پارێزبەندی پەرلەمانی لە نێوان یاران و نەیارانی

پارێزبەندی پەرلەمانی لە نێوان یاران و نەیارانی

پارێزبەندی پەرلەمانی/ حەسانەی پەرلەمانی، بریتییە لە شێوازێک لە پاراستنی یاسایی کە دەستور دەیبەخشێت بە نوێنەرانی میللەت لە پەرلەمان، وەک جۆرێک لە حیمایەی سیاسی و یاسایی، تا ئەو نوێنەرانە بتوانن ئەرکە دەستورییەکانیان- وەک دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن- بە باشی بەرێوەبەرن. ئەم پاراستنە (حیمایە) لە دەستوری بەشێکی زۆری وڵاتاندا بە دەق ئاماژەی بۆ کراوەو رێگەی پێدراوە. واتە پارێزبەندی نوێنەرانی پەرلەمان، پارێزبەندییەکی تەواو یاسایی و دەستورییە. فاکتەری هەرە سەرەکی بۆ بەخشینی حەسانەی پەرلەمانی بە ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتیمانی، ئەوەیە ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتیمانی، بتوانن بێ ترس و دوو دڵی، دوور لە فشارو کاریگەری دەسەڵاتی جێبەجێکردن، بتوانن ئەرکە دەستوری و یاساییەکانی خۆیان بە شێوەیەکی تەواو ئەنجامبدەن.

لێرەوە پارێزبەندی پەرلەمانی زامنی سەلامەتی و پاراستنی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی میللەتە، دژ بە هەر جۆرە هەڕشەو تۆڵەکردنەوەیەک، سا ئەو هەڕەشەو تۆڵەکردنەوانە لەلایەن دەسەڵاتدارنی دیکەی وڵاتەوە بێت یان لە لایەن حیزب و گروپ و خەڵکانی دیکەوە بێت. وەلێ لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ئیمتیازە کە دراوەتە نوێنەرانی ئەنجومەنی نیشتیمانی، شارەزایان و هاوڵاتیانی بۆ دوو بەرە دابەشکردووە: بەرەیەکیان لەگەڵ بەخشینی ئەم ئیمتیازەن بە پەرلەمانتاران، لێ بەرەکەی دیکە دژی ئەم بەخشینەن و هەر بەرەیەکیش پاساوی تایبەت بە خۆی هەیە کە لە خوارەوە بە کورتی باسیان لێوە دەکەین.

هەندێک لە شارەزایان پێیانوایە، پەرلەمانتار ئەرکێکی قورس و سەختی لەسەر شانە، ئەرکێک لە سەروبەندی جێبەجێکردنیدا، هیچ دوور نییە دووچاری هەڕەشەو مەترسی ببێتەوە. بۆ نموونە پەرلەمانتار بۆ ئەوەی بتوانێت چاودێری کارەکانی حکومەت بکات، کەمتەرخەمییەکان دەستنیشان بکات، گەندەڵییەکان ئاشکرا بکات، دەست بخاتە سەر بەهەدەردانی موڵکی گشتی و بەکارهێنانی بۆ بەرژەوەندی شەخسی، لێپرسینەوە لە سەرۆک وەزیران و کابینەی وەزارەتەی بکات، گەندەڵکاران راپێچی دادگاکان بکات و یەکسانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی بۆ هەموان بەرقەرار بکات. هەمو ئەو کارانە پێویستی بەوەیە پەرلەمانتار لە رێگەی یاساو دەستورەوە پارێزراوبێت، دوور بێت لە هەڕەشەو ترساندن، نەکەوێتە ژێر کاریگەری دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە. پێویستی بەوەیە لە سەروبەندی ئەنجامدانی کارەکانیدا، بەرپرسانی وڵات هەڕەشەی لێ نەکەن، ژیانی پارێزراو بێت و هیچ لێپرسراوێک لە هەر پلە و پۆستێکی حکومی و حیزبیدا بێت، بۆی نەبێت چاو لە پەرلەمانتار سورکاتەوەو ئازاری پێبگەیەنێت. ئا لێرەوە پارێزبەندی پەرلەمانی دێت و رەهەندێکی دەستوری و یاسایی دەدات بە حەسانەی پەرلەمانتاران.

