حکومەتی: کاتی، کاربەڕێکەر، گواستنەوە

حکومەتی: کاتی، کاربەڕێکەر، گواستنەوە

یاساناسان و شارەزایانی بواری حکومەتداری، پێیانوایە ئەو جۆرە حکومەتانەی لە ناونیشانی ئەم نووسینەدا دیاریکراون، هەر سێکیان بەهۆی بوونی کێشە و قەیرانی گەورەوە دێنەئارا. کاتێک بیر لەو جۆرە حکومەتە دەکرێتەوە کە حکومەتە ئاساییەکە لە توانایدا نەماوە چارەسەر بۆ کێشە و قەیرانەکان بدۆزێتەوەو بارودۆخی وڵات لەو نەهامەتییە سیاسی یان ئابوری یا کۆمەڵایەتییەی تێیکەوتووە رزگار بکات. بە مانایەکی دی خاڵی هاوبەشی نێوان ئەم سێ حکومەتە، ئەوەیە لە بارودۆخێکی قەیراناویدا دروستدەبن بۆ ماوەیەکی کاتی و دیاریکراو دەمێننەوە. لە راستیدا زۆرێک لە شارەزایان لەو بڕوایەدان ئەم جۆرە حکومەتانە، هیچ سەنەدێکی دەستورییان نییە و لە هیچ دەزگایەکی یاسایی و دەستورییەوە شەرعییەتیان وەرنەگرتووە. ئەم جۆرە ناونانە لە حکومەت زیاتر زاراوەیەکی سیاسین و لە بارودۆخێکی سیاسی ناسەقامگیردا سەرهەڵدەدەن. نوخبەی سیاسی بۆ تێپەڕاندنی بارودۆخەکە پەنا بۆ ئەم جۆرە زاراوانە دەبەن و وەسفی قۆناغەکەی پێدەکەن یان راستتر قۆناخەکەی پێتێدەپەڕێنن.

حکومەتی کاتی

 سەروەختێک بەهۆی فەشەلی ئیدارەوە یان بە هۆی روخانی رژێمی فەرمانڕەواوە، بۆشایی سیاسی دروستدەبێت، دروستبوونی ئەم بۆشاییە سیاسییە وا دەخوازێت حکومەتێکی کاتی بێتەئارو کار بۆ پڕکردنەوەو تێپەڕاندنی ئەو بۆشاییە سیاسییە دەکات. واتە عادەتەن ئەم حکومەتە کاتێک دروست دەبێت کە رژێمی فەرمانڕەوا دەڕوات و رژێمێکی تازەی فەرمانڕەوا دێتەئارا، سیستمێکی سیاسی دەڕوخێت و سیستمێکی سیاسی تازە جێگای دەگرێتەوە، حکومەتێک هەڵدەوەشێتەوەو یەکێکی دی لە شوێنیدا دروست دەبێت. ئیدی ئەو روخانە یان هەڵوەشاندنەوەیە رەنگە لە رێگەی شۆڕشەوە بێت یان لە رێگەی راپەڕین و ناڕەزایی جەماوەریی گەورەو بەرفراوان یان لەبەر هەر هۆکارێکی دیکە بێت. ئەم حکومەتە ناوەکەی بەخۆوەیەتی، واتە کاتییە و بۆ ماوەیەکی دیاریکراوەو تا ئەو کاتەیە کە حکومەتێکی تازە دێتەبوون و دەست بەکارەکانی دەکات.

