پرسیارێک بکە:

سەرنجێکی خێرا لەسەر رای گشتی

سەرنجێکی خێرا لەسەر رای گشتی

ئێمە پێشترهەر لەم ماڵپەڕەوە، باسمان لە رای گشتی کردووم. لێرەدا جار‌ێکی دی دەگەڕێینەوە سەری و هەندێک زانیاری دیکە دەخەینە بەردەست. سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێین کە هەندێک لە شارەزایانی ئەم بوارە، رای گشتی، وەک زاراوە، دەگەڕێننەوە بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشی فەرەنسی ساڵی 1789، بەو مانایەی بۆ یەکەمجار زاراوەی رای گشتی، لەو شۆڕشەدا بەکارهاتووە. بەڵام لەم سەردەمەی ئێستادا، میدیای جەماوەریی، رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە گەڵاڵەکردن و بڵاوبوونەوەیدا. میدیای بینراو، بیسراو، نووسراو، هەر سێکیان ئەو کەناڵە گرنگانەن کە کۆمەک و پاڵپشتییەکی گەورەن بۆ فۆرمەلەبوونی رای گشتی. بێ بوونی میدیایەکی چالاک و بوێر، زەحمەتە رای گشتی بتوانێت گوزارشت لە خۆی بکات سەر پێ بکەوێت. خۆ ئەگەر کردیشی، ئەوا زۆر لۆکاڵی دەبێت و تەنها لە سنورێکی دیاریکراودا دەبێت و ناگوازرێتەوە بۆ بەشەکانی دیکەی وڵات، یان بۆ دەرەوەی وڵات.

ئاشکرایە ئەم زاراوەیە، وەک کۆمەڵێ زاراوەی دیکە، هەڵگری چەندین پێناسەیە، لەوانە: رای گشتی بریتییە لە رای کۆمەڵێ تاک یان کۆمەڵێ گروپ، سەبارەت بە کێشەیەکی تایبەت، لە کات و ساتێکی دیاریکراودا. یان رای گشتی بریتییە لە هەڵوێستی خەڵک سەبارەت بە بابەتێک کە جێگای بایەخپێدانییەتی، بەو مەرجەی ئەو خەڵکە لە یەک ئاستی کۆمەڵایەتیدابن. یاخود رای گشتی بریتییە لە دەرخستن یان گوزارشتکردنی حەز و مەیلی توێژێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو، بەرامبەر بە کێشەیەک لە کێشەکان. بۆ زیاتر تێگەشتن دەکرێت ئەم نمونەیە بێنینەوە: دەتوانین رای گشتی بە کەشتییەکی چارۆکەداری زەبەلاح بشوبهێنین، کەشتییەکە هەزاران کەس دروستی کردووە، نەک تەنها کەسێک، چونکە تاقە کەسێک ناتوانێت کەشتییەکی زەبەلاحی لەو جۆرە دروست بکات. ئەم کەشتییە بەهۆی ئاراستەی "با"وە یان بە هۆی شەپۆلەکانەوە دەڕوات. لێرەدا "با"کە یان شەپۆلەکە ئەو بابەتەیە کە دەبێتە هۆی جووڵاندنی کەشتییەکە و ئاراستەکردنی، کەشتییەکەش بریتییە لە رای ئەو هەزاران کەسەی بوونەتە پێکهێنەری کەشتییەکە. 

لە میانەی ئەو پێناسانەوە، دەتوانین بگەین بە رەگەزە سەرەکییەکانی رای گشتی و بەم شێوەیەی خوارەوە دیارییان بکەین:

1بوونی دۆزێک یان کێشەیەک

2-بوونی جەماوەرێک کە بایەخ بە کێشەکە دەدات و گفتوگۆی لەسەر دەکات.

3-گوزارشتکردن و گەڵاڵەکردنی رایەکی گشتی لەسەر کێشەیەک کە بەلای هاوڵاتیانەوە گرنگ و بایەخدارە.