بەڵام لە لایەکی دیکەوە، هەندێک لە شارەزایان و بڕێکی زۆر لە هاوڵاتیان پێیانوایە، پارێزبەندی بۆ پەرلەمانتاران، هەندێکجار دەبێتە قەڵغان بۆ ئەو پەرلەمانتارانەی کە دوور نییە خۆیان گەندەڵی ئەنجامبدەن و خۆیان بەشێکبن لە پرۆسەی بەهەدەردانی موڵکی گشتی و لەکاری نایاسایی و گەندەڵییەوە تێوەگلابن و هیچ دەزگایەکیش نییە بتوانێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات. لەبەرچی؟ لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی یاسایی حەسانەی پەرلەمانیان هەیە. لەم حاڵەتەدا پارێزبەندی پەرلەمانتاران رەهەندێکی نێگەتیڤ وەردەگرێت و دەبێتە پاڵپشت بۆ کردەی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و بڵاوبووەوەی زیاتری گەندەڵی. ئەو شارەزایانە لەو باوەڕەدان پارێزبەندی، ئامرازێکە لەژێر سایەیدا، پەرلەمانتاری گەندەڵ و نابەرپرسیار، دەتوانێت چەندین گەندەڵی و هەڵەی گەورە ئەنجامبدات و رۆبچێتە نێو هەر جۆرە بازرگانییەکی نا رەواو نا شەرعییەوە. بێ ئەوەی دووچاری لێپرسینەوەی یاسایی ببێت.

مێژووی یەکەم دەرکەوتنی پارێزبەندی پەرلەمانی

یەکەم دەرکەوتنی حەسانەی پەرلەمانی، دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی حەڤدە، بە دیاریکراوی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1688 لە ئینگلتەرە. دوای بەرپابوونی شۆڕشی ئینگلیزی کە بە (شۆڕشە نەمرەکە) ناسراوە، دیکۆمێنتێکی دەستوری بە ناوی (یاسای مافەکان/ قانون الحقوق) راگەیەندرا. لەو دیکۆمێنتەدا هاتووە: ئازادی قسەکردن و گفتوگۆکردن، لەناو پەرلەماندا، نابێت هۆکارێک بێت بۆ لێپێچینەوەی قەزائی یان بۆ لێپرسینەوە لەبەردەم هیچ دادگایەکدا. لە ئینگلتەرەی ئەو رۆژگارەدا، بڕیاردان لەسەر ئەم پارێزبەندییە، لە بنچینەدا بۆ پاراستن و پارێزگاری بوو لە نوێنەرانی پەرلەمان، لە دەسەڵاتی پاشاکان. بەو مانایەی پاشاکان نەتوانن بەئارەزوی خۆیان و کەی بیانەوێت، لێپێچنەوە لە ئەندامانی پەرلەمان بکەن و سزایان بدەن، کەی ویستیان ئەندام پەرلەمان دەرکەن و لە کاری پەرلەمانی دووریبخەنەوە. بەڵام ئەم پارێزبەندییە لە سنورێکی دیاریکراودا بوو، سیفەتێکی رەهای نەبوو، مەسەلەی خیانەتی گەورەی نیشتیمانی و کێشەی کوشتن و تێکدانی ئەمن و ئاسایشی نەدەگرتەوە. بەو مانایەی ئەگەر پەرلەمانتار لە هەر یەکێک لەو تاوانانە تێوەبگلایە، ئەوا بێ ئەوەی پارێزبەندییەکەی لەسەر هەڵگیرێت، دەستگیر دەکراو دووچاری لێپرسینەوەی توند دەبوو. هەروەها ئەو تاوانانەی نەدەگرتەوە کە پەرلەمانتار بەرامبەر بە یەکێک لە دادگاکان ئەنجامیدەدا، بەو جۆرە تاوانەیان دەوت (تاوانی ئیهانەکردنی دادگا).

