دەوڵەت چییە و بنەماکانی چین

دەوڵەت چییە و بنەماکانی چین

لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستانی عێراق، قسەوباس و گفتوگۆیەکی زۆر، دەربارەی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی لە ئارادایە. ئەمڕۆکە کۆمەڵگای ئێمە لەسەر پرسی دروستبوونی دەوڵەت، بووە بە دوو بەرەوە: بەرەیەکیان پێیوایە هەنووکە دەرفەتێکی باش و زێڕین بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی لە ئارادایە و پێویستە ئەو دەرفەتە بقۆزرێتەوەو خەونی سەدان ساڵەی کورد بێتەدی. بەرەکەی دی، پێیوایە نەخێر هێشتا کاتی دروستبوونی دەوڵەتی کورتی نەهاتووەو بارودۆخی ناوخۆ و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، وەک پێویست نەڕەخساوە، بۆیە لە ئێستادا دروستبوونی دەوڵەت بە باش نازانن.

دوور لەو قسەوباس و گفتوگۆیانەی ئەمڕۆکە لە ئارادان، دوور لەوەی ئایا بارودۆخ رەخساوە یان نا، ئێمە لەم ماڵپەڕەوە دەمانەوێت هەندێک زانیارو دید و تێڕوانین، سەبارەت بە دەوڵەت و بنەماکانی بخەینەڕوو. مەبەست لەم خستنەڕووە، بەخشینی زانیاری و بەرچاوڕوونی زیاترە بۆ هەمووان، جگە لەوە مەبەست دروستکردنی هۆشیارییەکی گشتییە لەسەر ئەم پرسە گرنگە کە هەنووکە لە کوردستاندا بووەتە جێگای مشتومڕێکی چڕ، نەک بە تەنها لەنێو پارت و لایەنە سیاسییەکاندا، بەڵکو پەڕیوەتەوە بۆ نێوان سەرجەم کایەکانی کۆمەڵگا. سەرەتا با لە پێناسەی دەوڵەتەوە دەست پێبکەین، شارەزایان و پسپۆڕانی ئەم بوارە، تا رادەیەکی زۆر کۆکن لەسەر ئەوەی دەوڵەت: بریتییە لە کۆمەڵە خەڵکێک کە لەسەر جوگرافیا یان هەرێمێکی دیاریکراودا دەژین و سیستمێکی سیاسی بەرێوەیان دەبات. لەم پێناسەیەوە دەردەکەوێت دەوڵەت سێ بنەمای سەرەکی هەیە کە بریتین لە: میللەت، هەرێم، سیستمێکی سیاسی. هەندێک بنەمایەکی دیکەی بۆ زیاد دەکەن کە بریتییە لە دانپیانان. لە خوارەوە باس لە هەریەکێک لەو بنەمایە دەکەین.

یەکەم میللەت

بۆ دروستکردنی دەوڵەت، بوونی میللەت، بە یەکەم بنەمای سەرەکی دادەنرێت. مەبەست لە میللەت ئەو کۆمەڵە خەڵکەیە کە لەسەر خاکی دەوڵەتەکە دەژین. بۆ دروستبوونی دەوڵەت، مەرج نییە ژمارەی ئەو میللەتە زۆر بێت یان کەم، بۆ نموونە ژمارەی دانیشتوانی دەوڵەتی ڤاتیکان ناگاتە هەزار کەس و ژمارەی دانیشتوانی دەوڵەتی ئیمارەتی مۆناکۆ نزیکەی 36 هەزار کەسە. بەڵام لە بەرامبەردا ژمارەی هەندێ دەوڵەتی دیکەی وەک هیند و چین هێجگار زۆرە. بە مانایەکی دی، ژمارەیەکی دیاریکراو نییە کە ئەگەر میللەتێک لەو ژمارەیە کەمتربوو، ئەوا ئەو میللەتە بۆی نییە دەوڵەت دروست بکات. کەمی ژمارەی میللەت، مافی دروستکردنی دەوڵەت لەو میللەتە وەرناگرێتەوە. وەلێ بێگومان زۆربوونی ژمارەی میللەت، فاکتەرێکە بۆ زیادبوونی هێزی دەوڵەتەکە و قورساییە سیاسییەکەی. بەڵام کەمی ژمارە، وا دەکات ئەو دەوڵەتە قورساییەکی سیاسی ئەوتۆی نەبێت و لە ناوەندە جیهانییەکاندا، حسابی تایبەتی بۆ نەکرێت.