4-دروستکردنی کاریگەری لەسەر رەفتاری تاکەکان و سیاسەتی حکومەتەکان

بەشێک لە پسپۆڕانی کایەی رای گشتی، بەم شێوەیەی خوارەوە، باس لە چۆنیەتی دروستبوونی دەکەن، لەو بڕوایەدان دروستبوونی رای گشتی، کارێکی هەروا ئاسان نییە و بەم قۆناغانەی خوارەوەدا تێدەپەڕێت:

1-دەرکەوتنی کێشەیەک یان بابەتێک یا دۆزێک یاخود قەیرانێک. بۆ نمونە لای ئێمە نەبوونی موچە.

2-دەرککردن بە کێشەکە، واتە بەشێکی بەرچاوی هاوڵاتیان دەرک بە بوونی کێشەکە دەکەن.

3-گفتوگۆکردن دەربارەی کێشەکە، بەتایبەت لە میدایا و سۆشیال میدیادا.

4-خستنەڕووی پێشنیار و چارەسەرەکان بۆ کێشەکە.

5-ململانێی نێوان بیروڕاکان.

6-گەڵاڵەکردنی بیروڕاکان، سا لایەنگری کێشەکە بێت یان دژی بێت یا بێلایەن بێت

7-نزیکخستنەوەی بیروڕاکان، بە مانای گەیشتن بە بیروڕایەکی مام ناوەند.

8-گەیشتن بە کۆدەنگی یان رای زۆرینە، واتە زۆرینە لەسەر یەک بیروڕا رێکبکەون.

9-رەفتاری کۆمەڵایەتی، واتە خۆپیشاندان بۆ پشتگیریکردن یاخود راگەیاندنی مانگرتن.

10-خۆپیشاندان بۆ دژایەتیکردنی و رازینەبوون.

فاکتەرە کاریگەرەکان لەسەر دروستبوونی رای گشتی

لە هەر وڵاتێکدا، ژمارەیەک فاکتەر هەیە کە راستەوخۆ کاریگەری بەرچاویان هەیە لەسەر دروستبوونی رای گشتی، لەوانە دەکرێت ئەم فاکتەرانەی خوارەوە دەستنیشان بکەین:

فاکتەرە شەخسییەکان: وەک ئاستی رۆشنبیریی و مەعریفی و ئابوریی تاک، شێوازی پەروەردەکردنی تاک، جۆری خوێندنی باو کە تاکەکان دەیخوێنن، بڕوابوونی تاک بە گرنگی و بایەخی بیروڕاکەی خۆی.

فاکتەرە کۆمەڵایەتییەکان:  وەک جۆری ئەو حوکمڕانییەی لە کۆمەڵگادایە. پلە و ئاستی ئازادی و دیموکراسی کە بۆ خەڵک فەراهەم کراوە. شێوازەکانی پەیوەندی شەخسی و دەستە جەمعی و جەماوەریی کە لەبەردەست تاکەکاندایە (میدیاکان، کۆڕ و سیمینارەکان، کۆنفرانسەکان، لێکچەرەکان، دیبەیدەکان). بوونی گروپی فشار   وەک (حیزب، رێخراوی کۆمەڵی مەدەنی، دەزگا و دامەزراوەکان). میراتی فیکری و کۆمەڵایەتی وەک ئاین، دابونەریت، بەهاکان، خورافە و ئەفسانەکان.

وەک ئاماژەمان پێدا میدیا رۆڵێکی گرنگی هەیە لە گەڵاڵەکردنی رای گشتی، بەتایبەت لە وڵاتە پێشکەوتووەکان، واتە ئەو وڵاتانەی ئازادی بیروڕا و گوزارشتکردن و کۆڕ و کۆبوونەوە، لە ئاستێکی بەرزدایە. بەڵام لە وڵاتانی جیهانی سێیەم، یان لەو وڵاتانەی سیستمی حوکم رێگە بە ئازادی بیروڕا نادات، رۆڵی میدایا لە دروستکردنی رای گشتی، وەک پێویست نابێت. لەبری میدیا هەندێک ناوەندی دیکە بەو کارە هەڵدەسێت، لەوانە عەشیرەت، هۆز، چاخانە و قاوەخانەکان، دانیشتن و گردبوونەوە خێزانییەکان، نوێژی هەینی، بازاڕە میللییەکان.

