گوتراوە گەورەکان: ئایا تاکەکەس تا کوێ و چەند ئازادە؟

گوتراوە گەورەکان: ئایا تاکەکەس تا کوێ و چەند ئازادە؟

پرنسیپی زیانگەیاندن و ئازاردان . harm principle

لە ساڵی ١٨٥٩ دا دوو کتێب لە ئەوروپادا بڵاودەبێتەوە کە کاریگەرییەکی ھێجگار گەورە لەسەر دونیای دوای خۆیان بەجێدەھێڵن. یەکەمیان کتێبی ”ڕەچەڵەکی ڕەگەزەکان“ی چارلس داروینە و دووھەمیشیان کتێبی ”دەربارەی ئازادیی“ فەیلەسوفی ئینگلیزیی جۆن ستیوارت میلە. کتێبەکەی میل کتێبی بەرگریکردنێکی سەرسەخت و ھەمەلایەنە لە ئازادیی تاکەکەس و وەک ئینجیلی لیبرالیزمیش وێنادەکرێت. لە بەشی یەکەمی ئەم کتێبەدا میل یەکێک لە پرنسیپە ھەرە سەرەکییەکانی ناو فیکر و دونیابینیی لیبرالیزم بەرھەمدەھێنێت، کە ”پرنسیپی زیانگەیاندن و ئازاردان“ە، harm principle. ، ئەم پرنسیپەش پەیوەندییەکی پتەو و ڕاستەوخۆی بە چەمکی ئازادیی تاکەکەسەوە ھەیە

لەم کتێبەدا میل بەرگریی لەوە دەکات کە تاکەکەس پێویستە ئازادییەکی گەورە و بەرفراوانی ھەبێت، نە دەوڵەت و نە کۆمەڵگا، نە دین، نە بڕیاری سیاسیی و نە ڕای گشتیی، نابێت ئەو ئازادییانە سنووردار بکەن. جەوھەری تاکەکەس ئازادیە و پێویستە ئەم ئازادییەی بۆ دەستەبەربکرێت. بێگومان بێگومان میل دەزانێت ئازادیی ھیچ تاکەکەس و گروپێک، ئازادییەکی ڕەھا و بێسنوور نییە. ھەمیشە بەربەستێک ھەیە کە ئەو ئازادییە نابێت و ناکرێت تێیپەڕێنێت. بۆیە پرسیاری سەرەکیی کتێبەکەی ئەوەیە: ئایا ئەو بەربەستە چییە و کامەیە؟ لە وەڵامدا میل ”پرنسیپی زیانگەیاندن و ئازاردان“ پێشنیاردەکات. لەم ڕووەوە میل دەنووسێت: ”تەنھا ئامانجێک کە بەھۆیەوە دەکرێت دەسەڵات بەشێوەیەکی یاسایی بەسەر ھەر ئەندامێکی ناو کۆمەڵەیەکی شارساتنیدا، دژ بە ویست و ئیرادەی خۆی، پیادەبکرێت، ڕێگرتنە لە زیانگەیاندن بە ئازاردانی کەسانی تر“ 

بە مانایەکی دیکە تاکەکەس لە ھەموو کار و کردەوەیەکیدا ئازادە و نابێت ھیچ سنوور و ڕێگرێک لەبەردەم ئازایدا بەرزبکرێتەوە، چ لەڕێگای دەوڵەتەوە یان لە ڕێگای کۆمەڵگاوە، تەنھا لەو کاتەدا نەبێت کە ئەو ئازادییە ببێتە ھۆکاری زیانگەیاندن و ئازاردانی کەسانیتر. ئازادیی تاکەکەس مەسەلەیەکی بنەڕەتییە و ئەگەر پیادەکردنی نەبێتە ھۆی گەیاندنی ئازار و زیان بە کەسانی دیکە، نابێت ھیچ لایەنێک سنوورداری بکات. نە دەوڵەت لەڕێگای دەسەڵاتەکانی خۆیەوە، نە کۆمەڵگاش لە ڕێگای ”ڕای گشتیی“ یان ئەو دەسەڵاتە مەعنەوی و ئەخلاقییەوە کە لە فۆرمی توندوتیژیی رەمزیدا دەتوانێت تاکەکەس بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. لای میل مرۆڤ خاوەنی ئیرادەیە و ئەم ئیرادەیەش بە بەردەوامی ئازادە، تەنھا لەو کاتەدا نەبێت کە ئازادیی ئەم ئیرادەیە زیان بەوانیتر دەگەیەنێت و دەبێتە ھۆی ئازاردانیان. مادامەکی کەسێک ئازار بە دەوروبەرەکەی ناگەیەنێت، پێویستە ئەو دەوروبەرە وازیلێبھێنن بەو شێوەیە بژی کە خۆی دەیەوێت