لەگەڵ تێپەڕینی کات و رۆژگارو بە هاتنی سەدەی هەژدەهەم، چەمکی حەسانەی پەرلەمانی لە بەریتانیای مەزن، گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هات و گەشەی زیاتری بەخۆیەوە بینی. یاسا بۆ رێکخستنی ئەحکامەکانی دانرا، هەر لە رێگەی یاساوە کۆمەڵێ کۆت و بەند لەسەر چۆنیەتی کارکردنی و بوارەکانی دانرا. دواتر ئەحکامەکانی پارێزبەندی پەرلەمانی ئینگلتەرە، گواسترایەوە بۆ ئەو وڵاتانەی سودیان لە یاساکانی بەریتانیا وەرگرتبوو، وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئوستورالیا، کەنەدا، هند.

پارێزبەندی پەرلەمانی لە فەرەنسا، بە هەمان ناوەرۆکە ئینگلیزییەکەوە، لە زۆربەی دەستورەکانی فەرەنسادا ئاماژەی پێدراوە. هەر لە دەستوری شۆڕشی فەرەنسی ساڵی 1789بۆ دەستورەکانی ساڵانی 1791، 1795، 1799، 1848، 1875، 1946 و دواجار بۆ ئەم دەستورەی ئێستا کە لە ساڵی 1958 دەرچووە. لەهەمو ئەو دەستورانەدا، پرنسیپی حەسانەی پەرلەمانی مسۆگەر کراوەو بە مەبەستی رێکخستنی، چەند مادەو بڕگەیەکی بۆ تەرخانکراوە.

جۆرەکانی پارێزبەندی پەرلەمانی

شارەزایانی ئەم بوارە، پارێزبەندی پەرلەمانی بۆ دوو جۆر دابەش دەکەن: یەکەم پارێزبەندی بابەتی/ حیمایە موضوعیە، دووەم پارێزبەندی رێکاری/ الاجرائیە. لە خوارەوە بە کورتی لەسەر هەردوو جۆرەکە دەدوێین.

یەکەم: پارێزبەندی بابەتی

پێشی دەوترێت پارێزبەندی سیاسی، پەرلەمانتار لەم جۆرە پارێزبەندییەدا، هیچ لێپرسینەوەیەکی لەگەڵ ناکرێت دەربارەی ئەو قسەو گفتوگۆو بیروڕاو ئایدیانەی کە لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکی نوێنەرایەتی کردنیدا، دەریان دەبڕێت. ئەم جۆرە لە پارێزبەندی، بە تەواوی پەرلەمانتار لە هەمو ئەو هەڕەشەو فشارنە دەپارێزێت کە لەوانەیە لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە، یان لەلایەن هەر دەسەڵاتێکی دیکەی فەرمی یا نافەرمییەوە، لێی بکرێت. ئەمە وا دەکات پەرلەمانتار لە سەروبەندی ئەنجامدانی ئەرکەکانی، هەست بە دڵنیایی و متمانە بکات کەوا پارێزراوەو هەڕەشەی لەسەر نییە. وا دەکات بوێرانە و ئازادانە، لە نێو هۆڵی پەرلەمان و لەکاتی دانیشتنەکاندا، قسەو سەرنج و تێبینییەکانی بخاتەڕوو، دزی و بە هەدەردانەکانی سامانی گشتی ئاشکرا بکات و گەڵندەڵکاران دەستنیشان بکات. لە راستیدا پارێزبەندی بابەتی، تەنها ئەو قسانەی ئەندام پەرلەمان ناگرێتەوە کە لە نێو هۆڵی پەرلەماندا دەیانکات، بگرە ئەو قسە و گفتوگۆو مشتومڕانەشی دەگرێتەوە کە لە نێو لیژنەکان و راپۆرتەکاندا دێن. تەنانەت ئەو قسەو لێدوانانەشی دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی دەزگای ئەنجومەنی نیشتیمانی دەیانکات، بەو مەرجەی لێدوانەکانی لە سنوری کاری پەرلەمانتارییەکەیدا بێت و پەیوەست بێت بە ئیشوکاری پەرلەمانەوە. ئەم حاڵەتەیە وا دەکات پەرلەمانتار متمانەی تەواوی هەبێت و بوێرانە چ قسەیەکی هەبێت بیکات. بێگومان ئەمەش هۆکارێکە بۆ دەوڵەمەندبوونی کاری پەرلەمانتاری و بەرزڕاگرتن و گەشەپێدانی فیکری دیموکراسی و پاشان پێشخستنی کایەی سیاسی و حوکمڕانی.

