گرنگی و بایەخی بەشداری سیاسی چییە؟

گرنگی و بایەخی بەشداری سیاسی چییە؟

پێشەکی

بەشداری سیاسی پرنسیپێکی دیموکراسییەو یەکێکە لە پرنسیپە هەرە گرنگەکانی دەوڵەتی نیشتیمانی مۆدرێن. شارەزایان پێیانوایە لە سایەی ئەم پرنسیپەدا، دەتوانرێت سیستمە نیشتیمانییە دیموکراسییەکان کە لەسەر پرنسیپی هاوڵاتیبوون و یەکسانی لە ماف و ئەرکدا دروستبووە، لە سیستمە ستمگەرو شمولییەکان کە لەسەر پاوانخوازی دروستبووە، جیابکرێنەوە. بەشداری سیاسی جیاوازییەکی جۆرایەتییە لە نێوان سیستمی دیموکراسی و سیستمی دیکتاتۆریدا. لەوەی یەکەمدا کۆڵەکەکانی کایەی سیاسی بریتین لە یەکێتی نیشتیمانی، فرەیی حیزبی و بوونی جیاوازیی کە وا دەکات دەوڵەتەکە پتەوترو تۆکمەتر بێت. کەچی لەوەی دووەمدا کۆڵەکەکانی کایەی سیاسی بریتین لە ناکۆکی کۆمەڵایەتی و نیشتیمانی، تاک حیزبی و حیزبی قائید، جەنگی ناوخۆ کە هەمیشە ئامادەیە لە هەر چرکەیەکدا بێت رووبدات و بتەقێتەوە. بەشداری سیاسی پرنسیپێکی سیاسی و ئەخلاقییە، ئازادی و سەرکوتکردن، فرەیی حیزبی و تاک حیزبی، یەکسانی و نایەکسانی، هەمەڕەنگی و قۆرخکاری لەیەکتر جیادەکاتەوە.

دەتوانین بڵێین بەشداری سیاسی لە رووی عەمەلی و پراکتیکییەوە، بریتییە لە گوزارشتکردن لە گرێبەستی کۆمەڵایەتی، چونکە بەشداری سیاسی رۆژانە جەخت لەسەر بەرهەمهێنان و بەردەوامی گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەکاتەوە. واتە رۆژانە بە بەردەوامی یەکێتی نیشتیمانی بەرهەمدەهێنێت و پتەوترو بەهێزتری دەکات. بێگومان یەکێتی نیشتیمانیش یەکێکە لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی مۆدێرنە. بە تایبەتی داننان بە مافی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگاو بەشداری سەرجەمیان لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی، لەسەر هەردوو ئاستی مادیی و رۆحی، بێ رەچاوکردنی رەگەزو ئاین و نەژادو زمان و رەنگی پێست و ....هتد.

لەلایەکی دیکەوە بەشداری سیاسی، گوزارشتە لە مەسەلەی هاوڵاتیبوون، واتە هەموو تاکێکی هەردوو رەگەزەکە، بەشێوەیەکی یەکسان دەبنە ئەندام لە دوڵەتی نیشتیمانیدا. ئەم ئەندامبوونە وا دەکات سەرجەم هاوڵاتیان لە رووی ئەرک و ماف و ئازادییە سەرەکییەکانییەوە یەکسانبن. ماف و ئیمتیازاتەکان وەک یەک بەسەر هەموواندا دابەش دەکرێت. هەندێک لە شارەزایان تا ئەو ئاستە دەڕۆن و دەڵێن: لەمڕۆدا خاوەن ئیمتیازاتەکان، نیشتیمانی نین، بۆچی؟ چونکە هەمیشە نیشتیمانیبوون ناکۆکە لەگەڵ ئیمتیازات و دەستکەوت و پلەو پۆستی گەورە کە بە ناحەق و ناڕەوا وەردەگیرێن. ئەو سیستمەی لەسەر بەخشینی ئیمتیازات و وەلائی سیاسی و حیزبی و بنەماڵەیی و ئاینی یان تائیفی بەندە، بە هیچ مانایەک لە ماناکان سیستمێکی نیشتیمانی نییە.

پەیوەندییەکی روون و ئاشکرا لەنێوان ماف و ئازادیدا هەیە. لە هەر کۆمەڵگایەک لە کۆمەڵگاکان، مافی تاک لە ئازادییەکەی جیاناکرێتەوە. ناکرێت یەکێکیان فەراهەم بکرێت و ئەوی دیکەیان سەرکوت بکرێت. واتە ماف و ئازادیی دوانەیەکی پێکەوە گرێدراون و نەبوونی یەکێکیان، مانای نەبوونی ئەوی دیکەیان دەگەیەنێت. تا مافی تاک، کەمببێتەوەو پێشێل بکرێت، ئازادییەکانیشی کەم دەبێتەوەو پێشێل دەکرێت. پێچەوانەکەشی راستە. کەواتە ماف و ئازادی دەکرێت بکرێنە دوو بنەمای سەرەکی و دانەبڕاو، بۆ بیرکردنەوە لە بەشداری سیاسی، بەو پێودانگەی بەشداری سیاسی، ئامرازێکی سلمی و ئاشتیخوازانەیە، بۆ گوزارشتکردن لە بەرژەوەندی چین و توێژە جیاواز جیاوازەکانی کۆمەڵگا. ئەمەیە وایکردووە چەمکی بەشداری سیاسی، لای زۆرێک لە بیرمەندانی بواری کۆمەڵناسی، جێگای بایەخ و گرنگی پێدانبێت. لە راستیدا ئەو بیرمەندانە پێیانوایە، لەنێوان ئەم چەمکەو چەندین چەمکی دیکەدا، بۆ نموونە دیموکراسی، بەناویەکداچوونێکی قووڵ و پەیوەندییەکی بەهێز هەیە. ناکرێت بێ بەشداری سیاسی تاکەکانی کۆمەڵگا، باس لە دیموکراسی و مافی مرۆڤ بکرێت. جگە لەوە بەشداری سیاسی، وەک پرۆسەیەکی سیاسی،  زۆر لەوە زیاترە لەلایەن دەوڵەتەوە، وەک دروشم و ریکلامێک بەرز بکرێتەوەو بەکاربهێنرێت. بەڵکو بەشداری سیاسی پرنسیپێکی سەرەکی کاری سیاسییەو پێویستە بڕوامان پێیهەبێت و کاری پێبکرێت، رێوڕەسمی یاسایی و ئامرازی فیکریی و مرۆیی بۆ دابینبکرێت، تا ئەم پرنسیپە لەسەرزەمینی واقیع و بە شێوەیەکی راستەقینەو دوور لە دروشم و دروشمبازی پیادەبکرێت و جێگای خۆی بگرێت.

