بەشداری گشتی چییە و گرنگییەکەی لە چیدایە؟

بەشداری گشتی چییە و گرنگییەکەی لە چیدایە؟

بەشداری گشتی یەکێکە لەو چەمکە تازانەی هاتووەتە نێو کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەوە، چەمکێکە گەلێک ماناو پێناسەی جیاواز جیاواز لەخۆدەگرێت، ئێمە لەم نووسینە کورتەدا، هەوڵدەدەین بە زمانێکی سادە، هەندێک زانیاری خێرا دەربارەی ئەم چەمکە بخەینەڕوو. ئەمەش لەلایەکەوە وەک پاڵپشتێک بۆ توێژینەوەکەی بەرێز دانا سەعید سۆفی کە ئەم ناونیشانەی لەخۆگرتووە (بەشداری هاوڵاتیان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیاردا)و یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی ئینستوتی ریفۆرم بۆ گەشەپێدان. لە لایەکی دیکەوە بۆ دەوڵەمەندکردن و ناساندنی زیاتری بەشداری گشتییە کە لەمڕۆدا بووەتە کۆڵەکەیەکی سەرەکی پێشخستنی کۆمەڵگاو بووەتە یەکێک لەو بابەتانەی لە دونیای سیاسی و حوکمڕانیدا، بایەخ و گرنگی زۆری پێدەدرێت و چەندین رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی کاری لەسەر دەکات و لە میانەی پلان و پرۆژەکانیدا، هەوڵی پراکتیککردن و فراوانکردنی دەدات.

وەک ئاماژەمان پێدا، بەشداری گشتی گەلێک پێناسەی جیاوازو جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، لەوانە بەشداری گشتی بریتییە لە کۆمەڵێک چالاکی کە هاوڵاتیان چ وەک تاک یان وەک گروپ ئەنجامیدەدەن. هاوڵاتی لە میانەی ئەنجامدانی چالاکییەکانی، هەوڵدەدات بەرژەوەندی گشتی بپارێزێت و بەشداربێت لە پرۆسەی بڕیاردان و بەرێوەبردنی وڵات و گەشەکردنی کۆمەڵگادا. ئەم بەشداریکردنە یان ئەم چالاکییانە دەکرێت مادیی یان مەعنەوی بێت، دەکرێت لە رێگەی خستنەڕووی بیروڕایەکەوە یان لە رێگەی کارەوە یان کۆمەک و تەمویلکردنەوە یان هەر رێگەیەکی دیکەوە بێت کە دواجار دەبێتە هۆکاری گەشەکردن و پێشخستنی کۆمەڵگا لەسەرجەم ئاستەکان.

بەشداری گشتی ئەو چەمکەیە ئاماژە بۆ کۆمەڵێک رێگا یان شێواز دەکات کە دەزگاکانی کۆمەڵی مەدەنی دەیگرنەبەر، بۆ بەستنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگایەک لەگەڵ یەکتر. بەتایبەتی ئەو تاکانەی لە بواری تەندروستی یان پەروەردە یان هەر بوارێکی دیکە، پێویستیان بە رێنمایی و دەستگیرۆیی هەیە. جگە لەوە بەشداری گشتی ئامرازێکە بۆ بەهێزکردن و پتەوکردنی هاوکاری کۆمەڵایەتی لە نێوان دانیشتوانی گەڕەکێک، ناوچەیەک، گوندێک، شارێک، کۆمەڵگایەک، بە ئامانجی بەهێزکردنی رۆحی هاریکاری و بەشداری لەچەندین بواردا کە دواجار خزمەتگوزاری ناوخۆیی و بەرژەوەندی کۆمەڵگای لێدەکەوێتەوە. لەلایەکی دیکەوە بەشداری گشتی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، پتەوترو دەکات و وا دەکات تاکەکانی کۆمەڵگا لەیەکتر نزیکببنەوەو زیاتر بەدەم یەکترەوەبچن و چارەسەری گونجاو بۆ کێشە و گرفتەکان بدۆزنەوە. بەشداری گشتی دەتوانێت یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گەلێک لەو کێشانەی دەسەڵاتی ئیداری بە دەستییەوە دەناڵێنێت و ناتوانێت چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزێتەوە. ئەمەش بەوە دەبێت هاوڵاتیان دەرفەتی بەشداری گشتییان بۆ بڕەخسێت و بتوانن بەشداربن و بتوانن دیدو بیروڕای خۆیان لەسەر کێشەکان بخەنەڕوو، تێڕوانینیان بەهەند وەربگیرێت، پرس و رایان پێبکرێت، لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان بانگهێشت بکرێن، دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت بە ئازادانە و بێ ترس، قسەی خۆیان بکەن و چارەسەری خۆیان بۆ کێشەکان بخەنەڕوو. بایەخ و گرنگی بەشداری گشتی ئا لێرەدایە. لەوەدایە هاوڵاتی بتوانێت بە ئازادانە گوزارشت لە بیرورای خۆی بکات و بەشداربێت لە جووڵەی کۆمەڵگاو بزاوتە مەدەنییەکان.