هۆکارەکانی دەرنەبڕینی رای گشتی

بۆچی تێبیینی ئەوە دەکەین لە وڵاتانی جیهانی سێیەم، ئاستی رای گشتی نزمە و هاوڵاتیان، وەک پێویست گوزارشت لە بیروڕای خۆیان ناکەن، یاخود بەشداری لە پرۆسەکانی راپرسیدا ناکەن؟ دەرنەبڕینی بیروڕا و بەشداری نەکردن لە راپرسییەکاندا، هەڵبژاردنی بێدەنگی و گوێنەدان بە کێشەکان، لەلایەن بەشێکی زۆری دانیشتوانی ئەم وڵاتانەوە، بە تایبەت ئەو کێشانەی رەهەندی گشتیان هەیە و بۆ چارەسەرکردنیان پێویستی بە رای گشتی هەیە، بۆ کۆمەڵێک هۆکار دەگەڕێتەوە کە لە خوارەوە ئاماژە بە هەندێکیان دەدەین:

بارودۆخی کۆمەڵایەتی: هەندێکجار دابونەریت و میراتی کلتوریی، رێگرە لەوەی خەڵک رای خۆی بە راشکاوانە دەرببڕێت. لەم حاڵەتەدا هاوڵاتیان، سەرقاڵی مەسەلە ژیانییەکانی دیکەن و باکیان بە کێشەکان نییە. بوونی ترس و تۆقاندن و سەرکوتکردنێکی زۆر، بەجۆرێک هەر کەسێک رایەکی جیاوازی هەبێت، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دووچاری بێنە و بەردە و سەریەشەیەکی زۆر دەبێت، جار هەیە دەگاتە بە گرتن و ئەشکەنجەدان و تەنانەت کوشتنیش.

بارودۆخی ئابوری: خراپی بارودۆخی ئابوری، وا دەکات زۆرێک لە دانیشتوان تەنها لە خەمی پەیداکردنی پارویەک ناندا بن بۆ خۆیان و خێزانەکانیان، هەر بۆیە لە هەمو جۆرە راپرسی و دەربڕینی بیروڕایەک، دوور دەکەونەوە و نایانەوێت لە هیچ چالاکییەکی گشتیدا بەشداربن.

بارودۆخی میدیا: لەم وڵاتانەدا میدیا رۆڵێکی زۆر نەرێنی دەگێڕێت، چونکە میدیا لایەنگری دەسەڵات و حکومەتە و هیچ رۆڵێک لە دروستکردنی رای گشتیدا نابینێت. بگرە ئەگەر ئەو رۆڵەش ببینێت، ئەوا بەشێوەیەکی چەواشەکارانەیە. واتە کار بۆ جوانکردن و میکیاجکردنی دەسەڵات و حکومەت دەکات. بە هەمو توانایەکی کەموکورتی و کێشە و قەیرانەکان پەردەپۆش دەکات. میدیای ئەم وڵاتانە، لەبەرەی دەسەڵات و فەرمانڕەواکانە و دژ بە بەرەی گەلە. کارەساتەکە لەوەدایە ئەم جۆرە میدیایە، بودجەیەکی زەبەلاحی لەبەردەستدایە و وەک تۆڕی جاڵجاڵۆکە کۆمەڵگای تەنیوە. وێنەیەکی تەواو ناڕاست و نا دروست، لەسەر هەمو ئاستەکان دەخاتە ڕوو، وێنەیەک تێیدا ژیان زۆر ئاساییە و وڵات لە پێشکەوتن و گەشەکردندایە، ئەمە لە کاتێکدا هاوڵاتی هەیە نانی شێوانی نییە و پارەی کڕینی قوتوویەک شیری بۆ منداڵەکەی نییە.

نەبوونی فرەیی حیزبی و رێخراوەیی: بەو مانایەی لەم جۆرە وڵاتانەدا، شتێک نییە بەناوی فرەیی سیاسی و رێخراوەیی، ئەگەر هەشبێت، کۆمەڵێ پارت و حیزبی سیاسین کە لەبەرژەوەندی حیزبی حاکم کاردەکەن و هیچ رۆڵێکیان لە دروستکردنی رای گشتیدا نییە. بگرە بەشێک لە ئەرک و پەیامیان، کوشتن و لەباربردنی رای گشتییە، رێگریکردنە لە دروستبوون و سەرهەڵدانی رای گشتی.

