حکومەتی رزگاری نیشتیمانی چییە؟

حکومەتی رزگاری نیشتیمانی چییە؟

 لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان و ئەو بارودۆخەی لە 16 ئۆکتۆبەری 2017 هاتەئاراوە، دەستەواژەی حکومەتی رزگاری نیشتیمانی، کەوتە ناو کایەی سیاسی و لە میدیاکانەوە قسەو باسی لەسەر دەکرێت و وەک جۆرێک لە چارەسەر بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستای کوردستان خراوەتەڕوو. ئێمە لەم نووسینە کورتەدا هەوڵدەدەین ئەم دەستەواژەیە زیاتر بناسێنین و روناکی زۆرتری بخەینەسەر، ئەمەش وەک بەشداریکردنێک بۆ ئەو گفتوگۆیانەی لەسەر ئەم دەستەواژەیە لەئارادایە. وا دیارە بۆشاییەکی گەورە کەوتووەتە نێوان توێژی سیاسی و هاوڵاتیان، رۆژانە ئەم بۆشاییە لە زیادبوندایە، پێدەچێت ئەو برینەی کە جەنگ و قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان، لەناخی هاوڵاتیاندا دروستیان کردووە، لەسایەی ئەم بارودۆخە خراپەی ئێستادا سارێژ نەکرێت. لێرەوە پێشنیاری دروستبوونی حکومەتی رزگاری نیشتیمانی خۆی نمایش دەکات. بەڵام ئاخۆ حکومەتی رزگاری نیشتیمانی چییە و دەتوانێت چی بکات و کێ بەڕێوەی دەبات و کێ بەشداری تێدا دەکات؟

شارەزایانی زانستی سیاسەت، بەم شێوەیە پێناسەی حکومەتی نیشتیمانی دەکەن: ئەو حکومەتەیە کە لە پێناو رزگارکردنی وڵات لە مەترسییەکی راستەقینە، دروست دەبێت. بۆ ئەو مەبەستەش هەمو هێزە نیشتیمانییەکان و سەرجەم وزەو تواناکانی میللەت دەخرێتەگەڕ بۆ رزگارکردنی بەرژەوەندی هاوبەشی میللەت. بە مانایەکی دی هەندێک لە شارەزایانی ئەم بوارە دەڵێن: دروستکردنی حکومەتی رزگاری نیشتیمانی، سەروەختێک دێتە ئارا کە قەیرانێکی گشتی هەمەلایەن، رووی لە وڵات کردبێت و ئەو حکومەتەی لەو ساتەوەختەدا وڵات بەرێوەدەبات، نەتوانێت ئەو قەیرانە چارەسەربکات، یان ئەو حکومەتە خۆی بەشێکی گەورەو سەرەکییە لە دروستبوونی ئەو قەیرانەدا. لێرەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە، پێویستە ئەو حکومەتە دەستلەکار بکێشێتەوە یان هەڵبوەشێنرێتەوەو لە بری ئەوە حکومەتێکی رزگاری نیشتیمانی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دروست بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە هەندێک لە شارەزایانی جیهانی سیاسەت، دەڵێن حکومەتی رزگاری نیشتیمانی کاتێک دروست دەبێت کە کۆمەڵانی خەڵک بە چین و توێژە جیاوازەکانییەوە، چیتر بڕواو متمانەیان بە حکومەتەکەیان نەماوەو  گەشتوونەتە ئەو قەناعەتەی ئەو حکومەتەی لەسەر کارە، هێزو توانای ئەوەی نییە وڵات بەڕێوەبەرێت و لەبەردەم قەیرانەکاندا دەستەوەستانەو ناتوانێت چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزێتەوە؟ بۆچی ناتوانێت؟ چونکە خودی حکومەتەکەو ئەوانەی بەرێوەی دەبەن، بەشێکی سەرەکین لە دروستکردنی قەیرانەکاندا، بۆیە پێکهێنانی حکومەتێکی رزگاری نیشتیمانی بە زەرور دەزانن.

حکومەتی رزگاری نیشتیمانی، زۆرجار حکومەتی ساتەوەختی شۆڕش و راپەڕین و خۆپیشاندانە خوێناوییەکانە. دوای روودانی قەیرانی گەورەی ئابوری و پەشێوی کۆمەڵایەتی و لێکترازانی سیاسی و بێ ئومێدی هاوڵاتیان دێت، دێت بۆ ئەوەی وڵات لەو گێژاوەی تێیکەوتووە رزگار بکات، دێت بۆ ئەوەی وڵات لەو بارودۆخە ناجێگیرو پڕ دڕدۆنکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییە دەربهێنێت و رێگە نەدات پەشێوی و ئاڵۆزییەکان تابێت زیاترو زۆرتربن و نیشتیمان لە لێواری کەوتنی تەواوەی نزیکبکاتەوە. دێت بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەو فەوزاو پەرتەوازەییەی لەناو کۆمەڵگادا بە هۆی قەیرانەکانەوە دروستبووە دابنێت، دێت بۆ رزگارکردن و پاراستنی ئەوەی ماوەتەوەو دەکرێت رزگاربکرێت.

