گەندەڵی چییەو جۆرەکانی کامانەن و چارەسەرکردنی

گەندەڵی چییەو جۆرەکانی کامانەن و چارەسەرکردنی

پێشەکی

گەندەڵی دیاردەیەکە لە دیاردە کۆمەڵایەتییە خراپ و هەڵەکان، جۆرێکە لە بیرکردنەوە، لە ڕەفتارو هەڵسوکەوت، لە کۆکردنەوەی سەروەت و سامان بە شێوەیەکی ناشەرعی و نایاسایی کە تاکێک لە تاکەکانی کۆمەڵگا یان گروپێک یا کۆمپانیایەک یان دامودەزگایەکی حکومی یان ناحکومی، پێیهەڵدەستێت و ئەنجامیدەدات، لە پێناو دەستکەوت و بەرژەوەندی شەخسی لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی ئەوانی دیکە. کەواتە گەندەڵی بریتییە لە پێشێلکردنی یاساو لادانە لە نەریت و عورفی کۆمەڵگا.

ئەم دیاردە ناشرین و دزێوە، لە بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگاکاندا، بگرە دەتوانین بڵێین لە تەواوی کۆمەڵگاکاندا، بە رێژەو بڕی جیاواز، بڵاوبووەتەوەو بوونی هەیە. بە تایبەت لە کۆمەڵگا عەرەبی و ئیسلامییەکان، بە کۆمەڵگای کوردیشەوە، بڕو رێژەکەی هەم مەترسیدارەو هەم لە هەڵکشان و بەرزبوونەوەدایە. گەندەڵی و سەروەری یاسا، دووانەیەکی پێچەوانەن، بەو مانایەی لە غیابی یاساو نەبوونی لێپرسینەوەی یاسایی، تۆوی گەندەڵی بە ئاسانی چەکەرە دەکات و زۆر بە زویی گەشەو نەشونما دەکات و گەورە دەبێت. بە پێچەوانەشەوە، بوونی یاساو لێپرسینەوەی یاسایی، وا دەکات تۆوی گەندەڵی، خاکێکی بە پیت نەدۆزێتەوە بۆ گەشەو نەشونماکردن و گەورەبوون.

دیاردەی گەندەڵی بە مەترسیدارترین دیاردەی نەرێنی دادەنرێت، بۆسەر ئاسایشی نیشتیمانی و تێکدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان، بۆچی؟ چونکە ئەم دیاردەیە هەمو جومگە سەرەکی و هەستیارەکانی دەوڵەت دەگرێتەوە، لەوانە سوپا، هێزەکانی ناوخۆ، تەندروستی، پەروەردە، شارەوانییەکان، بازرگانی و کڕین و فرۆشتن و ...هتد. لە کێشەی گەندەڵیدا، حاڵەتێکی سەیر هەیەو پێویستە ئاماژەی پێبدەین و لەسەری بووەستین، ئەویش ئەوەیە، گەندەڵییە گەورەو مەترسیدارەکان، لەلایەن خەڵکان و گروپی دەستڕۆیشتوی ناو حکومەت و دەسەڵاتەوە ئەنجامدەدرێت، کەسانێک ئەنجامی دەدەن خاوەن پێگە و پۆستی گەورەن، پلەی وەزیفی بەرزیان هەیە، دەسەڵات و هێزی تایبەت بە خۆیان هەیە کە وا دەکات رووبەڕووی هیچ جۆرە لێپرسینەوەیەک نەبن. نەیاسا نە دادگاکان، ناتوانن سنورێک بۆ ئەو فەسادە بەربڵاوەیان دابنێن کە بە ئاشکرا ئەنجامیدەدەن. دۆسییەکانیان دادەخەن یان دەیشارنەوە یان هەر ئاوڕی لێنادەنەوەو بە پشتگوێخستنی دەسپێرن. بەڵام لەبەرامبەردا، هەم یاسا و هەم دادگکان، خەڵکانی سادە و بێ پشت و پەنا، لەسەر بچوکترین گەندەڵی دادگایی دەکەن و فڕێیان دەدەنە کونجی زیندانەکانەوە. بە ئاشکراو لە میدیاکاندا باس لە دۆسییەکانیان دەکەن و بە دەنگی بەرز قسەی لەسەر دەکەن و بڕیاری توندی لەبارەوە دەردەکەن. خودی ئەم حاڵەتەش بۆ خۆی جۆرێکی زەقە لە گەندەڵی و مەترسیداریشە، چونکە دادگاکان وەک تۆڕێکیان لێدێت لە بری گرتنی ماسییە زلەکان و سەرە گەورەکانی گەندەڵی، ماسییە بچوک و باریک و لاوازەکان دەگرن.

لە خوارەوە هەوڵدەدەین لەسەر شێوەی پرسیارو وەڵام درێژە بەم ئافاتە ترسناکە بدەین.

