لە پێناو شەفاافییەتی زیاتر بۆ پەرلەمان و کاری پەرلەمانی

لە پێناو شەفاافییەتی زیاتر بۆ پەرلەمان و کاری پەرلەمانی

پێشەکی

پەرلەمان وەک باڵاترین دەسەڵاتی تەشریعی و چاودێر بەسەر کارەکانی حکومەتەوە، لە هەموو دەزگا سیاسییەکانی  دیکە زیاتر، پێویستی بە بوونی مەنزومەیەکی زانیاریی تۆکمە و پێشکەوتوو هەیە. بۆچی؟ چونکە ڕێخستنی کاروبارە فرە جۆرو فرە ڕەهەندەکانی کۆمەڵگا، ئاگاداربوون لە چۆنیەتی ڕایکردنی ئیشوکارەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، تێگەیشتن لە بارودۆخی ژیانی هاوڵاتیان و دەرککردن بە کێشەو کەموکوڕییەکان، پێویستی بە یاسای جۆراو جۆرو چاودێریی و بەدواداچوونی بەردەوام هەیە، یاساگەلێک گوزارشتبێت لە رۆحی سەردەم و پێشکەوتنە زانستی و مرۆییەکان لەبەرچاو بگرێت، لەگەڵ ڕەوتی هەڵکشانی ژیانی رۆژانەی خەڵکدا بگونجێت و هاوشانبێت لەگەڵ کۆی ئەو پێشکەوتنانەی لەسەر گۆی زەوی ڕوودەدات.

بۆ گەیاندنی ئەم ئەرکە قورسە، پەرلەمان پێویستی بە چەندین تیم و یەکەی زانیاریی و دەزگای توێژینەوە هەیە، چ تیم و یەکەو دەزگای تایبەتمەند بە کاروباریی پەرلەمانیی و گواستنەوەی ئەزمونی پەرلەمانیی هاوچەرخ، یان ئەو تیم و یەکەو دەزگایانەی بۆ بوارەکانی ناوخۆ لە نموونەی کشتوکاڵ، پیشەسازی، پزیشکی، ئەندازیاری، ئابوری، گەشتوگوزار، پەروەردەو ڕێگاوبان و ...هتد گونجاون. بوونی ژمارەیەک لەو تیم و یەکەو توێژینەوانە، گرنگترین ئامرازە بۆ گەشەپێدانی کاری پەرلەمانی. ئەو میزانییەی لەژێر ناونیشانی نەسرییەو حەقی کرێی خانوو و هاتوچۆو ئیفاد، بۆ پەرلەمانتاران خەرجدەکرێت، باشترو بەسودترە لە کاروباری توێژینەوەی کاری پەرلەمانی بەکاربهێنرێت. ڕۆَڵی دەزگای توێژینەوەو زانیاریی لە دروستکردنی بنەما یاساییەکاندا هێجگار گرنگە، ئەمەش بۆ ئەوەی بگەین بەو یاسایانەی هاوشانە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەم و ژیانی هاوچەرخدا. بۆ ئەوەی مەسەلەی چاودێریکردنی حکومەت و بەیەکگەیشتن و بینینی هاوڵاتیان، ئاسانترو باشتربێت.

ئەم چەند ساڵەی سەدەی بیست و یەک، دوو فاقییەکی ڕوون و ئاشکرای پێوە دیارە، لەلایەکەوە دیموکراسییەت و مەسەلەی هەڵبژاردن، لە بەشێکی زۆری وڵاتان، سەرکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بەو پێیەی دیموکراسی بەهایەکی جیهانییە و سەر بە هیچ وڵات و هەرێمێکی دیاریکراو نییە. هەڵبژاردنیش مافێکی گەردونییە بۆ سەرجەم هاوڵاتیانی جیهان. کەچی لەلایەکی دیکەوە هاوڵاتیان دووچاری نائومێدی بوون، لەوەی دیموکراسی بتوانێت ژیانێکی باشترو ئاسودەتریان بۆ دابین بکات. باوەڕیان بە هەڵبژاردنیش نەماوە بتوانێت گۆڕانکاری جدیی لە بارودۆخی سیاسیدا بکات. ئەم جۆرە لە نائومێدی و بڕوانەمانە، بەشێکی بەرچاوی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەڵێن و پەیمانانەی کاندیدەکان، پێش هەڵبژاردن دەیدەن بە هاوڵاتیان، بەڵام دوای هەڵبژاردن و بوون بە ئەندامی پەرلەمان، بەڵێن و پەیمانەکان لەبیردەچنەوەو دەخرێنە سەر ڕەفەکان و تەپوتۆزێکی زۆری لەسەر دەنیشێت، بێ ئەوەی هیچیان ڕوناکی ببینن و بچنە بواری جێبەجێکردنەوە. بەشەکەی دیکە هۆکاری ئەوەیە حیزب و پارتە سیاسییەکان، هەم پەنا بۆ تەزویرو کاری ساتختەکردن دەبەن، هەم راستگۆنین لەگەڵ دروشم و بەرنامەی هەڵبژاردنەکانیان و زۆر بە ئاسانی لێی پاشگەزدەبنەوە. ئا لێرەوەو لەمڕۆدا، پەرلەمانتار ڕۆڵێکی گرنگ و بایەخدار دەبینێت لە نەهێشتن یان کاڵکردنەوەو بەرتەسککردنەوەی ئەو دووفاقییەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا.

