هەڵبژاردن و جۆرەکانی

هەڵبژاردن و جۆرەکانی

لە خۆرئاوا، هەڵبژتردن بە یەکێک لە گرنگترین پێشکەوتنەکانی سیستمی سیاسی مۆدرێن دادەنرێت و لەوێوە ئەم دیاردەیە، روویکردە وڵاتانی دەرەوەی کیشوەری ئەوروپاو خۆی کرد بە نێو دەیان و سەدان کەلتوری دیکەدا. لەلایەکی دیکەوە دەوترێت بیرۆکەی هەڵبژاردن، بیرۆکەیەکی دێرینەو لەسەردەمی یۆنانی کۆندا پەیڕەوی لێکراوە، لە یۆناندا سەرکردەو کەسایەتییە دیارەکان، بۆ وەرگرتنی پلە و پۆستە باڵاکان و بەرێوەبردنی کاروبارەکانی دەوڵەت، لە رێگەی هەڵبژاردنەوە دەستنیشان کراون. لە ئیسلامی سەردەمی خەلافەتدا، ئەسحابەکان لە رێگەی کۆدەنگییەوە خەلیفەی موسڵمانانیان هەڵدەبژارد. دواتر دەوڵەتان فیکرەی هەڵبژاردنیان وەک بنەمایەک لە بنەماکانی دەستورەکەیان و وەک تەشریعێک لە تەشریعە یاساییەکانی دانا، بۆچی؟ بۆ زامنکردنی جێبەجێکردنی بیرۆکەی دیموکراسی کە بانگەشەی دانانی کەسی گونجاو لە شوێنی گونجاودا دەکات.

لە خوارەوە هەوڵدەدەین ئەم دیاردە مۆدێرنەی سیاسەت، زیاتر بناسێنین و هەندێک لە پێناسەکانی و جۆرەکانی بخەینەڕوو، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی وڵاتی ئێمەش، چ پێش راپەڕین و چ دوای راپەڕین و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن حیزب و پارتی کوردییەوە، چەندین هەڵبژاردنی بەخۆیەوە بینیوە، ئەگەرچی بەدوور نەبووە لە کەمو کووڕی.

چەمکی هەڵبژاردن وەک هەر چەمکێکی دیکە، کۆمەڵێ پێناسەی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، لەوانە: هەڵبژاردن رێوڕەسمێکی فەرمییە لەبەردەم دەنگدەردا، بۆ هەڵبژاردنی کەسێک بۆ وەرگرتنی پلەیەکی وەزیفی دیاریکراو، یان رێوڕەسمێکی فەرمییە بۆ رازیبوون یان رازینەبوون بە بڕیارێکی سیاسی لە رێگەی دەنگدانەوە. لێرەدا هەڵبژاردن ئامرازێکە لە ئامرازەکانی وەرگرتنی بڕیاری سیاسی. ئەو پێناسەیەی سەرەوە، پێمان دەڵێت دەنگدەر لە ساتەوەختی هەڵبژاردندا، زیاد لە ئەگەرێکی لەبەردەمدایەو یەکێکیان هەڵدەبژێرێت. بوونی چەند ئەگەرێک لەبەردەم دەنگدەردا، وا دەکات ئەو هەڵبژاردنە تا رادەیەکی زۆر بە هەڵبژاردنێکی راستەقینە لەقەڵەمبدرێت، چونکە بوونی زیاد لە کاندیدێک و زیاد لە لیستێک و زیاد لە حیزبێک، یەکێکە لە زەرورەتە گرنگەکانی هەڵبژاردن. بوونی تەنها کاندیدێک و تەنها حیزبێک و تەنها لیستێک، شەرعیەتی ئەو هەڵبژاردنە دەخاتە بەردەم پرسیارو گومانی گەورەوەو بە هەڵبژاردنی ساختە و کارتۆنی وێنادەکرێت.