بەشداری گشتی بریتییە لەو متمانەیەی دەبەخشرێت بە تاک، بۆ ئەوەی بڕوای بە خۆی بێت و لە کایەی گشتیدا هەست بە بوونی خۆی بکات، هەست بەوە بکات وەک تاک رۆڵی هەیە لە بەڕێوەبردنی کایەکانی کۆمەڵگاو بەشدارە لە پرۆسەی بڕیاردان و بەرەوپێشبردن و گەشەکردنی کۆمەڵگا.

بەشداری گشتی رۆڵێکی سەرەکی لە پرۆسەی گەشەکردنی کۆمەڵگادا دەبینێت و یەکێکە لەو کۆڵەکە بنچینەییانەی ئەم گەشەکردنەی لەسەر راوەستاوە. بەشداری گشتی ئەو رۆڵەیە کە هاوڵاتیان لە پرۆسەی حوکمڕانی و پرۆسەی گەشەکردنی کۆمەڵگادا دەیبینن، چ وەک نوێنەرایەتی یان وەک راوێژکاری یاخود وەک بەشداریکردنی راستەوخۆ لە دەزگا حکومی و ناحومییەکان، بە تایبەت ریکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی. بەشداری گشتی زیاتر لەو وڵاتانەدا گەشەیکردووە کە تێیدا ئاستی هوشیاری لە پلەیەکی بەرزدایە و کارکردن لە دەرەوەی وەزیفەی حکومی لە ئاستێکی باڵادایە.

بەشداریکردنی گشتی لە ژیانی گشتیدا، جۆرێکە لە بەخشش و چاکە بۆ مرۆڤ. مرۆڤ بە حوکمی وەزیفەکەی یان ئیشەکەی، ناچارە لە هەندێک کاتی دیاریکراودا بڕوات بۆ سەر کارەکەی و ئەرکەکانی سەر شانی جێبەجێ بکات. بەڵام لە بەشداری گشتیدا، مرۆڤ خۆ بەخۆو بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بەشداری دەکات، ئەم بەشداریکردنە خۆبەخشانەیەی وا دەکات وەک مرۆڤ هەست بە بوونی خۆی بکات، وەک بەشداریکردنی لە نەهێشتنی نەخوێندەواری، بەدەمەوەچوونی لێقەوماوان، کۆمەککردنی ئاوارەکان، چالاککردنی پیشەسازییە بچووکەکان و دەستگیرۆیی هەژارو کەمدەرامەتەکان لە رێگەی پرۆژەی بچوک بچوکەوە، بەشداریکردن لە رێکخراوە خۆبەخش و نا حکومییەکان.

بەشداری گشتی بریتییە لە هاریکاریکردن لەگەڵ تاکەکانی دیکەی کۆمەڵگا، بۆ بونیادنانی ئایندەی خۆی و ئەوانی دیکە و پێشخستنی تواناو دورخستنی ئەفراندنە شاراوەکانی. بەشداری گشتی کار دەکات بۆ گۆڕینەوەی بیروڕاو شارەزایی و کەلتوور مەعریفە لەگەڵ ئەوانی دیکە. بەشداری گشتی دەرفەتێکە بۆ داهێنان و تازەگەری و رێکردن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم. بەشداری گشتی زاڵکردنی رۆحی گروپ و تیم و بەرژەوەندی گشتییە، بەسەر رۆحی تاکایەتی و بەرژەوەندی شەخسی. دواجار بەشداری گشتی ئەو پرۆسەیەیە کە تێیدا دەرفەت بۆ زۆرترین کەس دەڕەخسێت تا بەشداری پرۆسە جیاواز جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگا بکەن، هەر یەکەی بە پێی جۆری شارەزایی و بایەخپێدانەکانی، لە پێناو پێشخستن و گەشەکردنی زیاتری کۆمەڵگا و بەرزکردنەوەی هۆشیاری گشتی و هاریکاری گشتی و خەمی گشتی و بەدەمەوەچونی گشتی، بە تایبەت لە کاتی روودانی کارەساتی سروشتی و مرۆیی.