پێناسەی بەشداری سیاسی

یەکێک لە کێشەو گرفتە سەرەکییەکانی کایەی فیکر بە گشتی و کۆمەڵناسی بە تایبەتی، بریتییە لە پێناسەکردنی چەمکەکان. پێناسەکان لە بیرمەندێکەوە بۆ بیرمەندێکی دیکە جیاوازە، لە رۆشنبیرێکەوە بۆ یەکێکی دیکە و تەنانەت لە سەردەم و قۆناغێکەوە بۆ سەردەم و قۆناغێکی دیکە جیاوازەو گۆڕانکاری بەسەردادێت. ئەم جیاوازی و گۆڕانکارییە لە پێناسەی چەمکەکاندا، لەلایەکەوە دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی دیدو تێڕوانینی بیرمەندو رۆشنبیرەکان، هەندێکجار دەگەڕێتەوە بۆ ئینتیمای نەتەوەیی و ئاینی و پاشخانی فیکرییان. لەلایەکی دیکەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گەشەکردن و پێشکەوتنانەی لە قۆناغ و سەردەمەکاندا دێنەئاراو لەگەڵ خۆیاندا گۆڕانکاری گەورە دەهێنن، بە شێوەیەک چەمکەکان مانا کۆنەکانی خۆیان لەدەستدەدەن و مانای تازە وەردەگرن. ئەم حاڵەتە وا دەکات تەنها پێناسەیەک بەرگەی سەرجەم پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکان نەگرێت و لەبەردەم باهۆزی مۆدێرنەو جیهانگیریدا نەتوانێت خۆڕاگربێت. گۆڕانکاری لەسەر ئاستی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتووری، گۆڕانکاری پێناسەی چەمکەکانی لێدەکەوێتەوە، بە تایبەت ئەو چەمکانەی پەیوەستن بە مرۆڤ و مافەکانی و ئازادییەکانی، یان ئەوانەیان پەیوەستن بە کایەی سیاسی و فەرمانڕەوایی و دەسەڵاتەوە. ئێمە لێرەدا چەمکی بەشداری سیاسی لە رووی زمانەوانی و زاراوەییەوە پێناسە دەکەین:

پێناسەی زمانەوانی

بۆ پێناسەکردنی بەشداری سیاسی لە رووی زمانەوانییەوە، پێویستە سەرەتا ئاماژە بە پێکهاتە زمانەوانییەکەی بدەین و بزانین لە چی پێکهاتووە. ئاشکرایە ئەم چەمکە لە دوو بەش یان دوو وشە پێکهاتووە کە بریتین لە (بەشداری) وەک چالاکییەک کە مرۆڤ ئەنجامی دەدات، لەگەڵ وشەی (سیاسی) وەک زاراوەیەکی سیاسی/ کۆمەڵایەتی.

وشەی بەشداری/ المشارکە لە وشەی لاتینی Participatrوەرگیراوە، ئەو وشە لاتینییەش لە دوو بەش پێکهاتووە: Part بە مانای بەش دێت، Compare بە مانای (هەستان بە/ القیام ب)، کەواتە بەشداری مانای هەستان بە ئەنجامدانی رۆڵێکی تایبەت دێت To take part. جگە لەوە بە شێوەیەکی گشتی، هەندێک پێناسەی دیکە بۆ (بەشداری) هەیە، لەوانە:

*بەشداری بریتییە لە موساهەمەی فەرمی یان نا فەرمی تاکەکان و کۆمەڵەکان، لە هەموو چالاکییە ئابوریی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگا، لە پێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندی گشتی.

*بەشداری مانای بەدەستهێنانی تاک بۆ بەشی خۆی لە هەر شتێک، واتە بەشداربوو بەش و پشکی هەیە لە کاروباری گشتیدا.

*بەشداری هەڵوێستێکە تاک لە سەرجەم کایەکان وەریدەگرێت و بەشداری دەکات لەگەڵ ئەوانی دیکەدا، هەڵوێستوەرگرتن پێویستی بە بوونی زیاد لە لایەنێک هەیە.

*بەشداری واتە رازیبوون بە ئەنجامدانی کارێک یان چالاکییەک لەگەڵ ئەوانی دیکەدا، واتە دەەکرێت بەشداری وەک فاکتەرێک بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تەماشابکرێت.

*بەشداری زیاتر کردەیەکی ئازادانەیە نەک زۆرەملێ، بەو مانایەی بەشداریکردنی تاک لە کارێک یان چالاکییەکدا، ئازادانە و خۆویستانەیەو تێیدا تاک رۆڵی ئەرێنی خۆی دەبینێت.

سەبارەت بە مانای سیاسەت، لێرەدا پێویستە ئاماژە بە خاڵێک بکەین، ئەویش ئەوەیە لەم نووسینەدا، سیاسەت بە مانای درۆو فڕوفێڵ و چەواشەکردن نایەت. وەک کایەیەکی تێکدەرو پیس و گڵاو لێی ناڕوانین، کایەیەک هیچی تێدانییە و هیچی تێدا سەوزنابێت، جگە لە دزی و خراپەکاریی و پیلانگێڕی بۆ سەرکوتکردن و لەناوبردنی ئەوانی دیکەی نەیار. کایەیەک تا خۆمان لێیەوە بەدوور بگرین، لە مرۆڤ و خوداو ئاسمان نزیکدەبینەوە. چەند دووربین لە سیاسەت و سیاسەتکردنەوە، ئەوەندە نزیکین لە پاکیەتی و میهرەبانی و سەرفرازی. نەخێر ئەم نووسینە ناچێتە ئەو چوارچێوەیەوە کە سیاسەت بە بەدو قێزەون دەبینێت و بە کاری شەیتان و ئیبلیس لە قەڵەمی دەدات. ئامانجی ئەم نووسینە ئەوە نییە سیاسەت یەکسان بکەین بە گزی و هەڵخڵەتاندن و بەرژەوەندی تایبەت. هەر بۆیە هەموو ئەو پێناسانەی دەکەونە نێو ئەو چوارچێوەیەی سەرەوە، لێرەدا جێگایان نابێتەوەو ئاماژەیان پێنادەین. ئەم حاڵەتە وا دەکات بەم شێوانەی خوارەوە پێناسەی سیاسەت بکەین:

*سیاسەت بە مانا سادە و گشتییەکەی، واتە رایکردنی کاروباری خەڵک و رێکخستنی کۆمەڵگا.

*سیاسەت بریتییە لە چارەسەری ئاشتیانەی ململانێکان، لە رێگەی گفتوگۆو دانوستان، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی مام ناوەندی گونجاو، چارەسەرێک هەموو بەرژەوەندییە ناکۆکەکان لەخۆدەگرێت و سازانێکی هاوبەش بۆ ریکەوتن لەسەر ناکۆکییەکان دێنێتەئاراوە.

*سیاسەت بریتییە لە هونەری رێکخسانی جیاوازییەکانی نێو کۆمەڵگا، لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ و یەکتر قبووڵکردن و رێزگرتن لەوی دیکەی جیاواز.

*سیاسەت بریتییە لە بەخشینی زمان بە تاک و گروپ و ئەتنییە گۆشەگیرو پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگا، تا بتوانن بێ ترس و سڵەمینەوە، گوزارشت لە حەزو ویست و مافەکانیان بکەن.

 لێرەوە ئەگەر سیاسەت بەو پێناسانەی سەرەوە وەربگرین، کەواتە دەتوانین پێناسەی چەمکی بەشداری سیاسی بەم شێوەیەی خوارەوە بکەین:

*بەشداری سیاسی واتە بەشداریکردنی ژمارەیەکی زۆری تاکەکان و کۆمەڵە و گروپەکان لە ژیانی سیاسیدا.

*بەشداری سیاسی واتە بەشداریکردنی زۆرترین تاکەکانی کۆمەڵگا لە زۆرترین چالاکیی و بوارەکاندا، بە جۆرێک ئەو چالاکی و بوارانە، هاوشان بێت لەگەڵ تواناو داواکاریی تاکەکاندا.

*بەشداری سیاسی ئەو پرۆسەیەیە کە تێیدا تاک رۆڵی خۆی لە ژیانی سیاسیدا دەگێڕێت، بە ئامانجی بەدیهێنانی گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابوری، چ لەسەر ئاستی تاک و چ لەسەر ئاستی گشتی کۆمەڵگا. لەبەر ئەوە پێویستە دەرفەت بۆ هەموو هاوڵاتییەک بڕەخسێت هەم ئامانجەکان دیاری بکات و هەم باشترین ئەو ئامرازانەی لەبەردەستدابێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکان. بەڵام پێویستە بەشداریکردنی هاوڵاتی لەسەر بنەمای پاڵنەری خودیی و کاری خۆویستی بێت، واتە بەشداریکردنەکە زۆرەملێ و بە تۆپزی و ناچارکردن نەبێت. لەم حاڵەتەدا هەموو تاکێک هەست دەکات ئازادی بەشداریکردنی لەو بەهایانەدا هەیە کە کۆمەڵگا بڕیار لەبارەیانەوە دەدات.

