خۆپیشاندان و جۆرەکانی و چۆنیەتی رێکخستنی

خۆپیشاندان و جۆرەکانی و چۆنیەتی رێکخستنی

بەشێکی بەرچاوی جیهان، لەمڕۆدا بە دۆخێکی دژوردا تێدەپەڕێت، بەتایبەت ئەو بەشەی پێیدەوترێت خۆرهەڵاتی ناوەڕاست یان دونیای سێیەم. لەم بەشەی جیهاندا رۆژانە خەڵکانێکی زۆر دێنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایی لە بەرامبەر سەختی و زەحمەتی ژیان و گوزەرانی خۆیان دەردەبڕن. لە راستیدا هۆکارەکانی هاتنە سەر شەقامەکان زۆرو فرە رەهەندن، لە تەنها یەک داواکاریدا خۆی نابینێتەوە. بگرە دواکارییەکان هەمە چەشن و جۆراو جۆرن، لە گۆڕینی سیستمی سیاسی و شێوازی حوکمڕانییەوە بۆ باشترکردنی باری ئابوری و کۆمەڵایەتی، لەوێشەوە بۆ دابینکردنی هەرە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانێکی سادە، بۆ رێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ و مافەکانی و بەرقەرارکردنی ئازادییە تاکە کەسی و دەستە جەمعییەکان. دانیشتوانی ئەم بەشەی دونیا، هاوڵاتیانی ئەم ناوچەیەی جیهان، بەدەست کوشتن و بڕین و کارەساتی نەبوونی و برسییەتی و چەوساندەوەوە، دەناڵێنن و ژیانیان بووەتە پارچەیەک لە نەهامەتی و تراژیدیا، رۆژانە گرتن و راوەدونان و فڕاندن و تیرۆرکردن، بووەتە بەشێک لە سیمای دیاری ئەم پانتاییەی جیهان. بەشی هەرە زۆری هاوڵاتیان بێزاربوون لە حاکم و دەسەڵاتدارەکانیان، بێزاربوون لەو هەمو ماڵوێرانییەی لەسەر دەستی فەرمانڕەواکانیان، دووچاری دەبن. لێرەوە ئەو هاوڵاتیانە، بۆ چاککردنی ژیان و بارودۆخی خۆیان، هیچ بژاردەیەکیان لەبەردەستدا نییە، ئەوە نەبێت بێنە سەر شەقامەکان و بە دەنگی بەرز گوزارشت لە داواکارییەکانیان بکەن. شەقامەکان بکەن بەو شوێنەی لێیەوە هاوارو ناڵەیان بگەیەنن بە گوێی دەسەڵاتداران و داوای مافە رەواکانیان بکەن. لە فەرهەنگی سیاسیدا ئەم هاتنە سەر شەقامە پێیدەوترێت خۆپیشاندان، کەواتە با بزانین خۆپیشاندان چییە و جۆرەکانی کامانەن؟

سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێین خۆپیشاندان مافە، لە جاڕنامەی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ، وەک مافێکی سیاسی دانی پێدانراوەو بەشێکە لە مافی (ئازادی را دەربڕین)، هەروەها بەشێکە لە مافی (بەشداری سیاسی). وەلێ لە هەندێک لە وڵاتاندا، ئەم مافە بە تەواوی قەدەغەکراوە، خۆ ئەگەر قەدەغەش نەکرابێت، ئەوا رێگری لە ئەنجامدانی دەکرێت. خۆپیشاندان کە بە ئینگلیزی پێیدەوترێت (demonstration) بریتییە لە جۆرێک لە جۆرەکانی رەفتاری کۆمەڵایەتی دەستەجەمعی، لە میانەیەوە کۆمەڵێک خەڵک گوزارشت لە هەڵوێستی کۆمەڵایەتی یان سیاسی یا کەلتووری خۆیان دەکەن. ئەمە وا دەکات خۆپیشاندان ببێتە کەناڵێک کە خەڵک لێیەوە گوزارشت لە بیروڕای خۆیان لەسەر پرسێک یان کێشەیەک لە کێشەکان بکەن. زۆرجار هاوڵاتیان کاتێک کە هیچ دەرفەتێک یان کەناڵێکی فەرمی دیکەیان بۆ نەمابێتەوە لە گوزارشتکردن، ئیدی پەنا دەبەنە بەر خۆپیشاندان و هاتنە سەر شەقامەکان. سەروەختێک کەسێک یان تاکێک بەشداری لە خۆپیشانداندا دەکات، مانای وایە هاوکاری و پشتگیری لە تاکەکانی دیکە دەکات بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی دەیانەوێت لە رێگەی خۆپیشاندانەوە بەدەستی بێنن. لە راستیدا لێرەدا پێویستە ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ بدەین، ئەویش ئەوەیە خۆپیشاندان خۆی لە خۆیدا ئاماج نییە. واتە نابێت خۆپیشاندان تەنها بۆ مەبەستی خۆپیشاندان ئەنجامبدرێت. بەڵکو خۆپیشاندان ئامرازێکە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکان، کەواتە پێویستە خۆپیشاندان هەمیشە ئامانجێک یان کۆمەڵێ ئامانجی روون و ئاشکرای هەبێت و هەوڵی بەدەستهێنانی بدات. ئەم خاڵەیە وا دەکات خۆپیشاندان شێوەیەک بێت لە شێوەکانی دەربڕینی ئازادانەی بیروڕاو وەرگرتنی هەڵوێست لەسەر پرسێک لە پرسەکان. دەکرێت ئەو پرسە پرسێکی سیاسی بێت، وەک ئەو خۆپیشاندانانەی خەڵکی لە میانەیەوە سیاسەتی ئەم دەوڵەت یان ئەو دەوڵەت، ئەم حیزب یان ئەو حیزبی فەرمانڕەوا رەتدەکەنەوە، یان پشتگیری هێزێکی سیاسی دەکەن و هەڵوێستە سیاسییەکانی بە راست دەزانن. دەکرێت خۆپیشاندان فاکتەری ئابوری لە پشتەوە بێت، وەک داواکاری زیادکردنی کرێ یان نزمکردنەوەی نرخ یان پێدانی موچە یا دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان. جگە لەوە دەکرێت خۆپیشاندان سیمایەکی کۆمەڵایەتی هەبێت، وەک ئەو خۆپیشاندانانەی داوای مافی کۆمەڵایەتی چینێک یان توێژێکی دیاریکراو دەکات، لەوانە مافی ژنان یان گەنجان یان کرێکاران یا کەم ئەندامان یان خاوەن پێداویستی تایبەت یا هەر چین و توێژێکی کۆمەڵایەتی دیکە. لە راستیدا پێویستە ئەوەش بڵێین کە خۆپیشاندان، جیاوازە لە رێپێوان و بایکۆت و راپەڕین و شۆڕش. مەرج نییە هەموو خۆپیشاندانێک بگۆڕدرێت بۆ راپەڕین یان بۆ شۆڕش. تەماشاکردنی خۆپیشاندان بەو جۆرە، وا دەکات دەسەڵاتداران زۆر بە توندی روبەڕووی خۆپیشاندانەکە ببنەوەو خەڵتانی خوێنی بکەن.

