رای گشتی چییە و جۆرەکانی کامانەن و کاریگەرییەکانی چین

رای گشتی چییە و جۆرەکانی کامانەن و کاریگەرییەکانی چین

ساڵانێکە لە نووسین و بڵاوکراوەکان و لە کەناڵە میداییە جۆراو جۆرەکاندا، لەکات و ساتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان و لەسەروبەندی خۆپیشاندانەکان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتییەکاندا، لە دەرکەوتنی قەیرانە جیاوازەکاندا، گوێمان لە (رای گشتی) دەبێت. لە راستیدا کەم کەس هەیە باس لەم چەمکە نەکات و بەکارینەهێنێت، لە سیاسییەکانەوە بیگرە بۆ رۆشنبیران و بزنسمانەکان و خاوەن کۆمیانیا گەورەکانی وەبەرهێنان و پیاوانی ئاینی و تەنانەت خەڵکانی سادەو دووکاندارو دەستگێڕو کاسبکارەکانیش، بەکاریدەهێنن. چ ئەوانەی لە دەسەڵاتدان، چ ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنن و چ ئەوانەشی خۆیان بە بێلایەن و سەربەخۆ دەزانن، کار لەسەر ئەم چەمکە دەکەن و بۆ سودو بەرژەوەندی خۆیان دەیخەنەگەڕ. هەموان لە مەسەلە سیاسی یان ئابوری یا کۆمەڵایەتی یا کەلتورییەکاندا، باس لە گرنگی رای گشتی، پێویستی رای گشتی، بایەخی رای گشتی، رەچاوکردنی رای گشتی، دروستکردنی رای گشتی، رێزگرتنی رای گشتی، کاریگەری رای گشتی و ...هتد دەکەن.

کەواتە با بزانین رای گشتی چییە: مێژووەکەی، جۆرەکانی، ئەو فاکتەرانەی کاریگەریان لەسەری هەیە، بنەماکانی بوونی لە چیدایە، ئایا لە ئێستادا توانای دروستکردنی رای گشتی هەیە؟ واتە لەسەردەمی ئەم جیهانگیرییەی ئێستادا. لێرەدا هەوڵدەدەین بە شێوەیەکی کورت وەڵامی ئەو پرسیارانەو هەندێک پرسیاری دیکەش بدەینەوە.

چەمکی رای گشتی

بۆ ئەوەی بزانین رای گشتی چییە، پێویستە چەمکەکە شیبکەینەوە بۆ پێکهاتە سەرەکییەکانی کە بریتییە لە رەئی (الرای) و گشتی (العام). باشە ئەی خودی رەئی چییە؟ دەتوانین بڵێین رەئی: بریتییە لە دیدگا یان تێڕوانین یا بیروبۆچوونی مرۆڤ، چ بە تاک یان بە کۆمەڵ، کە لەسەر مەبنای عەقڵ یان سۆز یا ئەزموون یا شارەزایی یا باکڕاوندی رۆشنبیری و مەعریفی راوەستابێت، بەرامبەر بە رووداوێک یان دیاردەیەک یا پرسێک دەریدەبڕێت. دەکرێت ئەم دەربڕین و گوزارشتکردنە، بە ئاشکرا یان بە نهێنی بێت، بە شێوازو ئامرازی جۆراوجۆریش بێت، لەوانە بە نووسین، بە وێنە، بە جووڵەو کردار، بە قسەکردن و هاوارکردن، تەنانەت دەکرێت بە بێدەنگیش گوزارشتی لێبکرێت. رەئی رەگەزێگی گرنگە لەو رەگەزانەی کاریگەری بەرچاوی بەسەر زۆرێک لە بوارەکانی ژیانی مرۆڤایەتیدا هەیە، بۆچی گرنگە؟ چونکە رەئی توانای گۆڕینی دیدگا و تێڕوانینە کۆن و بەسەرچووەکانی هەیە و جێگرتنەوەی بە دیدگاو تێڕوانینی تازە و هاوچەرخ و مۆدرێن کە لەگەڵ سەردەمەکەو گۆڕانکاریی و وەرچەرخانەکاندا بگونجێت.

