حکومەت چییە و جۆرەکانی کامانەن؟

حکومەت چییە و جۆرەکانی کامانەن؟

پێشەکی

مرۆڤەکان ناتوانن دوور لەیەک بژین، بگرە مرۆڤەکان رۆژانە مامەڵە لەگەڵ یەک دەکەن و بۆ رایکردنی کاروباری ژیانیان پشت بەیەکتر دەبەستن. بەشی هەرە زۆری خەڵکی ئەو خواردنەی کە دەیخوات، خۆی نایچێنێت، ئەوەی لەبەری دەکات خۆی نەیڕێساوە، ئەو خانوەی دروست نەکردووە کە لە ناویدا دەژی، ئەو ئامێرو کەلوپەلانەی بەکاریان دەهێنێت، دەستکردی خۆی نییە. بەروبوومە بەرهەمهاتووەکان، ئامێرە دروستکراوەکان، چالاکییەکان کە پێیهەڵدەستن، پەیوەندییەکان کە لەگەڵ یەک دەیبەستن، هەر هەمووی مەسەلەگەلێکی ئاڵۆزە و پێویستی بە رێخستن هەیە، ئەمەش بۆ ئەوەی هەر تاکێک رۆڵی خۆی بگێڕێت و ئەو ئەرکەی لەسەر شانیەتی، بەرامبەر بە داهاتێکی دیاریکراو ئەنجامبدات. لەلایەکی دیکەوە، چۆن رێگری لە دزی و گەندەڵی دەکرێت؟ چۆن رێگە نادەیت کەسێک کەسێکی دیکە بچەوسێنێتەوە؟ تاوانبارو دەستدرێژیکەر چۆن سزا دەدرێت؟ ناکۆکی لەکاتی مامەڵەکردندا چۆن چارەسەر دەکرێت؟ تاک چۆن دڵیابێت لەوەی ژیان و کەرامەتی پارێزراوە، چۆن پارێزگاری لە موڵک و ماڵت دەکەیت...هتد؟ ئا لێرەدا رۆڵی حکومەت و ئەرکی حکومەت دەردەکەوێت.

هەر لە دێرزەمانەوە، مرۆڤەکان هەستیان بەوە کردووە ئەگەر لەگەڵ یەک کۆببنەوە، دەتوانن بە شێوەیەکی باشتر بەرگری لە خۆیان بکەن، دژ بە هێرشی گیانەوەرە دڕندەکان یان دژ بە گروپ و دەستە و تاقمی دیکە. لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا، مرۆڤەکان بۆیان دەرکەوتووە وا باشترە دەستەیەکی تایبەت بۆ بەرگری لە کۆمەڵەکەیان هەڵبژێرن، دەستەیەکی دیکە کاریان راوکردن یان کشتوکاڵ بێت، دەستەیەکی دی سەرقاڵی کاروباری ناوماڵ و قایمکردنی شوێنی مانەوەیان بێت. شارەزایان ئەم حاڵەتە بە سەرەتای دروستبوونی حکومەت ناودەنێن، بۆیە ئەو شارەزایانە پێیانوایە ئامانجی یەکەمی حکومەت بریتییە لە بەرگریکردن لە هاوڵاتییەکان. لێرەوە هەر حکومەتێک لە بەرگریکردن لە هاوڵاتییەکانی شکستبێنێت و سەرکەوتوونەبێت، ئەوا حکومەتێکی فاشیلە لە ئەرکە هەرە سەرەکییەکەیدا کە بریتییە لە بەرگریکردن و پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان.