لێرەدا هەندێک نموونەی مێژویی بۆ حکومەتی کاتی دەێنینەوە: حکومەتی کاتی روسیا کە لە نێوان قۆناغی روخاندنی رژێمی قەیسەری و هاتنەئارای رژێمی کۆماری کۆمۆنیست، دەستبەرکار بووە. حکومەتی کاتی فەرەنسا کە لە نێوان داگیرکاری ئەڵمانیای نازی و هاتنەئارای رژێمی کۆماری چوارەمی فەرەنسا دەستبەکاربوو. نزیکترین حکومەتی کاتی لە ئێمەوە، حکومەتەکەی ئەیاد عەلاوی بوو لە عێراق. حکومەتەکەی عەلاوی لە 28 حوزەیرانی 2004 دروستبوو، تا جێگای دەسەڵاتی ئیئتیلافی یەکگرتو و ئەنجومەنی حوکم بگرێتەوەو ئیدارەی عێراق بدات لەژێر سایەو سەرپەرشتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. ئەم حکومەتە تا 3 مایسی ساڵی 2005 بەردەوام بوو. حکومەتە کاتییەکەی عێراق، لەلایەن ئەمریکاو کۆمکاری عەرەبی و هەندێک دەوڵەتی دیکەوە دانپیانراو بوو، وەک نوێنەری شەرعی عێراق مامەڵەی لەگەڵ دەکرا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا دەسەڵاتێکی فراوانی لە عێراقدا هەبوو، ئەو خاوەنی بڕیارە گرنگەکانی سەروەختی حکومەتە کاتییەکەی عێراق بوو. بوونی ئەیاد عەلاوی بەسەرۆک وەزیران، لە رێگەی دەنگدانی ناوخۆیی ئەندامانی ئەنجومەنی حوکم بوو.

حکومەتە کاتییەکەی عێراق پێکهاتبوو لە سەرۆک کۆمارو دوو جێگر، سەرۆک وەزیران و جێگرێک، لەگەڵ 31 وەزیرو 6 وەزیری ئافرەت و 5 وەزیری دەوڵەت. ئەیاد عەلاوی لەکاتی حوکمڕانییەکەیدا کە سەرۆک وەزیرانی حکومەتە کاتییەی عێراق بوو، کۆمەڵێ رێوشوێنی گرنگی ئەنجامدا، لەوانە گەڕانەوەی کارکردن بە بڕیاری لەسێدارەدان، کارکردن بە یاسای لەناکاو (تەواری) و قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە هەندێک ناوچەی عێراق، ئەمەش لە سەروبەندی رووداوەکانی شاری فەلوجەدا بوو، داواکردن بە ئازادکردنی ئەحمەد چەلەبی سەرۆکی کۆنگرەی نیشتیمانی عێراقی و چۆڵکردن و رادەستکردنەوەی نوسینگەکانی ئەو پارتە.

لە وڵاتی جەزائیرو بە دیاریکراوی لە 19 سێپتێمبەری 1958 دا، حکومەتێکی کاتی دروستکرا، کاری سەرەکی ئەم حکومەتە بریتی بوو لە دەستپێکردنی دانوستاند لەگەڵ فەرەنسا، لەپێناو گەڕانەوەو وەرگرتنی سەروەری نیشتیمانی و راگەیاندنی سەربەخۆیی جەزائیر. ئەم کارە دوای ئەوە دێت کە شۆڕشی رزگاریخوازی جەزائیر، توانیبووی کۆمەڵێک سەرکەوتنی سەربازی و دیبلۆماسی گرنگ و بایەخدار بەدەستبێنێت، هەربۆیە سەرکردەکانی شۆڕش بڕیاردەدەن حکومەتێکی کاتی پێکبێنن، ئەم حکومەتە لایەنی سەرەکی دەبێت لەو دانوستانەی لەگەڵ فەرەنسادا ئەنجامیدەدەن. حکومەتە کاتییەکەی جەزائیر لە یەککاتدا لە سێ وڵاتی عەرەبییەوە لە دایکبوونی خۆی راگەیاند کە بریتیبوون لە قاهیرە و تونس و مەغریب و زیاد لە 30 دەوڵەتی عەرەبی و ئەفریقی ئاسیایی و ئەمریکی دانیان پێدانابوو. کارێکی دیکەی ئەم حکومەتە کاتییە، بریتیبوو لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پەناهەندە جەزائیرییەکان، ئەوانەی بەهۆی ئاگری شۆڕش و جەنگی جەزائیر دژ بە داگیرکاری فەرەنسا، ئاوارەی وڵاتانی دراوسێی جەزائیر ببوون.