حکومەتی رزگاری نیشتیمانی، ئەرکی هێجگار قورسەو ئاسان نییە، چونکە روبەڕووی گەلێک ئەلەنگاری دەبێتەوە، لەوانە ئەلنگاری سەربازی و ئابوری و سیاسی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ سەرجەم هاوڵاتیان و دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ کێشە و قەیرانەکان. ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و نەهێشتن یان کەمکردنەوەی ناکۆکی نێوان پارت و لایەنە سیاسییەکان و هێنانەئارای کەشێکی هێمن و لەبار بۆ گەیاندنی وڵات بە کەناری ئارام و سەلامەتی، کارێکی ئاسان نییە و زەحمەتییەکی زۆری دەوێت. لێرەوە ئەوانەی لەم حکومەتەدا کار دەکەن و ئەو ئەرکە قورسە بەرێوەدەبەن، پێویستە خەڵکانی هوشیارو شارەزاو دڵسۆزو نیشتیمانپەروەربن، ستافێکی دەستپاک و جێ متمانەبن. دەکرێت خەڵکانی خاوەن کەفائەت و سەربەخۆبن و حیزبی نەبن. بەو مانایەی دەکرێت لەم حکومەتەدا، ئەندامانی حیزب بەشداری نەکەن و سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکانی حکومەت لە خەڵکانی دەرەوەی حیزبەکان بن. خەڵکانێک بن لە دامودەزگا ئەکادیمییەکانەوە هاتبن و خاوەنی مێژویەکی پاک بن و دووربن لە مەسەلەی وەلائی حیزبی و لای کۆمەڵگا خۆشەویستبن. ئەمەش بەو مەبەستەی ئەم حکومەتە بتوانێت وڵات لەو کێشانەی تێیکەوتووە دەربهێنێت و کاروبارەکانی وڵات بە دیدێکی نیشتیمانییەوە بەرێبکات نەک دیدێکی حیزبی. بەرژوەندی گشتی لەبەرچاوبێت نەک بەرژەوەندی حیزب و حیزبایەتی. کەواتە حکومەتی رزگاری نیشتیمانی گەمەیەکی سیاسی نییە، نمایشێکی سیاسی پارت و لایەنەکان نییە، چەواشەکارییەکی پشت پەردە نییە، خۆڵکردنە چاوی کۆمەڵگا نییە بۆ هێورکردنەوەی توڕەیی خەڵک و پینەوپەڕۆکردنی قەیرانەکان، بەڵکو هەنگاوێکی جدیی و گرنگ و چارەنوسسازە، بۆ رزگارکردنی وڵات لەو نەهامەتیانەی تێیکەوتووە.

لێرەوە دەتوانین بە کورتی باس لەو هۆکارانە بکەین کە وا دەکەن حکومەتی رزگاری نیشتیمانی بێتەئارا:

1-بوونی کێشە و قەیرانی قووڵ لە وڵاتدا کە حکومەت دەستی هەبووە لە دروستکردنیاندا.

2-حکومەتی لەسەر کار، هیچ دیدگاو بەرچاوڕوونییەکی نییە بۆ چۆنیەتی چارەسەرکردنی قەیرانەکان.

3-ناتوانێت روبەڕوی ئەو ئەلنگاریە ناوخۆی و دەرەکیانە ببێتەوە کە روویان لە وڵات کردووە.

4-هەم لە ناوخۆی وڵات و هەم لە دەرەوەی وڵات، متمانەی لەدەستداوەو چیتر جێگای باوەڕ نییە.

5-مانەوەی حکومەتە کۆنەکە، کێشەو قەیرانەکان زیاتر دەکات و پەشێوی و ئاڵۆزبوونی بارودۆخەکە زیاتر دەکات و نابێتە هۆکارێک بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە.

6-لە بەرێوەبردنی وڵاتدا شکستی گەورەیان هێناوەو تەنانەت نەیانتوانیوە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیان بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن. ئەم خاڵە وا دەکات هاونیشتیمانیان ئارەزووی رۆشتن و دوورکەوتنەوەی کابینەی حکومەتەکە بکەن و حکومەت بە کەسایەتی نیشتیمانی بسپێرن، ئەو کەسایەتیانەی دەتوانن بە دیدیگایەکی نیشتیمانییەوە مامەڵە لەگەڵ کێشەو قەیرانەکاندا بکەن و چارەسەری نیشتیمانی بۆ قەیرانەکان بدۆزنەوە.

7-زۆرێک لەوانەی حکومەتەکەیان پێکهێناوە، گلاون لە دیاردەی گەندەڵییەوەو بوونەتە بەشێک لەو گەندەڵییە، ئەم خاڵە وا دەکات ئەوانە نەتوانن کار بۆ نەهێشتنی گەندەڵی بکەن کە یەکێکە لە ئەرکە هەرە لە پێشینەکانی حکومەتی رزگاری نیشتیمانی.

دواجار حکومەتی رزگاری نیشتیمانی، زیاتر لەو وڵاتانەدا دێتە ئارا کە کێشەو قەیرانی کەڵەکەبویان هەیە و کۆمەڵگا بە دەستییەوە دەناڵێنێت. لەو وڵاتانەی حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی، نەیانتوانیوە ئیدارەیەکی باشی پرۆسەی سیاسی و ئابوری وڵات بدەن، تا کار گەشتووە بەوەی قەبارەو حەجمی قەیرانەکان لەوە دەرچووە بەوان چارەسەر بکرێت. لێرەوە حکومەتی رزگاری نیشتیمانی دەبێتە زەرورەتێکی مێژویی بۆ قۆناغێکی دیاریکراو، قۆناغێک تا ساتی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتێکی تازە لەژێر سایەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەوە.

سەرچاوەکان

ar.wikipedia.org/wiki

http://www.albosala.com

http://www.khaberni.com/

www.almanar.com

 

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

7,373 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...