هەر ئەو شارەزایانە پێیان وایە ئامانجی دووەمی  حکومەت بریتییە لە رێکخستنی پەیوەندی نێوان تاکەکان، ئەمەش بۆ ئەوەیە یەکسانی و دادپەروەری لە نێوانیاندا بێتەئاراوەو کەس نەتوانێت دەستدرێژی بکاتە سەر هیچ کەسێکی دی. هیچ تاکێک لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت، بۆی نییە هەڕەشە یان دەستدرێژی بکاتە سەر هیچ تاکێکی دیکە. ئەم رێکخستنی پەیوەندییە پێویستی بە یاساو رێساکان هەیە، ئا لێرەوە بیرۆکەی یاساکان هاتەئاراوە، چ یاسا ئاسمانییەکان یان یاسا زمینییەکانی وەک یاساکانی حامورابی و یاساکانی ناپلیۆن و یاسا تازە و مۆدێرنەکان کە دەستور باڵاترینیانە. کەواتە ئامانجی دووەمی حکومەت بەرقەرارکردنی یەکسانی و دادپەروەرییە لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگادا لە رێگەی دانانی یاساکانەوە، بێ رەچاوکردنی هیچ پلەو پۆستێک.

ئامانجی سێیەمی حکومەت بریتییە لە رێکخستنی بواری ئابوری بەو مەرجەی خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی کۆمەڵگا دابین بکات. هەمو هاوڵاتییەک مافی خۆیەتی ژیانێکی خۆش و گوزەرانێکی باشی هەبێت، ئەرکی حکومەتە بەو کارە هەستێت و وا بکات دانیشتوانی وڵاتەکەی لە ژیانێکی باشدابن.

ئامانجی چوارەمی حکومەت بریتییە لە رۆڵی کۆمەڵایەتی و یارمەتیدانی هەژاران و کەمدەرامەتان، لێرەدا رۆڵی حکومەت بریتییە لە دابینکردنی بیمەی بێکاری بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە کارو کاسبیان نییە و ژیانیان سەخت و دژوارە. ئەرکی حکومەت هەوڵدانە بۆ پەیداکردنی کار بۆ هەمو ئەوانەی بێ کارن، تا دەستکەوتنی کار، پێویستە بیمەی بێکاری وەربگرن و ژیانێکی شایستە بە مرۆڤبوونیان بژین. هەنوکە ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە: حکومەت چییە و چۆن پێناسە دەکرێت؟ لە راسیتدا چەندین پێناسەی جۆراو جۆر بۆ حکومەت هەیە، لە خوارەوە هەندێکیان دەخەینەڕوو:

*حکومەت ئەو دەستەیەیە کە خاوەنی هێز یاسایە بۆ سەپاندنی ئاشتی و ئارامی، رێکخستن و دەرکردنی یاساکانی پەیوەست بە لایەنە هاوبەشەکانی ژیانی تاکەکان. حکومەت بۆ ئەوەی بەم رۆڵەی هەستێت و پارێزگاری لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان تاکەکان بکات، تاکەکان بۆ ئەوەی بتوانن لە کۆمەڵگادا بە سەلامەتی و دڵنیاییەوە کاروبارەکانیان رایبکەن، پێویستە حکومەت شەرعییەتی هەبێت و لە لایەن پەرلەمانەوە ئەو شەرعیەتەی وەرگرتبێت. حکومەتی بێ شەرعییەت، وا دەکات حکومەت ببێت بە حکومەتی ستەمگەر یان خۆسەپێن.

