فیدراڵی و کۆنفیدراڵی و جیاوازی نێوانیان

فیدراڵی و کۆنفیدراڵی و جیاوازی نێوانیان

ساڵانێکە قسەوباسێکی زۆر لەسەر هەردوو چەمکی فیدراڵی و کۆنفیدراڵی دەکرێت و جۆرێک لە تێکەڵی لە نێوانیاندا دروست بووە. ئێمە لێرەدا دەمانەوێت هەندێک لایەنی ئەم دوو چەمکە زیاتر روونبکەینەوەو تارادەیەکیش جیاوازییەکانی نێوانیان بخەینەڕوو. دەمانەوێت سەبارەت بەم دوو چەمکە، هەندێک زانیاری زۆرتر پێشکەش بکەین و نموونەی زیاتریان بۆ بهێنینەوە، هەمو ئەمەش تەنها لە پێناو تێگەشتن و شارەزابوونی باشتری ئەم دوو چەمکەیە. سەرەتا پێویستە ئاماژە بەوە بدەین، هەم فیدراڵی و هەم کۆنفیدراڵی، دوو جۆر لە سیستمی سیاسی و دوو جۆر لە شێوازی حوکمڕانی دەگەیەنێت کە هەردوکیان خاوەنی کۆمەڵێ سیفەت و خەسڵەتی تایبەتن و لە هەندێک رووەوە جیاوازن.

یەکەم فیدراڵی یان فیدراڵییەت: فیدراڵییەت مانای یەکگرتنێکی ئارەزوومەندانەیە، واتە پێکەوە ژیانێکی هاوبەش لە نێوان گەلان و کەمینەکان، تەنانەت پێکەوە ژیانێکی هاوبەشە لە نێوان دانیشتوانی یەک میللەتدا/نەتەوەدا، بەڵام لە چەند هەرێمێکی جیاوازی یەک نیشتیماندا، وەک ئەوەی لە ئەڵمانیادا هەیە. لێرەوە دەتوانین بە چەند جۆرێک پێناسەی فیدراڵییەت بکەین، لەوانە:

*فیدراڵییەت واتای یەکگرتنێکی ئارەزوومەندانەی نێوان هەرێمەکان کە ئامانجی هاوبەش و چارەنوسی هاوبەش پێکەوە کۆیاندەکاتەوە.

*بریتییە لە یەکگرتنێکی ئارەزوومەندانە لە نێوان دەوڵەتان یان هەرێمەکان یان ویلایەتەکان کە دەکرێت لە رووی نەتەوەیی و رەگەز و ئاین و زمان و کەلتورەوە جیاوازبن یان جیاواز نەبن.

*شێوەیەکە لە شێوەکانی حوکمکردن، تێیدا دەسەڵات بە پێی دەستور، لەنێوان حکومەتی مەرکەزی و یەکەی حکومەتی بچوکتر (حکومەتی هەرێمەکان، ویلایەتەکان) دابەشبووە. هەر دوو ئاستەکەی حکومەت، پشت بە یەکتر دەبەستن و هەردوکیان پێکەوە پارێزگاری لە سەروەری دەوڵەتەکە دەکەن.

هەرێم یان ویلایەت، یەکەی دەستوریی دانپێدانراون و سیستمی سیاسی تایبەت بە خۆیان هەیە کە دەسەڵاتەکانی بە پێی دەسەڵاتی تەشریعی و جێبەجێکردن و دادوەری دیاریکراوە. شێوازی سیستمەکە و جۆری حوکمڕانییەکەی، لە دەستوری فیدراڵی دەوڵەتدا دەسنیشانکراوە. بە شێوەیەک حکومەتی ناوەند ناتوانێت تاکلایەنەو بە بڕیارێکی خۆی گۆڕانکاری تێدابکات.

*فیدرالییەت بە مانای دەوڵەتی فیدراڵی دێت، دەوڵەتی فیدراڵیش بریتییە لە دەوڵەتێک کە چەند کیانێکی دەستوری لەخۆگرتووە، هەر کیانەی یاسای تایبەتی خۆی هەیەو خاوەنی ئۆتۆنۆمی خۆیەتی. سەرجەم کیانەکان پابەندی دەستوری فیدراڵین، بەو پێیەی هەمویان لەو دەستورە فیدراڵییەوە هاتوونەتە دەرەوەو دەستوری فیدراڵی رێخەری بونیادی یاسایی و سیاسی کیانەکانە. کەواتە دەوڵەتی فیدراڵی بریتییە لە سیستمێکی یاسایی و سیاسی ئاوێتە. جگە لەوە فیدراڵییەت زامنکردنی مافی تاکەکان و مافی هەرێمەکانە لە خۆبەڕێوەبردنێکی سەربەخۆدا.