لێرەدا با ئەم پرسیارە بکەین: باشە ئەگەر پێچەوانەی ئەمە ڕووبدات، چی دەبێت؟ واتە ئەگەر پەرلەمانتار وەک هەر کەسێکی ئاسایی، لەسەر قسەو لێدوانەکانی، لەسەر دەربڕینی بیروڕای، لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت و دووچاری گرتن و ئەشکەنجەو هەڕەشەی مەترسیدار ببێتەوە، چی روودەدات؟ ئەگەر ئێمە رۆژانە پەرلەمانتار لەسەر لێدوانەکانی بدەینە دادگا، رۆژێک لە داگای کەتن و رۆژێکی دیکە لە دادگای تاوان، بەیانییەک لە مەخفەرێکی پۆلیس ئامادەبێت و ئێوارەیەک لە نووسینگەیەکی ئاسایش بۆ چەندین کاتژمێر بمێنێتەوە، چی روودەدات؟ لە حاڵەتگەلێکی لەو جۆرەدا، کاری پەرلەمانتار زۆر قورس و دژواردەبێت، ترس و دڵەڕاوکێ زاڵدەبێت بەسەر خودی پەرلەمانتارەکەدا. ئەمە وا دەکات ئەو پەرلەمانتارە بێدەنگی و قسەنەکردن هەڵبژێرێت. لە دانیشتنەکاندا قسە نەکات و تەنها بۆ رازیبوون دەستی بەرزکاتەوەو تەواو. لێرەدا پەرلەمانتار لەکەسێکی خاوەن بیروڕاو بۆچون و چالاک، دەبێت بە کەسێکی بێدەنگ و کش و مات و ناچالاک. لە کەسێک بەرگری لە بەرژەوەندی گشتی دەکات و گەندەڵی و کارە نایاساییەکان ئاشکرا دەکات، دەبێت بە کەسێکی بێ دەسەڵاتی ترسنۆک و چاوپۆشی لە هەمو کارێکی گەندەڵی دەکات. لە کەسێک کە لە رێگەی هەڵبژاردنەوە متمانەی میللەتی وەرگرتووە، تا بارودۆخی میللەت چاک بکات و کەموکورتییەکان چارەسەر بکات، دەبێت بە کەسێک سەرەتا متمانەی میللەت لەدەست دەدات، پاشان هیچ باکی بە خراپی بارودۆخی ژیانی هاوڵاتیان نییە و هەوڵی مانەوەی گەندەڵی و کەموکورتییەکان دەدات، بگرە خۆشی دەبێتە بەشێک لە پرۆسەی گەندەڵی و ناشەفافییەت و شاردنەوەو پەنهانکردن و بزرکردنی راستییەکان. ئیدی ناتوانێت ئەرکەکانی سەرشانی، بە راستی و دروستی و وەک پێویست جێبەجێ بکات. ناتوانێت رێگری لەو تاڵانی و بڕۆیە بکات کە وڵاتی پێدا دەگوزەرێت.