*حکومەت بریتییە لە گرنگترین دەزگا کە کاریگەری گەورەی لەسەر تاکەکان و کۆمەڵگا هەیە. بەڵام دەزگای دیکەش هەیە کە کاریگەریان لەسەر جێبەجێکردنی کاروبارەکانی ژیانی هاوڵاتیان و کۆمەڵکا هەیە، لەوانە کۆمپانیاکان، کۆمەڵە پیشەییەکان، مزگەوت، سەندیکاکان، کۆمەڵەی خێرخوازی، یانە کۆمەڵایەتیەکان، کۆمەڵە خۆبەخشەکان، زانکۆکان و چەندین ناوەندی دیکە کە کاریگەریان بەسەر تاکەکان و ژیانی خەڵکییەوە هەیە. وەلێ جیاوازی نێوان ئەم دەزگایانە و دەزگای حکومەت لەو پانتاییەدایە کە تێدا دەزگاکان هەڵسوکەوت دەکەن. ئەو پانتاییەی حکومەت وەک دەزگا تێیدا دەجووڵێت و هەڵسوکەوت دەکات، زۆر فراوانترو گەورەترو بەربڵاوترە لەو پانتایانەی دەزگاکانی دیکە تێیدا دەجووڵێن. حکومەت دەسەڵاتی بەسەر کڕین و فرۆشتنی مومتەلەکاتەکاندا هەیە، توانای دەرکردنی ئەو یاساو بڕیارانەی هەیە کە تەحەکوم بە مامەڵەی نێوان هاوڵاتیانەوە دەکات، توانای سزادانی ئەو کەسانەی هەیە کە سەرپێچی یاساو بڕیارەکانی حکومەت دەکەن، حکومەت دەتوانێت تاوانبار بگرێت. حکومەت دەسەڵاتی بەسەر دەزگاکانی دیکەدا دەشکێت.

*حکومەت بە یەکێک لە کۆنترین دەزگا سیاسییەکان دادەنرێت لە جیهاندا، کۆمەڵگاکان هەر لە کۆنی کۆنەوە، پێویستییان بە دەسەڵاتداران و دەستڕۆیشتوان بووە بۆ ئیدارەدانی کۆمەڵگا مرۆڤایەتییەکان. لێرەوە حکومەت بریتییە لە شێوەیەک لە شێوەکانی مومارەسەی دەسەڵات لە کۆمەڵگاکاندا. ئەم پێناسەیە وا دەکات بڵێین هەر کۆمەڵەیەکی فەرمی یان نا فەرمی حکومەتی تایبەت بە خۆی هەیە، وەک خێزان، یانە، چالاکی بازرگانی، یەکێتی پیشەوەران، بەڵام ئێمە زاراوەی حکومەت عادەتەن بۆ حکومەتی گشتی بەکاردەهێنین، بۆ نمونە حکومەتی دەوڵەت یان هەرێم یان پارێزگاکان. شارەزایانی بواری سیاسەت، گرنگی و بایەخێکی زۆر بە حکومەت دەدەن، پێیانوایە پێویستە باسکردنی حکومەت لەگەڵ باسکردنی زانستی کۆمەڵناسی و فەلسەفەو ئەنسرۆپۆلۆجیادا بێت، چونکە حکومەت کاریگەرییەکی راستەوخۆی بۆ سەر کۆمەڵگا هەیە و پێویستی بە حاکم و دەسەڵاتداری شارەزاو لێزان و دڵسۆز هەیە بۆ بەرێوەبردنی.

جۆرەکانی حکومەت

حکومەت بە گوێرەی ئەو سەرچاوەیەی کە لێیەوە شەرعییەتی وەرگرتووە، چەندین جۆری هەیە، لەوانە: حکومەتی رەها، حکومەتی پاشایەتی دەستوری، حکومەتی ئەرستۆکراتی، دیموکراسی، فیدراڵی، دیکتاتۆری، پاشایەتی، کۆماری، تەکنۆکراتی، لاهوتی، فاشی، چینایەتی، حکومەتی سەربازی، حکومەتی تاک حیزبی، حکومەتی بەکرێگیراو، حکومەتی حیزبی زۆرینە، حکومەتی راگوزەر، حکومەتی کاربەڕێکەر، لە خوارەوە بە کورتی باس لە هەندێکیان دەکەین:

حکومەتی ئاینی تیۆلۆژی: ئەو حکومەتەیە کە تێیدا پیاوانی ئاینی بە شێوەیەکی رەها حوکم دەکەن، وەک ئەوەی لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاستدا لە ئارادابوو. لێرەدا پیاوانی ئاینی بۆ رایکردنی کاروباری هاوڵاتیان، خۆیان بە تاقە سەرچاوەی شەرعی دادەنێن، ئەوەی ئەوان دەیڵێن و ئەنجامیدەدەن، پێویستە هەمو میللەت ملکەچی و پابەندی بێت.

