جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکتر

جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکتر

جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان Separation of powers چەمکێکی سیاسییەو زیاتر پەیوەستە بە ناوی فەیلەسوفی فەرەنسی مۆنتسکیۆ Montesquieuوە. ئەم فەیلەسوفە داوای دەکرد پێویستە دەسەڵاتەکانی دەوڵەت لەیەکتر جیابکرێنەوە کە بریتین لەهەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادگا. ئاشکرایە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆداو لە ژیانی هاوچەرخدا، رۆڵی دەوڵەت لە پێکەوە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دانیشتواندا، رۆڵێکی گرنگ و بەرچاوە، ئەمە وا دەخوازێت کە دەسەڵاتداران و فەرمانڕەواکان، لە ڕەفتارو هەڵسوکەوت و بڕیارەکاندا، پابەندی یەکسانی و دادپەروەری بن. رەنگە دیارترین ڕووی دادپەروەری لە مومارەسەکردنی حوکمڕانیدا، بریتیبێت لە پابەندبوون بە لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و تێکەڵ نەکردنیانە بەیەک. بوونی حاکمێکی دەستپاک، یان بوونی حاکمێکی دادپەروەر، بەس نییە بۆ کەمکردنەوەی ستەم و زوڵم، ئەگەر دەسەڵاتەکان لێکتر جیانەکرابنەوە.

کورتەیەکی مێژوویی ئەم چەمکە

پرنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکتر، یەکێکە لەو پرنسیپە بنچینەییانەی کە سیستمی دیموکراسییەتی خۆرئاوایی، پشتی پێبەستووەو لەسەری دامەزراوە. لە جەوهەریشدا پرنسیپێکی سەرەکی دیموکراسییەو بە ئەندازەی پرنسیپی سەروەری میللەت گرنگ و بایەخدارە. وەک ئاماژەمان پێدا چەمکی لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان پەیوەستە بە بیرمەندی ناوداری فەرەنسی مۆنتسکیۆوە (1689-1755)، ئەم بیرمەندە لە کتێبەکەیدا (رۆحی یاساکان) کە ساڵی 1748 بڵاوبووەتەوە، بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا باس لە پرنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکتر دەکات. کتێبی رۆحی یاساکان، بە ئەندازەی کتێبی پەیمانی کۆمەڵایەتی جان جاک رۆسۆ، کاریگەری بەسەر سیستمی دیموکراسی فەرەنساوە هەبووە. سیستمی پاشایەتی کە تا سەدەی هەژدە لە ئەوروپا باو بووە، لەسەر بیرۆکەی پاشایەتی ڕەها کاریکردووە، ئەمەش لە ڕێگەی کۆکردنەوەی هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری لە دەستی تاقە کەسێکدا، ئەو کەسەش جگە لە پاشا کەسی تر نەبوو. لێرەوە سەروەری و سیادەی دەوڵەت و نیشتیمان، تەنها تایبەت بوو بە پاشا و لە دەستی ئەودا بوو. راستە لە کۆشکی پاشایەتیدا، بۆ رایکردنی کاروبارەکانی دەوڵەت، ئەنجوومەن و فەرمانبەر هەبوون و یارمەتی و کۆمەکی پاشایان کردووە، بەڵام ئەوانە رۆڵێکی تا بڵێی لاوازو پەراوێز خراویان هەبووە. بۆچی؟ چونکە بڕیارو فەرمانە گەورەو گرنگەکانی دەوڵەت، تەنها بە ئیرادەی پاشاو بەپێی حەزو ویست و ئارەزووی پاشا بوو. بڕیاری جەنگ و ئاشتی، شەڕو ڕاگرتنی، بەس لە دەستی پاشادا بووەو کەسی تر بۆی نەبووە بڕیاری لێبدات. ئا لێرەوەو لەم بە ڕەهایبوونەی بڕیار لە دەستی پاشادا، ستمگەری و زوڵم و دەستدرێژی بۆ سەر ماف و ئازادی هاوڵاتیان بڵاوبوەوە. ئەم مەترسییە بوو وایکرد بیرمەندێکی گەورەی وەک مۆنتسکیۆ باس لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی دەوڵەت بکات. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە چەمکی لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، لە مۆنتسکیۆ کۆنترەو پێشتر لەلایەن هەندێک بیرمەندو فەیلەسوفی دیکەوە باس کراوە، لەوانە ئەفلاتون و ئەرستۆو جۆن لۆک و چەندانی دیکە.