بەڵام یەکێتی فیدراڵی، تەنها لە سیستمێکی دیموکراسی فرەیی پەرلەمانی  بەدیدێت، کە تێیدا رەچاوی مافەکانی مرۆڤ کرابێت و بە شێوەیەکی کردەیی و راستەقینە رێز لەو مافانە گیرابێت و پیادەکرابێت. پێکەوە ژیانی ئارەزوومەندانەی هەمیشەیی، پێکەوە ژیانی برایانە، تەنها ئەو کاتە جێگیرو بەردەوام دەبێت کە لەسەر کۆمەڵێ بنەمای روون و ئاشکرای یەکسانی تەواوەتی لە ماف و ئەرکدا راوەستابێت. لە کەشوهەوایەکی دیموکراسی راستەقینەدا جێبەجێ دەکرێت، لە دەرەوەی دیموکراسی و پرنسیپی یەکسانی و شەراکەتی هاوبەش و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەری نێوان دانیشتوانی مەرکەزو هەرێمەکان، شتێک نامێنێتەوە ناوی دەوڵەتی فیدراڵی بێت.

یاساناسان و شارازایانی ئەم بوارە، زاراوەیەکی یەکگرتویان بەرامبەر بە زاراوەی ئینگلیزی State Federal و زاراوەی فەرەنسی Etate Federal نەدۆزیوەتەوە، واتە لەسەر تەرجەمەکردنی رێک و تەبانین. هەیانە پێیدەڵێت دەوڵەتی ئیتیحادی یان ئیتیحادی مەرکەزی یا دەوڵەتی فیدراڵی یان یەکێتی فیدراڵی و چەندین ناوی دیکە. بێگومان فیدراڵییەت زادەی لەدایکبووی ئێستا نییە، بەڵکو وەک بیرۆکە بیرۆکەیەکی کۆنە، وەلێ جێبەجێکردن و پراکتیککردنی بەشێوەیەکی کردەیی/ عەمەلی لە سەردەمی مۆدێرنەدا دەرکەوت. بە دیاریکراوی ساڵی 1787 لە ئەمریکا، پاشان ساڵی 1901 لە ئوستورالیا، دواتر ساڵی 1917 لە مەکسیک، سویسرا ساڵی 1948، لە مڕۆدا زیاد لە 30 دەوڵەتی ئیتیحادی لە جیهاندا هەیە، لەوانە بۆ نموونە: ئەمریکا، سویسرا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، هند، ئەرژەنتین، ئوستورالیا، فەنزەوێلا، مالیزیا، مەکسیک. بەڵام لە وڵاتانی عەربیدا تەنها یەک دەوڵەتی فیدراڵی یەکگرتووی راستەقینە هەیە، ئەویش دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتووە.لە راستیدا هەنووکە عێراق-یش بە یەکەم دەوڵەتی فیدراڵی دادەنرێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.  هەروەها نمونە گەلێکی زۆر هەیە کە سەرجەمیان پێمان دەڵێن ئەم سیستمە سیاسییە (فیدراڵیەت) لە حوکمڕانیدا سەرکەوتووبوون و توانیویانە پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانەو ئازادانە، لە نێوان هەرێمەکانی یەک وڵاتدا فەراهەم بکەن و بەردەوامیشبن، لەوانە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، کەنەدا، ئوستورالیا، مەکسیک، هیند. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە هەر هەرێمێک یان ویلایەتێک، بۆ ئەوەی توانای بەرێوەبردنی خۆی هەبێت، پێویستی بە زەمانەتە، بۆچی؟ بۆ ئەوەی لەلایەن هەرێم یان ویلایەتەکانی دیکەوە یا حکومەتی ناوەندییەوە، گێچەڵ یان پەلامار یا دەستوەردان لە کاروبارەکانیدا نەکرێت. دەبێت دڵنیابێت لەوەی هیچ جۆرە فشارێکی لەسەر نییە کە ناچاری بکات، لە دەرەوەی ویست و سەربەخۆیی خۆی، بڕیارێک یان هەر شتێکی دیکە دەربکات. کەواتە با بزانین دڵنیایی یان زەمانەت چییە و چۆن بە دەست دێت؟

زەمانەت/ الضمان: زمانەت بریتییە لەو بنەمایەی سیستمی فیدراڵی لەسەر بونیاد دەنرێت کە بریتییە لە بنەمای یاسایی. لەبەر ئەوەی دەستور، بەرزترین بنەمای یاساییە (بەرزترین یاسایە)، واتە لە سەری سەرەوەی لوتکەی هەرەمی یاسایی دەوڵەتە، بۆیە دەسەڵاتداران و چالاکییەکانیان و ئەو بنەمایانەی لەو چالاکییانەوە دێنەئارا، ملکەچی ئەو دەستورەن و نابێت لەگەڵ ماددە و بەندەکانی دەستورە فیدراڵییەکەدا نەگونجێت و ناکۆکبێت. دەسەڵاتدارن لە لوتکەی هەرەمی دەسەڵاتەوە، بۆ خواری خوارەوەی هەرەمەکە، لە گەورەترین دەسەڵاتی حکومەتەوە (سەرۆک وەزیران) بۆ بچوکترین دەسەڵاتی وەزیفی حکومەت، بۆیان نییە لەو دەستورە لادەن و خەرقی بکەن. هەروەها بۆیان نییە لەخۆیانەوە یاسا دابنێن و دەستورەکە هەموار بکەنەوە، بەو شێوەیەی لە سیستمە دیکتاتۆرییەکاندا روودەدات. دەستور لە رێگەی دەسەڵاتێکی دەزگاییەوە دادەنرێت، ئەو دەزگا یاساییە، رەشنووسی دەستورەکە ئامادە دەکات، پاشان لە رێگەی راپرسییەوە، دەخرێتە بەردەست میللەت، دوای وەرگرتنی رەزامەندی میللەت، لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی هەرێمەوە، رەزامەندی لەسەر دەدرێت. بە کورتی ئەوەی زەمانەت بۆ هەرێمەکان دابیندەکات، بریتییە لە دەستوری فیدراڵی دەوڵەتەکەو دەستوری خودی هەرێمەکە، هیچ دەسەڵاتدارێک ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی دەستکاری و هەمواریان بکاتەوە.