هەرچی پەیوەندی بە (گشتی- العام)ەوە هەیە، ئەوا لێرەدا باس لە رەئی کەسێک وەک تاک ناکەین، ئەگەر چی ئەو رەئییە تاکە کەسییە، لە دروستکردن و پێگەیشتنی ئەوەی پێیدەوترێت (گشتی) گرنگ و بایەخدارە. لێرەوە مەبەستمان لە (گشتی) کۆی دیدگاو بیروڕاکانی گروپێک یان جەماعەتێکە پێکەوە کە ئامانجێکی هاوبەش یان بەرژەوەندییەکی هاوبەش یا چارەنووسێکی هاوبەش، کۆیکردوونەتەوە. لێرەدا بۆ ئەوەی رای گشتی دروست ببێت، پێویستە ئەو جەماعەتە یان ئەو گروپە، پرسێک یان کێشەیەک یا دۆزێکی هاوبەشیان هەبێت، چونکە هەمو کۆمەڵەیەک یان جەماعەتێک یا گروپێک، مەرج نییە رای گشتی بەرهەمبێنێت. رەنگە ئاپۆرایەکی گەورە یان بارستایەکی زەبەلاح لە جەماوەر، لە شوێنێکدا گردببنەوە، بەڵام هیچ شتێک پێکەوە کۆیان ناکاتەوە، نە پرسێک نە دۆزێک و نە کێشەیەکی هاوبەش کۆی نەکردوونەتەوە. بەو مانایەی ئەو ئاپۆرایە، گردببونەوەیەکی هاکەزایی یان عەفەویانەی خەڵکە و هیچ مەبەست و ئامانجێکی دیاریکراوی لەپشت نییە. هیچ داواکارییەک بەرزنەکراوەتەوەو تا بەرگری لێبکرێت و بخرێتە بەردەمی کۆمەڵگا. بەم شێوەیە دەتوانین بڵێین رای گشتی لە دەوری پرسێک یان ئامانجێک کۆدەبێتەوە کە لە لایەن گروپێکەوە کاری بۆ دەکرێت و هەوڵی خستەڕووی دەدرێت، پاشان بەدیهێنانی.

لێرەوە ناونانی بە رای گشتی، بۆ ئەوەیە لە رای شەخسی و تایبەتی جیابکرێتەوە. خاڵێک کە پێویستە لێرەدا جەختی لەسەر بکەینەوە، ئەوەیە، رای گشتی بریتی نییە لە کۆی رای تاکەکانی گروپێک، بگرە بریتییە لەو کارلێکەی لە نێوان ئەو بیرورایانەدا دێتە بەرهەم. بۆ نموونە: ئەگەر گروپێکمان هەبێت لە کۆمەڵە تاکێک پێکهاتبێت، هەر تاکێکیش رایەکی جیاواز یان ناکۆک یا هاوشێوەی رایەکانی دیکەی هەبێت، لێرەدا رای گشتی بریتی نییە لە کۆی ئەو رایانە، بەڵکو بریتییە لەو رایەی لە ئەنجامی گفتوگۆو کارلێکی هوشیارانەی نێوان رایەکان دێتە بەرهەم، تا لە کۆتایدا دەگەن بە گەڵاڵەکردنی رایەک و دەبێتە رای زۆرینەی گروپەکە.

مێژوی سەرهەڵدانی رای گشتی

رای گشتی دیاردەیەکی مێژوییە، تا گەشتووە بەم ئاستەی ئێستای، گەڵێک قۆناغی مێژویی بڕیوەو چەندین ناوی جیاواز جیاوازی لەخۆگرتووە، لەوانە: ئیرادەی گشتی، رێکەوتنی گشتی، هەست و سۆزی گشتی، دەنگی گەل، رەئی ئازادیخوازەکان...هتد. شارەزایانی ئەم بوارە، باس لەوە دەکەن شارستانییەتە کۆنەکان، خاڵی نەبووە لە چەمکی هاوشێوەی رای گشتی، وەک لەسەرەوە ئاماژەمان بە هەندێکان کرد. ئەوان پێیانوایە چەمکی رای گشتی بە چەند قۆناخێکی مێژویی جیاوازدا تێپەڕیوە کە ئێمە لێرەدا تەنها ئاماژەیەکی خێرایان پێدەدەین:

1-رای گشتی لای گریک و یۆنان. 2-رای گشتی لە سەدەکانی ناوەڕاست. 3-رای گشتی لە سەدەی مۆدێرنە.

رای گشتی لای گریک و یۆنانییەکان، لە چوارچێوەیەکی تەسکدابووە، ئەوانەی مافی هاوڵاتیبوونیان هەبووە کە تەنها بریتیبوون لە کوڕانی خێزانە خانەدانەکان، مافی بەشداریکردنیان لە بڕیارداندا هەبووە. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ئاین رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە دروستکردنی رای گشتیدا، پاپاکان و قەشەو ئیمپراتۆرەکان، لە کێشە گرنگەکاندا، گوزارشتی وەک هەستی گشتی و دەستەجەمعی-یان بەکارهێناوە، وەک جۆرێک بۆ راکێشانی سۆزو عاتیفەی خەڵک. لە ئیسلامدا بۆ بەرێوەبردنی کاروبارەکانی مەملەکەت، کار بە پرنسیپی شورا کراوە کە جۆرێکە لە پرس و را گۆڕینەوەو وەرگرتنی بیروڕای ئەوانی دیکە. دواتر لەگەڵ هاتنی سەدەکانی مۆدێرنە و بەهۆی پێشکەوتنی بەرچاوی ئامرازەکانی پەیوەندیکردن، رای گشتی پێی نایە قۆناغێکی تازەوە، وەک ئەوەی لە ئێستادا دەیبینین.

پێناسەی رای گشتی

رای گشتی کە لە زمانی ئینگلیزیدا پێیدەوترێت  (General Opinion)پێناسەی جیاوزا جیاوازی بۆ دەکرێت، لە خوارەوە هەندێکیان دەخەینەڕوو

*بریتییە لە کۆمەڵێ بیروڕای میللی و گشتی کە لەلایەن تاکەکانەوە گوزارشتی لێدەکرێت.