پرسیاری یەکەم: گەندەڵی چییە؟

وەڵام: گەندەڵێ بە گەلێک شێوە پێناسە کراوە، لەوانە بریتییە لە پێشێلکردنی یاساو پابەندنەبوون بە بڕیارو رێنماییە یاساییەکانەوە، یان ئیستیغلالکردنی یاسا لە پێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندی سیاسی یان ئابوری یان کۆمەڵایەتی یان مادیی بۆ کەسێک یا گروپێک یا حیزبێکی دیاریکراو. جگە لەوە رێخراوی شەفافییەتی نێو دەوڵەتی بەم شێوەیە پێناسەی گەندەڵی دەکات: هەر کارێک پلە و پۆستی گشتی، خراپ بەکاربێنێت بۆ بەرژەوەندی تایبەت بە خۆی یان بۆ گروپەکەی. لێرەوە بۆ پێناسەی گەندەڵی بەشێوەیەکی گشتی، دەکرێت بڵێین: گەندەڵی کارێکی نایاساییە بۆ خۆدەوڵەمەندکردنێکی نایاسایی و زەرەو زیانێکی گەورە بە بەرژەوەندی گشتی دەگەیەنێت.

پرسیاری دووەم: دیاردەکانی گەندەڵی چین؟

وەڵام: دیاردەی گەندەڵی لە کۆمەڵێ رەفتارو بڕیاردا دەردەکەوێت کە ئەوانەی لە پلەو پۆستی گشتیدان ئەنجامیدەدەن. لێکچونێکی زۆر هەیە لە نێوان دیاردەکانی گەندەڵی، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت بەم جۆرە دەسنیشانیان بکەین:

1-بەرتیل/الرشوە/ Bribery: یەکێکە لە دەردە کۆمەڵایەتییە ترسناکەکان و لە زۆربەی وڵاتاندا هەیە و دیاردەیەکە لە دیاردە هەرە سەرەکییەکانی گەندەڵی کە بە زۆر شێوە پیادە دەکرێت، لەوانە: پێدانی پارە بە کەسێک بە مەبەستی وەرگرتنی مافێک یان کارێک کە شایەنی وەرگرتنی نییە. خۆدزینەوەو ئەنجامنەدانی ئەرکێک لە ریگەی بەخشینی پارە یان هەر شتێکی دیکە، لە کاتێکدا دەبوا ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەیت و خۆتی لێنەدزیتەوە. کڕینی وەزیفەیەک بۆ کەسێک کە تواناو لێهاتویی و بڕوانامەی بۆ وەرگرتی ئەو وەزیفەیە نییە. ناچارکردنی خاوەن مافێک دەستبەرداری مافەکەی ببێت، سا لە رێی هەڕەشەو فشارەوە بێت یان لە رێی بەخشینی بڕێک پارەوە بێت کە خاوەن مافەکە بە زۆری زۆرداری ناچار بکرێت واز لەو مافەی بێنێت. ناچارکردنی خاوەن مافێک بە بەخشینی بەرتیل بۆ وەرگرتنی مافەکەی. راینەکردنی مامەڵەی هاوڵاتیان تەنها لە رێگەی دانی بەرتیلەوە نەبێت.

2-خزمخزمێنە/المحسوبیە/ Nepotism: واتە بەخشینی کارێک، پۆستێک، تەندەرێک، زەوییەک، پرۆژەیەک، بە کەسێک یان بە کۆمپانیایەک کە موستەحەقی وەرگرتنی نییە. ئەو کەسە یان ئەو کۆمپانیایە، خزم و کەسوکارو هاوڕێی نزیکی ئەو بەرپرسەیە کە بڕیارەکەی لەبەردەستدایە. لێرەدا بە هیچ جۆرێک رەچاوی تواناو لێهاتویی و شارەزایی ناکرێت، بەڵکو خزمایەتی و نزیکایەتی رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن. خزمخزمێنە جۆرێکە لە کوێربوونی ویژدانی کە ئامادە نییە دادپەروەری و یەکسانی لە شوێنی راستەقینەی خۆیان دابنێت. لە ئێستادا ئەم دیاردەیە بووەتە تەوقی بەڵایەک و کراوەتە گەردنی زۆرێک لە کۆمەڵگان و بووەتە نەریتێک کە زۆر دوورە لە بەها مرۆیی و ئەخلاقییەکانەوە. لە زۆر شوێندا پەتای خزمخزمێنە، وەک ئەرک و واجبێکی لێهاتووە، ئەگەرچی دژ بە بەرژەوەندی گشتییە و ناکۆکە لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ و یاسا زەمینی و ئاسمانییەکان. لەوەش خراپتر ئەوەیە هەندێک بە پاساوی (سیلەی رەحم)، ئەم دیاردەیە بە حاڵەتێکی سروشتی و نۆرماڵی دادەنێن و نایخەنە خانەی گەندەڵییەوە، لەکاتێکدا جۆرێکە یان دەرکەوتەیەکی دزێوی پرۆسەی گەندەڵییە. مەحسوبییەت ستەم و زوڵمی کۆمەڵایەتی گەورەترو قووڵتر دەکاتەوە، ئاشتی کۆمەڵایەتی تێکدەدات، تواناو لێهاتوویی کەسەکان بێنرخ دەکات، حساب بۆ یاسا ناکات، رۆحی داهێنان و ئەفراندن دەکوژێت، خاوەن بەهرەو تواناکان ناچار بە رۆشتن و جێهێشتنی نیشتیمان دەکات، خۆشەویستی و پەرۆشی بۆ ئەنجامدانی کارو ئەرکی سەر شان سست و لاواز دەکات.

