پرسیارێک بکە:

کاتێ کۆرۆنا دەبێت بە شەماعەیەک بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ

کاتێ کۆرۆنا دەبێت بە شەماعەیەک بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ

ئەگەر مافەکانی مرۆڤ لە هەلومەرجی ئاساییدا، لای بەشی زۆری حکومەتەکانی جیهان، پێشێل بکرێت و رێز لە مرۆڤەکان نەگیرێت، ئەی ئاخۆ دەبێت لە بارودۆخی نائاسایدا، وەک هاتنی پەتای کۆرۆنا، چۆن بێت و چی لێهاتبێت؟

ئەو رێوڕەسمەی حکومەتەکانی جیهان، بە بیانوی خۆپاراستن لە پەتای کۆرۆنا گرتوویانەتەبەر، جێگای نیگەرانی و ناڕەزاییە. ئەوەی نیگەرانییەکانی زیاترو مەترسیدارتر کردووە، ئەوەیە گرتنەبەری ئەو رێوڕەسمانە، پشتگیرییەکی میللی گەورەی هەیە و بڕێکی زۆری کۆمەڵگا بە باشی دەزانن، بەو پێیەی ئەوە سەلامەتی هاوڵاتیان و تەندروستی گشتی دەپارێزێت. رێکارەکانی لەناکاوی خۆپارێزی، بەخێرایی زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتەوە، قەدەغەی هاتوچۆ بە شێوەیەکی بەرفراوان راگەیەنرا، لە زۆر وڵاتدا حاڵەتی تەواری خرایەگەڕ. ئەمە کۆمەڵێ سەڵاحیاتی بەخشییە دەسەڵاتدارانی فەرمانڕەوا، بەدەر لە یاسا و دەستور، چیان بووێت و چیان پێخۆش بێت ئەنجامی بدەن. هەنووکە نیوەی دانیشتوانی گۆی زەوی، لە حاڵەتی کەرەنتینە کردندان. بە کورتی ئەوە وێنەی ئەمڕۆی جیهانە، لەو کاتەوەی پەتای کۆرۆنا هات و زەنگی مەترسی گیان لەدەستدانی لێدا و خەڵکی لە ماڵ و حاڵی خۆیان هەستیان بە ترس و تۆقین کرد.

ئەوەی لێرەدا جێگای تێڕامانە ئەوەیە دیموکراسی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورس و سەختدایە. رەنگە ئەم چەمکە، لە سایەی ڤایرۆسێکی زۆر بچوکی وەک کۆڤید نۆزدە، زۆرێک لە بەهاکانی خۆی لەدەستبدات. ئەوەتا لە بەشێک لە وڵاتان، هەڵبژاردنەکان بە هەمو جۆرەکانی و لەسەر هەمو ئاستەکانی دوادەخرێن، پەرلەمانەکان یا کۆنابنەوە یان ئیشیان بووە بە دەرکردنی رێنمایی تەندروستی، دادوەرەکان نابینرێن و دەرگای دادگاکان داخراون، مەگەر بۆ حاڵەتی زۆر تایبەت نەبێت بکرێنەوە. زیندانیانی گرتووخانەکان کەس نییە تەماشای کەیسەکانیان بکات و لەسەر مێزەکان بەسەریەکدا کەڵەکەبوون و تۆز دایپۆشیوون. دیمەنی گەران و سوڕانەوەی تیمەکانی ئاسایش و پۆلیس بەناو کۆڵان و شەقامەکاندا، بینینی سەربازەکان بە خۆیان و خودەکانی سەریان و تفەنگەکانی دەستیانەوە، دانانی بازگە لە هەمو سوچ و قوژبن و گۆڕەپان و فولکەیەکی ترافیک لایتدا، بوونەتە کۆمەڵێ دیمەنی رۆژانە. رۆژنامەنوس و میدایاکان وازیان لە بەدواداچونی گەندەڵی و ئاشکراکردنی دزی و تاڵانییەکان هێناوە، سەرجەمیان خەریکی بڵاوکردنەوەی رێنمایی تەندروستین، سەرقاڵی پەخشکردنی ئامارەکانی تووشبووان و چاکبووان و مردووانی کۆرۆنان.

