کۆتا چییە و کەی بۆ یەکەمجار سەریهەڵدا؟

کۆتا چییە و کەی بۆ یەکەمجار سەریهەڵدا؟

سەرەتا پێش ئەوەی لە کۆتا بدوێین و مێژووی سەرهەڵدانی دەستنیشان بکەین، با سەیرێکی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنە ناوخۆییەکانی پارێزگاکان بکەین. لەوێدا، لەو شوێنە گرنگانەدا کە یاساو بڕیاری چارەنوسسازی لێدەدرێت، لەوێدا کە هەم بەرپرسیارەتی بەرێوەبردنی وڵات و هەم رێکخستنی کۆمەڵگایان لەسەر شانە، چی دەبینین؟ کۆمەڵێکی زۆر لە پیاو، لە رەگەزی نێرینە دەبینین. ئەو شوێنە گرنگانە پڕ پڕن لە پیاوی هەمەجۆر، پیرو بەساڵاچوو، گەنج و لاو، خاوەن بڕوانامەی نزم و بەرز، بەشی هەرە زۆری حیزبی و بەشێکی هێجار کەمی سەربەخۆ. ئەم هەژمونەی پیاو بەسەر ئەو دەزگا گرنگ و هەستیارانەداو نەبوونی ئافرەت لەو دەزگایانەدا، وایکرد شارەزایان بیر لە میکانیزمێک بکەنەوە کە ئافرەتان بتوانن تا رادەیەک، لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، بگەن بەو شوێنانە و تێیدا ببن بە ئەندام. ئاخر ناکرێت و ناڕەوایە بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگا یان راستتر نیوەی کۆمەڵگا کە ئافرەتە، لە پرۆسەی دەرکردنی یاساکان و بڕیارە چارەنوسسازەکان و رێکخستنی کۆمەڵگادا، بوونی نەبێت و پەراوێز خرابێت. ئا لێرەوە بیرۆکەی کۆتا بۆ ئافرەتان هاتە ئارا.

کۆتا  quota بریتییە لە دیاریکردنی رێژەیەک یان دیاریکردنی ژمارەیەک کورسی پەرلەمان بۆ ئافرەتان، ئەمەش بۆ زامنکردنی گەیشتنی ئافرەتە بە شوێنی دروستکردنی بڕیار. بەم مانایە وڵاتان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی میللەتدا، وەک چارەسەرێکی تا رادەیەک گونجاو، پەنا بۆ کۆتا دەبن، بە مەبەستی پتەوکردنی بەشداری ئافرەت لە ژیانی سیاسی و گشتیدا. ئێمە هەمیشە دەبینین پەرلەمانەکان یان ئەنجوومەنی نوێنەران، پڕ پڕن لە پیاو، واتە دیمەنێکی پیاوسالاری لەو دەزگا گرنگانەی بڕیارداندا دەبینین. هەست دەکەی ئەوەی لەوێدا دانیشتووەو سەرقاڵی رێکخستنی کۆمەڵگاو دەرکردنی یاساکان و چاودێریکردنی ئەنجومەنی وەزیرانە، ئەگەر نەڵێین هەمویان لە رەگەزی نێرن، ئەوا بەشی هەرە زۆریان لەو رەگەزەن. ئەم حاڵەتە وایکرد بیر لە رێگا چارەیەک بکرێتەوە کە لێیەوە ئافرەت، بتوانێت لە هەڵبژاردنەکاندا، بگاتە پەرلەمان و بەشداربێت لە پرۆسەی بەرێوەبردنی کۆمەڵگا. لێرەوە بیر لەوە کرایەوە ژمارەیەک کورسی بۆ ئافرەت دەستنیشان بکرێت و حیزب و پارتە سیاسییەکان، ناچار بکرێن لە لیستەکانیان، کاندیدی ئافرەت هەبێت، تا لە رێگەی کۆتاوە بگەنە شوێنی بڕیاردان.