خزمخزمێنە گوزارشتە لە واقعێکی تاڵ و بەئازار، واقعێک تێدا ستەمێکی زۆر لەو خەڵکانە دەکرێت کە هیچ پاڵپشت و کەسێکی بەرپرسیان نییە و بە ئاسانی مافەکایان پێشێل دەکرێت. بێگومان ئەمە لە مەودای دووردا، وا دەکات ئەو خەڵکانە متمانەیان بە سیستمی سیاسی نەمێنێت و هەستی هاوڵاتیبوونیان تا ئاستێکی زۆر لاوازدەبێت. ئەم دەردە کۆمەڵگا بۆ چەند گروپێکی بەرژەوەندخواز دابەشدەکات کە لە نێو خۆیاندا دەکەونە ململانێی ناشەریفانە بۆ وەرگرتنی زۆرترین دەستکەوت. جگە لەوانە خزمخزمێنە بەربەستێکە لەبەردەم گەشەکردن و بوژانەوەی ئیداری لە کۆمەڵگادا، رێگرە لە سەروەربوونی یاسا و کار بۆ تێکشکاندنی یاساو رێکارە یاساییەکان دەکات. خزمخزمێنە دیاردەی پەنابردن بۆ دەسەڵاتداران، لەسەر حسابی پەنابردن بۆ یاسا، بەهێزتر دەکات، واتە یاسای هێز شوێنی هێزی یاسا دەگرێتەوە.

3-واستە/Wasta: واستە لەوە دەرچووە تەنها دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بێت، بەڵکو بووەتە شێوازێکی ژیان و لە کۆمەڵگادا پەیڕەو دەکرێت. لە ئێستادا وەک شێرپەنجە لەناو جومگەکانی کۆمەڵگادا بڵاوبووەتەو خەریکە بە تەواوی هەڕەشە لە خاوەن بەهرەو تواناکان دەکات. هەنوکە تۆڕێک لە پەیوەندی واستەئامێز پێکهاتووە، کاریان ئەوەیە خەڵکانی کەم تواناو بێ بەهرە، لەسەر حسابی خەڵکانی بەهرەدارو بە تواناکان، دێننە پێشەوەو پلەو پۆستەکانیان پێ پڕدەکەنەوە. بەمەش چەمکی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی و دادپەروەری، دەبنە چەمکگەلێکی کۆن و سواو و لەگەڵ یاسای (واستەو خزمخزمێنە) ناگونجێت. وەرگرتنی وەزیفەیەک، دامەزراندن لە کارێکی حکومی یان نا حوکمی، هەرچەندە زۆر بچوکیش بێت، ئەوا بەبێ واستە ناتوانیت بەدەستی بهێنیت. بە کورتی واستە واتە دەستخستنە ناو کارێکەوە بۆ بەرژەوەندی کەسێک یان گروپێک، بە پێ رەچاوکردنی یاساو بنەماکانی کار و توانای پێویست بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە. بۆ نموونە دامەزراندنی کەسێک لە پۆستێکی تایبەتدا بە هۆی خزمخزمێنەو ئینتیمای حیزبی، ئەگەرچی ئەو کەسە هیچ تواناو شارەزاییەکی نییە و شایەنی ئەوە نییە ئەو پۆستە وەربگرێت. ئەمە وا دەکات مافی هەمو ئەو خەڵکانە بفەوتێت کە وەزیرێک یان بەرپرسێکی گەورە یان بەڕێوەبەرێک ناناسن، ئەگەرچی تواناو شارەزاییان هەیە. کەچی بە پێچەوانەوە، ئەوانەی واستەیان هەیە، بە ئاسانی پلە و پۆست و وەزیفەکان وەردەگرن و هیچ توانایەکی ئەوتۆشیان نییە.

مەترسی واستە تەنها لەوەدا نییە خەڵکانی کەم توانا دەگەیەنێتە پلەو پۆستە باڵاکان، بەڵکو لەوەدایە بووەتە کەلتوور، بووەتە دیاردەیەک ئەنجامدەرانی خۆشحاڵن پێی، بووەتە حەقیقەتێک و خۆی دەسەپێنێت بەسەر هاوڵاتیاندا، وایلێهاتووە خەڵکی بە تەواوی دەستوپەنجەیان لەگەڵیدا نەرمکردووەو بەلایانەوە ئاساییە بۆ هەمو کارو ئەرکێک پەنای بۆ ببەن. واستە تێکەڵ بە نەسیجی کۆمەڵایەتی و عورف و نەریتی کۆمەڵگا بووەو ئەنجامدەرانی خۆیانی پێوە هەڵدەکێشن و شەرم لە پەنابردن و بەکارهێنانی ناکەن.

