مەرکەزی و لا مەرکەزی چییە و جیاوازییەکەیان لە چیدایە؟

مەرکەزی و لا مەرکەزی چییە و جیاوازییەکەیان لە چیدایە؟

پێشەکی

ئەگەر بە خێرایی تەماشایەکی ئەم دوو چەمکە بکەین (مەرکەزیەت و لا مەرکەزیەت)، پێمانوایە دژ بەیەکن و تەواو لەگەڵ یەکدا ناکۆکن، لێ حاڵەتەکە بەو رەهاییە نییە، ئەوەی دووەمیان لە ئامێزی ئەوەی یەکەمیاندایەو دەبێتە تەواوکەری ئەوەی یەکەم. لە راستیدا مەرکەزی و لا مەرکەزی دوو شێوازی کارکردنن کە رەنگدانەوەی سروشتی سیستمە سیاسی و ئابورییەکە دەگەیەنێت. هەندێک لە شارەزایان پێیانوایە پرسی مەرکەزیەت و لامەرکەزیەت، زیاتر پرسێکی سیاسییە تا پرسێکی ئیداری و کارگێڕی، زیاتر پەیوەستە بە جۆرو شێوەی ئەو دەسەڵاتەی حکومڕانی دەکات، ئایا دەسەڵاتداران ئامادەیی ئەوەیان تێدایە بڕێک لە دەسەڵاتەکانی خۆیان، شۆڕکەنەوە بۆ خوارەوە؟ ئاخۆ لە ئەساسدا بڕوایان بە دابەشکردنی دەسەڵاتە گشتییەکان هەیە یان نا؟ ئایا سیاسییەکانی وڵات، دەیانەوێت و پێیان باشە دەسەڵات ورد بکرێتەوە بۆ یەکە بچوک بچوکەکانی و هەر وەزارەت و فەرمانگەیەک، دەسەڵاتی سیاسی و کارگێڕی خۆی هەبێت؟ یان نەخێر پێیان باش نییە و دەیانەوێت کۆی دەسەڵاتەکان لەدەستی خۆیاندابێت و بە هیچ جۆرێک شۆڕنەبێتەوە بۆ خوارەوە.

لێرەوە بۆ پیادەکردنی مەسەلەی لامەرکەزیەت، ناتوانین باس لە بوونی ئەرزییەتێکی گونجاو و لەبار بکەین، ئەگەر بێت و مەسەلەی دابەشکردنی دەسەڵات لای دەسەڵاتداران، نەبووبێت بە کەلتورو بە پێداویستییەکی حەتمی، نەبووبێت بە قەناعەت و لە دیدو تێڕوانینیاندا جێگیرنەبووبێت. ئەگەر بیرکردنەوەو زهنیەتی سیاسی دەسەڵاتداران، بە ئاراستەی چڕکردنەوەی دەسەڵات بێت لە ناوەندێکی بەهێزدا، ئەوا هەموو دەقە دەستوری و یاساییەکانیش ناتوانن لامەرکەزیەت لەسەر ئەرزی واقع جێبەجێ بکەن. بەڵام لەگەڵ ئەو راستییەی سەرەوەدا، واقیعی حاڵی بەڕێوەبردنی بەشی زۆری کۆمەڵگاکان، ئەوە دەردەخەن هیچ مەرکەزیەتێکی رەها یان لا مەرکەزیەتێکی رەها نییە. ئەوەی هەیە گونجاندنێکی نێوان ئەو دوو شێوازەی ئیدارەدانە کە یەکتر تەواو دەکەن و پێکەوە دەزگا ئیدارییەکانی وڵات بەڕێوەدەبەن. لە خواروە هەوڵدەدەین بە کورتی لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەردوو چەمکەکە دەستنیشان بکەین.