ژمارەیەک لە یاسادانەران و شارەزایانی ئەم بوارە، پێیانوایە هەڵبژاردن بریتییە لە رێگاخۆشکردن بۆ گواستنەوەی هەندێک کۆمەڵگا، لە کۆمەڵگایەکی خێڵەکی و سەرەتاییەوە، بۆ کۆمەڵگایەکی مەدەنی و شارستانی، لە کۆمەڵگایەکی نارێکوپێکی بێ سەروبەری عەشایرییەوە، بۆ کۆمەڵگایەکی دەزگایی و خاوەن رێخستنێکی یاسایی. دەستەیەکی دیکە پێیانوایە هەڵبژاردن بریتییە لە مەرجێک لە مەرجەکانی دڵنیایی و ئیستیقرای سیستمە سیاسیی و ئابورییەکان، ئەم ئیستیقرارە سیاسی و ئابورییە، فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ دڵنیایی خاوەن سەرمایەکان و هێنانی وەبەرهێنەران بۆ وڵات. هەروەها سەبارەت بە پێناسەی هەڵبژاردن دەوترێت: هەڵبژاردن ئامرازێکە، هاوڵاتیان دەتوانن لە رێگەیەوە،  ئەو خەڵکانە هەڵبژێرن کە ئەرکی بەرێوەبردنی وڵات و مومارەسەکردنی دەسەڵات بگرنە ئەستۆ، لەپێناو دابینکردنی سەقامگیریی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و ژیانێکی شایستە بۆ سەرجەم دانیشتوانی وڵات، بێ هیچ جۆرە جیاکارییەکی رەگەزی و ئیتنی. لای کۆمەڵێ شارەزایانی دیکە، هەڵبژاردن واتە توانای بەشداریکردنی ئەو هاوڵاتیانەی مەرجە یاساییەکانیان تێدایە، بۆ هەڵبژاردنی دەسەڵاتداران، بەو پێیەی ئەو دەسەڵاتدارانە گوزارشت لە بەرژەوەندی ئەو هاوڵاتیانە دەکەن. ئەم شارەزایانە، بە پێچەوانەی شارەزایانی دیکە، لەو بڕوایەدان بیرۆکەی هەڵبژاردن کۆن نییەو رەگێکی قووڵی مێژویی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی تازەو مۆدێرنەو یەکەم دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ ئینگلتەرەو دەڵێن: لە ئینگلتەرە ناکۆکییەکی مێژویی لە نێوان خانەدانەکان و نوێنەرانی شارەکان هاتەئاراوە، ئەم ناکۆکییە وایکرد نوێنەرانی شارەکان، کۆبوونەوەکانی خۆیان جیابکەنەوەو بڕۆنە هۆڵێکی جیاواز، لەوێدا یەکەم هەنگاوی هەڵبژاردنی خۆیان نا، سەرۆکێکیان بۆ کۆبونەوەکەیان هەڵبژارد تا ئیدارەی کۆبوونەوەکان بکات و لە بەردەم پاشادا مافی قسەکردنی هەبێت.

دواجار بڕێک لە شارەزایان وا لە هەڵبژاردن دەڕوانن کە ئامرازێکە بۆ ریفۆرمی سیاسی و هێنانەئارای گۆڕانکاری لە سیستمی سیاسیدا، چۆن؟ بەوەی میللەت ئەگەر هەستی کرد یان بۆیدەرکەوت ئەوانەی دەنگی پێدابوون و وڵاتیان بۆ بەڕێوەدەبرد، لە ئاست داواکارییەکانی ئەودا نەبوون و کاریان بۆ میللەت و کۆمەڵگا نەکردووە هێندەی کاریان بۆ خۆیان و بەرژەوەندی حیزبی کردووە، دەتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، سزای دەسەڵاتداران و فەرماڕەواکانی بدات و لە بەرێوەبردنی وڵات دووریان بخاتەوەو دەنگیان پێنەدات و تیمێکی دیکەو کەسانێک و حیزبگەلێکی دیکە بێنێتە پێشەوەو ئەرکی بەرێوەبردنی وڵاتیان پێبسپێرێت، ئەم خاڵە گرنگەیە وا دەکات رۆڵی میللەت لە هەڵبژاردنەکاندا تا بڵێت گەورەو کاریگەربێت، چونکە دەتوانێت زۆر بە ئاسانی ئەم گروپە سیاسیەی حکومڕان لاببات و متمانە بە گروپێکی سیاسی دیکە ببەخشێت.