حکومەتی پاشایەتی رەها: ئەو حکومەتەیە ئەندامانی خێزانێک یان بنەماڵەیەکی دیاریکراو، دەست دەگرن بەسەر دەسەڵاتی حکومڕانیدا، ئەم بنەماڵەیە دەسەڵاتی لە باو و باپیرانییەوە وەک میرات بۆ ماوەتەوە، بێ بوونی دەستورێک یان پەیمانێکی کۆمەڵایەتی کە رێگە بە مانەوەی دەسەڵات لە دەست ئەو بنەماڵەیەدا بدات. لە کۆندا پاشاکان دەیانگوت دەسەڵاتیان لە مافێکی خوداییەوە بۆ هاتووەو خودا ئەوانی هەڵبژاردووە تا حوکمی وڵات بکەن. وەلێ شارەزایانی بواری سیاسەت، لەو باوەڕەدان سەرچاوەی شەرعیەتی ئەم جۆرە لە حوکمی بنەماڵەیی و بۆماوەیی و رەها، دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی  هیچ جۆرە ئۆپۆزسیۆنێک یان ناڕەزاییەک دژ بەم جۆرە حوکمە. حوکمی پاشایەتی رەها داوا لە خەڵک دەکات بە شێوەیەکی رەها ملکەچی بن و بۆ ئەم مەبەستەش ترس و تۆقاندن یەکێکە لە ئامرازە هەرە سەرەکییەکانی حکومکردنی. لێرەوە ئەم جۆرە لە حوکمکردن بۆ مانەوەی خۆی، هەمیشە لە رێگەی بەرکارهێنانی توندوتیژییەوە، هەوڵ بۆ لەناوبردنی ناڕەزاییەکان دەدا.

حکومەتی پاشایەتی دەستوری: ئەو حکومەتەیە کە بنەماڵەیەکی پاشایەتی حوکمی دەکات، بەڵام پابەندی سنورێکی دیاریکراوی دەستورە کە لەگەڵ میللەتدا لەسەری رێکەوتوون. لە وڵاتانی پێشکەوتوو، بنەماڵەی پاشایەتی، رۆڵی جێبەجێکردنی نییەو رکابەری سەرەکی هاوڵاتیانیش نییەو دەستوەرناداتە کاروبارەکانیانەوە، تەنها رۆڵێکی رەمزی هەیە کە بریتییە لە سیادەی وڵات. بە مانایەکی دی لە نێوان بنەماڵەی پاشایەتی و میللەتدا، گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی هەیە کە خۆی لە پەرلەمانێکی هەڵبژێردراو لەلایەن میللەتەوە دەبینێتەوە.

حکومەتی تاک حیزب: ئەو حکومەتەیە کە تێیدا یەک حیزب دەسەڵاتی هەیە و وڵات بەرێوەدەبات و هەر ئەو تاکە حیزبەش مۆڵەتی کارکردنی هەیە، بەو پێودانگەی هەر خۆی خاوەنی بیرۆکەو تێڕوانینی راستە بۆ ئیدارەدانی کاروبارەکانی کۆمەڵگا. دەکرێت حکومەتەکانی ئەوروپای شەرقی و یەکێتی سۆڤیەتی جاران و حکومەتی بەعس و لە ئێستاشدا حکومەتی چین، وەک نموونەی ئەم جۆرە حکومەتە وەربگرین. حکومەتی تاک حیزب باوەڕی وایە بە شێوەیەکی مەکەزی پیادەی دیموکراسی دەکات و هەمو میللەت دەتوانن بەشداری لە حوکمڕانیدا بکەن، بەو مەرجەی بێنە ناو ئەم حیزبەوەو تەنها لەناو ریزەکانی ئەم حیزبەدا کاربکەن و ببنە ئەندامی ئۆرگانە جیاواز جیاوازەکانی ئەم حیزبە، کەس بۆی نییە لە دەرەوەی حیزبی قائید، حیزب و رێخراوی دیکەی حیزبی دامەزرێنێت.