گرنگی بەشداری گشتی چییە؟

بە شێوەیەکی گشتی دەکرێت بەشداری گشتی لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کورتبکەینەوە:

١-بەشداری گشتی پرنسیپێکە لە پرنسیپەکانی گەشەکردنی کۆمەڵگا، چونکە گەشەکردنی راستەقینەی کۆمەڵگا، بێ بەشداری گشتی نایەتەدی.

٢-هاوڵاتیان لە میانەی بەشداریکردنی گشتی، فێری چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکان دەبن.

٣-بەشداریکردنی هاوڵاتیان لە پرۆسەکانی گەشەکردندا، دەبێتە پاڵپشت بۆ ئەو پرۆسانە و گرنگی و بایەخدان پێیان، ئەمەش وا دەکات پرۆسەکانی گەشەکردن تۆکمەترو جێگیرترو سودبەخشتربن.

٤-کێشەکانی کۆمەڵگا زۆربوون، ئەمەش وا دەکات دۆزینەوەو پەیپێبردنیان ئاسان نەبێت و تەنها بەو کەسانە چارەسەر نەکرێن کە فەرمانبەری فەرمین، بەشداری گشتی هەنگاوێکی دروستە بۆ دۆزینەوەو پەیبردن بە کێشەکان و هێنانە ئارای چارەسەری گونجاو بۆیان.

٥-حکومەت ناتوانێت بە هەموو کارەکان و خزمەتگوزارییەکان هەستێت، لێرەدا رۆڵی بەشداری گشتی دەبێتە رۆڵێکی پاڵپشتی و تەواوکاری بۆ رۆڵی حکومەت. ئەو رۆڵەی بەشداری گشتی بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی حکومەت، رۆڵێکی بنچینەیی و پێویستە.

٦-بەشداری گشتی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لای میللەت زیاد دەکات، وا دەکات میللەت لە نزیکەوە ئاگاداری چۆنیەتی بەرێوەچونی کاروبارەکان بێت و لەو جێبەجێکردنەدا رۆڵببینێت.

٧-بەشداری گشتی وا دەکات هاوڵاتی پەرۆشی پارەی گشتی بێت و رێگری لە هەدەردانی بکات، ئەمەش کێشەیەکە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بە دەستییەوە دەناڵێنن.

٨-بەشداری گشتی وا دەکات هاوڵاتیان ئاگاداری قەبارەی کێشەکانی کۆمەڵگاکەیان و تواناکانی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە ببن.

٩-بەشداری گشتی تەواوی هاوڵاتیان، دەرگای هاریکاری و بەدەمەوەچوونی نێوان هاوڵاتیان و دەزگاکانی حکومەت دەکاتەوە، هەروەها رایەڵەی باش و تەندروست لە نێوانیان دەکاتەوە.

چۆن بەشداری ژیانی گشتی دەکەیت؟

بۆ ئەوەی مرۆڤ بەشداری ژیانی گشتی بکات و لە دەرەوەی کارە فەرمییەکەی، کارێکی دیکەی خۆبەخش کە سودی گشتی تێدابێت ئەنجامبدات، دەکرێت ئەم بەرچاورونیانەی خوارەوە پەیڕەو بکات و کەم تا زۆر هەوڵی جێبەجێکردنیان بدات. لە راستیدا ئەمانە تەنها هەندێک بەرچاوڕوونی سەرەتاین و دەکرێت دەیان و سەدان بەرچاوڕونی دیکە هەبێت، وەلێ ئێمە لێرەدا تەنها ئەمانەیان دەخەینەڕوو.

*بۆ ئەوەی بەشداری ژیانی گشتی بکەیت، پێویستە دەستپێشخەربێت، واتە بێ ئەوەی کەس هیچت پێ بڵێت، خۆت بڕۆ بۆ بەشداریکردن.

*سەرەتا پێویستە ئەو ئامانجە دیاری بکەیت کە دەتەوێت لە میانەی گەڕانت بۆ دۆزینەوەی شوێنێک (دەزگایەک، رێکخراوێک، گروپێک) تا ئامانجەکەتی تێدا بەدیبێنیت.