شارەزایان سەرەتای دەرکەوتنی خۆپیشاندان لە مانا تازەکەیدا، دەگەڕێننەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم، یەکەم کەس کە ئەم چەمکەی بەکارهێناوە، نووسەری ئەمریکی دێڤد هێنری سۆرۆ بووە، ئەم نووسەرە لە وتارێکی بەناوبانگیدا کە لە ساڵی 1849 بە ناونیشانی (یاخیبوونی مەدەنی)بڵاویکردووەتەوەو تێیدا باس لە مافی خۆپیشاندان دەکات. لێرەوە لەسەر دوو ئاست پێناسەی خۆپیشاندان دەکرێت، ئاستێکی تەسک و ئاستێکی گەورەو بەرفراوان. ئەوەی یەکەمیان تایبەتە بە خۆپیشاندانی گروپ یان دەستیەیەکی دیاریکراو بۆ بەدیهێنانی ئامانجێکی دیاریکراوی گروپەکە یان دەستەکە. دووەمیان تایبەتە بە خۆپیشاندانی گەورەو بەرفراوانی سەرجەم گروپ و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بۆ بەدیهێنانی ئامانجی گشتی. بەم شێوەیە هەندێک لە شارەزایان ئاوا پێناسەی خۆپیشاندان دەکەن: بریتییە لە هاتنەدەرەوە بۆ کایەی گشتی لە پێناو بەدیهێنانی مافی گشتی، یان لە پێناو رەتکردنەوەی زوڵم و ستەم، هاتنە دەرەوە لە ماڵەوە کە بوارێکی تایبەتە بۆ سەر شەقام و گۆڕەپانەکان کە بوارێکی گشتییە، واتە هاتنە دەرەوە لە پانتایی تایبەتەوە بۆ پانتایی گشتی، بە مەبەستی داواکردنی مافی گشتی. هەندێکی دیکە لە شارەزایان دەڵێن خۆپیشاندان بریتییە لە گربوونەوەی کۆمەڵێک هاوڵاتی، لە شوێنێک یان لە گۆڕەپانێک یان لە شەقامێکی گشتیدا، بە مەبەستی گوزارشتکردن لە بیروڕای خۆیان یان بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی یان بە مەبەستی داواکردنی هەندێک داواکاری تایبەت کە سیفەتی گشتی هەیە، وەک دابینکردنی خزمەتگوزاری. هەندێکی دیکە ئاوا پێناسەی خۆپیشاندان دەکەن: بریتییە لە گردبوونەوەی هاوڵاتیان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بە هۆکاری سیاسی یان ئابوری یا کەلتوری یا پیشەیی یا هەر هۆکارێکی دیکە. لەم حاڵەتەدا خۆپیشاندان دەبێتە جووڵانەوەیەکی ناڕەزایی میللی و فشارو پاڵەپەستۆیەکی گەورە لەسەر سیستمە سیاسییەکە دروست دەکات، چونکە ئامانجی خۆپیشاندانەکە ئامانجێکی گشتگیرەو سنوری بەشداریکردن تێیدا بەرفراوانەو بەشی زۆری کۆمەڵگا بەشداری تێدا دەکات. لەلایەکی دیکەوە هەندێک لە شارەزایانی دیکە پێیانوایە خۆپیشاندان بریتییە لە هاتنەدەرەوەی خەڵکی بۆ سەر شەقامی گشتی لە پێناو داواکردنی مافەکانیان و زەمانەتی وەرگرتنی مافەکانیان. هەندێکجار خۆپیشاندان ئەو رەهەندە گشتییە وەرناگرێت کە چین و توێژە جیاوازەکان پێکەوە دێنە سەر شەقامەکان و داواکاری جۆراو جۆری بەرفراوانیان هەیە. بەڵکو خۆپیشاندان لەوانەیە لە ناو کۆمپانیایەکی بازرگانی یان پیشەسازیدا رووبدات، تێیدا ژمارەیەک لە فەرمانبەرەکانی ئەو کۆمپانیایە، خۆپیشاندانێکی سنوردار ئەنجام دەدەن و داوای مافێک لە مافەکانیان دەکەن، وەک مافی وەرگرتنی موچە دواکەوتووەکانیان، مافی زیادکردنی موچەکانیان، مافی چاککردنی بارودۆخی ئیشکردنیان...هتد.

جۆرەکانی خۆپیشاندان

شارەزایان و چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی، خۆپیشاندان بۆ سێ جۆر دابەش دەکەن کە بریتین لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە و خۆپیشاندانی نیمچە ئاشتیانە و خۆپیشاندان کە تووندوتیژی لێدەکەوێتەوە. خۆپیشاندانی ئاشتیانە ئەو خۆپیشاندانەیە کە تێیدا هاوڵاتیان، ئەوانەی هاتوونەتە سەر شەقامەکان و بڕیاری خۆپیشاندانیان داوە، پابەندن بە بنەماو یاساکانی خۆپیشاندانەوە کە دەوڵەت دیاریکردووە، هیچ دیاردەیەکی تووندوتیژی تێدا بەدیناکرێت، بە درێژایی ماوەی خۆپیشاندانەکە دەستدرێژی بۆ سەر خەڵکانی دیکە و موڵکی گشتی و تایبەت ئەنجام نادرێت، ئەرک و پەیامی خۆپیشاندەران تەنها لەوەدا کورت دەبێتەوە کە بەشێوەیەکی ئاشتیانە داواکاری خۆیان دەگەیەنن بە لایەنی پەیوەندیدار، گەیاندنی داواکارییەکان لە رێگەی بەرزکردنەوەی کۆمەڵێک دروشم و گوزارشتکردنەوە دەبێت کە هەڵوێستی خۆپیشاندەران روون دەکاتەوە.