ئەفلاتون پێیوا بووە کاروبارەکانی (وەزیفەکانی) دەوڵەت، پێویستە بەشێوەیەکی یەکسان و هاوسەنگ، بەسەر چەند دەستەیەکی جیاوازدا دابەشبکرێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە تەنها دەستەیەک تاکلایەنە حوکم نەکات و قۆرغی دەسەڵات نەکات کە ڕەنگە ببێتە هۆی روودانی کودەتا یان بەرپابوونی شۆڕش. جگە لەوە پێیوا بووە (وەزیفەکانی) دەوڵەت پێویستە هاریکاری یەکتر بکەن و هەر یەکەیان دەبێ چاودێری ئەوی دیکەیان بکات، ئەمەش بۆ ئەوەیە بەلاڕێدا نەڕۆن. جۆن لۆک لە کتێبەکەیدا (الحکومە المدنیە) کە ساڵی 1690 بڵاوکراوەتەوە، باس لە زەرورەتی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دەکات لە یەکتر، ئەگەرچی لەم بارەیەوە تیۆرەیەکی تەواوەتی دانەناوە. لۆک دەسەڵاتەکانی دەوڵەتی بۆ چوار دەسەڵات دابەشکردووە کە بریتین لە دەسەڵاتی یاسادانان، دەسەڵاتی جێبەجێکردن، دەسەڵاتی دادوەری، دەسەڵاتی تاجی پاشایەتی کە بریتییە لە کۆمەڵێ ماف و ئیمتیازاتی پاشایەتی. لۆک لەو باوەڕەدا بووە کۆکردنەوەی ئەو دەسەڵاتانە لە دەستەیەکدا، ستمگەری بەرهەمدەهێنێت. هەندێک لە شارەزایان پێیانوایە لۆک بایەخێکی زۆری بە دادگا نەداوەو قسەی لەبارەی سەربەخۆبوونی دادگاوە نەکردووە، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە دادوەرەکان تا ساتەوەختی بەرپابوونی شۆڕشی ئینگلیزی، لەلایەن پاشاکانەوە دادەمەزران و لادەبران. پۆستی دادوەر لەلایەن پاشاکانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، وەلێ دوای شۆڕش ئەم حاڵەتە گۆڕانی بەسەردا دێت و لەلایەن پەرلەمانەوە دادەمەزران.

بەڵام مۆنتسکیۆ توانی لە کتێبی رۆحی یاساکان، بە شێوەیەکی تازە قسە لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بکات، لەو بارەیەوە دەڵێت: لە هەر دەوڵەتێکدا سێ جۆر دەسەڵات هەیە کە بریتین لە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادگا، دابەشکردنی ئەم دەسەڵاتانە بەو شێوەیە، بۆ ئەوەیە ستمگەری روونەدات و هانی هەر دەسەڵاتێکیش بدرێت چاودێری دەسەڵاتەکانی دیکە بکات.

پێناسەی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان

هەر بیرمەندێک بە پێی دیدو تێڕوانینی خۆی، پێناسەیەکی تایبەتی بۆ جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکتر کردووە. وەلێ بە شێوەیەکی گشتی ئاوا پێناسەی ئەم چەمکە کراوە: جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بریتییە لە جیاکردنەوەی هەر سێ دەسەڵاتە سەرەکییەکەی دەوڵەت، ئەم جیاکردنەوەیە زامنی ئازادییە گشتییەکان و مافە تاکە کەسییەکان دەکات. هەروەها زامنی هاوسەنگی نێوان ئەو سێ دەسەڵاتە دەکات و لێناگەڕێت هەمو دەسەڵاتەکان لە دەستی تەنها کەسێکدا یان تەنانەت لە دەستی تەنها دەزگایەکدا کۆببێتەوە.

گرنگی و بایەخی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکتر

دەکرێت گرنگی و بایەخی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکتر، لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کورت بکەینەوە:

*رێکخستنی دەسەڵاتەکان.

*رێگریکردن لەوەی دەسەڵاتێک زاڵبێت بەسەر دەسەڵاتێکی دیکەدا.