ئایا هەڵبژاردن مافە یان ئەرکە؟

شارەزایان لەم لایەنەوەو لە رووی یاساییەوە ناکۆکن و بۆ دوو بەش دابەشبوون، بەشێکیان پێیانوایە هەڵبژاردن (مافێکە) لە مافەکانی تاک، بۆ بەشداریکردنی لە ئیدارەدانی کۆمەڵگا. هەر بۆیە ئەم مافە پێویستە بە شێوەیەکی یەکسان بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا فەراهەمبکرێت و کەسی لێ بێبەش نەکرێت. بەڵام لەبەر ئەوەی هەڵبژاردن مافەو وەک مافێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، کەواتە هاوڵاتی بۆی هەیە ئەم مافەی بەکاربێنێت یان بەکارینەهێنێت، ئازادە لەوەی لە سەروەختی هەڵبژاردنەکاندا، دەڕوات دەنگدەدات یان ناڕوات و دەنگنادات، ئازادە لەوەی بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن دەکات یان بەشداری ناکات. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، بە تایبەت لە حاڵەتی دووەمدا (بەشدایرنەکردن و دەنگنەدان)، نابێت و ناکرێت هیچ جۆرە فشارێکی لەسەربێت، نابێت رووبەڕووی لێپرسینەوەو رێوشوێنی سزادانی ئیدرای یان دارایی یان هەر جۆرە سزایەکی دیکە ببێتەوە.

بەڵام ئەگەر هەڵبژاردن ئەرک یان وەزیفەیەک بێت لەسەر شانی هاوڵاتی، ئەوا پێویستە پابەندبێت پێیەوەو لەسەریەتی جێبەجێی بکات و نابێت بە ئارەزووی خۆی هەڵسوکەوتی پێوەبکات. بە مانایەکی دی، ئەگەر هەڵبژاردن وەک وەزیفەیەک تەماشاکرا، هاوڵاتی ئەو مافەی نامێنێت کە بەشداری هەڵبژاردنەکان نەکات، ئازاد نییە لەوەی نەڕوات بۆ دەنگدان، بەڵکو پێویستە لەسەری بەشداری پرۆسەکە بکات و بڕوات و دەنگی خۆی بدات. لێرەوە ئەم جیاکارییە یان ئەم ناکۆکییە لەسەر پێگەی هەڵبژاردن، لە دەستوری وڵاتدا دیاریدەکرێت و دەستور دەستنیشانی دەکات ئایا هەڵبژاردن مافە یان ئەرکە.

لە راستیدا هەندێک لە شارەزایان پێیانوایە هەڵبژاردن هەم ئەرکە و هەم مافە، ئەرکە بەو پێیەی هاوڵاتی پابەندە بە رایکردنی کاروبارەکانی وڵاتەوە، ئەمەش وا دەخوازێت هاوڵاتی بەشداربێت لە گەشەپێدانی کاروبارەکان. مافیشە بەو پێیەی یاسا دەیبەخشێت بە هاوڵاتی تا بە شێوەیەکی ئازادانە ئەو کەسانە هەڵبژێرێت کە نوێنەرایەتی دەکەن و کاروبارەکانی وڵات بەڕێوەدەبەن، چونکە هاوڵاتی هەر خۆی ناتوانێت ئەو ئەرکانە بەرێوەبەرێت.