بەڵام جۆرێکی دیکەی خۆپیشاندان هەیە کە نیمچە ئاشتیانەیە، واتە لە ساتێک لە ساتەکانی خۆپیشاندانەکەدا، هەندێک رەفتار یان کاری تووندوتیژی لێدەکەوێتەوە، وەلێ تووندوتیژییەکە ناگاتە دۆخێک یان قۆناغێکی مەترسیدارو نابێتە هۆی گیان لەدەستدانی خۆپیشاندەر یان هێزە ئەمنییەکان. لێرەدا ژمارەیەکی کەم لە خۆپیشاندەران، هەڵدەسن بە ئەنجامدانی کاری تووندوتیژی، وەک سوتاندنی ئاڵای هەندێک لە دەوڵەتانی نەیار، یان سوتاندن و دڕاندنی وێنەی سەرۆک و رابەرە سیاسییەکان کە هەڵوێستی نەیارو خراپیان هەیە. لەم جۆرە خۆپیشاندانەدا پەلاماردانی خەڵکانی دیکە یان تێکشکاندنی کەلوپەل و موڵکی گشتی و تایبەت روونادات، ئەمەش وا دەکات ئەم جۆرە خۆپیشاندانانە بە خۆپیشاندانی نیمچە ئاشتیانە یان نیمچە تووندوتیژی ناوببرێت.

جۆری سێیەمی خۆپیشاندان ئەوەیە کە تووندوتیژی گەورەو مەترسیداری لێدەکەوێتەوە، تێیدا هەم خۆپیشاندەرو هەم هێزە ئەمنییەکان، گیان لەدەست دەدەن و بریندار دەبن. تێیدا پەشێوی و ئاڵۆزی گەورە روودەدات، موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت دەسوتێنرێن، بارەگای حیزبی و دەزگاکانی حکومەت گڕیان تێبەردەدرێت. شەقام و رێگاو بانەکان بە تایەی سوتاو، بە بلۆک و بەردو دارو تەختە دەگیرێن، ئۆتۆمۆبێلی هاوڵاتیان و دەزگاکانی حکومی و کۆمپانیاکان دەشکێنرێن. لەو وڵاتانەی پەیوەندی نێوان دەسەڵات و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان دەگاتە بنبەست، دەگاتە دابڕانی تەواوەتی، ئەم جۆرە خۆپیشاندانانە روودەدات. هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ کۆتایهێنان بە دەسەڵات، بۆ روخاندنی حکومەت، پەنا بۆ ئەم جۆرە لە خۆپیشاندان دەبەن. لە زۆر حاڵەتدا گوزەرانی هاوڵاتیان دەگاتە ئاستێکی زۆر خراپ کە ئامادەن لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا تووندوتیژی بنوێنن. هەندێکجار دەسەڵات بۆ ئەوەی لە رێگەی بەکارهێنانی هێزەوە کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بێنێت، خۆی لە رێگەی چەند کەسێکی تایبەتەوە کە لە ناو خۆپیشاندانەکاندا دەیانچێنێت و رایان دەسپێرێت کاری توونوتیژی ئەنجامبدەن، بەم جۆرە پاساو یان بیانوو بۆ هێزە ئەمنیەکان دەهێننەوە تا لە رێگەی هێزەوە خۆپیشاندانەکە دامرکێنێتەوە.

شارەزایان پێیانوایە دەسەڵات یان حکومەت، زۆرجار هۆکارە بۆ گۆڕینی خۆپیشاندانی ئاشتیانە بۆ خۆپیشاندانێک کە تووندوتیژی و پەشێوی لێ بکەوێتەوە، چۆن؟ بەوەی داواکاری خۆپیشاندان پشتگوێدەخەن و جێبەجێی ناکەن و بەدەم هیچ داواکارییەکەوە نایەن. ئەم پشتگوێخستن و جێبەجێ نەکردنە بۆ داخوازی خۆپیشاندەران، وا لە خۆپیشاندەران دەکات بیر لە شێوازی دیکە و میکانیزمی تر بکەنەوە بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان. بیر لەوە دەکەنەوە بە جۆرێکی تر خۆپیشاندان بکەن کە کاریگەری زیاتری هەبێت و حکومەت ناچار بە گوێگرتن و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بکات، یەکێک لەو میکانیزم و شێوازانەی دیکە، ئەوەیە پەنا ببرێتە بەر تووندوتیژی و سوتاندنی فەرمانگە حکومییەکان و تێکدان و شکاندنی موڵکی گشتی و نانەوەی پەشێوی. ئاشکرایە دیاردەی خۆپیشاندانی میللی لە هەمو جیهاندا ئامادەیی هەیە، بەتایبەتی لە وڵاتانی جیهانی سێیەم بە گشتی و وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی، لە ماوەی ساڵانی پێشوودا شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایی میللی جیهانی عەرەبی گرتەوە کە ناسراوە بە بەهاری عەرەبی و تێیدا بە مەلاین هاوڵاتی دەڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمی بڕۆ- ارحل- یان لە دژی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان بەرزکردبووەوە. لە ئەنجامدا هەندێک لەو رژێمانە رووخان و سەرۆکی وڵاتەکانیش لەسەر دەستی خۆپیشاندەران یان کوژران یان وڵاتیان بەجێهێشت یا زیندانی کران.