حکومەتی سەربازیی: ئەو حکومەتەیە تێیدا عەسکەر باڵادەستەو بەرێوەیدەبات، زیاتر لە میانەی کودەتای سەربازیدا بۆ ماوەیەکی کاتی دروست دەبێت، بەڵام جار هەیە ئەو ماوە کاتییە زۆر دەخایەنێت. لەم جۆرە حکومەتەدا هیچ رۆڵێک بۆ دەزگا مەدەنییەکان نامێنێتەوەو ئەوەی وڵات بەرێوەدەبات، بریتییە لە کۆمەڵێ جەنەڕاڵ و پلەو پۆستی سەربازی.

حکومەتی تاکی ستەمگەر: ئەم حکومەتە لە حکومەتی سەربازی دەچێت، بەڵام لەم حکومەتەدا کەسێک هەیە سەرجەم دەسەڵاتەکانی لای خۆی کۆکردوەتەوەو لەلایەن دامودەزگا سەربازی و ئەمنی و هەواڵگیریی و سوپاوە پشتگیری لێدەکرێت و پارێزراوە.

حکومەتی شارەزایان: ئەو حکومەتەیە تێیدا شارەزایان و تێگەیشتوان و خوێنەواران باڵادەستن، ئەم جۆرە لە حکومەت لەو حکومەتە دەچێت کە ئەفلاتون لە کتێبەکەیدا (کۆمار) باسی لێوەدەکات. بەڵام شارەزایان پێیانوایە ئەم جۆرە حکومەتە، لە ئێستادا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نیشتیمانی ناگونجێت، چونکە حکومەتی نیشتیمانی پێویستی بە رەزامەندی حیزبەکان و تاکەکانی کۆمەڵگا هەیەو مەرج نییە ئەوانەی حکومەتەکە پێکدەهێنن، هەموان شارەزاو تێگەیشتو و خوێندەواربن. حکومەتی شارەزایان دەکرێت لە دەرەوەی حکومەتی نیشتیمانی کار بکات، بۆ نموونە لە کۆمپایا بازرگانی و پیشەسازییەکاندا کار بکات، ئەو کۆمپایانە پێویستیان بەوەیە لەلایەن شارەزایانەوە بەرێوەببرێن. بەڵام دواجار حکومەتی شارەزایانی ئەو کۆمپانیایانەش، ملکەچی بڕیارەکانی حکومەتی نیشتیمانین.

حکومەتی ئەرستۆکراتی: ئەو حکومەتەیە تێیدا چینێکی دەوڵەمەندو خانەدان، دەسەڵاتیان لە دەستدایەو تەواوی کاروبارەکانی وڵات بەرێوەدەبەن. وەلێ ئەم بەرێوەبردنە زیاتر بۆ خۆشگوزەرانی و رەفاهیەتی خۆیانە نەک تەواوی چین و توێژەکانی دیکەی میللەت. لەم حکومەتەدا چینی فەرمانڕەوا زیاتر کار بۆ ئەندامانی چینەکەی خۆی دەکات و چی باشە بۆ خۆیان دەیکەن و زۆر لە خەمی هاوڵاتیانی دیکەو وڵاتدانین.