*بەشداری سیاسی بریتییە لەو چالاکییەکانەی کە ئەندامەکانی کۆمەڵگا، بە مەبەستی هەڵبژاردنی دەسەڵاتداران و نوێنەرەکانیان ئەنجامیدەدەن.

*بەشداری سیاسی بریتییە لە هاوبەشیکردن لە داڕشتنی سیاسەتەکان و بڕیارەکان، بەشێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ. یان بەشداری سیاسی بریتییە لە بەشداری هاوڵاتیان بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ، لە پرۆسەی بڕیارداندا، لە چوارچێوەی ئەو سیستمە سیاسییەی تێدا دەژی.

*بەشداری سیاسی بریتییە لە پەرۆشی و حەزو ویستی هاوڵاتی، تا لە پرۆسەی سیاسیدا رۆڵێکی ئەرێنی هەبێت. ئەمەش لە میانەی مافی دەنگدان یان مافی خۆکاندیدکردن بۆ وەرگرتنی پلەو پۆستە باڵاکان و گفتوگۆکردن لەسەر مەسەلە سیاسییەکان.

*بەشداری سیاسی بریتییە لە چالاکی سیاسی و ئاماژە بۆ بەشداربوونی هاوڵاتیان و رۆڵیان لە چوارچێوەی سیستمێکی سیاسیدا دەکات. کەواتە بەشداری سیاسی بە دروستی و دیاریکراوی بریتییە لەو چالاکییەی هاوڵاتیانی خاکی ئەنجامیدەدەن، بە مەبەستی دروستکردنی کاریگەری لەسەر پرۆسەی دروستکردنی بڕیار. سا ئەو چالاکییەک هەرچۆنێک بێت: تاکە کەسی بێت یان دەستەجەمعی، رێکخراوبێت یان هەڕەمەکی، بەردەوامبێت یان پچڕ پچڕبێت، ئاشتیانەبێت یان توندووتیژ، شەرعی بێت یان ناشەرعی، کاریگەربێت یان ناکاریگەر.

بە پێی ئەو پێناسانەی سەرەوە، دەکرێت بگەینە کۆمەڵێ ئاماژە بۆ بەشداری سیاسی لە کۆمەڵگادا، لەوانە:

مافی هاوڵاتی بۆ دەنگدان.

مافی هاوڵاتی بۆ وەرگرتنی وەزیفەیەکی گشتی.

مافی هاوڵاتی لە بەشداریکردن لە پرۆسەی وەرگرتنی بڕیاردا.

مافی هاوڵاتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سیاسی و کارگێڕی گرنگ.

بوون بە ئەندام لە حیزب و گروپ و دەستەکاندا یان بوون بە ئەندام لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی.

بەشداریکردن لە کۆبوونەوە سیاسییە گشتییەکاندا.

مێژووی سەرهەڵدانی چەمکی بەشداری گشتی

زۆرێک لە توێژەران مێژووی سەرهەڵدانی چەمکی بەشداری سیاسی، دەگەڕێننەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەهەم، لەو کاتەدا هۆشیارییەکی تازە لە کۆمەڵگای ئەوروپیدا دەرکەوت و سەریهەڵدا، ئەو هۆشیارییە بریتی بوو لە زەرورەتی چاودێریکردنی دەسەڵاتی سیاسی. هۆکاری ئەم دەرکەوتنە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێیدەوترێت بواری گشتی یان فەزای گشتی. کەچی هەندێک توێژیەوەی سیاسی هەیە، دوورترن دەڕۆن و دەرکەوتنی ئەم چەمکە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی، دەگەڕێننەوە بۆ سەرەتاکانی سەردەمی رۆشنگەری و سەدەی حەڤدەهەم. پێیانوایە لەو رۆژگارەدا ئاراستەیەک هەبووە بۆ فراوانبوونی بەشداری سیاسی، ئەم ئاراستەیە لە سەروەختی شۆڕشی پیشەسازیدا و لە نێوان هەردوو سەدەی هەژدەهەم و نۆزدەهەمدا دەگاتە لووتکە. لەلایەکی دیکەوە لە فیکری ئیسلامیدا و لە رێگەی هەنێک لە توێژەرە ئیسلامییەکانەوە، چەمکی بەشداری سیاسی دەبستنەوە بە چەمکی شواروەو ئاماژە بەوە دەکەن لە قورئاندا سورەتێک هەیە بەناوی شورا-وە هەیە. ئایەتەکانی ئەو سورەتە باس لە بەشداریکردن لە دروستکردنی بڕیارەکاندا دەکات: و امرهم شوری بینهم.

لە سەردەمی مۆدێرن و هاوچەرخدا، پێکهێنانی حیزب و پارتی سیاسی و دروستکردنی گروپ و دەستەو دەزگای تایبەت کە سەرقاڵی کاری سیاسیبن، یەکێکە لەو دەرکەوتانەی گوزارشت لە بەشداری سیاسی دەکات. ئەم دەرکەوتنە سەرەتا لە فەرەنسای ساڵی 1789 روویدا، واتە فەرەنسای شۆڕشی فەرەنسی، لەو ساڵەدا ئەنجومەنی نیشتیمانی دامەزرا، ئەم ئەنجومەنە گردبوونەوەیەکی سیاسی بوو، تێیدا چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا: خانەدانەکان، پیاوانی ئاینی، چینی سێیەم کە دەیکردە نوێنەرانی خەڵک، کۆدەبوونەوەو قسەوباسیان لەسەر چۆنیەتی بەرێوەبردنی کۆمەڵگا دەکرد. کێشەو گیروگرفتەکانیان باس دەکردو هەر چینەی لە دیدو بەرژەوەندی خۆیەوە، چارەسەری بۆ دەدۆزییەوە. ئەنجومەنی نیشتیمانی ئەو رۆژگارەی فەرەنسا، تا رادەیەک وەک پەرلەمانی ئێستا وابوو.

دواتر پێکهێنانی پارت و حیزبی سیاسی و سەندیکاو گروپی فشارو رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، لە بەریتانیا سەریانهەڵداو لەوێشەوە بە وڵاتانی دیکەی ئەوروپادا بڵاوبوونەوە. ئەم بڵاوبوونەوەیە وایکرد بەشداری سیاسی گەشەی زیاترو زۆرتر بەخۆیەوە ببینێت و گرنگی و بایەخی زیاتری پێبدرێت.

ئەو قوتابخانە فیکریانەی باس لە چەمکی بەشداری سیاسی دەکەن.

ئەگەر قسە لەسەر گرنگترین ئەو قوتابخانانە بکەین، بایەخیان بە بەشداری سیاسی داوەو وتووێژیان لەبارەوە کردووە، ئەوا لەبەردەم ژمارەیەکی زۆری قوتابخانەداین کە تیشکیان خستووەتە سەر ئەم چەمکەو روونیان کردووەتەوە. شارەزایان زۆری ئەو قوتابخانانە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە چەمکی بەشداری سیاسی، چەمکێکی کۆن و دێرینەو زۆرێک لە بیرمەندان و فەیلەسوفان، بە جۆرێک لە جۆرەکان،  قسەیان لەبارەوە کردووەو ئاماژەیان پێداوە. لێرەدا پێویستە ئەوە بڵێین چەمکی بەشداری سیاسی، بەتووندو بە شێوەیەکی بەرفراوان، پەیوەستە بە فیکرەی دابەشکردنی دەسەڵات و پێکهاتەکانی پرۆسەی سیاسییەوە. ئەم پەیوەستبوونەیە وایکردووە، ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانەی فیکری، گرنگی و بایەخ بەم چەمکە بدات.