ئامانجی سەرەکی و بنەڕەتی هەڵبژاردن، بریتییە لە گەیشتن بە بەشداری سیاسی بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا کە خۆیان لە پارت و حیزب و قەوارەو لیستی جیاواز جیاوازدا رێکخستووە. بەشداری سیاسی سەرجەم لایەنەکان، تا رادەیەکی باش سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوەو کەشوهەوایەکی لەبارو گونجاو بۆ گەشەکردن و پێشکەوتن دێنێتە ئاراوە. لە هەمانکاتدا بەشداری سیاسی، رێگری لە قۆرخکردنی دەسەڵات دەگرێت لەلایەن کەسێکەوە یان حیزبێکەوە یا بنەماڵەیەکەوە. هەڵبژاردن دەبێتە بەربەست لەبەردەم بڕیاری تاکە کەسی کە لە بەرژەوەندی کۆمەڵگا نییەو بەدوور نازانرێت ئەو بڕیارە تاکە کەسییە، پەشێوی کۆمەڵایەتی لێبکەوێتەوەو ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری سیاسی و تێکدانی بواری ئابوری لێبکەوێتەوەو وڵات دووچاری قەیرانی گەورە بکات.

هەڵبژاردن رەوایەتی دەبەخشێت بە دەسەڵاتی سیاسی تا بۆ ماویەکی دیاریکراو، وڵات بەرێوەبەرن و حەزو ویستی تەواوی کۆمەڵگا بە هەمو چین و توێژەکانییەوە دابینبکەن. بێگومان رەوایەتیدان بە دەسەڵاتی سیاسی لە رێگەی هەڵبژاردنەوە، لەیککاتدا هەم ئەرک و بەرپرسیارەتییەکی گەورەیە، هەم متمانەو مۆراڵێکی گەورەیە کە پێویستدەکات دەسەڵاتداران خاوەنی ئەو متمانەو مۆراڵەبن و توانای هەڵگرتنی ئەو ئەرک و بەرپرسیارەتیەیان هەبێت. ئا لێرەوە دەسەڵاتی نوێنەرایەتی، واتە ئەو دەسەڵاتەی لە رێگەی هەڵبژاردنی گشتییەوە جڵەوی حوکم دەگرێتە دەست، ئاسانتر دەتوانێت لە ساتەوەختە مێژوییەکاندا، بڕیارە چارەنوسسازەکان بدات، بۆچی؟ چونکە تەواوی میللەت بەشدارە لەو بڕیاردانەداو بڕیارەکە لەلایەن کەسێکەوە یان پارتێکەوە نەدراوە، بەڵکو لەرێگەی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی میللەتەوە دراوە.

مافی هەڵبژاردن یان دەنگدان

ئەم مافە مافێکی مەدەنییە بۆ سەرجەم هاوڵاتیان، بە نێرو مێیەوە. هەمو ئەوانەی تەمەنیان لەسەرو 18 ساڵەوەیە، دەتوانن بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن: هەڵبژاردنی پەرلەمان، سەرۆکایەتی، ئەنجومەنی پارێزگاکان، شارەوانییەکان و هەر جۆرە هەڵبژاردنێکی دیکە بکەن. هەمو تاکێکی کۆمەڵگا، بێ جیاوازی رەگەزی و موڵکایەتی و نەتەوەیی و رەنگ و ...هتد، بۆی هەیە بەشداربێت لەو هەڵبژاردنانەدا. دەنگدان ئامرازێکە بۆ زانینی رای گشتی و هەندێکجاریش بۆ زانینی رای توێژێکی دیاریکراو، سەبارەت بە بڕیارێکی تایبەت یا پرسێکی گشتی یان تایبەت. زۆرجار پێش پرۆسەی دەنگدان، هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستپێدەکات و تێیدا کاندیدو قەوارەو لیستە بەشداربووەکان، ریکلام بۆ پرۆژەو خەون و ئایدیاکانی خۆیان دەکەن کە دەیانەوێت لە ئایندەدا پێشکەشی کۆمەڵگای بکەن. بەخشینی مافی دەنگدان بە تاک، رۆڵێکی گەورە دەبینێت لە پابەندبوونی ئەو تاکە بە ئینتیما نەتەوەیی و نیشتیمانییەکەیەوە. لە هەمانکاتدا ئەو هەستە لای تاک بەهێز دەکات کە کەسێکی گرنگە لە کۆمەڵگادا و خاوەنی رۆڵ و پێگەو قورسایی خۆیەتی و دەسەڵاتی سیاسی رێزی لێدەگرێت و حەزو ویست و ئامانجەکانی لەبەرچاو دەگرێت. بەشداریکردنی تاک لە هەڵبژاردنەکاندا، مەسەلەی بڕوابەخۆبوونی تاک و شانازیکردن بە خۆیەوە زیاترو تۆکمەتر دەکات، وا دەکات دواتر بە رۆحێکی گەورەوە پێشوازی لەو بڕیارانە بکات کە دەسەڵاتی هەڵبژێردراو دەریدەکەن. لەبەر ئەمەیە زۆرجار پرۆسەی هەڵبژاردن، شێوازێکی ئاهەنگسازی پڕ لە جۆشوخرۆش لەخۆدەگرێت و تێیدا شانازیکردن بە وڵات و نیشتیمان و ئاڵاوە، لە ئاستێکی بەرزو بڵندایە.

