هاوڵاتی و رۆڵی پەرلەمانتار

هاوڵاتی و رۆڵی پەرلەمانتار

گومانی تێدا نییە هەر هاوڵاتییەک، ئەم هەرێمەی خۆشبوێت و هیوای پێشکەوتن و گەشەکردنی بۆ بخوازێت، ئەوا لە دڵەوە پێیخۆشە پەرلەمانەکەی سەرکەوتووبێت لە بەجێهێنانی کارەکانی و بونیادنانی حوکمڕانییەکی دادپەروەرو یەکسانخواز. هەر پەرلەمانتارێکیش متمانەی دەنگدەرەکانی بەدەستهێناو گەشتە پەرلەمان، دەبێت شایەنی ئەو متمانەیە بێت و زمانحاڵی ئەو دەنگدەرانە بێت کە گەیاندویانە بەو شوێنە. لەسەریەتی لە بری دەنگدەرەکانی، ئەو یاسایانە دەربکات یان هەموار بکاتەوە کە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیاندان. لە نزیکەوە چاودێرییەکی ورد بخاتە سەر ئەدای حکومەت و ناچاری بکات کاروبارەکانی، بۆ بەرژەوەندی گشتی ڕاپەڕێنێت. هانی وەزیرە سەرکەوتووەکان بدات و وەزیرە فاشیلەکانیش سزا بدات.

ئێمە لە پەرلەمان پێویستمان بە نوێنەرێکە گەندەڵییەکان ئاشکرا بکات، نەک بەشداربێت تێیدا یان چاوی لێبپۆشێت. دەستێکی ئەمین بێت بۆ سامانی گشتی، نەک بەشداربێت لە بەهەدەردانیدا. شەفاف و ڕاستگۆبێت، نەک تاریک و دەمامکدار. بوێرت و چاونەترس بێت، نەک بێدەنگ و بێ سەنگ. پشت و پەنای هاوڵاتی ستەملێکراوبێت، نەک لایەنگری ستەمکار. لە دەرەوە بەرگری لە سومعەی هەرێم بکات، نەک دەست لەگەڵ نەیارەکانی تێکەڵ بکات و لە ئاست پێشێلکارییەکانیان قوڕوقەپی لێبکات. بە باش بڵێت باش و بە خراپ بڵێت خراپ. بەرگی حیزبی فڕێدات و بەرگی نیشتیمانی بپۆشێت. بەرژەوەندی خۆی و حیزبەکەی بخاتە ئەولاوەو بەرژەوەندی گشتی بێنێتە پێشەوە.

ئەنجومەنی نوێنەران یان نیشتیمانی یاخود پەرلەمان، یەکێکە لە سێ دەسەڵاتە فەرمییەکەی هەرێم، ئاشکرایە دەزگاکان دەمێننەوە، بەڵام پلە و پۆستەکان و ئەوانەی کار لەناو دەزگاکاندا دەکەن، دەڕۆن و نامێنن. لێرەوە ئەو پەرلەمانتارەی لە پەرلەمان، بەدوای دەستکەوت و قازانجی مادیی و پۆستدا دەگەڕێت، نوێنەرێکی سەرکەوتوو نابێت و زیاتر خەمی گیرفانی خۆیەتی نەک دەنگدەرەکانی و هاوڵاتیان بەگشتی. سەرکەوتن بە پلە و پۆست نییە. بەوە نییە هەوڵی وەرگرتنی ئیفاد، سەرۆکی لیژنە، سەرۆکی فراکسیۆن بدەیت، بەڵکو سەرکەوتی پەرلەمانتار لەژێر گومەزی پەلەماندایە، لەو بیروڕاو قسەکردن و گفتوگۆیانەدایە کە تێیدا بەرگری لە مافی هاوڵاتیانی هەرێمەکەت دەکەیت. لەوەدایە خەم و کێشەی هاوڵاتیان ببیتە ناو حەرمی پەرلەمانەوەو بە دەنگی بەرز بەرگری لێبکەیت. سەرکەوتن لەو چاودێرییە وردەدایە کە دەیخەیتە سەر دەسەڵاتی راپەڕاندن و ڕێگە نادەیت وڵات نوقمی گەندەڵی و تاڵانی ببێت. لە کوێدا ناحەقی و بەهەدەردانێکی سامانی گشتیت بەرچاوکەوت، لەوێدا ڕاوەستیت و سنورێک بۆ ئەو ناحەقی و بەهەدەردانە دانێیت و سزای ئەنجامدەرانی بدەیت. سەرکەوتنی پەرلەمانتار بەوە دەبێت لە نێو هۆڵی پەرلەمانەوە، ئەوەی ڕاستە دەستی بۆ بەرزکاتەوەو ئەوەشی هەڵەیە، ڕەتیکاتەوەو لێنەگەڕێت تێپەڕێت.