سیستمی مەرکەزیەت

 جۆرێکە لە جۆرەکانی کارگێڕی کە بۆ رایکردنی کاروبارەکانی وڵات و فەرمانگا حکومییەکان بەکاردەهێنرێت. خاڵی دیارو ئاشکرای ئەم جۆرە لە ئیدارەدان، بریتییە لەوەی کۆی دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن، لە دەستی کەسێکدا یان تاقمێک کە لە چەند کەسێکی کەم پێکهاتووە، کۆدەبێتەوە. ئەم چەمکە لەسەر ئاستی ئیدارەی گشتی، بەو مانایە دێت کە سیاسەتی دەوڵەت، بە جۆرێکە دەسەڵاتە ئیدرای و کارگێڕییەکان لە دەستی سەرۆک وەزیران و وەزیرەکاندایە. لە مەسەلەی بڕیارداندا، هیچ سەربەخۆییەک نادرێت بە یەکە ئیدارییەکانی خوارەوە، واتە بەشەکانی خوارەوە ناتوانن بڕیار لە کاروباری فەرمانگەکەیان بدەن، ئەوەی بڕیاردەدا تەنها وەزیرو جێگرەکەیەتی. لەم جۆرە ئیدارەدانەدا، دەسەڵاتەکانی بەرێوەبردنی دەوڵەت، شۆڕ ناکرێنەوە بۆ فەرمانگە بچوکەکان و بۆ یەکە ئیدارەکان، دەسەڵاتەکان نادرێن بە پارێزگارەکان و قائیمقامەکان و مدیر ناحییەکان و بەرێوەبەرە گشتییەکان، بەڵکو دەسەڵات لەسەری سەرەوە، لە دەست سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەکانیدا دەمێنێتەوە.

هەندێک لە شارەزایان پێیانوایە ئەم جۆرە لە دەسەڵات، بۆ بەرێوەبردنی وڵات، گرنگی و بایەخی خۆی هەیە، لەوانە 1-بڕیاردان شێوەیەکی ئاسان لەخۆدەگرێت و هێشتنەوەی بڕیارەکان بە یەکگرتوویی و دوورکەوتنەوە لە پەرتەوازەیی و بەربڵاوی بڕیارەکان.

2-چاودێریکردنی یەکە ئیدارییەکان بە ئاسانی و زانینی ئەوەی چی لەو یەکە ئیدارییانەدا دەگوزەرێت.

3-وێنەیەکی یەکگرتویی سەرتاسەری دەبەخشێت بە دەوڵەت و یەکە کارگێڕییەکان.

4-نەبوونی ئیزدواجییەت لە بڕیارداندا.

5-پرۆسەی چاودێریکردن و ڕێوڕەسمە کارگێڕییەکان ئاسانترە.

خەوشەکانی مەرکەزیەت

1-کۆکردنەوەی سەرجەم دەسەڵاتەکان لە دەستی تاکە کەسێک یان گروپێک، مەترسی خراپبەکارهێنانی دەسەڵاتی لێدەکەوێتەوە، کۆبوونەوەی دەسەڵاتێکی زۆر لە دەستی تاکە کەسێکدا، دوور نییە کەسە بەرەو تاکڕەوی یان دیکتاتۆری ببات.

2-رۆحی کارکردن لای یەکە کارگێڕییەکانی خوارەوە، نزمەو گڕوتینێکی ئەوتۆ بۆ کارکردن بە شێوەیەکی دڵسۆز نابینرێت، چونکە ئەو یەکە کارگێڕییانە هەستدەکەن خۆماندوکردنیان و دڵسۆزیان هیچ سودێکی نییە، بگرە دواجار بەرهەمەکەی بۆ دەستەی باڵا دەڕوات و ئەوان سودی لێوەردەگرن و خۆیانی پێوە هەڵدەکێشن.

3-گۆڕانکارییەکان لە دەستەو پلەو پۆستە باڵاکان زۆر بە هێواشی ڕوودەدات.

4-بڕیاربەدەستانی ئاستی باڵا، بە باشی ئاگاداری ژیان و گوزەرانی ئاستەکانی خوارەوەنین، بۆیە بەشێک لە بڕیارەکانیان سەرکەوتوونابێت، یاخود بڕیار لە پرۆژەیەک دەدەن کە دوورو نزیک پەیوەست نییە بە باشترکردنی گوزەرانی چینە کەمدەرامەت و ئاست نزمەکانەوە.