تەکتیکەکانی خۆپیشاندان

شارەزایانی ئەم بوارە، سەبارەت بە تەکتیک و ئەو شێوازانەی لە خۆپیشاندانەکاندا بەکاردەهێنرێت دەڵێن لە کۆندا، بەشێوەیەکی بنەڕەتی تەنها بایەخ بەو دروشمانە دەدرا کە لە خۆپیشاندانەکاندا بەرز دەکرانەوە، بەو مانایەی خاڵی هەرە سەرەکی و گرنگ لە خۆپیشاندانەکاندا، تەنها بریتی بوو لەو دروشمانەی خۆپیشاندەر دەیوتەوەو داوای بەدیهێنانی دەکرد. بەڵام خۆپیشاندانەکانی وڵاتانی عەرەبی، لە سەرەتای ساڵی 2011وە، هەندێک شێوازو تەکتیکی دیکەی هێنایە ئارا کە پێشتر بایەخ و گرنگی نەبوو، یان نەزانراو بووە. لێرەدا بە کورتی و بە شێوەیەکی گشتی باس لە سێ تەکتیکی خۆپیشاندان دەکەین:

یەکەم/ دروشم: بە یەکێک لە گرنگترین تەکتیکە تەقلیدییەکان دادەنرێت کە لە خۆپیشاندانەکاندا بەکاردێت و رۆڵێکی سەرەکی و یەکلاییکەرەوە دەگێڕێت. ناوەرۆکی سیاسیانەی دروشم، بە یەکێک لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی خۆپیشاندانەکان دادەنرێت. پێویستە دروشم بە چەند وشەیەکی کەم  گوزارشت لە حاڵەتە گشتییەکە بکات و دەرخەری ویست و حەزو داواکاری خۆپیشاندەران بێت. یەکێک لە دروشمە هەرە سەرەکییەکانی خۆپیشاندانەکانی وڵاتانی عەرەبی ناسراو بە بەهاری عەرەبی ئەم دروشمە بوو: (میللەت دەیەوێت رژێم بڕوخێت) یان (بڕۆ، ارحل).

دووەم/ شوێن: بە دووەم تەکتیکی گرنگ و تازەی خۆپیشاندانەکان دادەنرێت، شوێن یان ئەو جێگایەی خۆپیشاندەران تێیدا گرددەبنەوە، بە وەرچەرخانێکی تازەی خۆپیشاندانەکانی بەهاری عەرەبی و بە خاڵی هاوبەشی نێوان خۆپیشاندانەکان لە قەڵەمدەدرێت. کۆبوونەوەی خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانە گشتییە گرنگەکاندا، وەک گۆڕەپانی تەحریر لە قاهیرە، گۆڕەپانی ساحەی خەزرا لە لیبیا، گۆڕەپانی تەحریر لە سەنعای پایتەختی یەمەن، گۆڕەپانی لوئلوئە لە بەحرێن، گۆڕەپانی ئیرادە لە کوێت و دواجار سەرای ئازادی لە سلێمانی، سیمای هاوبەشی سەرجەم خۆپیشاندانەکان بووە. زۆرجار ئەم گۆڕەپانانە رەمزیەتی مێژویی خۆیان هەیە، ئەمە جگە لەوەی پانتاییەکی بەرفراوانەو جێگای گردبوونەوەی ژمارەیەکی زۆری خۆپیشاندەر دەبێتەوەو خۆپیشاندەر بە ئاسانی دەگاتە گۆڕەپانەکە و دەزگاکانی راگەیاندن و کەناڵە میدیاییەکان دەتوانن بە جوانی روماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن. هەروەها ئەو گۆڕەپانانە شوێنێکی ستراتیژییەو چەندین شەقامی گرنگی وڵات بەیەکدەبەستێتەوە. گرنگی ئەم گۆڕەپانانە، وا دەکات زۆرجار دەسەڵاتداران رێگە نادەن خۆپیشاندەران ئەو گۆڕەپانانە بەکاربێنن و هەمو گردبوونەوەیەک لەو گۆڕەپانانەدا قەدەغە دەکەن.

سێیەم/ رێکخستنی ئاپۆرای خۆپیشاندەرو ئاراستەکردنی: خۆپیشاندانەکانی وڵاتانی عەرەبی، لەبەر ئەوەی رۆژانە روویدەدا، بۆیە چیتر خۆپیشاندانێکی عەفەوی نەبوو، بەڵکو خۆپیشاندانێک بوو پێویستی بە رێکخستن و ئاراستەکردن و مۆبیلیزەکردن هەبوو. زۆرجار ئەم رێکخستنە لە رێگەی سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەنجامدەدرا، ئەمە وای دەکرد چاودێریکردنی گردبوونەوەی خۆپیشاندانەکان-لەلایەن دەسەڵاتەوە- زەحمەت بێت، یان خۆپیشاندەران دەیانتوانی بە ئاسانی و بە خێرایی شوێنگۆڕکێ بکەن.

خۆپیشاندان لە بەشێکی جیهاندا بوونی هەیەو زۆربەشیان پەیوەستن بە مەسەلە سیاسییەکانەوەو داواکاری سیاسییان هەیە. بڵاوبوونەوەی خۆپیشاندانەکان لە جیهاندا، وایکرد دەسەڵاتداران پەنا ببەنە بەر دەرکردنی یاسای خۆپیشاندان، بەو هیوایەی لە رێگەی ئەم یاسایەوە کاریگەری خۆپیشاندانەکان کەم کەنەوە یان ئاستەنگ و بەربەست بخەنە بەردەم ئەنجامدانی. یاسای خۆپیشاندان یاسایەکی تازەیەو دەیەوێت سیفەتێکی یاسایی بدات بە خۆپیشاندانەکان، ئەگەر خۆپیشاندانەکان پابەندی بڕگە و مادەکانی یاساکە بوون، ئەوا لەلایەن پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانەوە پارێزگارییان لێدەکرێت. خۆ ئەگەر پابەندی یاساکە نەبوون، ئەوا دەکرێت بە زەبری هێزو لە رێگەی بەکارهێنانی تووندوتیژییەوە رێگری لە خۆپیشاندانەکە بکرێت. لە یاسای خۆپیشاندانی زۆرێک لە وڵاتەکاندا هاتووە: پێویستە پێش ئەنجامدانی خۆپیشاندان، مۆڵەتی بۆ وەربگیرێت و کات و شوێن و ماوەی خۆپیشاندانەکەش دەستنیشان بکرێت. هەر خۆپیشاندانێک مۆڵەتی یاسایی نەبوو، بە خۆپیشاندانێکی نایاسایی لەقەڵەم دەدرێت و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان دەستکراوەن بۆ رێگریکردن لە ئەنجامدانی. شارەزایان بوونی ئەم جۆرە مەرجە بە وەرگرتنی مۆڵەت، بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە دەسەڵات نایەوێت هەر کەس و دەستەو گروپ و حیزبێک بیەوێت خۆپیشاندان بکات، رێگەی پێبدات. واتە دەسەڵات دەیەوێت لە رێگەی وەرگرتنی مۆڵەت بۆ خۆپیشاندان، هەر لە سەرەتاوە مۆڵەتەکە نەدات و خۆپیشاندانەکە ئەنجام نەدرێت. وەرگرتنی مۆڵەت بیانوو یان پاساوێکە بە دەست دەسەڵاتەوە، بۆ ئەوەی هەمیشە رێگری لە خۆپیشاندان بکات.