وشەی کۆتا لە زمانی عەرەبیدا (الکوتا)  لە زمانی ئینگلیزیدا quota پێدەوترێت، بە مانای بەش یان پشک یا بڕ دێت. واتە بەشی ئافرەت لە کورسییەکانی ئەنجومەنی یاسادانان. لە راستیدا کۆتا تەنها بۆ ئافرەت نییە، بەڵکو بۆ کەمە نەتەوەییەکانیش بەکاردێت و ئەوانیش رێژەیەک لە کورسی پەرلەمانیان بۆ دیاریکراوە کە دەتوانن لە رێگەی کۆتاوە بەدەستی بێنن. شارەزایان مێژووی سەرەتای سەرهەڵدانی سیستمی کۆتا، دەگەڕێننەوە بۆ زاراوەی رێکاری گونجاو،/Affirmative action  کە بۆ یەکەمجار لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمرکیا بەکارهێنرا. ئەم زاراوەیە بۆ ئەوە بوو گروپ و دەستە و تاقمی بێبەش/ محروم، قەرەبوو بکرێنەوە، چ لە لایەن حکومەتەوە یان لە لایەن خاوەن کارەکانی کەرتی تایبەتەوە. جگە لەوە دەوترێت کۆتا لە ئەسڵدا، پەیوەندی بە کەمینەی رەش پێستەکانەوە هەبووەو بۆ یەکەمجار سەرۆکی ئەمریکا (کیندی) لە ساڵی 1961 بەکاریهێناوە، دواتر سەرۆک جۆنسۆن لە پرۆگرامی خۆیدا، بەردەوام بوو لەسەری و پەرەیپێداوە. سیستمی کۆتا بەشێک بوو لەو پرۆگرامەی سەرۆکی ئەمریکا (جۆنسۆن) لە ساڵی 1965، داینابوو جێبەجێی بکات، لەو ساڵەدا سیستمی کۆتا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. بە پێی سیستمی کۆتا، لایەنە پەیوەندارەکان ناچار کران بڕێک یان ژمارەیەک لەو قوتابیانە وەربگرن کە سەر بە کەمینە بچوکەکان بوون. دواتر کۆمەڵەکانی دیکە، وەک جووڵانەوەی ئافرەتان، داوای هەمان سیستمی کۆتایان کرد. پاشان لەو وڵاتانەی دیکەدا بڵاوبوەوە کە تێیدا گروپە ئەتنییەکان، هەستیان دەکرد لە مافەکانیان بێبەشن و لەلایەن نەتەوەو ئاینی سەردەستەوە، دەچەوسێنرێنەوەو مافەکانیان پێشێل دەکرێت.

لە راستیدا کۆتا گوزارشتێکی لاتینییە، بە مانای ئەو سیستمە ئینتیخابییەدێت کە یەکێک لە ئامانجەکانی، زامنکردنی مافی کەمینەکانە لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا، لە پێناو گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی و بەشداری راستەقینەو چالاکانەی گروپ و دەستەو تاقمە ئەتنی و کەمینەکان. هەندێک لە چاودێران پێیانوایە، کۆتا دەستوەردانێکی پۆزەتیڤە، بە مەبەستی بەدیهێنانی یەکسانی و کەمکردنەوەی جیاکاریی نێوان چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، بە تایبەت یەکسانی نێوان پیاو و ئافرەت. لە سیتمی کۆتا بۆ ئافرەتان، پێویستە ژمارەی ئەو کورسیانەی پەرلەمان کە بۆ ئافرەتان دەستنیشان کراون، نابێت کەمتر بێت لەو رێژەیەی کە یاسا دەستنیشانی کردووە. واتە لە دەستور یا لە یاسادا، بەشێک لە کورسییەکانی پەرلەمان بۆ ئافرەت دەستنیشان کراوەو دەبێت لەلایەن ئافرەتەوە پڕبکرێنەوە.