ئێمە لە هەرێم دەمانەوێت ئەزمونێکی دیموکراسی بونیادبنێین، ئەم دیموکراسییە بەهێز و خۆڕاگر نابێت، ئەگەر خاوەنی پەرلەمانتاری دڵسۆزو بوێر و بەرپرسیار نەبین. ڕوون و ئاشکرایە هەرێمی کوردستان خاوەنی فرەیی سیاسییە، ئەم فرەیی سیاسییە دەبێت بە شێوەیەکی بەرچاو، لە وەرگرتنی پۆستەکانی پەرلەماندا، ڕەنگبداتەوە. بۆ نموونە کێشە چییە ئەگەر بێت و سەرۆکی پەرلەمان، سەر بە حیزبێکی بچوک بێت، یان لەو فراکسیۆنە هەڵبژێردرێت کە کەمترین کورسی هەیە؟ چی دەبێت ئەگەر هەستکرا پەرلەمانتارێک، کۆمەڵێ سیفەت و خاسییەتی زۆرباشی هەیە و شیاوە بۆ ئەوەی ببێت بە سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام سەر بە هیچ حیزبێک یان فراکسیۆنێکی گەورەی ناو پەرلەمان نییە، بەڵکو سەر بە حیزێکە تەنها یەک کورسی هێناوە، ئەو ببێت بە سەرۆکی پەرلەمان؟ گرفتی ئەمە لە کوێدایە؟ زۆرجار ئەوانەی سەر بە حیزبە گەورەو براوەکانن و بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەستنیشان کراون، ئەو سیفەت و مەرجانەی تێدانییە کە وایلێبکات پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەرگرێت. لێرەوە باشترە دەستنیشانکردنی سەرۆکی پەرلەمان، لە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی ئازاد و سەربەخۆی پەرلەمانتارانەوە بێت، نەک ئەوەی فراکسیۆنە گەورەو براوەکان، نوێنەری خۆیان فەرز بکەن و پێشتر سازانیان لەسەر کردبێت. ئەم حاڵەتە بۆ دەستنیشانکردنی جێگرەکانی و سەرۆکی لیژنەکانیش هەمان شتە، پێویستە کەفائەت و تواناو شارەزایی و پسپۆڕیی و زمانپاراویی و دڵسۆزیی و حیزبایەتی نەکردن، لەبەرچاوبگیرێت. نەک ئەوەی پۆستەکان بە پێوەری حیزبی و خزمایەتی و ڕازیکردنی باڵەکانی ناو حیزب دابنرێن. لە ڕاستیدا و زۆر بەکورتی، ناکرێت و نابێت پلە و پۆستەکانی پەرلەمان، وەک غەنیمە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و لەسەر ئەو بنەمایە دابەشبکرێت. یان وەک دەستکەوتی حیزبی لێیبڕوانرێت و بەسەر نوێنەرانی حیزبدا تەخشان و پەخشان بکرێت، بێ لەبەرچاوگرتنی کەفائەت و پسپۆڕیی و لێهاتویی.

