پەرلەمان چییەو ئەرکەکانی چین؟

پەرلەمان چییەو ئەرکەکانی چین؟

پێشەکی

ئەم نووسنە هەوڵێکی سەرەتاییە بۆ ناساندنی پەرلەمان و ئەرکەکانی، چوارچێوەیەکی گشتییە بۆ قسەکردن لەسەر رۆڵ و گرنگی پەرلەمان کە بە یەکێک لە دەزگا شەرعییەکانی سیستمی دیموکراسی دادەنرێت و وەک کۆڵەکەیەکی پتەوی بەشداری میللەت لە دەسەڵاتدا تەماشا دەکرێت. ئەم رۆڵە گرنگە و ئەو کۆڵەکە پتەوەیە، وا دەکات پەرلەمان خاوەنی هەیبەت و شکۆی تایبەت بە خۆی بێت و لەسەری سەرەوەی هەمو دەسەڵاتەکانەوە بێت.

بەردەوامبوونی کۆمەڵگا و سەقامگیری سیستمە سیاسییەکەی، پەیوەستە بە بوونی سیستمێکی یاسایی کە هەم هاوڵاتیان و هەم فەرمانڕەواکان، مەحکومن بەوەی ملکەچی بن و رێزی بگرن و سزای ئەوانەش بدرێت پابەندی سیستمە یاساییەکە نابن و پێشێلی دەکەن. لە حاڵەتی نەبوونی ئەو سیستمە یاساییەدا یان لە حاڵەتی رێزنەگرتن و شکاندنی، کۆمەڵگا دووچاری پەشێوی دەبێت و فەوزایەکی گەورە بڵاودەبێتەوە. لەو قسانەی سەرەوە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە پرۆسەی دانانی سیستمێکی یاسایی، پێویستی بە دامودەزگایەکی تەشریعی هەیە، ئەو دامودەزگا تەشریعییەش خۆی لە بوونی پەرلەماندا بەرجەستە دەکات. بەڵام لە مێژودا، مەسەلەکە هەمیشە بەو شێوەیە نەبووە، زۆرێک لە قۆناغە مێژوییەکان، ئەو جۆرە دامودەزگایە(پەرلەمان)ی بەخۆیەوە نەبینیوە. بەڵکو دانانی یاساکان تەنها لەلایەن پاشا و شازادەکانەوە بووە.

وەلێ لەگەڵ هاتنی سەدەی هەژدەهەم و لە ئەنجامی ئەو شۆڕشانەی کە هەوڵیاندەدا دەسەڵاتی رەهای پاشاکان کەم بکەنەوە، دامودەزگای تەشریعی دەرکەوت. دواتر لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، پەرلەمان وەک یەکێک لەدامودەزگاکانی حوکمڕانی و یاسادانان هاتەئارا. بەجۆرێک لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکانی سەدەی بیستەم، زۆربەی دەوڵەتان بوونە خاوەنی پەرلەمان، تەنها هەندێ دەوڵەت نەبێت کە زۆربەیان لە ئەفریقاو خۆرهەڵات بوون. بگرە هەندێک لەو دەوڵەتانە پێشتر پەرلەمانیان هەبووە، بەڵام بەهۆی ململانێی تووندی ناوخۆیی لەسەر گرتنە دەستی دەسەڵات یان بە هۆی کودەتای سەربازی و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن سەربازەوە، پەرلەمانی وڵاتەکە هەڵوەشاوەتەوە یان پەکخراوە. ئاشکرایە پەرلەمان بە حوکمی سروشتی خۆی و ئەرکەکەی، رازینابێت بە دەسەڵاتی عەسکەرو دەزگای سەربازیی و حوکمی تاکە کەس.

