دیموکراسی و بنەماکانی و جۆرەکانی

دیموکراسی و بنەماکانی و جۆرەکانی

پێشەکی

یەکێک لەو چەمکانەی ساڵانێکی زۆرە هاتووەتە نێو فەرهەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردییەوە، چەمکی دیموکراسییە. حیزب و پارتە سیاسییەکان، رۆشنبیران و ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ سیاسەتدا هەیە، لە نووسین و ئەدەبیاتی خۆیاندا، باسیان لەم چەمکە کردووە. جگە لەوە زۆن ئەوانەی رۆژانە، لە میدیا جیاواز جیاوازەکانەوە، گفتوگۆو قسەوباس لەسەر ئەم چەمکە دەکەن و بەکاریدەهێن. ئەم نووسینەی ئێمەش، هەوڵێکی سادەو سەرەتایانەیە بۆ بەشداریکرن لەو گفتوگۆو قسەوباسانەی لەسەر دیموکراسی دەکرێت، بە ئوێدی دەوڵەمەندکردنی زیاتری ئەم چەمکەو روونکردنەوەی وردتری.

لە واقیعدا راستە لە کۆمەڵگای ئێمەدا، رۆژانە گفتوگۆو قسەوباس لەسەر ئەم چەمکە دەکرێت، بەڵام لەسەر ئاستی پراکتیککردن و مومارەسەکردنی، زۆرجار لای رۆشنبیران و ئەدیبان و ئەکادیمیستەکان، تەنها وەک خەونێک لێیدەڕوانن. لای نوخبەی سیاسیش، وەک ئامانجێکی سەخت و دژوار تەماشا دەکرێت. هۆکاری ئەوەش زۆرە، لێ رەنگە یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکان ئەوەبێت، لە کۆمەڵگای ئێمەدا، جۆرێک لە سیستم و عەقڵیەت پەیڕودەکرێت کە ئیعتیبارێکی گەورە زیاتر بۆ کەسەکان/شەخسەکان دادەنرێت، تا دەستورو یاساو پرنسیپەکان و رۆحی هاوڵاتیبوون و بەشداریی کۆیی، هەمو ئەوانە دەکرێنە قوربانی دەسەڵاتی تاکە کەسێک یان حیزبێک یا بنەماڵەیەک. لێرەدا باوک چۆن لە ناو خێزاندا، خاوەنی دەسەڵات و هێزە، مامۆستا لە قوتابخانە زاڵە بەسەر قوتابییەکانیدا، مەلای مزگەوت کۆنترۆڵی جەماعەتی بەر مایکەکەی کردووە، بەرپرسی یەکەمی زانکۆ باڵادەستی خۆی بەسەر زانکۆکەدا سەپاندووە، ریش سپی خێڵ خاوەنی قسەی یەکەم و کۆتاییە، سکرتێری سەندیکا یان حیزب بە تەنها خۆی بڕیارەکان دەردەکات...هتد. هەمو ئەم حاڵەتانە و هەمان ئەم وێنە باوەی ناو کۆمەڵگا، بەئاسانی گواستراوەنەتەوە بۆ کایەی سیاسی و حوکمڕانی. هەر بۆیە دەبینین سەرۆک و سەرکردەکان، تا لە ژیاندا مابن، هەر بە سەرۆک و سەرکردە دەمێننەوە، چ بە زۆربێت، یان بە تەعینکردنێکی هەمیشەیی، یا بە سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی یا بە کۆدەنگی بۆ مانەوەی و دەیان شێوەی دیکە.

بێگومان هەر کۆمەڵگایەک یان دەزگایەک یا سەندیکاو رێکخراوێک، ئەگەر بە دەست دیاردەی شەخس پەرستییەوە گیریخواردبێت، یا هەوڵی زاڵکردنی دەسەڵاتی شەخسێک بدات، یا هەر شێوە دەسەڵاتێکی دیکە کە تێیدا بەشداریی راستەقینەی ئەندامەکانی لە ئاستێکی هەرە نزمدابێت، ئەوە ئەو کۆمەڵگایە یان دەزگایە یا سەندیکایە خاڵی نییە لە ستمگەرایی و خۆسەپاندن. ئەگەرچی بانگەشەی دیموکراسی دەکات و سیفەتی دیموکراسی بە بەرخۆیدا دەکات. لەم حاڵەتەدا دیموکراسی تەنها وەک چەمک و وەک شکڵێکی بێ ناوەرۆک ئامادە دەبێت و لە جەوهەردا بوونی نییە. کەواتە با بزانین دیموکراسی چییە و جۆرو بنەماکانی چین.

دیموکراسی چییە؟

پرسیارێکی سادەیە، بەڵام هەڵگری کۆمەڵێ پێناسەی جیاوازە، بۆچی؟ چونکە دیموکراسی بە حوکمی ئەوەی بەردەوام لە گەشەکردن و گۆڕانکاریدایە، پێناسەی جۆراو جۆر وەردەگرێت و لەسەر یەک جۆر پێناسە راناوەستێت و جێگیر نابێت. ئەسڵی وشەکە بۆ زمانی یۆنانی دەگەڕێتەوە کە بە مانای (حوکمی گەل) دێت. لێ ئەم مانایە دوای تێپەڕبوونی بە قوناغە مێژووییەکاندا و دوای بڕینی ئەو سەدان و هەزاران ساڵەی تەمەنی و گەشتنی بە ئێستا، گۆڕانی بەسەردا هاتووەو مانای تازەی وەرگرتووە. لە سەدەی شەشەمی پێش زاین و لە شاری ئەسینای یۆنانی، حوکمڕانی بە جۆرێک بوو کە پێیدەوترێت دییموکراسی راستەوخۆ، ئەمەش لە کۆبوونەوەی پیاوەکان (بێ ئافرەتەکان) لە ئەنجومەنێکدا کە لە گۆڕەپانێکی گشتیدا کۆدەبوونەوە روویدەدا، لەوێدا پیاوەکان پێشنیاری یاساکانیان دەکرد (واتە وەک دەسەڵاتی یاسادانان)، پاشان هەندێک لە ئەندامانی خۆیان هەڵدەبژارد تا ئەوەی لەسەری رێکەوتوون جێبەجێی بکەن (واتە وەک دەسەڵاتی جێبەجێکردن).

ئاشکرایە فەیلەسوفانی یۆنان، لە نمونەی ئەفلاتون و ئەرستۆ، رەخنەی توندیان لەو شێوازەی دیموکراسی گرتووە، بە حوکمی نەزانەکان و هەرچی و پەرچییەکان وەسفیان کردووەو بانگەشەیان بۆ  حوکمی فەیلەسوفەکان یان حوکمی عاقڵمەندەکان دەکرد. چەمکی دیموکراتی بە مانای حوکمی گەل، تەنها دوای تێپەڕبوونی چەندین سەدە، رەونەق و درەوشانەوەی خۆی وەرگرت، لە کوێ؟ لە خۆرئاوا. پیادەکردنی دەیموکراسی لەلایەن خۆرئاواوە، وەک پەرچەکردارێک وا بوو دژ بە سیستمی پاشایەتی و فیوداڵی و دەسەڵاتی رەهای کڵێسا و هەمو ئەو شێوازانەی دیکەی ستەمگەری و چەوسانەوەو بەسوک تەماشاکردنی گەلان و هاوڵاتیان کە لەو رۆژگارەدا لە خۆرئاوا باڵادەست و باو بوو.

مەسەلەکە هەرچۆنێک بێت و پێناسە کۆن و تازەکانی دیموکراسی هەرچییەک بێت، هەمویان لەدەوری یەک پرنسیپ دەسوڕێنەوە کە بریتییە لەوەی گەل سەروەری خۆی و چارەنوسی خۆیەتی. ئەوە گەلە دەسەڵاتداران و فەرمانڕەواکانی خۆی هەڵدەبژێرێت و چاودێرییان دەکات، گەل دەسەڵاتی گۆڕین و لابردنی دەسەڵاتداران و فەرمانڕەواکانیشی هەیە. ئا لێرەوە دەتوانین پێناسەیەکی تا رادەیەک گشتی بۆ دیموکراسی بکەین و بڵێین: بریتییە لە سیستمێکی سیاسی، بنەما سەرەکییەکانی ئەو سیستمە سیاسییە لە رێگەی یاسایەکی باڵاوە رێکدەخرێت کە پێیدەوترێت دەستور، تێیدا هەمو هاوڵاتییەک، نێر بێت یان مێ، پیربێت یان گەنج، نەخۆشبێت یان ساغ، بەشێوەیەکی یەکسان، مافی بەشداریکردنی لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتیدا هەیە. چۆن و بە چ شێوەیەک؟ لە رێگەی خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکان یان لە رێگەی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەوانەی وەک نوێنەری خۆیان دەستنیشانیان دەکەن. تا دواتر ئەم نوێنەرە هەڵبژێردراوانە، لە دەزگا فەرمییەکاندا، پلان و نەخشەی سیاسیی و ئابوریی و کۆمەڵایەتی و کەلتوریی و رۆشنبیریی وڵات داڕێژن کە گونجاوە لەگەڵ ویست و پێداویستییەکانی گەل دا.