حکومەتی حیزبی زۆرینە: ئەم جۆرە لە حکومەت، لەو وڵاتانەدا دروست دەبێت کە سیستمە سیاسییەکەی پەرلەمانی یان پاشایەتی دەستوری یان نیمچە سەرۆکایەتییە. شێوازی دروستکردنی حکومەتەکە بەم جۆرەیە: ئەو حیزبەی لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، دەتوانێت هەر خۆی بە تەنها حکومەت دروست بکات، یاخود ئەو هاوپەیمانییەی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەستهێناوە دەتوانێت حکومەتی زۆرینە دروست بکات. هەندێکجار ئەو هاوپەیمانییەتیە لە پێش هەڵبژاردنەکەوە دروستدەبێت و هەندێکجاری دیکە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن دروست دەبێت.

حکومەتی هاوپەیمانی: ئەو حکومەتەیە کە تێیدا حیزبێک بە تەنها نەیتوانیوە زۆرترین کورسییەکانی پەرلەمان بەدەستبێنێت، بۆیە بە ناچاری بۆ پێکهێنانی حکومەت، لەگەڵ حیزب و پارت و قەوارە سیاسییەکانی دیکەدا، دەچێنە نێو هاوپەیمانیەتییەکەوەو حکومەتی هاوپەیمانی دروست دەکات، وەک حکومەتەکەی نوری مالکی لە عێراق.

حکومەتی رزگاری نیشتیمای: ئەم حکومەتە لەو وڵاتانەدا دروست دەبێت کە تێیاندا جەنگی ناوخۆ یان قەیرانی سیاسی و ئابوری سەخت روودەدات. واتە حکومەتێکە بە رەزامەندی لایەن و هێزە سیاسییە ناکۆکەکان دروست دەبێت، بۆ کۆتایهێنان بە جەنگە ناوخۆییەکە یان بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەی گونجاو بۆ کێشە و ململانێ سیاسییەکان و قەیرانە ئابورییەکان، زیاتر حکومەتێکی کاتییە و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دروست دەبێت.

حکومەتی راگوزەر: حکومەتێکی کاتییە، دوای هەرەسهێنانی رژێمێکی سیاسی بە هۆی شۆڕشەوە یان بەهۆی کودەتای سەربازییەوە، دروست دەبێت. تا کۆتایی ماوەی راگوزەرییەکە دەستبەکار دەبێت. ماوەی راگوزارییەکە ئەو کاتە تەواو دەبێت کە رژێمێکی سیاسی تازە دێتەسەر کار، وەک حکومەتەکەی پۆل برێمەر لە عێراق و ئەنجەمەنی نیشتیمانی راگوزەر لە لیبیا دوای کەوتنی رژێمی قەزافی.

حکومەتی بەکرێگیراو: حکومەتی کارتۆنیشی پێدەوترێت، ئەو حکومەتەیە کە داگیرکەر، لە وڵاتێکدا دوای داگیرکردنی وڵاتەکە دروستی دەکات، وەک حکومەتی فیشی لە فەرەنسا کە ئەڵمانیای نازی دوای داگیرکردنی فەرەنسا، لە جەنگی جیهانی دووەم، دروستیکرد، یان وەک حکومەتی "عەلا حسێن" کە سەدام حسێن دوای داگیرکردنی کوێت لە وڵاتی کوێت دروستیکردو ناوی لێنا (حکومەتی سەربەخۆی کاتی کوێت).

حکومەتی کاربەڕێکەر: بەو حکومەتە دەوترێت کە لە رووی دەستورییەوە ویلایەتەکەی یان کاتەکەی تەواو بووە، یاخود پەرلەمان متمانەی لێوەرگرتووەتەوە، بۆیە ئەرکی تەنها بەڕێکردنی کاروباری رۆژانەی هاوڵاتیانە و ناتوانێت هیچ جۆرە بڕیارێکی گرنگ و چارەنوسساز دەربکات. ئەمەش بۆ ئەوەیە وڵات دووچاری بۆشایی یاسایی نەبێت، لەگەڵ دروستکردنی حکومەتی تازە، حکومەتی کاربەڕێکەر هەڵدەوەشێتەوەو کۆتایی بە کارەکانی دێت.