زۆرجار هاوڵاتی داوای دابینکردنی خزمەتگوزاری لە پەرلەمانتارەکان دەکات، بە تایبەت ئەو پەرلەمانتارەی دەنگی پێداوەو سەر بە شارو شارۆچکە و گوندو گەڕەکەکەی خۆیەتی. بۆ نمونە داوای لێدەکات کۆڵانەکەیان بۆ قیرتاو بکات، یان موحەویلەی گەڕەکەکەیان لەبەر ئەوەی لۆدی زۆری لەسەرە، بەکەڵک نایەت و بۆیان بگۆڕێت، یاخود هەفتەیەکە بۆری ئاوی ڕەئیسییان شکاوە، بەو هۆکارەوە ئاویان نییەو هیمەتێک بنوێنێت بۆ چاکردنەوەی ئەو بۆریە شکاوە. لە ڕاستیدا ئەو جۆرە داوایە و جێبەجێکردنیان، ئەگەرچی بەجۆرێک لە جۆرەکان ڕەوایە و لەم هەرێمەدا بەشێکی بەرچاوی هاوڵاتییان بەدەستییەوە دەناڵێنن. بەڵام لە بنەمادا کاری پەرلەمانتار نییە. واتە کاری پەرلەمانتار نییە خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی دابین بکات. وەک چۆن کاری پەرلەمانتار نییە، عەلاگە خەیارو فەردە برنج بەسەر گوایە ماڵە هەژارەکاندا دابەشدەکات کە زۆر دیارە بۆ موزایەدەی سیاسی و چەواشەکارییە. بەڵکو کاری سەرەکی و بنەڕەتی پەرلەمانتار دەرکردنی یاساکانە کە لە ڕێگەیەوە چارەسەری کێشەکانی خزمەتگوزاریی و دابینکردنی دادپەروەری و یەکسانییە بۆ هەمووان. بە مانایەکی دی، وڵات پێویستی بە پەرلەمانتاری یاسادانەرو چاودێریکەر هەیە، نەک پەرلەمانتاری موزایەدەچی. واتە پەرلەمانتار لە ڕێگەی دەرکردنی ئەو یاسایانەی کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر باشکردنی ژیانی هاوڵاتییان هەیە، لە هەمو ڕوویەکییەوە و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاساکان و لێپرسینەوە لە کەموکوڕییەکان و پشتگوێخستنەکان، دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەر ببینێت. نەک ئەوەی بکەوێتە واستەکردن بۆ قیرتاوکردنی فڵانە کۆڵان و دابینکردنی ئاوی فڵانە گەڕەک، یان دابەشکردنی خۆراک بەسەر ئەم خێزان یان ئەوی دیکەدا.

بەمانایەکی دی پەرلەمانتار دەتوانێت ئەو کێشانە لە ڕێگەی دەرکردنی یاساوە چارەسەر بکات، نەک ئەوەی پێگەکەی بۆ مەسەلەی واستە و جیاوازیکردن لە نێوان گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکە بەکاربێنێت. بۆ نمونە لە ڕێگەی دەرکردنی یاسای تایبەت بە ئاو و گەیاندنی بۆ هەمو کوچە و کۆڵان و ماڵێک و ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی ئاو و دانانی پێوەری ئاو بۆ سەرجەم خانووەکان، دەتوانێت وا بکات ئەو ئاوەی هەیە، بەشێوەیەکی یەکسان و بێ فەرق و جیاوازی دابەشبکرێت و هەموان لێی سودمەندبن. نەک ئەوەی پەرلەمانتار ببێت بە ڕێڕەوێک بۆ گەیاندنی هەندێک خزمەتگوزاری بۆ ماڵێک و شوێنێکی دیاریکراو و پشتگوێخستنی ماڵ و شوێنەکانی دیکە، ئەمە لەلایەک. لەلایەکی دی ئاشکرایە ئەگەر حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان بە هەر هەشت کابینەکەیەوە و بەم کابینەی نۆهەمەشەوە، لە ماوەی ئەم 28 ساڵەی فەرمانڕەواییاندا، سەرجەم مافەکانی هاوڵاتیانیان دابینبکردایە، لە خوێندن و نەخۆشخانە و ئاو و کارەباو ئاوەڕۆو قیرتاوکردنی ڕێگاوبانەکان و شوێنی نیشتەجێبوون..هتد. ئەگەر بە پرنسیپی یەکسانی و دادپەروەریی و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ هەموان و هاوسەنگی لە ئەنجامدانی کارو پرۆژەکان، هەڵسوکەوتیان بکردایە. ئەوا پەرلەمانتارێک پەیدا نەدەبوو موزایەدە بکات و سەوزەو میوەو خۆراک دابەش بکات. لەلایەکی دیکەوە ئەگەر کابینەکانی حکومەتی هەرێم، گوێی لە سکاڵاکانی هاوڵاتی بگرتایە و بەدەم داواکارییە ڕەواکانیانەوە بچوایە، ئەوا هاوڵاتی بە ناچاری پەنای بۆ پەرلەمانتاری گەڕەکەکەی و ناوچەکەی نەدەبرد، تا خەمەکانی و پێداویستییە سەرەکییەکانی لە خزمەتگوزاری، بۆ باس بکات و داوای دابینکردنی لێ بکات.