بەشێک لە شارەزایانی بواری هەڵبژاردن و کاری پەرلەمانی، پێشنیاری سیستمی کۆتا یان دیاریکردنی پشکی ئافرەت بۆ ئەنجومەنی یاسادانان، بەشێوەیەکی فراوان و بەربڵاو، دەگەڕێننەوە بۆ ساڵی 1995. لەم ساڵەدا، بە دیاریکراوی لە 4 بۆ 15 سێپتێمبەر، نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پەکینی پایتەختی چین و لەژێر دروشمی: کارکردن لە پێناو یەکسانی و گەشەپێدان و ئاشتی، چوارەم کۆنگرەی جیهانی بۆ ئافرەتان رێکخست. لەوێدا کۆتا وەک میکانیزمێک خرایەڕوو کە دەکرێت لە رێگەی ئەم میکانیزمەوە، چارەسەرێکی کاتی بۆ لاوازی بەشداری ئافرەت لە ژیانی سیاسی و  بەشداری پێنەکردنیان لە ناوەندەکانی بڕیار دابنرێت. جێبەجێکردنی ئەم سیستمە، واتە سیستمی کۆتا، حیزب و پارتە سیاسییەکان ناچار دەکات، لە ئاستی سەرتاسەری رێکخستنی ناوخۆی حیزبدا، گرنگی و بایەخ بە ئافرەت بدرێت، رۆڵی سیاسی جیاواز جیاوازی پێ ببەخشرێت، لەناو حیزبدا بگاتە شوێنی بڕیاردان و دەستەی سەرکردایەتی و ئەندامی مەکتەبی سیاسی. ئەمە سەرباری ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا، پێویستە چەندین کاندیدی ئافرەتیان هەبێت، تا دواتر بتوانن ئەو کورسیانە پڕکەنەوە کە لە پەرلەمان بۆ ئافرەت تەرخانکراوە.

ژمارەیەک توێژینەوە جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە سەرتاسەری جیهاندا، زیاد لە هەشتا دەوڵەت، پەیڕەوی لەم سیاسەتی کۆتایە دەکەن. لە ئەفریقا وڵاتانی: (ئەریتریا، غانا، سینیگال، روەندا، بۆرکینا فاسۆ)، لە ئەمریکای لاتین وڵاتانی: (ئەرجەنیتن، بەرازیل، مەکسیک)،  لە ئەوروپا وڵاتانی: (ئیسپانیا، بەریتانیا، بەلجیکا)، لە ئاسیا وڵاتانی: (بەنگلادیش، سریلانکا، پاکستان، ئەندەنوسیا) پەیڕەوی لێدەکەن.

کۆتای ئافرەتان لە وڵاتانی عەرەبی

گومانی تێدا نییە رۆڵی ئافرەت، لە وڵاتانی عەرەبی، رۆڵێکی پەراوێز خراوە، بەشداری سیاسی لە ئاستێکی نزم و لاوازدایە. گەلێک فاکتەر هۆکاری ئەم پەراوێزخستن و ئاست نزمییەیە، لەوانە عورف و عادات و نەریتی کۆمەڵگا، دواکەتوویی بواری پەروەردە، هەژمونی پیاوسالاری. جگە لەو فاکتەرانە، لەوانەیە گرنگترین فاکتەر بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە گەمەی سیاسی و بەشداری سیاسی و هەڵبژاردن، لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، چ پێشتر و چ ئێستا، گەمەیەکی نێرینەیی بێت و زیاتر بە شیاوی پیاو بزانرێت تا ئافرەت. ئەمە جگە لە بوونی دەیان یاساو رێساو بنەمای پیاوسالاری کە لە تواناو وزەی ئافرەت کەمدەکاتەوەو وەک بەربەستێک لەبەردەم ئافرەتدا دادەنرێت، تا نەتوانێت بە ئاسانی بڕواتە نێو کێبرکێی گەمە سیاسییەکان. ئەمە لە کاتێکدایە سەرجەم وڵاتانی عەرەبی، واژۆیان لەسەر یاداشتی کۆنگرەی پەکین کردووە، بە پێی ئەو یادشتنامەیە، پێویستە پشکی ئافرەت لە کورسییەکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتانەی واژۆی یاداشتەکەیان کردووە، لانی کەم لە 30% بێت. کەچی لە راستیدا و لەسەر ئەرزی واقیع، رێژەکە بەو شێوەیە نییە و زۆر کەمترە. بە پێی ئاماری پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان، رێژەی بەشداری ئافرەت بۆ چوونە پەرلەمان، لەسەر ئاستی جیهان  15%یە، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی 6% کەمەکێک زیاترە. لەم لایەنەوە وڵاتانی عەرەبی لە خواری خوارەوەی رێژەکەدان. لە هەرێمی کوردستان رێژەی کۆتا بۆ ئافرەتان بە لە 30% دیاریکراوە، ئەمەش وایکردووە ژمارەیەکی باش لە ئافرەتان بگەنە ئەنجومەنی نوێنەران و ببنە ئەندام پەرلەمان.