جیهانی عەرەبی و هەرێمی کوردستان، لە ناوجەرگەی قەیرانەکەدان، ئەم دوو شوێنە، لە رۆژگاری خۆشگوزەرانی و سەقامگیردا، تێیدا مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرا، هاوڵاتی بەردەوام لەژێر گوشار و هەڕەشەی پێشێلکردنی مافەکانیدا دەیناڵاند. ئەوا بە دڵنیاییەوە لە ئێستادا، بارودۆخی مافەکانی هاوڵاتی، لە دۆخێکی خراپتردایە، رۆژانە چەندین پێشێلکاری زەق دەبینرێت، وەلێ کەس باسی ناکات و هیچ دەنگێک، لەسەرەوەی دەنگی روبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆناوە نابیسرێت. کەس بۆی نییە بێتە سەر شەقامەکان و داوای مافەکانی خۆی بکات، گردبوونەوە و خۆپیشاندانی تەنانەت مەدەنیانەش، قەدەغەیە و لەلایەن پارێزگار و دەسەڵاتدارانەوە مۆڵەتی پێنادرێت. هەمو کۆبوونەوەیەک، وەک سەرپێچی یاسا و شکاندنی رێنماییە تەندروستییەکان سەیر دەکرێت، ئەنجامدەرانی دەخرێنە پشتی پیکاب و موسەلەحەکانەوە، بێ فەرمانی دادوەر تووندی زیندانەکان دەکرێن و لەوێدا، بێ سەردانیکردن و بینینی تەنانەت کەسە نزیکەکانی و پارێزەرەکانی، بۆ چەندین رۆژ دەهێڵرێنەوە. لەم هەلومەرجەدا، دەسەڵات گوێ بە ئێش و ئازار و موعاناتی ئەو هاوڵاتیانە نادات نانی شێویان نییە بیخۆن. خەڵکانی هەژار و دەستکورت و پشتگوێخراوەکان، بەرپرسێک نادۆزنەوە گوێ لە بەسەرهاتی نەبوونی رۆژانەیان بگرێت و چارەسەرێکیان بۆ بدۆزێتەوە. گرنگ ئەوەیە ئەوان لە کونجی ژوورەوەی ماڵەکانیان بمێننەوە و نەیەنە دەرەوە، بۆچی؟ بۆ ئەوەی دووچاری کۆرۆنا نەبن. ئەمە لە کاتێکدایە برسییەتی و نەبوونی و سک گوشین، هیچی لە مەترسی کۆرۆنا کەمتر نییە، ئەگەر زیاتر نەبێت.

لە کاتێکدا جیهان کۆی هەوڵ و تواناکانی خۆی بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسەکە خستووەتەگەڕ، لە هەولێر رۆژنامەنوسێک لەپێناو داواکردنی مافی هاوڵاتیان، مافی وەرگرتنی موچە، باس لە خۆپیشاندان دەکات، دەسەڵاتی شارەکە دەستگیری دەکەن و بۆ ماوەی نزیکەی مانگێک تووندی زیندانی دەکەن. لە عێراق و لوبنان، پۆلیس پێش هەمو شتێک، پەلاماری خێمەی مانگرتوانی ساحەی تەحریری بەغدا و گۆڕەپانی الشهداء لە ناوەڕاستی بێروت، دەدەن. لە میسر حکومەت ئەو دەزگایانەی میدیای کردووەتە ئامانج کە گومان لە ئامارە فەرمییەکان دەکەن و پێیانوایە رێژەی تووشبوان و مردن زۆر لەوە زیاترە کە حکومەت دەیخاتە روو. تەنانەت حکومەتی میسر پەیامنێرێکی گاردیانی ناچار کرد میسر جێبێڵێت، چونکە لە راپۆرتێکیدا باسی لەوە کردبوو کە دەسەڵاتدارانی میسر نیەتیان باش نییە.