چونکە پەرلەمان ئەو دەزگایەیە کە ئیرادەی میللەت، لای حکومەت، بەرجەستە دەکات. ویست و خواست و هیوای هاوڵاتیان بە پرۆسەی دیموکراسی، بەهێزترو تۆکمەتر دەکات. یارمەتی چارەسەرکردنی کێشە رۆژانەییاکانی خەڵک دەدات. پەرلەمان بەو پێیەی دەزگایەکەو لەلایەن میللەتەوە هەڵبژێردراوەو نوێنەری سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگایە، بۆیە بەرپرسیارەتێکی گەورەیان لەئەستۆیە، ئەویش بریتییە لە جێبەجێکردنی بەشی زۆری ئەو بەڵێن و پەیمانانەی لە ساتەوەختی هەڵمەتی هەڵبژاردندا بانگەشەیان بۆ کردووە. جگە لەوە بریتییە لە ڕەخساندنی کەشێکی لەبارو گونجاو بۆ قسەکردن و گوێگرتن لە هەمو ئەو هاوڵاتیانەی، دەنگیان پێداون و ئەوانەشی دەنگیان پێنەداون، خولقاندنی کەشێکی لەوجۆرە، ڕاستگۆیی و مسداقییەتی پەرلەمانتار دەردەخات و دەبێتە جێگای متمانەی دەنگدەرەکانی و ئەوانی دیکەش. بۆ ئەنجامدانی ئەو مەبەستەش، پەرلەمان لەسەریەتی ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بگرێتەبەر:

1-پێویستە پەرلەمان لە پێکهاتەو شێوازی ئەدائی، گشتگیرتربێت، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە ڕێژەی ئافرەت و مافی کەمینەکانەوەو پەراوێزنەخستنیان.

2-بۆ پەیوەندیکردن بە هاوڵاتیانەوە بە شێوەیەکی چالاکترو ئەکتیڤتر، لەسەر پەرلەمان وەک دەزگاو پەرلەمانتار وەک ئەندامێکی هەڵبژێردراو، پێویستە کۆی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بەکاربێنێت و بیانخاتە خزمەت کۆمەنیکەیشنێکی باشتر لەگەڵ هاوڵاتیان. دروستکردنی کەناڵی ڕادیۆیی و تەلەفزیۆنی و ماڵپەڕی تایبەت بە پەرلەمان و سودوەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتەرنێت، کارئاسانییەکی گەورە دەکەن بۆ مەسەلەی تۆخکردنەوەی پەیوەندی نێوان خەڵک و پەرلەمان.

3-بەکارهێنانی ئامرازە تازەکانی پەیوەندیکردن لەگەڵ هاوڵاتیان، لەوانە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و بەشداری پێکردنیان لە دانانی یاساکان و گوێگرتن لە پێشنیارو ڕاسپاردەکانیان.

4-بۆ بەدەستهێنانی متمانەی هاوڵاتیان، مەسەلەی شەفافبوونی بودجەی تایبەتی پەرلەمان و سەروەت و سامانی پەرلەمانتاران، هەنگاوێکی گرنگە. بەدەمەوەچوون و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دەستەی دەستپاکی بە ئاشکراکردنی لایەنی دارایی پەرلەمان و ئەندامەکانی، جۆرێک لە دڵنیایی و متمانە بۆ دەنگدەران دەگەڕێنێتەوە.