هەندێک لە یاساناسان و فوقەهای یاسایی، پێیانوایە زاراوەی پەرلەمان، گوزارشتە لە شێوازی بەشداری هاوڵاتیان لە ژیانی سیاسی. هەندێکی دیکە پێیانوایە پەرلەمان یەکێکە لە دەزگا گرنگەکانی کۆمەڵگای دیموکراسی، کۆمەڵگایەک لەسەر بنەمای ئازادی بەشداری سیاسی و فرەیی حیزبی بونیاد نرابێت. لە راستیدا هەردوو ماناکەی پەرلەمان یەکتر تەواو دەکەن، بەڵام پەیوەستنین پێکەوە. چونکە بەشداریکردنی هاوڵاتیان لە ژیانی سیاسیدا، بەپێی بارودۆخی کەلتووری و نەریتی کۆمەڵایەتی و سروشتی دەوڵەت، شێوەی جۆراوجۆری هەیە. بەڵام گرنگترین شێوەی ئەو بەشدارییە، ئەوەیە هاوڵاتیان نوێنەری خۆیان هەڵدەبژێرن تا گوزارشت لە بیروڕاو داواکارییەکانیان بکەن. واتە پێکهێنانی پەرلەمانێکی هەڵبژێردراو کە گوزارشت لە بیروڕاو ویست و داواکاری میللەت بکات. کەچی هەندێ کۆمەڵگای دیکە هەیە، لە بری پەرلەمان و هەڵبژاردنی نوێنەرانی خەڵک بۆ پەرلەمان، شێوازی دیکە دەگرنەبەر. لەوانە دروستکردنی ئەنجومەنی راوێژکاری، ئەم ئەنجومەنە دەستەیەک لە سەرکردەی حیزبەکان و سەرکردەی کۆمەڵایەتی دیارو کەسایەتی ناسراو لەخۆدەگرێت کە ئامانجیان قسوباس و گفتوگۆ کردنە لەسەر کاروباری حکومڕانی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا.

پەرلەمان چییە؟

سەرەتا با بزانین ئەسڵی وشەی پەرلەمان مانای چییە و چی دەگەیەنێت؟ بێگومان ئەم وشەیە نە کوردییە و نە عەرەبییە و نە تورکی، بەڵکو ئەسڵی وشەکە فەرەنسییەو لە وشەی (Parler)ەوە هاتووە کە مانای قسەکردن یان گفتوگۆ یاخود مشتومڕ دەگەیەنێت. کەواتە پەرلەمان لە رووی زمانەوانییەوە، بریتییە لە وتووێژو گۆڕینەوەی بیروڕاو قسەکردن و گوێگرتن لەیەکتر، پرس و راوێژکردن و حیوارە لەگەڵ یەک، گۆڕینەوەو شەنوکەو کردنی بیرۆکە و پێشنیارەکانە، ئەمەش بۆ دەستنیشانکردنی لایەنی باش و خراپی بیرۆکە و پێشنیارەکان.

بەڵام پەرلەمان لە رووی زاراوەییەوە، بریتییە لە دەستەیەکی تەشریعی کە نوێنەرایەتی دەسەڵاتی یاسادانان دەکەن، ئەم دەستەیە لە کۆمەڵێ خەڵک پێکدێت و پێیاندەوترێت نوێنەرانی میللەت. چوونی ئەم دەستەیە بۆ پەرلەمان، لە رێگەی هەڵبژاردنی گشتییەوە دەبێت بە شێوازێکی دیموکراسی. دیارە ئەم دەستەیە، ئەو هاوڵاتیانە هەڵیاندەبژێرن کە مافی هەڵبژاردنیان هەیەو ناویان لە لیستی تۆماری هەڵبژاردنەکاندا هاتووە.

گرنگی بوونی پەرلەمان

بە گەڕانەوە بۆ مێژو، لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان، چەندین فاکتەر دەبینین کە لە پشت دروستبوون و گەشەکردنی پەرلەمانەوە بووە. دەرکەوتنی پەرلەمان لە زۆربەی وڵاتانی خۆرئاوادا،  دەگەڕێتەوە بۆ چوارچێوەی وەرچەخانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییە بەرفراوانەکان. دواتر لەگەڵ دەرکەوتنی چینی ناوەڕاست و هاتنەئارای شۆڕشی پیشەسازی، رۆڵی پەرلەمان زیاتر گەشەی کرد. لەو قۆناغەدا فاکتەری سەرەکی لەپشت دامەزراندی پەرلەمانەوە، بریتیبوو لە نوێنەرایەتی کردنی چین و توێژە نوێیەکان و هێزە تازە گەشەکردووەکان، بە جۆرێک کاریگەرییان لەسەر ژیانی سیاسی هەبێت. پاشان لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بیرۆکەی سەروەری میللی و هاوڵاتیبوون و یەکسانی نێوان هاوڵاتیان لە ماف و ئەرکەکان و مەحاڵبوونی بەشداری فیعلی هەمو هاوڵاتیان لە حوکمڕانی، رۆڵی پەرلەمانی بەهادارتر کردو پەرلەمان بووە شوێنی نوێنەرایەتی کردنی سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکانی میللەت، بووە ئەو جێگایەی تێیدا مومارەسەکردنی بیرۆکەی سەروەری دەکرێت کە خۆی لە دانانی یاسا بنەڕەتییەکاندا دەبینییەوە.