لێرەدا بە باشی دەزانین ئاماژە بە چەمکی میللەت بکەین کە دوو مانا لەخۆدەگرێت، ئەوانیش بریتین لە: مانای کۆمەڵایەتی میللەت و مانای سیاسی میللەت. مەبەست لە مانای کۆمەڵایەتی میللەت، هەمو ئەو تاکانە دەگرێتەوە کە لەسەر هەرێمی دەوڵەتەکەدا دەژین و رەگەزنامەی دەوڵەتەکەیان هەیە. بەڵام مەبەست لە مانا سیاسییەکەی میللەت، ئەو تاکانە دەگرێتەوە کە مافی مومارەسەکردنی مافە سیاسییەکانیان هەیە، بە تایبەتی مافی هەڵبژاردن، واتە ئەو کەسانەی ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا هەیە و پێیان دەوترێت جەماوەری دەنگدەر. بەم پێیە میللەت بە مانا کۆمەڵایەتییەکەی، زۆر بەرفراوانترە لە مانا سیاسییەکەی. مانا سیاسییەکەی میللەت هەندێ توێژی میللەت دووردەخاتەوە، لەوانە منداڵ و ئەو کەسەی بەهۆی خیانەتی نیشتیمانییەوە مافی سیاسی لێوەرگراوەتەوەو ئەو کەسانەش حاڵەتی دەرونیان تێکچووەو پێیان دەوترێت (شێت).

میللەت و دانیشتوان:

ئەگەر میللەت بە مانا گشتییەکەی، ئاماژەبێت بۆ کۆمەڵێ تاک- الافراد- کە لە هەرێمی دەوڵەتێکی دیارکراودا نیشتەجێن و رەگەزنامەی ئەو دەوڵەتەیان هەیەو پێیاندەترێت رەعایا یان هاوڵاتیان. ئەوا زاراوەی دانیشتوان فراوانترەو هەمو ئەو خەڵکانە دەگرێتەوە کە لەسەر هەرێمی دەوڵەتەکەدا دەژین، سا ئەو خەڵکانە، چ سەر بە میللەتی ئەو دەوڵەتە بن بە مانا (کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی)، چ ئەو بیانیانەبن کە بە ڕەگەزنامە سەر بەو دەوڵەتە نین، بەڵام لە هەرێمی ئەو دەوڵەتەدا نیشتەجێن و ژیان بەسەردەبن. لێرەوە مانای دانیشتوان لە مانای کۆمەڵایەتی میللەت فراوانترە، مانای کۆمەڵایەتی میللەت لە مانای سیاسی میللەت فراوانترە.

میللەت و نەتەوە

میللەت کۆمەڵە تاکێکە کە دەوڵەتێک پێکدەهێنن، واتە میللەت رەگەزە مرۆییەکەی پێکهێنانی دەوڵەتە. بەڵام نەتەوە بریتییە لە کۆمەڵە خەڵکێک، ڕەگەزی زمان و ئاین و مێژوی هاوبەش پێکیانەوە دەبەستێت و دەیانکاتە یەکەیەکی نەژادی جیاواز؛ تێیدا تاکەکانی ئەو یەکەیە، هەست بەوە دەکەن ئینتیمایان بۆ ئەو یەکە نەژادییە هەیە. لێرەوە جیاوازی نێوان میللەت و نەتەوە، بریتییە لەو هاوپەیوەستییەی لە نێوان ئەو دوو چەمکەدا هەیە. هاوپەیوەستی نێوان تاکەکانی نەتەوە، هاوپەیوەستییەکی سروشتی دەروونی و مەعنەوییە و پشت بە هەندێ فاکتەری دیاریکراو دەبەستێت، وەک رەگەز و زمان و ئاین و مێژوی هاوبەش. بەڵام ئەم هاوپەیوەستییە هیچ دۆخێکی یاسایی لەسەر جێبەجێ نابێت. بەڵام ئەو هاوپەیوەستییەی لەنێوان تاکەکانی میللەتی نەتەوەیەکدا هەیە، هاوپەیوەستیەکی سیاسی یاساییە کە وایانلێدەکات وەلائیان بۆ دەوڵەتەکە هەبێت و ملکەچی یاساکانی بن. لە بەرامبەردا لەسەر دەوڵەتیش پێویستە، پارێزگاری لە ژیان و سەروەت و سامانی هاوڵاتییەکانی بکات و پارێزگاری لە هەمو ئەو مافانەیان بکات کە یاسا بۆی دیاریکردوون. مەرج نییە میللەت وەک بنەمایەکی سەرەکی دەوڵەت، هەمو تایبەتمەندی و سیفەتەکانی نەتەوەی تێدابێت. میللەت هەیە، لە رووی رەگەز یان زمان یا ئاین یاخود مێژوو، جیاوازن، بەڵام میللەتێکیان پێکهێناوەو لەسەر جوگرافیایەکی دیاریکراو دەژین و خاوەنی دەوڵەت و ملکەچی سیستمێکی سیاسین. کەواتە یەکڕەنگی و هاوپەیوەستی و لێکچوون، مەرجی بوونی میللەت نییە. لێرەوە هەردوو چەمکی میللەت و نەتەوە، مەرج نییە یەک شت بن و لەیەکبچن. لەوانەیە میللەتی دەوڵەتێک، بەشێک بێت لە نەتەوەیەک کە بەسەر چەندین وڵاتدا دابەشبووبێت، وەک کورد، ئەمە لەلایەک. لەلایەکی دیکەوە میللەتی دەوڵەتێک لەوانەیە تێکەڵەیەک بێت لە چەندین نەتەوە، وەک یەکێتی سۆڤیەتی جاران.