هەڵوێستی فوقەهاکان سەبارەت بە سیستمی کۆتا

لە عێراقدا، هەڵوێستی فوقەهاکان سەبارەت بە سیستمی کۆتای ئافرەتان، دوو ئاراستەی وەرگرتووە، ئاراستەی یەکەمیان دژی دانانی کۆتایە، ئاراستەی دووەمیان لایەنگری دانانی کۆتایە. هەر یەکێک لەو دوو لایەنە، پاساوی تایەتی هەیە کە لێیەوە بەرگری لە دیدی خۆی پێدەکات.

ئاراستەی دژ بە کۆتا:

ئەوانەی دەکەونە ئەم بەرەیەوە، پێیان وایە سیستمی کۆتا بۆ ئافرەتان، لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە قابلی قبووڵ نییە و رەتیدەکەنەوە:

1-تێکدانێکی روون و ئاشکرای پرنسیپی یەکسانییە، ئەم پرنسیپە لە چەندین مادەی دەستوری عێراقیدا جێگیر کراوە. دەستوری عێراقی لە مادەکانی 14 و 16 و 20 جەخت لەسەر پرنسیپی یەکسانی دەکاتەوە. لە مادە 14 هاتووە: (عێراقییەکان لەبەردەم یاسادا یەکسانن، بێ جیاکاری رەگەز). مادەی 16 باس لە رەخساندنی وەک یەکی دەرفەت دەکات بۆ هەمو هاوڵاتیان و هاتووە: رەخساندنی وەک یەکی دەرفەت، حەقی هەموو هاوڵاتییەکی عێراقە، دەوڵەت رێوشوێنی پێویست بۆ بەدیهێنانی دەگرێتەبەر. لە مادەی 20 دا کە مادەیەکە تایبەتە بە پرۆسەی خۆ کاندید کردن و خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنەکان، زۆر جەخت لەسەر پرنسیپی یەکسانی نێوان ئافرەت و پیاو دەکات. لەو مادەیەدا هاتووە: هاوڵاتیان بە پیاو و ئافرەتەوە، مافی بەشداریکردنیان لە کاروباری گشتیدا هەیە، بۆیان هەیە تەمەتوع بە مافە سیاسییەکانیانەوە بکەن، لەوانە مافی دەنگدان و هەڵبژاردن و خۆ کاندید کردن. لێرەوە دانانی ئەو رێژەیە بۆ ئافرەتان، تێکدانی پرنسیپی یەکسانییە لە مەسەلەی کاندیبوون و وەرگرتنی پۆستە گشتییەکاندا. چونکە ئەوە وا دەکات زۆرێک لە پیاوەکان، نەتوانن بوون بە ئەندامی پەرلەمان بەدەست بێنن. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی کۆتای ئافرەتان کە دەکاتە (25%) رێگرە لەبەردەم بەدیهێنانی پرنسیپی یەکسانیدا. لۆژیکی یاسا دەڵێت لێگەڕێ تاکەکانی میللەت خۆیان نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن، ئەو نوێنەرانە هەڵبژێرن کە شایەنی ئەوەن هەڵبژێردرێن. بێ ئەوەی ئامۆژگاری بکرێن کێ هەڵبژێرن و لە چ رەگەزێک بێت. لە ئەمریکاو ئوستورالیاو کەنەداو هندستان، کار بە سیستمی کۆتا ناکرێت، ئەوەی لەو وڵاتانەدا هەیە، ئەوەیە بە شێوەیەکی یەکسان و لە چوارچێوەی یەک یاسادا، مامەڵەیەکی یەکسان لەگەڵ هەمواندا دەکرێت. گەیشتنی ئافرەت بۆ پەرلەمان، پێویستە لە میانەی کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە بێت، لەو سنورەدا بێت کە لەگەڵ پیاوەکان بچێتە مونافەسەوەو بە هەوڵ و ماندوبوونی خۆی کورسییەکەی بەدەست بێنێت. خۆ ئەگەر ئافرەتان توانییان چارەک یان نیوە یان سێ بەشی کورسییەکان بەدەستبێنن، ئەوا هیچ کەسێک لاری لەسەر نییە و پیرۆزیان بێت، مادام لە ئەنجامی کێبڕکێیان لەگەڵ پیاوان بەدەستیان هێناوە.