بنەما یاساییەکانی فیدراڵییەت

دەوڵەتی فیدراڵی لە دوو هەرێم (ویلایەت)یان زیاتر پێکدێت، بە پێی دەستوری ئیتیحادی، ملکەچی حکومەتی ناوەندییە. حکومەتی ناوەند بەپێی دەستور، دەتوانێت دەسەڵاتەکانی بەسەر حکومەتە ناوخۆییەکانی هەرێمەکاندا پیادە بکات. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە لە دەوڵەتی فیدراڵیدا، دوو دەسەڵات و دوو حکومەت هەیە کە ئەمانەن:

1-حکومەتی ناوەندی دەوڵەتە فیدراڵییەکە.

2-حگومەتی ناوخۆیی هەرێم یان ویلایەتەکە.

ئەمە دەمانگەیەنێت بە خاڵێکی جەوهەری، ئەویش ئەوەیە: لە دەوڵەتی فیدراڵیدا دوو ئەنجومەنی یاسادانان/تەشریعی هەیە. یەکەمیان تایبەتە بە حکومەتی ناوەندو دووەمیان تایبەتە بە حکومەتی هەرێمەکان. ئەم دوو ئەنجوومەنە پێیان دەوترێت پەرلەمان، بۆ نموونە لە حاڵەتی عێراقدا بەم شێوەیەیە: ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق/ پەرلەمانی عێراق. ئەنجومەنی نوێنەرانی کوردستان/ پەرلەمانی کوردستان. بێگومان لە دەوڵەتی فیدراڵیدا، ئەنجومەنی نوێنەرانی ناوەند، گەورەترین دەسەڵاتی یاسادانانە و خاوەنی هەمو جۆرە سەڵاحییەتێک و مافێکە کە لە دەستوری فیدراڵیدا بۆی دیاریکراوە. لەلایەکی دیکەوە هەرێمەکانیش ئەنجومەنی نوێنەرانی خۆیان هەیە. توانای دەرکردنی یاساو بڕیاری تایبەت بە خۆیان هەیە، بەو مەرجەی لەگەڵ ماددە و بەندەکانی دەستوری فیدراڵی ناوەندا ناکۆک نەبێت. لێرەوە بیرۆکەی دەوڵەتی فیدراڵی، پشت بە دوو حەقیقەت دەبەستێت کە بریتییە لە دووانەی دەسەڵات و دووانەی ئەنجومەنی یاسادانان. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، ئایا لە دەوڵەتی فیدراڵیدا، دەسەڵاتی جێبەجێکردن/حکومەت چۆن کارەکانی جێبەجێ دەکات؟ تایبەتمەندییەکانی (سەڵاحیەتەکانی)حکومەتی فیدراڵی چییە و تایبەتمەندییەکانی حکومەتی ناوخۆیی چییە؟

یەکەم: دەسەڵاتی جێبەجێکردن

پراکتیزەکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، لە دەوڵەتێکی فیدراڵییەوە بۆ دەوڵەتێکی دیکەی فیدراڵی جیاوازە، ئەم جیاوازییە، پشت بەو مادەو بڕگانە دەبەستێت کە لە دەستوری دەوڵەتە فیدراڵییەکەدا هاتووە. جگە لەوە دەتوانین بڵێین پشت بەو سیستمە یاسایی و سیاسییە دەبەستێت کە دەوڵەتە فیدراڵییەکە پیادەی دەکات، هەروەها پشت بە جۆری ئەو حاکم و دەسەڵاتدارە دەبەستێت کە لە حکومەتی مەرکەزی فیدراڵیدا، دەسەڵاتەکان و بڕیارەکانی لەدەستدایە. بۆ نمونە سیستمی فیدراڵی ئەمریکی، جیاوازە لە سیستمی فیدراڵی یەکێتی سۆڤیەتی جاران و سیستمی فیدراڵی وڵاتانی سێیەم. شارەزایانی ئەم بوارە، سێ رێگا بۆ دەستنیشانکردن و دابەشکردنی سەڵاحییاتەکان دیاریدەکەن کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

رێگای یەکەم: لە دەستوری فیدراڵیدا، سەڵاحییاتەکانی دەوڵەتی فیدراڵی (حکومەتی ناوەند/ مەرکەزی) دیاریدەکرێت، ئیدی ئەوەی دەمێنێتەوە، سەڵاحیاتی حکومەتی ناوخۆییە. ئەم رێگایە باوترین رێگایە لە نێو دەوڵەتە فیدراڵییەاندا، بگرە لە زۆربەی وڵاتانی فیدراڵی پیادە دەکرێت، لەوانە سویسرا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هیند

رێگای دووەم: دیاریکردنی سەڵاحیاتی حکومەتی ناوخۆیی (حکومەتی هەرێمەکە)، ئیدی ئەوەی دەمێنێتەوە، دەبێتە سەڵاحیاتی حکومەتی ناوەند(حکومەتی فیدراڵی)، ئەمە لە کەنەدا پەیڕەو دەکرێت.