حکومەتی کاربەڕێکەر

 حکومەتێکی کاتییە، شارەزایان پێیانوایە رۆڵی ئەم حکومەتە وەک پاسەوان وایە، پاسەوانی ئەو ماوەیە دەکات کە دەکەوێتە نێوان کۆتایی حکومەتی پێشوو دوای دەستلەکارکێشانەوەی یان دوای ناچارکردنی بە دەستلەکێشانەوە تا دروستکردنی حکومەتی تازەو جێگرتنەوەی حکومەتە کۆنەکە. ئەم حکومەتە؛ حکومەتی مانەوەی بارودۆخەکەیە وەک ئەوەی هەیە. ئەرک و وەزیفەی سەرەکی تەنها بریتییە لە دڵنیایی بەردەوامبوونی ژیانی ئاسایی دامودەزگاکان و هاوڵاتیان، واتە کاری تەنها رایکردنی مامەڵەی ئاسایی رۆژانەی هاوڵاتیانەو رێگە نادات ئەو مامەڵانە پەکیان بکەوێت. ئەم حکومەتە ناتوانێت هیچ گۆڕانکارییەک لە بارودۆخ و واقیعی ژیانی رۆژانەی میللەتدا بکات، ناتوانێت سیاسەتێکی تازە پەیڕەو بکات. ئا لێرەوەیە ئەم حکومەتە وەک ئەو پاسەوانە یاساییە وایە کە دادگا بۆ پاراستی سەروەت و سامانی کێشە لەسەر تەعینی دەکات تا ئەو کاتەی کێشەکە یەکلایی دەکرێتەوە.

دەوترێت دەکرێت چاوپۆشی لە حکومەتی کاربەڕێکەر بکرێت، چونکە حکومەتێکی کاتییە و تەمەنی بۆ چەند هەفتەیەک یان لانی هەرە زۆری بۆ چەند مانگێکی کەمەو هیچ رۆڵێکی نییە تەنها رایکردنی کاروبارە ئیدارییەکان نەبێت، بێ ئەوەی بتوانێت بڕیاری چارەنوسساز و گۆڕانکاری گەورە ئەنجامبدات. هەندێک لە شارەزایانی سیاسەت و یاسادانەران، پێیانوایە لە چوارچێوەی حکومەتی کاربەڕێکەردا، کۆمەڵێ پرسیاری جەوهەری و سەرهەڵدەدەن، لەوانە: ئایا لەژێر سایەی حکومەتی کاربەڕێکەردا ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبنەوە؟ ئایا لەم حکومەتەدا چ لایەنێک خاوەنی دەسەڵاتی فیعلییە؟ ئایا دەسەڵاتی فیعلی لای سەرۆک وەزیران دەبێت؟ ئەی ئەگەر وەزیرێک هەڵەیەک یان بڕیارێکی هەڵەی دەرکرد، چ لایەنێک دەتوانێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات؟ لە راستیدا شارەزایان وەڵامی جیاواز جیاوازیان بۆ ئەو پرسیارانە هەیە. هەندێکیان دەڵێن لەسایەی حکومەتی کاربەڕێکەردا، ئەنجومەنی وەزیران بۆی نییە کۆببێتەوە. کەچی هەندێکی دیکەیان پێیانوایە، ئەنجومەنی وەزیران تەنها لە حاڵەتی ئیستیسنائی کۆدەبێتەوەو دەسەڵاتیش لەدەست وەزیرەکاندایە نەک سەرۆک وەزیران، چونکە وەزیر سەرۆکی ئیداری و سیاسی وەزارەتەکەیەتی. بەڵام ئەگەر حاڵەتێکی کتوپڕو لەناکاو روویدا، ئەوا حکومەتی کاربەڕێکەر کۆدەبنەوەو لەو بارەیەوە بڕیارێک دەدەن. ئەگەر وەزیرێک هەڵەی کرد، ئەوا ئەو لایەنەی لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکات، بریتی دەبێت لە ئەنجومەنی نوێنەران، چونکە پەرلەمان لەم جۆرە حکومەتانەدا وەزیفەی چاودێریکردنی هەر دەمێنێت، بۆیە دەتوانێت لێپرسینەوەو موحاسەبەی هەر وەزیرێک بکات ئەگەر هاتوو هەڵەی کرد. بەشێک لە یاسا ناسان وایدەبینن کە حکومەتی کاربەڕێکەر پرنسیپێکی دەستورییە، بەڵام زۆرجار دەستور سنورەکەی دەستنیشان ناکات، ئەمەش ئەوە دەخوازێت بگەڕێنەوە بۆ فیقه و ئیجتیهادی یاساناسەکان.