لە دیدی ئەم فەیلەسوفەدا مرۆڤ لە ژیانیدا دووجۆر ئاکاری ھەیە، یەکەمیان ئەو ئاکارانەیە کە تایبەتە بە خودی خۆیەوە. دووھەمیان ئەو ئاکارانەیە کە پەیوەندیی بە کەسانیترەوە ھەیە. بە بۆچونی میل مرۆڤ لە یەکەمیاندا تەواو ئازاد و سەربەخۆیە، بەڵام لە دووھەمیاندا پێویستە ئەو ئاکارانە بەپێی یاسا ڕێکبخرێن
تاکەکەس خاوەنی جەستە و بیرکردنەوەی خۆیەتیی و بە شێوەیەکی ڕەھا ئازادە تیایاندا. لێرەدا تاکەکەس بوونەوەرێکی سەروەرە و ھێندەش ئازادە تەنانەت ئەگەر ھەڵسوکەوتەکانی زیان بە خودی خۆی بگەیەنێت و خۆی ئازار بدات، دەوڵەت و کۆمەڵگا بۆیان نییە دەستبخەنە ژیانی ئەو تاکەکەسەوە و ڕێگری لێبکەن. ”پرنسیپی زیانگەیاندن و ئازاردان“ پەیوەندیی بە ڕێگرتن لە ئازاردانی کەسانیترەوە ھەیە، نەک ئازاردانی خود خۆیەوە