رێگای سێیەم: لێرەدا سەڵاحیاتی هەردوو حکومەتی ناوەند (فیدراڵی) و حکومەتی ناوخۆیی (هەرێمەکە)دیاری دەکرێت. واتە لێرەدا دوو لیست هەیە:

لیستی یەکەم: تێیدا سەلاحیاتی دەوڵەتە فیدراڵییەکە (مەرکەزییەکە) دیاریکراوە.

لیستی دووەم: تێیدا سەڵاحیاتی دەوڵەتە ناوخۆییەکە (هەرێمییەکە) دیاریکراوە.

ئەم رێگایە رەخنەی زۆری لێگیراوە، چونکە هەندێک سەڵاحیات هەیە، تایبەتە بە بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسییەوە، هەندێک مەسەلەی ناوخۆ، لە ساتەوەختێکدا، سیفەت یان خەسڵەتی ناوخۆیی لەدەستدەدات و دەبێتە مەسەلەیەکی نەتەوەیی، ئا لەم حاڵەتەدا پێویستە دەوڵەتی فیدراڵی بێتە سەر خەت و قسەی هەبێت. چونکە چارەسەری مەسەلەکە لە ناوخۆی هەرێمەکەدا زەحمەت و سەخت دەبێت و پێویستی بە کۆمەک و یارمەتی ناوەند هەیە. لەبەر ئەمەیە، شارەزایان ئەم رێگایە بە پەسەند نازانن و زیاتر مەیلیان بەلای رێگای یەکەمدایە.

سەڵاحیەتەکانی دەوڵەتی فیدراڵی

ئەو سەڵاحیەتانەی لە ئەستۆی دەوڵەتی فیدراڵی (ناوەند/مەرکەز)دایەو لە بەشی زۆری دەوڵەتە فیدراڵییەکاندا کاریپێدەکرێت، بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە:

1-بەرگری نیشتیمانی و راگەیاندنی جەنگ و پەیماننامەی ئاشتی و سەرپەرشتیکردنی سەرجەم هێزە چەکدارەکانی وڵات.

2-سیاسەتی دەرەوەو هەمو ئەوەی پەیوەستە پێیەوە لە نوێنەرایەتی دیبلۆماسی و سیاسی و چوونە ناو کۆنگرەو دەستە نێو دەوڵەتییەکانەوە.

3-واژۆکردنی پەیماننامەو رێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام لە هەندێک دەستوردا، مافی ئەوە دراوە بە حکومەتە ناوخۆییەکان، هەندێک پەیماننامەی نا سیاسی مۆربکات، وەک پەیماننامەی کەلتووری و بازرگانی کە لەگەڵ سیاسەتی گشتی دەوڵەتە فیدراڵییەکەدا ناکۆک نییە.

4-سیاسەتی ئابوری، وەک دانانی پلانی ئابوری و پلانی گەشەکردنی ئابوری، بە گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتە ئەقلیمییەکاندا. دروستکردنی دراو-سکە- و بەرێوەبردنی بانکەکان و رێخستنی بودجەی گشتی و تەرخانکردنی بڕی بودجەی پێویست بۆ هەرێمەکان و چاودێریی دارایش.

5-بەرێوەبردنی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکان، بەندەرە ئاوییەکان، پەیوەندییە سلکی و لاسلکییەکان.

6-وەبەرهێنانی کانزاکان، نەوت و وزەی ئەتۆمی.

7-بەرێوەبردنی گومرک و باج و داهاتەکان.

8-یەکخستنی یاسا جینائی و مەدەنییەکان.

9-سەرپەریشتیکردنی وەزارەت و دەزگا ناوەندییەکان/ مەرکەزییەکان.

10-بەرێوەبردنی کاروباری رەگەزنامە و بەخشینی بە بیانییەکان و ئیقامە و سەفەرکردن، حکومەتی ناوخۆیی مافی ئەوەی هەیە یاسای تایبەت بەخۆی هەبێت بۆ پێدانی رەگەزنامە، بەو مەرجەی لەگەڵ دەستوری فیدراڵیدا ناکۆکنەبێت.

