سەرەتایەک بۆ ناسینی دادپەروەریی

سەرەتایەک بۆ ناسینی دادپەروەریی

هەمو کۆمەڵگایەک بۆ ئەوەی جۆرێک لە سەقامگیری گشتی و ئاشتی کۆمەلایەتی و ئارامی سیاسی و ئابوری بەخۆیەوە ببینێت، پێویستی بە چەندین بنەمای سەرەکی هەیە. یەکێک لە گرنگترین ئەو بنەمایانە بریتییە لە بوونی دادپەروەریی وەک بنەمایەکی جێگیر. سەقامگیری وڵات بێ بوونی دادپەروەریی، گرفتی گەورەو پەشێوی جۆراو جۆری بۆ دروستدەبێت. دادپەروەیی بنەمایەکی کۆمەڵایەتی سەرەکییە بۆ بەردەوامی ژیانی مرۆڤ لەگەڵ یەکتر. لە ڕاستیدا دادپەروەریی چەمکێکی گەورەو بەرفراوانە، هەمو گەلانی جیهان بانگەشەی بۆ دەکەن و هیوادارن بەدەستیبێنن. چونکە دادپەروەریی زۆر گرنگە بۆ هێنانەئارای جۆرێک لە یەکسانی لە نێوان سەرجەم تاک و گروپە جیاوازەکانی یەک کۆمەڵگاو یەک گەلدا. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێوەیەکی گشتی چەمکی دادپەروەریی، بریتییە لە دیدێکی مرۆییانە کە جەخت لە بەدەستهێنانی هاوسەنگی نێوان سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا دەکات لە مەسەلەی مافەکااندا. وەلێ بۆ ئەوەی دادپەروەریی بتوانێت یەکسانی نێوان چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بەدیبێنێت، بۆ ئەوەی بتوانێت دیدە مرۆییەکەی جێبەجێ بکات، پێویستی بە کۆمەڵێ سیستم و یاسایە رێکیبخات. یاساکان زیاد لە کەس و لایەنێک، سەربەخۆیانە و بێلایەنانە، کار بۆ دانانی دەکەن.

لە خێزاندا پێویستە باوک و دایک لە بەرامبەر منداڵەکانیان دادپەروەربن، جیاوازی نەکەن لە نێوان کوڕو کچ، گەورەو بچوک. بە شێوەیەکی دادپەروەرانە خۆشەویستی و میهرەبانی خۆیان بەسەر منداڵەکانیاندا دابەشبکەن. هیچ منداڵێک لە نازو نیعمەتی باوکایەتی و دایکایەتی بێبەش نەکەن. مامۆستا لە قوتابخانە و ناو پۆلدا، دەبێت دادپەروەربێت، بە یەک چاو لە قوتابییەکانی بڕوانێت، فەزڵی منداڵی مامۆستاو بەرپرس و دەوڵەمەند نەدات بەسەر منداڵی هەژار. بەڕێوەبەر لەسەریەتی مامەڵەیەکی دادپەروەرانە لەگەڵ ستافی مامۆستاکان و کاربەدەستەکانی قوتابخانەکەیدا بکات. بەڕێوەبەری گشتی نابێت و ناکرێت فەرق و جیاوازی بکات، پلەو پۆست و ئیفادو ڕێزو سوپاس بۆ هەندێک لە فەرمانبەرەکانی بنووسێت و ئەوانی دیکەش پشتگوێ بخات. وەزیر لە وەزارەتەکەیدا دەبێت نمونەی باڵای دادپەروەریی بێت، تا فەرمانبەرەکانی هەم چاوی لێبکەن و هەم دڵنیابن لەوەی مافەکانیان وەردەگرن. لەسەرو هەمو ئەوانەوە دادوەر لە دادگاکاندا، دەبێت ئەو کەسەبێت کە دادپەروەریی لە کۆمەڵگادا دەچەسپێنێت و بە هیچ جۆرێک پێشێلی ناکات. مافەکان بۆ خاوەنەکانیان دەگەڕێنێتەوەو تاوانبارانیش سزا دەدات.

لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە: بۆچی دادپەروەریی هێند گرنگە بۆ کۆمەڵگا؟ لەبەرچی گەلانی سەر زەوی هەوڵی پیادەکردنی دەدەن و دەیانەوێت پێیبگەن و بەدەستی بێنن؟ وەڵامێکی کورت و سادە بۆ ئەو پرسیارە ئەمەیە: چونکە پێچەوانەی دادپەروەریی بریتییە لە جەورو ستەم، لە زوڵم و چەوساندنەوە. ئاشکرایە ئەگەر لە کۆمەڵگادا دادپەروەیی نەبێت، ئەوا زوڵم و چەوساندنەوەو ستەم تا ئاستێکی زۆر جیگای دەگرنەوە و کاریگەرییەکی خراپ و نەرێنی دەبێت لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگا. ئەمەش چەندین ڕوداوی لە جۆری تاوان و دزی و کوشتنی لێدەکەوێتەوە. لێرەوە گرنگی و بایەخی دادپەروەریی، لەوەدایە دەبێتە چەترێکی گەورە کە یەکسانی بۆ هەموان دەخولقێنێت، بێ ڕەچاوکردنی ڕەگەز و ئاین و نفوزو پێکەی کۆمەڵایەتی، بەمەش جۆرێک لە ئەمن و ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی بۆ هەموان دەستەبەر دەکرێت. هەموان دەتوانن بێ ترس و چەوسانەوەو زوڵم و دڵەڕاوکە، کارەکانی ژیانی رۆژانەی خۆیان ئەنجامبدەن. دادپەروەریی تەواو پێچەوانەی قۆرغکاری و مەحسوبییەت و خزمخزمێنەیە، هەنگاوێکە بۆ بڵاوبوونەوەی ئولفەت و خۆشەویستی لەنێوان کۆی تاکەکانی کۆمەڵگا. بڵاوکردنەوەی هەستکردنێکی ناوەکی قووڵە بە ڕازیبوون بەو پشکەی کە لە ڕێگەی هەوڵ و تواناکانی خۆت بەدەستتهێناوە. لە بەرامبەردا دوور کەوتنەوە لە دادپەروەریی و سەرپێخستنی زوڵم و چەوساندنەوە، هەستی رق و کینە لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا زیاد دەکات و جێگای خۆشەویستی و رێز دەگرێتەوە.

گرنگی دادپەروەریی

دەکرێت گرنگی دادپەروەریی لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کورتبکەینەوە:

1-بەدیهێنانی یەکسانی لە نێوان سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا، بێ لەبەرچاوگرتنی پێگەی کەسەکان، ڕەگەزی کەسەکان، ئاینی کەسەکان، لایەنداری حیزبی کەسەکان، ئینتیمای کەسەکان بۆ خێڵ و بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکان.

2-بڵاوبوونەوەی ئاشتی کۆمەڵایەتی و خۆشەویستی و رێزگرتن لە نێوان چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا.

3-بوونی دادپەروەریی هەنگاوێکی مەزنە بۆ لەناوبردنی جیاکاریی جێندەری و سنوردانان بۆ کاری تیرۆرستی و ڕق و کینەو یەکتر سڕینەوە.

4-نەهێشتن یان کەمکردنەوەی فیتنەی تائیفی و مەزهەبی، بەوەی هەر ئاین و مەزهەبێت بە شێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە دەتوانن سروت و ڕێوڕەسمە ئاینییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن و هەست دەکەن وەک هاوڵاتییەکی یەکسان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

5-دادپەروەریی هەستی خۆ بە زلزانی و لوتبەرزی لای ئەو کەسانە ناهێڵێت یان سنوردار دەکات کە پێیانوایە لە خەڵکانی دیکە باشترو چاکترن.

6-رزگاربوون لە هەستی خۆبەکەمزانی و پەراوێزکەوتن لای ئەو کەسانەی پێیانوایە لەخەڵکانی دیکە کەمترن.

7-دڵنیابوونی تاکەکان بەوەی لە مەسەلەی حوکمڕانیدا دادپەروەریی هەیەو بۆ هەموان وەک یەکە. دەسەڵاتداران و سیاسییەکان بەهۆی ئینتیمای سیاسییەوە جیاوازی ناکەن لە نێوان هاوڵاتیاندا، بەڵکو لەسەرجەم کایەکاندا سیاسەتێکی دادپەروەرانە پراکتیک دەکەن.

8-هەمو هاوڵاتییەک هەست بە ئەمان و دڵنیایی دەکات، چونکە دەزانێت هیچ لە کەسانی دیکە کەمتر نییە و وەک هەمو هااوڵاتییەکی دیکە، مافەکانی بە تەواوەتی بەدەستدێنێت.

جۆرەکانی دادپەروەریی

لە ڕاستیدا زۆرێک لە شارەزایان پێیانوایە زەحمەتە ئەم پرنسیپە گرنگەی ژیان، جۆرەکانی دەستنیشان بکرێت. چونکە دادپەروەریی چەمکێکی زۆر بەرفرانەو لە چەند جۆرێکدا بەرتەسک ناکرێتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە شارەزایان، لەو بڕوایەدان دەکرێت بەم شێوەیەی خوارەوە جۆرەکانی دەستنیشان بکرێن، ئەمەش بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەو تێگەشتنی باشترە لە دادپەروەریی.