*دوای دەستنیشانکردنی ئامانجەکەت، هەوڵدە یەکێک لەو دەزگایانە بدۆزیتەوە کە دەکرێت لە میانەیەوە ئامانجەکەت بێنیتەدی.

*بەرنامەو پرۆگرامی ئەو دەزگایە بزانە، دەتوانیت داوای پوختەیەک لە کارو بەرنامەی ئەو دەزگایە بکەیت و بە باشی بیخوێنیتەوە، ئەمە پێش ئەوەی بڕیاربدەیت بەشداری کارو چالاکییەکانی دەزگاکە بکەیت. چونکە دوور نییە کاروبارەکانی ئەو دەزگایە لەگەڵ ئامانجە دیاریکراوەکەی تۆدا نەگونجێت.

*ئەگەر قەناعەتت بە ئامانجەکانی دەزگاکە کردو لەگەڵ ئامانجەکەی تۆدا یەتەوە، داوای بەشداریکردن لە پرۆگرام و کارو چالاکییەکانی بکە.

*زۆرجار یەکێک لە دەزگایانەدا هەیە بەرپرسە لە وەرگرتنی داواکاری بەشدایکردن و هاتنەریزی دەزگاکەوە، پێویستە ئەو کەسە ببینیت و خۆتی پێ بناسێنیت و بە جۆرێک قسەی لەگەڵ بکەیت کە هانی بدەیت رەزامەندبێت لە وەرگرتنت.

شێوەکانی بەشداری گشتی

بەشداری گشتی چەندین شێوەی جۆراوجۆری هەیە، لە خوارەوە بە کورتی باس لە هەندێکیان دەکەین:

چالاکی رۆشنبیری: چەندین جۆری بەشداری رۆشنبیری و کەلتوری هەیە، لەوانە بەشداریکردن لە تیپە شانۆییەکان، مۆسیقییەکان، وێنەکێشان، وەرزشییەکان، هەڵپەڕکێکان و ...هتد

چالاکی کۆمەڵایەتی: مەبەست لە چالاکی کۆمەڵایەتی بریتییە لە بەشداریکردنی تاک یان گروپ لە کۆمەڵێ چالاکی جۆراوجۆر، لەوانە بەشداریکردن لە رێکخراوە خێرخوازییەکان، هەڵمەتی خۆبەخشانە بۆ چاودێریکردن و بەدەمەوەچونی بەساڵاچوان، سەرپەرشتیکردنی منداڵانی بێ دایک و باوک و بێ نەوا، رێکخستنی جووڵەی هاتووچۆ، بەشداریکردن لە هۆشیارکردنەوەی تەندروستی و پاراستنی ژینگە...هتد.

چالاکی سیاسی: ئەنجامدانی چالاکی سیاسی بە کۆڵەکەی بەشداری گشتی دادەنرێت، چونکە لەم چالاکییەوە دەرفەت بۆ هاوڵاتیان دەڕەخسێت راستەوخۆ بەشداربن لە پرۆسەی بڕیارداندا. چالاکی سیاسی شێوازی زۆرە، لەوانە رێپێوان، دیالۆگ، سیمینار، مانگرتن، خۆپیشاندانی ئاشتیانە، هەڵبژاردن...هتد.

چالاکی ژینگەیی: مەبەست لێی بەدیهێنانی ژنگەیەکی پاک و تەندروست و ئەنجامدانی هەڵمەتی پاکردنەوەی شارو شارۆچکەو گوند و گەڕەک و کۆڵانەکان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی.

پرنسیپەکانی بەشداری گشتی

بۆ بەشداریکردن لە ژیانی گشتیدا، پێویستە پابەندی هەندێک بەهاو پرنسیپی مرۆییانە ببین، لەوانە: دەربڕینی بیروڕاو رێزگرتن و گوێگرتن لە بیروڕای ئەوانی دیکە، خۆ بەدوور گرتن لە سەپاندنی بیرورای شەخسی، دوواندنی ئەوانی دیکە بە زمانێکی نەرم و رەخساندنی دەرفەت بۆ گفتوگۆو دانوستان، دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی تەندروست لە نێوان تاکەکان و بڵاوکردنەوەی خۆشەویستی و هاریکاری یەکتر.