جۆرەکانی هەڵبژاردن

شارەزایان و پسپۆڕانی ئەم بوارە، چەند جۆرێک هەڵبژاردن لەیەکتر جیادەکەنەوە، لە خوارەوە هەندێکیان زۆر بە کورتی دەستنیشان دەکەین:

*هەڵبژاردنی بەرتەسک/ المقید: لێرەدا مافی هەڵبژاردن سنوردارەو تەنها بۆ ئەو کەسانەیە کە خاوەنی سەروەت و سامانێکی زۆرن و سەر بە چینی خانەدان و ئەرستۆکراتییەکانن، یان ئاستێکی بەرزی زانستی یا رۆشنبیرییان هەیە و ئەوەی ئەو مەرجانەی تێدا نەبێت، مافی دەنگدانی نییە. بێگومان ئەمە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی سیاسی هاوڵاتیانە، بە تایبەت ئەوانەی بەهۆی سەختی ژیانەوە، ئەو مەرجانەیان تێیدا نییە.

*هەڵبژاردنی گشتی: پێچەوانەی هەڵبژاردنی موقەیەدەو پابەند نییە بە سەروەت و سامان و ئاستی بەرزی رۆشنبیرییەوە. بگرە هەڵبژاردنێکی گشتی سەرتاسەرییەو هەمو هاوڵاتییەک مافی ئەوەی هەیە تێیدا بەشداربێت، بەو مەرجەی تەمەنی یاسایی تەواوکردبێت کە لە زۆربەی وڵاتاندا 18 ساڵە. ئەم جۆرە لە هەڵبژاردن لە زۆربەی وڵاتاندا کاریپێدەکرێت،

هەڵبژاردنی ئیجباری و هەڵبژاردنی ئازاد: تا ئێستا مشتومڕێکی زۆر لە نێوان لایەنگرانی هەڵبژاردن وەزیفەیە یان مافە هەیە، ئایا هەڵبژاردن پرۆسەیەکی ئیجبارییە یان ئازادو سەربەخۆیە؟ یەکەمیان پێیوایە هەڵبژاردن ئەرکە و ماف نییە، بەڵام دووەمیان پێیوایە هەڵبژاردن مافەو ئەرک نییەو خاوەنەکەی دەتوانێت بەشداربێت یان نەبێت و لەوەدا ئازادە. لە دەستوری هەندێک لە وڵاتانی وەک بەلجیکا، ئوستورالیا، لەکسمبۆرگ، هاتووە هەڵبژاردن ئیجبارییە.

هەڵبژاردنی راستەوخۆ: لێرەدا دەنگدەران راستەوخۆ لە نێو کاندیدەکاندا، نوێنەرانی خۆیان هەڵدەبژێرن و دەنگی خۆیان بەو نوێنەرە دەدەن کە متمانەیان پێیەتی.

هەڵبژاردنی ناراستەوخۆ: لێرەدا پرۆسەی هەڵبژاردنەکە بە دوو قۆناغدا تێدپەڕێت، سەرەتا دەنگدەران نوێنەرەکانی خۆیان هەڵدەبژێرن، دواتر ئەو نوێنەرانە هەڵدەستن بە هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی ئەندامانی پەرلەمان یان هەڵبژاردنی فەرمانڕەواکان.