بۆ نموونە ئەگەر تەماشای تیۆرەی سەرمایەدارو قوتابخانەکانی سەر بەم تیۆرەیە بکەین، بەتایبەت ئەو قوتابخانە فیکریانەی سەرمایەداری کە قسەوباسیان لەسەر ئەم چەمکە کردووە، دەبینین دەڵێن بەشداری سیاسی، بریتییە لە کۆمەڵێک پرنسیپ، ئەم پرنسیپانە بەهای تاک لە بەهای کۆمەڵ/ الجماعە بەرزتر رادەگرن. پێیانوایە دەستوەردانی دەوڵەت، لە زۆرێک لە کاروبارەکاندا، تێکدانی پرنسیپی بەشداری میللییانەی تاکە. لە تیۆرەی سۆشیالیزمدا ئەم مەسەلەیە جیاوازە و بە جۆرێکی دیکەیە. تیۆرەی سۆشیالیزم زیاتر قسە لەسەر داماڵینی تاک یان بێبەشکردنی تاک لە ئازادییەکانی دەکات و دەسەڵات و حوکمڕانیش دەبەخشێت بە چینی پرۆلیتاریا، ئەو چینەی لەگەڵ تێپەڕبوونی رۆژگارداو لە پێناو گەیشتن بە کۆمەڵگای سۆشیالیزم، شۆڕش هەڵدەگیرسێنێت و خۆی پێشەنگی ئەو شۆڕشە دەکات. بەشداری سیاسی لە جیهانی سێیەمدا، بەرەیەکی تێکۆشانی دژ بە ئیمپریالیزم و ستەمگەری دروستکرد. لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و بە درێژایی ئەو سەدەیە، سەربەخۆیی بەشێک لە وڵاتانی جیهانی سێیەم، لە رێگەی ئەو تێکۆشان و شۆڕش و یاخیبوون و راپەڕینانەوە بوو کە جەماوەر بە جۆش و خرۆشێکی زۆرو بێوێنەوە، بەشداریان تێدادەکرد. بەشداری سیاسی بووە کلیلێک بۆ کردنەوەی دەرگاکانی پێشکەوتن و بوژانەوەو گەشەکردن. ئەم کردنەوەیە وایکرد بە زۆرێک لەو وڵاتانە بوترێت وڵاتانی دیموکراسی تازەپێگەیشتوو.

جگە لە قوتابخانەکانی سەرمایەداری و سۆشیالیزم، چەندین قوتابخانەی فیکری دیکە سەریانهەڵدا کە بەشێوەیەکی گشتی باسیان لە دەسەڵاتی سیاسی و بەشداری سیاسی کردووە. لەوانە قوتابخانەی نوخبە/ دستەبژێر، قوتابخانەی چین، قوتابخانەی فرەیی سیاسی. دیدو تێڕوانینی قوتابخانەی نوخبە، لە دەوری خاڵێک کۆدەبێتەوە کە بریتییە لە رێگەنەدان بە دابەشکردنی دەسەڵات و مانەوەی دەسەڵات لە دەستی نوخبەی حاکم و فەرمانڕەوا. قوتابخانەی چین باس لەوە دەکات پێویستە چنێکی کۆمەڵایەتی دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێت و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی مادیی و فیکری، لەژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی خۆیدابێت. تەنها ئەندامانی ئەم چینە دەتوانن بەشداری سیاسییان هەبێت و چالاکی سیاسی بنوێنن. قوتابخانەی فرەیی سیاسی پێیوایە دەکرێت دەسەڵات دابەشبکرێت و وردبکرێتەوە، هەموان دەتوانن بەشداری لە دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسیدا بکەن، ئەمەش کاریگەری باشی دەبێت لەسەر پرۆسەی بڕیاردان و کەسێک یان نوخبەیەک بە تەنها بڕیارەکان نادات. ئەم قوتابخانەیە پێیوایە زۆر زەحمەتە دەسەڵات لە گروپێک یان لە پنتێکدا کۆبکرێتەوە، چونکە سروشتی دەسەڵات سروشتێکی بەربڵاوەو هەر چین و گروپ و کۆمەڵە و تاکێک دەسەڵاتی تایبەتی خۆی هەیە.

گرنگترین ئەو بیرمەندو فەیلەسوفانەی بایەخیان بەم چەمکە داوە.

وەک ئاماژەمان پێدا، چەمکی بەشداری سیاسی، لەلایەن زۆرێک لە فەیلەسوفان و بیرمەندان و شلۆڤەکارانی سیاسییەوە قسەوباسی لەسەر کراوەو ئاوەڕیان لێدراوەتەوە. لێرەدا هەندێکیان دەخەینەڕوو:

*ئەفلاتون: ئەم فەیلەسوفە لە میانەی قسەکردنی لەسەر دیموکراسی، ئاماژەی بە بەشداری سیاسی کردووە. ئەو پێوابووە دیموکراسی شێوەیەکە لە شێوەکانی بەشداری سیاسی و ئاوا پێناسەی دیموکراسی کردووە: بریتییە لە دەوڵەتی تێکەڵاو کە لەسەر پرۆسەی هاوسەنگی نێوان چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا راوەستاوە.

*ئەرستۆ:دەکرێت چەمکی بەشداری سیاسی لای ئەرستۆ، لەم پەرەگرافەی خوارەوەدا روونبکینەوە کە لە کتێبی سیاسەت دا هاتووە: (هەمو دەوڵەتێک جۆرێک لە بەشداری هەیە، ئامانجی هەمو بەشدارییەکیش چاکە و خێری گشتییە. کەواتە چاکە ئامانجی هەموو بەشدارییەکانە. لەبەر ئەوە باڵاترین چاکە، ئەو چاکەیەیە کە لەسەر بنەمای لەخۆگرتنی بەشداری هەموان دێتەئاراوە). بیرمەندان و توێژەران، پێیانوایە لێرەدا مەبەستی ئەرستۆ لە باڵاترین چاکە، بەشداری سیاییە.

*گرینت باری: ئەم بیرمەندە پێیوایە بەشداری سیاسی سێ شێوازی هەیە:

1-شێوازی بەشداریکردن: لێرەدا مەبەست لە شێوەی بەشداریکردنەکەیە، ئایا شێوەیەکی فەرمییە یان نا فەرمییە.

2-چڕی بەشداریکردن: واتە زانینی یان پێوانەکردنی ژمارەی ئەو تاکانەی بەشدارییان لە چالاکییەکی سیاسی دیاریکراودا کردووەو چۆن و بە چ شێوەیەکشی بەشدارییان کردووە.

3-جۆرایەتی بەشداریکردن: واتە ئاستی ئەو کاریگەرییەی بەشداریکردنەکە دەیخاتەڕوو. لێرەدا هەندێک بەشداریکردن هەیە، ئەگەرچی لە رووی ژمارەی بەشداربووانەوە کەمە، بەڵام کاریگەرییەکەی گەورەیە. ئەمە وا دەکات بڵێین: هەمیشە جۆرایەتی لە چەندایەتی گرنگترە.

*هینتگتۆن: پێوایە بەشداری سیاسی ئەو چالاکییەیە کە هاوڵاتی، لە پێناو ئەنجامدانی کاریگەری لەسەر پرۆسەی دروستکردنی بڕیاری سیاسیدا پێیهەڵدەسێت. ئەمەش مانای وایە ئامانج لە بەشداریکردنی سیاسی، گۆڕینی دەرهاویشتەکانی سیستمی سیاسییە، بەو شێوەیەی لەگەڵ داواکاری ئەو هاوڵاتیانەدا گونجاوبێت کە بەشدارن لە بەشداری سیاسیدا.

*کارل مارکس: ئەم فەیلەسوفە لە میانەی قسەکردنی دەربارەی مافە سیاسییەکانی جولەکە، ئاماژەی بۆ چەمکی بەشداری سیاسی کردووە. مافەکان وەک ئەوەی مارکس دەیبینێت بریتین لە مافی دەنگدان، مافی هەڵبژاردنی کاندیدەکان بۆ وەرگرتنی پۆستە سیاسییەکان. ئەگەر لەم مافانە بڕوانین، دەبینین یەکێکە لە ئاماژەکانی پرۆسەی بەشداری سیاسی لە کۆمەڵگادا.

