چۆن دەستەی چاکسازی دەکرێتە ناوەندی کاروباری حکومەت؟

چۆن دەستەی چاکسازی دەکرێتە ناوەندی کاروباری حکومەت؟

نووسینی: لاوک ئەحمەد

مەسەلەی نەبوونی متمانە بە دامودەزگا گشتییەکانی حکومەت نەوەک لە هەرێمی کوردستان بەڵکو لە سەرانسەی دونیادا دیاردەیەکی کوشندەی بڵاوە. پێشکەشکردنی خزمەتگوازی و دەستەبەرکردنی داواکارییە سەرەکی و ناسەرەکییەکانی هاوڵاتیان و مامەڵەکردنی دادپەروەرانە و پیشەییانە زۆرجار دەبنە گرفتێکی ئاڵۆز و گڕێ کوێرەیەکی نەکراوە. هەرێمی کوردستان بە دونیایەک قەیران و کێشەی قووڵ و کارەساتی سیاسیدا لە ماوەی رابردوودا تێپەریوە کە کاریگەری لەسەر بونیادی کۆمەڵگە کردووە، هەربۆیە دۆخەکە چاکسازییەکی ریشەیی دەخوازێت بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە جۆراو جۆرە بەردەوامە.

حکومەتی ئاییندە بە نیازە دەستەیەک بۆ چاکسازی سیاسی و ئیداری و حکومی دامەزرێنێت بۆ پێداچوونەوە بەو گرفتە گەورانەی کە گەڵاڵەبوون. ئەم دەستەیە دەکرێت ببێتە ناوەند و سەنتەر و چەقی کاروباری حکومەت بۆ یارمەتیدانی وەزارەتەکان لە ئامادەکردنی بەرنامە و ئەجێندای کاری چوار ساڵی داهاتوو. ئەرکی ئەم ناوەندە کە دەستەی چاکسازیە پێویستی بە دەستەڵاتی روون و ئاشکرایە بۆ دڵنیابوون لەوەی بەرنامەی هەموو وەزارەتەکان رەنگدانەوەی کۆی ئامانجە ستراتیژەییە فراوانەکەی حکومەتە کە پێداچوونە و رێکخستنەوە و چاکردنەوە و باشترکردنی هەیکەلەکانی وەزارەتەکان و کارەکانیان و کاریگەری بەرنامەکانیان و میکانیزمەکانی ئیشکردنە.

چاکسازی پرۆسەیەکی ریشەیی بەردەوامە، تەنها رێکەوتن بۆ سازشکردن لە نێوان پارتە سیاسییەکان ناتگەیەنێتە کەناری ئارامی، بەڵکو پێداچوونەوەیەکی وردی پیشەیی بەرپرسیاریانەی بوون و نەبوونە بە هەموو ئەو پێکهات و پرۆسانەی کە لاواز بوون و گەڵاڵە بوون بەهۆی چەندان هەنگاوی ئیداری و حکومی جیاوازەوە کە رەنگە بەهۆی دۆخێکی فریاگوزاری تایبەت یان رەفتارێکی تاکە کەسی هەڵە و یان پلانێکی سەرنەکەوتوو یان هەڵەیەکی دیاریکراوی سیاسییەوە روویان دابێت.

دەستەی چاکسازی دەکرێت ببێتە ناوەندی کارەکانی حکومەت بۆ هەماهەنگی لە نێوان سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەکان و پارێزگاکان بۆ ئەنجامدانی ئەو پێداچوونەوەیە و پێشکەشکردنی راوێژ و چارەسەر و پیادەکردنی پرۆگرامەکان و بە دواچوون و چاودێریکردنی گۆرانکارییە ئیداری و سیاسی و حکومییەکان. بە مانایەکی دیکە ئەم دەستەیە میکانیزمێکە و ئامرازێکە بۆ چالاک کردنی ئەو ناوەندە کە هەموو دەزگاکان پێکەوە دەبەستێتەوە بۆ ئەوەی یەک تێگەیشتنی پیشەیی و یەک پلانی کار بە هەموو وەزارەتەکان ببەخشیت.

کارێکی دیکەی ئەم دەستەیە پێشکەشکردنی کارئاسانییە بۆ زووتر پیادەکردنی بەرنامەکان و پرۆژەکان بەوەی کە میتۆدێکی عەمەلی بۆ وەزارەتەکان پێشکەش بکات و پاشان میکانیزمێک بێنێتە ئاراوە کە دڵنیا بێت لەوەی پرۆژەکان وەک ئەوەی پلانی بۆ کراوە ئەنجامدراوە. بۆ نموونە دەکرێت دەستە سیستمێکی رۆتینی بەکار بهێنێت بۆ بەدواداچونی کارەکان و باشتر راپۆرتکردنی چالاکییەکان شەفافانە لە سەر بنەمای ئەولەویاتی کار. بەمانایەکی دیکە میکانیزمێک دادەرێژیت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەنجامی پرۆژەکان کاریگەریان هەبووە و مەبەستی خۆیانی پێکاوە.

ئەم دەستەیە پتەوکردنی هەماهەنگی و چالاک کردنی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتەکان و دەزگاکان دەکاتە کاری سەرەکی خۆی. کار لەگەڵ هەموو هاوبەشەکانی حکومەت دەکات هەر لە رێکخراوە مەدەنییەکان و نێودەوڵەتییەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و هەموویان دەکاتە بەشێک لە پلانی ستراتیژی حکومەت.