2-ئەگەر ئافرەت دڵنیایە لە تواناکانی و دڵنیایە لەوەی دەتوانێت بە رێگەیەکی دیموکراسی، مونافەسەی پیاو بکات، ئیدی بۆچی داوای کۆتا دەکات. ئێمە بە هیچ جۆرێک، دژ بە بوونی ئافرەت نین لە ئەنجومەنی یاسادانان و ئەنجومەنە خۆجێییەکانی دیکە، داوای رەتکردنەوەی رۆڵی ئافرەت ناکەین لە کایەی سیاسی و بواری گشتیدا. بەڵام داوای ئەوە دەکەین لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، یەکسان بێت لەگەڵ پیاوداو لە رێگەی دەنگە راستەقینەکانی ناو سندوقەکانەوە کە بە دەستی هێناوە، بگاتە پەرلەمان.

3-دانانی سیستمی کۆتا بۆ ئافرەتان، چین و توێژەکانی دیکە هاندەدات بە هەمان شێوە داوای کۆتا بکەن، وەک گەنجان و مامۆستایان و بازرگانان و ...هتد. ئەمەش وا دەکات پرۆسەی دیموکراسی، جەوهەری خۆی لەدەست بدات و دەیگۆڕێت بۆ پرۆسەی دابەشکردن و پشک پشکێنەی ئیداری.

4-ئافرەتان لەلایەکەوە داوا دەکەن سەرجەم ئەو پەیمانامە نێودەوڵەتیانە جێبەجێ بکرێن کە داوای یەکسانی نێوان ژن و پیاو دەکات، داوا دەکەن هەمو جۆرە جیاکارییەک نەمێنێت. کەچی لەلایەکی دیکەوە رازین بەوەی بە کۆتا بگەنە پەرلەمان و ئەم جیاکارییە قبووڵ دەکەن، چونکە بەرژەوەندی خۆیانی تێدایە.

5-هەر خانمێک لە رێگەی سیستمی کۆتاوە بگاتە ئەنجومەنی یاسادانان، وا لێکدەدرێتەوە کە بە هەوڵ و تواناو لێهاتوویی خۆی نەگەیشتووەتە پەرلەمان، بەڵکو ئەوە بەخت یاوەری بووەو لە رێگەی کۆتاوە گەیشتووە.

6-پێویستە ئافرەت بوونی خۆی بسەلمێنێت، هێندە بە هێزو بە تواناو بە سەلیقە بێت، بتوانێت دەنگی پێویست بۆ چوونە پەرلەمان کۆبکاتەوەو هاوڵاتیان متمانەی خۆیانی پێبدەن، نەک ئەوەی وەک خێرێک لە رێگەی کۆتاوە بگاتە پەرلەمان.

7-دەبێت ئافرەت خاوەنی مەعریفە و رۆشنبیربێت، لە  ناو کۆمەڵگادا خاوەن پێگەیەکی کۆمەڵایەتی پتەو بێت، بتوانێت قۆرخکاری پیاو بۆ دەسەڵات تێکبشکێنێت و  بە هەوڵ و بلیمەتی خۆی، ببێت بە شەریکی پیاو لە دەسەڵاتدا، نەک چاوەڕێی ئەوە بێت پیاو یان یاسا بەزەییان بە ئافرەتدا بێتەوەو کۆتای بۆ دابنێن.