سەرجەم ئەو خاڵانە، لە سەڵاحیاتی حکومەتی فیدراڵی (ناوەندە)، ئەوەی دەمێنێتەوە، سەڵاحیاتی حکومەتی ناوخۆیی (هەرێمە). بەڵام لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە، دڵنیایی یان زەمانەت چییە دەسەڵاتی ناوەند، کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێمەکان ناکات یان هەرێمێک- بێ ویست و ئارەزوی دانیشتوانەکەی- بخاتە سەر هەرێمێکی دیکە؟ وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا زەمانەت بریتییە لە دەستور کە بەرزترین یاسای دەوڵەتە و لەسەری سەرەوەی هەرەمی یاساییدایە، دەسەڵاتی هیچ سەرۆکێک، فەرمانڕەوایەک، دەسەڵاتدارێک، چ لە حکومەتی فیدراڵی یان حکومەتی ناوخۆیی بێت، لەسەرەوەی دەسەڵاتی دەستور نییە. هەمو تەجاوزکردنێکی نایاسایی، خاوەنەکەی پەلکێشی دادگای دەستوری دەکات (دادگای باڵا). لە هەمو دەوڵەتێکی فیدراڵیدا، بۆ چاودێریکردنی کاروبارەکانی فەرمانڕەوایان و وەزیرەکان و فەرمانبەرانی هەردوو حکومەتی ناوەندو هەرێم، دادگایەکی دەستوری باڵا هەیە، هەمو هەموارکردنەوەیەکی دەستور، پێویستە بە رەزامەندی سێ بەشی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بێت. واتە هەموارکردنی دەستور، بە هەمان ئەو رێگایە دەبێت کە دەستورەکەی پێدەرکراوە. ئالێرەوە دەستور زامنی مانەوەی دەوڵەتی فیدراڵییەکەیە بە شێوەیەکی یەکگرتوو، هەروەها ئەوە دەستورە پارێزگاری لە مافی نەتەوەو کەمینە نەژادی و ئاینییەکان دەکات.

پێویستە ئاماژە بەوە بکەین لە دەوڵەتی فیدراڵیدا، هەمو هەرێمێک، دەستوری تایبەت بە خۆی هەیە کە تێیدا سەڵاحیاتەکانی سەرۆکی حکومەتە ناوخۆییەکەو دەسەڵاتەکانی دیاریکراوە. ئەم دەستورە، ملکەچی هەمان ئەو بنەما و ئەساسە یاساییانەیە کە دەستورە فیدراڵییەکەی دەوڵەتی پێدەرکراوە. جگە لەوە هەمو هەرێمێک ئەنجومەنی وەزیرانی خۆی هەیە، ئەم ئەجومەنەی وەزیران دەستەی جێبەجێکاری باڵای هەرێمەو کۆمەڵێ ئەرکی سەرەکی هەیە، لەوانە: دەستنیشانکردنی سیاسەتی گشتی هەرێم لە بوارەکانی ئابوری، سیاسی، کەلتوری، کارگێڕی و بودجەی گشتی و ئامادەکردنی پرۆژەکان و پلانەکانی گەشەکردن. دواجار هەمو هەرێمێک لە پاڵ ئاڵای فیدراڵی دەوڵەتدا، ئاڵای تایبەت بە خۆی هەیە و هەردووکیان پێکەوە، لەسەر دامودەزگا فەرمییەکانی وڵاتدا هەڵدەکرێن.

دووەم: دەسەڵاتی یاسادانان

لە دەوڵەتی فیدراڵیدا، دەسەڵاتی یاسادانان/ تەشریعی، دەسپێردرێت بە پەرلەمانی فیدراڵی، لە زۆر وڵاتدا ئەم پەرلەمانە لە دوو ئەنجوومەن پێکدێت کە بریتین لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران.

*ئەنجومەنی نوێنەران: ئەم ئەنجومەنە لەو نوێنەرانە پێکدێت کە بە هەڵبژاردنی راستەوخۆی نهێنی و ئازاد، لەلایەن سەرجەم دەنگدەرانی دەوڵەتە فیدراڵییەوەکەوە هەڵدەبژێردرێن. هەر هەرێمێک بە رێژەیەک بەشداری ئەم ئەنجومەنە دەکات کە لەگەڵ ژمارەی دانیشتوانەکەی گونجاوبێت، بەو مانایەی تا ژمارەی دانیشتوانی هەرێمەکە زیاد بێت، ژمارەی ئەندامانی ئەو هەرێمە لە ئەنجومەنی نوێنەراندا زیاتردەبێت. پێچەوانەکەشی راستە. رێژەکەش لەلایەن دەستوری فیدراڵییەوە دیاریدەکرێت. ئەم ئەنجومەنە لەگەڵ ئەنجومەنی هەرێمەکان (ئەنجومەنی پیران)، یاسا فیدراڵییەکان دادەڕێژێت و پرۆژە یاساییەکانیش ئامادە دەکات.

*ئەنجومەنی پیران: ئەم ئەنجومەنە کۆمەڵێ ناوی دیکەشی هەیە، وەک ئەنجومەنی هەرێمەکان، ئەنجومەنی ناوچە ناوخۆییەکان، ئەنجومەنی نەتەوەکان. لەم ئەنجومەنەدا، ژمارەی ئەندامانی هەر هەرێمێک، یەکسانە و پشت بە ژمارەی دانیشتوان نابەستێت. زۆرجار هەر هەرێمێک بە دوو ئەندام بەشداردەبێت، ئەو دوو ئەندامە لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هەرێمەکەوە یان لەلایەن پەرلەمانی هەرێمەکەوە یا لە رێگەی هەڵبژاردنەوە دەستنیشان دەکرێن. دەسەڵاتەکانی ئەم ئەنجومەنە، لە دەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتێکی دیکە جیاوازەو بە پێی ئەوەیە کە لە دەستورەکەیدا هاتووە. لە هەندێک دەوڵەتدا هیچ یاسایەک بە بێ رەزامەندی ئەنجومەنی پیران دەرناچێت، کەچی لە هەندێک وڵاتی دیکەدا پێچەوانەکەی راستە.