هەڵبژاردنی فەردی: لێرەدا هەڵبژاردنەکە تاکە کەسییە/ فەردییە، واتە وڵات بەسەر چەندین بازنەی هەڵبژاردندا دابەشدەکرێت، بەڵام قەبارەی ئەو بازنانە بچوک و سنوردارە، هەر دەنگدەرێک لەهەر بازنەیەکی هەڵبژاردندا، بۆی هەیە دەنگ بە تەنها یەک کاندید بدات، دواجار ئەگەر ئەو کاندیدە سەرکەوتوو بوو؛ دەبێت بە نوێنەری ئەو بازنەیە، دەنگدەر بۆی نییە زیاد لە کاندیدێک هەڵبژێرێت.

هەڵبژاردنی لیست: لێرەدا ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردن کەمترە، بەڵام قەبارەیان گەورەترە، دەنگدەر دەتوانێت دەنگ بە لیستێک بدات کە چەندین کاندیدی لەخۆگرتووە، واتە لێرەدا دەنگدەر راستەوخۆ کەسەکە یان نوێنەرەکە هەڵنابژێرێت، بەڵکو دەنگدەر دەنگ بە لیستەکە دەدات.

مەرجەکانی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن

هەمو هاوڵاتییەک بۆی هەیە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات، بەو مەرجەی ئەم سیفەتانەی خوارەوەی تێدابێت

1-بوونی رەگەزنامە: رەگەزنامە بەو مانایە خاوەنەکەی هاوڵاتی ئەو وڵاتەیەو تاکێکە لە میللەتەکەی. ئاساییە وڵاتان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکان، مەرجی بوونی رەگەزنامە دابنێن. بیانییەکان بۆیان نییە بەشداری هەڵبژاردنەکاندا بکەن، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی نەبوون بە تاکێک لە میللەتی وڵاتەکە. تەنانەت لە هەندێک وڵاتدا کە بیانییەک دەبێتە خاوەنی رەگەزنامە، ماوەیەکی دیاریکراو بەسەر وەرگرتنی رەگەزنامەکەدا تێدەپەڕێت، بۆ نموونە پێنج ساڵ، ئەو کات ئەو هاوڵاتییە بۆی هەیە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات.

2-مەرجی تەمەن: لۆژیکی نییە منداڵ مافی هەڵبژاردنی هەبێت، ئەگەرچی حسابی هاوڵاتیشی بۆ بکرێت، بۆیە هەڵبژاردن لانی کەمی تەمەنێکی دیاریکراوی هەیە، تەمەنێک تێیدا هاوڵاتی لە رووی عەقڵی و ئیدراکەوە خەمڵیوەو توانای بڕیاردانی باشترە. ئەم تەمەنە لە زۆربەی وڵاتاندا بە 18 ساڵ دیاریکراوە، یاسا رێگەی داوە هاوڵاتی لەو تەمەنەدا مافی هەڵبژاردن و دەنگدانی هەیە.

3-مەرجی سەلامەتی عەقڵی: کەسێک عەقڵی لەدەستدابێت و لەم رووەوە ناتەواوبێت، مافی هەڵبژاردنی نییە. ئەگەر کەسێک هەر لە رۆژی لەدایکبوونییەوە ئەو ناتەواوییە عەقڵییەی هەبوو، ئەوا مافی هەڵبژاردنی نابێت، بەڵام ئەگەر کەسێک بە هۆکارێک دووچاری کەم عەقڵی بوو، دواتر چاکبووەوە، ئەوا مافی هەڵبژاردنی بۆ دەگەڕێتەوەو دەتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات. بۆ ئەوەی کەسێک بێبەش نەبێت لە مافی دەنگدان، پێویستە کەم عەقڵییەکەی یان شێتییەکەی، بە گوێرەی بڕیاری دادگا بێت.

4-مەرجی شیاوی مۆراڵ: ئەوانەی تاوانی گەورەی شەرەف و ناموسیان ئەنجامداوە، لەم مافە بێبەش دەکرێن یاسای هەڵبژاردن جیاوازی دەکات لە نێوان تاوانی گەورەو تاوانی بچوک، واتە تاوانی خیانەتی نیشتیمانی و کەتن، ئەنجامدەرانی تاوانی بچوک کە لە زیندانەکاندان، مافی دەنگدانیان هەیەو دەتوانن بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن.