لە جەزائیر رێخراوی پەیامنێرانی بێ سنور، رەخنەی توندی لەو سیاسەتە شەرمهێنەی حکومەتی جەزائیر گرت، کە بە پاساوی کۆرۆنا، خەریکی یەکلایکردنەوەی حساباتی خۆیەتی لەگەڵ میدیا و رۆژنامەی ئازاد و سەربەخۆ. ئەردەن لەم حاڵەتە بەدوور نەبوو، کاتێک خاوەنی کەناڵی رۆیا و بەڕێوەبەری هەواڵی کەناڵەکەی دەستگیر کرد، بەو بیانوەی گوایە راپۆرتێکیان بڵاوکردووەتەوە خەڵکی بۆ تێکدانی بارودۆخەکە هانداوە. پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ، لە ساتەوەختی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە شاری وهانی چین، بەشێوەیەکی ترسناک تەشەنەی کردووە. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کۆڤید 19 لە شاری وهان، دەسەڵاتدارانی شارەکە بەوە تۆمەتبار کران کە زانیارییە راستەکانیان سەبارەت بە چۆنیەتی سەرهەڵدان و تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە شاردووەتەوە، جگە لەوە ژمارەی راستەقینەی تووشبوان و مردوانیان بە راستی و دروستی بڵاونەکردووەتەوە و بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە، کۆمەڵێ هاوڵاتی و رۆژنامەنوس بێدەنگکران. ئەم حاڵەتە، واتە حاڵەتی شاردنەوەی سەرچاوەی ڤایرۆسەکە و ژمارەی راستەقینەی تووشبووان و مردووان بە ڤایرۆسەکە، لە شاری وهان و لە چینەوە، پەلی هاویشت بۆ وڵاتانی دیکە، لەوانە ئێران. دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ ماوەیەک بڵاوبوونەوەی پەتاکەیان رەتکردەوە، بە تایبەت لە کانگای بڵاوبوونەوەی پەتاکە کە شاری قوم بوو.

یاسای نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ، دانی بەوەداناوە، ئەو کۆت و بەندەی لە سیاقی بوونی هەڕەشەیەکی راستەقینە بۆ سەر تەندروستی گشتی، دەخرێتە سەر هەندێک لە مافەکان، تەنها ئەو کاتە رێگەپێدراوە کە بنەمایەکی یاسایی هەبێت و زۆر پێویست بێت و لەسەر بوونی بەڵگەی زانستی بێت، نابێت بە شێوەیەکی هەڕەمەکی جێبەجێ بکرێت. پێویستە جێبەجێکردنی بۆ ماوەیەکی کورتی دیارکراو بێت و رێز لە کەرامەتی مرۆڤ بگیرێت. کۆت و بەندەکان پێویستە شایەنی ئەوەبن پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت و گونجاوبن لەگەڵ ئەو ئامانجەی بۆی دانراوە. لەم بارەیەوە نیکۆلاس بیکلین، بەڕێوەبەری هەرێمی لە رێخراوی لێبوردنی نێودەڵەتی، سەبارەت بە کۆت و بەندەکان دەڵێت: "کۆت و بەندەکان بۆ چاودێریکردن/ رەقابە، جیاکاریی رەگەزیی، حەپسکردنی ناڕەوا نییە. کارکردن بۆ لەناوبردنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و نەهێشتنی، بە هیچ شێوەیەک نابێت ببێتە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ".

لە توێژینەوەیەکدا کە ناوەندی نیشتیمانی بۆ دیکۆمێنتاری و توێژینەوە لە لەندەن ئەنجامیداوە، دەرکەوتووە کەمینەکان لە نمونەی رەشپێستەکان و کەمینەکانی ئاسیا، زیاتر دووچاری ڤیارۆسی کۆرۆنا دەبن و سێ بەشی ئەوانی لە بەریتانیا، بەو پەتایە گیان لەدەست دەدەن، کەمینەکانن. ئەگەرچی کەمینەکان ژمارەیان بە بەراورد بە تێکڕای دانیشتوانی بەریتانیا، تەنها لە 13% تێپەڕ ناکات. توێژینەوەکە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ئەو کەمینانە زۆر هەژارن و دەستکورترین توێژی کۆمەڵگای بەریتانیان. 

لێرەوە رێخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، رێخراوی تەندروستی جیهانی، گڵۆباڵ ویتنس، لە نامەیەکیاندا بۆ ئەنجومەنی جێبەجێکاری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، داوایان کردووە، گرتنەبەری رێوشوێنی شەفافییەت و لەناوبردنی گەندەڵی، بخرێتە چوارچێوەی ئەو پرۆگرامەی بۆ کۆمەک و یارمەتیدانی لەناوبردنی کۆرۆنا دانراوە. ئەمەش بۆ ئەوەیە ئەو ملیارات دۆلارەی دەدرێت بە دەیان وڵات، بۆ چین و توێژە زۆر دەستکورت و هەژارەکان خەرج بکرێت و گەندەڵی تێدا نەکرێت. لەم بارەیەوە سەرۆکی رێخراوی شەفافیەتی نێودوڵەتی، خاتوو دیلیا فێریرا دەڵێت: "قەبارەی قەیرانەکە، ئەگەری ئەوەی لێدەکرێت مەترسی دزین لە پارەی گشتیدا رووبدات کە دەبێت بۆ رزگارکردنی گیانی تووشبوان و باشترکردنی ژیان بەکاربێت".