*بریتییە لەو بیروباوەڕانەی لە ژینگەیەکی دیاریکراودا باوە، سا راست بن و قبووڵکراوبن یان هەڵەبن و قبووڵکراو نەبن، بەڵام دەکرێت سەرلەنوێ دارێژرێنەوە یان هەموار بکرێنەوەو لەگەڵ بارودۆخی دەوروبەریدا بگونجێنرێت.

*بریتییە لە حوکمدان لەسەر بابەتێک یان کەسێک یا پرسێک، لەلایەن کۆمەڵە کەسێکەوە کە رەنگە لە ڕووی چینایەتی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەوە جیاوازبن.

*بریتییە لە گوزارشتکردنێکی ئاشکراو راشکاوی گروپێک، بەرامبەر بە کێشەیەکی دیارکراو لە زەمەنێکی دیاریکراودا.

*بریتییە لە بیروڕای کۆمەڵە خەڵکێک، دەربارەی کێشەیەک پان پرسێک یا پێشنیارێک کە بەلایانەوە جێگای بایەخە، سا لەگەڵیبن یان دژی بن، هەڵوێستیان ئەرێنی یان نەرێنی بێت، لە چرکەساتێکی مێژوییدا.

*کۆمەڵێ دیدو بۆچونە گوزارشت لە هەڵوێستی گروپێک یان چەند گروپێکی کۆمەڵایەتی دەکات، لەبەرامبەر روداوێک یان دیاردەیەک یان بابەتێکی دیاریکراو کە گفتوگۆو مشتومڕی زۆری لەسەر دەکرێت. ئەو دیدو بۆچونە هاوبەشانە، بە باش یان بە خراپ، بە ئەرێنی یان نەرێنی کاریگەری لەسەر رووداوەکە یان دیاردەکە یان بابەتە پەیوەستدارەکە بەجێدەهێڵت.

*گوزارشتکردنی کۆمەڵێ خەڵکە یان دەربڕینی بیروڕایانە، لە بەرامبەر ئەو بابەتانەی کاریگەری لەسەر ژیان و بەرژەوەندییە گشتی و تایبەتییەکانیان بەجێدەهێڵت.

گرنگی رای گشتی

هەندێک لە توێژەران و شارەزایانی بواری زانستی سیاسەت، پێیانوایە رای گشتی بایەخ و هێزێکی کاریگەری هەیە، هەر بۆیە بە دەسەڵاتێکی نەبینراوی دادەنێن. ئەو شارەزایانە لەو بڕوایەدان رەنگە رۆژێک بێت ناوی لێبنرێت دەسەڵاتی پێنجەم، وەک چۆن بە میدیا دەوترێت دەسەڵاتی چوارەم. هۆکاری ئەو ناونانەش بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە کە تابێت رۆڵ و بایەخ و کاریگەری رای گشتی، لەسەر سیاسەت و بڕیارەکانی، زۆرترو زیاتر دەبێت و بەردەوام لە گەشەکردندایە، لەم پێناوەشدا چەندین دەزگاو ناوەندی راپرسی و رای گشتی دامەزراوەو شێوازو رێگای زۆر پێشکەوتوو بۆ زانینی رای گشتی دەگیرێتەبەر.

   رەگەزە سەرەکییەکانی رای گشتی

رای گشتی لە کۆمەڵگادا، چ لەسەر ئاستی ژینگەی کارکردن یان لەسەر ئاستی شارێک یان لەسەر ئاستی تەواوی کۆمەڵگا، لە چەند رەگەزێک پێکدێت، لەوانە:

1-تاکەکان/ الافراد: رەگەزی هەرە سەرەکی و چالاک و گرنگی رای گشتییە. هەر رای گشتییەک، مەبەست و ئامانج و خەسڵەتی هەر چییەک بێت، بەشێوەیەکی راستەوخۆ پەیوەستە بە تاکەکانەوە کە هەوڵی بەدیهێنانی مەبەستە دیاریکراوەکەیان هەیە لە ساتەوەختێکی دیاریکراودا. تاکەکان دەکرێت ژمارەیان کەم بێت و دەشکرێت ژمارەیان زۆربێت.

2-رای هاوبەش: بریتییە لەو رایە گشتییە هاوبەشەی کە لەنێوان تاکەکاندا گەڵاڵە دەکرێت و بە جدیی و پێداگریی و پەرۆشییەوە بەرگری لێدەکەن.

3-پرسی هاوبەش: دەکرێت ئەو پرسە، پرسێکی سادەو ساکار بێت، تەنها گروپێکی کەمی چالاک بایەخی پێبدەن و بەلایانەوە گرنگ بێت. دەشکرێت پرسەکە پرسێکی تا بڵێی گەورەیەو بەلای تەواوی میللەتەوە جێگای بایەخ و گرنگی پێدانە.

4-رۆحی گفتوگۆ: پێویستە گفتوگۆکان لەسەر پرسێکی تایبەت، هەم گشتی بێت و هەم ئاشکرا، نابێت گفتوگۆکان بە نهێنی و لە ژوری داخراودا ئەنجامبدرێت. لە کۆتایشدا بیروڕاکان دەخرێنە روو، رای گشتیش دەردەکەوێت. گفتوگۆکان بە دوو هەنگاودا تێدەپەڕێت: یەکەمیان جیاوازی و ناکۆکی نێوان دیدو بیروڕاکانە، دووەمیان نزیککردنەوەی دیدو بیروڕاکانە لەیەکترو دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشکانی نێوانیانە، لە پێناو گەڵاڵەکردنی دیدو بیرورایەکی هاوبەش.