دواتر لەگەڵ گەشەکردنی بیرۆکەی ئازادی سیاسی و دەرکەوتنی حیزب و فرەیی حیزبی، پەرلەمان بووە ئەو گۆڕەپانەی حیزبەکان و ئاقارە سیاسییەکان، ململانێ و کێبڕکێی تێدا دەکەن و دەیانەوێت بگەن بە زۆرینە و دواتر پێکهێنانی حکومەت. بەڵام لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو، فاکتەرێکی دیکە هەبوو بۆ دامەزراندنی پەرلەمان، ئەویش بریتییە لە بونیادنانی دەوڵەتی نەتەوەیی و جەختکردن لەسەر شوناسی نیشتیمانی هاوبەش لە نێوان رۆڵەکانی یەک دەوڵەتدا. دوای رزگاربوون لە ئیمپریالیزم، ئەو دەوڵەتە تازە پێگەیشتوانە، رووبەڕووی چەندین ئەلەنگاری- تەحەدی- بوونەوە، دیارترینیان سنوری سیاسی دەوڵەتەکە بوو کە پێشتر دەوڵەتە ئیمپریالیزمەکان دروستیان کردبوو. ئیمپریالیزم ئەو کۆمەڵگایانەی، لەیەککاتدا بەسەر چەندین یەکە و هەرێمی دوور لەیەک و بەناویەکچوودا دابەشکرد، رۆڵەکانی یەک نەتەوەیان، بەسەر چەندین دەوڵەتدا بڵاوکردەوە، بۆ ئەم حاڵەتە کورد باشترین نموونەیە.

لێرەوە ئەم دەوڵەتانە کە تازە سەربەخۆییان بەدەستهێنابوو، بۆ پارێزگاری لە یەکگرتنی و بەردەوامبوونی لە کاروانی گەشەکردنیدا، پێویستیان بەوە بوو جەخت لەسەر شوناسی هاوبەشیان بکەنەوە. ئەمەش پێویستی بە دامەزراندنی دەزگای سیاسی هەبوو، تا بەرجەستەی  یەکێتی نیشتیمانی و شوناسی هاوبەش بکات، پەرلەمان گرنگترین ئەو دەزگا سیاسییە بوو، چونکە ئەو دەستەیەی پەرلەمان پێکدەهێنێت، باشترین گوزارشتە بۆ سەرجەم کۆمەڵە و هەرێم و چین و توێژە جیاوازەکان کە سەر بە هەمان دەوڵەتن. لێرەوە پەرلەمان ئەو سەرزەمینە هاوبەش و گونجاوەیە بۆ کۆکردنەوەی تەواوی جیاوازییەکان و گەڵاڵەکردنی هەست و سۆزو بەرژەوەندی نیشتیمانی هاوبەش. کەواتە دامەزراندنی پەرلەمان هەنگاوێکی سەرەکی بوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی و پارێزگاریکردن لە پێکەوەیی و یەکێتییەکەی.

دەکرێت لەپاڵ ئەو فاکتەرانەی سەرەوەدا، فاکتەرێکی دیکەش زیاد بکەین، ئەویش بەدیهێنانی سەقامگیری کۆمەڵایەتییە بە مانا گشتگیرو فراوانەکەی. زۆر دەوڵەت هەیە لە رووی نەژادو زمان و ئاین و کەلتوورەوە، هەمەرەنگ و فرەییە. ئەم جۆرە لەدەوڵەت، پێویستییەکی زۆری بە ئامرازگەلێکە، ململانێی نێوان هاوڵاتییەکان کەم کاتەوە کە سەر بە ئینتیمای جیاواز جیاوازن. هەروەها بۆ ئەوەی ئەو فرەیی و ئینتیما جیاوازانە بکاتە سەرچاوەی هێز و دەوڵەمەندی. پەرلەمان یەکێکە لەو ئامرازە گرنگانە.