دووەم: پارێزبەندی رێکاریی

پێشی دەوترێت پارێزبەندی کاتی، لەم حاڵەتەدا هیچ رێکارێکی جینائی لەبەرامبەر پەرلەمانتار ناگیرێتەبەر، ئەگەر هاتو تۆمەتبار کرا بە تاوانێک لە تاوانەکان و تۆمەتەکانیش تەنها لەسنوری قسەدابوو، بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو، تەنها دوای وەرگرتنی رەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران نەبێت. ئەم جۆرە لە پارێزبەندی لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی گشتی دانراوە، بەو پێیەی ئەندام پەرلەمان نوێنەری میللەتە و پارێزگاری لە بەرژەوەندی گشتی دەکات. وەلێ ئەگەر ئەندام پەرلەمان بە بەڵگەی راستەقینەوە تاوانێکی لەسەر ئیسپاتبوو، ئەوا لەم حاڵەتەدا کار بەم پارێزبەندییە ناکرێت و پەرلەمانتاری تۆمەتبار، رووبەڕوی دادگا دەکرێتەوە.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە پارێزبەندی پەرلەمانتاران بە هەردوو جۆرەکەیەوە، پێویستییەکە (زەرورەتێکە) ئیشەکەیان دەیخوازێت و تەنها بۆ ئەو ماوەیەیە کە پەرلەمانتارەکە نوێنەری میللەتەو لە ئەنجومەنی نیشتیمانی کاردەکات. بە مانایەکی دی، پارێزبەندی دەدرێت بە پۆستەکە نەک بە کەسەکە، ئەگەر ئەو کەسە پۆستەکەی نەما کە ئەندامی پەرلەمانە، ئەوا راستەوخۆ پارێزبەندییەکەشی نامێنێت. پارێزبەندی پەرلەمانتارەکان ئەگەرچی وا دەردەکەوێت جۆرێکە لە تێکدانی پرنسیپی یەکسانی نێوان تاکەکان، جیاوازیکردنە لە نێوان پەرلەمانتاران و هاوڵاتیانی ئاسایدا. بەڵام لێرەدا ئەم نایەکسانییە و ئەم جیاوازییە، بۆ بەرژەوەندی شەخسی و تایبەتی پەرلەمانتارەکە بڕیاری لەسەر نەدراوە، واتە پاراستنی بەرژوەندی شەخسی کەسەکە نییە، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی میللەت و بۆ پارێزگاریکردن لە کیانی نوێنەرایەتی دانراوە، دژ بە هەر دەستدرێژییەک. بۆ راگرتنی هەیبەت و شکۆی پەرلەمان دانراوە.

وەلێ کۆی ئەو قسانەی سەرەوە، مانای ئەوە نییە ئەندامی پەرلەمان، لە رێگەی پارێزبەندییەوە، بچێتە سەرەوەی یاساو هیچ چاودێرییەک نەکرێت، بە ئارەزووی خۆی هەڵسوکەوت و رەفتار بنوێنێت و هیچ کۆت و بەندێکی لەسەر نەبێت. نا نەخێر مەسەلەکە هەرگیز بەو جۆرە نییە. پارێزبەندی بۆ ئامانجێکی روون و ئاشکراو دیاریکراو دانراوە، نابێت پەرلەمانتار لێیدەرچێت و زیادەڕۆیی پێوە بکات. چونکە لێدەرچوون و زیادەڕۆیی، پەرلەمانتارەکە دووچاری لێپرسینەوە دەکات.

لابردنی پارێزبەندی

لەسەرەوە تا رادەیەک قسەمان لەسەر یاران و نەیارانی پارێزبەندی کرد، لەگەڵیدا ئەوەمان روونکردەوە ئەم ئیمتیازە، بۆ هەتا هەتا نییە، بەڵکو ئیمتیازێکی کاتییە و تەنها بۆ ماوەیەکی دیاریکراوە. بۆ ئەو زەمەنەیە کە تێیدا هاوڵاتییەک لە رێگەی هەڵبژاردنەوە، دەگاتە پەرلەمان و دەبێت بە پەرلەمانتارو دەستبەکار دەبێت. بە مانایەکی دی، ئەگەر ئەو هاوڵاتییە بووە پەرلەمانتارو گەیشتە پەرلەمان، وەلێ لەبەر هەر هۆکارێک بێت، کاری پەرلەمانتاری نەکردو دەستبەرداری پۆستی پەرلەمانتارییەکەی بوو، ئەوا نابێتە خاوەنی پارێزبەندی. جگە لەوە ئەگەر هەر پەرلەمانتارێک لەکاتی ئەنجامدانی تاوان، بینراو بەڵگەی ئەنجامدانی تاوانەکەی لەسەر ساغبوەوە، ئەوا پارێزبەندییەکەی نامێنێت. وەلێ ئەو پارێزبەندییە هەروا راستەوخۆو بە هەڕەمەکی لانابرێت، بەڵکو ئەویش یاساو رێنمایی خۆی هەیە، لە خوارەوە بە کورتی ئاماژەیان پێدەکەین.