هۆکارەکانی خۆپیشاندان

لە راستیدا هۆکارگەلێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان خۆپیشاندانی لە پێناودا بکەن، بەڵام ئەم هۆکارانە لە سیستمێکی سیاسییەوە بۆ سیتمێکی دیکە جیاوازەو مامەڵەکردنیش لەگەڵ خۆپیشاندەران جیاوازە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لە زۆربەی وڵاتان و لە بەشێکی زۆری سیستمە سیاسییە جیاوازەکاندا، کۆمەڵێ هۆکاری گشتی و هاوبەش هەیە کە وا دەکات خەڵکی بێنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان بکەن. هەمو خۆپیشاندانێک ئامانج و مەبەستێکی دیاریکراوی لە پشتە کە زۆرجار ئەو مەبەست و ئامانجە، لە زۆربەی وڵاتاندا هاوبەشە، لەوانە:

1-داواکردنی خەڵک بۆ وەرگرتنی مافە شەرعییەکانیان، ئەم خاڵە بە گەورەترین هۆکاری روودانی خۆپیشاندانەکان دادەنرێت.

2-بوونی گەندەڵی زۆرو پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتدا.

3-نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەتایی وەک ئاو و کارەباو خراپی رێگاو بانەکان.

4-رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخ و زیادکردنی باج لەسەر کاڵاو کەلووپەلەکان.

5-بەشداریکردنی خەڵکی لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرکردنی پرسێک یان قەیرانێک.

6-خستەڕووی کێشەیەک بۆ بەردەم رای گشتی.

7-پاڵپشتیکردنی کەسێک یان گروپێک کە ڕووبەڕووی کێشەیەک یان سوکایەتیەک یان گرتنی ناڕەوا بوونەتەوە.

8-رێگریکردن لە جێبەجێکردنی یاسایەک کە جێبەجێکردنی زەرەری گشتی لێدەکەوێتەوە.

9-بەهەدەردانی سامانی گشتی و بردنی لەلایەن نوخبەیەکی دەسەڵاتدارەوە.

10-ئەنجامدانی کاری تەزویرو ساختەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا و دەستکاریکردنی ئەنجامەکان.

11-مانەوە لە دەسەڵاتداو کار نەکردن بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە.

چۆنیەتی رێکخستنی خۆپیشاندانەکان

یەکێک لەو کێشانەی کە خۆپیشاندانەکان بە دەستییەوە دەناڵێنن، بریتییە لە رێکنەخستنی و ئاراستە نەکردنی بە شێوەیەکی گونجاو. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە: ئایا ئۆپۆزسیۆنی وڵات، پارت و حیزبە ناڕازییەکان، ئەوانەیان کە لە گۆڕەپانی سیاسیدا قورسایی جەماوەرییان هەیە، چ رۆڵێکیان لە خۆپیشاندانەکاندا هەیە؟ هەندێک لە شارەزایان پێیانوایە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان، سەبارەت بە خۆپیشاندانەکان، نەفەسێکی کورت مەودایان هەیە و ناتوانن بە هەمان ئەندازەی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان، بەردەوامی بە خۆپیشاندانەکان بدەن و فراوانتری بکەن، یان تەنها لە وەرزی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیدا، بیر لە خۆپیشاندان و هاتنە سەر شەقامەکان دەکەنەوە، ئەمەش وەک بانگەشەیەک بۆ هەڵبژاردن ئەنجامدەدەن. هەندێک لە شارەزایان پرسیاری ئەوە دەکەن بۆچی بۆ نموونە لە میسر، بە هەمان ئەندازەش لە کوردستان، خۆپیشاندانەکان ئامانجەکانی بەدیناهێنێت، رێژەی سەرکەوتنەکانی نزمە؟ بگرە راستتر بۆچی خۆپیشاندانەکان لە هەندێک شوێندا، بێ مەبەست و ئامانجێکی دیاریکراو روودەدەن و هیچ بە هیچ ناکەن؟

شارەزایان پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە، پرسیارێکی دیکە دەکەن و دەڵێن: پێش ئەوەی باسی رۆڵی ئۆپۆزسیۆن بکرێت، دەبێت پرسیاری ئەوە بکەین ئایا دەوڵەت یان دەسەڵاتی فەرمانڕەوا، بە راستی باوەڕیان بە ئازادی بیروڕا دەربڕین هەیە؟ ئایا لە بنەڕەتدا مافی گوزارشتکردن لە وڵاتدا لە رێگەی خۆپیشاندان و رێپێوان و ناڕەزایی دەربڕینەوە، بوونی هەیە؟ ئەگەر گوێ لە دەمی بەرپرسانی وڵات و سەرۆکی حکومەت و وتەبێژەکەی بگرین، بەڵێ باوەڕیان پێیەتی. کەچی لەسەر زەمینی واقیع و ئەوەی لە واقیعدا روودەدات و بە چاوی ئاسایی دەیبینین، شتێکی دیکەمان پێدەڵێت زۆر دوورە لە وەڵامی بەرپرسان و سەرۆک و وتەبێژی حکومەت. ئەوەی دەیبینین خۆپیشاندەران رووبەڕووی لێدان و گرتن و راوەدونان و تەنانەت کوشتن و برینداربوون دەبنەوە، ئەوەی لە شاشەو کەناڵەکانەوە دەیبینین و دەیبیستین، ئەوەیە نەخێر دەسەڵاتداران لە بنەڕەتدا باوەڕیان بە ئازادی بیروڕا لە رێگەی خۆپیشاندانەوە نییە. نەخێر دەسەڵات نایەوێت خەڵکی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بێنە سەر شەقامەکان. ئەم حاڵەتەیە وایکردووە خۆپیشاندانەکان لە هەندێک وڵاتدا، ئامانجی خۆی بەدینەهێنێت و کورتمەوداو تەمەن کورت بێت و بەردەوام نەبێت. لێرەوە بۆ ئەوەی خۆپیشاندانەکان خۆپیشاندانی ساتەوەختی کورت کورت و پچڕ پچڕ نەبێت، بۆ ئەوەی خۆپیشاندانی عەفەوی و کەم کاریگەر نەبێت، پێویستە بۆ رێکخستنی خۆپیشاندانەکان و کاریگەرییەکەی، کۆمەڵێ هەنگاوی سادە بگیرێتە بەر، لەوانە:

1-پێش بانگەشەکردن بۆ هەر خۆپیشانداێک، پێویستە هۆکاری بانگەشەکردنەکە و ئامانجی خۆپیشاندانەکە بە ڕوون و ئاشکرایی دەستنیشان بکرێت. پلانێک دابنرێت دەربارەی شوێنی خۆپیشاندانەکە، کاتی خۆپیشاندانەکە، ئەو شەقامانەی خۆپیشاندانەکەی پێدا دەڕوات. پێویستە رێگای خۆپیشاندانەکە بە جۆرێک بێت لە کاتی روودانی رووبەڕووبوونەوە، خۆپیشاندەر بتوانێت بە ئاسانی خۆی دەرباز بکات. واتە نابێت خۆپیشاندان رێگاو شەقامی تەسک و باریک بگرێتەبەرو باشترە رێگا فراوان و پانەکان بەکاربێنێت.

2-پێویستە لیژنەیەکی بەرپرس بۆ رێکخستنی خۆپیشاندانەکە دروست بکرێت، ئەم لیژنەیە هەم سەرپەرشتی خۆپیشاندانەکە دەکات هەم دروشم و بەیاننامەکانی تایبەت بە خۆپیشانداکە ئامادە دەکات. متمانە و دڵنیایی دەبەخشێت بە خۆپیشاندەری تازە کە پەیوەندی بە خۆپیشاندانەکەوە دەکەن. باشترە جلوبەرگی ئەندامانی ئەم لیژنەیە جیاواز بێت و عەلامەتی تایبەتیان پێبێت و بە ئاسانی بناسرێنەوە، تا لە کاتی بوونی هەر کێشەیەکدا پەنایان بۆ ببرێت و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە.

3-پێویستە سەبارەت بە رێڕەوی خۆپیشاندانەکە و جۆری دروشمەکانی و شوێنی گردبوونەوەکە، پلانی یەدەک هەبێت و تێیدا حسابی بارودۆخی نەخوازراوی لەناکاو کرابێت.

4-باشترە لە ریزی خۆپیشاندانەکاندا زیاد لە پزیشکێک و کارمەندی تەندروستی هەبێت، پێویستە جانتایەک بە پێداویستی فریاگوزاری پزیشکی بە کەسێک هەبێت کە لیژنەی سەرپەرشتی خۆپیشاندانەکە دەستنیشانی کردووەو توانای تیمارکردن و چارەسەرکردنی حاڵەتی ناکاوی هەبێت، لە نموونەی برینداربوون، بوورانەوە، تەنگەنەفەسی.

5-باشترە ریزەکانی خۆپیشاندان بە شێوەیەکی روون رێکبخرێت، بە جۆرێک باشترین کاریگەری هەبێت. بۆ نموونە ئافرەتان و بەساڵاچووان و خاوەن پێداویستی تایبەت، لە ریزی پێشەوەبن، ئەمەش لەبەر دوو هۆکار: یەکەم بوونی ئەوان لە ریزی پێشەوە، رێگری دەکات لەوەی هێزە ئەمنییەکان تووندوتیژی بەکاربێنن. دووەم ئەگەر هێزە ئەمنییەکان بوێری ئەوەیان کرد تووندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و بەساڵاچووان و خاوەن پێداویستی تایبەت بەکاربێنن، ئەوا خۆپیشاندانەکە هاوسۆزی گەورەو دەنگدانەوەی زۆرتر بەدەستدەهێنێت، دەرفەت بۆ میدیاکان دەڕەخسێنێت زۆرترین وێنەی پێشێلکاری هێزە ئەمنییەکان بگرن و بیگوازنەوەو بڵاویبکەنەوە. ئەمە وا دەکات پشگیری و هاوسۆزی زیاتری ناوەوەو دەرەوە بۆ خۆپیشاندانەکە بێتەئارا.

6-پێویستە لیژنەی سەرپەرشتی خۆپشاندانەکە، بڕێکی باش لە بوتڵی ئاو دابین بکات و ژمارەیەک گەنج بە دابەشکردنی ئاو راسپێرێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە هەر خۆپیشاندەرێک هەستی بە تینوێتی کرد، نەڕوات و خۆپیشاندانەکە جێنەهێڵێت. ئەمە جگە لەوەی دابەشکردنی ئاو دەرفەتی تێکەڵاوبوون و دروستکردنی دۆخێکی کۆمەڵایەتی تەندروست لە نێوان خۆپیشاندەراندا دێنێتەئاراوە.

7-دەستبەجێ هەمو ئەو کەسانە دوورخرێنەوە کە لە پلانی پێشوەختی خۆپیشاندانەکە دەردەچن و دەیانەوێت خۆپیشاندانەکە بە لایەکی دیکەدا بەرن، بۆ نموونە ئەوانەی دەیانەوێت و بەنیازن پێکدا هەڵپژان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دروست بکەن، یان دروشمێک دەڵێنەوە جیاواز لەوەی خۆپیشاندانەکە لەسەری رێککەوتوون.

8-رەچاوکردنی سروشتی کۆمەڵگاو ئەو شوێنەی خۆپیشاندانەکەی تێدا دەکرێت، واتە دوور کەوتنەوە لە قسەی ناشرین و تەشهیرو سوکایەتی کردن.