ئەو چەمکانەی پەیوەستن بە چەمکی بەشداری سیاسی

ژمارەیەک چەمکی سیاسی هەیە کە پەیوەستن بە چەمکی بەشداری سیاسی، لە خوارەوە هەوڵدەدەین هەندێک لەو چەمکانە بخەینەڕوو کە پەیوەستن بە چەمکی بەشداری سیاسی.

1-چەمکی رای گشتی: ئەم چەمکە، واتە رای گشتی، گرنگی و بایەخی لە کۆمەڵگا دیموکراسییەکاندا، تا بێت لە هەڵکشان و پەلهاویشتن و بەرفراوانیدایە. لەو کۆمەڵگایانەدا بووەتە بنەمای هەمو مومارەسەیەکی سیاسی، هەروەها بووەتە ئەو خاڵە یان ئەو پنتە یاخود راستتر بووەتە ئەو تەوەرەیەی بەشی هەرە زۆری ئەو بڕیارانەی لێوەدەردەچێت کە لە کۆمەڵگادا کاریان پێدەکرێت. رای گشتی بریتییە لەو بیروڕا گشتییەی تاکەکان و کۆمەڵەکان و گروپەکان، لەبەرامبەر روداوەکان و کەسایەتییە سیاسییەکان، لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی، دەریدەبڕن. شارەزایان پێیانوایە بۆ ئەوەی رای گشتی لە پرۆسەی پێکهێان و گەڵاڵەکردنی سیاسەتی گشتی، کاریگەرو چالاکبێت و رۆڵی ئەرێنی خۆی بگێڕێت، پێویستە بە سێ قۆناغدا تێپەڕێت کە بریتین لەم قۆناغانەی خوارەوە: قۆناغی دروستبوون/ التکوین. قۆناغی گوزارشتکردن/ التعبیر. قۆناغی کاریگەری راستەوخۆ/ التاپیر المباشر. واتە کاریگەری راستەوخۆ لە بڕیاری سیاسی و چالاکی سیاسیدا. بەشداری سیاسی رێگە لەبەردەم رای گشتیدا خۆشدەکات؛ کە ببن بە چاودێر بەسەر پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانییەوە. لە کوێدا هەڵە و ناتەواویی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و پلەو پۆستیان بینی، لەوێدا بێنەدەنگ و گردبوونەوەی جەماوەریی و ناڕەزایی میللی دەرببڕن.

2-حیزبە سیاسییەکان: بریتییە لە کۆبوونەوەیەکی رێکخراوی هاوڵاتیان، بۆ بەرگریکردن لە دیدو تێڕوانین و بۆچوون و بەرژەوەندییەکانیان. هاوڵاتیانی حیزبی لە میانەی پەیڕەو و پرۆگرامی حیزبەکەیانەوە، بەشداردەبن لە ژیانی سیاسی گشتی کۆمەڵگادا. بڕیاروایە حیزب هەستێت بە دروستکردنی رایەڵەو دەزگاو رێخستنی تایبەت، تێیدا رێگە بە هاوڵاتیان دەدرێت بەشداربن لە پرۆسەی سیاسی و دروستکردنی بڕیاردا. بگرە بەشداریکردنی چالاکانەی هاوڵاتیان لەو کۆڕو سیمینارو دایەلۆگانەی حیزب، بۆ بابەت و کێشە گشتییەکان یان حیزبییەکان، رێکیدەخات. ئەم رێکخستنە و سازدانی سیمینارو چلاکی جیاواز جیاواز، دەچێتە چوارچێوەی بەشداری سیاسی و بە پلەی یەکەم رەخساندنی دەرفەتێکە بۆ ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی، تا سەرەتا بەشداربن لە چۆنیەتی رێکخستنی کاروبارە حیزبییەکان و پاشان بەشداربن لە پرۆسەی سیاسی وڵات. بەڵام لێرەدا نابێت ئەوەمان لەبیربچێت کە بەشداری کەسی حیزبی لە ئەنجامدانی چالاکی حیزبی، ناتوانێت ببێت بە جێگرەی بەشداری گشتی. بۆچی؟ چونکە بەشداری حیزبی سنوردارەو بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی تایبەت و حیزبییە، کەچی بەشداری گشتی بەرفاوانترو کاریگەرترەو لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدایە. بێگومان بەشداری سیاسی لە سیتمێکی سیاسییەوە بۆ سیتمێکی سیاسی دیکە دەگۆڕێت، تەنهانەت لە حیزبێکەوە بۆ حیزبێکی دیکە دەگۆڕێت. وەک چۆن سیستمی سیاسی هەیە رێگە بە هیچ دەرفەتێک بۆ بەشداری سیاسی هاوڵاتیان نادات، یان ئەگەر دەرفەتیش بدات، ئەوا تەنها چەواشەکارانەیەو هیچ کاریگەرییەکی نابێت لەسەر بڕیاری سیاسی، وەک سیستمی سیاسی ستمگەرو دیکتاتۆر. بە هەمان شێوەش حیزب هەیە رێگە نادات ئەندامان و لایەنگرانی بیروڕای خۆیان دەرببڕن و بەشداربن لە رەنگرێژکردنی سیاسەتی حیزب.

3- گەشەی سیاسی: ئەم چەمکە بە مانای گەشەکردن دێت لە بنیاتنانی دەزگا مەدەنییەکان و هاندنی چالاکییە سیاسی و دیمکراسییەکان. پەیوەندییەکی راستەوانە لەنێوان هەردوو چەمکی گەشەی سیاسی و بەشداری سیاسی هەیە. لە کۆمەڵگادا تا دیاردەی گەشەی سیاسی فراوان و بەربڵاوبێت، تا گەشەی سیاسی بوژانەوەی زۆرتر بەخۆیەوە ببینێت و چالاکییەکانی لەسەر هەموو ئاستەکان زۆتربێت، وا دەکات تاک متمانەی بەخۆیبێت و زیاتر لە ژیانی سیاسیدا بەشداربێت. لە بارودۆخێکی لەو جۆرەدا، تاکەکان ترسیان لەوە نابێت بەشداری کایەی سیاسی بکەن و بوێرانەو نەترسانە گوزارشت لە بیروڕا سیاسییەکانی خۆیان بکەن.

4-رۆشنبیری سیاسی: بڵاوبوونەوەی رۆشنبیری سیاسی و دەرخستنی گرنگی بەشداری سیاسی، کۆمەڵگا لە چەقبەستن و گیرخواردنەوە بە دەست یەک جۆر لە سیستمی سیاسی ستمگەرەوە، دەگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگایەک کە توانای قسەکردن و ناڕەزایی دەربڕینی هەبێت. تا رۆشنبیری سیاسی بەناو چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا بڵاوببێتەوە، مەسەلەی بەشداری سیاسی ئاسانتردەبێت و کاریگەری ئەرێنی لەسەر بڕیاردان دەبێت. رۆشنبیری سیاسی وا دەکات بە چاوێکی گرنگ و پۆزەتیڤەوە تەماشای سیاسەت بکرێت و سیاسەت لە درۆو رق و کینەو خڵەتاندن پاکبکاتەوە. بوونی رۆشنبیری سیاسی لای هاوڵاتیان، وا لە هاوڵاتی دەکات باشتر و وردتر بڕیاری سیاسی خۆی بدات، لە هەڵبژاردنەکاندا بزانێت چۆن دەنگدەدات و کێ هەڵدەبژێرێت. بە مانایەکی دی رۆشنبیری سیاسی، وا لە هاوڵاتی دەکات پێگەی خۆی و بوونی خۆی وەک تاک، لەناو کۆمەڵگادا بسەلمێنێت و ئەو چەکە مەدەنییە دەداتە دەستی، کە بتوانێت لە رێگەیەوە گۆڕانکاری لە ژیانی سیاسی و سیستمی سیاسیدا ئەنجامبدات.