پراکتییزەکردنی دیموکراسی، یەک وێنە و یەک شێوەی جێگیرو نەگۆڕی نییە. بەڵکو لە دەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتێکی دیکە جیاوازە، ئەم جیاوازییە خۆی لە چیدا دەبینێتەوە؟ دەتوانین ئاوا وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە: لە شێوازی گوزارشتکردن لە ئیرادەی گشتی، شێوازی هەڵبژاردنی دەزگا فەرمییەکانی وڵات، پرۆگرامی ئیشکردنەکانی ئەو دەزگایانە، ئامرازەکانی چاودێریکردنی ڕەفتارو کاروباری دەسەڵاتداران...هتد. بەڵام ئەو جیاوازیانە هەر چەندە زۆربن، هەمویان لە چوارچێوەی سیستمی دیموکراسیدا دەمێننەوە، ئەگەر بێت ناکۆک نەبێت لەگەڵ پرنسیپی سەرەکی دیموکراسیدا کە بریتییە لە حوکمی گەل بۆ خۆی و بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکانی. رێزگرتنی ئەو پرنسیپە چ لە رووی تیۆرییەوە یان یاساییەوە یان عەمەلییەوە، ئەوە سیستمی دیموکراسی لە سیستمەکانی دیکە جیادەکاتەوە.

بنەماکانی سیستمی دیموکراسی

ئەوەی لەسەرەوە باسکرا، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئیرادەی گەل جەوهەرو کرۆکی سیستمی دیموکراسییە. بەڵام بۆ هێنانە ئارای سیستمی دیموکراسی، بوونی دەستورێک بۆ رێخستنی دەسەڵاتەکانی دەوڵەت، بوونی دامودەزگا بۆ نوێنەرایەتی کردنی هاوڵاتیان، بوونی کۆمەڵێک یاسا رێگە بە فرەیی حیزبی و ئازادی رۆژنامەگەری بدات، بەس نییە. چونکە ئەو میکانیزم و دیاردانە، دوور نییە بەتاڵبن و تەنها واجیهەیەکی شکڵی بێ ناوەرۆک و چەواشەکارانەبن و لەگەڵ ناوەرۆکی راستەقینەی دیموکراسیدا لەسەر زەمینی واقیع دژبن. لێرەوە بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی راستەقینە، دوور لە هوتاف و قسەی بەتاڵ، هەندێک بنەمای سەرەکی هەیە کە لێرەدا بە کورتی دەیانخەینەڕوو:

یەکەم: ئازادی تاک و کۆمەڵ

ئازادی مافێکە هاوشانە لەگەڵ ژیانی ئادەمیزاد، مرۆڤ لە میانەی ئازادییەوە، دەتوانێت گوزارشت لە پێداویستی و حەزو ویست و ئومێدەکانی بکات، ئازادی وا لە کەسەکان دەکات سەربەستبن لە جۆری ئەو ژیانەی کە خۆیان دەیانەوێت و بە ویست و حەزی خۆیان دەستنیشانی بکەن و هەڵیبژێرن، چۆنیان بوێت ئاوا بژین و هیچ دەسەڵات و دەزگایەکی ئاینی یان ئایدۆلۆژی، نەتوانێت جۆرێکی تایبەت لە ژیانیان بەسەردا فەرزبکات. ئازدی تواناو وزە فیکری و داهێنانەکانی مرۆڤ دەتەقێنێتەوە، ئەو ئامرازانە دێنێتە ئاراوە کە تاک لە رێگەیانەوە دەتوانێت ئاستی گوزەرانی بەرزبکاتەوە. ئازادی یەکەم هەنگاوی گرنگە بۆ مرۆڤ، تا بتوانێت بیروڕای خۆی لەسەر ئەو رووداوانە دەربڕێت کە لە چواردەوریدا روودەدەن، بەرگری لە تێڕوانین و ئیمان و بڕواکانی بکات. بەهای ئازادی هێند گرنگ و بایەخدارە، بۆیە رستەی یەکەمی جاڕنامەی گەردونی مافەکانی مرۆڤ بەم شێوەیە دەست پێدەکات: هەمو خەڵک بە ئازادی لەدایکدەبن.

بەو پێودانگەی سەروەری گەل، حوکمی گەل، ئیرادەی گەل، بڕبڕەی پشتی سیستمی دیموکراسییە، بەڵام ئەم بڕبڕەی پشتە ناتوانرێت بە روون و ئاشکرایی گوزارشتی لێبکرێت، تەنها لە کەشوهەوایەکی ئازاد دا نەبێت، کەشوهەوایەکی ئازاد کە بەناو کۆمەڵگادا بڵاوبووبێتەوە و دەرفەت بۆ تاکەکان و گروپەکان بڕەخسێنێت، تا بێ قەیدو شەرت، گوزارشت لە بیروڕاو هەڵوێستەکانیان بکەن. دیدو بۆچوونەکانیان بێ فشارو ناچارکردن دەرببڕن، بێ ترس و هەڕەشەو تۆڵەکردنەوە رەخنە لە دەسەڵات و حوکمڕانان بگرن، بە ئازادی بەشداربن لە دروستکردنی پارت و گروپ و حیزبی سیاسی یان رێکخستنی سەندیکایی.

لەلایەکی دیکەوە، تاکەکان و گروپ و کۆمەڵەکان، ناتوانن چێژ لە ئازادی وەربگرن، تەنها لە رێگەی زامنکردنی ئازادی و دابینکردنی ئامرازەکانی گوزارشتکردنەوە نەبێت، لەوانە ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی بڵاوکردنەوەو دەرکردنی کتێب و گۆڤار، ئازادی دروستکردنی وێستگەی رادیۆو تەلەفیزیۆن و کەناڵی ئاسمانی، قۆرخنەکردنی ئامرازەکانی راگەیاندنی گشتی لەلایەن رای فەرمییەوە، یان لەلایەن یەک حیزب یان یەک ئاقاری سیاسییەوە، رەخساندنی دەرفەت بۆ بیروڕای جیاواز، ئازادی دەستگەیشتن بە زانیارییەکان، ئازادی کۆبوونەوەو رێپێوان و خۆپیشاندان، ئازادی مانگرتن لە کارو دەربڕینی ناڕەزایەتی. لێرەدا پێویستە ئەوە بڵێین شتێک نییە بە ناوی ئازادی رەها، ئازادی هەر تاکێک یان هەر گروپ و کۆمەڵەیەک، لەوێدا کۆتاییدێت کە ئازادی ئەوانی دیکە دەستپێدەکات. جگە لەوە ئازادی مانای فەوزاو ناپەرپرسیارەتی نییە، ناکرێت بە ناوی ئازادییەوە، دەستدرێژی بکرێتە سەر مافەکانی ئەوانی دی، یان کەرامەتی مرۆییان پێشێل بکرێت. لەبەر ئەوەیە هەندێکجار ئاوا پێناسەی ئازادی دەکرێت: توانای کەسێکە بۆ زەرەر نەگەیاندن بە کەسانی دیکە.

لەم تێڕوانینەوە، سیستمی دیموکراسی دێت و یاساکان بە جۆرێک دادەڕێژێت کە ئازادی تاک و گروپ و کۆمەڵەکان رێکدەخات، ئازادی دەکات بە ئامرازێک، مەشخەڵێک، بەدەست هاوڵاتی و دەزگاو رۆژنامەو میدیاکانەوە، تا بەشداربن لە پێشخستن و هەستانەوەو بوژانەوەی کۆمەڵگا. جگە لەوە ئەو رێوشوێنانەش دەگیرێتەبەر کە رێگە لە دروستبوونی فیتنەو ئاژاوەگێڕی و کاری تێکدەرانەو سوکایەتی کردن بە بەهاو کەرامەتی مرۆڤ دەکرێت. ئەو بنەمایانەش دادەڕێژێت کە بە شێوەیەکی یەکسان هەموان بگرێتەوە، بێ جیاوازیکردن لەسەر بنەمای نەتەوە، رەگەز، رەنگ، بڕوای ئاینی، مەزهەب، تائیفە، ئینتیمای سیاسی...هتد

لە راستیدا دانانی ئەو یاسایانەی کە زامنی ئازادیی تاک و گروپ و کۆمەڵەکان دەکات، دەستنیشان کردنی ئەو بنەمایانەی پەیوەستە بە مومارەسەکردنی ئازادی، بەس نییە. بەڵکو پێویستە ناوەرۆکەکانیان لەسەر ئەرزی واقیع رێزیان لێبگیرێت، رەنگبدەنەوە، لە ژیانی رۆژانەدا کاریگەرییان هەبێت، پێشێلنەکرێن، چونکە ئەو یاسایانەی رێزیان لێناگیرێت و لە کۆمەڵگادا کاریان پێناکرێت، بوونیان هیچ ئیعتیبارو هیچ بەهایەکیان نابێت. کەواتە سەروەختێک رێگری لە دەرچوونی رۆژنامەکان دەکرێت، رۆژنامەنووسان بە هۆی دەربڕینی بیروڕاکانیان کە بە دڵی دەسەڵاتدارن نییە زیندانی دەکرێن، رێگا لە خۆپیشاندان و گردبوونەوەکان دەگیرێت، نمایشە شانۆیی و هونەرییەکان دادەخرێن بەو پاساوەی رەخنە لە شێوازی حوکمڕانی دەگرن، سەرکوتکردنی رێپێوانە ئاشتیانەکان لەرێگەی بەکارهێنانی هێزو توندوتیژییەوە،هەمو ئەو دیاردانە ناکۆکە لەگەڵ سەرەتاییترین بنەمای دیموکراسی راستەقینە. بوونی ئەم دیاردانە، ئەو روخسارە ستەمگەرییە دەردەخات کە لە پشتی یاساکانەوە خۆی شاردووەتەوەو وا دەکات سیستمی دیموکراسی لە ناوەرۆکە گرنگەکەی خاڵیببێتەوە.