لە هەندێک وڵاتدا چەند مەرجێکی دیکە هەیە، لەوانە لە وڵاتی کوێت رێگە بە ئافرەت نادرێت بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات. لە وڵاتانی پورتوگال و چیللی و فلیپین، دەنگدەر پێویستە ئاستێکی دیاریکراوی خوێندنی هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بکات، بەم جۆرە خەڵکانی نەخوێندەوار مافی دەنگدان و بەشداریکردنیان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا نابێت.

تایبەتمەندییە یاساییەکانی هەڵبژاردن

هەمو هەڵبژاردنێک کۆمەڵێ تایبەتمەندی خۆی هەیە کە دەکرێت لەم خاڵانەی خوارەوەدا بیخەینەڕوو:

یەکەم/ گشتی: واتە هەمو هاوڵاتییەک گەشتبێتە تەمەنی یاسایی، مافی بەشداریکردنی دەبێت

دووەم/ راستەوخۆ: هەمو هاوڵاتییەک لە کاتی دەنگداندا، مافی ئەوەی هەیە راستەوخۆ دەنگی خۆی بدات و نابێت کەسێکی دیکەی لەگەڵدابێت، مەگەر ئەوانەیان نەبێت کە کەم ئەندامن یان بەساڵاچوون و ناتوانن بە تەنها خۆیان دەنگبدەن، لەم کاتەدا لیژنەی هەڵبژاردن ئەندامێک لە ئەندامەکانی خۆی بۆ چاودێریکردنی چۆنیەتی دەنگدانی ئەو کەسە دەستنیشان دەکات.

سێیەم/ نهێنی: واتە هیچ کەسێک بۆی نییە بزانێت کەسی دەنگدەر چۆن دەنگی داوەو دەنگی بە کێ داوە،

قۆناغەکانی هەڵبژاردن

دەنگدەر بۆ بەشداریکردنی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، پێویستە بەم  قۆناغانەدا تێپەڕێت.

*پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردن، بە مەبەستی دۆزینەوەی ناوی، باشترە سەردانی بنەکە سەرەکییەکانی دەنگدان بکات و دڵنیابێت لە بوونی ناوی.

*رۆژی هەڵبژاردنەکە سەردانی ئەو بنکەیە بکات کە تێیدا ناوەکەی هەڵواسراوە.

*راوەستان لە ریزداو چاوەڕوانی هاتنی نۆرەی خۆی بکات.

*هەردوو دەستی بەرەو پێشەوە درێژ دەکات، تا بیسەلمێنێت مورەکەبی دەنگدانی پێوەنییەو لە بنکەی دیکە دەنگی نەداوە.

*دڵنیابوون لە بوونی ناوی لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا.

*پیشاندانی ناسنامەی باری کەسێتی یان هەر ناسنامەیەکی دیکە کە کۆمیسۆن دیاریکردووەو بەراوردکردنی ناوی سیانی لەگەڵ ناوە سیانییەکەی کە لە تۆماری دەنگدەراندا هاتووە.

*واژۆکردنی لە بەرامبەر ناوەکەی لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا.

*وەرگرتنی کارتی دەنگدان یان وەرەقەی دەنگدان.

*پەنجەکردن بە مورەکەبی دەنگدانەکەدا.

*رۆشتن بۆ پشتی ئەو کابینانەی بۆ دەنگدان ئامادە کراون.

*هەڵبژاردنی ئەو کاندیدە یان ئەو لیستەی دڵخوازی خۆیەتی.

*خستنی کارتی دەنگدانەکە بۆ ناو سندوقی دەنگدانەکە

*جێهێشتنی ژورو بنکەی دەنگدانەکە بە شێوەیەکی هێمن و ئارام.

سەرچاوەکان

1-www.ahewar.org

2-www.startimes.com

3-mawdoo3.com

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

9,090 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...