4-جێبەجێکردنی واقیعی: ئەوەیە رای گشتی ببێت بە بەشێک لە واقیع، واتە لە کۆمەڵگادا رۆڵێکی سەرەکی و راستەقینە و فەرمی هەبێت.

جۆرەکانی رای گشتی

رەنگە لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا، مەسەلەی رای گشتی، لە ئەنجامی دواکەوتن و تێنەگەیشتن یان لە ئەنجامی ترس و تۆقاندن، مەسەلەیەکی رووکەش و لاوەکی بێت، جێگای بایەخ و ئاوڕلێدانەوەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا نەبێت. بەڵام لە وڵاتانی پێشکەوتودا، مەسەلەکە بە جۆرێکی دیکەیە. لەم وڵاتانەدا رای گشتی رەهەندو خەسڵەتی قووڵتری هەیە. رای گشتی مەسەلەیەکی عەقلانی و هۆشیارییە و زۆرێک لە سیاسییەکان، پێش بڕیاردان لەسەر پرسێکی گرنگ، پەنا بۆ رای گشتی دەبن و رێز لە فرەیی دەگرێت. مەسەلەکە هەرچۆنێک بێت، رای گشتی کۆمەڵێ جۆری هەیە کە پەیوەستن بە چەمکی رای گشتی و بیرۆکەی رای گشتییەوە، لەوانە:

رای گشتی خۆڕسک/عەفەویی: بریتییە لەو جۆرەی کە پەیوەست نییە بە هیچ پلان و نەخشەیەکی پێشوەختەوە، یان پەیوەست نییە بە رێکەوتنی پێشوەختەی تاکەکانەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی سروشتی و خۆڕسک روودەدات، بەرژوەندی هاوبەشی نێوان تاکەکان، هۆکاری دروستبوونی نییە. وەک گردبوونەوەی خەڵکانێک لەبەردەم نانەواخانەیەکدا. ئەوەی لەوێدا کۆیکردوونەتەوە، تەنها کڕینی نانە و هیچ تر. ئەمە بە شێوەیەکی عەفەوی روودەدات و دوورە لە پلان و کاری پێشوەختە و رۆژانەو بە شێوەیەکی بەردەوام دووبارە دەبێتەوە. رەنگە ئەم جۆرە لە رای گشتی زۆر درێژە بکێشێت بێ ئەوەی هەست بە کاریگەرییەکەی بکرێت. بۆ نموونە دانیشتوانی گەڕەکێک، لە دابینکردنی پێداویستییەکانی ناو ماڵ، تەنها پشت بەو تاقە دوکانە دەبەستن کە لە گەڕەکەیاندایە. بە نەمانی دوکانەکە، کاریگەرییەکەی دەردەکەوێت.

رای گشتی چالاک: بریتییە لەو جۆرەی کاریگەری هەیەو پەیوەستە بە توێژێکی بەرفراوانی تاکەکانەوە کە لە وانەیە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، ژمارەیان زیاتربێت، ئەم جۆرە لە بەر بڵاوترین جۆرەکانی رای گشتییە، لە سەرتاپای کۆمەڵکا مرۆڤایەتییەکان. چونکە بەشدارە لە بەدیهێنانی چەندین ئامانجی میللی کە کاریگەریان لەسەر کۆمەڵگا هەیە.

رای گشتی سەرۆک/ القائد: رای نوخبەیەکە کە توانای هەیە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا بەجێبێڵێت.

رای گشتی رۆشنگەر: رای دەستەیەکی رۆشنبیرە، کاریگەرییان لەسەر رای سەرۆک و رای گشتی هەیە.

رای گشتی جڵەوکراو: رای توێژێکە کە هەر روداوێک رووبدات، دەیانجووڵێنێت و لەژێر کاریگەری میدیاو کاریگەری رای سەرۆک و رۆشنبیراندان.

رای گشتی کاتی: ئەو جۆرەیە پەیوەستە بە رووداوێک یان پرسێکی دیاریکراوەوە، لەگەڵ کۆتایهاتن بە رووداوەکە یان پرسەکە، رای گشتییەکەش کۆتایپێدێت و نامێنێت. رەنگە هەمو کۆمەڵگا بگرێتەوە، لەوانەشە تەنها کۆمەڵە تاکێک بگرێتەوە. بۆ نموونە هەڵبژاردنی پەرلەمان کە لە ماوەیەکی دیاریکراودا روودەکات و تا راگەیاندنی ئەنجامەکان بەردەوامدەبێت.

رای گشتی ئاشکرا: ئەو جۆرەیە تێدا گروپێک یان چەند گروپێک لە هاوڵاتیان، لەسەر پرسێکی دیاریکراو، بەئاشکراو بێ ترس گوزارشت لە بیرورای خۆیان دەکەن. ئەم جۆرە بە زۆری لەو وڵاتانەدا دێتەدی کە تاکەکان تا رادەیەکی باش ئازادن و خاوەنی بیرورای سەربەخۆی خۆیانن.