لێرەوەو لەمڕۆدا دامەزراندنی پەرلەمان، بووەتە کۆڵەکەیەکی سەرەکی ژیانی دیموکراسی و قۆناغێکی پێویستە لە پرۆسەی گەشەکردن و وەرچەرخانی دیموکراسی بەرەو ئاستێکی باڵاتر. جگە لەوە گەشەکردن و پێشخستنی کاری پەرلەمانی، بووەتە دەروازەیەک بۆ چاکسازی سیاسی و ئابوری، بووەتە مینبەرێک بۆ رێزگرتنی مافەکان و ئازادییە بنەڕەتییەکانی هاوڵاتی، بە تایبەت ئازادی بەشداری سیاسی و فرەیی حیزبی، بووەتە سەکۆیەک بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێنەرایەتی، لە رێگەی هەڵبژاردنی ئازاد و پاک، هەمو ئەو مەسەلانە، کرۆکی کاری پەرلەمانی پێکدەهێنن و بێ بوونی پەرلەمان مەحاڵ دەبێت.

کاری پەرلەمان

کاری پەرلەمان لە دەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتێکی دیکە جیاوازە، ئەمەش پەیوەستە بەو چوارچێوە دەستورییەی لە وڵاتدا بەرقەرارەو پەیوەستە بە شێوازی دابەشکردنی دەسەڵات و جۆری سیستمە سیاسییەکەو ئاستی گەشەکردنی دیموکراسی و هێزی خودی پەرلەمان و تواناو ئیرادەی ئەندامانی پەرلەمان. بەشێوەیەکی گشتی پەرلەمان ئەم کارانەی خوارەوەی هەیە:

کاری یاسادانان:

ئەم کارە یان ئەم ئەرکە بە گرنگترین کارەکان یان ئەرکەکانی پەرلەمان دادەنرێت. بێگومان گرنگترین مەسەلەی رێکخستنی ژیانی کۆمەڵگا، بریتییە لە دانانی ئەو بنەمایانەی کە پێویستە هەموان لەسەری بڕۆن، لەپێناو پارێزگاریکردن لە بەهاو پرنسیپەکانی ئازادی و یەکسانی و لێکبووردن. لەبەر ئەوە رۆڵی یەکەمی پەرلەمان بریتییە لە دانانی ئەو بنەمایانە، واتە دانانی یاساکان.

لەمڕۆدا ئەرکی دانانی یاساکان، دیارترین ئەرکە پەرلەمان پێیهەستێت. تەنانەت لە زۆربەی کەلتورە هاوچەرخەکاندا، ناوی پەرلەمان بە دەزگا یان دەسەڵاتی یاسادانان ناودەبرێت. هەرچەندە دەستپێشخەری بۆ پێشنیاری یاساکان و داڕشتنیان لەسەر شێوەی پرۆژە، زۆرجار لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە دێت، واتە لەلایەن حکومەتەوە، بەڵام ئەوە هەرگیز لە رۆڵی پەرلەمان کەمناکاتەوە، چونکە ئەو یاسایانە پێش ئەوەی رەزامەندیان لەسەر بدرێت و بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە، پێویستە لە پەرلەماندا گفتوگۆی چڕوپڕو تێروتەسەلیان لەسەر بکرێ و ئەگەر پێویستبوو دەستکاری  و هەموار بکرێنەوە، ئەوسا دەبنە یاساو کاریان پێدەکرێت. ئەمە جگە لەوەی پەرلەمان بۆ خۆی دەتوانێ پێشنیاری پرۆژە یاسای تازە بکات و گفتوگۆی لەبارەوە بکات.

گرنگە ئەوە بزانین یاساکان، تەنها بریتی نین لە کۆمەڵێ پاداشت و سزا یان پێدانی مۆڵەت و سزا کە موشەرەع دەریان دەکات، بەڵکو یاساکان بریتین لە ئیرادەی کۆمەڵگاو کارە لە پێشینەکانی کۆمەڵگا- ئەولەویات- کە موشەرەع لە شێوەی بنەمای گشتی-یاسا- بەرجەستەی دەکات و لە رێگەیانەوە ژیانی هاوبەشی نێوان پێکهاتە جیاوازو فرە رەنگەکانی کۆمەڵگا رێکدەخات. لێرەوە دانانی بنەما گشتییەکان و یاساکان، لە بۆشاییەوە نایەت و کارێکی هەڕەمەکی یان ئارەزوومەندانە نییە، بگرە یاساکان دێن بۆ ئەوەی ئەولەویاتی سیاسەت و سیمای سیاسەتی گشتی وڵاتێک یان دەوڵەتێک دیاری بکات. ئا ئەمەیە وا دەکات باس لە سیاسەتی یاسادانان بکەین. ئەوەشی گوزارشت لە سیاسەتی یاسادانان دەکات، بریتییە لە کۆی بنەماو یاسا بابەتییەکان و چۆنیەتی دانانیان و چۆنیەتی جێبەجێکردنیان.