4-دزینی پارەی گشتی: سەرەتا با بزانین پارەی گشتی چییە و چی دەگرێتەوە. پارەی گشتی هەمو ئەو سەروەت و سامانەیە کە موڵکی میللەتە و دەوڵەت هەڵسوکەوت و ئیدارەی دەدات. وەک سەرچاوە سروشتییەکان، دارستانەکان، رووەکەکان، سەرچاوە ئاوییەکانی بن زەوی و سەر زەوی، دامودەزگاکانی دەوڵەت و کۆمپانیا نیشتیمانییەکان، مۆزەخانەکان، شانۆکان، نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان، گومرکەکان، باجەکان، کۆمەک و یارمەتییە دەرەکییەکان ئەگەر بە ناوی دەوڵەتەوە وەربگیرێت ئەوا دەبنە موڵکی میللەت، وەرگرتنی قەرزە دەرەکییەکان چونکە دواتر ئەو قەرزانە لە پارەی میللەت دەدرێتەوە. ئەوانە بە شێوەیەکی گشتی سەروەت و سامانی میللەتەو خاوەندارییەتی بۆ میللەت دەگەڕێتەوە. ئێستا بابزانین شێوەو شێوازی دزی و بەهەدەردانی سامانی گشتی چۆنە؟

یەکەم: دزینی راستەوخۆی پارەی دەوڵەت. دووەم: بەهەدەردانی پارەی دەوڵەت لە چوارچێوەی ئاهەنگ و بۆنە حیزبییەکاندا. سێیەم: بەخشینی خەڵکانی تایبەت و گروپ و کۆمپانیای حیزبی لە دانی باج. چوارەم: تەرخانکردنی موچەی زۆر قەبەو گەورە بۆ بەرپرسان. پێنجەم: خەرجکردنی پارە بۆ پرۆژەی وەهمی. شەشەم: داگیرکردنی زەوی کشتوکاڵی و بەخشینەوەی بەسەر بەرپرسان و دەسەڵاتداراندا. حەوتەم: کڕینی کەلوپەلی فەرمانگەکان بە نرخی زۆر گرانبەهاو سەرفکردنی پارەی زۆر خەیاڵی بۆ ئەو مەبەستە. هەشتەم: بەکارهێنانی ئامێرو مومتەلەکاتی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندی تایبەتی. نۆیەم: واژۆکردنی گرێبەستی ناڕوون و نا شەفاف لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحە بیانییەکان...هتد.

پرسیاری چوارەم: هۆکاری بڵاوبوونەوەی گەندەڵی چییە؟

وەڵام: هەرچەندە نیمچە کۆدەنگییەک هەیە لەسەر ئەوەی گەندەڵی، رەفتارو هەڵسوکەوتێکی مرۆییە و دەوڵەمەندبوونی خێراو بەرژەوەندی شەخسی، بزوێنەری سەرەکییەتی. لەگەڵ ئەوەشدا هۆکارگەلێکی زۆر لە پشت بڵاوبوونەوەی گەندەڵی هەیە کە لە خوارەوە هەندێکیان دەخەینەڕوو:

1-بڵاوبوونەوەی نەخوێندەواری و دواکەوتوویی و نەبوونی هۆشیاری بە مافی تاکە کەسی.

2-باڵادەستی نەریت و کەلتوری خزمایەتی و حیزبایەتی.

3-پابەندنەبوون بە هاوسەنگی نێوان هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری و باڵادەستی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەسەر هەردوو دەسەڵاتەکەی دیکەدا، ئەمەش پرنسیپی لێپرسینەوەو چاودێری لاواز دەکات، جگە لەوە لاوازی و بێ دەسەڵاتی و ناسەربەخۆیی دادگاکان، هۆکارێکی گەورەی هاندانە بۆ گەندەڵی.

4-لاوازی دەزگای چاودێری دەوڵەت و زاڵبوونی ویست و حەزی تاکە کەسی و حیزبی، بەسەر دەزگاکانی چاودێری.

5-فرسەتی ئەنجامدانی گەندەڵی لە قۆناغی گواستەوەو ئەو ماوانەی تێیدا وەرچەرخانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی روودەدات، زیاترو زۆرتردەبێت. لەو ساتەوەختەدا بەهۆی نەبوونی یان تەواونەکردنی دامودەزگاکان لە چوارچێوەیەکی یاسایدا، ژینگەیەکی لەبارو گونجاو بۆ گەندەڵی و گەندەڵکاران خۆشدەکات.

5-لاوازی سەرکردایەتی سیاسی و فەرمانڕەوایانی وڵات بۆ بنبڕکردن و نەهێشتنی گەندەڵی، ئەمەش بەوەی رێوشوێنی توندو گونجاو و بڕیاری دروست و یەکلاییکەرەوە، دژ بە گەندەڵکاران دەرناکەن، چونکە بەشێک لەو سەرکردە سیاسیانە و بەشێک لە فەرمانڕەواکان، بۆخۆیان نوقمی گەندەڵی بوون.