رای گشتی شاراوە: پێچەوانەی رای گشتی ئاشکرایە، تێدا گروپەکان ناتوانن بە راشکاوی گوزارشت لە بیرورای خۆیان بکەن، ناتوانن بە ئاشکرا دەریببڕن و لە پێناویدا گردبوونەوە رێپێوان ئەنجامبدەن. ئەمجۆرە لە رای گشتی وەک هەڵوێستێکی نەرێنی لە قەڵەمدەدرێت، تێیدا میللەت یان گروپێکی کۆمەڵایەتی، لەبەردەم گەندەڵییەکاندا، کەمتەرخەم و لاموبالاتە.

رای گشتی کورتخایەن و مام ناوەندی و درێژخایەن: ئەمەیان بەپێی زەمەن دەبێت، لێرەدا دەکرێت ئەو رای گشتییە تەنها بۆ یەک رۆژ بێت، یان چەند رۆژێک یا چەند هەفتە یان مانگێک بخایەنێت. جۆرێکی دیکەش هەیە کە پێیدەوترێت رای گشتی نیمچە هەمیشەیی، پەیوەستە بە هەڵوێستێکی ستراتیژی گشتییەوە، وەک هەڵوێستی نیشتیمانی و نەتەوەیی.

رای گشتی دیار: ئەو جۆرەیە تێیدا گروپێک یان تەواوی میللەت، لە رێگەی ئامرازە جیاواز جیاوازەکانی راگەیاندنەوە، لەسەر بابەتێکی دیاریکراو بیروڕای خۆی دەردەبڕێت، بۆ نموونە گوزارشتکردنی تاکەکان لە رێگەی میدیاوە.

رای گشتی بە پێی شوێن/ جوگرافیا: لێرەداو لەم جۆرە رای گشتییەدا، شوێن یان جوگرافیایەکی دیاریکراو، رۆڵێکی سەرەکی دەبینێ لە دروستبوونی رای گشتیدا و دەکرێ بۆ سێ بەش دابەشبکرێت:

1-رای گشتی ناوخۆیی: تایبەتە بە جوگرافییایەکی دیاریکراو یان بە پانتاییەکی نیشتیمانی دیاریکراو.

2-رای گشتی هەرێمی: لێرەدا جوگرافیایەکە فراوانترە لەوەی یەکەم، وەک رای گشتی هەر چوار پارچەکەی کوردستان بۆ مەسەلەی ریفراندۆمی هەرێم. یان رای گشتی کەنداو یان رای گشتی جیهانی عەرەبی، یا رای گشتی لەسەر ئاستی کیشوەرەکانی ئاسیا یان ئەفریقیا یا ئەوروپا.

3-رای گشتی جیهانی: لێرەدا رای گشتییەکە سەرجەم جیهان دەگرێتەوە بە هەمو کیشورەکان و دانیشتوانی جیهانەوە. ئەم رای گشتییە بە زۆری میللەتەکان ئەنجامیدەدەن نەک حکومەتەکان.

رای گشتی بەپێی چەندایەتی: لێرەدا رای گشتی بۆ سێ بەش دابەش دەبێت کە بریتین لە:

*رای هەرە زۆر/ الساحق:رای بەشی هەرە زۆری میللەتە، زۆرجار لە ئەنجامی حەماسەت و سۆزی جەماوەرەوە دروست دەبێت، بێ هیچ لێکدانەوەیەکی پێشوەخت و بەرچاوڕوونییەک.

*رای زۆرینە: لە نیوە زیاترە، واتە 50+ 1، بەو واتایەی نیوەی زیاتری گروپ یان میللەت دەنگی لەسەر ئەو پرسە داوە کە خراوەتە بەردەمی، سا بە بەڵێ یان نەخێر، ئەرێنی یان نەرێنی بێت،

*رای کەمینە: لە نیوە کەمترە، بەڵام مانای ئەوە نییە هیچ بەهایەکی نییە، هەندێکجار ئەم رای کەمینەیە گەشەدەکات و دەبێت بە رای زۆرینە.

ئەو فاکتەرانەی کاریگەرییان لەسەر رای گشتی هەیە

1-سروشتی کۆنفۆرمیای کۆمەڵایەتی باو: مەبەست لە کۆنفۆرمیا هەمو (ئەو داب و نەریت و هونەرو بەهاو عەقیدەو بیروڕاو شارەزایانەیە) کە لە جوگرافیایەکدا جێگیربووە، ئایا لە جۆرێکی چەقبەستووە یان نەرمە. بەو پێیە دەکرێت فاکتەری دروستکردنی رای گشتی بێت یان بەربەست بێت لەبەردەمیدا. ئا لێرەوە هەر کەسێک یان هەر گروپ و حیزبێک، بیەوێت کێشەیەک یان پرسێک بخاتە بەردەم رای گشتییەوە، بۆ وەرگرتنی رەزامەندی یان بۆ رەتکردنەوە، پێویستە شارەزای کۆنفۆرمیای کۆمەڵایەتی بێت.