جگە لەوە گرنگە سنوری کاری تەشریعی بزانین کە پەرلەمان، لە میانەی دەرکردنی یاساکانەوە، جێبەجێیان دەکات. چوارچێوەی یاسایی چەندین پێکهاتەی یاسایی لەخۆدەگرێت، لەسەرو هەمویانەوە دەستور، پاشان یاساکان و بڕیاری وەزارەتەکان، دواتر رێنماییە ئیدارییەکان، رێکەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان کە دەوڵەت رەزامەندییان لەسەر دەدات. ئەوەی پەیوەستە بە دەستورەوە، ئەوەیە کە مەرجەع و سەرچاوەی سەرەکی دەستور میللەتە و ئەوە دەستورە، گوزارشت لە بەها سەرەکییەکانی کۆمەڵگا دەکات و سیمای سیستمی حوکمڕانی دیاری دەکات. ئا لێرەوەیە میللەت پێویستە راستەوخۆ لە دانانی دەستورەکەدا رەئی هەبێت. رۆڵی پەرلەمان لە دانانی دەستوردا، بریتییە لە گفتوگۆکردن لەسەر بڕگەو مادەکانی دەستورو هەموارکردنەوەی.

کەواتە ئەرکی سەرەکی پەرلەمان دانانی یاسا بنەڕەتییەکانە، ئەم ئەرکەیە وا دەکات پەرلەمان ببێت بە گرنگترین دەسەڵاتەکانی دەوڵەت، هەر ئەم ئەرکەشە وا دەکات پێویستە پەرلەمان رەزامەندی لەسەر هەمو ئەو پرۆژەو یاساو پەیماننامە نێودەوڵەتیانە دەرببڕن کە لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە ئەنجامدەدرێن.

کاری چاودێری

سێ وێنەی سەرەکی چاودێری هەیە کە هەرسێکیان یەکتر تەواو دەکەن و دەبنە جێگیرکردنی دیموکراسی و بەدیهێنانی هاوسەنگی نێوان دەسەڵاتەکان. یەکەمیان چاودێری پەرلەمانە بۆ حکومەت، دووەمیان چاودێری حکومەتە بۆ پەرلەمان، سێیەمیان چاودێری رای گشتییە لەسەر پەرلەمان. جۆری یەکەمیان بریتییە لەو چاودێرییەی پەرلەمان دەیخاتە سەر حکومەت، ئەم جۆرە چاودێرییە لە رووی مێژوییەوە بە کۆنترین ئەرکی پەرلەمان دادەنرێت، لە رووی سیاسییەوە بە گرنگترین و بەناوبانگترین ئەرکی پەرلەمان دادەنرێت. لێرەدا پەرلەمان بەرپرسە لە چاودێری و بەدواداچون و هەڵسەنگاندنی کارەکانی حکومەت. بەڵام هەندێک لە شارەزایان، پێیانوایە پرۆسەی چاودێری پەرلەمان بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن، پێویستی بەوەیە جۆرێک هاوسەنگی سیاسی لەنێوان ئەو دوو دەسەڵاتەدا هەبێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە چاودێرییەکە وەرنەگەڕێت بۆ کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی جێبەجێکردن بە تەواوەتی نەبێتە کۆیلەی پەرلەمان و؛ ئیدی پرنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان هەرەسبهێنێت کە بنەمای سەرەکییە بۆ حکومەتی دیموکراسی و مەرجێکە بۆ سەقامگیری سیاسی. لێرەوە پرۆسەی چاودێریکردن، پێویستە لە نێوان ئەو دوو دەسەڵاتەدا هاوسەنگ بێت. چاودێری پەرلەمان ئامرازێکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی میللەت، رێگریکردن لە لادان و گەندەڵی، پابەندبوون بە سیاسەتی گەشەکردن و بوژانەوە کە پەرلەمان رەزامەندی لەسەر داوە، پابەندبوون بە بودجەی وڵاتەوە کە پەرلەمان ئیقراری کردووەو پاراستنی داهاتی گشتی و رێگەنەدان بە هەدەردانی. پەرلەمان دەسەڵاتێکی چاودێریکەری سیاسییە لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن و لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکات و چاودێری هەڵسوکەوت و کارەکان و بڕیارەکانی حکومەت دەکات، لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی حکومەت دەکات، بۆ ئەوەی بزانێت تا چەند لە بەرژەوەندی گشتیدان، ئەگەر هەستی بە بوونی هەر لادان و گەندەڵییەک کرد، پێویستە ئەنجامدەرانی بانگ بکات بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات.