بڵاوبوونەوەی رێژەیەکی باش لە هۆشیاری کەلتووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی، لە نێوان ریزەکانی تاکەکانی کۆمەڵگادا، بە فاکتەرێکی گرنگ دادەنرێت نەک تەنها لە بڕو ئاستی بەشداری گشتی، بەڵکو لە جۆرایەتی بەشداریکردنیش. تا ئاستی هوشیاری بەرزتربێت و بەشداریکردن پەلیهاویشت بۆ زۆربەی بوارەکان، ئەوا بەشداریکردنەکە زۆرترو کاریگەرتر دەبێت. بۆچی؟چونکە بەشداری گشتی ئەو پرۆسەیەیە کە تێیدا تاک رۆڵێک لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووری کۆمەڵگاکەیدا دەبینێت، ئەم رۆڵبینینەی چانسێکی پێدەبەخشێت تا بەشداربێت لە دانانی ئامانجە گشتییەکان و هێنانەئارای باشترین ئامراز بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە. ئەمەش مانای بەرپرسیارەتی تاکەکان و گروپەکان دەگەیەنێت، لە گەشەکردن و پێشخستنی کۆمەڵگاکەیان. لە بەرامبەریشدا بەرپرسیارەتی کۆمەڵگا دەگەیەنێت بۆ تێرکردنی پێداویستی تاکەکانی.

سیفەتەکانی بەشداری گشتی

بەشداری گشتی ئەم سیفەتانەی خوارەوەی هەیە

*بەشداری گشتی رەفتارێکی خۆبەخش و چالاکییەکی ئیرادەییە. بەو مانایەی هاوڵاتی لە بەرامبەر کێشە و ئامانجەکانی کۆمەڵگاکەی، هەست بە بەرپرسیارەتی دەکات.

*بەشداری گشتی رەفتارێکی خۆڕسک نییە، واتە رەفتارێکی فیتری نییە لەگەڵ لەدایکبوونی مرۆڤ بێتەئاراوە. هەروەها رەفتارێک نییە بۆماوەیی بێت و نەوەکان لە باوانیانەوە بۆیان مابێتەوە، بەڵکو رەفتارێکی وەرگیراوەو مرۆڤ لە میانەی ژیانی و لە ساتەوەختی کارلێکی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بەدەستی دەهێنێت.

*بەشداری گشتی یەکێکە لە پرنسیپەکانی دیموکراسی.

*بەشداری گشتی لە یەککاتدا هەم مافە و هەم ئەرکە، یەکێکە لە مافەکانی مرۆڤ.

*بەشداری گشتی لە یەککاتدا ئامانج و ئامرازە، ئامانجە چونکە ژیانی دیموکراسی پێویستی بە بەشداری جەماوەرە لە هەڵگرتنی بەرپرسیارەتی کۆمەڵایەتی، ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ گۆڕینی رەفتارو رۆشنبیریی هاوڵاتی. ئامرازیشە چونکە میکانیزمێکە هاوڵاتی لە میانەیەوە دەتوانێت رۆڵێکی ئەرێنی لە بوژانەوەو گەشەکردنی کۆمەڵگاکەیدا بگێڕێت.

*بەشداری گشتی فیکری پەرشوبڵاوی جەماوەر کۆدەکاتەوەو یەکیدەخات، بە تایبەت کاتێک ئامانج و چارەنوسێکی هاوبەش لە ئارادابێت.

ئامانجەکانی بەشداری گشتی

بێگومان بەشداری گشتی کۆمەڵێک ئامانج لەخۆدەگرێت، لەوانە:

1-بەهێزکردن و پتەوکردنی هاوپەیوەستەگی و یەکگرتویی کۆمەڵگا.

2-زیادبوونی تواناکانی کۆمەڵگاو دەستخستنی کارامەیی تازە بۆ چالاککرنی رۆڵی مرۆڤ و کردنی مرۆڤ بە هێزێکی کاریگەر.

3-گەشەکردنی کەسێتی تاکەکان بەو ئاراستەیە دەڕوات کە دەبنە خاوەن ئەزمونی جیاوازو فرە جۆر، ئەمەش وا دەکات کاریگەریی ئەرێنی راستەوخۆی لەسەر ژیانیان هەبێت.

4-بەشداریکردنی تاکەکان یەکگرتوویی کۆمەڵگا پتەوتر دەکات و وا دەکات کۆمەڵگا دووربێت لە لێکهەڵوەشانەوەو لێکترازان و دووبەرەکی.