6-کەمی موچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و بەرزبوونەوەی ئاستی گوزەران، ئەمە کەشوهەوایەکی گونجاو بۆ هەندێک لەفەرمانبەران خۆشدەکات تا بە شوێن سەرچاوەی دیکەی پەیداکردنی پارەو بژوێدا بگەڕێن، ئەگەر چی لە سنورو چوارچێوەی گەندەڵیشدا بێت.

7-نەبوونی میدیای ئازادو رێگریکردن لە میدیاو هاوڵاتیان، بەوەی دەستیان بگاتە زانیارییەکان و تۆمارە گشتییەکان، ئەمەش وا دەکات نە میدیاو نە هاوڵاتی، نەتوانن بە رۆڵی چاودێری خۆیان هەستن و چاودێری کارەکانی حکومەت و دامودەزگاکانی بکەن.

8-لاوازی و سستی رۆڵی کۆمەڵگای مەدەنی و دەزگاکانی تایبەت بە چاودێری، یان سەربەخۆنەبوونیان لە کارەکانیان.

9-نەبوونی ئەو یاساو رێنمایی و دەزگایانەی گەندەڵی لەناودەبات، نەبوونی سزای پێویست و قورس و سەخت بۆ ئەنجامدەرانی.

10-بەکارهێنانی پۆستی گشتی لای هەندێک لە بەرپرسان (وەزیرەکان، جێگرەکانیان، راوێژکارو بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەرپرسانی گەورەی سەربازی و ...هتد) بۆ وەرگرتنی ئیمتیازی تایبەت، وەک ئەو قۆرخکاریانەی پەیوەستە بە پرۆژەکانی ژێرخانی وڵات و ئاوەدانکردنەوەو هاوردەکردنی کەلوپەلی سەرەکی.

11-قۆستنەوەی پۆستی گشتی بۆ بەرژەوەندی سیاسی، وەک تەزویرکردنی هەڵبژاردنەکان یان کڕینی دەنگی دەنگدەران. کاریگەری دروستکردن لەسەر بڕیاری دادگاکان و کڕینی هەندێک لە دادوەرەکان یان کڕینی وەلائی هەندێک کەس و گروپی جیاواز جیاواز.

12-هۆکارە دەرەکییەکانی گەندەڵی کە لە ئەنجامی بوونی بازرگانی و بەرژەوەندی لەگەڵ کۆمپانیا دەرەکییەکانی وڵاتانی دیکەوە دێتەئارا. بەکارهێنانی ئامرازی نا یاسایی لەلایەن کۆمپانیاکا دەرەکییەکانەوە بۆ وەرگرتنی ئیمتیازات و قۆرخکاری لەناوەوەی وڵات. یان هاوردەکردنی بەروبومی خراپ و ماوەبەسەرچوو.

پرسیاری پێنجەم: جۆرەکانی گەندەڵی چییە؟

وەڵام: لە راستیدا ئاسان نییە جۆرەکانی گەندەڵی بە وردی و بە شێوەیەکی تەوا، دەستنیشان بکرێت، چونکە هەر لایەنەو بە جۆرێک ئەنجامیدەدات. لەوانەیە تاکە کەسێک یان گروپێک یا دەزگایەکی تایبەت یان دەزگایەکی فەرمی یان نافەرمی، حکومی یا ئەهلی پێیهەستێت. رەنگە مەبەست لەو گەندەڵییە سودێکی مادیی یا دەستکەوتێکی سیاسی یا کۆمەڵایەتی بێت. رەنگە گەندەڵییەکە تاکە کەسی بێت و یەکێک بێ رێکەوتن و تەنسیقکردن لەگەڵ کەسانی دیکە یان لایەنی دیکە ئەنجامی بدات. هەروەها رەنگە گروپێک بە شێوەیەکی رێکوپێک و بەپێی پلان و تەنسیقی پێشوەختە ئەنجامی بدەن، ئەمەش مەترسیدارترین جۆری گەندەڵییەو رۆدەچێتە نێو نەسیجی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگاوە. لێرەوە گەندەڵی بەپێی جۆری پیادەکردن و ئەجامدانی، دەکرێت بە دوو جۆرەوە:

یەک: گەندەڵی ئاسۆیی/فساد افقی: گەندەڵییەکی بچوکە Corruption Minor، بەشێوەیەکی گشتی کەرتی فەرمانبەران دەگرێتەوە، لێرەدا فەرمانبەران هیچ کارێک یان مامەڵەیەک، چەند بچووک و سادەش بێت، بەبێ بەرتیل رایناکەن. مەرج نییە ئەو بەرتیلە گەورەبێت، بەڵکو زۆرجار بڕە پارەیەکی زۆر کەمە یان دیارییەکی بچوکە یا دەعوەتێکی هاکەزاییە. شارەزایانی بواری گەندەڵی، پێیانوایە ئەم جۆرە گەندەڵییە زیانی زۆر نییە و کاریگەری گەورەی لەسەر کەرتی ئابوری وڵات نابێت، چونکە لە ئاستێکی نزمی ئیداریدا روودەکات (فەرمانبەرێک یان سەرۆکی بەشێک) پێیهەڵدەستێت. ئەوانە پشت و پەنایان نییە و کەس بەرگریان لێناکات، بۆیە کاتێ ئاشکرادەبن، سزا دەدرێن.