تایبەتمەندییەکانی رای گشتی

رەنگە هەمومان ئەم پرسیارە لەخۆمان بکەین، دیارترین تایبەتمەندییەکانی رای گشتی وڵاتەکەت چییە؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە، لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە و  لە سیستمێکی حوکمڕانییەوە بۆ سیستمێکی دی جیاوازە. تەنانەت لە ناو یەک سیستمی سیاسیدا، دەکرێت لە شارێکەوە بۆ شارێکی دی جیاوازبێت. لەگەڵ ئەوەشدا رای گشتی لە هەر وڵاتێکدا، پێویستە ئەم تایبەتمەندیانەی هەبێت:

1-پێویستە راای گشتی، پشت بە کۆمەڵێ زانیاری و شیکردنەوە ببەستێت و توانای قەناعەت پێکردنی هەبێت

2-زانیاریی باش و راستی لەبەردەستدابێت.

3-ئازاد بێت لە گوزارشتکردن.

4-چالاک و بزوێنەری شەقام بێت.

5-تا رادەیەک جێگیربێت و بە ئاسانی تەعبیئە بکرێت.

6-توندڕە و نەبێت و هەڵگری پرنسیپی لێبوردەیی بێت.

7-دۆگمایی و چەواشەکارانە نەبێت.

8-هەوڵی شاردنەوەی راستییەکان نەدات و نەبووبێتە داردەست بەدەستی دەسەڵاتدارانەوە.

9-دیموکراسی بێت و لە رێگەی گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینەوەوە گەشە و نەشونمان بکات.

10-لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ئاراستە نەکرێت، چونکە لەم حاڵەتەدا دەبێتە رای گشتییەکی چەواشەکارانە. بەتایبەت بۆ کێشە و قەیرانە ناوخۆییەکان.

11-لەلایەن رێخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنییەوە دروستکرابێت.

12-ئاین یان پیاوانی ئاینی، رۆڵێکی گرنگ و بەرچاوییان نەبێت لە دروستکردنیدا، چونکە لەوانەیە بۆ مەبەست و مەرامی تایبەت و بۆ سنوردارکردنی کایەی نووسین و هونەریی و رۆشنبیریی بەکاربهێنرێت.

13-میدایەکی سەربەخۆ و ئازادی لە پشت بێت و ببێتە مینەرێک بۆ کۆکردنەوەی دەنگە ناڕازییەکان.

14-کۆمەڵێ رۆشنبیر یان چالاکوانی سیاسی و رۆژنامەنوسی چالاکی هەبێت، بۆ جووڵاندنی کەیسەکان و خرۆشاندنی شەقام. لەمەدا دەکرێت بزنسمانەکان، مامۆستایانی زانکۆ، سکرتێری حیزبەکان، ئەندازیاران، پارێزەران، هونەرمەندان، سەرۆکی سەندیکاکان، بەشداربن و رابەرایەتی رای گشتی بکەن. ئاشکرایە ئەم رابەرانە، دەبێت کۆمەڵێ خەسڵەت و سیفەتیان هەبێت، لە هەمویان گرنگتر راستگۆیی و کارکردن بۆ بەرژەوەندی گشتی، نەک بۆ خۆ دەرخستن و دەستکەوتی تایبەتی. گوتاربێژ و زمانزانێکی پاراو بێت. توانایەکی باشی هەبێت بۆ پەیوەندی دروستکردن و کەسێکی کۆمەڵایەتی بێت، نەک گۆشەگیر. بتوانن لەبەردەم کامێراکاندا قسە بکەن و بە زمانێکی سادە پەیامەکانیان بگەینن بە هاوڵاتیان. لە ناوەندە کۆمەڵایەتی و کۆڕ و سیمینارەکاندا، ئامادەییەکی باشی هەبێت و بوێرانە قسەی خۆی بکات.