5-بەشداریکردنی راستەقینەی هاوڵاتیان مانای دیموکراسی زیاتر دەگەیەنێت.

6-بەشداری گشتی وا دەکات هاوڵاتیی فێری کارامەیی دانانی پلان و کاری دەستەجەمی و رابەرایەتی و زۆر کارامەیی دیکە ببێت.

7-هەستی بەرپرسیارەتی هاوڵاتی لە بەرامبەر کۆمەڵگا زیاد دەکات.

8-پاڵنەری عیزەتی نەفس لای هاوڵاتی بەرزدەکاتەوەو متمانەی بە توانا شەخسییەکانی خۆی زیاددەبێت.

9-هەستکردن بەوەی تاک بەهای هەیەو کۆمەڵگا پێویستی پێیەتی.

ئامرازەکانی جێبەجێکردنی بەشداری گشتی

یەکەم: ئامرازە تەقلیدییەکان، لە دیارترینیان ئەمانەی خوارەوەیە

1-هەڵبژاردن: هاوڵاتیان لە رێگەی هەڵبژاردنەوە نوێنەرانی خۆیان هەڵدەبژێرن.

2-ئامادەبوون و بەشداریکردن لە دانیشتنەکانی ئەنجومەنە ناوخۆییەکانی وەک پەرلەمان و پارێزگاکان: هاوڵاتیان مافی ئەوەیان هەیە لەو دانیشتنانەدا بەشداربن و بیروڕِاکانیان بخەنەڕوو، باشترە کۆبوونەوەو دانیشتنی تایبەت بۆ گوێگرتن لە دیدو بیروڕای هاوڵاتیان رێکبخرێت.

3-پەیوەندییە شەخسییەکان:ئەم پەیوەندییە لە نێوان هاوڵاتی و ئەندامانی ئەنجومەکاندا روودەدات، روودانی لە رێگەی تەلەفۆن یان بینین یا چاوپێکەوتنەوە ئەنجامدەدرێت.

4-سکاڵاو ناڕەزایی: پێویستە هاوڵاتیان زانیاری پێشوەختەیان هەبێت لەسەر پرۆژەو پلانەکان، هاوڵاتیان مافی ئەوەیان هەیە سکاڵا یان ناڕەزایی بەرامبەر بە بڕیارەکانی ئەنجومەنە ناوخۆییەکان دەرببڕن، لەهەمانکاتدا دەبێت ناڕەزاییەکان لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنەکانەوە بە هەند وەربگیرێن.

5-خۆپیشاندان: ئامرازێکە لە ئامرازەکانی گوزارشتکردن و دەربڕینی بیروڕاو هەڵوێست، لەبەرامبەر کۆمەڵێ داواکاری و بەدیهێنانی.

دووەم: ئامرازە تازەکان: لەگەڵ زیادبوونی بایەخدانی دەوڵەتان بە بەشداری گشتی، بۆ مەبەستی گەشەکردن و بوژانەوەی کۆمەڵگا، ئەم حاڵەتە پێویستی بەوە بوو ئامرازی تازەو مۆدرێن بێتەئاراوەو بەشداری گشتی چالاکترو کاریگەرتر بکەن لە دروستکردنی بڕیاردا. لەوانە دەرکردنی یاسای تایبەت بە زامنکردنی بەشداری گشتی و دامەزراندنی رێکخراوی ناحکومی. دروستکردنی بازنەی توێژینەوەو کۆبوونەوەی مێزە بازنەییەکان.

ئاستەنگەکانی بەردەم بەشداری گشتی

لە هەموو کۆمەڵگایەکدا، ژمارەیەک بەربەست لەبەردەم بەشداری گشتی چالاکدا هەیە، بەربەستەکان جیاواز و فرە جۆرن، لەوانە بەربەستی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتووری. ئەو بەربەستانە زۆرجار پەیوەستن بە خودی هاوڵاتیان خۆیانەوە یان پەیوەستە بەو دەزگاو گروپ و رێکخراوانەی کاریان رێکخستنی جووڵەی بەشداریکردنە لە نێو کۆمەڵگا. جگە لەوە سیستمە سیاسیەکە رۆڵێکی گەورەی هەیە لە دروستکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم بەشداری گشتی، لە خوارەوە هەندێک لەو ئاستەنگانە دەخەینەڕوو:

1-ئاستەنێگ پەیوەندی بە تاکەکانەوە هەیە: بەرزبوونەوەی رێژەی نەخوێندەواری لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگاو کەمی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و سیاسی، بە گرنگترین ئاستەنگ لەبەرامبەر بەشداری گشتی دادەنرێت. جگە لەوە هاوڵاتیان متمانەیان بەو بەرپرسانە نییە کە سەرپەرشتی پرۆژە تەنمەوییەکان دەکەن، ئەمەش وا دەکات بە شێوەیەکی رێکوپێک بەشداری نەکات. هەروەها ژمارەیەک لە هاوڵاتیان هیچ پەرۆشی یان حەماسەتێکیان بۆ پرۆژەکان نییەو لەو بڕوایەدان ئەو پرۆژانە لە ئێستادا گونجاو یان پێویست نین.

2-ئاستەنگی سیستمی کارگێڕی: ئەو دەوڵەتانەی لە بەڕێوەبردن و داڕشتنی پلان و سیاسەتی ئابوری و کۆمەڵایەتی وڵاتدا، پشت بە سیستمی مەرکەزییەت دەبەستن، دەرگا لەبەردەم بەشداری گشتی دادەخەن. بەڵام بە پێچەوانەوە ئەو وڵاتانەی پەیڕەوی لە سیستمی لا مەرکەزی دەکەن، دەرفەتی بەشداری گشتی لە ئاستێکی باشترو بەرزتردایە.

3-ئاستەنگێک پەیوەستە بە خودی بەشداری گشتییەوە: هەندێکجار بەشداری گشتی بۆ خۆی بەشدارە لە دروستکردنی ململانێ و ناکۆکی لە نێوان هاوڵاتیان لە لایەک و شارەزایان و فەنییەکان لەلایەکی دیکە، بەوەی کێیان دەسەڵاتی بڕیاردانی هەیە. شارەزایان پێیانوایە ئەوان خاوەنی بڕیارن، بەڵام هاوڵاتیان پێیانوایە ئەوان باشتر ئاگاداری دەستنیشانکردنی ئەولەویاتەکانیانن، بۆیە پێویستە بڕیار لای ئەمان بێت. جگە لەوە پێداویستی هاوڵاتیان لە چین و توێژێکەوە بۆ چین و توێژێکی دیکە جیاوازە، ئەمەش وا دەکات رێکەوتن لەسەر جۆری پرۆژەکان و چۆنیەتی بەشداری هەموان، زەحمەت و قورس بێت.

4-نەبوونی پاڵنەری هاریکاری نێوان تاکەکانی یەک کۆمەڵگا، نەبوونی ئەم پاڵنەرە وا دەکات پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە ئاستێکی لاوازدابن، بەمەش ئەگەری بەشداری گشتی ئەگەرێکی کەم و لاوەکی و سستە.

5-نەبوونی یان لاوازی دەزگا و دەستەی کۆمەڵایەتی کە تاکەکانی کۆمەڵگا هۆشیار دەکەنەوە بەوەی پێویستە لە پرۆسەی بەشداری گشتیدا ئامادەییان هەبێت و بەشداربن.

6-نەبوونی پراکتیزەکردنی چالاکی کۆمەڵایەتی گشتی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا، وەک بۆ نموونە تەرخانکردنی رۆژێک بۆ پاکردنەوەی تەوالێتە گشتییەکان، ناوبازاڕ، باخچەی کۆڵان و گەڕەک و

شارەکان، پاکردنەوەی شۆستە و شەقامە گشتییەکان.

7-نەبوونی پرسوڕاکردن (مشاوەرە)لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا و پشت بەستن بە مەرکەزییەت بۆ وەرگرتنی بڕیارەکان.

8-لاوازی هەستی بەرپرسیارەتی تاک، بەو مانایەی تاک ئەو هەستەی نییە یان لاوازە کە لەسەریەتی بۆ نموونە بڕێک لە پاکوخاوێنی ژینگە لە ئەستۆیدایە.

سەرچاوەکان

1-توێژینەوەی بەشداری هاوڵاتیان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیاردا، نووسینی دانا سەعید سۆفی، لە بڵاوکراوەکانی ئینستوتی ریفۆرم بۆ گەشەپێدان.

2- mawdoo3.com

3-ar.wikipedia.org

4-scholar.najah.edu.

     5-jilrc.com (مرکز الجیل البحث العلمی)

6-www.tunisia-school.com

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

6,227 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...