2-بوونی کەسایەتیی کاریزمی: رابەرو کەسانی سەرکردەی کاریزمی، رۆڵێکی چالاک و کاریگەر دەبینن لە کۆکردنەوەی خەڵک لە دەوری پرسێکی دیاریکراو کە دەیانەوێت رای گشتی بۆ ئامادەبکەن یان رەزامەندی رای گشتی بۆ بەدەستبێنن. لەوانە رابەری رۆحی یان سەرکردەی ئیداری یا سەرکردەی رەمزی و سەرۆکی نەتەوەیی. رۆڵ و کاریگەری ئەو سەرکردە یان رابەرە، لەسەر ئەوە رادەوەستێت تا چەند تواناو شارەزایی و لێهاتویی و بوێریی هەیە بۆ ئەو پرسەی کە دەیەوێت لەپێناویدا رای گشتی بەدەستبێنێت. بەڵام ئەم خاڵە زۆرجار لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو، سەر دەکێشێت بۆ شەخس پەرستی و دروستکردنی دیکتاتۆرو سەرکردەی هەتاهەتایی و رابەری پیرۆز. لێرەوە کۆمەڵگا پێویستە بایی ئەوەندە هوشیاربێت کە رێگەنەدات سەرکردەو رابەرەکان، لە رێگەی رای گشتییەوە ببنە کەسانی دیکتاتۆرو خۆسەپێن.

3-ئامرازەکانی راگەیاندن/ میدیا: میدیا بە هەموو جۆرەکانییەوە، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر قەناعەت و مەزاجی تاکەکان و گروپەکان هەیە. بۆ نموونە ئەوەی نەخوێندەوارە دەبیستێت، ئەوەی نابیستێت دەبینێت، ئەمە جگە لەوەی هەیە هەم دەبیستێت و هەم دەبینێت و هەم دەخوێنێتەوە. لێرەوە ئەوەی توانای مادیی هەیە بۆ بوون بە خاوەنی میدیا، ئەوەی توانای بیرکردنەوەو ئیدارەدانی میدیای هەبێت و بتوانێت لە خزمەت ئەو پرسەی کە مەبەستییەتی بیانخاتەگەڕ، بە دڵنیاییەوە سەرکەوتنێکی بەرچاو بەدەستدەهێنێت و بەشێکی گەورەی رای گشتی بەلای خۆیدا رادەکێشێت. لەلایەکی دیکەوە میدیا توانی یاریکردنی بە عەقڵی خەڵکی هەیەو دەتوانێت بڕیارو رەئی وا بخولقێنێت کە زۆر دوورە لە واقیعی راستەقینەی ژیانەوە. میدیا دەتوانێت واقیعێکی وەهمی، وەک جێگرەوەی واقیعە راستەقینەکە دروست بکات. لێرەوە ئەوەی میدیا و ئامرازە چالاکەکانی پڕوپاگەندەی لەبەردەستدابێت، تا رادەیەکی زۆر کۆنترۆڵی عەقڵی خەڵکی و رای گشتی دەکات.

4-جۆری ئەو پرسەی دەخرێتە بەردەم رای گشتی: جۆری ئەو رووداوە یان پرسە یان کێشەیەی دەخرێتە بەر رای گشتی، گرنگ و بایەخدارەو کاریگەری لەسەر رای گشتی دروست دەکات. کێشە چارەنوسسازەکان، ئەوانەی پەیوەندییان بە دوارۆژو چارەنووسی وڵاتان و نیشتیمانەوە هەبێت، ئەو یاسایانەی پەیوەستن بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە، هەڵبژاردنەکان، دەستوری وڵات، هەمو ئەوانە پەیوەستن بە سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگاوە، بۆیە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان ئامادەن لەبارەیانەوە کۆمەک و یارمەتیدەربن و رایەکی گشتی بەرفراوانی بۆ دروست بکەن.

5-رۆشنبیری ئاسۆ فراوان: ئەم فاکتەرە، بۆ وەرگرتنی هەڵوێست لەسەر پرسێک، زیاتر بایەخ بە عەقڵ دەدات تا سۆزو عاتیفە. ئەم جۆرە لە رۆشنبیر، بەهۆی ئەو رۆشنبیریی و مەعریفییەی هەیەتی، کاریگەری لەسەر دروستکردنی رای گشتی هەیە. لەم پێناوەشدا پشت بەو پاشخانە فیکریی و مەعریفییە دەبەستێت کە ساڵانێکی زۆرە کار بۆ بەدەستهێنانی دەکات.

6-پیاوانی ئاینی: بە هۆی ئەو پێگەیەی کە هەم ئاین و هەم پیاوانی ئاینی لە نێو کۆمەڵگایەکی نەریتخوازدا هەیەتی، کاریگەری گەورەی لەسەر رای گشتی هەیە، چ بە دیوە باشەکەی یان بە دیوە خراپەکەی. چ بۆ دژایەتیکردنی بڕیارێک یان بۆ پشتگیری بڕیارێک.