پاراستن و بەرگریکردن لە قازنجی کەسە خۆی، پاراستنی لەوەی کە خۆی ئازاری خۆی نەدات و زیان بەخۆی نەگەیەنێت، نابێت ڕێگا بەوە بدات کە دەوڵەت یان کۆمەڵگا سنوور بۆ کارەکانی دابنێن. تاکەکەس ھێندە ئازادە دەتوانێت ئازاریش بەخۆی بگەیەنێت و زیان لە ژیانی خۆی بدات، بەبێ ئەوەی لەدەرەوەڕا ڕێگریی و کۆسپ بۆ ئەو کارە زیانبەخشانە دروستبکرێت، مادامەکی ئەو کارانە نابنە ھۆی ئازاردان و زیانگەیاندن بە کەسانیتر. بە کورتیی کاتێک ھەڵسوکەوتی تاکەکەسێک ھەڵەیە و دەبێت ڕێگریلێبکرێت، کە زیان بە کەسانی دیکە بگەیەنێت، یان ئەوەی ئەرک و بەرپرسیاریەکی لەسەربێت و ئەو ئەرک و بەرپرسیاریەتییانە جێبەجێ نەکات و بەمەش ئازاری ئەوانە بدات و زیانیان پێبگەنەیێت کە چاوەڕوانی ئەوەن ئەو کەسە ئەو کارانە ئەنجامبدات. یەکێک لەو نموونانەی کە بەردەوام بۆ شیکردنەوەی ئەم پرنسیپە دەھێنرێتەوە، مەسەلەی خواردنەوەی ئەلکھولە، بەپێی ئەم پرنسیپە ئەگەر خواردنەوەی ئەلکھول بەجۆرێک بێت تەنھا زیان بەو کەسە بگەیەنێت کە دەیخواتەوە، تا ئەو شوێنەش کە بیکوژێت، ئەمەیان مەسەلەیەکە و خۆی لێیبەرپرسیارە. نە دەوڵەت و نە کۆمەڵگا بۆیان نییە دەست بخەنە ئەم مەسەلەیەوە. بەڵام ئەگەر ئەو کەسەی کە ئەلکھول دەخواتەوە، بەڵام دوای خواردنەوەکە لەسەر شەقامێکی گشتیی ئۆتۆمۆبێل لێبخوڕێت، ئەودەم خواردنەوەکەی دەشێت زیان بە کەسانی تر بگەیەنێت، بۆیە دەبێت سزا بدرێت.
پرنسیپی زیانگەیاندن و ئازاردان جیاوازە لە مەسەلەی بێزاربوون و بێتاقەتکردنی کەسانیتر، ڕەنگە کەسانێک بە جۆرێکی تایبەت لە ھەڵسوکەوت قەڵس ببن، پێیان ناخۆشبێت و بێزارببن، بەڵام ئەمە جیاوازە لەوەی ئەو جۆرە ھەڵسوکەوتە زەرەریان لێبدات. بێزاربوون و زیانگەیاندن دووشتی لەیەکدی جیاوازن، قەڵسبوون و ناڕەحەتی سایکۆلۆژیی بەرامبەر بەوەی کەسێک ئەنجامیئەدات، یەکسان نییە بەوەی کە کەسێک لەڕێگای ھەڵسوکەوتێکی تایبەتەوە زیان بە کەسێکی دیکە بگەیەنێت. بێگومان ئەمە مانای ئەوە نییە مرۆڤ کاتێک دەبینێت مرۆڤێکی دیکە خەریکی ئازاردانی خۆی و گەیاندندی زیانە بە خۆی، بێدەنگبێت و ھیچ نەکات. دەکرێت لەگەڵ ئەو کەسەدا قسەبکرێت، گفتوگۆی لەگەڵدا ئەنجامبدرێت، زیانەکانی کردەوەکەی بۆ شەرحبکرێت، بەڵام کەس بۆی نییە ناچار یان زۆری لێبکات، بۆئەوەی ئەو کارە نەکات

لە ئەزموونی دیموکراسیی لیبرالیانەدا ئەم پرنسیپە کاریگەرییەکی ھێجگار گەورەی ھەبووە لەسەر دەرکردنی یاساکان و ڕێکخستنی یاسایی ناو سیستمە دیموکراسییە لیبرالییەکان. ئەو وێنەیەی تاکەکەس لەپشتی ئەم پرنسیپی ئازاردانەوە ئامادەیە، وێنەی کەسێکی عەقڵانیی و سەربەخۆیە کە خۆی بەرپرسیارە لە ھەڵسوکەت و بڕیارەکانی خۆی، نەک کۆمەڵگا و دەوڵەت. ئەم وێنەیە وێنەی تاکەکەسە وەک کەسێکی سەربەخۆ و کامڵ، خاوەن عەقڵ و ئیرادەیەکی سەربەخۆ، نەک وەک منداڵێک یان بوونەوەرێکی نوقسان کە پێویستی بە چاودێریکردنی کەسانێکی تر ھەبێت، کە خۆیان بە چاوساغ و ڕێنیشاندەری ئەو بزانن. بەبۆچونی من مامەڵە نەکردنی تاکەکەس وەک بوونەوەرێکی کامڵ و سەربەخۆ و دەستخستنە ناو بڕیارەکان و ژیانییەوە، بەناوی ھەر جۆرە چاوساغیەکەوە، لەڕووی ئەخلاقییەوە ھەڵەیە، لەڕووی سیاسییەوە دەبێتە ھۆی دروستکردنی دیکتاتۆریەت، لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە دەبێت بەھۆی ڕێگرتن لە دروستبوونی کۆمەڵگایەکی ئازاد.

سەرچاوە:

نووسینی: مەریوان وریا قانع

بە سوپاسەوە لە ئەکاونتی بەرێزیانەوە وەرگیراوە.

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

5,296 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...