شێوازی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا، فرەجۆرە و لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە. کامێراکانی هیندستان، وێنەی ئەو پۆلیسانەیان گرتووە کە زۆر دڵڕەقانە، مامەڵە لەگەڵ کەسانی بێ ماڵ و حاڵی سەر شەقامەکان دەکەن، چونکە پابەندی قەدەغەی هاتوچۆ نەبوون. بەڵام بە دڵنیاییەوە کامێراکان ناگەنە شوێنە تاریک و لاچەپەکان، ناتوانن لەوێدا رادەی ئەو پێشێلکارییە تۆمار بکەن کە روودەدات. هەروەها ناتوانن زۆرێک لەو شێوازانە ئاشکرا بکەن کە هەندێک وڵات دەیگرنەبەر، بۆ تووندکردنی چاودێری و دەستخستنە ناو ژیانی تایبەتی مرۆڤەکان. لەم بارەیوە بەرێوەبەری رێخراوی مافەکانی مرۆڤ کینپ رۆپ دەڵێت: "ئەو هەڕەشەیەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی، دەبێت ببێتە هۆکارێک زیاتر جەختکردنەوە لەسەر مافەکانی مرۆڤ، نەک دەستبەرداربوون لەو مافانە. ئەمە مانای وایە ئەولەویەت بدرێت بە زانست نەک سیاسەت و بەدەمەوەچوونی ئەو کەسانەی زیاتر مەترسییەکەیان لەسەرە.

نزیکەی سەد دەزگای مافی نێودەوڵەتی و هەرێمی و نیشتیمانی، لە بەیاننامەیەکدا داوایان لەو حکومەتانە کردووە کە لە پێناو لەناوبردنی پەتا جیهانییەکان، تەقەنی ئەلیکترۆنی بۆ چاودێریکردن بەکاردەهێنن، لە گرتنەبەری رێکارەکان، رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "هەرچەندە ئێمە بە کات و ساتێکی ریزپەڕدا تێدەپەڕین، بەڵام یاسای مافەکانی مرۆڤ تا ئێستاش بەرکارە، بۆیە نابێت وڵاتان بە پاساوی لەناوبردنی قەیرانی تەندروستی، مافەکان پشتگوێبخەن، وەک مافی تایبەتمەندی/ الخصوصیة، ئازادی بیروڕا، مافی گردبوونەوە و خۆرێکخستن".

لە ئێستادا جۆرێک لە پەشێوی جیهانی گرتووەتەوە، تێیدا ئاستی رەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ لە بنی بنەوەیە. گوتاری ترس و تۆقاندن لە پەتای کۆرۆنا، هەست و سۆزی خەڵکی راکێشاوە. هەر بۆیە خەڵکی بێدەنگە لە ئاست ئەو پێشێلکاراینەی دەرحەق بە ئازادییە شەخسییەکانیان دەکرێت کە پێشتر بەرامبەر بەو جۆرە پێشێلکارییە، بێدەنگ نەدەبوون. کاتێک سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن دەڵێت: "ئێمە لە حاڵەتی جەنگداین"، ئەو گوتارە رەنگە مەترسی لێبکەوێتەوە. ڤایرۆسی کۆرۆنا سوپایەکی سەربازی نییە، تا تۆ حساباتی جەنگی لەگەڵدا بکەیت. ئاماژەدان بە فیکردەی جەنگ، رەنگە بۆ رەوایەتیدان بێت بەو رێکارە سەرکوتکەرانەی دەگیرێنەبەر، لەپاڵیدا قەیرانەکە لە قەیرانێکی تەندروستییەوە دەگۆڕێت بۆ قەیرانێکی ئەمنی و سەربازی.