7-سەندیکاو رێخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی: سەندیکا پیشەییەکان و رێخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، بە رادەو ئاستی جیاواز، کاریگەرییان لەسەر دروستبوونی رای گشتی هەیە. رۆڵی ئەمانە زیاتر لەو کۆمەڵگایانەدا دیارترو بەرچاوترە کە سیستمە سیاسییەکەی کراوەیە و تێیدا تاکەکان و گروپەکان ئازادن و توانای دەربڕینی بیروڕای خۆیان هەیە.

چۆنیەتی پێوانەی رای گشتی

ئەوانەی دروستکردنی بڕیاری سیاسییان لە دەستدایە و خەڵکانی دیکەش، بایەخ بە زانینی ئاراستەی هاوڵاتیان دەدەن و دەیانەوێت بزانن هەڵوێستیان سەبارەت بە کێشە جیاوازەکان چی دەبێت و چۆن دەبێت. سیاسییەکان بە زانینی رای گشتی هاوڵاتیان، دەتوانن ئەرکەکانی سەرشانیان بە شێوەیەکی باشترو گونجاوتر ئەنجامبدەن، بە تایبەت لە وەرگرتنی بڕیاری راست و دروست. لەم سەردەمەدا، رای گشتی رۆڵێکی گەورە دەبینێت لە گۆڕین و وەرچەرخانی روداوە مەزنەکان و یەکلاییکردنەوەی بۆ لایەنێک. لێرەوە قەبارەی ئەو بایەخدانەی بە رای گشتی، زۆر گەورەیە، بە تایبەت لە وڵاتانی دیموکراسیدا. بەڵام پێوانەی رای گشتی، پێویستی بە گرتنەبەری رێوشوێنی تا رادەیەک ئاڵۆزو خەرجکردنی پارە هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا شارەزایان هەندێک ئامرازیان بۆ ئەم کارە دەستنیشان کردووە کە لە خوارەوە ئاماژە بە هەندێکیان دەدەین:

1-راپرسی: راپرسی بە یەکێک لە بەناوبانگترین رێگاکانی رای گشتی دادەنرێت. راپرسی یارمەتی دەسەڵاتداران دەدات بەشێوەیەکی چالاک، هەڵوێست و ئاراستەی هاوڵاتیان بزانن و لێیەوە بگەن بە بڕیاری راست و دروست. راپرسی رێگایەکی باوە بۆ زانینی رای خەڵک، بابەتی راپرسییەکە دەخرێتە بەردەم میللەت، پاش ئەوەی بە تێروتەسەلی قسەوباسی لەسەر دەکرێت و لەزۆر رووەوە هەڵدەسەنگێنرێت، ئیدی لە رۆژی راپرسییەکەدا، داوا لە میللەت دەکرێت دەنگی خۆیان بەو بابەتە بدەن، چ بە بەڵێ یان بە نەخێر یان بە هەر شێوازێکی دیکە.

2-شیکردنەوەی ناوەرۆک: یەکێکە لە رێگا گرنگەکان بۆ زانینی رای گشتی جیهانی، نەک رای گشتی ناوخۆیی. ئەم رێگەیە یارمەتیدەرە بۆ دەستنیشانکردنی ئاراستە ئابوری و سیاسی و کەلتورییە جیهانییەکان. ئەم رێگایە پشت بە شیکردنەوەو ئیستیعابکردنی ئاراستە جیاوازەکان دەبەستێت، لە رێگەی ئامرازەکانی راگەیاندن و میدیاکانەوە.

3-روماڵ: روماڵ لە راپرسی، زیاتر بە رێگایەکی گشتگیرو شمولیتر دادەنرێت، چونکە لە روماڵدا هەمو شتێک دەپێورێت: رای گشتی شاراوەو رای گشتی ئاشکراش، روماڵ پشت بە دوو ئامراز دەبەستێت: یەکەم تێبینی، کە لە میاینەیەوە بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ بیروراکان وەردەگیرێت. ئەو کەسەی روماڵەکە دەکات، هەمو ئەو تێبینیانە دەنووسێت کە لە بیروڕاکان و ئاراستە جیاوازەکاندا دەیانبینێت. دووەم چاوپێکەوتن، چاوپێکەوتن لە نێوان کەسی روماڵکەر یان کەسی توێژەر، لەگەڵ ئەو لایەن و گروپانەی کە هەوڵدەدرێت ئاراستە و مەیل و ویستیان بزانرێت، ئەمەش لە ساتەوەختێکی دیاریکراودا دەکرێت.

4-رۆژنامە: دەکرێت رۆژنامە وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ زانینی رای گشتی بەکاربهێنرێت. ئەمەش لە میانەی ئەو نووسین و چاوپێکەوتنانەی- لەسەر پرسێکی تایبەت- لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا ئەنجامدەدرێت و لە رۆژنامەکاندا بڵاودەکرێنەوە.

5-میدیای بینراو: واتە تەلەفزیۆن و کەناڵە ناوخۆیی و ئاسمانییەکان، ئەمانە رۆڵێکی هێجگار گرنگ دەگێڕن لە دەرخستنی رای گشتی، بەو پێیەی تەلەفزیۆن لە هەمو ماڵێکدا هەیە و هاوڵاتیان رۆژانە بڕێک لە کاتی خۆیان بۆ سەیرکردنی تەرخان دەکەن، ئەمە ویاکردووە ئەم ئامرازە بۆ دروستکردنی رای گشتی هێجگار گرنگ بێت.