حکومەتی ئیتیحادی: لەو وڵاتانەدا هەیە کە سیستمی بەرێوەبردنی وڵات فیدراڵییە،

ئەرکی حکومەت

حکومەتی راستەقینە چەندین ئەرکی لەسەرشانە کە لە خوارەوە هەندێکیان دەستنیشان دەکەین:

1-سەقامگیری ئەمن و ئاسایشی هاوڵاتیان و بڵاوکردنەوەی متمانە و دڵنەوایی گشتی.

2-پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندی کۆمەڵگاو پاراستنی موڵک و ماڵی تایبەت و گشتی.

3-پارێزگاریکردن لە شوێنەوارە دێرینەکان و جێگا کەلەپورییەکان و رێگریکردن لە رووخاندن و تێکدانیان.

4-گەشەپێدانی ئابوری و زیادکردنی بەرهەم و بەرووبووم.

5-رەخساندنی دەرفەتی کارو دۆزینەوەی کار بۆ سەرجەم هاوڵاتیانی کۆمەڵگا و دابینکردنی ژیانی شایستە بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا.

6-بەدیهێنانی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە نێوان مرۆڤەکاندا.

7-پارێزگاریکردن لە ئاین و شوێنە ئاینییەکان.

8-پارێزگاریکردن لەخێزان و ناموس و ئەخلاقی گشتی.

9-پارێزگاریکردن لە ماف و  ئازادی و کەرامەتی هاوڵاتیان.

10-روبەڕووبونەوەی هێرشی دەرەکی و پارێزگاریکردن لە وڵات دژ بەتەماع و نیەتی خراپی دەرەکی.

11-بەدیهێنانی یەکێتی نیشتیمانی

12-رزگارکردنی وڵات لە کێشە و قەیرانەکان و دۆزیەوەی رێگاو چارەسەری گونجاو.

بێگومان ئەوە ئەرک و ئامانجە فیعلی و دیارەکانی حکومەتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە زۆربەی حکومەتەکاندا، هەندێک ئاماج و ئەرکی نادیارو شاراوە هەیە، لەوانە بەرژەوەندی حیزبێکی دیاریکراو، بنەماڵەیەکی دیاریکراو، توێژێکی دیاریکراو کە لە حکومەتەوە نزیکن، کۆمەڵێک کەسی دیاریکراو کە خزم و کەسوکاری کاربەدەستانن، حکومەت لە ژێرەوە کار بۆ بەرژەوەندی تایبەتی ئەوانە دەکات. بەڵام هیچ حکومەتێک ناتوانێت ئەو کارانە بە ئاشکرا راگەیەنێت و باسی بکات، چونکە روبەڕووی رەخنەی توند دەبێتەوە. وەلێ لە واقیعدا هەیە.

ناونانی وەزیفی سەرۆکی حکومەت

ناونانی کەسێک بە سەرۆکی حکومەت، لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازەو ئەم ناونانە گەلێک شێواز لە خۆدەگرێت. لە زۆربەری وڵاتاندا بەو کەسەی سەرۆکی حکومەتە دەوترێت (سەرۆک وەزیران)، لێ لە هەندێک وڵاتی دیکەدا، بۆ نمونە تونس، پێیدەوترێت (وەزیری یەکەم)، لە وڵاتی لیبیای سەردەمی قەزافی پێیدەوترا (سکرتێری لیژنەی میللی گشتی)، لە ئەڵمانیا سەرۆکی حکومەت پێیدەوترێت (راوێژکار). لە ئەمریکا هەردوو پۆستی سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیران تێکەڵکراون، بۆیە لەوێ شتێک نییە ناوی سەرۆکی حکومەت یان سەرۆک وەزیران بێت، بەڵکو ئەوەی هەیە پێی دەوترێت سەرۆکی ئەمریکا.

سەرچاوەکان:

1- ar.wikipedia.org

2- mawdoo3.com

3-/www.elsyasi.com

4- www.mexat.com

 

 

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

7,373 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...