نەتەوەو دەوڵەت

نەتەوەو دەوڵەت لە هەندێک لایەنەوە لێکتر جیاوازن، لەوانە نەتەوە حەقیقەتێکی کۆمەڵایەتی و دەروونییە، لە ئەنجامی کۆمەڵێ سیفەت و بنەمای هاوبەش، هاوپەیوەستییەک لە نێوان تاکەکانی ئەو نەتەوەیەدا هەیە. بەڵام دەوڵەت حەقیقەتێکی یاساییە، بنەماکەی دەسەڵاتی سیاسییە کە تاکەکانی دەوڵەتەکە پابەندن پێوەی. کەواتە ئەوەی ئەم دوو چەمکە لێکتر جیادەکاتەوە، بریتییە لە دەسەڵاتی سیاسی. دەسەڵاتی سیاسی مەرجێکی سەرەکییە بۆ بوونی دەوڵەت، بەڵام مەرجێکی سەرەکی نییە بۆ بوونی نەتەوە. جگە لەوە بوونی نەتەوە دەکەوێتە پێش بوونی دەوڵەتەوە. دەکرێت نەتەوەیەک بەسەر چەندین دەوڵەتدا دابەشبووبێت، هەر یەکە لەو دەوڵەتانەش خاوەنی سیستمێکی سیاسی جیاوازبن. لەم کاتەدا پەیوەندییەکی رۆحی و نەژادی لە نێوان تاکەکانی ئەو نەتەوەیەدا هەیە کە بەسەر چەند دەوڵەتێکی جیاوازدا دابەشبوون. بۆ نموونە نەتەوەی عەرەب بەسەر چەندین دەوڵەتدا دابەشبووە، بەڵام نەتەوەی عەرەب پێش ئەو دەوڵەتانە بوونی هەبووە. هەروەها نەتەوەی ئەڵمانیا بەسەر دەوڵەتانی ئەڵمانیا و نەمسا و بەشێک لە فەرەنسا دابەشبووە، نەتەوەی ئەڵمانیا پێش دروستبوونی ئەو دەوڵەتانە بوونی هەبووە. لەلایەکی دیکەوە لەوانەیە دروستبوونی دەوڵەت بکەوێتە پێش بوونی نەتەوەوە، ئەمە لەو حاڵەتەدایە کە دەوڵەتێک لە کۆمەڵێ نەژاد پێکهاتبێت و ئەو نەژادانە پێشتر سەر بە نەتەوەی جیاواز جیاواز بوون. بۆ نموونە دەوڵەتی سویسری، ئەم دەوڵەتە لە کۆمەڵێ خەڵک پێکهاتووە هەندێکیان بە ئەسڵ فەرەنسی و هەندێکی دیکەیان ئەڵمانی و بەشێکی دیکەیان ئیتاڵی بوون.