دەسەڵاتی یاسادانانی هەرێمەکان

هەر هەرێمێک ئەنجومەنێکی یاسادانانی (پەرلەمان)ی تایبەت بەخۆی هەیە، ئەندامەکانی لە لایەن دانیشتوانی هەرێمەکەوەو لە میانەی هەڵبژاردنێکی راستەوخۆی نهێنیدا هەڵدەبژێردرێت. سەڵاحیاتی ئەم ئەنجومەنە، بریتییە لە دەرکردنی یاسا، دیاریکردنی بودجەی هەرێم و رەزامەندی نواندن لەسەر بودجە، بەخشینی متمانەو لێوەرگرتنەوەی متمانە لە ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ کۆمەڵێ سەڵاحیاتی دیکە، بەمەرجێ لەگەڵ بنەماکانی دەستوریی فیدراڵیدا ناکۆک نەبێ

دەسەڵاتی دادوەری هەرێمەکان

هەر هەرێمێک دەسەڵاتێکی دادوەری سەربەخۆی هەیە، بەو مانایەی ئەم دەسەڵاتە دادوەرییە، هەم لەگەڵ هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنی هەرێم و هەم لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری فیدراڵی سەربەخۆیە. دادوەرانی هەرێم، دەسەڵاتی دادوەری خۆیان، بە پێی یاسا دادوەرییەکان پیادە دەکات کە لە ئەنجومەنی یاسادانانی هەرێم (پەرلەمانی هەرێم) دەرچووە.

دیارترین سیفەتەکانی دەوڵەتی فیدراڵی

1-بوونی تەنها یەک سەرۆک بۆ دەوڵەتە فیدراڵییەکە.

2-بوونی حکومەتێکی یەکگرتوویی مەرکەزی و چەند حکومەتێکی خۆجێی.

3-سیاسەتی دەرەوەو مەسەلە دیبلۆماسییەکان بەدەست حکومەتی ناوەندەوەیە.

4-بوونی یەک سوپای نیشتیمانی.

5-یەک دەستوری فیدراڵی، لەگەڵ بوونی چەند دەستورێکی ناوخۆیی کە ناکۆک نەبێت لەگەڵ دەستورە فیدراڵییەکەدا.

6-دەوڵەتی فیدراڵی ئاڵای دەوڵەتەکە هەڵدەکات، هەرێمەکان ئاڵای خۆیان و دەوڵەتەکەشیان هەڵدەکەن

7-دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن ودادوەری لەسەر دوو ئاستە: (فیدراڵی وەک مەرجەعی باڵا) و ناوخۆیی (لەسەر ئاستی هەرێمەکان)

8-دراوێکی مەرکەزی هەیە کە هەم دەوڵەتە فیدراڵییەکە و هەم هەمو هەرێمەکان کاریپێدەکەن.

9-ناتوانێت ببێت بە ئیتیحادێکی کۆنفیدراڵی، تەنها لەو حاڵەتەدا نەبێت کە چوارچێوە فیدراڵییەکە هەڵبوەشێنرێتەوە.

دووەم: کۆنفیدراڵی/کۆنفیدراڵییەت

بریتییە لە یەکگرتنی نێوان دوو دەوڵەت یان زیاتر کە خاوەنی سەربەخۆیی تەواوەتین، دوای مۆرکردنی پەیماننامەیەک لە نێوانیاندا بۆ مەبەست و ئامانجی هاوبەش کە دەوڵەتە کۆنفیدراڵییەکە خوازیارە بەدیبهێنێت. دەوڵەتی ئیتیحادی کۆنفیدراڵی لە رابیتەیەک پێکدێت کە ئەندامەکانی بریتین لە دەوڵەتانی سەربەخۆی خاوەن سەروەری. دەوڵەتی ئیتیحادی کۆنفیدراڵی، بە پێی رێکەوتنێکی پێشوەختەی نێوان ئەندامەکانی، هەندێک لە سەڵاحیاتی خۆی دەدات بە دەستەیەک یان چەند دەستەیەکی هاوبەش، بۆ رێکخستن و تەنسیقکردنی سیاسەتەکانی لە زۆر بواردا، ئەمە بێ ئەوەی ئەو دەستەیە یان دەستانە، شێوەی دەوڵەتێک یان کیانێک وەربگرێت. چونکە ئەگەر شێوەی دەوڵەتێک یان کیانێکی وەرگرت، ئەوا شێوەیەکی دیکە وەردەگرێت و وەک فیدراڵییەتی لێدێت. ئەندامانی ئەم دەستەیە گوزارشت لە بیروڕای دەوڵەتەکانی خۆیان دەکەن و بڕیارەکانیان بە کۆی دەنگ دەردەکەن. بڕیارەکان دوای رەزامەندی دەوڵەتانی ئەندام، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوەو کاری پێدەکرێت.