دووەم: فرەیی حیزبی

فرەیی و هەمەڕەنگی و جیاوازیی، دیاردەی سروشتین و لە هەمو کۆمەڵگایەکی مرۆڤایەتدا بوونیان هەیە، حاڵەتی تەندروستن و جێگای مەترسی نین، ئەگەر بەشێوەیەکی دیموکراسیانەو لە میانەی پرنسیپە دیموکراسییەکانەوە، مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. هەرچەندە بەها هاوبەشەکان لەنێو کۆمەڵگادا بڵاوبن، هەرچەندە رۆحی نەتەوەیی و نیشتیمانی زیاڵبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەرژەوەندی خەڵکی جیاوازو ناکۆکن، ویست و تەماح و بایەخ و ئومێدو گرنگیپێدانەکانی ژیانی رۆژانەیان لەیەکناچن، ئەو کێشانەی گروپێک خۆی پێیانەوە سەرقاڵ دەکات، چەندین دیدو بۆچونی جیاواز لەدەوری کۆدەبێتەوەو تێڕوانینەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە فرەجۆرو فرە رەنگە، شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکەدا جیاوازە.

ئەگەر سیستمی حوکمی تاکلایەنە یان تاک حیزب، وا دەکات تاک یان حیزب لە بری سەرجەم کۆمەڵگاو نەتەوە قسە بکات و خۆی بە نوێنەری هەموان بزانێت، بێ هیچ لەبەرچاوگرتنی جیاوازییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و ئاراستە فیکری و مەزهەبییەکان. ئەوا سیستمی دیموکراسی تەواو پێچەوانەی ئەو حاڵەتەیە. سیستمی دیموکراسی لەسەر بنەمای فرەیی و فرە رەنگی کاردەکات. حیزب و پارتە سیاسییە جیاوازەکان، سەرجەمیان گوزارشت لە فرەیی و هەمەڕەنگی کۆمەڵگا و چین و توێژە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا دەکەن. بێگومان ئەو حیزبانەی پرۆگرام و دیدو تێڕوانینیان، لە ویست و خواست و ئایندەی زۆرینەی کۆمەڵگاوە نزیکبێت، ئەوان زیاتر شەرەفی ئەوەیان پێدەبڕدرێت کە نوێنەرایەتی گەل بکەن.

حیزب وەک (Maurice Duverger) دەڵێت: ئامرازێکی سەرەکییە بۆ چالاکی سیاسی میللی لە دەوڵەتی مۆدێرندا، حیزب دیاردەیەکی سیاسییە، لەگەڵ دەرکەوتنی دیموکراسی لە کیشوەری ئەوروپا هاتەئاراوەو لە وێشەوە پەلیکێشا بۆ کیشوەرەکانی دیکە. حیزبی سیاسی پەیوەستە بە ئازادی سیاسییەوە، یەکێک لە دەرکەوتەکانی ئازادی سیاسیش فرەیی حیزبییە، ئەو فرەییە دەکرێت دوو حیزب یان زیاتر بێت. ناکرێت تەسەوری بوونی سیستمێکی دیموکراسی، بەبێ فرەیی حیزبی، بکەین، واتە بە بێ بوونی کۆمەڵێ حیزبی سیاسی کە رەنگدانەوەی سروشتی کۆمەڵگا بێت و گوزراشت لە واقیعی کۆمەڵگا بکات و دەرخەری جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان و مەزهەبییەکان و ئاقارە سیاسییە هەمە رەنگەکان بێت. حیزبەکان لە چوارچێوەی یاسادا دەستبەکاردەبن و کاروبارەکانیان رێکدەخەن، ئەندامان و لایەنگرانی کۆدەبنەوە، بەرگری لە بەرژەوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان دەکەن. تێڕوانین و دیدی هاوبەشی خۆیان، سەبارەت بە چۆنیەتی بەرێوەبردنی شەئنی گشتی، دەخەنەڕوو، ئەمەش لە میانەی ئەو پەیڕەو پرۆگرامەی حیزب پێشنیاری و پیادەی دەکات و بۆ رای گشتی رایدەگەیەنێت.

بەم تێگەشتنە، فرەیی حیزبی، بە شێوەیەکی خۆڕسک لە پێداویستییەکانی کۆمەڵگاوە، لە ویست و چاوەڕوانییەکانی چین و توێژەکانی کۆمەڵگاوە هەڵدەقوڵێت. تاک (فرد) لەناو کۆمەڵگادا کە بەرژەوەندی جیاوازی تێدایە، ناتوانێت بە تەنها هەر خۆی و بە شێوەیەکی چالاک، ببێتە هێزی فشار بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی. هەروەها ناتوانێت لە سنورێکدا کە چەندین رەوت و ئاقار تییدا لەململانێدان، مانایەک بە بیرکردنەوەو ئایدیاکانی بدات. بۆیە پەیوەندی بەو دەستەو گروپ و حیزبانەوە دەکات کە هەمان ئامانج و دیدو ئایدیای ئەمیان هەیە، پەیڕەو و پرۆگرامەکانی لەگەڵ خەون و ئومێدەکانیدا یەکدەگرێتەوە. تاک لە میانەی پەیوەندیکردنی بە حیزب و گروپەوە، دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرفراوانترو کاریگەرتر گوزراشت لە خۆی بکات، ئەمەش لە رێگەی ئەو هێز و قورسایی و پێگەیەی کە حیزبەکەی لەنێو کۆمەڵگادا هەیەتی.

بەم جۆرە گروپ و کۆمەڵەکان، لە چوارچێوەی رێکخستنی سیاسیدا دروستدەبن و بەو رێکخستنە سیاسییەش دەوترێت حیزب. حیزبەکانیش لە دیدگاو ئاراستە فیکرییەکانی و پەیڕو پرۆگرامەکانی، لەیەکناچن و جیاوازن، بەرگری لە بەرژەوەندی و ئامانجە هاوبەشەکانی نێوان چین و توێژەکانی پەیوەست بە خۆیەوە دەکات، واتە بەرگری لە بەرژەوەندی ئەندامان و لایەنگران و هەوادارانی دەکات کە سەر بە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگان. حیزب دەکرێت بچوک یان گەورە بێت، ئەمەش پەیوەستە بەوەی تا چەند دەتوانێت لە رێگەی پرنسیپەکانی و پرۆگرامەکانییەوە، ئەندام و لایەنگرو هەوادار بۆ خۆی پەیدا بکات، لە رێگەی ئەوەی تا چەند توانای هەیە کۆنتاکی لەگەڵ هاوڵاتیاندا هەیە و تا چەند دەتوانێت قەناعەت بە رای گشتی بکات بەوەی دیدو تێڕوانین و پرنسیپ و بژاردەکانی راست و دروستن. تا چەند چارەسەرەکانی بۆ کێشەو قەیرانەکان و ئەو پرسانەی لای زۆرترین چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان گرنگە، گونجاوەو قەناعەت پێکەرە.

لەسەردەمی کۆلۆنیاڵیزم، لەو وڵاتانەی لەلایەن سوپای بیانییەوە داگیرکرابوون، هەندێک حیزبی سیاسی، بۆ ئەوە دامەزران وڵات لە دەست سوپای بێگانە رزگار بکەن، بۆ ئەوە دامەزران میللەت پێویستی بەوە بوو لەژێر چەپۆکی کۆلۆنیالیزم بێتەدەرەوەو بە ئازادی و سەرفرازی بژی. نمونەی ئەو  حیزبانە پارتی سەربەخۆیی مەغریب، بەرەی رزگاریخوازی نیشتیمانی لە جەزائیر، پارتی ئازادی دەستوری لە تونس، حیزبی وەفد لە میسر، حیزبە کوردستانییەکانی لای خۆشمان. لەو رۆژگارەدا، ئیشکردنی حیزبی و پەیوەندیکردن و بوون بە ئەندامی حیزب، تا رادەیەکی زۆر بە نهێنی ئەنجامدەدرا، چونکە ئاشکرابوون، مەترسی لەسەر ژیانی هەمولایەک دروست دەکرد و ژیانی هەموانی دەخستە نێو تونێلێکی تاریکەوە. حیزب لە پێناو رزگارکردنی نەتەوەو نیشتیمان و خاک و وڵاتدا، دەبوایە قوربانی گەورە ببەخشێت.