5-چالاککردنی مەسەلەی چاودێریکردنی کاروبارەکانی حکومەت و لێپرسینەوەی توندو ورد لە هەر کارێک گومانی گەندەڵی و بەهەدەردانی لێبکرێت.

ئێستا ئەگەر ئەم پرسیارانە بکەین: ئایا پەرلەمانی کوردستان هەوڵیداوە ئەو خاڵانەی سەرەوە جێبەجێ بکات؟ ئایا دەتوانین وەسفی پەرلەمان بکەین کە: نوێنەری سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگایەو گوزارشت لە ماف و ئازادییەکانیان دەکا؟ ئایا پەرلەمان دوورە لە دەستوەردانی حیزبی و ئەجێندای حیزبەکان ئاراستەی ناکات؟ ئاخۆ بە تەواوی شەفافەو داهات و خەرجییەکانی ئاشکرایەو لەبەردەست هەموواندایە؟ ئایا ملکەچن بۆ لێپرسینەوەو موحاسەبەکردن؟ دواجار ئایا پەرلەمانێکی چالاکەو پابەندی پرنسیپەکانی دیموکراسییە؟ وەڵامی ڕاست و دروست ئەمەیە: نەخێر.

کەواتە خاڵی یەکەم بۆ ئەوەی پەرلەمان، لەسایەی حوکمڕانییەکی ڕەشیدو شەفاف کاربکات و دیموکراسی جێگیر بکات، دەبێت بە ڕاستی نوێنەرایەتی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بکات و دوور بکەوێتەوە لە هەناسەو بەرژەوەندی زۆر تەسکی حیزبایەتی. چونکە پەرلەمانی هەڵبژێردراو، لەڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و ئابوری و کولتورییەوە، نوێنەری هەموو میللەتە.

 

چالاککردنی شەفافییەتی پەرلەمان

لە ماوەی ئەم پانزە ساڵەی ڕابردوو، ئاراستەیەکی فراوان هەیە بۆ داننان بە مافی دەستکەوتنی زانیاری کە لای دەزگاو فەرمانگە حوکمییەکان و تایبەتییەکاندایە. زۆرێک لە دەستوری تازەی وڵاتان، لەپێناو کاراکردنی مەسەلەی شەفاافییەت لە دامودەزگاکانی دەوڵەت، لەوانەش پەرلەمان، کۆمەڵێ بڕگەو بابەتی یاساییان لەخۆگرتووە. کەواتە بانگەشە بۆ شەفافبوونی پەرلەمان و دەستخستنی زانیاری لەبارەی ئەم دەزگا گرنگەوە، بانگەشەیەکی گشتگیری جیهانییە. رێخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەسەرو هەمویانەوە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەوڵی زۆر دەدەن بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم بانگەشەیە. هەروەها زۆرێک لە وڵاتان کاردەکەن بۆ بەرجەستەکردنی شەفافبوونی پەرلەمانی وڵاتەکانیان. بوونی پەرلەمانێکی شەفاف و کراوە، مەسەلەیەکی جەوهەریی و داواکارییەکی هەنووکەیی هاوڵاتیانە. بۆچی؟ چونکە پەرلەمانێکی شەفاف و کراوە، دەرفەت بە هاوڵاتیان دەدات ئامادەی دانیشتنەکانی پەرلەمان بن، لە نزیکەوە ئاگاداری گفتوگۆو مشتومڕەکانی ناو پەرلەمان بن. لێرەدا هەندێک لە شارەزایان پێیانوایە، لەبەر هۆکاری ئەمنی و لە ڕووی کردەییەوە، زەحمەتە ڕێگەبدرێت بە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتی تا ئامادەی دانیشتنەکانی پەرلەمان ببن، هەر بۆیە لەم بارەیەوە پێشنیاری ئەوە دەکەن کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، لەبەردەم میدیای بینراو و بیسراو و خوێنراو کە نوێنەرایەتی چاو و گوێی جەماوەر دەکەن کراوەبێت. جگە لە میدیا، ڕێگە بە نوێنەرانی کۆمەڵگای مەدەنی بدرێت رۆڵی خۆیان ببینن و بتوانن ئامادەی دانیشتنەکان ببن، ئەمە لەلایەکەوە. لەلایەکی دیکەوە خودی پەرلەمان لە رێگەی سودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای زانیاری وەک ئینتەرنێت، دەتوانێت دەرفەتێکی گەورە بۆ شەفافبوون بڕەخسێنێت. کەواتە بۆ ئەوەی پەرلەمانی کوردستاان شەفاف و کراوەبێت، دەتوانێت ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بگرێتەبەر:

یەکەم: ئاسانکردنی کاری ڕۆژنامەنوسان و میدیاکاران، تا بتوانن کاروبارەکانی پەرلەمان بۆ جەماوەر بگوێزنەوە.

پەرلەمانەکانی جیهان، بۆ ئەوەی جەماوەر ئاگاداری کاروبارەکانیان بن، پشتدەبەستن بە رۆژنامەنوسان. بەڵام لێرەداو لە نێوان ئەم دوو لایەنەدا- پەرلەمان و رۆژنامەنوسان- کێشەی نەبوونی متمانە هەیە. زۆرجار رۆژنامەنوسان بە هەمو جۆرەکانییەوە، بەهۆی ئەو کۆت و بەندەی لەسەر کۆبونەوەکانی پەرلەمان، دەخرێنە بەردەمیان، نائومێد دەبن و هەست بە بێزاری دەکەن. پەرلەمانتارانیش لای خۆیانەوە رۆژنامەنوسان بە بەشێک لەو هۆکارانە دادەنێن کە وایکردووە پەرلەمانتار رێزو متمانەی لای هاوڵاتیان کەمببێتەوەو وێنەیەکی ناشرینی پەرلەمانتار دەخەنەڕوو. ئیدی بەهۆی جیاوازی ئامانج و جیاوازی هەردوو جۆرە پیشەکە- پەرلەمانتاری و رۆنامەنووسی- جۆرێک لە پەشێویی و لێکتێنەگەیشتن لەنێوان هەردوو لایەندا دێتەئارا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەردوولا پێویستی زۆریان بەیەکتر هەیە و کەسیان ناتوانێت بە شێوەیەکی ڕەها دەستبەرداری ئەوی دیکەیان ببێت. لێرەوە بۆ دروستکردنی متمانەو کەمکردنەوەی پەشێوی و لێکتێنەگەیشتنی نێوانیان، دەکرێت ئەم سێ ڕەگەزە سەرەکییەی خوارەوە بەرجەستە بکەن.

1-ئەو پرس و بابەتانەی رێگە دەدرێت جەماوەر لەپەرلەمان ئامادەیبن.

لە ئێستادا، لە وڵاتگەلێکی زۆردا، بەشێکی زۆری کارەکانی پەرلەمان، لە رێگەی لیژەکانی پەرلەمانەوە، راستەوخۆ لەبەردەم هاوڵاتیاندا ئەنجامدەدرێن و پەخشدەکرێن. وەلێ هەندێک لە پەرلەمانتاران لەم گرتنەبەرە بە گومانن، لەوە دەترسن قسوباس و گفتوگۆکان و ئەنجامدانی کارەکان، ئەگەر بە ئاشکرا پەخشبکرێن، موزایەدەی سیاسی لێبکەوێتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر رێگەدرا میدیا وێنەیەکی راستەقینەی کاروباری پەرلەمانتاران بخاتەڕوو، ئەوا کردنەوەی دەرگای لیژنەکان کە بەشی هەرە زۆری کاروبارەکانی تێدا جێبەجێدەکرێت، بەڕووی هاوڵاتیاندا، بە هەنگاوێکی گرنگ و لۆژیکی دادەنرێت و ئەم هەنگاوە لە ئێستادا تابێت زیاتر بڵاودەبێتەوە. بۆ نموونە راپۆرتی بۆتنام لە ئینگلتەرە (The Puttnam Comminssion) لە ساڵی 2000دا، ئاماژەی بەوەداوە هەر یەک لە وڵاتانی هۆڵەندە و قوبرس و کۆت دیڤوارو ئوستورالیا، کۆبوونەوەی لیژنەکانی پەرلەمان راستەوخۆ دەگوێزنەوە.