دووەم هەرێم

بۆ دروستبوونی دەوڵەت، تەنها بوونی کۆمەڵە خەڵکێکی هاوپەیوەست بەیەک بەس نییە، بەڵکو بوونی پارچەیەک زەوی دیارکراو پێویستە کە ئەو کۆمەڵە خەڵکە لەسەر نیشتەجێ ببن و بە شێوەیەکی بەردەوام کارو چالاکییەکانی خۆیانی تێدا ئەنجامبدەن. ئا بەو پارچە زەوییە دیاریکراوە دەوترێت هەرێمی دەوڵەتەکە. بوونی ئەم هەرێمە، مەرجێکی سەرەکییە بۆ دروستبوونی دەوڵەت. ئەو هەرێمە دەستنیشانی سنوری زەوی و ئاویی و ئاسمانی دەوڵەتەکە دەکات کە دەوڵەت سیادەو سەروەری خۆی بەسەردا پیادە دەکات، تێیدا سیستمە سیاسییەکەی و یاساکانی خۆی بەرقەرار دەکات. هەرێمی دەوڵەتەکە دەبێتە سەرچاوەی هێزو توانای دەوڵەتەکە، بەو کشتوکاڵەی بەرهەمیدەهێنێت و بەو سەروەت و سامان و کانزایانەی لە خاکەکەیەوە دەریاندەهێنێت. ئەمە سەرەڕای ئەو بەرهەمە ئاوییەی لە کەنارەکانی و دەریاچە و رووبارەکانییەوە لێیەوەردەگیرێت. بەم پێیە، دەوڵەتێک نییە، بێ بوونی هەرێمێک کە سنورەکەی دیاریکراوەو میللەتی ئەو دەوڵەتەی لەسەر نیشتەجێ بووە. هەرێمی هەر دەوڵەتێک، سنورێکی تایبەتی هەیە کە هەرێمەکە لە هەرێم و دەوڵەتانی دەوروبەری جیادەکاتەوە. دیاریکردنی ئەم سنورە، گرنگی و بایەخی خۆی هەیە، چونکە دەستنیشانی ئەو سنورە دەکات کە دەوڵەتەکە سیادەی خۆی بەسەردا دەسەپێنێت، هەروەها ئەو خاڵە دیاری دەکات کە تێدا سنوری دەوڵەتەکە کۆتایی دێت و سنووری هەرێم و دەوڵەتی دیکە دەست پێدەکات. ئەم سنورە دەکرێت سنورێکی سروشتی بێت یان سنورێکی دەستکرد بێت:

سنوری سروشتی: ئەو سنورەیە کە سروشت دیاریکرووە، وەک زنجیرەی شاخ، رووبار، دەریا، بیابان...هتد. لە راستیدا بوونی دیاردەیەکی سروشتی لە نێوان دوو هەرێمی دوو دەوڵەتدا، لایەن و سیفەتی باشی هەیە، لەوانە یەکەم: ئەو ململانێیە یەکلادەکاتەوە کە رەنگە لە ساتەوەختی دەستنیشانکردنی سنوردا بێتەئاراوە. دووەم: کاری بەرگریکردن لە هەرێمەکە ئاسان دەکات، ئەگەربێت و هەرێمەکە دووچاری دەستدرێژی دەرەکی ببێت.

سنوری دەستکرد: ئەگەر دیاردەیەکی سروشتی نەبوو بۆ جیاکردنەوەی دوو هەرێم یان دوو دەوڵەتی هاوسێی یەکتر، ئەوا پەنا دەبرێتە بەر دروستکردنی سنوری دەستکرد. سنوری دەستکرد دەکرێت بینراو بێت، وەک دانانی عەمود یان بورجی بچوک یاخود ریزکردنی کەڵەکە بەرد یا دانانی پەرژینێکی دڕکاویی یاخود تەلەبەندی سەربازی. دەکرێت نەبینراویش بێت، ئەمەش لە رێگەی دیاریکردنی هێڵێک ئەنجامدەدرێت، وەک هێڵی درێژی و پانی زەوی.

سێیەم: دەسەڵاتی سیاسی

بۆ دروستبوونی دەوڵەت، ئەوە بەس نییە میللەتێک لەسەر هەرێمێکی دیاریکراو نیشتەجێ بووبێت. بگرە جگە لەوانە، پێویستە بنەمای سێیەم هەبێت، ئەویش بریتییە لە دەستەیەکی سیاسی دەسەڵاتداری فەرمانڕەوا کە تاکەکانی ئەو دەوڵەتە ملکەچی ئەو دەسەڵاتەبن. ئەو دەستەیە مادام مافی مومارەسەی دەسەڵاتی سیاسی هەیە، کەواتە مافی رێخستنی کاروباری تاکەکان و کاروبارەکانی هەرێمی هەیە. ئەمە وا دەکات تاکەکان ملکەچی ئەم دەستەیەو بڕیارو یاساکانی ببن. ئەم دەستەیە نابێت کار بۆ بەرژەوەندی چینێک یان گروپێک یا بنەماڵەیەک یاخود پارتێکی دیاریکراو بکات و بەرژەوەندی چینەکانی دیکە پشتگوێ بخات. ئەگەر دەستەی فەرمانڕوا کارێکی لەو جۆرەی ئەنجامدا، ئەوا شایەنی فەرمانڕەوایی ئەو دەوڵەتەی نییە یاخود فەرمانڕەواییەکەی لایەنگریی پێوە دیار دەبێت و ئەمەش ناڕەزایی هاوڵاتیانی میللەتەکەی لێدەکەوێتەوەو دەوڵەت دووچاری کێشە وقەیران دەکات. لێرەوە باشی و خراپی دەسەڵات، پەیوەستە بە رازیبوونی تاکەکان.