لەلایەکی دیکەوە، وەک چۆن بەشێک لە ئەرکی پەرلەمان، بریتییە لە چاودێریکردنی حکومەت، ئەوا لە هەمان کاتدا پەرلەمان ملکەچی جۆرێک لە چاودێری حکومەتە بەسەریەوە. ئەگەر ئەندامانی پەرلەمان دەتوانن وەزیرەکان تۆمەتبار بکەن و داوای لێپێچینەوەو تەنانەت وەرگرتنەوەی متمانە چ لە وەزیر یان لە کابینەکەی حکومەت بکەن، ئەوا حکومەت لە هەندێک حاڵەتی زۆر تایەتدا، دەتوانێت پەنا بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمان ببات. لەم حاڵەتەدا حکومەت داوا لە سەرۆکی دەوڵەت دەکات پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوەو هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت. ئەگەر دەنگدەران هەمان ئەندامانی پەرلەمانیان هەڵبژاردەوە، ئەمە مانای وایە دەنگدەران پاڵپشتی پەرلەمان دەکەن دژ بە حکومەت، بۆیە لەسەر حکومەت پێویستە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیەنێت. بەڵام ئەگەر دەنگدەران پەرلەمانێکی جیاوازیان هەڵبژارد، مانای وایە دەنگدەران پاڵپشتی هەڵوێستی حکومەت دەکەن و حکومەت بەردەوام دەبێت لەسەر کارەکانی.

شێوەی سێیەمی چاودێری، ئەو چاودێرییەیە کە رای گشتی دەیخاتە سەر خودی پەرلەمان. ئەو چاودێرییە دەکرێت وەرزی یان هەمیشەیی بێت. چاودێری وەرزی بریتییە لە هەڵوێستی دەنگدەران بەرامبەر ئەندامانی پەرلەمان لە ساتەوەختی هەڵبژاردنەکاندا. سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی هەندێک ئەندام پەرلەمان، مانای جۆرێک لە چاودێری وەرزییە کە رای گشتی لەسەر ئەندامانی پەرلەمان هەیبووەو ئەوانەیان هەڵبژاردووەتەوە کە لە کارەکانیاندا سەرکەوتووبوون. بەڵام چاودێری هەمیشەیی، ئەوا بە درێژایی کاری پەرلەمان ئەنجامدەدرێت. لێرەدا کۆمەڵگا لە رێگەی ئامرازە جیاوازەکانی راگەیاندن و میدیاوە بەو چاودێرییە هەڵدەسێت. چاودێرییەکە چ بۆ ئەدائی پەرلەمانتاران بێت یان بۆ هێزی پەرلەمان بێت وەک گشتێک. ئەمە جۆرێکی گرنگی چاودێری میللییە بەسەر پەرلەمانەوە.