دوو: گەندەڵی ستوونی/فساد عمودی: گەندەڵییەکی گەورەیە Corrupiton Minor، لە سەری سەرەوە بەرەو خوارەوە دەستپێدەکات، واتە سەری سەرەوەی دەسەڵات گەندەڵە، دواتر ئەم گەندەڵییە دەگوازرێتەوە بۆ سەرۆک وەزیران، پاشان بۆ وەزیرەکان و بیرکارەکانیان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان. ئەم گەندەڵییە لەلایەن سەری دەسەڵاتەوە پارێزراوە. کەواتە ئەم جۆرە لە گەندەڵی، لەلایەن بەرپرسە گەورەکانەوە ئەنجامدەدرێت و پەیوەستە بە گەندەڵی گەورەو بەرفراوانەوەو لەوە دەرچووە بریتیبێت لە مامەڵەیەکی بچوکی ئیداری رۆژانە. دەستکەوتەکانی ئەم شێوازەی گەندەڵێ، زۆر لە وەرگرتنی بەرتیلێکی کەم گەورەترە.

پرسیاری شەشەم: گەندەڵی چ کاریگەرییەک بەجێدەهێڵت؟

وەڵام: گەندەڵی لە کایەکانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی، کۆمەڵێ دەرئەنجامی قورسی لێدەکەوێتەوە. دەکرێ ئەو دەرئەنجامانە لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورت بکەینەوە:

1-کاریگەری گەندەڵی لە کایەی کۆمەڵایەتیدا: دەبێتە هۆکاری لەناوبردنی بەها ئەخلاقییەکان و بڵاوبوونەوەی نائومێدی و گوێنەدان و هەڵوێستی نەرێنی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا. دەرکەوتنی توڕەیی و هەڵچوون لە دەربڕینی بیروڕاو گفتوگۆکان. بڵاوبوونەوەی تاوان وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر هەرەسهێنانی بەهاکان و نەبوونی دەرفەتی یەکسان لەبەردەم هەمواندا. دەوڵەمەندبوونی خێراو لەناکاو بۆ ئەو کەسانەی لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون. گەندەڵی هیچ نرخ و بەهایەک بۆ کار (پیشە) ناهێڵێتەوە. هەستی زوڵم و غەدر لای زۆربەی کۆمەڵگا بەهێزتر دەکات، ئەمەش پەشێوی و ناکۆکی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوەو ڕق و کینە لە نێوان توێژەکانی کۆمەڵگادا بڵاودەکاتەوە. ژمارەی خەڵکانی هەژارو ئەوانەی پەراوێزخراوون تا بێت روو لە زیادبوون دەکات، بە تایبەت ئافرەتان و گەنجان و مناڵان.

2-کاریگەری گەندەڵی لەسەر گەشەی ئابوری: گەندەڵی چەندین کاریگەری نەرێنی لەسەر گەشەی ئابوری بەجێدەهێڵت، لەوانە راکێشای وەبەرهێنانی دەرەکی شکستپێدەهێنێت، راکردنی سەرمایەی ناوخۆ بۆ دەرەوەی وڵات. چونکە گەندەڵی ژینگەیەک دەخوڵقێنێت کە ململانێی ئازادو سەربەخۆو پاکی تێدانییە، ژینگەیەکی پڕ پەشێوی و ئاژاوە، ژینگەی لەو جۆرە یارمەتیدەر نییە بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی دەرەکی و ناوەکی. ئەمەش دەبێتە هۆکاری نەبوونی دەرفەت و هەلی کارو بڵاوبوونەوەی دیاردەی بێکاری و هەژاری. بەهۆی پرۆژەی تاکە کەسی و بەرپرسە باڵاکانەوە، کە ئامانج لێی دەستکەوت و قازانجی خێرایە، بەهەدەردانێکی گەورە لە داهاتە سروشتییەکاندا روودەدات. شکستهێنان لە وەرگرتنی کۆمەک و یارمەتی دەرەکی، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی گەندەڵی و خراپی سومعەی سیستمی سیاسی . کۆچکردنی سەرمایەداران و توانا ئابورییەکان بۆ دەرەوەی وڵات، لەبەر نەبوونی رێزو بەشداری پێنەکردنیان لە وەرگرتنی پرۆژەو پۆستە گشتییەکاندا. جگە لەوە وەک دەوترێت سەرمایە ترسنۆکە و نایەوێت لەژینگەیەکی نائارام و پڕ پەشێویدا کاربکات.