حکومەتی گواستنەوە

 دەوترێت هەرچەندە ئەم حکومەتە عادەتەن حکومەتێکی کاتییە، بەڵام لە هەمو حکومەتەکانی دیکە مەترسیدارترە. بۆچی؟ چونکە کار بۆ نەهێشتنی سیستمە کۆنەکەو دامەزراندنی بنەماکانی سیستمێکی سیاسی نوێ دەکات. ئەم ئەرکە ئەگەرچی ئەرکێکی کاتییە، بەڵام لە هەمانکاتدا ئەرکێکی قورس و مەترسیداریشە. چونکە بنەماکانی سیستمێکی سیاسی تازە دادەنێت کە لەوانەیە چەندین دەیە یان سەدە بخایەنێت، ئەگەر ئەو بنەمایانە خراپ و ناتەواو بوو، ئەوا هیچ دوور نییە چەندین نەوەی ئایندە بە دەستییەوە بناڵێنن و گرفتاری ببن. حکومەتی گواستنەوە چوارچێوەی گشتی بۆ بنەما دەستورییەکان دادەنێت، ئەرکی تەسفییەکردن و موحاسەبەکردنی سیستمی پێشوی لەسەرشانە. گرنگی و بایەخی حکومەتی گواستنەوە ئالێرەدایە. لێرەوە سەرنەکەوتن لە دەستنیشانکردنی حکومەتێکی گواستنەوەی باش، مەترسیدارەو دوور نییە لە ئایندەدا وڵات دووچاری قەیران و پەشێوی و ناکۆکی قووڵ بکات. هەڵبژاردنی حکومەتێکی گواستنەوەی گونجاو و راستەقینە، تەنها زامنە بۆ پارێزگاریکردن لە خەون و خواستەکانی قۆناغە تازەکە، زۆرجار ئەم قۆناغە تازەیە لە ئەنجامی شۆڕش یان راپەڕین یاخود خۆپیشاندانی جەماوەریی گەورە یان کودەتای سەربازی دێتەئاراوە. وەلێ هەمیشە قۆناغی کۆن یان قۆناغی پێش شۆڕش، بەئاسانی ناڕوات و بەزوویی خۆینادات بەدەستەوەو رەگ و ریشەی بە خێرایی هەڵناکنرێت، لەگەڵیدا قۆناغی تازە هەر وا لە خۆڕا یان لە بۆشاییەوە نایەت، یان بەزوویی جێگیرنابێت و رەگ و ریشەی بە ئاسانی ناچەسپێت. ئا لێرەوە پێویستە رێگا بۆ لابردنی سیستمە/ رژێمە کۆنەکە خۆشبکرێت و دەرفەت بۆ سیستمە/رژێمە تازەکە بڕەخسێت. ئەمەش پێویستی بە بوونی قۆناغێکی گواستنەوە هەیە، قۆناغێک تێیدا بنەماکانی سیستمێکی سیاسی تازەی تێیدا دادەنرێت. ئەم گواستنەوەیە وا دەکات تێیدا دروستکردنی حکومەتی گواستنەوە کارێکی ئاسان و مەسەلەیەکی سوک نەبێت.

www.medi1tv.ma

/ar.wikipedia.org

www.almasryalyoum.com

www.nesannews.com

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

7,374 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...