودەرمان بۆ هەر هەمویان، رەچاوکردنی پلانی وەزارەتی تەندروستی بۆ هاوردەکردنی ئامێری پزیشکی و تەندروستی.

4-دابینکرنی ئامبوڵانس بە ژمارەی پێویست بۆ نەخۆشخانەکان و بنکە تەندروستییەکانی دەرەوەی شارەکان.

5-چاودێریکردنی تەندروستی ئافرەتانی دووگیان، کۆریە، منداڵی تازە لەدایکبوو، قوتابی. سەرپەرشتیکردنی تەندروستی باخچەی ساوایان، خەڵوەتگای پیری، ناوەندەکانی پێداویستی تایبەت، کرێکارو زیندانیانی نێو گرتوخانەکات.

6-هاریکاریکردنی رێکخراوە حکومی و نا حکومی و میلییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی لە نێوان هاوڵاتیان. سودوەرگرتن لە سەرجەم هۆکارەکانی راگەیاندن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هوشیاری تەندروستی کۆی هاوڵاتیانی پارێزگاکە.

7-هەوڵدان بۆ قەلاچۆکردنی نەخۆشییە گواستراوەکان، لەکااتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی گواستراوە، بەخێرایی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست. کارکردن بۆ پاکڕاگرتنی ژینگەو خۆراک و ئاوی خواردنەوە.

8-دروستکردنی تاقیگەی هەمەجۆری تایبەت بە پشکنینی نەخۆشییەکان، پشکنینی خۆراک، دەرمان، دروستکردنی فەرمانگەی کوالێتی کۆنترۆڵی تایبەت بە تەندروستی و پشکنینی سەرجەم ئەو دەرمانانەی دێنە ناو پارێزگاکەو نەخۆشخانەکان و بنکەکانی تەندروستی و دەرمانخانە ئەهلییەکانەوە.

9-ئەنجامدانی توێژینەوە، دەربارەی حاڵەتی خۆراکی پارێزگاکە لە رووی تەندروستییەوە. هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خۆراکی تەندروست بۆ دانیشتووان، سەرپەرشتیکردنی ئاوی خواردنەوە، لەناوبردنی خۆراکی بەسەرچوو، سزادانی هەمو ئەوانەی بازرگانی بە خۆراکی ئێکسپایەرەوە دەکەن.

سیانزە: لە بواری کۆمەڵایەتی

1-دروستکردنی دامودەزگای چاودێری کۆمەڵایەتی بۆ پەککەوتەو پیرو بەساڵاچوان، لە هەردوو رەگەز. دروستکردنی دەزگای داڵدەدان بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشت و خەڵکانی بێ جێگاو ماڵ و دۆزینەوەی هەلی کار بۆیان.

2-هاندانی ئەو دەزگایانەی چالاکی کۆمەڵایەتی ئەنجامدەدەن و کۆمەککردنیان لە رووی مادیی و مەعنەوی و هونەرییەوە، تا بتوانن ئامانجەکایان بەدیبێنن.

3-کارئاسانیکردن بۆ دەزگا کۆمەڵایەتییەکان تا چالاکییەکانیان لە گوندوشارۆچکەکان ئەنجامبدەن. پشتگوێنەخستنی دانیشتوانی گوندەکان و شوێنە دوورە دەستەکان لە هەر خزمەتگوزارییەکی کۆمەڵایەتی.

4-پاڵپشتیکردنی ئەو بزاوتە هەروەزییە کۆمەڵایەتیەی لە پارێزگاکەدا هەیە، هاندانی هاوڵاتیان بۆ دامەزراندنی گروپی هەرەوەزی کۆمەڵایەتی زیاترو تازەترو دەستگیرۆیکردنیان لە رووی مادیی و مەعنەوییەوە.

5-رێخستنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ چاودێری منداڵ.

6-کۆمەکرکدنی ئەو چالاکیانەی پەیوەستن بە وەرزش و پەروەردەی جەستەیی.

7-دروستکردنی باڵەخانەی پێویست بۆ پەیمانگاکانی پێگەیاندنی کاروباری دەستی و کشوکاڵ و سەرپەرشتیکردنیان، لە رووی رێکخستن و کارگێڕی و دارایی و رۆشنبیرییەوە، تا بە باشترین شێوە ئامانجەکایان بەدیبێنن.

8-دیاریکردنی ئەو زەویانەی پێویستە بۆ دروستکردنی خانوی جوتیارەکان، رێکخستنی ئەم کەرتە، پێشنیارکردن بۆ دروستکردنی خانووی تۆکمەو مۆدرێن بۆ جوتیارەکان، جێبەجێکردنی پلانی وەزارەت لەم بوارەدا.

9-دیاریکردنی ئەو زەویانەی پێویستە بۆ دروستکردنی خانوی کرێکارو فەرمانبەران.