9-لیژنەی سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەکە، پێویستە پرۆسەی هاتوچۆی هاوڵاتیان و ئۆتۆمۆبیل لەبەرچاو بگرێت، چونکە یەکێک لەو رەخنەو گلەییانەی ئاراستەی خۆپیشاندانەکان دەکرێت بریتییە لە پەکخستنی هاتوچۆ. لەبەر ئەوە پێویستە لیژنەی سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەکە کارێک بکات رێگاو شەقامەکان بە رووی هاتوچۆی ئۆتۆمۆبێل و هاوڵاتیاندا دانەخرێت. هەنگاوێکی لەم جۆرە، وا دەکات شۆفێرو سەرنشینی ئۆتۆمۆبێلەکانیش هاوسۆزو پشتگیری خۆپیشاندانەکان بکەن. جگە لەوە ئەو ئینتیباعە بە خۆپیشاندانەکە دەدات کە ئاژاوەگێڕی نییە و بە شێوەیەکی باش و رێکوپێک بەرێوەدەچێت.

10-پێویستە چەند کەسێکی تایبەت بۆ وتنی دروشمەکان دەستنیشان بکرێن، دەبێت پێشتر دروشمەکانی ئەو خۆپیشاندانە ئامادە کرابن و نابێت لە کاتی خۆپیشاندانەکەدا لەو دروشمانە لابدرێن و دروشمی تازە بووترێنەوە. نابێت هەر خۆپیشاندەرێک بێت و دروشمی تایبەت بە خۆی بڵێت. هەمو خۆپیشاندانێک داواکاری دیاریکراوی خۆی هەیە، بۆیە پێویستە خۆپیشاندانەکە دوور کەوێتەوە لە دروشمی گشتی و قەبە.

11-بۆ رێکخستنی باشتری خۆپیشاندانەکە، پێویستە خۆپیشاندانەکە پابەندی ئەو بانگەشەیە بێت کە پێشتر بڵاویکردووەتەوەو لێی لا نەدات. بەو مانایەی ئەگەر بۆ نموونە بڕیارە خۆپیشاندان لە شوێنێکی دیاریکراودا ئەنجامبدرێت و رێڕەوێکی تایبەتی بۆ دیاریکراوە پێیدا بڕوات، ئەوا نابێت شوێنەکە و رێڕەوەکەی گۆڕانی بەسەردا بێت، یان بۆ نموونە بڕیارە خۆپیشاندانەکە 3 رۆژ بخایەنێت، نابێت لەو 3 رۆژە کەمتر یان زیاتر بێت.

12-پێویستە بەیاننامەیەکی روون و ئاشکرا، بە زمانێکی پوخت و سادە ئامادەکرابێت و تێیدا ئامانج و داواکاری خۆپیشاندانەکە روونکرابێتەوەو بەسەر خۆپیشاندەرەکاندا بڵاوکرابێتەوە، دەکرێت خاڵەکانی ناو بەیاننامەکە لەگەڵ رێبواران و هاوڵاتیانی دەرەوەی خۆپیشاندانەکە گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، بە مەبەستی پەیوەندیکردنی زیاتری هاوڵاتیان بە خۆپیشاندانەکە و فراوان کردنی.

13-لیژنەی سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەکە لەسەریەتی بانگهێشتی سەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندن بکات، تا بێن و رووماڵی بکەن، نابێت بە هۆی ئینتیمای حیزبییەوە یان بە هۆی نزیکی لە دەسەڵاتەوە، هیچ کەناڵێکی میدیایی فەرامۆش بکرێت.

14-باشترە دروشم و لافیتەکان شێوەیەکی موەحەدیان هەبێت، دەبێت دروشمەکان زۆر بە وریاییەوە هەڵبژێردرابن، وێنە و سمبولەکان دەبێت روون و ئاشکرابن و هیچ ئاڵۆزییەکیان تێدا نەبێت.

15-کورد بە سروشتی خۆی حەزی لە نوکتەو قسەی خۆشە، بۆیە باشترە خۆپیشاندانەکە هەندێک دیمەنی کۆمیدی و پێکەنینئامێزی تێدابێت کە گوزراشت لەناوەرۆکی خۆپشاندانەکە بکات.

١٦-پاراستن و پارێزگاریکردن لە موڵکی گشتی، چونکە دواجار ئەو موڵکە گشتییە بۆ میللەت دەگەڕێتەوە، ئەگەر ئەو موڵکە گشتییە تێکدراو وێرانکرا، ئەوا زەرەرمەندی یەکەم و کۆتایی هەر میللەتە.

هۆشیاری میللەت بۆ ئامانجی خۆپیشاندان

لە سەردەمی ئەمڕۆماندا، هیچ ئامرازێک بۆ گوزارشتکردن و دەربڕینی ناڕەزایی بە شێوەیەکی بەهێزو خێرا، لە خۆپیشاندان باشتر نییە. لەبەر ئەوە کۆمەڵێک یاسای نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بۆ پارێزگاریگردن لەم مافە دەرچووەو رێگەنادات سیستمە ستمگەرەکان قەدەغەی بکەن. بەڵام پێویستە لەسەر هەمووان ئەوەیان لەبەرچاوبێت کە دەبێت پابەندی یاساکانی خۆپیشاندان بن، وەک چۆن سیستمی سیاسی نابێت لە رێگەی هێزەوە سەرکوتی خۆپیشاندانەکان بکات، بە هەمان شێوە نابێت خۆپیشاندەران تووندتوتیژی بنوێنن. لێرەدا گرنگترین خاڵ بریتییە لە بەڕێوەچونی ئاشتیانەی خۆپیشاندانەکە و دەست درێژ نەکردنەسەر موڵکی تایبەتی خەڵک و موڵکی گشتی دەزگاکانی حکومەت. هەر رەفتارێک لەم چوارچێوە ئاشتیانەی خۆپیشانداندا دەرچوو، وا دەکات خۆپیشاندانەکە تووندوتیژی لێبکەوێتەوەو بە دەرچوون لە یاسا ئەژمار بکرێت و خاوەنەکەی دووچاری لێپرسینەوە ببێت.