5-گروپی بەرژەوەندخواز: ئەم گروپە، لە زۆرێک لە سیستمە سیاسییەکاندا، یەکێکە لە گروپە سیاسییە گرنگەکان، وەلێ ئەوەی ئەم گروپە لە حیزب جیادەکاتەوە، ئەوەیە گروپی بەرژەوەندخواز نایەوێت دەسەڵات بگرێتە دەست یاخود ئامانجی گرتنەدەستی دەسەڵات نییە. بەڵکو تەنها دەیەوێت کاریگەری لەسەر دەسەڵات هەبێت بۆ ئەوەی بڕیارەکانی دەسەڵات لە بەرژەوەندی گروپەکەدا بێت. شارەزایان پێیانوایە ئەم گروپە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی، سێ ئامرازی جیاواز بەکاردەهێنێت کە بریتین لەمانەی خوارەوە: یەکەمیان پەیوەندی بەستن لەگەڵ گروپەکانی دیکە کە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولایان دەکات. دووەمیان دروستکردنی پەیوەندی راستەوخۆیە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە تایبەتەکانی. سێیەم جۆشدان و هاندانی رای گشتییە بۆ پاڵپشتیکردن لە دۆزێک کە لە خزمەت بەرژەوەندییە تایبەتەکانی گروپەکەدایە. لێرەوە ئاوا پێناسەی گروپی بەرژەوەندخواز دەکرێت: بریتین لە کۆمەڵێک تاکە کەس کە بەرژەوەندی هاوبەش کۆیاندەکاتەوەو پێکەوەیان دەبەستێت. لەبەرامبەر گروپەکانی دیکە و دەزگاکای حوکمڕانی و دەوڵەتدا، هەندێک داواکاری تایبەتی هەیە. هەمیشە هەوڵدەدات سیاسەتی حکومەت و دەوڵەت لە بەرژەوەندی خۆیدابێت. زۆرجار لە پێناو بەدەستهێنانی داواکارییەکانی، فشاری ککۆمەڵایەتی و جەماوەریی دروست دەکات، هەر کە داواکارییەکانی بەدیهێنا، واز لە فشارەکانی دەهێنێت. دوورو نزیک مەبەست و غایەتی ئەوە نییە بگاتە هەرەمی دەسەڵات یان شوێنی بڕیاردان، بەڵام بەردەوام هەوڵدەدات پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی حوکمڕانیدا باش بێت.

بنەماکانی چەمکی بەشداری سیاسی

بۆ ئەوەی بە کۆمەڵگایەک بوترێت کۆمەڵگایەکە بەشدارە لە ژیانی سیاسیداو لە کایەی سیاسیدا رۆڵی بەرچاوی هەیە، ئەوا پێویستە بزانرێت ئەم کۆمەڵگایە تا چەند مومارەسەی دیاردە دیموکراسییەکان، لە رووی شێوەو ناوەرۆکەوە، دەکات. ناکرێت بە کۆمەڵگایەک یان بە دەوڵەتێک بووترێت دیموکراسی یان بە کۆمەڵگایەک بوترێت بەشدارە لە ژیانی سیاسیدا، بێ ئەوەی مەرجە سەرەکییەکانی مومارەسەکردنی پرۆسەی دیموکراسی تێدابێت. دیموکراسی تەنها مانای بەشداری سیاسی نییە، بەڵکو مانای بەشداری کۆمەڵایەتی و ئابوری و کەلتورییە. واتە بەشدارییەکی چالاک لە بەڕێوەبردنی سەرجەم کاروبارەکانی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە. لە خوارەوە هەندێک لە بنەماکانی چەمکی بەشداری سیاسی دەخەینەڕوو.

*هەڵبژاردن: بەوە پێناسە دەکرێت کە شێوەیەکە لە شێوەکانی بەشداری سیاسی، تێیدا هاوڵاتی ئەو حیزبە یان کاندیدە هەڵدەبژێرێت کە پێیوایە لە رووی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە، بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی دەکات و تا ئاستێک خەونەکانی بەدیدێنێت. ئەم پرۆسەیە، واتە هەڵبژاردن، لە رووی سیاسییەوە زامنی دەستاو دەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات دەکات. هەروەها نوخبەی دەسەڵاتدار، بۆ ماوەیەکی تایبەت، لەلایەن میللەتەوە دەستنیشان دەکرێن، ئەمەش لە میانەی هەڵبژاردنێکی پاک و نەزیه.

*سەروەری یاسا: ئەوە بنەمای دووەمە بۆ هێنانەئارای دیموکراسی، ئەم بنەمایە لە میانەی بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەموان لەژێر چەتری یاسادا، زامنی ئەمن و ئاسایشی وڵات دەکات. سەروەری یاسا واتە ملکەچکردنی هەموان، بە دەسەڵاتدارو بێدەسەڵاتەوە، بەو یاسایانەی کە لە بنەڕەتدا نوێنەرانی میللەت لە پەرلەمانی وڵاتەکەیان دەریانکردووە. پابەندبوونی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا بە دەوڵەمەندو هەژارییەوە، بە خاوەن نفوزو پلە باڵاکانییەوە، رێزگرتنە لە یاساو بەرزراگرتنیەتی.

*شەفافییەت: بە سێیەم بنەما دادەنرێت بۆ هێنانەئارای دیموکراسی و پرۆسەی بەشداری سیاسی. ئەوە شەفافییەتە میکانیزمی لێپرسینەوەو چاودێریکردنی هاوڵاتیان، بۆ پرۆسەی سیاسی و نوێنەرەکانیان کە لە ساتەوەختی هەڵبژاردنەکاندا دەنگیان پێداون، زامندەکات. شەفافییەت وا دەکات هاوڵاتی ئاگاداری ئەوەبێت نوێنەرەکانی چۆن و بە چ شێوەیەک ئەو دەسەڵاتەی هەیانە، بەکاریدەهێنن و تا چەند لە خزمەت و بەرژەوەندی کۆی کۆمەڵگادان، نەک بە تەنها خەریکی خزمەت و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانبن. بێگومان ئەم پرۆسەی لێپرسینەوەو چاودێریکردنە بە تەواوی و بە دروستی جێبەجێ نابێت، ئەگەر هاوڵاتی لە میانەی شەفافییەتەوە، ئاگاداری زانیاری و داتاکان نەبێت. پێویستە هاوڵاتی بە شێوەیەکی رێکخراو، بێ شاردنەوەو چەواشەکردن، زانیارییەکانی بگاتە دەست. جگە لەوە پێویستە دانیشتنەکانی پەرلەمان بۆ هاوڵاتیان کراوەبن، سا چ لە رێگەی بەشداری راستەوخۆوە، یان لە ریگەی گواستنەوەی لە کەناڵە ناوخۆیی وئاسمانییەکانەوە.

*بوونی حیزب و پارتی سیاسی راستەقینەو چالاک: کاروانی بەرەو پێشەوەچوونی دیموکراسی و گەشەکردنی، پێویستی بە حیزب و پارتی سیاسی راستەقینە هەیە، نەک حیزب و پارتی کارتۆنی دروستکراوە. واتە حیزب و پارتی سیاسی خاوەن بەهاو پرنسیپی نیشتیمانی، بە جۆرێک چ بە قسە و چ بە کردار، توندوتیژی و قۆرخکاری سیاسی رەتکەنەوەو ئامادەی دەستاو دەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتبن. بە راستی پابەندبن بە مافەکانی مرۆڤ و فرەیی سیاسی و حیزبی و دوورکەوتنەوە لە هەر جۆرە پاوانخوازییەک.

فاکتەرەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی بەشداری سیاسی

بەرزبوونەوەی ئاستی بەشداری سیاسی لە هەر سیستمێکی سیاسیدا، دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەری پێنج فاکتەر، ئەو فاکتەرانە بەم شێوەیەی خوارەوەیە.

1-تازەگەری: ئەمە پرۆسەیەکە لە ئەنجامی گەشەکردنی هەردوو کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی هاتووەتە ئارا. کۆچی دانیشتوان لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان، بەرزبوونەوەی ئاستی پەروەردەو خوێندن، گەشەکردنی ئاستی ژیان و بژێوی هاوڵاتیان، بە جۆرێک لە جۆرەکان گوزارشتکردنە لە تازەگەری. جگە لەوە پرۆسەی تازەگەری بووە هۆکاری دروستبوونی توێژی تازەی هاوڵاتیان و هێنانەئارای کارو پیشەی نوێ،  کە بێگومان پەیدابونی ئەم توێژ و کارە نوێیانە، بەشداری سیاسی هاوڵاتیان زیاترو فرە رەنگتر دەکات.

2-گۆڕان لە بونیادی چینە کۆمەڵایەتییەکان: لە ئەنجامی شۆڕشی پیشەسازی، چینی کرێکارو چینی ناوەند سەریانهەڵدا. لە قۆناغە جۆراو جۆرەکانی خەباتی سەندیکایی و ئەم دوو چینە، هۆکار بوون بۆ بەشداریکردنی چینە کۆمەڵایەتییەکان لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیاردا. بێگومان یەکێک لە ئامانجەکانی بەشداری سیاسی، بریتییە لە رۆڵبینینی هاوڵاتیان- چ بە تاک یان بە کۆ، لە بەشداریکردنیان لە پرۆسەی بڕیاردا.

*کاریگەری رۆشنبیران: رۆشنبیران لە رێگەی نووسین و بیروڕاکانیانەوە، لە میانەی دیدارو کۆڕو کۆبوونەوەو سیمینارەکانیانەوە، کاریگەریان لەسەر بیروڕای هاوڵاتیان دەبێت و هانیاندەدەن لە پرۆسەی بەشداریکردنی سیاسیدا بەشداربن و دەگ و رەنگی خۆیان هەبێت.

* دەرکەوتنی ململانێی نێوان حیزبەکان و سەرکردە سیاسییە جیاوازەکان: بوونی ململانێ و ناکۆکی نێوان حیزب و پارت و گروپە سیاسییە جیاوازەکان، وادەکات ئەم حیزب و پارتە سیاسییانە، پەنا بۆ جەماوەر ببەن و وەلائیان بەدەستبێنن. لایەنە سیاسییەکان بۆ یەکلایکردنەوەی ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوانیان، بۆ سەرخستن و جێبەجێکردنی ئەجێندا سیاسییەکانیان، بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و باڵادەستبوونی خۆیان لە پێکهێنانی حکومەت و فەرمانڕەوایدا، هانی ئەندامان و لایەنگران و جەماوەرەکانیان دەدەن، بە هەمو هێزو توانایانەوەو بە زۆرترین ژمارەو بەچڕی و بەوپەڕی جۆش و خرۆشەوە، لە پرۆسەی سیاسیدا بەشداربن، لە هەڵبژاردنەکان و دەنگداندا بەشداری تەواو بکەن.

*بارودۆخی کۆمەڵایەتی: دەوترێت تا پرۆسەی خوێندن و خوێندەواری فراوان و بەربڵاوبێت، تا رێژەی نەخوێندەواری کەم و کەمتربێت، ئاستی بەشداری سیاسی بەرزتردەبێت و پێچەوانەکەشی راستە. نەبوونی و کەمدەرامەتی و هەژاری، وا دەکەن دیاردەی گوێنەدان و پشتگوێخستنی بەشداری سیاسی بێتەئاراوە، لەوانە بۆ نموونە بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا.

ئاستەکانی بەشداری سیاسی

شارەزایان ئەم ئاستە بەم شێوەیەی خوارەوە پۆلێن دەکەن:

ئاستی تاکەکەسی، ئاستی خێزانی، ئاستی گروپ، ئاستی حیزبی، ئاستی کۆمەڵگای مەدەنی، ئاستی دەسەڵاتی خۆجێیی، ئاستی دەسەڵاتی نیشتیمانی، ئاستی دەسەڵاتی نێودەوڵەتی. بەڵام کۆی ئەم ئاستانەو بەشداریکردنیان لە پرۆسەی سیاسی و ژیانی سیاسیدا، پێویستی بە رەخساندنی کەشوهەوایەکی ئازاد و دیموکراسیانە هەیە، تا هەمووان دڵنیابن لەوەی دەتوانن بێ ترس و سڵەمینەوە، بەشداری پرۆسەی سیاسی بکەن.

تاک و بەشداری سیاسی

تاک ناتوانێت بێ ئینتیما بژی، ئینتیما بۆ کۆمەڵگا یان نیشتیمان یا گروپ یا رێکخراوێک یا خێزانێک یان حیزبێک، بەڵام لە هەمان کاتدا تاک ناتوانێت رازیبێت بە نیشتیمانێک کە حەزو ویست و تموحەکانی بەدینەهێنێت. ناتوانێت لەژێر سایەی نیشتیمانێکدا هەست بە ئینتیما بکات ئەگەر ماف و ئازادییەکانی پێشێل بکرێت و هەست بە ئینسانیبوونی خۆی نەکات. وەلێ لەلایەکی دیکەوە نیشتیمانێکی لەو جۆرە، لە ئاسمانەوە بۆی نایەتەخوارەوە، خودا بۆی شۆڕناکاتەوە، بەڵکو لەسەر تاک یان هاوڵاتی پێویستە بەشداربێت لە دروستکردنیدا. لێرەوە وەک دیکارت دەڵێت: (من هەم کەواتە من بیردەکەمەوە)، ئێمەش لەسەر هەمان ریتم دەڵێین: (من ئەمڕۆ بەشداری لە ژیانی سیاسی نیشتیمانەکەمدا دەکەم، کەواتە من هەم). بەشداری تاک لە پرۆسەی سیاسدا، ئەم گرنگی و بایەخانەی هەیە:

*ئامرازێکە بۆ سەلماندنی خود.

*بونیادنانی کەسایەتی و گەشەپێدانی.

*بەرزکردنەوەی هوشیاری سیاسی و چەسپاندنی پرنسپی هاوڵاتیبوون.

*توانای جیاکردنەوە

*توانای هەڵبژاردن/ الاختیار

*هەستکردن بە بەرپرسیارەتی و مومارەسەکردنی.

*رزگاربوون لە گرێی ترس و شەرم.

*بوێریی و ئازایەتی لە وتنی راستییەکان.

کۆمەڵگاو بەشداری سیاسی

بەشداری سیاسی بۆ کۆمەڵگا، ئەم گرنگی و بایەخدانانەی هەیە:

*پاڵپشتیکردنی دیموکراسی و جێگیرکردنی لە هزری خەڵکیدا.

*بەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی بەهێز کە سود لە هێزی تاکەکانی وەردەگرێت، ئەگەرچی بیروڕای جیاوازیشیان هەبێت.

*پشتگیریکردنی ئازادییەکان و دەستکەوتەکانی مافی مرۆڤ.

*هێنانەئارای کۆمەڵگایەکی پێشکەوتو و تەندروست کە سود لە بزاوتە فیکرییەکان هەڵوێستی تاکەکانی وەردەگرێت.

*بەشداری لە ژیانی سیاسیدا، دەبێتە فاکتەری بەهێزکردن و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا، ئەمەش لە رێگەی دانانی بەرژەوەندی هاوڵاتی لەسەرو هەمو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە.

*ئەم بەشدارییە زامنی فرەیی دەکات، زامنی ئاشتیانەی دەستاو دەستکردنی دەسەڵات دەکات.