1-لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی وڵاتاندا، ئاماژە بە چۆنیەتی لابردنی پارێزبەندی سەر پەرلەمان کراوە. سەرەتا ئەو کەسەی یان ئەو لایەنەی- فەرمی یان نافەرمی- دەیەوێت پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارێک لابەرێت، پێویستە سکاڵایەک بنووسێت و راستەوخۆ بیخاتە بەردەم یەکێک لە دادگاکانی تاوان/ جنائی، لەگەڵ سکاڵاکەیدا پەڕاوی کێشەکە یان تاوانەکەو چی بەڵگە هەیە، هاوپێچ دەکرێت.

2-داواکاری گشتی بۆی هەیە سکاڵا لەسەر ئەندام پەرلەمان بەرزبکاتەوەو تێیدا داوای لابردنی پارێزبەندی بکات.

3-نووسینی سکاڵاو بەرزکردنەوەی، هەرگیز بەو مانایە نایەت کە دەبێت پەرلەمانتارەکە دەستگیربکرێت یان ماڵەی بپشکنرێت.

4-سکاڵاکە لە پەرلەمان دەخرێتە بەردەم لیژنەی تایبەتمەند، تا هۆکاری دواکاری لابردنی پارێزبەندییەکە بزانن.

5-ئەو پەرلەمانتارەی داوای لابردنی پارێزبەندییەکەی کراوە، دەبێت لەبەردەم لیژنەکاندا رێگەی پێبدرێت بە ئازادانە بەرگری لە خۆی بکات و قسەکانی خۆی بکات.

6-ئەگەر لیژنەی تایبەتمەند قەناعەتی کرد بە سکاڵاکەو کۆی ئەو دیکۆمێنتانەی لەگەڵدا هاوپێچ کراوە، پارێزبەندییەکە لادەبرێت. ئیشی ئەم لیژنەیە نییە پەرلەمانتارەکە دادگایی بکات یان تۆمەتباری بکات. ئەوە نە مافی ئەو لیژنەیەیە نە کاری ئەوەیشە، بگرە ئەوە کاری دادگایە. ئیشتی لیژنەکە تەنها تەماشاکردنی سکاڵاکەیە تا بزانێت ئایا ئەو سکاڵایە بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە یان سوکایەتی یاخود کۆنە قین و شتی لەو بابەتە نەنووسراوە. ئایا سکاڵاکە بۆ ئەوەیە ئەو پەرلەمانتارە چاوترسێن بکات و نەتوانێ وەک پێویست کارەکانی ئەنجامبدات. یان نەخێر ئەو سکاڵایەو هاوپێچەکانی جدییە و بۆ ئاشکراکردنی تاوانێک یان گەندەڵییەک یا خیانەتێکە کە پەرلەمانتارەکە بە نهێنی ئەنجامیداوە.

7-لابردنی پارێزبەندی پەرلەمانتارەکە، دۆسێکە دەگەڕێنێتەوە بۆ بەردەم دادگا. ئەوکات دادگا تەماشایەکی دۆسێکە دەکاتەوە و رێکاری یاسایی دژ بە پەرلەمانتارەکە دەگرێتەبەر، وەک چۆن دژ بە هەر کەسێکی تاوانبار دەیگرێتەبەر.

سەرچاوەکان

ar.wikipedia.org

http://hayatouki.com

http://www.dades-infos.com

lcaclebanon.wordpress.com

http://staralgerie.hooxs.com

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

6,227 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...