لێرەوە دەکرێت لە دوو گۆشە نیگاوە لەم مەسەلەیە بڕوانین: یەکەمیان بریتییە لە قووڵکردنەوەی بنەما دەستوریی و دیموکراسییەکان کە وا لە پەرلەمانتار دەڕوانێت کەسێکی یاسادانەرە، نەک موختاری گەڕەک بێت یان بەرپرسی قیرتاوکردنی کۆڵانەکەی خۆیان بێت. دووەمیان بریتییە لە چارەسەرکردنی بارودۆخی خراپی گوزەرانی هاوڵاتیان، بەشێوەیەکی ڕاستەقینە و چالاک، ئەویش لە میانەی یاساکان و بە پشت بەستن بەو داهات و بودجەیەی لەبەردەستایە و خەرجکردنی دوور لە گەندەڵی و بەهەدەردان، دوور لە تەخشان و پەخشانکردنی بە پرۆژەی لاوەکی و وەهمی و ناگرنگ. دوور لە بەڵێن و دروشمی قەبەو زەبەلاح کە دابینکردنیان سەختە و تەنها بۆ موزایەدەی سیاسی و خۆشیرینکردنە لەبەرچاوی هاوڵاتیان.

بەداخەوە لای ئێمە پەرلەمانتار، بۆ هەندێک کەس بووەتە پەناگایەکی ئارام و شوێنێک بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە شەخسییەکان. بەوەی هانای بۆ دەبەن تا بە واستە و خزمخزمێنە و لە رێگەی حیزبایەتییەوە، دایمەزرێنێت یان فڵانە پرۆژەی بۆ وەرگرێت و لە دامەزراندنی فڵانە کۆمپانیا یارمەتی و کۆمەکی بکات و لای دەسەڵاتی جێبەجێکردن، شەفاعەت و واستەی بۆ بکات. دیارە ئەم جۆرە تێگەیشتنە بۆ ئەرک و ڕۆڵی پەرلەمانتار، ناکۆکە لەگەڵ یاسا و ڕێسا کارپێکراوەکان. جگە لەوە تێڕوانینێکی هەڵەیە بۆ پێگەی پەرلەمانتارو ئەو ئەرکە بنەڕەتییەی کە پەرلەمانتار لە پێناویدا بووە بە پەرلەمانتار. هەندێک لە هاوڵاتیان پێیانوایە مادام دەنگیان بە نوێنەرەکەیان داوە، ئیدی دەبێت هەمو شتێکی شەخسی بۆ بکات، بێ ڕەوچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی و مافی هاوڵاتیانی دیکە.

هەمو بەدەمەوەچونێکی پەرلەمانتار بۆ ئەو جۆرە داواکارییە، هەنگاوێکە بەرەو دواوەو پاشەکشەیەکە لە پرنسیپەکانی دیموکراسی و دادپەروەریی و یەکسانی و دامەزراندنی دەوڵەتی هاوڵاتی. هۆکارێکە بۆ لەرزۆکی و فشۆڵی ئەو حکومەتەی لە ئارادایە. بۆچی؟ چونکە لە وەها حکومەتێکدا شتێک نامێنێتەوە بە ناوی مافی گشتی و مافی یەکسانی و ڕەخساندنی دەرفەتی وەک یەک بۆ هەمو تاکێکی کۆمەڵگا کە هەمو لایەک بانگەشەی بۆ دەکەن. ئەوەی هەیە و کاریپێدەکرێت، بریتی دەبێت لە کۆمەڵێ ناحەقی و نا دادپەروەریی و نایەکسانی و زاڵبوونی بەرژەوەندی شەخسی وحیزبی، بەسەر بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی کۆی هاوڵاتیان. ئا لێرەوە پەرلەمانتار لەسەریەتی لەسەرو هەمو ئەو جۆرە کارە نایاسایی و نا ویژدانییانەوە بێت. لەسەریەتی بە تەواوی قەناعەت و بەو پەڕی ڕاستگۆییەوە، هەمو جۆرە بەرژەوەندییە تائیفی و مەزهەبی و خزمی و حزبییەکان وەلابنێت و تەنها کار بۆ بەرژەوەندی سەرجەم کۆمەڵگا بکات.