کەواتە زۆر بە کورتی دەوڵەتی کۆنفیدراڵی بریتییە لە یەکگرتنی دوو دەوڵەتی سەربەخۆ یان زیاتر، بۆ بەدیهێنانی ئامانجی هاوبەش، ئەمەش لە رێگەی واژۆکردنی پەیماننامەیەک لە نێوانیان، دەستەیەک یان چەند دەستەیەکی هاوبەش، سەرپەرشتی جێبەجێکردنی بەندەکانی پەیماننامەکە دەکات. هەمو دەوڵەتانی ئەندام، پێویستە لەسەریان پابەندی ئەو پەیماننامەیەی نێوانیان بن و کەسیان بۆی نییە تاک لایەنە هەڵیوەشێنێتەوە، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی پێویستی بە کۆدەنگی ئەندامەکان هەیە. دەوڵەتانی ئەندام لە یەکێتی کۆنفیدراڵییەکە، خاوەنی سەربەخۆیی تەواوەتی خۆیانن. ئەوەی کۆیکردوونەتەوە بەرژەوەندی سەربازی یا ئابوری یا سیاسییە، وەک یەکێتی ئەوروپا.

کۆنفیدراڵی رێز لە پرنسیپی سەروەری و تایبەتمەندی دەوڵەتانی ئەندامی دەگرێت، هەر دەوڵەتێکی ئەندام لە کۆنفیدراڵییەکەدا، سەروەری نیشتیمانی خۆی هەیە، سنوری جوگرافی خۆی هەیە کە لەلایەن دەوڵەتانی دەوروبەرییەوە دانیپێدانراوە، دراوی تایبەت بە خۆی هەیە، دەستوری خۆی هەیە، سوپاو سرودی نیشتیمانی و ئاڵای خۆی هەیە. زۆرجار کۆنفیدراڵی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەندێک مەسەلەی هەستیار دادەمەزرێت، وەک بەرگری و کاروباری دەرەوەو دروستکردنی دراوێکی هاوبەش.

تایبەتمەندییەکانی یەکێتی کۆنفیدراڵی

*توانایەکی باشی لە رێکخستنی نێوان کۆمەڵە دەوڵەتێکدا هەیە، بۆ کارکردنی هاوبەش و پێکەوەیی.

*بەدیهێنانی هەندێک ئامانج کە دەوڵەتەکان بە تەنها و هەریەکە بە جیا ناتوانن بەدیبێنن.

*کارکردن بۆ یەکگرتنی دەوڵەتەکان لەگەڵ یەکتر، لە پێناو پیادەکردنی یەک سیاسەتی هاوبەش.

*وەرگرتنی بڕیار بە کۆدەنگی دەبێت، ئەگەر یەکێک لە حکومەتەکانی ئەندام، هەستیکرد هەر بڕیارێک لە بەرژەوەندیدا نییە، ئەوا دەتوانێت پابەندی نەبێت.

*لەپێناو بەرژەوەندییەکی هاوبەشدا دروستدەبێت، دەکرێت ئەو بەرژەوەندییە کاتی بێت.

*هەر دەوڵەتێکی ئەندام، پایتەختی تایبەت بە خۆی هەیە.

*هەر دەوڵەتێک ئاڵای خۆی، دەستوری خۆی هەیە.

*هەر دەوڵەتێک دراوی خۆی هەیە، بەڵام دەکرێت لەسەر دراوێکی یەکگرتو رێکبکەون.

*لە قۆناغێکی دواترداو لە رێگەی سازان و رێکەوتنەوە، دەکرێت ببێت بە ئیتیحادێکی فیدراڵی.

خەوشەکانی سیستمی کۆنفیدراڵی

*ئەگەر هەندێک لە دەوڵەتەکان رازینەبوون بە ئەرکەکانی خۆیان هەستن، ئەوا حکومەتی ناوەند ناتوانێت ناچاریان بکات بە ئەرکەکانیان هەستن. بۆ نمونە ساڵی 1776 ویلایەتەکانی ئەمریکا رازینەبوون باج بە حکومەتی ناوەندی بدەن.

*حکومەتی ناوەند ناتوانێت هیچ هەنگاوێک بنێت، تەنها بە رەزامەندی ئەو دەوڵەتانە نەبێت کە سەر بە سیستمە فیدراڵییەکەن.

*هیچ دەوڵەتێک لە دەوڵەتانی ئەندام لە کۆنفیدراڵییەکەدا، ناتوانن کەی بیانەوێت پاشەکشە بکەن، واتە هیچ دەوڵەتێکیان ناتوانێت تاک لایەنانە لە سیستمە کۆنفدراڵییەکە بێتەدەرەوە، بۆ ئەو کارە پێویستە رەزامەندی هەموان بەدەست بێنێت.

*هاوڵاتی ئاسایی هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە چوارچێوەی کۆنفیدراڵییەکەوە نییە، بۆ نمونە، ئەم چوارچێوەیە هیچ شوناسێکی نیشتیمانی و مەدەنی نییە، هەروەها بەرپرسی راستەوخۆ نییە لە ئیدارەدانی ژیانی رۆژانەی خەڵک.