*چاودێریی میللی بۆ کایەی سیاس و بڕیارەکان، بەهێزترو بەرفراوانتر دەکات.

مەرجەکانی سەرکەوتنی بەشداری سیاسی و بەدیهێنانی ئامانجەکانی

1-رێزگرتن لە بیروڕای ئەوی دیکە و بیروڕای جیاواز.

2-داننان بە باشی و راستی بیروڕای ئەوانی دیکە و دەستخۆشی لێکردینان.

3-دوورکەوتنەوە لە سیاسەتی دەرکردن و پەراوێزخستن

4-دوورکەوتنەوە لە: دەمارگیری، توندڕەوی، توندوتیژی، خۆپەرستی، غرور، خۆبەزلزان، رق.

5-دوورکەوتنەوە لە بەرژەوەندی تایبەت لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی.

6-دوورکەوتنەوە لەوەی کێبڕکێکان بگاتە ئاستی ململانێی و پێکدادانی خوێناوی.

دواجار دەکرێت ئەم پرسیارە بکەین: بۆچی لەم قۆناغەدا بەشداری لە ژیانی سیاسی نیشتیمانەکەماندا بکەین؟

وەڵامی کورت و پوخت، بۆ ئەوەی دەسەڵات و بڕیاری سیاسی تەنها لە دەست حیزبێک یان بنەماڵەیەک یاخود گروپێکی دیاریکراودا نەمێنێتەوە. چونکە نیشتیمانبۆ هەمووانە و هەموانیش بەرپرسیارن لەوەی نیشتیمان و سەروەت و سامانەکەی لە دەست ئەوانە وەرگرنەوە کە یاری بە قووتی خەڵک دەکەن.

قۆناغەکانی بەشداری سیاسی

بەشداری سیاسی لەلایەن هاوڵاتیانەوەو لە نێوان ئاستە جیاوازەکاندا، بەرزی و نزمی بەخۆیەوە دەبینێت، جار هەیە بەشدارییەکی چڕو بەرفراوانە، جاریش هەیە بەشدارییەکی کەم و سست و لاوازە. هۆکاری ئەمەش بۆ بێئاگایی کۆمەڵگا و نەبوونی رۆشنبیری سیاسی دێت بە رۆڵ و گرنگی بەشداری سیاسی. ئەمە لە کاتێکدایە کۆمەڵگا بایی ئەوەندە رێکخراوی مەدەنی و دەزگای میدیایی و تاکی خوێندەوارو چالاکوانی سیاسی تێدایە، بتوانن ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوەو کۆمەڵگا لەو بێئاگاییە دەربهێنن. هۆکارێکی دیکەی بەرزو نزمی بەشداری سیاسی، بۆ لەدەستدانی متمانەی هاوڵاتیان بە پەرلەمان و پەرلەمانتاران دەگەڕێتەوە. هاوڵاتیان پێیانوایە نوێنەرەکانیان هەر هێندەی گەشتنە پەرلەمان، ئیدی میللەت لەبیردەکەن و سەرقاڵی جێبەجێکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیانن. ئەم حاڵەتانە وا دەکات هاوڵاتیان وەک پێویست بەدەم بەشداری سیاسییەوە نەچن. وەلێ ئەم بەدەمەوە نەچوونە دواجار بە زەرەری پرۆسەی دیموکراسی دەشکێتەوەو دەسەڵات و بڕیاری سیاسی لەدەست تاقمێکدا دەهێڵێتەوە. مەسەلەکە هەرچۆنێک بێت بەشداری سیاسی بە چوار قۆناغدا تێدەپەڕێت کە بریتین لەم قۆناغانەی خوارەوە:

یەکەم/ بایەخدان بە سیاسەت: بەوە دەبێت تاک لە کۆمەڵگاکەیدا، بەدواداچوون و بایەخ بە دۆزی وڵاتەکەی و رووداوە سیاسییەکانی بدات. لە هەمو کۆمەڵگایەکدا توێژێک هەیە، حەز دەکات قسەوباس لە سیاسەت بکات و بەشداری گفتۆگۆ سیاسییەکان بێت، چ لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەیدا بێت یان لەگەڵ هاوڕێ و هاوپیشەکانی سەر کارەکەی بێت. زۆرجار گرنگیدان بە سیاسەت لە ساتەوەختی بوونی کێشە و قەیرانەکاندا دەبێت.

دووەم/ مەعریفەی سیاسی: لێرەدا تاکەکانی ناو کۆمەڵگا، پێویستە زانیارییان لەسەر ئەو کەسایەتیانە هەبێت کە لە کۆمەڵدا رۆڵی سیاسی دەبینن، چ لەسەر ئاستی ناوخۆ یان لەسەر ئاستی دەرەکی. ناسینی دیدو بۆچونەکانیان و شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئەوانی دیکە و چۆنیەتی تەماشاکردنیان بۆ پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی. ئەم ناسینە پێویستیەکی سەرەتاییە بۆ تاک، لە پێناو ئەوەی بتوانێت ماف و داواکارییەکانی لەسەر چ سیاسییەک و گروپێک هەڵچنێت و لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بە کێ و کام پارتی سیاسی بدات.

سێیەم/ دەنگدانی سیاسی: بریتییە لە بەشداریکردنی سیاسیانەی تاک لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا، چ بە پەیداکردنی کۆمەکی دارایی و ئەنجامدانی ریکلام بۆ کاندیدەکان، یان بە بەشداریکردنی لە پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردانی ئەو لیست و قەوارەیەی خوازیاریەتی.

چوارەم/ داواکاری سیاسی: لەم قۆناغەدا هاوڵاتی داوای جێبەجێکردنی خزمەتگوزاری و ماف و ئازادییەکانی دەکات، لەکاتی هەستکردنی بە پێشێلکردنی مافەکانی، دەنگی ناڕەزایی بەرزدەکاتەوەو بە شێوەیەکی ئاشتیانە بەشداری رێپێوان و مانگرتنەکان دەکات.

لە کۆتایدا دەڵێین چەمکی بەشداری سیاسی، بەو مانایەی لەم نووسینەدا خراوەتەڕو، چەمکێکی نوێیە و زۆر نابێت هاتووەتە ناو کایەی سیاسییەوەو هێشتا وەک پێویست جێگیر نەبووەو بڵاونەبووەتەوە. بەشداری سیاسی، دەچێتە چوارچێوەی گوزارشتی سیاسی و داننان بە مافی ئەوانی دیکەدا، بەو پێودانگەی ئەوانی دیکەش هاوڵاتی یەکسانی ئەم وڵاتەن و مافی بەشداری سیاسییان هەیە، بێ هیچ جیاوازییەک لە ئاین و نەژادو رەگەزو رەنگی پێست و دەوڵەمەندی و هەژاری. جگە لەوە بەشداری سیاسی دێت بۆ ئەوەی ململانێکان و ناکۆکییەکان، لە رێگەی ئاشتی و دانوستان و گفتوگۆو هەڵبژاردنی پاک و بێ خەوشەوە، یەکلایی بکاتەوە. هەوڵدەدات ململانێکان وەلابخات و هاوکاریی وهاریکاری یەکتر شوێنیان بگرێتەوە. بەشداری سیاسی چەکێکی مەدەنی و ئاشتیانەی کاریگەرە بەدەست چین و توێژەکانەوە، بۆ گوزراشتکردن لە دیدو ویست و حەزو داخوازییەکانیان.

سەرچاوەکان

1-کتێبی سیاسەت و دونیا، مەریوان وریا قانع، چاپی یەکەم، ساڵی 2012.

2- www.ahewar.org

3-ar.wikipedia.org

4-http://democraticac.de

5-www.rdflwomen.org

6- www.vetogate.com

7-annabaa.org

8- www.mokarabat.com

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

6,227 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...