ڕۆڵی پەرلەمانتار

یەکەم: یاسادانان

پەرلەمانتار ئەندامی گرنگترین دەسەڵاتە لە وڵاتدا، واتە دەسەڵاتی یاسادانان. لەم دەزگایەدا ڕۆڵی پەرلەمانتار بریتییە لە یاسادانان و چاودێریکردن. یاساکان دوای بەدەستهێنانی ڕەزامەندی زۆرینەی پەرلەمانتارەکان پەسەند دەکرێن. دواتر پەرلەمانتار چاودێری چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە دەکات، لەلایەن دەسەڵاتی ڕاپەڕاندنەوە. واتە چاودێری ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەکان دەکات و دەبێتە ڕەقیبێکی دڵسۆزو دڵپاک و دەستپاک بەسەریانەوە. بۆ ئەوەی لە هەر کوێیەکدا و لەلایەن هەر وەزیرو کەسێکی بەرپرسەوە، کەمتەرخەمییەکی بینی، بێدەنگ نەبێت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات. ئەم ڕۆڵە چاودێرییە هەم پەیامێکە و هەم ئەمانەتێکە و هەم بەرپرسیارەتییەکە؛ کە پێشتر میللەت لە ساتەوەختی دەنگداندا، خستوویەتییە ئەستۆی پەرلەمانتارەکان، بۆیە پێویستە ئەوانیش لە ئاست ئەو متمانە و بەرپرسیارەتیەدابن کە خراوەتە ئەستۆیان.

پرۆسەی یاسادانان، تێیدا پەرلەمانتار مافی ئەوەی هەیە پێشنیاری دانانی ئەو یاسایانە بکات کە لە دیدی ئەوەوە، خزمەت بە کۆی کۆمەڵگا دەگەیەنن و گرنگن بۆ ژیانی هاوڵاتیان. جگە لەوە مافی لێکۆڵینەوەی لەو یاسا و پێشنیازانە هەیە کە لەلایەن حکومەتەوە دێنە پەرلەمان، دەبێت گفتوگۆیان لەسەر بکات و ئەگەر پێویستی بە هەموار هەبوو، هەمواریان بکاتەوە. ئەگەر یاساکان بۆ مەسەلەی ڕێخستنی ژیانی هاوڵاتیان و پەیوەندی هاوڵاتییان بەیەکترەوەو پەیوەندییان بە دەسەڵاتدارانەوە بێت، لە هەمانکاتدا لە دەرکردنی یاساکاندا پرنسیپەکانی مافی مرۆڤ و دادپەروەریی و یەکسانی ڕەچاوکرابێت، ئەوا هەم پەرلەمانتارو هەم پەرلەمان، پێکەوە بەشدارن لە دەستنیشانکردنی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی وڵات، بەجۆرێک کۆمەڵگا لە کەناری ئارامیدا دەبێت و تا ئاستێکی باش سەقامگیریی و ئاشتی کۆمەڵایەتی بەرقەراردەبێت.

دووەم: چاودێری پەرلەمانی

یەکێکە لە شێوەکانی چاودێری سیاسی کە دەسەڵاتی یاسادانان بەسەر دەسەڵاتی ڕاپەڕاندندا پیادەی دەکات. دەکرێت ئەم چاودێرییە ئاوا پێناسەی بکەین: بریتییە لە دەسەڵاتی گەڕان بە دوای ڕاستییەکاندا، دەربارەی کاروبارەکانی دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن، لە پێناو ئاشکراکردنی ئەو خراپەکاریی و گەندەڵیانەی ڕوویانداوەو موحاسەبەکردنی ئەنجامدەرانی، لە هەر پلە و پۆستێکدابن. چاودێری پەرلەمانی واتە، چاودێریکردنی کاروبارەکانی حکومەت و سیاسەتی گشتی حکومەت، چ ناوخۆیی یان دەرەکی، ئاگاداربوون لەسەر چۆنیەتی ڕایکردنی کاروباری هاوڵاتیان و ئاستی لێهاتویی و کەفائەتی حکومەت. ئەم ڕۆڵە یان ئەم ئەرکە پێیدەوترێت پرسیار و لێپرسینەوە. بەو مانایەی هەمو پەرلەمانتارێک مافی ئەوەی هەیە پرسیار بە شێوەیەکی زارەکی یان بە نووسین، ئاراستەی حکومەت یان یەکێک لە ئەندامانی حکومەت بکات و لێپرسینەوەشی لەگەڵدا بکات. ئامانجی سەرەکی ئەم چاودێرییە کە هەندێکجار تاکە کەسییە و هەندێکجاری دیکە لە شێوەی گروپدایە، بۆ بەداواداچونی میکانیزمی کارکردنی دامودەزگاکانی حکومەتە کە لەژێر دەسسەڵاتی ڕاپەڕاندندان. ئەمەش بۆ دڵنیابوونی پەرلەمانتارانە بەوەی دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن، پابەندن بەو یاسایانەی لە پەرلەمان و دەستوری وڵاتەوە دەرچووە، لە ئەگەری بوونی هەر سەرپێچییەک، لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی سەرپێچییەکە بکرێت.