بەڵام لە ئێستاداو دوای تەواوبوونی قۆناغی رزگاری نیشتیمانی، حیزبە سیاسییەکان، لەسەر ئەو بنەمایە دادەمەزرێن کە چینە کۆمەڵایەتییەکان، پێویستیان بەوەیە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانیان بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستیان بە گروپ و حیزبی سیاسییە. بەڵام لەبەر ئەوەی چینە کۆمەڵایەتییەکان، هەم جۆراوجۆرن و هەم خاوەن بەرژەوەندی جیاوازن، ئەمەش وا دەکات بەشێوەیەکی سروشتی فرەیی حیزبی بێتەئاراوە. لێرەدا بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە ناکۆک و دژ بە یەکەکان، لەرێگەی ململانێ و پێکدادانی چینەکانەوە چارەسەر نابێت، وەک ئەوەی قوتابخانەی مارکسیزم بانگەشەی بۆ دەکرد. بەڵکو لە رێگەی کێبڕکێی شەریف و ئاشتیانەی نێوان حیزبەکانەوە دەبێت لە چوارچێوەی یاسادا، بۆ گەیشتن بە دەسەڵات.

ئا لێرەدا بە باشی دەزانین ئاماژە بۆ خاڵێکی هێجگار گرنگ بکەین، ئەویش ئەمەیە، لەو وڵاتانەی تێیدا بە شێوەیەکی راستەقینە، پەیڕەوی لە  سیستمی دیموکراسی ناکرێت، واتە ئەگەرچی سیستمەکەی بە ناو دیموکراسییە، لێ رۆحی دیموکراسی و بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی لە پەراوێزێکی هێجگار بچوکدان، ئا لەو وڵاتانەدا بە ئیعازو بڕیاری دەسەڵاتداران، کۆمەڵێک حیزب دادەمەزرێن، بوونی ئەم حیزبانە لەم حاڵەتەدا، لە دەرەوەی سنوری فرەیی دیموکراسییە، چونکە ئەو جۆرە لە حیزب دروستکراوی دەستی دەسەڵاتە و زیاتر کارتۆنین تا ئەوەی لە پێویستی کۆمەڵگاو چین و توێژەکانییەوە دروستبووبن. ئەوانە بۆ ئەوە دروستبوون یان راستتر بۆ ئەوە دروستکراون، تاکو لە خزمەتی بەرژەوەندی و ئەجێندای دەسەڵاتداراندابن، کۆمەک و پاڵپشتی دەسەڵاتداران بکەن و بەمەش دەسەلاتدارەکان زۆرینەیەکی درۆزنانە بەدەستدەهێنن و لە رێگەیەوە دەست بەسەر حوکمڕانی وڵاتدا دەگرن و ئاراستەیەکی تاک جەمسەری ستمگەر دێننەئاراوە، هەمو ئەوەش لە چوارچێوەی دیموکراسییەکی موزەیف و شکڵی و بێ ناوەرۆکدا ئەنجامدەدەن. بەمەش دژ بە ئیرادەی زۆرینەی گەل رادەوەستن و پێشێلی بنەما هەرە سەرەکییەکەی سیستمی دیموکراسی دەکەن کە بریتییە لە حوکمی گەل و سەروەری گەل.

سێیەم: هەڵبژاردنی خولی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات

هەڵبژاردنی گشتی ئەو میکانیزمەیە کە هەمو هاوڵاتییەک، دەتوانێت لە میانەیەوە بەشداری لە رێکخستنی کاروباری ناوخۆیی و نیشتیمانیدا بکات؟ چۆن؟ بە دوو رێگا، یەکەم هاوڵاتی ئەگەر مەرجەکانی خۆ کاندیدکردنی تێدابێت، ئەوا دەتوانێت لە حیزبێکدا یان کیانێک یا لیستێدا خۆی کاندید بکات، ئەگەر لە هەڵبژاردندا دەنگی پێویستی هێنا، ئەوا دەبێتە نوێنەری گەل و راستەوخۆ بەشداردەبێت لە دروستکردنی بڕیارو لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا و راستەوخۆ بەرپرسیاردەبێت لە دۆخی وڵات. دووەم ئەگەر خۆی کاندید نەکردو تەنها بەشداریی لە پرۆسەی دەنگداندا کرد، بەم جۆرە بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ، بەشدارە لەوەی لە وڵاتدا دەگوزەرێت. ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە شێوەی خولی، واتە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیارکراوی خۆیدا، ئەو وادەیەش یاسا دەستنیشانی کردووەو چوار یان پێنج ساڵە. ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کات و ساتەکانی خۆیدا، دەسەڵاتی ئیختیار لای دەنگدەران جێگیر دەکات، دڵنایی ئەوە دەدات بە دەنگدەران ئەو سیقەیەی لە ساتەوەختێکدا بەخشیویانە بە حیزبێک یان لیستێک، سیقەیەکی رەها نییە، بەڵکو کاتییەو دەکرێت لە هەڵبژاردنەکانی دیکەدا لێیان وەربگرنەوە، ئەگەر بێت و هەستیان کرد ئەو حیزبە یان ئەو لیستە، لەگەڵ دروشم و بەڵێنەکانیاندا راستگۆ نەبوون، ئەوا چیتر متمانەی خۆیانیان پێنادەنەوە. بە مانایەکی تر، هاوڵاتی دەتوانێت لە رێگەی دەنگدانەوە، سزای ئەو حیزب و لایەنانە بدات کە بەرژەوەندی گەل و هاوڵاتیان لەبەرچاو ناگرن و لە بەڵێن و دروشم و وتارەکانی سەروەختی هەڵبژاردنەکان، پەشیمان بوونەتەوە. بەم جۆرەو لە رێگەی ئەم میکانیزمە سادە و سروشتییەوە، سەرۆکێک یان حیزبێک، ناتوانێت قۆرخی دەسەڵات و حوکمڕانی بکات، ناتوانێت لەسەر کورسی حوکم بمێنێتەوە. لێرەدا هاوڵاتی کاتێک دەبینێت بەرژەوەندی گشتی وا دەخوازێت، ئەو دەستەیەی وڵات بەرێوەدەبەن، لە ئاستی بەرپرسیارەتیدانین، مافی ئەوەی هەیە لە رێگەی دەنگدانەوە، گۆڕانکاری ئەنجامبدات. ئەم گۆڕانکارییە پێیدەوترێت دەستاودەستکردنی دەسەڵات، واتە گواستنەوەیەکی ئاشتیانەی دەسەڵات، لە حیزبێکەوە بۆ حیزبێکی دیکە، لە سەرۆکێکەوە بۆ سەرۆکێکی دی، بە گوێرەی ئیرادەی دەنگدەران کە لە سندوقەکانی دەنگداندا دەردەکەوێت، لە هەڵبژاردنێکی پاک و خاوێندا.

بەم جۆرە سیستمی دیموکراسی، لە سیتمەکانی دیکە ناچێت و جیاوازە، بە تایبەت ئەو سیستمانەی یەک حیزب و یەک ئاراستە بەرێوەیدەبەن. تێیدا چینی حوکمڕان، ناڕوات و ناگۆڕدرێت، مەگەر لە رێگەی توندوتیژی یان فشاری سەربازییەوە، یان هەر شێوەیەک لە شێوەکانی ناچارکردنی بە زۆریی. دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، سیستمی دیموکراسی راستەقینە، لە دیموکراسی ساختەو درۆزن جیادەکاتەوە کە لە رێگەی ساختەکاری و تەزویرەوە، ئەنجامەکان پێچەوانە دەکەنەوەو دەسەڵات لە شوێن و پێگەی خۆیدا دەمێنێتەوەو هەندێک دەزگای کارتۆنی پێکدەهێنێت کە بە هیچ شێوەیەک گوزراشت لە رای گشتی گەل ناکەن، بگرە لە باشترین حاڵەتدا دەبنە دیکۆرێک بۆ بەخشینی مانا بەو ساختەکاریی و پێشێلکارییەی لە هەڵبژاردنەکاندا کراوە.

گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات، وا دەکات ژیانی سیاسی زیندویەتییەکی بەردەوامی هەبێت، چالاکترو جۆش و خرۆشتربێت، تەندروستتر بێت و ململانێکان ئاستێکی چڕترو باڵاتر بەخۆیانەوە ببینن. لە میانەی مونافەسەی نێوان حیزبەکان، رەفتارو هەڵسوکەوتی ئەو حیزبانە باشتر دەبێت کە دەگەنە پێگەی بڕیاردان. چونکە هەست دەکەن بەرپرسیارن لەبەردەم دەنگی دەنگدەرانیانداو لەلایەن رای گشتییەوە چاودێری دەکرێن و روبەڕووی موحاسەبەو لێپرسینەوە دەبن. ئەمەش وا دەکات کەمتر گەندەڵی بکەن و کەمتر بخلیسکێنە نێو کارو کردەوەی نایاسایی و پێشێلکارییەوە. بەڵام دەستاودەستکردنی دەسەڵات بەو شێوەیەی سەرەوە، پێویستی بەدوو مەرجی سەرەکییە کە ئەمانەن:

1-بوونی ململانێیەکی شەریف و هاوسەنگ لە نێوان سەرجەم حیزب و کوتلە سیاسییەکان، بەکارنەهێنانی دەزگا فەرمی و شەرعییەکانی وڵات، لەلایەن هیچ حیزب و لیستێکی سیاسییەوە بۆ مەبەستی ریکلام و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن. پشت بەستنی حیزبەکان بە توانای زاتی خۆیان و رەخساندنی دەرفەتی هاوسەنگ و وەک یەک بۆ هەمو لایەک، بە پێی ئەوەی دەستور دیاریکردووە.