کاریگەری رای گشتی لەسەر تاک و کۆمەڵگا:

رای گشتی دەتوانێت کاریگەری لەسەر تاک دروست بکات، بەوەی گۆڕانکاری لە دید و تێڕوانینیدا-سەبارەت بە کێشەیەک یان بابەتێک یا مەسەلەیەک- بێنێتە ئارا. بەمەش یارمەتی تاک دەدات گەشە بە بیروڕاکانی بدات و توانای چارەسەرکردنی هەندێک لە کێشە و گرفتەکانی هەبێت. یان بەشێوەیەکی باشتر و زانستیانەتر لە کێشە و گرفتەکان تێبگات و دیوە شاراوە و نادیارەکانی بۆ دەرکەوێت. لێرەوە رای گشتی دەتوانێت رای تاکەکان بگۆڕێت و لە گروپێک یان دەستەیەکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی یا فەرهەنگی کۆیان بکاتەوە. جگە لەوە وا دەکات تاک، هەست بە بوونی خۆی بکات و بەهای دید و بۆچونەکانی خۆی بۆدەرکەوێت. تێبگات لەوەی دەنگی ئەو، رەنگی ئەو، دەرکەوتنی ئەو لە کایەی گشتیدا، کارێکی گرنگە و ئەگەری دروستکردنی گۆڕانکاریی دێنێتە ئاراوە. هەروەها وا دەکات تاک باوەڕ و متمانەی زیاتری بەخۆ هەبێت. دەرک بەوە دەکات تاکێکی بەسودە بۆ کۆمەڵگاکەی و لەوێشەوە بۆ مرۆڤایەتی. ئەم حاڵەتە وا دەکات، تاک ژیانی خۆی لا بەنرخ بێت، کاتەکانی هەروا لە شتی لاوەکیدا بەسەری نەبات. رای گشتی جۆرێک لە بەرپرسیارەتی لای تاک دروست دەکات کە شانازی بە خۆیەوە بکات، بزانێت چی دەکات و هەڵوێستی لەسەر کێشە و قەیرانەکانی چی دەبێت. بە مانایەکی دی، رای گشتی، چاوی تاک باشتر دەکاتەوە و وا دەکات جوانتر و لۆژیکیانەتر لە دەوروبەرو کێشەکانی کۆمەڵگاکەی بڕوانێت.

رای گشتی دەکرێت کاریگەری لەسەر کۆمەڵگاش هەبێت. ئەم کاریگەرییە شمشێرێکی دوولایەنەیە: دەکرێت کۆمەڵگا یەکبخات و یەکگرتووبێت. دەشکرێت کۆمەڵگا پەرت بکات و نەسیجی کۆمەڵایەتی لەیەکتر جیابکاتەوە. دەکرێت لە لایەنی سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی و فەرهەنگییەوە، کۆمەڵگا کۆبکاتەوە و یەکیان بخات. دەشکرێت لەو لایەنانەوە پەرتبوون و ناکۆکی زیاتر بنێتەوە. هەر بۆ نمونە رای گشتی دەتوانێت پشتگیری بڕیارێکی چارەنوسسازی دەسەڵاتداران بکات یان رەتیبکاتەوە یاخود بەربەستی بۆ دانێت. لە مەسەلەی گشت پرسییەکەدا لەسەر جیابوونەوە لە عێراق، بەشی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان دەنگیان بە بەڵێ دا، واتە بەو بڕیارە سیاسییە رازی بوون، ژمارەیەکی کەمیان بڕیارەکەیان رەتکردەوە. 

رای گشتی لە کایەی ئابوریدا، دەتوانێت کاریگەری لەسەر رەفتاری هاوڵاتیان دابنێت، بۆ نمونە کڕینی بەرهەمی ناوخۆ، بایکۆتکردنی کرینی بەرهەمی هەندێک وڵات یان کۆمپانیا، رەواجدان بە جۆرە براندێکی تایبەت و رەتکردنەوەی جۆرێکی دیکە. مانگرتن و بایکۆتکردنی دەوام یان گوێنەدان و کەمتەرخەمی نواندن لە کارکردندا. 