لە ڕاستیدا چاودێریی پەرلەمانی بۆ دەزگاکان و چالاکییەکانی حکومەت، بە بەهێزترین چاودێری دادەنرێت کە سەنەد و پاڵپشتی یاسایی هەیە. جگە لەوە بە شیاوترین و باشترین فاکتەر یان ئامراز دادەنرێت، بۆ ئاشکراکردنی هەر زیادەڕۆییەک یان بە هەدەردانێک یاخود گەندەڵییەک کە دەکرێت ئیدارەیەک لە ئیدارەکانی حکومەت، ئەنجامیدابێت یا تێوەیگلابێت. ئەم ئاشکراکردنەو ڕاگەیاندنی بۆ ڕای گشتی، هەنگاوێکی پڕ بایەخ و گرنگە، بۆ کەمکردنەوەی ئەو پەتا کوشندەیەی پێیدەوترێت گەندەڵی.

سێیەم: سەڵاحیاتی قسەکردن لەسەر بودجە

ئەمە یەکێکە لە گرنگترین ئەو سەڵاحیەتانەی کە ئەنجومەنی نیشتیمانی پیادەی دەکات، بۆچی؟ چونکە پەیوەستە بە دارایی گشتی وڵاتەوە، لەوانە بودجە و دانانی باج و گفتۆگۆکردنیان لەسەر چۆنیەتی بەدیهێنانی و چۆنیەتی خەرجکردنی. ئاشکرایە دانانی هەمو جۆرە باج و گومرکێکی تازە لەسەر کاڵاکان، دەبێت ڕەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەرانی بۆ وەربگیرێت. پێداچوونەوەی پەرلەمان بە بودجەی خیتامی کە پێویستە ساڵانە و لە کۆتایی مانگەکانی ساڵدا، لە لایەن حکومەتەوە ئامادەبکرێت و ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت. یەکێکە لەو میکانیزمانەی وا دەکات پەرلەمانتار لە نزیکەوە ئاگاداری چۆنیەتی خەرجکردنی بودجەی گشتی بێت، لە کوێدا بودجەکە باش مامەڵەی پێوەکراوەو لەکوێدا بەهەدەر دراوە. چ پرۆژەیەک گرنگ و ستراتیژی بووەو چ پرۆژەیەک لاوەکی بووەو پارەی تێدا خوراوە. حساباتی خیتامی بەرچاوڕونییەکی زۆر باش و گرنگە بۆ پەرلەمانتار، تاکو بتوانێت لە میانەیەوە تێبگات، حکومەت چۆن و بە چ شێوەیەک بودجەی گشتی بەکارهێناوە. لەکوێدا کەمتەرخەم بووە سزای بدات و لە کوێدا باش بووە سوپاسی بکات.

هەندێک لەو سیفەتانەی پێویستە لە پەرلەمانتاردا هەبێت

1-ڕۆشنبیرییەکی یاسایی هەبێت و شارەزابێت لە مەسەلە یاسایی و دەستورییەکان.

2-خاوەنی ناو و ناوبانگێکی پاک بێت و لە گەندەڵییەوە نەگلابێت.

3-هەوڵی بەدەستهێنانی بەرژەوەندییە شەخسییەکانی خۆی نەدات.

4-پەرلەمان وەک دەخیلەیەک تەماشا نەکات بۆ خۆدەوڵەمەندکردن.

5-پێگەیەکی کۆمەڵایەتی هەبێت و کەم تا زۆر لای کۆمەڵگە ناسراوبێت.

6-بەباشی ئاگاداری ڕووداوە سیاسییەکانی نێوخۆو نێودەوڵەتی بێت.

7-رۆڵی یاسایی و چاودێریی بگێڕێت، نەک خزمەتگوزاریی.

8-پسپۆڕییەکی لە بوارێک لە بوارەکاندا هەبێت و تێیدا خاوەن بڕوانەمەبێت.

9-بە ئەمانەتەوە پابەندی ئەو بەڵێنانەبێت کە لە سەروەختی دەنگداندا ڕایگەیاندووە.

10-بوێری ئەوەی هەبێت، لێپرسینەوە لە سەرپێچیکاران بکات، لە هەر پلەو پۆستێکدابێت.

11-ئاگاداری بارودۆخی هاوڵاتیانی کۆمەڵگاکەی بێت و دەست بخاتە سەر کەموکورتییەکان و لە ڕێگەی یاساییەوە چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە.

سەرچاوە:

www.youm7.com

lcaclebanon.wordpress.com

m.alwafd.news

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

9,500 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...