2-ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی لە کات و ساتی خۆیدا، بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد و دوور لە هەر کردەیەکی ساختەو تەزویرکردن. فەراهەمکردنی کەشوهەوایەکی ئازاد بۆ دەنگدەران، تا بتوانن بێ ترس و فشار،، بێ سزای ئیداری و دارایی، دەنگی خۆیانبدەن. دوورکەوتنەوە لە هەر فاکتەرێک کە کاریگەری خراپ و نەرێنی لەسەر ئیرادەی راستەقینەی دەنگدەر دروست بکات.

دابینکردنی ئەو دوو مەرجە، کەشوهەوایەکی سروشتی بۆ گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات دێنێتە ئاراوە، کەشوهەوایەک دوور لە توندوتیژی و بەیەکدادان، وا دەکات دەستاودەستکردنی حوکم، بێ کێشە و گرفت تێپەڕێت و وڵات لە قۆناغێکی حوکمڕانییەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی دیکەی حوکمڕانی. حیزبێک و پرۆگرام و دیدگاو بیروڕاکانی دەڕوات و حیزبێکی دی بە پرۆگرام و دیگاو بیروڕاکانی دێت و بۆ ماوەی چوار یان پێنج ساڵ، کار بۆ جێبەجێکردنیان دەکات. بەم شێوەیە دەسەڵات، لە چوارچێوەیەکی یاسایی و شەرعیدا کە پشتی بە ئیرادەی ئازادانەی دەنگدەران بەستووە، هەروەها لە سایەی سەروەری یاسا کە هەموان لەبەردەمیدا یەکسانن، دەسەڵات بە ئاشتیانە دەستاودەستی پێدەکرێت.

چوارەم: جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سەربەخۆیی دادگاکان

بەرێوەبردنی کاروباری دەوڵەتی هاوچەرخ، لەسەر کۆمەڵێ بنەمای دەستوری راوەستاوەو دەسەڵاتی سیاسی لە چوارچێوەیەکی یاسایدا رێکخستووە. دەسەڵاتی سیاسی بە پێی مادەو بڕەگەو ئەحکامەکانی دەستور رەفتار دەکات و بۆی نییە لەو بنەمایانە لابدات. دەستور لە سیستمی دیموکراسیدا، رێگە نادات دەسەڵات لەسەر حسابی ئازادی، لەسەر حسابی ئیرادەی میللەت، گەورەو بەرفراوان ببێت. لەبەر ئەم هۆکارەیە، دەستور کۆمەڵێ میکانیزمی خستووەتە ڕوو، ئامانج لێی رێکخستنی ناوخۆیی دەسەڵاتی سیاسییە. ئەمەش بە دابەشکردنی دەسەڵاتەکانە بەسەر دەزگا سەربەخۆو تایبەتمەندەکانی خۆیان و کۆنەکردنەوەی سەرجەم دەسەڵاتەکان لە تەنها شوێنێک و لە یەک دەستدا. یەکێک لەو دەزگایانە، کاری سەرەکی دانانی بنەما گشتییەکانە، دەرکردنی یاسا پێویستەکانە بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتوری، ئەو دەزگایەی بەم کارە هەڵدەسێت، پێدەوترێت دەسەڵاتی یاسادانان، واتە ئەنجومەنی نیشتیمانی یان پەرلەمان.

دەزگایەکی دیکە هەیە کاری جێبەجێکردنی بەرنامە و ئەو یاسایانەیە کە لە پەرلەمانەوە دەرکراون و پێیدەوترێت دەسەڵاتی جێبەجێکردن، واتە حکومەت. بەڵام لە کاتی بوونی کێشەو قەیران، لەکاتی بوونی ناکۆکی دەربارەی ناوەرۆکی یاساکان، لەکاتی بوونی گەندەڵی و بە هەدەردانی سامانی وڵات، ئەوا دەزگایەکی دیکە هەیە چارەسەری ئەو کێشانە دەکات، ئەویش پێدەوترێت دەزگای دادوەری. لێرەوە ئەم سێ دەزگا گرنگە، ئەم سێ کایەیەی حوکمڕانی، هەر یەکەیان سەربەخۆیی و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و کەسیان بۆی نییە دەست بخانە ناو کاروباری ئەوی دیکەیان. ئەوەشی ئەم حاڵەتە جێگیر دەکات و ئەو سیفەتە بە هەر سێکیان دەبەخشێت، سیتمی دیمکراسی راستەقینەیە. کەواتە یەکێک لەو پرنسیپە سەرەکیانەی کە ناکرێت بێ ئەو، سیستمی دیموکراسی بێتەئارا، پرنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە لەیەکتر، ئەمەش بەو مانایە دێت کە نابێت و ناکرێت ئەو سێ دەسەڵاتە لە یەک دەستدا کۆبکرێنەوە. لێرەوە ئەو لایەنەی لە دەوڵەتدا ئەرکی دەرکردنی یاساکانە، نابێت هەر ئەویش بەرپرسی جێبەجێکردنی یاساکان بێت، هەر ئەویش ناکۆکییە یاساییەکان و حاڵەتەکانی گەندەڵی چارەسەر بکات.

ئاشکرایە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە رووی مێژوییەوە، دەگەڕێتەوە بۆ فەیلەسوفی فەرەنسی مۆنتیسکیۆ (1689- 1755)، ئەم فەیلەسوفە لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (رۆحی یاساکان) دەڵێت: دەسەڵات بە سروشتی خۆی، بەلاڕێدا دەڕوات، کۆکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە تەنها یەک دەستدا، مەترسی ستەمگەری زیاتر دەکات. باشترین ئامرازیش بۆ رێگرتن لەوە، بریتییە لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوان دەستە جیاوازەکاندا. ئەم تیۆرەیەی مۆنتیسکیۆ بۆ جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکتر، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هەردوو شۆڕشی ئەمریکی و فەرەنسی هەبووە. پەیڕەوکردن و پشتبەستن بە پرنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، سیستمی دیموکراسی لەو سیستمانە جیادەکاتەوە کە خاوەنی دەسەڵاتی رەهان و بە حوکمی رەها یان حوکمی تاکە کەس ناودەبرێن و سەرجەم دەسەڵات و سەڵاحیاتەکان لە یەک کەسدا کۆدەکاتەوە، ئیدی هیچ دەرفەتێک یان بوارێک بۆ چاودێری و لێپرسینەوەو رەخنەگرتن و ئۆپۆزسیۆن بوون ناهێڵێتەوەو شێوازی حوکمکردن دەبێت بە دیکتاتۆریەت کە پێچەوانە و دژ بە حوکمی دیموکراسییە.

پێنجەم: حکومەتێکی سیاسی بەرپرسیارو تەبا

حکومەت لە سیستمی دیموکراسیدا، لە رێگەی زۆرینەی پەرلەمانییەوە پێکدێت، لێرەوە ئەم حکومەتە، رەنگدانەوەی ئەو نەخشە سیاسییەیە کە دەرهاویشتەی سندوقەکانی دەنگدانە. حکومەت لەلایەن هاوپەیمانی حیزبەکانەوە کە زۆرینەی پەرلەمان دروست دەکەن، پێکدەهێنرێت. حکومەت بۆ ئەوەی دەست بەکارەکانی بکات و سەڵاحیاتەکانی جێبەجێ بکات، پێویستی بە وەرگرتنی متمانەی پەرلەمانە. ئەو زۆرینە پەرلەمانییەی حکومەت پێکدەهێنێت، مانای وا نییە تەنها بریتیبێت لە کۆکردنەوەی رەزامەندی ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران کە رێژەیان لەسەرو 50% بێت، بگرە پێویستە خاڵی هاوبەش لە بەرنامەکانیاندا هەبێت و جۆرێک لە هەمەڕەنگی فیکری لەنێوانیاندا هەبێت، ئامانجی سیاسی یەکگرتوو لە نێوان پێکهاتەکانی زۆرینەدا هەبێت. لەبەر ئەوە تا ژمارەی ئەم پێکهاتانە (المکونات) زۆرتر بێت، دەرفەتی  پێکەوە گونجان لە هاوپەیمانییە حکومییەکەدا بەرتەسکتر دەبێت، ئەمەش بە نەرێنی لەسەر رۆڵی حکومەتەکە دەشکێتەوە.