1-دادپەروەریی یەکسانخوازی: بەو مانایەی پێویستە دادپەروەریی بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر کۆی پێکهاتەکانی کۆمەڵگادا پیادە بکرێت و هیچ جیاوازییەکی جێندەریی و ئاین و ئیتنی لەبەرچاو نەگیرێت. یەکسانی پرنسیپی سەرەکی دادپەروەرییە. بۆ نموونە ئەگەر ئافرەتێک و پیاوێک، هەمان کار ئەنجامبدەن و لەو ئەنجامدانەشدا هیچ جیاوازییەک لە نێوانیاندا نەبێت، ئەوا دادپەروەریی ئەوە دەخوازێت هەردوکیان هەمان کرێ وەربگرن کە ئەوەی دیکەیان وەریدەگرێت. بەڵام ئەگەر کرێی پیاوەکە، لەبەر پیاوبوونی لە کرێی ئافرەتەکە زیاتربوو لەبەر ئاافرەتبوونی، ئەوە بە هیچ جۆرێک ناچێتە خانەی دادپەروەرییەوە. بگرە جۆرێک لە زوڵم و ستەم و جیاوازی جێندەری دەگەیەنێت.

2-دادپەروەریی سیاسی: واتە مافی دامەزراندنی پارتی سیاسی، گوزارشتکردن لە بیروڕا، ئەنجامدانی کارو چالاکی سیاسی هەمەجۆر.

3-دادپەروەریی کۆمەڵایەتی: وەک دابینکردنی پێداویستی پزیشکی، رەخساندنی دەرفەتی کارکردن بۆ هەموان، فەراهەمکردنی مافە سەرەتاییەکانی ژیان لە ئاو و کارەبا، رێزگرتن لەوی دیکەی جیاواز.

4-دادپەروەریی دادگاکان: واتە هەمو کەسێک بێتاوانە تا ئەو کاتەی تۆمەتەکەی لەسەر ساغدەبێتەوە. تۆمەتبار مافی ئەوەی هەیە لەبەردەم دادگایەکی دادپەروەردا دادگایی بکرێت و مافی بەرگری لەخۆکردنی هەیە. بە مانایەکی دی دادوەر لە ساتەوەختی دادگایکردندا، پێویستە کەسێکی زۆر سەربەخۆو بێلایەن بێت و هیچ فشارێکی حیزبی و کۆمەڵایەتی و ئاینی و نەتەوەیی قبوڵنەکات.

5-دادپەروەریی ئابوری: پێشی دەوترێت دادپەروەریی دابەشکردن، بەو مانایەی سەروەت و سامانی وڵات، بەشێوەیەکی دادپەروەرانەو یەکسان بەسەر سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا دابەشبکرێت. جگە لەوە بوونی سیستمێکی ئابوری کە کۆڵەکە سەرەکی و بەهێزەکەی دادپەروەریی بێت لە کارو ماف و ئەرکەکاندا، لە دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی ژیان بۆ هەمو تاکێک. ئەگەرچی ئەم جۆرە لە دابەشکردن زیاتر پەیوەستە بە مامەڵەکردنی نێوان تاکەکان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت بەسەر مامەڵەکردنی نێوان دەزگاکانی دەوڵەت و هاوڵاتیانیش پیادەبکرێت. بۆ نموونە دادپەروەریی وا دەخوازێت دەوڵەت دەبێت هەردوو خزمەتگوزاری تەندروستی و خوێندن، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشبکات. ئەگەر سیاسەتی دەوڵەت لەسەر بنەمای دابینکردنی خزمەتگوزاری خوێندن، بۆ چینێک لەسەر حسابی چینەکانی دیکە بێت، وەک ئەوەی منداڵانی بەرپرس و دەوڵەمەندەکان، لە قوتابخانە پێشکەوتووەکاندا بخوێنن و منداڵانی چینە هەژارو دەستکورتەکانیش، لە قوتابخانە خراپ و وێرانەکاندا بخوێنن، یان ئەوان لە نەخۆشخانە و عەیادە پێشکەوتووەکاندا چارەسەربکرێن و ئەمان لە نەخۆشخانە دواکەوتووەکاندا چارەسەربکرێن، ئەوا ئەو دەوڵەتە دەوڵەتێکی ستمگەرەو هیچ ڕەوایەتییەکی نییە، مافی گەلە بەرەنگارو ڕوبەڕووی ببێتەوە، تا سەرلەنوێ لەسەر بنەمای پرنسیپی دادپەروەریی دەوڵەتەکە بونیاد بنرێتەوە.

6-دادپەروەریی پێکهاتنەوە: واتە گەڕانەوەی مەسەلەکان بۆ دۆخی پێش خۆیان، سادەترین نمونە بۆ ئەم جۆرە لە دادپەروەریی، گەڕانەوەی مافی کەسێک کە پێشتر ئەو مافەی لێ زەوتکرابوو، لەگەڵ پێشکەشکردنی داوای لێبوردن بۆ کەسەو پێدانەوەی سەرجەم مافە خوراوەکانی.

7-دادپەروەریی سزادان: ئەم جۆرە لە دادپەروەریی کار لەسەر پرنسیپی سزا دەکات، سزای ئەو کەسانەی تاوان ئەنجامدەدەن، بەو هیوایەی ئەو سزایە ببێتە وانەیەک بۆیان و لە ئایندەدا کاری تاوان و خراپ و نەشیاو دووبارە نەکەنەوە.

سەرچاوەکان

mawdoo3.com

ar.wikipedia.org

www.alaraby.co.uk

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

5,297 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...