*پاراستنی ئازادییەکان.

*دەسەڵاتەکان چاودێری یەکتر دەکەن.

*پاراستنی هاوسەنگی نێوان دەسەڵاتەکان.

*رێگریکردن لە ستمگەری.

*رێخۆشکردن بۆ پسپۆڕیی لە وەزیفەدا.

*بەشداریکردن لە دامەزراندنی دەوڵەتی یاسا.

*پاڵپشتی و بەهێزکردنی دیموکراسییەت.

*بەهێزکردنی سەروەری یاسا.

*دروستکردنی سیستمێکی دادپەروەرو یەکسانیخواز.

*رێزگرتن لە یاساکان و جێبەجێکردنیان.

بەڵام لەگەڵ هەمو ئەوەشدا، هەندێک لە شارەزایان پێیانوایە ئەم پرنسیپە خاڵی نییە لە ناتەواوی، ئەوان لەو بڕوایەدان پرنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، تەنها پرنسیپێکی خەیاڵی یان وەهمییە، پرنسیپێکە تەنها لە دیدو ئەندێشەی بیرمەندان و فەیلەسوفاندا گەڵاڵە بووەو تەنها لە هزری ئەواندا بوونی هەیە. زەحمەتە- ئەگەر نەڵێین مەحاڵە- لەسەرزەمینی واقیع پیادە بکرێت. بۆچی؟ چونکە یەکێک لە دەسەڵاتەکان- هەر کامێکیان بێت گرنگ نییە- بەخێرایی دەست دەگرێت بەسەر دەسەڵاتەکانی دیکەدا و دەیانخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، دەسەڵاتێکیان بەخێرایی زاڵدەبێت بەسەر دوو دەسەڵاتەکەی دیکەداو بۆ بەرژەوەندی خۆی دەیانخاتە گەڕ. لێرەوە ئەم پرنسیپە تەنها وەک پرنسیپێکی تیۆری دەمێنێتەوەو کارکردن پێی لەناو واقیعی ژیانی سیاسی رۆژانەدا، سەخت و دژوارە. جگە لەوە لەمڕۆدا حیزبە سیاسییەکان رۆڵی گەورە دەبینن لە زاڵبوونی دەسەڵاتێک بەسەر ئەوانی دیکەدا، بۆ نموونە حیزبی زۆرینەی پەرلەمانی کۆنترۆڵی دەسەڵاتی یاسادانان دەکات، ئەم کۆنترۆڵکردنە وا دەکات دواجار دەسەڵاتی جێبەجێکردن و تەنانەت دەسەڵاتی دادوەریش بخاتە ژێر چاودێری خۆیەوەو بۆ سودو بەرژەوەندی حیزبی بەکاریان بێنێت. وەلێ لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک لە شارەزایان پێیانوایە، راستە جێبەجێکردنی ئەم پرنسیپە لە واقیعدا سەختە، بەڵام نابێت بەو پاساوە هەوڵی بەکارخستنی نەدرێت، بەڵکو پێویستە هەوڵی تەواو بدرێت بۆ جێبەجێکردنی، پێویستە جێبەجێکردنی لە رێگەی یاساوە رێکبخرێت و لە دەستوری وڵاتدا باسی لێوەکرابێت و دەق و بڕگەی یاسایی بۆ دانرابێت.

جیاکردنەوە یان دابەشکردنی دەسەڵاتەکان، زەرورەتێکی بابەتییەو خەڵکی لە جەورو ستەمی دەسەڵاتداران دەپارێزێت و هاوڵاتیان لەبەردەم جۆرێک لە هاوسەنگیدا دادەنێت، ئەم هاوسەنگییەش پێویستە بۆ ئەوەی کاروبارەکانی دەوڵەت بە شێوەیەکی راست و دروست بەڕێوەبچن. پەرلەمان کە خاوەنی دەسەڵاتی یاسادانانە، خۆی لە خۆیدا دەزگایەکی سەربەخۆیەو ملکەچی هیچ لایەنێک نییە، بۆچی؟ چونکە لەلایەن میللەتەوە هەڵبژێردراوە، ئەندامەکانی بۆ ئەوەی لە هەیمەنەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دووربن، پارێزبەندییان هەیە. هەرچی حکومەتە، خاوەنی دەسەڵاتی راپەڕاندنە. ئەرکی جێبەجێکردنی یاساکان و راپەڕاندنی کاروبارو بەرژوەندی هاوڵاتیانە. دەسەڵاتی دادگاکان مافی یەکلایکردنەوەی ئەو کێشە و ناکۆکیانەی هەیە کە رۆژانە لە ژیانی هاوڵاتیاندا روودەدات. جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی دەوڵەت لەسەر دوو کۆڵەکەی سەرەکی راوەستاوە کە بریتین لە:

1-کۆنەکردنەوەی وەزیفەکانی دەوڵەت لە دەستی تەنها دەستەیەک یان گروپێکدا.

2-دابەشکردنی وەزیفەکانی دەوڵەت بۆ سێ وەزیفەی سەرەکی کە بریتین لە: یاسادانان، جێبەجێکردن، دادگا. هەر یەک لەو سێ وەزیفەیە، کارو ئەرکی تایبەت بە خۆی هەیە و لە رێگەی دەزگاو دامەزراوەی تایبەتەوە ئەنجامیدەدات، بێ ئەوەی هیچ یەکێک لەو سێ وەزیفەیە بۆی هەبێت دەستوەربداتە ناو کاروباری وەزیفەکانی دیکەوە.

لە راستیدا یاساناسان و فوقەهاکانی یاسا، دەربارەی مەدلولی پرنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکتر، لەناوخۆیاندا ناکۆکن و تەبانین. هەندێکیان پێیانوایە ئەو جیاکردنەوەیە پێویستە جیاکردنەوەیەکی ڕەهاو تەواوەتی بێت، چونکە ئەوە تەنها رێگایە بۆ هێنانەدی ئامانجی سەرەکی ئەم پرنسیپە کە بریتییە لە رێگریکردن لە ستمگەری و چەوسانەوەو قۆرخکردنی دەسەڵات. کەچی بەشی زۆری یاساناسان و فوقەهاکان، بە جۆرێکی دیکە لەم پرنسیپە گرنگە تێگەشتوون و پێیانوایە شتێک نییە ناوی جیاکردنەوەی رەهاو تەواوەتی دەسەڵاتەکان بێت لەیەکتر، بەڵکو ئەوەی هەیە جیاکردنەوەیەکی رێژەییە یان جیاکردنەوەیەکی نەرمە. لە خوارەوە بە کورتی باس لەو دوو تێڕوانییە جیاوازە دەکەین.

یەکەم: جیاکردنەوەی ڕەهای دەسەڵاتەکان لەیەکتر.

ئەم بیرۆکەیە راستەوخۆ لە قۆناغی دوای شۆڕشی فەرەنسی French Revolution بڵاوبوەوە. پیاوانی شۆڕش و فوقەهاکانی ئەو رۆژگارە، وا تێگەشتبوون کە ئەم جیاکردنەوەیەی نێوان دەسەڵاتەکان، جیاکردنەوەیەکی ڕەهایە. واتە هەر دەسەڵاتێک لە سێ دەسەڵاتەکەی دەوڵەت، پێویستە بە سەربەخۆیی کارەکانی خۆی ئەنجامبدات و دەستوەرنەداتە ناو کاروباری دەسەڵاتەکانی دیکەوە. پیاوانی شۆڕشی فەرەنسی بۆ لێکدانەوەی ئەم دیدگایەیان، پشتیان بەوە دەبەست کە گەل خاوەنی سەروەرییەو هەر سێ دەسەڵاتەکە موڵکی گەلە، هەر دەسەڵاتێکیش نوێنەری بەشێکی جیاکراوەو سەربەخۆیە لە بەشەکانی سەروەری کە گەل خاوەنەکەیەتی. کاتێک گەل نوێنەرانی خۆی هەڵدەبژێرێت، ئەوا هەر یەکێک لەو دەسەڵاتانە دەبەخشێت بە دەستەیەکی گشتی سەربەخۆو پسپۆڕ. گەل یەکێک لەو دەستانە تایبەت دەکات بە یاسادانان، دەستەیەکی دی تایبەت دەکات بە مومارەسەکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، دەستەی سێیەمیش تایبەتە بە دەسەڵاتی دادگاکان. ئەم سێ وەزیفەیە، تەنها بریتینین لە سێ پسپۆڕی جیاواز کە لە یەک دەسەڵاوە سەرچاوەیان گرتووە، بەڵکو سێ دەسەڵاتی سەربەخۆن و هەر یەکەیان گوزارشت لە بەشێک لە بەشەکانی سەروەری دەکات و چالاکی جیاوازو سەربەخۆ ئەنجامدەدات. ئا لێرەوە پێویستە جیاکردنەوەیەکی رەها لە نێوان ئەم سێ دەسەڵاتەدا ڕووبدات. لایەنگرانی ئەم ئاراستەیە دەڵێن پرنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکتر لەسەر دوو بنەما راوەستاوە کە یەکتر تەواو دەکەن. بنەمای یەکەمیان بریتییە لە پسپۆڕیی وەزیفی و بنەمای دووەمیان بریتییە لە سەربەخۆیی ئۆرگانی، بەو مانایەی هەر دەسەتەیەک لەم دەستانە، یەکسانە بە دەستەکانی دیکەو لێشیان سەربەخۆیە، بۆیە نابێت هیچ یەکێکیان دەستوەربداتە کارەکانی ئەوانی دیکە.