خەڵکی لەوە تێدەگات کە حکومەت قەدەغەیەکی سنوردار، بخاتە سەر جووڵە و هاتوچۆی هاوڵاتیان. لە پێناو تەندروستی خودی هاوڵاتیاندا، داوای کەرەنتینە و دوور کەوتنەوەی کۆمەڵایەتیان لێبکات، بۆ ئەوەی پەتاکە نەگوازرێتەوە و بەشێوەیەکی بەربڵاو تەشەنە نەکات. خەڵکی لە داخستنی کاتی سنور و خاڵەکانی پەڕینەوە و راگرتنی گەشت و سەفەرکردن تێدەگەن. ئەوان رازیدەبن بە سیاسەتی ئەمری واقیع، بەڵام رازینابن بەوەی ئازادییە کەسییەکانیان پێشێل بکرێت و کەرامەتیان بریندار بکرێت. نایانەوێت بە بیانوی سەلامەتی تەندروستی و سەلامەتی گشتی، مافەکانیان بە مۆلەقی بمێنێتەوە. مێژوو ئەو کەسانە لەبیر ناکات کە پەتایەکی تەندورستی دەقۆزنەوە بۆ سەرکوتکردنی مافەکانی کۆمەڵگا و بیکات بە شەماعەیەک بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ. ئەوانە ئەگەر لە ئایندەشدا بێت رووی راستەقینەیان هەر ئاشکرا دەبێت. هەروەها مێژوو ناوی ئەو کەس و دەوڵەتانەش بە رووناکی دەهێڵێتەوە کە لە هەمو هەلومەرجێکدا، رێز لە مافەکانی مرۆڤ دەگرن، یاساکانی حاڵەتی لەناکاو بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەکارناهێنن.

سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە: 

الجزیرە نیت

ئاژانسەکان

www.alhurra.com

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

ئەم ماڵپەڕە سەکۆیەکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان هاوڵاتیان و نوێنەرانیان لە پەرلەمانی کوردستان. لێرە هاوڵاتیان دەتوانن راستەوخۆ پرسیار ئاڕاستەی پەرلەمانتارانی کوردستان بکەن و گفتوگۆیان لەگەڵ بکەن. ئامانج لەم سەکۆیە فراوانکردنی پانتایی دیموکراسی و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرپرسیارێتییە، هەروەها پەیڕەویکردنە لە بنەمای بەشداری هاوڵاتیان لە کاروباری گشتی و پرۆسەی دروستکردنی بڕیاردا، کە بنەمایەکی هەرەگرنگی هەر سیستمێکی دیموکراسییە. گرفتێکی سەرەکی دیموکراسییەتی نوێنەرایەتی بریتییە لەو بۆشاییەی کە لەنێوانی هاوڵاتیان و نوێنەرانیان دروست دەبێ لەدوای هەڵبژاردن و لە کاتی حوکمڕانیدا، بۆیە پێویستە شێوازی جیاواز پیادە بکرێ بۆ کەمکردنەوە یان نەهێشتنی ئەو بۆشاییە. ماڵپەڕی سەکۆ هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوی بۆشایی و دوریی نێوان هاوڵاتیان و پەرلەمانتارانی کوردستان، لەم سەکۆیە هاوڵاتیان دەتوانن پرسیار ئاڕاستەی پەرلەمانتاران بکەن و زانیاری ئالوگۆڕ بکەن.

 

ئەم ماڵپەڕە لەلایەن ئینستتیوتی ریفۆرم بۆ گەشەپێدان (RID) سەرپەرشتی دەکرێ، و لەچوارچێوەی پڕۆگرامی پتەوکردنی دیموکراسی، بە هاوکاری فریاگوزاری مییللەتی نەرویجی (NPA).

کرتەی ئێرە بکە بۆ ئاراستەکردنی پرسیارێک یان بۆ خوێندنەوەی پرسیار و وەڵامەکانی سەکۆ 

69 پرسیار

3 وەڵام

13,236 بەکارهێنەر

چەند زانیاریەکی خێرا

کاتێ کۆرۆنا دەبێت بە شەماعەیەک بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ

سەرنجێکی خێرا لەسەر رای گشتی

ئەوانەی مێژویان گۆڕی: یەکەم غانی

ئەوانەی مێژوویان گۆڕی: پیاوەکەی هێرۆشیما

ئەوانەی مێژوویان گۆڕی: حەوت نازناو

ئەوانەی مێژوویان گۆڕی: مهاتما گاندی

ئەوانەی مێژوویان گۆڕی: کەمال ئەتا تورک 1881-1938

ئەوانەی مێژوویان گۆڕی: کوڕی پینەچییەک

ئەوانەی مێژوویان گۆڕی: ئەو تیۆرەی هەمو تیۆرەکانی دیکەی گۆڕی

ئەوانەی مێژوویان گۆڕی: پیاوێکی ریش سوری دیکە

...