3-کاریگەری گەندەڵی لەسەر سیستمی سیاسی: گەندەڵی کاریگەری خراپ لەسەر سیستمی سیاسی بەجێدەهێڵێت، چ لە رووی شەرعییەتی سیستمەکەوە یان لە رووی سەقامگیری و سومعەی سیاسییەوە. گەندەڵی سیستمی دیموکراسی دەخاتە ژێر پرسیارەوەو توانای بۆ رێزگرتن لە مافە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی هاوڵاتیان پێشێل دەکات، لە پێش هەمویانەوە مافی یەکسانی و دەرفەتی وەکیەکی و ئازادی گەیشتن بە زانیارییەکان و ئازادی میدیا. ئەمە جگە لەوەی توانای شەفافبوون و کرانەوەی زیاتری سیستمەکە لاواز دەکات. تەنانەت کار دەگاتە ئەوەی وەرگرتنی بڕیارە چارەنوسسازەکانیش، بەپێی بەرژەوەندی شەخسی وەردەگیرێت و رەچاوی بەرژەوەندیی گشتی ناکرێت. گەندەڵی رێگاخۆشکەرە بۆ بەریەککەوتنی بەرژەوەندییە ناکۆکییەکانی گروپە جیاوازەکان، ئەمەش کەشوهەوایەکی پڕ لە نیفاق و درۆ دێنێتە ئاراوەو دەبێتە هۆی لاوازی دەزگا گشتییەکان و دەزگاکانی کۆمەڵی مەدەنی و رۆڵی دەزگا نەریتییەکان بەهێزتر دەکات. هەر هەمو ئەوەش وا دەکەن ژیانی دیموکراسی سەخت بێت یان لە مەحاڵ نزیک ببێتەوە، بێگومان ئەمەش سومعەی سیستمە سیاسییەکە لەکەدار دەکات و پەیوەندییە دەرەکییەکانی، لەگەڵ وڵاتانی زلهێز کە کۆمەکی مادیی دەکات، کێشەی گەورەی تێدەکەوێت. وا دەکات ئەو دەوڵەتانە بۆ پێدانی قەرزو کۆمەکی مادیی، مەرجی قورس بسەپێنن و هەندێجار ئەو مەرجانە سەروەری دەوڵەتەکەش دەگرێتەوە. لە ئەنجامی نەمانی متمانە بە دەزگا گشتی و شەرعییەکان و دەزگاکانی چاودێری و لێپرسینەوە، بەشداری سیاسی تا ئاستێکی زۆر لاوازو بێ نرخ دەبێت.

پرسیاری حەوتەم: گەندەڵی دەرەکی چییە؟

وەڵام: گەندەڵی دیاردەیەکی ناوخۆیی نییە تەنها پەیوەست بێت بە سیستمە سیاسییەکەوە یان بە یەک دەوڵەتەوە. دەکرێت گەندەڵی سنورەکان ببەزێنێت و لە کیشوەرێکەوە بڕوات بۆ کیشوەرێکی دیکە، لەم سەری دونیاوە دەفڕێت بۆ ئەوی سەری دونیا. سەرچاوەی ئەم جۆرە گەندەڵیانە، کۆپانیا فرە ڕەگەزەکان و رێکخراوە حکومی و ناحوکمییە نێودەوڵەتییەکانە. زۆرێک لە کۆمپانیا گەورەکانی جیهان کە بە درێژایی سنورەکان درێژبووەتەوە، کۆمەڵێ رەفتاری هەیە دەکرێت وەک وێنەیەک لە وێنەکانی گەندەڵی دەرەکی لەقەڵەم بدرێت، لەوانە فشار خستنە سەر حکومەتەکان بۆ کردنەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەکانیان، یان واژۆکردنی گرێبەستی ناڕوون بۆ دەرهێنانی سامانی سروشتی. جار هەیە ئەو کۆمپانیانە بۆ وەرگرتنی گرێبەستەکان، پەنا دەبەنە بەر پێدانی بەرتیل بە بەرپرسە باڵاکان و دەسەڵاتدارەکان. جگە لەوە ئەو کۆمپانیا زەبەلاحانە، بەرتیل بە کۆمپانیا ناوخۆییەکان دەدەن تا بەروبوومە خراپ و بەسەرچووەکانیان، یان ئەو بەرهەمانەی لەگەڵ مواسەفاتە داواکراوەکاندا ناگونجێت، لەناوخۆدا بۆ سەرف بکەن. لێرەوە بۆ رێگرتن لە گەندەڵی دەرەکی، زۆرێک لە وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و گردبوونەوە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان، چەندین رێکەوتنی نێودەوڵەتیان بۆ نەهێشتنی گەندەڵی واژۆکردووە. لەوانە نەتەوە یەکگرتوەکان رێکەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ نەهێشتنی گەندەڵی راگەیاند، رێکەوتنی هەردوو ئەمریکاکە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی، رێکەوتنی ئەنجومەنی ئەوروپی بۆ یاسای جنائی سەبارەت بە گەندەڵی. رێکەوتنی نێودەوڵەتی فرە لایەن، دژ بە گەندەڵی دەرەکی، هەوڵەکانی نەهێشتنی گەندەڵی لە زۆربەی وڵاتان بەرەو پێشەوە بردووە.