2-ئازادی بەدەستهێنانی زانیارییەکان

ئەو یاسایەی زامنی ئەوە دەکات هاوڵاتیان بتوانن بە ئاسانی دەستیان بگاتە زانیارییەکانی پەیوەست بە دامودەزگا حکومی و نا حکومییەکان، بە سەرچاوەیەکی گرنگی دیموکراسی دادەنرێت. یاسای مافی وەرگرتن و بەدەستخستنی زانیاری بۆ هاوڵاتیان، جیاوازە لەو زانیاریانەی دەزگاکان خۆیان لە رۆژنامەو میداکان و بڵاوکراوەکانی خۆیاندا ئاماژەی پێدەدەن. ئەو زانیاریانەی لە یاسای مافی بەردەستخستنی زانیاری بە هاوڵاتیان هاتووە، ئەو زانیاریانە دەگرێتەوە کە دەزگاکان هەوڵی شاردنەوەی دەدەن و بۆ راگەیاندنەکان ئاشکرای ناکەن و دەیشارنەوە. بوونی یاسایەکەی لەو جۆرە، سەرچاوەیەکی باشە بۆ هاوڵاتییان و رێخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، تا بتوانن لە رێگەیەوە داوای زانیارییەکان بکەن. بێگومان بوونی یاساکە چەند گرنگە، جێبەجێکردنی لەلایەن حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، دوو هێندە گرنگە. واتە بە تەنها دەرکردنی یاساکە بەس نییە، بەڵکو کارکردن بە یاساکە گرنگترە. بۆ ئەم مەبەستەش ئەندامانی پەرلەمان، لەسەریانە رۆڵی راستەقینەی خۆیان بگێڕن و داوا لە حکومەت بکەن پابەندی یاساکەبن.

یاسای مافی بەدەستخستنی زانیاری، دەبێتە سەرچاوەیەکی باش بۆ میدیاو کۆمەڵگای مەدەنی، تا لە رێگەیەوە شەفافیەتی دامودەزگا گشتی و تایبەتەکان، زۆرترو فراوانتر بکەن و ئاگاداری چۆنیەتی رایکردنی کاروبارەکانبن. ئەم یاسایە چەند یارمەتی پەرلەمانتاران دەدات بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لە حکومەت بکەن، لە هەمان کاتدا دەکرێت هەر بەم یاسایە، لێپرسینەوە لە خودی ئەندامانی پەرلەمانیش بکرێت.

3-ئازادی گوزرشتکردن

ئازادی گوزارشتکردن، روویەکی دیکەی مافی بەدەستهێنانی زانیارییەکانە،واتە ئەو ڕووەی وا دەکات زانیارییە بەدەستهاتووەکان، بڵاوبکرێنەوەو بە ئازادانەو بێ ترس بگەیەنرێت بەوانی دیکە. ئەم مافە کۆڵەکەیەکی بنەڕەتییە لە پرۆسەی دیموکراسیدا، چونکە لە بنەمادا پشت بە گفتوگۆو بیروڕا گۆڕینەوە دەبەستێت. ئەوەی وا دەکات ئەم مافە زۆر گرنگ و بایەخداربێت، ئەوەیە هاوڵاتیان ئاگاداری زانیارییە سەرەکییەکانی پەیوەست بە حکومەتەوە نین، وەک حکومەت چۆن و بە چ شێوەیەک بودجەی وڵات خەرجدەکات؟ ئەولەویاتی خەرجکردنەکە لە چ بوارو سێکتەرێکدایە؟ چ لایەنێک بەو کارە هەڵدەسێت؟ هاوڵاتیان چ دەرفەتێکیان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی چالاک بەشداربن لە درستکردنی بڕیاردا؟ تەنانەت هاوڵاتیان وەک پێویست نازانن چۆن چۆنی داواکاری بۆ وەرگرتنی زانیاری، پێشکەش بکەن. لێرەوە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان بە شێوەیەکی دەوری، ئامرازێکە بۆ چارەسەرکردنی بێئاگایی هاوڵاتیان.