5-مەرکەزیەت جۆرێک لە ئیتکالییەت دروست دەکات، واتە بەرپرسانی یەکە کارگێڕییە بچوکەکان، هیچ جۆرە بڕیارێک نادەن و هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەری کێشەکان ناخەنەگەڕ. هەمیشە چاوەڕوانی ئاستە بەرزەکەی کارگێری  دەکەن بڕیارەکانیان بۆ بدات. بەمەش زوو چارەسەرکردنی کێشەکان دوادەکەوێت و بیرۆکەی تازە دروست نابێت.

6-زۆری رۆتین لە رایکردنی کاروبارەکاندا.

سیستمی لا مەرکەزیەت

ئەم چەمکە بەو شێوازە ئیدارییە دەوترێت کە تێدا دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی وڵات، لەدەستی تاکە کەسێک یان گروپێکی دەسەڵاتداری تایبەتدا کۆنەبووەتەوە. واتە دەسەڵاتی کارگێڕی لە نێوان چەندین تاک و چەندین دەزگای کارگێڕیدا بڵاوبووەتەوەو هەریەکەیان، بەپێی پلەو پێگەی لە دەزگاکەدا، توانای بڕیاردان و ڕەسمکردنی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی بەشەکەی خۆی هەیە. بە مانایەکی دی چەمکی لا مەرکەزیەت، واتە لێکهەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی کارگێڕی لە ئاستە باڵاکانیدا و گواستنەوەی بۆ یەکە ئیدارییە بچوک و بچوک و جیاوازەکان، بە جۆرێک ئەو یەکە ئیدارییە بچوکانە، بەپێی هەلومەرجی ئیشکردنی خۆیان، توانای بڕیاردانی سەربەخۆیان هەیە، بێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ مەرکەز کە زۆرجار ئەو مەرکەزە خۆی لە وەزیر یان ئەنجومەنی وەزیراندا دەبینێتەوە، ئەمە لەلایەک. لە لایەکی دیکەوە دەوترێت لا مەرکەزی بریتییە لە گواستنەوەی دەسەڵات بە هەرسێ جۆرەکەیەوە یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری، لە ئاستێکی کارگێڕی باڵاوە، بۆ ئاستێکی کارگێڕی نزمتر.

جۆرەکانی لا مەرکەزیەت

شارەزایانی ئەم بوارە، لامەرکەزیەت بۆ ئەم جۆرانەی خوارەوە دابەشدەکەن:

یەکەم/ لا مەرکەزیەتی جوگرافی: لەم جۆرەدا دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بەسەر هەرێمە جیاوازەکان یان پارێزگا جیاوازەکانی یەک دەوڵەتدا دابەشدەکرێت. بەو مەرجەی هەرێمەکان یان پارێزگاکان خاوەنی شەخسیەتێکی مەعنەویبن، کە لەلایەن کۆمەڵگای خۆجێیەتی یان دانیشتوانی لۆکاڵی هەرێمەکە یا پارێزگاکە هەڵبژێردرابێت. واتە دانانی شەخسییەتە مەعنەوییەکە لەلایەن ناوەندەوە نابێت، بەڵکو لە پرۆسەیەکی هەڵبژاردندا دەستنیشان دەکرێت کە تێیدا دانیشتوانی پارێزگاکە یان هەرێمەکە بەشداری دەکەن. ئەم شەخسییەتە مەعنەوییە دەسەڵاتی تەواوی هەیە بۆ دەرکردنی بڕیارە کارگێڕییەکان، ئەو بڕیارانەی پەیوەندییان بە پرۆژەکان و سێکتەرە گشتییەکانەوە هەیە. ئەمە جگە لەوەی دەسەڵاتی دانانی بودجەیەکی تایبەتی بە هەرێمەکە یان پارێزگاکە هەیەو جۆرێک لە سەربەخۆیی دارایی هەیە. دەکرێت ئەم جۆرە لا مەرکەزیەتە ناوبنرێت بە ئیدارەی خۆجێیەتی. نموونە بۆ پۆستەکانی لا مەرکەزیەت یان ئیدارەی خۆجێیەتی، پارێزگار، قایمقام، سەرۆکی شارەوانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی و چەندین پۆستی دیکە.