کۆتایی رای گشتی

رای گشتی لەوانەیە تا سەر بەردەوام نەبێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەو مەسەلەیەی لەدەوری کۆببونەوە چارەسەر کرا. بەهەر حاڵ رای گشتی لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا نامێنێت:

1-ئەگەر کێشەکە نەما یان چارەسەری گونجاوی بۆ دۆزرایەوە.

2-کاتێک رای گشتییەکی دی دێت و جێگای رای گشتی یەکەمجار دەگرێتەوە.

3-رای گشتی لە رێگەی هێزێکی گەورەی سەربازییەوە سەرکوت دەکرێت و بۆ ماوەیەکی زۆر دەرناکەوێتەوە.

4-رای گشتی نامێنێت ئەگەر کێشەکە بووە بەشێک لە دەستور و یاسای تایبەت و دیاریکراوی بۆ دەرکرا.

سەرچاوە

سودێکی زۆر لەم سەرچاوەیە وەرگیراوە: الرای-العام-اتجاهات-ومواقف : www.balagh.com 

 

 

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

ئەم ماڵپەڕە سەکۆیەکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان هاوڵاتیان و نوێنەرانیان لە پەرلەمانی کوردستان. لێرە هاوڵاتیان دەتوانن راستەوخۆ پرسیار ئاڕاستەی پەرلەمانتارانی کوردستان بکەن و گفتوگۆیان لەگەڵ بکەن. ئامانج لەم سەکۆیە فراوانکردنی پانتایی دیموکراسی و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرپرسیارێتییە، هەروەها پەیڕەویکردنە لە بنەمای بەشداری هاوڵاتیان لە کاروباری گشتی و پرۆسەی دروستکردنی بڕیاردا، کە بنەمایەکی هەرەگرنگی هەر سیستمێکی دیموکراسییە. گرفتێکی سەرەکی دیموکراسییەتی نوێنەرایەتی بریتییە لەو بۆشاییەی کە لەنێوانی هاوڵاتیان و نوێنەرانیان دروست دەبێ لەدوای هەڵبژاردن و لە کاتی حوکمڕانیدا، بۆیە پێویستە شێوازی جیاواز پیادە بکرێ بۆ کەمکردنەوە یان نەهێشتنی ئەو بۆشاییە. ماڵپەڕی سەکۆ هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوی بۆشایی و دوریی نێوان هاوڵاتیان و پەرلەمانتارانی کوردستان، لەم سەکۆیە هاوڵاتیان دەتوانن پرسیار ئاڕاستەی پەرلەمانتاران بکەن و زانیاری ئالوگۆڕ بکەن.

 

ئەم ماڵپەڕە لەلایەن ئینستتیوتی ریفۆرم بۆ گەشەپێدان (RID) سەرپەرشتی دەکرێ، و لەچوارچێوەی پڕۆگرامی پتەوکردنی دیموکراسی، بە هاوکاری فریاگوزاری مییللەتی نەرویجی (NPA).

کرتەی ئێرە بکە بۆ ئاراستەکردنی پرسیارێک یان بۆ خوێندنەوەی پرسیار و وەڵامەکانی سەکۆ 

69 پرسیار

3 وەڵام

13,236 بەکارهێنەر

چەند زانیاریەکی خێرا

کاتێ کۆرۆنا دەبێت بە شەماعەیەک بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ

سەرنجێکی خێرا لەسەر رای گشتی

ئەوانەی مێژویان گۆڕی: یەکەم غانی

ئەوانەی مێژوویان گۆڕی: پیاوەکەی هێرۆشیما

ئەوانەی مێژوویان گۆڕی: حەوت نازناو

ئەوانەی مێژوویان گۆڕی: مهاتما گاندی

ئەوانەی مێژوویان گۆڕی: کەمال ئەتا تورک 1881-1938

ئەوانەی مێژوویان گۆڕی: کوڕی پینەچییەک

ئەوانەی مێژوویان گۆڕی: ئەو تیۆرەی هەمو تیۆرەکانی دیکەی گۆڕی

ئەوانەی مێژوویان گۆڕی: پیاوێکی ریش سوری دیکە

...