8-بەشی زۆری ئەو ئافرەتانەی لە رێگەی کۆتاوە دەگەنە پەرلەمان، شارەزایی و لێهاتویی ئەوەیان نییە بتوانن کاری سیاسی و ئەرکی سەرشانیان بە باشی بەرێوەبەرن. هەر بۆ نموونە بەشێک لەو ئافرەتانە، لەناو پەرلەماندا، ناتوانن وەک پێویست بەرگری لە مافی ئافرەتان بکەن و ئەم کارە بۆ پیاوەکان بەجێدەهێڵن. تەنانەت ئافرەت هەیە نایەوێت لەو لیژنانەدا کار بکات کە تایبەتن بە کاروباری ئافرەتان و بەرگیری کردن لە ئافرەتان.

ئاراستەی لایەنگرانی کۆتا

 لایەنگرانی ئەم ئاراستەیە، پێیانوایە بۆ کەمکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی، لەسەر ئاستی خۆپاڵاوتن و دەنگدان، لە نێوان هەردوو رەگەزی نێرو مێدا هەیە، سیستمی کۆتا بە پێویست دەزانن. ئەم ئاراستەیە وای دەبینێت، لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، هەمیشە پیاوان بە رێژەیەکی زۆر زیاتر لە ئافرەتان بەشداری هەڵبژاردن دەکەن و دەنگی هەرە زۆریشیان، بۆ کاندیدە پیاوەکان دەبێت. لێرەوە بەردەوام پیاو هەژمونی خۆی بەسەر کایەی سیاسیدا سەپاندووە. لە دەرئەنجامی ئەمەدا، زۆرێک لە کۆمەڵگا مۆدێرنەکان، لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە، پشتگیری سیستمی کۆتا دەکەن.

1-سیستمی کۆتا ئامرازێکە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو بۆشاییە گەورەیەی، لەسەر ئاستی جۆری رەگەز، لە دەنگداندا هەیە. واتە کەمکردنەوەی هەژمونی دەنگدەرانی پیاو، لە کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکاندا. چونکە ئاشکرایە رێژەی ئەوانەی هەم خۆیان کاندید کردووەو هەم بەشداری پرۆسەی دەنگدان دەکەن، زۆرینەیان لە رەگەزی نێرن. لێرەوە سیستمی کۆتا، کەمی بوونی دەنگدەری ئافرەت و گەیشتنی ئافرەت بۆ پەرلەمان پڕ دەکاتەوە.

2-سیستمی کۆتا رۆڵی ئافرەت لە کۆمەڵگادا بەشێوەیەکی گشتی و لە ژیانی سیاسی و پەرلەمانیدا بە شێوەیەکی تایبەت، بەهێزترو چالاکتر دەکات. متمانەی زیاتر بە ئافرەت دەبەخشێت کە دەتوانێت رۆڵی ئەرێنی خۆی بگێڕێت.

3-سیستمی کۆتا هەنگاوێکە بۆ هەڵگرتنی بەربەستی نێوان ژن و پیاو. رەخساندنی دەرفەتە بۆ کارکردنی ئەم دوو رەگەزە پێکەوە، لە کوێدا؟ لەو دەزگایەدا کە بڕیاری چارەنوسسازی لێدەدرێت. ئەم بەشدارییەی ئافرەت، وا دەکات بڕیارەکان گشتگیرتربن و بەرژەوەندی کۆی کۆمەڵگای تێیدا لەبەرچاو گیرابێت.

4-جێبەجێکردنی سیستمی کۆتا، جیاکاری نییە لە نێوان ژن و پیاودا، وەک ئەوەی هەندێک وا تێگەشتوون. بەڵکو پێدانی بەشێکە لە مافەکان بە ئافرەت.

5-دەرکردنی یاسا بۆ کۆتاو پەیڕەوکردنی یاساکە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، بە یەکێک لە یاسا پێشکەوتووەکان دادەنرێت لە جیهاندا. چونکە یاساکە وا دەکات خانمان بگەنە پەرلەمان و لە 25% کورسییەکانی پەرلەمان، تۆزێک کەمتر یا زیاتر، بەدەست بێنن.