دووەم/ لا مەرکەزیەتی وەزیفی: لەم جۆرەدا دەسەڵاتەکان و سەڵاحییەتەکان، لە ئاستە کارگێڕییەکانی یەک وەزارەتدا، دابەشدەکرێت بەسەر یەکە ئیدارییەکاندا، هەر یەکەیەکی ئیداری بەپێی پێگەی خۆی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و بڕیاردانی هەیە. تا ئەرکی وەزارەتێک لە وەزارەتەکان فراوانتربێت و زۆرترین چین و توێژ لەخۆبگرێت و زۆرترین یەکەی کارگێڕی هەبێت، پێویستی بۆ لامەرکەزیەتی وەزیفی زیاتردەبێت، ئەمەش لە پێناو بەخێرایی ئیشکردن، بە مەبەستی زوو تەواوکردنی کاروبارەکان. بۆ نموونە بەڕێوەبەری گشتی دەتوانێت بڕێک لە سەلاحییەتەکانی ببەخشێت بەسەرۆک بەشەکان بۆ پەکنەخستنی کاروبارەکان و زوو ئەنجامدانیان.

سێیەم/ لا مەرکەزیەتی سیاسی: ئەم جۆرە لە لا مەرکەزیەت، بریتییە لە پرۆسەیەکی یاسایی و پەیوەستە بە دەستوری دەوڵەتەوە، بۆ دابەشکردنی وەزیفە حکومییەکان، لەوانە یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریی. بەم جۆرە دابەشکارییە دەوترێت یەکێتی فیدراڵی، وەک ئەوەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیدا بەرقەرارە. هەروەها سیستمی فیدراڵی و کۆنفیدراڵیش بەرهەمی ئەم جۆرە دابەشکردنەی دەسەڵاتە، وەک لە وڵاتانی بەرازیل و هندستان و سویسراو گەلێک شوێنی دیکە پیادەدەکرێت. سیستمی لا مەرکەزی سیاسی بۆ ئەو وڵاتانە گونجاوە کە قەبارەیەکی گەورەیان هەیە و چەندین نەتەوەو ئاین و زمانی جیاواز جیاوازو فرە ڕەنگ لەخۆدەگرێت.

چوارەم/ لا مەرکەزی ئیداری: واتە دابەشکردنی وەزیفە ئیدارییەکانی دەوڵەت لە نێوان حکومەتی مەرکەزی و حکومەتی هەرێمەکان یان پارێزگاکان. بەڵام بەو مەرجەی حکومەتی مەرکەزی سەرپەرشتی و چاودێریان بکات. لێرەدا مەرکەز سەرەکییەو لا مەرکەزی لاوەکییە. ئەگەر مەرکەزییەت بریتیبێت لە کۆکردەوەی سەرجەم سەڵاحییەتەکان لەدەستی یەک دەستەدا، ئەوا لا مەرکزی بریتییە لە گواستنەوەی هەندێک لەو سەڵاحیەتانە بۆ دەستە و یەکەی کارگێڕی سەربەخۆ، تا لەو سنورەی یاسا بۆی دیاریکرووە پیادەیان بکات. ئەمە بەبێ ئەوەی ناوەند توانای چاودێریکردنی بەسەریانەوە لەدەستبدات. هەروەها بەبێ ئەوەی دەوڵەت یەکێتییەکەی و پێکەوەبەستنەوەکانی لەدەستبدات.

تایبەتمەندییەکانی سیستمی لا مەرکەزیەت

1-رێگریکردنی لە قۆرغکردنی دەسەڵات لەلایەن تاکێک یان چەند تاکێک یاخود دەستەیەکی دیاریکراوەوە.