یەکەم دەستوری شۆڕشی فەرەنسی کە لە 3 سێپتێمبەر 1791 بڵاوکرایەوە، لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکاندا کاری بەم ئاراستەیە کرد. بە جۆرێک هەر دەسەڵاتێکی لە سێ دەسەڵاتەکەی دەوڵەت، بە تەواوی لەوانی دیکە دابڕی. تەنانەت دەستوری ساڵی 1795 لەسەر هەمان ئاراستە مایەوە، لەم دەستورەدا بۆ نموونە (یەکەم)دامەزراندن و لابردنی وەزیرەکان، تەنها لە رێگەی سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە ئەنجامدەدرا. (دووەم) وەزیرەکان نابێت لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێن. (سێیەم) دەسەڵاتی جێبەجێکردن هیچ سوڵتانێکی بەسەر دەسەڵاتی یاساداناندا نییە، هیچ کاریگەرییەکی بەسەر کاری دوو ئەنجومەنەکەی پەرلەمانەوە نییە. دوو ئەنجوومەنەکە دەتوانن کەی بیانەوێت کۆببنەوەو پێویست ناکات دەسەڵاتی جێبەجێکردن داوای کۆبوونەوەیان لێ بکات. دەسەڵاتی جێبەجێکردن مافی ئەوەی نییە هیچ یەکێک لەو دوو ئەنجوومەنە هەڵوەشێنێتەوە. جگە لەوانە دەسەڵاتی جێبەجێکردن-سەبارەت بە وەزیفەی تەشریعی- هیچ رۆڵێکی نییە، بۆ نموونە مافی پێشنیارکردنی یاساکانی نییە. هەروەها دەسەڵاتی یاسادانانیش هیچ کاریگەری یان سوڵتانێکی بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە نییە.

ئامانج لەو دابڕانە یان لەو جیاکردنەوە رەهایەی نێوان ئەو دوو دەسەڵاتە، رێگریکردن بووە لە ستمگەری و پاراستنی ئازادییەکان. بەڵام ئەو لێکجیاکردنەوە رەهایە، زۆر زوو دەریخست دەبێتە هۆی ستمگەری و سەرکوتکردنی ئازادییەکان و هێنانەئارای دزێوترین شێوازەکانی تیرۆر. چونکە قۆرغکردنی هەر دەستەیەک لەو سێ دەستەیە بۆ دەسەڵاتی خۆی و نەبوونی لێپرسینەوە لەلایەن دەسەڵاتەکانی دیکەوە، نەبوونی چاودێریکردنی، دەرفەت لەبەردەم ئەو دەستانەدا دەڕەخسێنێت بۆ ستمگەری و مۆنۆپۆلکردن. بۆچی؟ چونکە هیچ دەستەیەکی دیکە نییە لەبەردەمیدا کە رێگری لێبکات، لێپرسینەوەی لەگەڵ بکات، چاودێری کاروبارەکانی بکات، نموونەش بۆ ئەوە دەستپێکردنی سەردەمی تیرۆر بوو لە شۆڕشی فەرەنسیدا. ئا لێرەوەو لە پێناو هەمو ئەوەدا، دەستوری فەرەنسی وازی لە بیرۆکەی جیاکردنەوەی رەهای نێوان دەسەڵاتەکان هێناو پەنای بردە بەر جیاکردنەوەی رێژەیی نێوان دەسەڵاتەکان کە رێگە بە جۆرێک لە هاوکاری نێوان دەسەڵاتەکان دەدات، بێ ئەوەی ئەو هاوکارییە، سنوری جیاکەرەوەی نێوانیان بسڕێتەوە یان وا بکات دەستەیەکیان کۆنترۆڵی دەستەکانی دیکە بکات و بیانخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە. بێ ئەوەی دەسەڵاتێکیان زاڵبێت بەسەر ئەوانی دیکەدا و ئیرادەی خۆی بەسەریاندا فەرز بکات.