لە راستیدا وێنەی یەکەمی چاودێری، واتە چاودێری پەرلەمان بۆ حکومەت، بە پێوەرێگی گرنگی توانای پەرلەمان دادەنرێت و ئاماژەیەکیشە بۆ ئاستی دیموکراسی لە کۆمەڵگادا. چونکە مەبەست لەچاودێری پەرلەمانی، بریتییە لە لێکۆڵینەوەو هەڵسەنگاندنی کارەکانی حکومەت، ئەگەر باش بوو پشتگیری لێبکرێت و ئەگەر خراپ بوو لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت. لە سیستمی دیموکراسیدا، پەیوەندی نێوان پەرلەمان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن، چەندین فۆرمی جیاواز وەردەگرێت. لە هەندێکیدا پەرلەمان یان زۆریەی پەرلەمان سەرۆکی وڵات هەڵدەبژێرێت، هەر بۆیە پەرلەمان دەتوانێت متمانە لە سەرۆک وەرگرێتەوە. بەڵام لە هەندێک حاڵەتی دیکەدا پەرلەمان ناتوانێت ئەو کارە بکات یان راستتر ئەو دەسەڵاتەی نییە متمانە لەسەرۆک وەرگرێتەوە، وەک ئەوەی لە سیستمی ئەمریکیدا هەیە. بێگومان پرۆسەی چاودێری پەرلەمان پرۆسەیەکی فرە رەهەندە، چەندین ئامراز لە بەردەم ئەندامانی پەرلەمناندایە بۆ ئەوەری لە رێگەیەوە چاودێری حکومەت بکەن. لەوانە گفتوگۆی بەردەوام و ووڵ لەسەر بودجەی وڵات، سەرپەرشتیکردنی کارەکانی حکومەت، ئاراستەکردنی پرسیار بۆ وەزیرەکان دەربارەی چۆنیەتی بەرێوەچوونی کاروباری وەزارەتەکانیان و تەنانەت بانگهێشتکردنی وەزیرەکان بۆ باڵەخانەی پەرلەمان و لێپرسینەوەیان، لەکاتی ئاشکرا بوونی سەرپێچی و گەندەڵی گەورەدا، وەرگرتنەوەی متانە لێیان.

کاری دارایی-دیاریکردنی بودجە

پەرلەمان لە سەدەی نۆزدەهەمەوەو لە میانەی قۆناغێکی دوورو درێژی ململانێ لەگەڵ حکومەتدا، توانی دەسەڵاتی دارایی بێنێتە ژێر چاودێری خۆیەوە. هەنووکە وایلێهاتووە ئەو دەسەڵاتە داراییەی پەرلەمان، بووەتە گرنگترین و بەهێزترین سەرچاوەی هێزی پەرلەمان لە روبەڕووبوونەوەیدا لەگەەڵ حکومەت، دەسەڵاتی دارایی پەرلەمان بریتییە لە لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی قەبارەی خەرجییەکانی وڵات کە حکومەت لە پرۆژەی بودجەدا پێشکەشی دەکات. واتە دەسەڵاتی دارایی پەرلەمان بریتییە لە هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنێکی وردو قووڵی سەرجەم بڕگەو مادەکانی میزانییەی ساڵێکی وڵات کە لەلایەن حکومەتەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان. لەکاتی بوونی کورتهێنان لەبودجەدا، گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەرکردنی ئەو کورتهێنانە، لە رێگەی زیادکردنی گومرک و باج یان لە هەر رێگەیەکی دیکەوە.

لە دیدی کۆمەڵگاو ئەندامانی پەرلەمانەوە، گرنگی و بایەخی کاری چاودێری پەرلەمان بۆ حکومەت، پەیوەستە بە کۆمەڵێ فاکتەرەوە، ئەم فاکتەرانە گەشەکردن و پێشکەوتنە سیاسییەکان هێناویانەتە ئاراوە، لەو فاکتەرانە دەتوانین ئاماژە بەم سێ دانەیەیان بدەین:

یەکەم: باڵادەستی یان هەیمەنەی حکومەت بەسەر سیاسەتی گشتیدا، بۆچی؟ چونکە ئەوە حکومەتە زۆرینەی تەشریعەکان دەردەکات و هەر حکومەتیشە هێزو توانای جێبەجێکردنی هەیە. ئەوە حکومەتە راسپێردراوە بڕیارو رێنمایی جێبەجێکردنی یاساکان دەربکات. حکومەت توانای هونەری و ئیدرای هەیەو خاوەنی بنەمای زانیارییە پێویستەکانە بۆ دروستکردن و جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتی. ئەم هەیمەنەیە بە جۆرێکە زۆرێک لەو توانایانەی بۆ پەرلەمان نەهێشتووەتەوە، تا پەرلەمان لە رێگەیەوە بتوانێت سیاسەتی گشتی دروست بکات و ئەولەویاتەکان دەستنیشان بکات. لێرەوەو لە چوارچێوەی ئەم بارودۆخەدا کە حکومەت تێدا تا ئاستێکی زۆر باڵادەستە، پەرلەمان هەوڵی ئەوە دەدات، بە هەر شێوازو میکانیزمێک بووە، بەشداربێت لە دروستکردنی بڕیاردا، گرنگترین میکانیزم بە دەست پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی بەشداربێت لە دروستکردنی بڕیاردا، چاودێریکردنە.