2-بەخشینی متمانە بە یەکە ئیدارییەکان، کە خۆیان بەپێی بەرژەوەندی و سودی گشتی ناوچەکەیان، بڕیار لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەزگا حکومییەکانی خۆیان بدەن.

3-ئاستی هۆشیاری لای تاک و میللەت بەرزتر دەکاتەوە، بەوەی دەرفەتیان پێدەدات دوور لە مەرکەزو ناوەندی بڕیار، خۆیان چارەنووسی کارگێڕی و پێشخستنی ناوچەکەیان دیاریبکەن.

4-کەمکردنەوەی قەبارەی بەرپرسیارەتی سەر شانی مەرکەزو بەخێرایی بڕیاردان و دوورکەوتنەوە لە ڕۆتینی زۆری وەرگرتنی بڕیارو بەخێرایی جێبەجێکردنی پلانەکان و گەیشتن بە ئامانجەکان. جگە لەوە وا دەکات دەسەڵاتی مەرکەزی زۆر خۆی بە کێشە و گرفتە لاوەکییەکانی پارێزگاکان و قەزاو ناحییەکانەوە سەرقاڵ نەکات و کاتی خۆی بۆ وەرگرتنی بڕیارە چارەنوسسازەکان تەرخانبکات.

5-بەڕێوەبردنی کارەکان سیفەتێکی دیموکراسی لەخۆدەگرێت، بەوەی دەسەڵاتە کارگێڕییە جیاوازەکان، دەتوانن بڕیاری تایبەت بە خۆیان دەربکەن و لەمەشدا بەشداری بە فەرمانبەرانی یەکە کارگێڕییەکان دەکرێت و پروسڕایان پێدەکرێت و گوێ لە بیروڕاو پێشنیارەکانیان دەگیرێت.

6-دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ ئەو کێشە و قەیرانانەی لە ناوچەیەکی کارگێڕی دیاریکراودا روودەدات، دیاریکردن و وەرگرتنی بڕیاری گونجاو بە پەلە لە کۆی ئەو بڕیارانەی لە بەردەستدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەو قەیرانەکان.

7-بەدیهێنانی هاوسەنگی و بەرپرسیارەتی لە نێوان دەسەڵاتەکان، هەر دەسەڵاتەو بەرپرسیارە لەو بڕیارەی کە بۆ بەڕێوەبردنی دەزگاکەی دەریاندەکات. لەکاتی بوونی هەڵە و بڕیاری ناڕاست، لێپرسینەوەو موحاسەبەکردنی بەرپرس یان کەسی خەتابار ئاسانترو خێراتردەبێت. ئەمە جگە لەوەی بڕیاری هەڵەی یەکەیەکی کارگێڕی، کار ناکاتە سەر یەکە کارگێڕییەکانی دیکە.

8-بەرزکردنەوەی رۆحی مەعنەوی لای یەکە کارگێڕییە نزمەکان، چ لەسەر ئاستی فەرمانبەرە ئاساییەکان یان لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرو سەرۆک بەشەکان، بەوەی هەست دەکەن بەشدارییەکی ئەرێنییان هەیەو گوێیان لێدەگیرێت و پێشنیارو ڕێنماییەکانیان بە هەند وەردەگیرێن.

9-مەترسییەکانی بڕیاردانی خراپ، لە سنورێکی تەسکدا دەمێنێتەوەو تەنها کاریگەری لەسەر ئەو یەکە کارگێڕییە هەیە کە بڕیارەکەی لێوەدەرچووەو سەرجەم یەکە ئیدارییەکانی دیکە ناگرێتەوە.

خەوشەکانی لا مەرکەزیەت

1-لاوازکردنی دەسەڵاتی ناوەند، بەمەش مەترسی بۆسەر جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتی دەوڵەت دروستدەبێت.