6-کۆڕو کۆبوونەوە گشتییەکان: لێرەدا ئەو پرسەی کە پێویست دەکات رای گشتی لە بارەوە وەربگیرێت، لە کۆڕو کۆبوونەوە گشتییەکاندا دەخرێتەڕوو، داوا لە ئامادەبووان دەکرێت دیدو بیروڕاوی خۆیانی لەسەر دەرببڕن و گفتوگۆیی تێروتەسەلەی لەبارەوە ئەنجامبدەن.

ئامانجەکانی رای گشتی

توێژەران بەم شێوەیەی خوارەوە ئامانجەکانی رای گشتی دیاریدەکەن:

1-ئامانجی سیاسی: لێرەدا بڕیاربەدەستەکان یان ئەوانەی لە دەسەڵاتدان، هەوڵدەدەن، دەربارەی پرسێکی سیاسی چارەنوسساز، رای گشتی لەسەر ئەو پرسە بزانن، ئەوان پێش ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو پرسە بدەن، مەبەستیانە بیروڕای گشتی وەربگرن، چ بە رازیبوون نا نارازیبوون، ئەمەش بۆ ئەوەی دروستکەرانی بڕیار، بەرچاوڕوونییەکی باشیان هەبێت و بزانن میللەتەکەیان چۆن و بە چ شێوەیەک لەو پرسە دەڕوانێت کە ئەوان بەنیازن بڕیاری لەسەر بدەن.

2-ئامانجی کۆمەڵایەتی: لێرەدا رای گشتی بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی کێشەو گرفتە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنرێت. بۆ نموونە دیاریکردنی رێژەی منداڵبوون، ئەم پرسە لەبەر ئەوەی پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە خێزان و بژێوی و تەنانەت ئاینەوە هەیە، بۆیە پێش ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت، رای گشتی میللەتی لەبارەوە وەردەگیرێت. جگە لەوە زوو بە شوودانی کچی یان ئەوەی پێیدەوترێت هاوسەرگیری پێشوەخت و زۆربوونی مەسەلەی تەڵاق و تاوان و دەستدرێژی سێکسی و نزمبوونەوەی ئاستی خوێندن...هتد، کۆمەڵە پرسێکی کۆمەڵایەتین کە بۆ چارەسەرکردن و کەمکردنەوەیان، وەرگرتنی رای گشتی کارێکی دروست و پێویستە.

3-ئامانی ئابوری: کەرتی ئابوری، بەیەکێک لە کەرتە هەرە سەرەکی و گرنگەکانی ژیانی مرۆڤ دادەنرێت. چۆنیەتی رێخستنی و گەشەپێدانی و پلان و پرۆژەکانی و مەسەلەی دانانی گومرک و باج، هەر هەمویان رۆڵی سەرەکی لە ژیانی هاوڵاتیدا دەگێڕن و کاریگەرییان لەسەر بژێوی خێزانەکان دەبێت. ئەمە ویا دەکات لە هەندێ حاڵەتدا رای گشتی وەربگیرێت.

هەندێک تێبینی لەسەر رای گشتی

1-زۆربەی دەزگاکانی رای گشتی، چ بیانی یان ناوخۆیی، لەوانە میدیاکان، بێلایەن نین، هەوڵدەدەن رای گشتی بە ئاراستەیەکی دیاریکراودا ببن. وا دەکەن تۆ ئەگەر بیروڕایەکی جیاوازت هەبێت، ئەوا ناتوانی هیچ لە واقیع بگۆڕیت و ساردت دەکەنەوەو وا دەکەن دەنگت بخەییتە پاڵ دەنگی زۆرینە. جگە لەوە توێژێک لە خەڵک هەیە، هەمیشە حەز دەکەن لەگەڵ بەهێزەکاندا بن و پاڵپشتییان دەکەن، ئەگەرچی ئەو بەهێزانە هەڵەش بن و لەسەر حەق نەبن.

2-لای ئێمە، زۆرێک لە هاوڵاتیان دەترسن لەوەی بیرورای راستەقینەی خۆیان دەرببڕ، تەنانەت لە ساتەوەختی ئەنجامدانی راپرسییەکانیشدا، بوێری ئەوەیان نییە دەنگی راستەقینەی ناخی خۆیان دەرببڕن.

3-روداوە گرنگەکانی شەقام، کاریگەری لەسەر رای گشتی دەبێت، بەڵام ئەم کاریگەرییە هەم کاتییە و هەم زیاتر سۆزدارییە.

4-شاردنەوەی راستییەکان و بەلاڕێدابردنی رای گشتی و چەواشەکردنیان، ئەمەش هەوڵێکە زیاتر لەلایەن دەسەڵاتداران و فەرمانڕەوایانەوە دەدرێت بۆ سەرخستنی ویست و بەرژەوەندی خۆیان.

سەرچاوەکان:

http://www.cese.iq

http://naqed.info

http://www.iraqalyoum.net

: http://mawdoo3.com

http://www.ahewar.org

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

7,556 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...