دووەم: نەبوونی هاوسەنگی سیاسی و حیزبی لە پەرلەماندا، لەوانەیە لە توانای پەرلەمان بۆ ئاراستەکردنی ژیانی سیاسی و دروستکردنی بڕیاری گشتی کەمبکاتەوە. بەتایبەتی لە سایەی بوونی زۆرینەیەکی حیزبی کە هاوسۆزە یان پاڵپشتی لە حکومەت و باڵادەستییەکەی دەکات. لێرەوە چاودێری دەبێتە گرنگترین ئامراز بە دەست ئۆپۆزسیۆنەوە، تا بتوانن لەو رێگەیەوە کاریگەرییان لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن هەبێت و بتوانن فشاری بخەنەسەر.

سێیەم: ئەو کەلتورە سیاسییەی لە کۆمەڵگادا بڵاوە، زیاتر بە چاوێکی رێزەوە بۆ رۆڵە چاودێرییەکەی پەرلەمان دەڕوانێت تا رۆڵە تەشریعییەکەی. ئەمەش بە روون و ئاشکرایی لە رای گشتی بۆ پەرلەمانتارەکانی ئۆپۆزسیۆن یان سەربەخۆکان دەردەکەوێت. رای گشتی رێزو تەقدیرێکی زۆریان بۆ ئەو پەرلەمانتارانە هەیە کە پەردە لەسەر کەموکوڕی و گەندەڵی و بەهەدەردانی سەروەت وسامانی وڵات هەڵدەدەنەوە، سوپاس و ستایشی ئەو پەرلەمانتارانە دەکەن کە دەتوانن وەزیرەکان شەرمەزار بکەن و ناتەواوییەکانی حکومەت دەردەخەن. بگرە رەنگە خودی ئەندام پەرلەمانەکانیش شانازی بەوەوە بکەن و وەک قۆناغێکی پرشنگداریی مێژوویی کاری پەرلەمانی خۆیانی دادەنێت.

ئەرکەکانی پەرلەمانتار

لەبەر رۆشنایی ئەو قسانەی سەرەوەدا، دەتوانین ئەرکەکانی پەرلەمانتار بەم جۆرەی خوارەوە پۆلێنبکەین:

*بەشدایرکردنی لە دانانی یاساکاندا

*ئەنجامدانی کاری چاودێری

*نوێنەرایەتی کردنی میللەت و گوزارشتکردن لە کێشە و گرفتەکانیان

*لە میانەی دانانی یاساکان، بەشدارە لە گەشەکردنی کۆمەڵگا لە لایەنی کۆمەڵایەتی و ئابوردی و کەلتوری و سیاسی و جێگیرکردنی پایەکانی دیموکراسی.

*لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەکیی، بەدواداچوون بۆ گەشەکردنی ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتوری دەکات، ئەمەش لە میانەی دانیشتن و گوێگرتنی لە هاوڵاتیان و کۆمەڵگای مەدەنی.

*دوور کەوتەوە لە کاری چەواشەکاری و ئیشکردن لەسەر پرنسیپی راستگۆیی و نیشتیمانی و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی پێش هەر جۆرە بەرژەوەندییەکی دیکە.

لیستی ئەو ناوانەی کە لە هەندێک لە وڵاتاندا بە پەرلەمان دەوترێت

-پەرلەمان

-کۆنگرێس

-ئەنجومەنی نیشتیمانی

- Althingئەلسینگ لە ئیسلەندە

-بۆندستاگ لە ئەڵمانیا

-ئەنجومەنی فیدراڵی لە روسیا

-کەنێسیت لە ئیسرائیل

-ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی شورا لە میسر

ئەنجومەنی شورای ئیسلامی لە ئێران

سەرچاوە:

/ar.wikipedia.org

www.agora-parl.org

http://mawdoo3.com

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

7,556 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...