2-هەندێکجار بەرپرسانی پارێزگاکان، زیادەڕۆیی بە دەسەڵاتەکانیانەوە دەکەن و ئەو هێڵە گشتیانە تێدەپەڕێنن کە لەلایەن ناوەندەوە داڕێژراوە.

3-نەبوونی تەنسیق یان هارمۆنیەتێکی هاوسەنگ لە نێوان هەرێمەکان یاخود پارێزگاکانی یەک وڵات، هەندێکجار نەبوونی ئەم تەنسیقە دەبێتە هۆکاری جۆرێک لە ناحەقی هەرێمێک یان پارێزگایەک بەرامبەر بە هەرێمێک یا پارێزگایەکی دیکە.

4-تێچونی زۆری دارایی و قورسکردنی سەر شانی دەوڵەت لە ڕووی دانانی بودجە بۆ هەر پارێزگایەک، چونکە یەکە کارگێڕییەکان لە هەر پارێزگایەک و لەسەر هەموو ئاستەکان، دووبارە دەبنەوە.

5-بەزەحمەت دەتوانرێت چاودێری بخرێتە سەر شێوازی چۆنیەتی بەڕێکردنی کاروبارەکان.

6-پێویستی زۆری بە فەرمانبەرو کادیری شارەزاو ڕاهێنراو هەیە

جیاوازی نێوان مەرکەزی و لامەرکەزی

1-لە سیستمی مەرکەزیدا، سەرجەم دەسەڵاتەکان لە دەست کەسێکی دیاریکراو یان دەستەیەکی ئاست بەرزدایە، بەجۆرێک کەسانی دیکە یان ئاستە کارگێڕییە نزمەکانی دیکە، ناتوانن بۆ خۆیان بڕیاربدەن، تەنها بە رەزامەندی کەسە دیاریکراوەکە یان دەستە ئاست بەرزەکە نەبێت. بەڵام لە لا مەرکەزیدا دەسەڵاتەکان دابەشکراون بەسەر یەکە کارگێڕییە بچوکەکاندا، ئەو یەکە کارگێڕیانە لە سنورێکی دیاریکراودا دەتوانن خۆیان بڕیار لەسەر بەڕێوەچونی کاروباری یەکەکەیان بدەن و نەگەڕێنەوە بۆ مەرکەز.

2-مەرکەزیەت کۆی دەسەڵاتەکان لە خاڵێکدا چڕدەکاتەوە، بەڵام لا مەرکەزیەت بە پێچەوانەوەیەو دەسەڵاتەکان بڵاودەکاتەوەو دابەشیان دەکات بەسەر خاڵە جیاوازەکاندا.

کامیان باشترە مەرکەزی یان لا مەرکەزی

وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە کارێکی زەحمەتە، بەڵام دەکرێت هەندێک حاڵەت بخەینەڕوو کە تێیدا لامەرکەزیەت لە مەرکەزیەت باشترە یان بە پێچەوانەوە.

1-بۆ کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان، سیستمی لا مەرکەزی باشترە لە سیستمی مەرکەزی، چونکە لامەرکەزی زیاتر پارێزگاری لە شوناس و زمان و دابونەریت و کەلتوریان دەکات.

2-لەو وڵاتانەی میللەت باج و ڕسوماتێکی زۆر دەدەن، سیستمی لامەرکەزی باشترە، بۆچی؟ چونکە هاوڵاتیان دڵنیان لەوەی ئەو باج و ڕسوماتانەی کە لێیان وەردەگیرێت، دواجار بۆ خۆیان دەگەڕێتەوەو لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی ناوچەکەیاندا خەرجدەکرێنەوەو ناڕوات بۆ پرۆژەی ناوچەکانی دیکە.

3-چاکسازی ئیداری و کەمکردنەوەی گەندەڵی و ڕۆتینیات، زیاتر پەیوەستە بە سیستمی لا مەرکەزیەتەوە. لەبەر ئەوە لەمڕۆدا هەوڵدان بۆ پیادەکردنی لا مەرکەزی، هەوڵدانێکی جیهانییە.