چوارەم: دانپیانان

ئەگەر سێ بنەماکەی سەرەوە (میللەت، هەرێم، سیستمی سیاسی) لەئارادابوون، دەوڵەت دروست دەبێت و بوونێکی قانونیشی دەبێت. ئەگەر ئەم بوونە بەرقەرا بوو، ئەوا پێویستە ئەو دەوڵەتە جێگای خۆی لە نێوان دەوڵەتانی دیکەدا بکاتەوە. ئەمەش بە دانپیانان دەبێت بەم دەوڵەتە تازەیەدا. واتە دەوڵەتانی دیکە، دان بەم دەوڵەتە تازەیەدا بنێن، وەک ئەندامێکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نوێنەری دەبێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان. دانپیانان دەربڕینێکە بۆ حاڵەتێک کە پێشتر روویداوە، بەو مانایەی دانپیانان بۆ شتێکە پێشوەخت بوونی هەبووە. لێرەوە دانپیانان سودێکی ئەوتۆی نابێت، ئەگەر دەوڵەتەکە پێشتر بنەماکانی دیکەی جێبەجێ نەکردبێت. ئەگەر ئەم دەوڵەتە سێ بنەماکەی دیکەی تەواو نەکردبوو، ئەوا دانپیانان نایکاتە خاوەنی کەسایەتییەکی نێودەوڵەتی. لێرەوە هەندێک لە شارەزایانی ئەم بوارە، پێیانوایە دانپیانان رێوشوێنێکی سەربەخۆیە و پەیوەندی بە دروستبوونی دەوڵەتەوە نییە. دەوڵەت کاتێک بوونێکی یاسایی دەبێت کە سێ بنەماکەی سەرەوەی تێپەڕاندبێت. ئیدی دانپیانان دەبێتە ئەمرێکی واقیع. کەواتە داننەنان بە دەوڵەتێکی تازەدا، لەلایەن دەوڵەتانی دیکەوە، مانای وا نییە ئەو دەوڵەتە تازەیە کەسایەتییەکیی یاسایی نێودەوڵەتی نییە. ئەوەی لەو دانپیانەنانەوە دێتەدی، بریتییە لە بەربەست نانەوە لەبەردەم ئەو دەوڵەتە بۆ پیادەکردنی مافەکانی وەک دەوڵەت. لە راستیدا دانپیانان زیاتر خەسڵەتێکی سیاسی هەیە تا یاسایی و مەسەلەیەکە زیاتر پەیوەندی بە واقیعەوە هەیە نەک بە یاساوە.

جۆرەکانی دانپیانان:

 دوو جۆر دانپیانان هەیە، یەکەم دانپیانانی راشکاوانە-صریح- بەو مانایەی چەند دەوڵەتێک یان یەک دەوڵەت دان بە بوونی دەوڵەتە تازەکەدا دەنێت، ئەو دانپیانانەش لە شێوەی دەرکردنی بەیاننامەیەکی فەرمی دەبێت. جۆری دووەمیان دانپیانانی ژێرەکی- ظمني- بەو مانایەی دەوڵەتێکی دیاریکراو بێ ئەوەی بە شێوەیەکی فەرمی دان بە دەوڵەتە تازەکەدا بێنێت و رایگەیەنێت، کەچی مامەڵەی دەوڵەتی لەگەڵدا دەکات. وەک ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان دەوڵەتەکە و دەوڵەتە تازە دامەزراوەکەو سەردانی فەرمی کە سەرۆکی هەردوو دەوڵەتەکە بۆ لای یەکتر ئەنجامی دەدەن. دانپیانان دەکرێت فەردی یان دەستەجەمی بێت، ئەمەی دواییان دەکرێت لە کۆنگرەیەکدا یان لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاری لەسەر بدرێت.

سەرچاوە:

1-https://ar.wikipedia.org/wiki

2-http://www.uobabylon.edu.iq

3-http://www.marefa.org

 

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

6,227 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...