مەسەلەکە هەرچۆنێک بێت، حکومەت هەر دەبێت حکومەتێکی سیاسی بێت، لەبەردەم میللەتدا پابەندی جێبەجێکردنی پرۆگرامێکی دیاریکراوە. ئەمەش وا دەخوازێت تەواوی ئەندامەکانی لە زۆرینەوە هەڵقوڵابن و لەناو حکومەتدا دەسەڵاتی راستەقینەیان هەبێت و لە ژیانی سیاسی وڵاتدا رۆڵ و ئامادەیی بەرچاویان هەبێت. لەلایەن حیزبەکانیانەوە چاودێری بکرێن و ملکەچی موحاسەبەو لێپرسینەوەبن، پێویستە زۆر باش هەست بەوە بکەن لەسەریانە رێز لەو بەڵێنانە بگرن کە حیزبەکانیان لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، داویانە بە لایەنگران و دەنگدەرانیان و جێبەجێیان بکەن. حکومەت بەرپرسیاری تەواوە لە جێبەجێکرنی بەرنامەکانی، بەرپرسیارە لە چۆنیەتی کارکردنی دەزگا تەنفیزییەکانی دەوڵەت. بۆ نمونە، ناکرێت بە رۆژی رووناک، حاڵەتی کوشتن و ڕفاندن و دیارنەمان و پێشێلکردنی روون و ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ بکرێت، حکومەتیش هیچ ئاگای لێنەبێت. ناکرێت خۆی لەو بەرپرسیارەتییە بدزێتەوە کە رێپێوان و گردبوونەوەکان و خۆپیشاندانەکان، بەزەبری هێز و بە بەکارهێنانی توندوتیژی، رێگریان لێدەکرێت و سەرکوتدەکرێن. ناکرێت بێت و بڵێت هەندێک گروپ و ناوچە هەیە، ناتوانێت کۆنترۆڵیان بکات و لە دەرەوەی دەسەڵات و چاودێریدایە. بە مانایەکی دی نابێت حکومەت لە دۆڵێک بێت و میللەتیش لە دۆڵێکی دی. دابینکردنی ئەمن و ئاسایش و پارێزگاریکردن لە سەروەت وسامانی هاوڵاتیان و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و رەفاهییەتی ژیان، ئەرکی هەرە لە پێشینەی حکومەتە.

شەشەم: زامنکردنی مافی کەمینەکان

ئەگەر حکومەت لە زۆرینەی پەرلەمانییەوە هەڵقوڵابێت، ئەگەر ئەوە زۆرینەی پەرلەمانییە کە لە ناو دەزگای پەرلەماندا، بڕیار لەسەر ئەولەویاتی یاساکان دەدات، ئەگەر ئەوە زۆرینەی پەرلەمانییە کە ناوەرۆکی یاساکان و چۆنیەتی داڕشتنیان و تەسدیقکردنی پرۆژەکان دیاریدەکات، ئەوا ئەم ئیمتیازاتانەی کە زۆرینەی پەرلەمانی هەیەتی، بە هیچ جۆرێک مانای هەیمەنەی رەها ناگەیەنێت. کۆ دەنگی لەسەر هەندێک پرۆژە یان دەربارەی هەندێک پرس، پێویستە لە سنورێکی دیاریکراودا بێت و ئەو کۆدەنگییە پێشێلکردنی مافی کەمینەکانی لێنەکەوێتەوە. دیاردەی کۆ دەنگی تەنها لە کۆمەڵگای یەک حیزب و یەک بیرکردنەوەدا هەیەو تەواو ناکۆکە بە کۆمەڵگای دیموکراسی کە لەسەر بنەمای فرەیی کاردەکات. قەبارەی زۆرینەی پەرلەمانی هەرچەندێک بێت، هەمیشە رای ناکۆک و جیاواز هەیە کە نوێنەرایەتی کەمینەکان دەکەن و ناکرێت نادیدەبکرێن و گوێیان لێنەگیرێت. بۆچی؟ چونکە ئەو کەمینانەش لە رێگەی هەڵبژاردنەوە هاتوون و نوێنەرایەتی توێژێکی دیاریکراوی کۆمەڵگا دەکەن. ناکۆکبوونی لەگەڵ رەئی زۆرینە، وایلێدەکات رۆڵی ئۆپۆزسیۆن ببینێت کە پێویستە ئازادی تەواوی هەبێت بۆ گوزارشتکردن لە بیروڕا جیاوازەکانی. رێز لە رەخنەکانی بگیرێت کە ئاراستەی بەرنامە و کاری حکومەتی دەکات، ئەو بەدیلانەی دەیخاتە روو، بە هەند وەربگیرێن. ئەوەی بە هەڵە یان بە کەمتەرخەمی حکومەتی دەزانێت، هەوڵی چاکردنی بدرێت. بەم شێوەیە کەمینە کۆمەڵێک دیدو تێڕوانین و بەرنامە دەخاتەڕوو، بۆ دەوڵەمەندکردنی کاری خودی حکومەت و بەرژەوەندی گشتییە.

کەمینە مافی ئەوەی هەیە هەمو ئامرازێکی مەشروع بەکاربێنێت، بۆ ئەوەی ببێت بە زۆرینە. گرنگترین ئەو ئامرازانە، ئازادی پەیوەندیکردنە بە هاوڵاتیان و دروستکردنی کاریگەری لەسەریان، قەناعەتپێکردنی هاوڵاتیان بەو بەرنامەو پرۆگرامەی هەیەتی و دەیەوێت ئەنجامی بدات. رازیکردنیانە بەو پێشنیارانەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەو قەیرانەکانی کۆمەڵگا دەیانخاتەڕوو. کەمینە ئەگەر توانی، لە رێگەی  پێشنیارو بەرنامەی کارییەوە، قەناعەت بە توێژێکی بەرفراوانی کۆمەڵگا بکات، ئەوا دەکرێت لە هەڵبژاردنی داهاتودا، متمانەی زۆرینەی دەنگدەران بەدەستبێنێت. ئیدی لە پێگەی ئۆپۆزسیۆنبوونەوە دەگوازێتەوە بۆ وەرگرتنی دەسەڵات و حکومەت بەرێوەبردن. هەمو ئەو گۆڕانکارییەش، لە چوارچێوەی دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتدا روودەدات کە پشتی بە ئیرادەی گەل و دەنگدەر بەستووەو لە سایەی سەروەری یاسادا ئەنجامدەدرێن، دوور لە هەر فشارو توندوتیژییەک.

حەوتەم: شەفافییەت لە کاروباری گشتیدا

لە سیستمی دیموکراسیدا، بەرێوەچونی کاروباری گشتی، لە پرنسیپێکی سەرەکییەوە دەستپێدەکات کە بریتییە لەوەی گەل مافی هەمو شتێکی هەیە. ئەو حکومەتەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەگرێتە دەست، متمانەی لە نوێنەرانی پەرلەمانەوە وەرگرتووە، نوێنەرانی پەرلەمانیش متمانەیان لە میللەتەوە وەرگرتووە، بەم پێیە حکومەت لە بری میللەت و بۆ میللەت ئەرکەکانی رادەپەڕێنێت. کەواتە میللەت مافی تەواوی هەیە چاودێری چۆنیەتی کاروبارەکانی حکومەت بکات، لە بچوکترین بەشییەوە بۆ گەورەترین بەشی. میللەت بۆ ئەوەی بەو کارە هەستێت، بۆ ئەوەی بتوانێت چاودێری وردو درشتی کارەکانی حکومەت بکات، پێویستە حکومەت لەتەواوی دامودەزگاکانیداو لەسەر هەمو ئاستەکان، شەفافبێت و هیچ زانیارییەک نەشارێتەوە. هەر هاوڵاتییەک بەرگری لە بەرژەوەندی گشتی بکات و کار بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و رێگری لە بەهەدەردانی سامانی گشتی وڵات بکات، پێویستە بە ئاسانی دەستی بگات بە زانیارییەکان و بتوانێت لە سیاقی راستەقینەی خۆیدا بەکاریان بێنێت و لەم لایەنەوە نابێت هیچ رێگریی و بەربەستێکی بێتەپێش.

شەفافییەت مانای ئیدارەدانی کاروباری گشتی بە شێوەیەکی ئاشکرا، خستنەڕووی زانیارییەکان بۆ رای گشتی و کارپێردنیان. خستنەڕوی زانیارییەکان تەنها بۆ چاودێری و لێپرسینەوە نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە ئۆپۆزسیۆن بتوانێت بە شێوەیەکی دروست، دیدگاو تێڕوانینەکانی گەڵاڵە بکات. پێشنیارو بەدیلەکانی، لەسەر بنەمایەکی راست هەڵچنێت. ئەمە وادەکات رۆڵێکی بابەتی و ئەرێنی بگێڕێت و چالاکییەکانی تەنها لە سنوری دروشمبازی و موزایەداتی سیاسیدا نەمێنێتەوە. پرۆژەو هەوڵەکانی بۆ چاککردنی بارودۆخی کۆمەڵگاو چارەسەرکردنی قەیران و پرسەکان، تەنها بریتی نەبێت لە گوتارو قسەکردن لە عمومیات و هاتوهاواری سەر شاشەی تیڤییەکان.