ئەم ناوەندی حکومەتە کە دەستەی چاکسازییە رۆڵی یەکەی پیادەکردنی پرۆگرامەکان دەبینێت، ئەم یەکەیە وەک ئامرازێکی سیاسی و تەکنیکی لە زۆربەی حکوماتەکانی دونیادا باوە و پەیرەو دەکرێت، بەتایبەتی لەو دەوڵەتانەی کە بەهۆی ململانێی سیاسی و جەنگەوە زیانی زۆریان لێکەوتووە. دەکرێت دەستەی چاکسازی رۆڵی ئەم یەکەیە ببینێت لەم بوارانەی خوارەوەدا:

- دەستنیشانکردنی ئەولەویاتی کار کە دەبێت بە شیکردنەوەی ئاڵنەگارییەکانی ژینگە و توانای ئابووری و دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێت بە شێوەیەک کە وریای ئاستی چاوەڕوانی هاوڵاتی بێت و ئاراستەی بکات. دەکرێت هەر سەکتەرێک یان ئەولەویەتێک بە سەرپەرشتی پسپۆری ئەو بوارە بێت و بەشێوەی گرێبەست یان دامەزراندن کارەکان ئیدارە بدات ئەگەر پێداویستییەکە هەمیشەیی بوو.

- دەستیشانکردنی ئەو بوارانەی کە پێویستیان بە پتەوکردنی کارەکانیان هەیە ئەمەش بە دارشتنی بەرنامەی تواناسازی نیشتمانی و بە پەیرەوکردنی بودجەیەکی ساڵانە و دڵنیا بوون لە خەرجکردنی بودجەکە بۆ مەبەستی دیاریکراوی خۆی.

- دەکرێت ئەم دەستەی چاکسازییە بە یەکەی سیاسەت دارشتن ناوببەین واتە سیاسەتی سەرەکی حکومەت پەسەند دەکات و دڵنیا دەبێت لە پیادەکردنی لەگەڵ سەرپەرشتیکردنی ئاستی ئەنجامدانی کارەکان و ئادای حکومی.

- ئەم دەستەیە کاری چاودێری و هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بۆ هەموو پرۆژەکان و چالاکییەکان دەکات بە مەبەستی یارمەتیدانی وەزارەتەکان بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانیان بە کواڵیتی باش بە ئەنجام بگەیەنن.

- ئەم دەستەیە بکرێتە دامەزراوەیەکی هەمیشەیی بە گۆرینی حکومەت و تیمەکان هەڵنەوەشێتەوە، دەکرێت لەسەر ئەزموونی ئەم چوارساڵە کاری زیاتری لەسەر بینا بکرێت.

- دەبێت کاری ئەم دەستەیە بەخشینی یارمەتی سیاسی و حکومەی و ئیداری بێت نەوەک هەر چاودێرێکی دەرەکی بێت بەڵکو بەشێکی سەرەکی و چەقی بەرپرسیاریەتی پلانە ستراتیژیەتەکەی هەر سێ لایەنە سەرەکییەکەی حکومەت دەبێت.

- ئەم دەستەیە وەک چەق و ناوەندی حکومەت هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندی جۆرێک لە هاوپەیمانێتی حکومی بدات لە نێوان لایەنە سەرەکییەکان، واتە دەبێتە ناوەندێک بۆ پیادەکردن و وردکردنەوەی بڕیارە سیاسییەکان بۆ پلانی حکومی.

- ئەم دەستەیە دەبێتە گەنجینەیەکی سەرەکی هەموو پرۆژە و چالاکییەکانی وەزارەت لە مەودایەکی مام ناوەندیدا کە یارمەتی دارشتنی پلاندانان بۆ ئەم حکومەتە و حکومەتەکانی داهاتوو بدات.

- ئەم دەستەیە پێویستی بەوە نییە بە رێژەیەکی زۆر لە کارمەند ببرێت بەرێوە، بەڵکو کۆمەڵێک پسپۆری بە توانا دەتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن، تەنانەت دەتوانرێت راوێژکاری بیانیش بە شێوەی گرێبەست دامەزرێنرێت تا وەکو هەیکەلە سەرەکییەکەی دەستەکە دادەمەزرێت. باشترین ئەزموون کە پیادەکرابێت لەم بوارەدا ئەزموونی مالیزیا و بریتانیا و وڵاتی عومانە. مۆدێلی مالیزیا و عومان گونجاوترینە، لێرەدا بوار نییە باسی وردەکارییەکان بکەین.

- ئەم دەستەیە هەر تەنیا ئاگاداری بودجەی سەکتەرەکان نابێت بەڵکو دڵنیا دەبێت کە پارەی پێویست بۆ پرۆژە دابیین دەکرێت و وەک خۆیان بۆ پرۆژەکە خەرج دەکرێت. دەستە وەک چەقی کاری حکومەت دەستەڵاتی بڕیاری دارایی هەیە.

لە کۆتاییدا، هیوادارم لانی کەم ئەم حکومەتە بتوانێت کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەم دەستەیە دامەزرێنێت و ئیدارەی ململانێی سیاسی و کەلتووری و هەندێ رەفتاری سیاسی بە حیکمەتی سیاسییەوە بکات.

بە سوپاسەوە لە فەیسبوکی نووسەرەوە وەرگیراوە.

 

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

9,086 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...