هەڵوێستی یاسای هەڵبژاردنەکان لەسەر سیستمی کۆتا

یاسای هەڵبژاردنەکان/ التشریعات الانتخابیە، لە نێوان دژایەتی و لایەنگریدا دابەشبوون. زۆرینەیان جێبەجێکردنی ئەم سیستمە رەتدەکەنەوەو بە کارێکی راستی نازانن. لە بەرامبەر ئەمەدا، ژمارەیەکی سنوردار هەیە کە ئەم سیستمەی پێباشەو رەتیناکاتەوە، بگرە لە دەستوردا ئاماژەی پێدەدات و بە یاسا دەیسەپێنێت. لە خوراوە بە کورتی باس لە هەردوو لایەنەکە دەکەین.

1-تەشریعاتە دژەکان

زۆرێک لە وڵاتان لە یاسای هەڵبژاردنیدا، رازی نین بە سیستمی کۆتا و ئیشی پێناکەن، پاساویان بۆ ئەو رازی نەبوونە، ئەوەیە کە ناکۆکە لەگەڵ مادەیەکی گرنگی دەستوری کە بریتییە لە پرنسیپی یەکسانی. بۆ نموونە یاسای هەڵبژاردن لەم وڵاتانەدا، کار بە سیستمی کۆتا ناکەن: تونس، جەزائیر، یەمەن، لوبنان، کوێت، سعودییە، قەتەر، بەحرێن، ئیمارات، مۆرتانیا، سوریا، ئەمریکا، هند، ئوستورالیا، کەنەدا.

2-تەشریعاتە لایەنگرەکان

هەندێک لە وڵاتان لە یاسای هەڵبژاردنیدا، کار بە سیستمی کۆتا دەکەن و دەیانەوێت لە رێگەی ئەم سیتمەوە، ژمارەیەک  ئافرەت بگەنە پەرلەمانی وڵاتەکەیان، لەوانە:

*یاسای هەڵبژاردنی مەغریب: لە کۆی 325 کورسی پەرلەمان، 30 کورسی بۆ ئافرەت تەرخانکردووە.

*یاسای هەڵبژاردنی ئەردەن: بە پێی یاسای هەموارکراوی ژمارە 11ی ساڵی 2003، 6 کورسی پەرلەمان بۆ ئافرەت تەرخانکراوە.

*یاسای هەڵبژاردنی سودان: رێژەی نێوان 10 بۆ 35 کورسی پەرلەمانی بۆ ئافرەت تەرخانکردووە.

*یاسای هەڵبژاردنی عێراق: رێژەی لانی کەمی 25%ی کورسییەکانی پەرلەمانی بۆ ئافرەت تەرخانکردووە.

رێکخستنی یاسایی بۆ سیستمی کۆتا

رێکخستنی یاسایی بۆ سیستمی کۆتا، واتە رێکخستنی کۆتا لە رێگەی یاساوە، دەرکردنی یاسای تایبەت بە کۆتا، تا دواتر هیچ حیزب و گروپێک نەتوانێ بەشداری پێکردنی ئافرەت، پشتگوێ بخات و خۆی لێ لابدات. لە عێراقدا رێکحستنی کۆتا لە رێگەی یاساوە، سێ جۆر لەخۆدەگرێت کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