4-لە وڵاتانی تازە گەشەکردودا، باشترە لە قۆناغی سەرەتای گەشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسییان، پشت بە سیستمی مەرکەزی ببەستن. لە قۆناغی گواستنەوە لە سیستمێکی ستمگەرو دیکتاتۆرەوە بۆ سیستمێکی دیموکراسی، سەرەتا بۆ زەبتکردن و کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکەو کۆتایی هێنان بە رەفتارو هەڵسوکەوتی نەشیاو، سیستمی مەرکەزی باشترە، بەو مەرجەی بۆ کاتێکی دیاریکراوبێت و زۆر درێژە نەکێشێت.

5-وڵاتانی پێشکەوتوو لە بواری پیشەسازیدا، لە رێخستنی کاروبارەکانیدا زیاتر پشت بە لا مەرکەزی دەبەستێت.

6-مەرکەزی چەمکێکە زیاتر پەیوەستە بە سەرمایەداری و بیرۆکراتییەوە، بەڵام لا مەرکەزی چەمکێکە زیاتر پەیوەستە بە دیموکراسی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانەوە.

7-ئیدارەی کۆمپانیا قەبارە بچوکەکان، زیاتر مەیلیان بەلای مەرکەزیەتدا هەیە، وەلێ کۆمپانیا قەبارە گەورەکان زیاتر کار بە سیستمی لا مەرکەزی دەکەن، ئەمەش لە پێناو جووڵەی خێراو زوو قۆستنەوەی دەرفەتەکان بە خێرایی.

دواجار ماوەتەوە بڵێن مەرکەزی یان لا مەرکەزی، خۆی لە خۆیدا ئامانج نییە، بەڵکو هەردوکیان فەلسەفەی و ئیدارەدانی شێوازی حکمڕانییە و ئامرازێکن بۆ بڕیاردان. شارەزایان پێیانوایە زەحمەتە یەکێکیان لەسەر حسابی ئەوی دیکەیان هەڵبژێریت، چونکە هەر یەکەیان تایبەتمەندی و لایەنی ئەرێنی خۆی هەیە کە لەوی دیکەیاندا نییە. ئەمە جگە لەوەی هەریەکەیان لایەنی نەرێنی و خەوشی تایبەت بە خۆی هەیە. بەڵام دەکرێ گونجاندنێک لە نێوان هەردوکیاندا بکرێت، ئەمەش لە پێناو ئەوەی دەرکردنی بڕیارەکان و رایکردنی کارەکان بە باشترین شێوە بەڕێوەبچن. بەڵام نابێت ئەوەشمان لەیادبچێت لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمەوە، لە دەرئەنجامی گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتوری و تەکنەلۆژیەکانەوە کە جیهان بەخۆیەوە بینیویەتی، زیاتر بایەخ بە چەمکی لا مەرکەزیەت دەدرێت وەک لە چەمکی مەرکەزیەت.

لە هەرێمی کوردستانیش بایەتی مەرکەزی و لا مەرکزی بووەتە بابەتێکی گەرم و قسەوباسی زۆری لەسەر دەکرێت. هەندێک کەس و لایەن و حیزب پێیانوایە مەرکەزییەت باشترو گونجاوترە بۆ ئەمڕۆکەی هەرێمی کوردستان، کەچی لەبەرامبەردا هەندێک کەس و لایەن و حیزبی دیکە لەو باوەڕەدان لا مەرکەزی زۆر گونجاوترەو بە تەواوی پشتگیری ئەم چەمکە دەکەن و بەکارهێنانی بە پێویستییەکی هەنووکەیی دەزانن. ئەمە جگە لەوەی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2009 دا، یاسای ژمارە 3 ی پارێزگاکانی پەسەندکردووە، بەڵام تا ئەم ساتەوەختە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەرچاوەکان

1-hrdiscussion.com

2- mawdoo3.com

3 www.dengiamerika.com

4- /penus.krd

5- ar.wikipedia.org

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

7,374 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...