لێرەوە هۆشیاری میللەت سەبارەت بە ئاشتیانەی خۆپیشاندانەکان، گرنگەو بایەخی بەرچاوی هەیە. خۆپیشاندان شێوازێکی شارستانی سەردەمیانەیە بۆ بەدیهێنانی داواکارییە رەواکان. بەڵام هەندێکجار خۆپیشاندان بە ئاقارێکی هەڵەدا دەبرێت، ئەجێندای دەرەکی و ناوەکی تێکەڵ دەکرێت و بەلاڕێدا دەبرێت، بۆ یەکلایکردنەوەی حساباتی سیاسی نێوان نەیارە سیاسییەکان بەکاردێت، ئەمەش بە زەرەرو زیانی میللەت تەواودەبێت. ئەم خاڵەیە وا دەکات سەرجەم خۆپیشاندەران وریابن و نەکەونە داوی ئەو هەڵانەوە کە خۆپیشاندانەکە بۆ ئامانجی لاوەکی و ناڕوون دەبات و لە بنەڕەتدا ئامانجی خۆپیشاندەران نییە. خۆپیشاندانی ئاشتیانەو دوور لە کاری تێکدان و سوتان، دەسەڵات ناتوانێت سەرکوتی بکات و هێز بۆ رێگریکردنی بەکاربێنێت.

نموونەیەک لەسەر خۆپیشاندانی ئاشتیانە

سەروەختێک ئینگلیز لە هندستان کۆمەڵێک یاسای دەرکرد، لە یاساکاندا بە ئاشکرا خەڵکی هندستان دەچەوسێنرانەوە، هەر بۆیە مهاتەما گاندی بڕیاریدا لە هەمان ئەو رۆژەی یاساکان دەچنە بواری جێبەجێ کردنەوە، خۆپیشاندانی مەدەنی بەرپا بکات. رۆژی 6 ئەبریلی ساڵی 1919، رۆژی جێبەجێکردنی یاساکان و لە هەمانکاتدا رۆژی بەرپاکردنی خۆپیشاندانە مەدەنییەکەی گاندی بوو. دوای حەوت رۆژ، واتە لە رۆژی 13 ئەبریلی 1919 کوشتوبڕی (امریستار) روویدا. یەکێک لە ئەفسەرە ئینگلیزەکان کە ناوی جەنەڕاڵ (دایر) بوو، فەرمانی گەمارۆدانی باخچەیەک لە باخچە گشتییەکانی شاری (امریستار) دا، دواتر فرمانی بە سەربازەکان دا تەقە لە خۆپیشاندەرانی ناو باخچەکە بکەن، زیاد لە 5000 هەزار فیشەک تەقێنران، لە ئەنجامدا 379 کەس کوژران، زیاد لە 1500 کەس بریندار بوون. ئەو کارەساتە بە هەمو پێوەرێک قەسابخانە بوو، لە ئاکامدا جەنەڕاڵە ئینگلیزەکە دادگایی کرا.  ئەوەی لەم مەسەلەیەدا جێگای تێڕامانە، ئەوەیە خەڵکی هیندستان پابەندبوونی خۆیان بە ئاشتیانەی خۆپیشاندانەکە هێشتەوە کە کۆڵەکەیەکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی خۆپیشاندان. هیچ کەسێک هەوڵی نەدا وەڵامی دڕندەیی و تووندوتیژی دەسەڵاتی داگیرکەر، بە تووندوتیژی و کوشتن و بڕین بداتەوە. خۆپیشادان بە شێوەیەکی ئاشتیانە بەردەوام بوو، تا لە ساڵی 1922 رووداوێکی دیکە روویدا. لەم رووداوەدا و لە یەکێک لەو رێپێوانانەی بۆ رزگاربوونی هندستان لە چنگی ئینگلیز رێکخرابوو، ژمارەیەک پۆلیس لە خۆپشاندەرێکی موسڵمانیان دەدا. کاتێک خۆپیشاندەران زانییان یەکێک لە هاوڕێکانیان لەلایەن پۆلیسەوە لێیدراوە، بۆ تۆڵەکردنەوە کەوتنە دوای پۆلیسەکان، پۆلیسەکان لە ترسی گیانی خۆیان، رایانکردو خۆیان کرد بە مەخفەرە تایبەتەکەی خۆیانداو بە باشی دەرگاو پەنجەرەکانیان داخست. بەڵام خۆپیشاندەران رانەوەستان و ئاگریان لە مەخفەرەکە بەردا، ئەمە وایکرد ئەوەی لەناوەوەی مەخفەرەکەدا بوو، بە پلە بێتە دەرەوەو دەرئەنجامی ئەو هاتنە دەرەوەیەش هەرچییەک بێت بەلایەوە گرنگ نەبوو. بەم شێوەیە ئەوەی لە پۆلیسەکان کوژرا کوژراو ئەوەی بریندار بوو بریندار یوو. ئا لێرەدا هەڵوێستی گاندی دەردەکەوێت کە شایەنی رێزگرتن و توێژینەوەیە، گاندی بڕیاریدا دەمودەست کۆتایی بە خۆپیشاندانە مەدەنییەکە بهێنرێت. چونکە خۆپیشاندەران تووندوتیژییان دژ بە پۆلیسەکان بەکارهێنا.

پرنسیپەکانی خۆپیشاندان

شارەزایانی بواری خۆپیشاندان، پێنج پرنسیپیان بۆ خۆپیشاندان دەستنیشان کردووە کە بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە:

1-پابەندبوون بە ئاشتیانەی خۆپیشاندانەکە، ئەگەر چی توندوتیژی و بەکارهێنانی هێز لەلایەن دەسەڵاتەوە بگاتە ئاستی کوشتن و بریندارکردنی خۆپیشاندەران.

2-نابێت و ناکرێت کوڕو کاڵی وڵات بەیەکدا هەڵپژێن، نابێت لەژێر هیچ پاساو بیانویەکدا بکەونە گیانی یەکتر.

3-میللەت نابێت رقی لە دەسەڵاتی فەرمانڕەوا بێت، پێویستە خۆشەویستی بۆ هەموو لایەک دەرببڕن، پێویستە لە بەرامبەر رقی دەسەڵاتداران، ئەمان خۆشەویستیان لەگەڵدا بگۆڕنەوە.

4-نابێت خۆپیشاندان هیچ جۆرە کارێکی تێکدەرانەی لێبکەوێتەوە.

5-نابێت هاوڵاتیانی بەشدار لە خۆپیشاندانەکە، لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ دەسەڵاتدا، بە هیچ جۆرێک چەک بەکاربێنێت.

سەرچاوەکان:

http://www.ahewar.org

http://mawdoo3.com

http://www.ahl-alquran.com

http://www.siyassa.org.eg

http://www.youm7.com

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

7,373 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...