دووەم: ستراتیژیەتەکانی پەرلەمان بۆ ئەوەی هاوڵاتیان ئاگاداری کاروبارەکانی پەرلەمانبن

ئەو ستراتیژیانەی پەرلەمان دەیگرێتەبەر، تا هاوڵاتیان لە رێگەیەوە ئاگاداری کاروبارەکانی پەرلەمانبن، گرنگی و بایەخێکی زۆری هەیە. لێرەدا مەسەلەکە تەنها پەیوەست نییە بە ئاشکراکردنی زانیارییەکانەوە، بەڵکو پەیوەستە بە داڕشتنەوەیان بە جۆرێک بەشی هەرە زۆری هاوڵاتیان لێیتێبگەن، بەتایبەت ئەو هاوڵاتیانەی شارەزاییەکی ئەوتۆیان دەربارەی کاروباری پەرلەمان نییە. زانیارییەکان بە جۆرێک رادەگەیەنرێن و تەوزیف دەکرێن، بەشی هەرە زۆری چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، بتوانن سودو کەڵگی لێوەربگرن و بە ئاسانی بەکاریبهێنن. ئەم حاڵەتەیە وا دەکات پەرلەمان ستراتیژیەتێکی شامل و گشتیری بۆ زانیارییەکان و ڕۆشنبیرکردنی هاوڵاتیان هەبێت، بۆ ئەم مەبەستە دەتوانێت بەشێک بۆ پەیوەندییەکان بکاتەوە کە سەرجەم هۆکارە جیاوازەکانی راگەیاندنی تێدابێت، لە رادیۆو تەلەفزیۆنەوە، بۆ ماڵپەڕی تایبەت و هێڵی تەلەفۆنی و بڵاوکراوەو ناوەندی زانیاریی. فرە جۆری ئەم ئامرازانەی راگەیاندن، دەرفەت بە هاوڵاتیان دەبەخشێت هەر یەکەیان بەو ئامرازەی لەبەردەستیدایەو بۆی گونجاوە، زانیارییەکان بەدەستبێنێت. لەمڕۆدا ژمارەیەکی زۆری وڵاتان هەوڵی پیادەکردنی ئەو ستراتیژیەتە دەدەن، لەوانە هەنگاریا، فەرەنسا، مەکسیک، هند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، باشوری ئەفریقیا و چەندانی دیکە. لە خوارەوە بە کورتی باس لە هەندێک لەو ستراتیژیانە دەکەین:

1-ئامرازەکانی پەخشی رادیۆیی و تەلەفزیۆنی

یەکێک لە ستراتیژە گرنگەکان، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان ئاگاداری کاروبارەکانی پەرلەمانبن، ئەوەیە پەرلەمان خاوەنی رادیۆ یان تەلەفزیۆنی تایبەت بە خۆیبێت. بەتایبەت کەناڵێکی ئاسمانی کە بە کولێتییەکی بەرزەوە چالاکی و کۆبوونەوەکانی پەرلەمان پەخش بکات. کەناڵەکە دەبێت بە جۆرێک سەرنجڕاکێشبێت هاوڵاتیان حەز بە بینینی بکەن و لە نزیکەوە گوێی لێبگرن. کەناڵێکبێت بتوانێت لە ڕووی پەخش و کوالێتی و جوانکاریی و بەرنامەکانییەوە، ململانێی کەناڵە ناوخۆیی و ئاسمانییەکانی دیکە بکات. لە ئێستادا کەناڵە تەلەفزیۆنییە ئاسمانییەکان، بوونەتە سەرچاوەیەکی باشی رۆشنبیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووریی، بە تایبەت لەسەر ئاستی گەنجان. بێگومان بوونی کەناڵێکی ئاسمانی بۆ پەرلەمان، رۆڵی ئەم دەزگا سیاسییە گرنگە، بەهێزتر دەکات و هێزێکی زیاتر بە پێگەی پەرلەمان دەبەخشێت.

2-بوونی ماڵپەڕێکی چالاک تایبەت بە پەرلەمان

لە ئێستادا هەمو پەرلەمانێک، ماڵپەڕی تایبەت بە خۆی هەیە، لێ ئەوە بەس نییە. بەڵکو ئەو ماڵپەڕە دەبێت بەردەوام چالاکبێت و رۆژانە چەندینجار ئەبدێت بکرێتەوە. هاوڵاتی هەر کاتێک تەماشای ماڵپەڕەکەی کرد، دەبێت بزانێت لەو کاتەدا چی لە ناو پەرلەماندا روویداوەو پەرلەمانتارەکان خەریکی چین و چ کارێک دەکەن. لە واقیعدا ماڵپەڕەکە وا دەخوازێت خاوەنی ئەرشیفێکی دەوڵەمەند بێت و ببێت بە سەرچاوە بۆ هەر کەسێک، بیەوێت زانیاری لەسەر کارو پرۆژە یاسانی پەرلەمان دەستبکەوێت، بە خوولەکانی پێشوشەوە. بە شێوەیەکی گشتی ماڵپەڕی پەرلەمان پێویستە ئەم لایەنانە لەخۆبگرێت:

*لاپەڕەی زانیاری گشتی

*لاپەڕەی سیستمی هەڵبژاردن

*ڕێوڕەسمە یاساییەکان

*لاپەڕەی تایبەت بە سەرجەم ئەو یاسایانەی لە پەرلەمانەوە دەرکراون

*لاپەڕەی تایبەت بە کۆی ئەو پرۆژە یاسایانەی ئامادە دەکرێن بۆ خستنە نێو کاری پەرلەمانەوە.

*لاپەڕەی تایبەت بە ئامادەبوون و ئامادەنەبوونی پەرلەمانتاران بۆ دانیشتنەکانی پەرلەمان.

*لاپەڕەی تایبەت بە هەر ئەندام پەرلەمانێک لەگەڵ سەرۆک لیست و فراکسیۆنەکان.

*لاپەڕەی تایبەت بە لیژنەکان.

*لینکی دەرەکی بۆ زۆرێک لە پەرلەمانەکانی جیهان.

*دانانی بەشێک بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بتوانن بە ئاسانی پەیوەندی بکەن بە پەرلەمانتارانەوە، تاکو سکاڵاو بیروڕاو کێشەو سەرنجەکانی خۆیان بگەیەنن بە نوێنەرەکانیان.

بێگومان لەگەڵ چەندین لاپەڕەی دیکەی کە دواجار هەر هەمووی، لە خزمەتی پرۆسەی دیموکراسی و دادپەروەری و یەکسانی و هاوڵاتیدابێت. لەسەرو هەمو ئەوانەوە، پێویستە ماڵپەڕەکە بە شێوەیەکی جوان و پرۆفیشناڵانە دروستکرابێت. بە کورتی ماڵەپەڕەکە دەبێت هەمو ئەو جووڵەو بڕیارو کۆبونەوانە لەخۆبگرێت کە لە نێو پەرلەمان و هۆڵەکانی دەگوزەرێن.

3-پەرلەمان کراوەبێت لەبەردەم سەردانیکردنی هاوڵاتیان

زۆرێک لە پەرلەمانەکانی دونیا، لە ناوخودی باڵەخانەکەیدا، چەندین ناوەندی زاانیاریی و رۆشنبیرییان کردووەتەوە، تا لێیەوە پێشوازی لە سەردانی هاوڵاتیان بکەن، چ بە شێوەی گروپ و دەستەو تاقمی جیاواز، یان بە شێوەی تاک و تاک. ئەو ناوەندانە گرنگە رۆژانە کراوەبن و خەڵکی بتوانن بە ئاسانی و بێ هیچ پاساوێکی ئەمنی، سەردانی بکەن. بگرە لەوەش گرنگترو بایەخدارتر ئەوەیە کە پێیدەوترێت (پەرلەمانی گەڕۆک)، واتە پێکهێنانی تیمی پەرلەمانی جیاواز جیاواز، بۆ ئەوەی سەردانی شوێنە دوورە دەست و لاچەپەکان بکەن، ئاوەدانییە دوورەکان و گوندە پەراوێزخراوەکان بەسەربکەنەوەو باسای ئەرک و رۆڵی پەرلەمان بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە بکەن و لە نزیکەوە گوێ لەخەم و داواکارییەکانیان بگرن.

دواجار گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێن و ستراتیژیانەی لەم نووسینەدا ئاماژەیان پێکراوە، کارێکی گرنگ و بایەخدارە بۆ نزیکبوونەوەی پەرلەمان و جەماوەر. هەنگاوێکی مەزنە بۆ گەڕانەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە پەرلەمان و پرۆسەی دەنگدان، بەخشینی پێگەیەکی پتەوە بە پەرلەمان وەک دەزگایەکی سیاسی گرنگ، دەزگایەک بەشدارە لە چەسپاندنی پرۆسەی دیموکراسی.

سەرچاوە

ar.wikipedia.org

manifest.univ-ouargla.dz

www.maghress.com

www.alghadpress.com

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

5,297 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...