نموونەی دەوڵەتانی کۆنفیدراڵی

لە ئێستادا دیارترین ئیتیحادی کۆنفیدراڵی یەکێتی ئەوروپایە، بەڵام لە رووی مێژوییەوە چەندین دەوڵەتی کۆنفیدراڵی هەبووە کە لە ئێستادا هەندێکیان هەڵوەشاونەتەوە، بۆ نموونە:

1-یەکێتی سوڤیەتی جاران کە ساڵی 1917 دامەزرا.

2-یەکێتی وڵاتانی ئەمریکای ناوەڕاست، وەک سلفادۆر و پەنەماو کۆستەریکا و نیکاراگوا و هندۆراس و جامیکا و هایتی و دۆمەنیکان کە ساڵی 1825 دامەزرا.

3-یۆگسلافیای پێشو کە لە یەکگرتنی ێربیا و کرواتیاو سلۆڤینیاو مەقدۆنیا و جەبل ئەسوەد و بۆسنە و هەرسک و کۆسۆڤۆ پێکهاتبوو.

4-کۆماری عەرەبی یەکگرتوو لە نێوان میسرو سوریا 1958-1961

5-کۆنفیدراڵی سینیگاڵ و گانا 1982-1989

جیاوازی نێوان دەوڵەتی فیدراڵی و دەوڵەتی کۆنفیدراڵی

1-هەر دەوڵەتێکی ئەندام لە یەکێتی کۆنفیدراڵیدا، دەتوانێت مومارەسەی سیاسەتی دەرەوەو بکات و نوێنەرە دیبلۆماسییەککانی دیاری بکات. بەڵام ئەندامانی دەوڵەتی فیدراڵی، ئەو مافەیان نییە. سیاسەتی دەرەوەو مەسەلەی دیبلۆماسییەتی وڵات، لەبەردەستی حکومەتی ناوەندایە.

2-دەوڵەتانی ئەندام لە ئیتیحادی کۆنفیدراڵیدا، مافی راگەیاندنی جەنگیان هەیە. بەڵام ئەندامانی دەوڵەتی فیدراڵی (واتە حکومەتە ناوخۆییەکان یان حکومەتە هەرێمییەکان) ئەو مافەیان نییە. چونکە ئەو مافە تەنها لە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندایە.

3-ئەو جەنگەی لە نێوان ئەندامانی دەوڵەتی کۆنفیدراڵیدا روودەدات، جەنگێکی نێودەوڵەتییە. بەڵام ئەو جەنگەی لە نێوان ئەندامانی دەوڵەتی فیدراڵی روودەدات، جەنگێکی ناوخۆییە.

4-هەر پێشێلکردنێکی یاسای نێودەوڵەتی، لەلایەن ئەندامێکی دەوڵەتە کۆنفیدراڵییەکەوە رووبدات، خۆی بە تاقی تەنها دەرئەنجامەکانی دەگرێتە ئەستۆو ئەندامەکانی دیکە ناگرێتەوە. بەڵام لە دەوڵەتی فیدراڵیدا پێچەوانەیە.

5-دەستەی هاوبەشی نێوان دەوڵەتە ئەندامەکان، سەرپەرشتی دەوڵەتە کۆنفیدراڵییەکە دەکات. بەڵام لە دەوڵەتی فیدراڵیدا، حکومەتی ناوەند دەوڵەتەکە بەرێوەدەبات و سەرکردایەتی ئەندامەکانی دەکات.

6-هەر دەوڵەتێکی ئەندام لە ئیتیحادی کۆنفیدراڵی، لەبەر ئەوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە، بۆیە هەر کاتێک بیەوێت دەتوانێت لە کۆنفیدراڵییەکە بکشێتەوە. بەڵام ئەندامانی دەوڵەتی فیدراڵی ئەو مافەیان نییە، چونکە ئەوانە هەرێمن و بەشێکی دانەبڕاون لە دەوڵەتی فیدراڵی.

7-هاوڵاتیانی دەوڵەتی کۆنفیدراڵی، خاوەنی رەگەزنامەی خۆیانن، واتە هاوڵاتیانی هەر دەوڵەتێک، رەگەزنامەی دەوڵەتەکەی خۆیان هەیە. لە دەوڵەتی کۆنفیدراڵیدا رەگەزنامەیەکی یەکگرتوو نییە. بەڵام هاوڵاتیانی دەوڵەتی فیدراڵی خاوەنی، رەگەزنامەی دەوڵەتە فیدراڵییەکەن.

8-لە ئیتیحادی کۆنفیدراڵیدا، ژمارەی سەرۆکەکان هێندەی ژمارەی دەوڵەتەکانە، واتە هەر دەوڵەتەی سەرۆکی خۆی هەیە. بەڵام لە دەوڵەتی فیدراڵیدا، یەک سەرۆک دەوڵەت هەیە. بە مانایەکی تر دەوڵەتی کۆنفیدراڵی بە دەوڵەتێکی یەکگرتوو دانانرێت کە چەند دەوڵەتێکی دیکەی لەخۆگرتبێت. بە پێچەوانەی دەوڵەتی فیدراڵی.

سەرچاوەکان

ar.wikipedia.org/wiki

hadramouttoday.net

www.ahewar.org

www.alsharq.net.

www.uobabylon.edu.iq

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

7,373 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...