1-دەقە دەستورییەکان: واتە ئەو دەقە دەستورییانەی باس لە کۆتا دەکەن. لە یاسای ئیدارەدانی دەوڵەتی عێراقی بۆ قۆناغی گواستنەوەو پاشان لە دەستوری هەمیشەیی عێراقدا، بە دەقی یاسایی باس لە سیتمی کۆتا کراوە. لە یاسای ئیدارەدانی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە، لە مادەی 30 لە بڕگەی (ج) هاتووە: (ئەنجومەنی نیشتیمانی، رێژەیەک بۆ بەشداری ئافرەت دیاری دەکات کە نابێت لە چارەکی کۆی ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتیمانی کەمتر بێت). لە دەستوری هەمیشەیی عێراق لە مادەی 47/ چوارەم کە لە 15-10-2005 گەلی عێراق دەنگی لەسەردا، هەمان بڕگەی (ج) دووبارە کراوەتەوە کە دەبێت چارەکی ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتیمانی ئافرەت بن.بەڵام لە ئێستادا ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق، بەهۆی زیادکردنی کورسییەک بۆ کوردی فەیلی لە پارێزگای واست، لە 328 بووەتە 329، ئەم ژمارەیەی دوایی ناتوانیت چارەکی لێ دەربێنیت، چونکە ژمارەکە تاکە و جووت نییە و ئەگەر دابەشی 4 بکرێت، ماوەی دەمێنێتەوە. لە دیدی شارەزایانەوە ئەمە پێچەوانەی دەستورەو لەگەڵ ئەو بەندەی دەستور ناکۆکە کە باس لە چارەکی کورسییەکانی پەرلەمان بۆ ئافرەت دەکات.

2- یاسای ئاسایی/ القانون العادی: یاسای هەڵبژاردنی عێراق، ژمارە 16 بۆ ساڵی 2005 کە لە 12 ئەیلولی 2005 لە لایەن ئەنجومەنی نیشتیمانییەوە دەرچووە، جەخت لەسەر سیستمی پشکی ئافرەت دەکاتەوە، واتە سیستمی کۆتا. ئەوەش بە پشت بەستن بەو دەقەی لە دەستوری عێراقدا هاتووەو باس لە بوونی یاسایەکی لەو جۆرە دەکات. دەقە یاساییەکان کە لە ئەنجومەنی یاسادانانەوە دەردەچن، پێویستە بە تەواوی رەچاوی دەقە دەستورییەکان بکەن، نابێت ناکۆک یان پێچەوانەی ئەو دەقە دەستورییانەبن، چونکە ئەگەر پێچەوانە یان ناکۆک بوون، ئەوا بە نادەستوری لە قەڵەم دەدرێت. لێرەوە لە مادەی 11 ئەنجومەنی نیشتیمانی دا (پەرلەمان) هاتووە: لە هەر لیستێکدا لە سێ کاندید لانی کەم دەبێت یەکێکیان ئافرەت بێت. جگە لەوە لە شەش کاندیدی یەکەمی ناو لیستەکە، پێویستە لانی کەم دوانیان ئافرەت بێت، بەم شێوەیە تا کۆتایی لیستەکە

کەواتە بە پێی ئەو دەقە بێت، ئەنجومەنی تازەی نوێنەران، لە رووی دەستوریی و یاساییەوە دروست نابێت، ئەکەر ئافرەت لانی کەم بە چارەکێک 25% بەشدار نەبێت تێیدا. بێگومان دەکرێت رێژەی ئافرەت لەوە زیاتربێت، وەلێ نابێت لەو رێژەیە کەمتر بێت.

3-رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان: کۆمیسیۆنی باڵا، بە پێی مادەی 29 لە یاسای هەڵبژاردن، سەڵاحییەتی دەرکردنی بڕیاری پێویستی هەیە، تا یاسای هەڵبژاردن بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لێرەوە کۆمسیۆن زیاد لە 20 رێنمایی دەرکردووە، یەکێک لەو رێنماییانە تێیدا چارەسەری بابەتی (کۆتای ئافرەتان) کراوە. لەوێدا هاتووە: لەسەر هەمو لیستەکان پێویستە- تەنها ئەو لیستە نەبێت کە یەک کەسەو خۆی وەک کیانێکی سیاسی تۆمار کردووەو کەسەکەش پیاوە- دەبێت لانی کەم ناوی ئافرەتێک،  لە سێ ناوەکەی یەکەم بێت. لەشەش ناوی یەکەمی لیستەکەدا، پێویستە لانی کەم دوو ناویان ئافرەت بێت.

سەرچاوەکان

ar.wikipedia.org

http://hayatouki.com

http://www.dades-infos.com

lcaclebanon.wordpress.com

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

6,227 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...