هەشتەم: سەروەری یاسا

یاسا باڵاترین گوزارشتە لە ئیرادەی میللەت، یاسا لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانانەوە دادەنرێت، دەسەڵاتی یاسادانانیش لەلایەن میللەتەوە هەڵدەبژێردرێن و پرنسیپی سەروەری میللەت بەرجەستە دەکەن. کەواتە یاساکان پێویستە رەنگدانەوەی ویست حەزو ئومێدی میللەت بێت. یاساکان ئامرازێکن بۆ رێکخستنی کۆمەڵگا، زەمانەتی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگایە، پارێزگاری ماف و ئازادی و بەرژوەندی تاکەکان و کۆمەڵەکانە. بەڵام بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی نێوان بەرژەوەندیە جیاوازەکان، بۆ بەدیهێنانی دادپەروەی نێوان هاوڵاتیان، بۆ زامنکردن و ئەنجامدانی کاروباری دەزگاکانی دەوڵەت کە لە بەرژەوەندی میللەتدا بێت، تەنها دەرکردنی ژمارەیەکی زۆری یاسا بەس نییە. بەڵکو پێویستمان بە چوار مەرجی سەرەکییە کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

ا- پێویستە ناوەرۆکی ئەو یاسایانەی ژیانی کۆمەڵگا رێکدەخات، لەسەر بنەمای دادپەوەری بێت. هەر لە دەستورەوە کە دەزگاکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای دیموکراسی رێکدەخات و هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵاتەکاندا بەدیدێنێت و زامنی ماف و ئازادییە سەرەکییەکانی مرۆڤ دەکات. تا دەگات بەو یاسایانەی تر کە سەرتاپای بوارەکانی دیکەی ژیان رێکدەخەن، لەوانە رەتکردنەوەی هەمو شێوازێکی ستەم و سوکایەتی و زوڵم و خراپ مامەڵەکردن لەلایەن خەڵکانی خاوەن دەسەڵاتەوە یان خەڵکانی خاوەن پێگەی مەعنەوی، وەک دەوڵەت و دامودەزگاکانی.

ب- پێویستە یاساکان بەشێوەیەکی یەکسان و بێ جیاکاری، بەسەر هەمواندا جێبەجێ بکرێن. لە دەرکردن و سەپاندنی یاساکاندا، نابێت بە هیچ جۆرێک رەچاوی جیاوازی رەگەز، رەنگ، نەتەوە، ئاین، مەزەب، ئینتیمای سیاسی و سەندیکایی، پەیوەندی خێزانی و نزیکی لە دەسەڵاتدارانەوە، بکرێت. ئەوانەی لە ترۆپکی دەسەڵاتدان و ئەوانەشی لە خواری خوارەوەی دەسەڵاتدان، کوڕو کچیی بەرپرس و کوڕو کچی هەژار، چینی خانەدان و چینی میللی، هەر هەمویان لەبەردەم یاسادا یەکسانن. یەکسانی لەبەردەم یاسادا، لە پرنسیپە سەرەکییەکانی جاڕنامەی گەردونی مافەکانی مرۆڤە، لەوێدا لە مادەی حەوتەمدا، بە ڕوون و ئاشکرایی هاتووە: هەموو خەڵکی لەبەردەم یاسادا یەکسانن، هەموان بەبێ جیاکاری، مافی ئەوەیان هەیە یاسا پارێزگارییان لێبکات.

ج- پێویستە لەسەر ئەرزی واقیع، رێز لە یاسا بگیرێت، نابێت یاسا تەنها بریتیبێت لە کۆمەڵێ دەقی یاسایی شکڵی کارپێنەکراو، یان کارپێکردنی بە ئارەزو، یاخود تەنها بەسەر خەڵکانی هەژارو بێ دەسەڵات و بێ پشت و پەنا جێبەجێ بکرێت و خەڵکانی خاوەن دەسەڵات و پلەو پایە نەگرێتەوە. یاسا بۆ ئەوە نوسراوە، تا هەموان وەک یەک، پابەندبن پێیەوەو ملکەچیبن.

د- پێویستە ئامرازی تەواو هەبێت بۆ جێبەجێکردنی یاسا، پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ململانێکان و ناکۆکییە جیاواز جیاوازەکان، پەنا ببرێتە بەر دەسەڵاتێکی دادوەری سەربەخۆو پاک و بێگەردو خاوەن متمانە کە هەمو لایەنەکان ملکەچی بڕیارەکانی بن، نابێت ئەو لایەنەی حوکمەکەی بەسەردا بڕاوە، لەسایەی دەسەڵات و بەرپرسەکاندا، خۆی لە بڕیارو حوکمی دادگا بدزێتەوەو هەوڵی پوچەڵکردنەوەی بدات.

نۆیەم: بڵاوبوونەوەی کەلتوری دیموکراسی

بونیادنانی دیموکراسی بە مرۆڤ دەکرێت و بۆ بەرژەوەندی مرۆڤە، مرۆڤیش لە چوارچێوەی دەوڵەتدا سیفەتی هاوڵاتی وەردەگرێت. لەبەر ئەوە هاوڵاتی ناتوانێت بە گۆشەگیری بژی و دابڕاوبێت لەوەی لە دەوروبەری روودەدات. چونکە زۆرجار ئەوەی لە دەوروبەری روودەدات، بە ناوی ئەوەوەو لە پێناو ئەودا روودەدات. بۆیە پێویستە هاوڵاتی بەشداری ژیانی سیاسی بکات،لانی هەرە کەمی ئەو بەشداریکردنەش، بریتییە لە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی کاروباری گشتی، بەراورد کردنی پرۆگرامی حیزبەکان لە ساتەوەختی هەڵمەتی هەڵبژاردندا، لەگەڵ ئاست و چۆنیەتی جێبەجێکردنی لەدوای هەڵبژاردنەکان. لێرەوە بۆ ئەوەی ئەو لانی هەرە کەمەی بەشداریکردنی هاوڵاتی ئەرێنی بێت، پێویستە هاوڵاتی ئاگاداری ئەو بنەمایانە بێت کە کۆمەڵگای دیموکراسی لەسەر بونیادنراوە. هزرو رەفتارو هەڵسوکەوتی سیخناخ بێت بە بەها دیموکراسییەکان، بیرکردنەوەو لۆژیکی مامەڵەکردنی لەگەڵ دەوروبەرو کێشەکان، لەسەر بنەمای پرنسیپە دیموکراسییەکان بێت، ئەگەر ئەوە کۆمەڵێ سیفەتی هاوڵاتی بێت، ئەی ئاخۆ دەبێت سیفەتی نوخبە چۆن بێت کە هەوڵدەدەن بگەن بە شوێنی بڕیار؟ سا لە ناو حیزب و گروپ و کۆمەڵەکاندا بێت یا لە دەوڵەتدا.

لێرەوە قسەیەکی بەناوبانگ هەیە دەڵێت: دیموکراسی بەبێ خەڵکانی دیموکرات بوونی نییە. بۆچی؟ چونکە دیموکراسی بە تەنها لە رێگەی بوونی دەستورو یاساکان، حیزب و رێکخراوەکان، رۆژنامەو هەڵبژاردنەکانەوە، نابێتە مەسەلەیەکی واقیعی لە ژیانی گشتیدا. بگرە جگە لە هەمو ئەوانە، پێویستی بە هاوڵاتی دیموکراتخوازە لەناو خێزاندا، لە چوارچێوە کۆمەڵایەتی و پیشەیی و سیاسییەکەیدا، واتە کەلتوری دیموکراسی لەنێو هاوڵاتیانی سادەو خاکی، تێکۆشەرە سیاسییەکان، چالاکوانی مەدەنی، ئەندامانی سەندیکاکان، نووسەران و رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان، فەرمانبەران و مامۆستایان، بەرێوەبەرو سەرپەرشتیاران و بەرپرسانی ئیداری و سەرکردە سیاسییەکان و ئەوانەی لە ناوەندی بڕیاردان بڵاوبوبێتەوە. بە مانایەکی تر، دیموکراسی بوبێتە بەشێک لە رەفتارو هەڵسوکەوتی رۆژانەی هاوڵاتیان کە لە سەرجەم لایەنەکانی ژیاندا پەیڕەوی لێ بکەن. لێرەدا پێویستە ئاماژە بە خاڵێک بکەین، ئەویش ئەوەیە زۆربەی نوخبەی دەسەڵاتداری دەوڵەتانی جیهانی سێیەم، لە گرنگی و بەهای دیموکراسی تێگەیشتوون، بەردەوام بە شێوەیەکی تیۆری قسەی لەسەر دەکەن، کەچی لە ژیانی سیاسی رۆژانەیاندا، لە بڕیارو رەفتارو هەڵسوکەوتیاندا، زۆر دوورن لە پرنسیپ و بنەماکانی دیموکراسییەوە.

هەمو ئەو بنەمایانەی لە پێشەوە باسکران، لەنێوان خۆیاندا یەکەیەکی یەکانگیرو یەگرتو پێکدەهێنن کە سیستمی دیموکراسی لەسەر بونیاد دەنرێت، دیموکراسی بێ ئەو بنەمایانە، کارێکی مەحاڵە، لەدەستدانی یەکێک لەو بەمایانەو کارپێنەکردنی، وا دەکات ئەو بونیادەی دیموکراسی لەسەر دروستکراوە، لەرزۆک و فشەڵ بێت و بەرگەی باهۆزێکی نیمچە بەهێزیش نەگرێت.