دووەم: جیاکردنەوەی رێژەیی دەسەڵاتەکان لەیەکتر

بیرۆکەی جیاکردنەوەی رەهای دەسەڵاتەکان لەیەکتر، زۆری نەخایاند، چونکە هاودژ بوو لەگەڵ یەکگرتوویی دەسەڵات لە دەوڵەتدا. دەسەڵاتە گشتییەکان لە دەوڵەتدا، بریتین لە کۆمەڵێ پسپۆڕی کە هەر هەموویان لە یەک ئەسڵەوە دێن، بۆیە ناکرێت دوور لەیەک و بەشێوەیەکی سەربەخۆ کاربکەن، بگرە پێویستە لە نێوان ئەو دەستانە پەیوەندی هاریکاری ناوخۆیی هەبێت، تەنسیق لە نێوانیان هەبێت، چالاکی هەموان بۆ بەدیهێنانی ئامانجی هاوبەش بێت. لەبەر ئەوە ئەو تیۆرەیەی لە رۆژگاری شۆڕشی فەرەنسیدا لەئارادابوو، بانگەشەی بۆ جیاکردنەوەی رەهای نێوان دەسەڵاتەکان دەکرد، تیۆرەیەکی تەمەن کورت بوو، بەخێرایی رۆشت و لە شوێنیدا پرنسیپی جیاکردنەوەی رێژەیی یان نەرمی نێوان دەسەڵاتەکان هاتەئارا.

ناوەرۆکی بیرۆکەی جیاکردنەوەی رێژەیی نێوان دەسەڵاتەکان، لەسەر ئەو بنەمایەیە کە دەڵێت: دەسەڵاتی دەوڵەت یەکەیەکی یەکانگیرەو بەش بەش ناکرێت. بەڵام دەوڵەت سێ وەزیفەی هەیە کە بریتین لە وەزیفەی تەشریعی و تەنفیزی و قەزایی. پێویستە ئەم سێ وەزیفەیە بەسەر سێ دەستەدا دابەشبکرێت، دەستەیەکیان بۆ یاسادانانە، ئەوی دیکەیان بۆ جێبەجێکردنی کاروبارەکانە، سێیەمیان دەستەیەکە بۆ کاروباری دادگاکان. ئەم سێ دەسەڵاتە، لەبەر دوو هۆکار ناکرێت بە رەهایی لەیەکتر جیابکرێنەوە:

یەکەم هۆکار: ئەم وەزیفانە هەر هەمویان کار بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی گشتی دەکەن. لەبەر ئەوە پێویستە هاریکاری یەکتر بکەن لە پێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجە کە بریتییە لە بەرژەوەندی گشتی.

دووەم هۆکار: ئەم وەزیفانە بە جۆرێک بەناویەکدا چوون کە رێگە نادات بە شێوەیەکی رەها لەیەکتر جیابکرێنەوە. لەبەر ئەوە پێویستە پلەیەکی دیاریکراو لە بەشداریکردن و هاوبەشیکردن لە نێوانیاندا هەبێت. بەو مەرجەی ئەو بەشداری و هاوبەشییە نەبێتە هۆی سڕینەوەی جیاوازی نێوانیان، یان نەبێتە هۆی کۆکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە دەست یەکێک لە دەستەکان.

سەرچاوەکان:

elresala.ahlamountada.com/t181-topic

ar.wikipedia.org

almerja.com

www.startimes.com

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

7,373 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...