چواردە: لە بواری کارو کرێکار

1-بەشداریکردن لە داڕشتی پلانی هێزی کار لە پارێزگاکەدا، بەم رێگایانەی خوارەوە:

1-ئامادەکردنی پلانی هێزی کار لە پارێزگاکەدا، بەهاوبەشی لەگەڵ سەندیکا تایبەتەکانی ئەم بوارەو بەرزکردنەوەی بۆ دەستەی پلانی دەوڵەت.

2-دروستکردنی سەنتەری شیاندن و مەشق و راهێنان و کردنەوەی خولی بەردەوام، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هونەری و کارگێڕی سەرجەم چین و توێژەکان کە لە پارێزگاکەدا ئیشدەکەن.

پانزە: لە بواری خزمەتگوزاری

1-دروستکردنی پرۆژەکانی ئاوی خواردنەوەو ئاوەڕۆو باشترکردنی ژینگەی پارێزگاکە، بە رواندنی دارودرەخت و دروسکردنی باخچەی گەورەو بچوک. وشککردن و پاکردنەوەی ئەو شوێنانەی سەرچاوەی ڤایرۆس و میکرۆبن. داپۆشینی ئاوی ئاوڕۆی ماڵان و رێگریکردن لە تێکەڵاوبوونیان بە سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە.

2-دابینکردنی پارەی پێویست بۆ کۆی ئەو پرۆژانەی لە خاڵی یەکەمدا ئاماژەی پێدراوە.

3-رەزامەندبوون لەسەر پلانی رێکخستنی شارەکان و شارۆچکەکان و گوندەکان، دوای ئەوەی رەزامەندی وەزیری تایبەتمەند وەردەگیرێت.

4-رێگریکردن لەوەی زەوی و زاری کشتوکاڵی، بکرێت بە خانووبەرەو مۆڵ.

شانزە: لە بواری نیشتەجێکردن

دروستکردنی گوندی مۆدرێن لە شارو شارۆچکەکان، کارکردن بۆ پێشخستن و گەشەکردنی خانوبەرەی دانیشتوانی گوندەکان، دیاریکردنی سنوری گوندەکان و پاراستنی زوییە کشتوکاڵی و لەوەڕگاکان.

حەڤدە: لە بورای کارەباو سەروەتی کانزایی

1-دەستنیشانکردنی بڕی پێداویستی پارێزگاکە بۆ وزەی کارەیا، بۆ ئەوەی ئەو بڕە وزەیەی کە هەیە، بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر کۆی پارێزگاکەو دەوروبەرەکەیدا دابەشبکرێت.

2-بەرهەمهێنانی کارەباو گواستنەوەی و دابەشکردنی بە رەزامەندی دەزگای گشتی کارەبا.

3-رێگریکردن لە دەستدرێژی بۆ سەر هێڵەکانی کارەباو بردنی کارەبا بە رێگای نایاسایی.

4-ئەنجامدانی هەڵمەتی هۆشیاری بۆ دەستگرتن بە وزەی کارەباو بەفیڕۆنەدانی و زیادەڕۆیی نەکردن لە بەکارهێنایندا.

5-ئەنجامدانی کاری وەبەرهێنان لەو کانزایانەی لە پارێزگاکەو گوندەکانیدا هەیە.

6-دروستکردنی تیمی شارەزا بۆ گەڕان و دۆزینەوەی کانزاکان.

هەژدە: لە بواری بەرگری شارستانی

1-دابینکردنی سەرجەم ئەو پێداویستیانەی گرنگن بۆ بەرگری شارستانی.

2-کردنەوەی خولی مەشق و راهێنان بە سەرجەم کارمەندانی بەرگری شارستانی.

3-نۆژەنکردنەوەی بەردەوامی ئامێرو کەلوپەلەکانی فەرمانگەکانی بەرگری شارستانی.

نۆزدە: ئەو بابەتانەی پێویستە دەسەڵاتی ناوەند، بیروڕای ئەنجومەنی پارێزگای لەسەر وەربگرێت:

1-وەرگرتنی بیروڕای ئەنجومەنی پارێزگا، سەبارەت بە هەمو ئەو مەسەلانەی لێکەوتەی لەگەڵ بەرژەوەندی دانیشتوانی پارێزگاکەدا هەیە، وەک:

ا-هەموارکردنی سنوری پارێزگاو یەکە ئیدارییەکانی و ناونانیان.

ب-فرۆشتنی موڵکەکانی دەوڵەت.

ج-دروستکردنی هەر پرۆژەیەکی مەرکەزی کشتوکاڵی یان پیشەسازی یان هەر پرۆژەیەکی دیکە، ئەگەر لەگەڵ پلانی سەرەکی پارێزگادا نەگونجێت و تێکنەیەنەوە.

سەرچاوە:

www.mola.gov

http://www.alnoor.se

rachlaken.com

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

6,227 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...