جۆرەکانی دیموکراسی

1-دیموکراسی راستەوخۆ Direct Democracy: تێیدا گەل لەیەککاتدا هەم سەرچاوەی دەسەڵاتەکانە و هەم خۆشی مومارەسەی دەسەڵاتەکان دەکات. لەم جۆرە دیموکراسییەدا دەسەڵاتداران بوونیان نییە، چونکە تەواوی دەسەڵاتەکان لەلایەن گەلەوە پراکتیک دەکرێت. بە مانایەکی دی، لەم جۆرە دیموکراسییەدا، خەڵکی پێویستی بە نوێنەر نییە بۆ ئەوەی دەسەڵات بگرێتەدەست و وڵاتی بۆ بەرێوەببات، چونکە خەڵک خۆیان راستەوخۆ مومارەسەی دەسەڵات دەکەن و کاروباری وڵات بەرێوەدەبەن. پێشتر ئەم شێوازەی دیموکراسی لە شارە کۆنەکانی یۆناندا بەکارهاتووە، بە تایبەت لە شاری ئەسینا، هاوڵاتیانی دیاریکراو لە شوێنێکی شارەکەدا کۆدەبوونەوەو پرۆسەی دەنگدان لەسەر بڕیارەکان دەستی پێدەکرد، بەڵام ئەم شێوازە لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان، نەدەکرا چیدی پەیڕەوی لێبکرێت، چونکە زەحمەت بوو ئەو ژمارە زۆرەی هاوڵاتیان لە شوێنێکدا کۆبکرێنەوە. لە ئێستاشدا لە هەندێک لە کانتۆنە بچوکەکانی سویسرا پەیڕودەکرێت.

2-دیموکراسی ناڕاستەوخۆ: هەندێک ناوی دیکەی هەیە، وەک دیموکراسی نوێنەرایەتی یان دیموکراسی پەرلەمانی Parliamentary Democrocy، لەم جۆرەدا گەل کەسانێک هەڵدەبژێرێت لە بری خۆی، مومارەسەی دەسەڵات بکەن. بەڵام گەل وەک سەرچاوەی دەسەڵات دەمێنێتەوە، وەلێ خۆی مومارەسەی دەسەڵات ناکات، دەسەڵات دەدات بەوانەی لە رێگەی هەڵبژاردنەکانەوە، نوێنەرایەتی دەکەن. هەنووکە ئەمە باوترین جۆری دیموکراسییە لە جیهاندا. گەل نوێنەرانی خۆی بۆ ماوەیەکی دیارکراو، چوار بۆ پێنج ساڵ هەڵدەبژێرێت. ئا لێرەوەیە پێیدەوترێت دیموکراسی نوێنەرایەتی، بەو مانایەی گەل ئەندامانی حکومەت هەڵنابژێرێت و دەنگ لەسەر بڕیارەکانی نادات، بەڵکو ئەوە نوێنەرەکانییەتی لە پەرلەمان ئەو کارە دەکەن. ئەم جۆرە دیموکراسییە لە سەدەی بیستەم و لە ئێستاشدا، لەلایەن زۆرێک لە دەوڵەتەکانەوە پیادە دەکرێت و تابێت ژمارەی ئەو دەوڵەتانەش لە زیادبوندایە کە پەیڕەوی لەم جۆرە سیستمە دەکەن.

3-دیموکراسی نیمچە راستەوخۆ Semi Direct Democracy: لێرەدا پەیوەندی نێوان جەماوەری دەنگدەرو ئەو نوێنەری هەڵیانبژاردووە، هەر دەمێنێت. دەنگدەران دەتوانن ئەو نوێنەرە لابدەن و لە بری ئەو کەسێکی دیکە هەڵبژێرن. ئەم  جۆرە لە سویسراو هەندێک ویلایەتی ئەمرکیا پراکتیک دەکرێت. جگە لەوە لە دیموکراسی نیمچە راستەوخۆدا حاڵەتێکی دیکە هەیە کە بەم شێوەیەیە: دەکرێت پرۆژەی یاسایەک بخرێنە بەر دەست جەماوەری دەنگدەرەوە تا بە (بەڵێ) یان (نەخێر) دەنگی لەسەر بدەن، ئەگەر زۆرینە وتیان بەڵێ، ئەوا یاساکە بێ ئەوەی بە پەرلەماندا بڕوات و خوێندنەوەی بۆ بکرێت، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

4-دیموکراسی میللی Popular Democracy: ئەم جۆرە لە دیوکراسی بەو وڵاتانە دەوترێت کە لە ژێر هەیمەنەی قەڵەمڕەوی کۆمۆنیستدا بوون، وەک رژێمی یەکێتی سۆڤیەتی پێشو، وڵاتانی بەرەی سۆشیالیزمی جاران. دیموکراسی خۆرئاوا، دیموکراسی میللی رەتدەکاتەوەو بە نا دیموکراسی ناویدەبات، چونکە شێوازی حوکمڕانییەکەی ناکۆک و دژ بەو بنەما سەرەکیانەیە کە دیموکراسی لەسەر بونیاد دەنرێت. لەم جۆرە دیموکراسییەدا، یەک حیزب و یەک سەرۆکی هەتاهەتایی حوکم دەکات، هاوڵاتی بژاردەی دیکەی لەبەردەمدا نییە و فرەیی حزبیش تا ئاستێکی زۆر لاوازە، خۆ ئەگەر هەشبێت، ئەوا زیاتر حیزبی کارتۆنی بێ پێگە و بێ کاریگەرن و زیاتر دروستکراوی دەستی خودی دەسەڵاتن.

5-دیموکراسی لیبرالی: واتە دیموکراسی ئازاد، شێوەیەکە لە شێوەکانی دیموکراسی، تێیدا دەسەڵاتداران و فەرمانڕەواکان، لە هەر ئاست و پلە و پۆستێکدابن، ملکەچی یاساو پرنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانن لە یەکتر. واتە دەسەڵاتی سیاسی حکومەت، پابەندی دەستورەو ماف و ئازادی تاک و کۆمەڵەکان دەپارێزێت. دەستوری دەوڵەت هەمو ئازادی و مافەکان بۆ هاوڵاتیان، بە کەمینەکانیشەوە، دابیندەکات و هیچ لایەنێکیش بۆی نییە پێشێلی ئەو ئازادی و مافانە بکات. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە هەندێک لە دیموکراسییە لیبرالییەکان، لە حاڵەتی لەناکاوی نەخوازراو، حاڵەتی کتوپڕی کارەساتبار، وەک تەقینەوەو هێرشی تیرۆرستی و گرتنی باڵەخانە و کردنی هاوڵاتیان بە بارمتە، کۆمەڵێ سەڵاحیاتیان هەیە وا دەکات بۆ ماوەیەکی کاتی، ئەو ئازادی و مافانە وەک پێویست رەچاونەکرێن. بێگومان وەک وتمان بۆ ماوەیەکی کاتییە و دوای تەواوبوونی حاڵەتە لەناکاوەکە، هەمو ئازادی و مافەکان دەگەڕێنەوە بۆ حاڵەتی سروشتی خۆیان.

باشییەکانی دیموکراسی

شارەزایانی ئەم بوارە، پێیانوایە دیموکراسی ئەم خاڵە باشانەی خوارەوەی هەیە کە ئێمە تەنها ئاماژەیان پێدەدەین:

یەکەم/ سەقامگیری سیاسی. دووەم: کەمبوونەوەی ئاستی گەندەڵی. سێیەم: نزمبوونەوەی ئاستی تیرۆر. چوارەم: نزمبوونەوەی ئاستی هەژاری و برسییەتی. پێنجەم: نزمبوونەوەی ئاستی تاوان و کوشتن. شەشەم: تیۆرەی ئاشتی دیموکراسی.

لە کۆتایدا دەکرێت بڵێین، دیموکراسی سیستمێکە پشت بە پرنسیپێکی سەرەکی دەبەستێت کە بریتییە لە ئیرادەی گەل، ئەم ئیرادەیەش ئەو مافە بە دەسەڵات دەدات حوکمی وڵات بکەن. کەواتە دیموکراسی قاڵبێکی ئامادەکراو نییە، لە شوێنێکەوە بیهێنین و لای خۆمان داینێین. دیموکراسی جلوبەرگ نییە بە هەر نرخێک بووە بتوانین بەدەستی بێنین، کەی ویستمان لەبەری بکەین و ببین بە دیموکراتخواز، کەی ئارەزومان کرد فڕێیبدەین. دیموکراسی مافێکی سروشتی گەلە، نە بەخشیشە و نە دیاری دەستی دەسەڵاتدارنە، کەی ویستیان و مەبەستیان بوو، بیبەخشن بە میللەتەکانیان و کەی نەیانوویست لێی پاشگەزببنەوەو وەلاوەی بنێن. جگە لەوە دیموکراسی کەلتورو رەفتارە، نەک دروشم و روخسارێکی شکڵی بێ ناوەرۆک. پیادەکردنی لەسەر زەمینی واقیع، پێویستی بە دابینکردنی کۆمەڵێک بنەمایە کە بە درێژایی ئەم بابەتە باسیان لێوەکراوە. دیموکراسی لە ئیرادەی ئازادی گەلانەوە سەرچاوە دەگرێت و ناکرێت بە زەبری هێزو داگیرکردنی سەربازی فەرز بکرێت.

سەرچاوەکان:

 

http://mawdoo3.com

www.informationsverige.se

http://www.siironline.org

http://www.lazemtefham.com

http://www.maqalaty.com

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

7,556 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...