پرسیاری هەشتەم: میکانیزمی نەهێشتنی گەندەڵی چییە؟

وەڵام: کۆمەڵێ چەمک هەیە کە پەیوەستن بە چەمکی گەندەڵییەوەو رەگەزە سەرەکییەکانی ستراتیژیەتی نەهێشتنی گەندەڵی پێکدەهێنن، لەوانە چەمکەکانی: موحاسەبە، لێپرسینەوە، شەفافییەت، دەستپاکی. لە خوارەوە بە کورتی باسیان لێوە دەکەین.

موحاسەبە/المحاسبە: بریتییە لە ملکەچبوونی ئەو کەسانەی پۆستە باڵاو گشتییەکان وەردەگرن، بۆ لێپرسینەوەی یاسایی و کارگێڕی و ئەخلاقی، لە دەرئەنجامی ئەو کارانەی پێیهەستاون. واتە فەرمانبەرانی حکومی، بەرپرسیارن لەبەردەم لێپرسراوەکانیاندا (ئەوانەی پلەی وەزیفیان بەرزترەو لە دامودەزگاکاندا لە هەرەمی سەرەوەن، واتە وەزیرەکان و جێگرەکانیان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەری فەرمانگەکە)، ئەمانیش لای خۆیانەوە ملکەچی دەسەڵاتی یاسادانانن کە چاودێرە بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە.

لێپرسینەوە/المساءلە: بریتییە لە توانای پێشکەش کردنی وەڵام و تەحەمولکردنی بەرپرسیارەتی و خستنەڕووی حساب و کتیاب. ئەرکی بەرپرسەکانە،چ ئەوانەی دامەزراون و چ ئەوانەی هەڵبژێردراون، راپۆرتی دەوری لەسەر ئەنجامی کارەکانیان و ئاستی سەرکەوتنیان پێشکەش بکەن. مافی هاوڵاتیانە زانیاری پێویستیان سەبارەت بە کاروبارە ئیدارییە گشتییەکان بخرێتە بەردەست (کاروباری ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرەکان و ...هتد). تا دڵنیابن لەوەی کاری ئەو بەڕێزانە کۆک و تەبابە لەگەڵ بەها دیموکراتییەکان و لەگەڵ بەها مرۆییەکان و دوورە لەکاری نایاسایی و گەندەڵی.

شەفافییەت: زۆرجار لە زاری بەرپرسانی حکومەتەوە گوێمان لەوە دەبێت کە کاروبارەکانی حکومەت شەفافە، ئایا ئەمە مانای چییە؟ مانای ئەوەیە سەرچاوەکانی داهات، خەرجییەکان، بودجەی دەوڵەت، کارو پرۆژەکان، سەرجەمیان شەفافن و هەر کەسێکیش دەیەوێت دەتوانێت بیبینێت، ئەگەر هەر کەمتەرخەمی و کەموکوڕییەک هەبێت، ئەوا ئامادەن بۆ موحاسەبەکردن و لێپرسینەوە. لێرەوە سەیر نییە کاتێک لە وڵاتێکی دیموکراسیدا، بە ئاشکرا گوێمان لێدەبێت سەرۆکی وڵاتەکە یان وەزیرێک، بە گەندەڵی یان بە وەرگرتنی بەرتیل تۆمەتبار دەکرێت. بۆچی سەیر نییە؟ چونکە لەو وڵاتەدا چاودێری ئەمانەتێکە میللەت لە ئەستۆی خۆی گرتووەو ئەو مافەی هەیە کە بزانێ داهاتی وڵاتەکەی چی لێدێت و چۆن سەرفدەکرێت. حەقی ئەوەی هەیە ئاگاداری سەرۆک و وەزیرەکانی بێت بەوەی ماڵی گشتی چی لێدەکەن و چۆن رەفتاری لەگەڵدا دەکەن. ئایا لەو پرنسیپ و پلان و یاساو رێنماییانە لایانداوە کە دەستور یاسای خرجکردنی بودجە بۆی دیاریکردوون یان نا. ئەگەر لایاندابێت و گەندەڵییان تێداکردبێت، ئەوا بە رۆژی رووناک باس دەکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

لێرەوە شەفافییەت یەکێکە لە پرنسیپە هەرە گرنگەکانی حکومەت، گرنگی ئەم پرنسیپە لەوەدایە یەکەمین چەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رێگریکردن لە تاڵانکردنی دارایی گشتی. یەکەمین هەنگاوە بۆ وەستان بە رووی هەمو دیاردەو دەرکەوتەکانی گەندەڵیدا. نەبوونی شەفافییەت، دەرگا بەڕووی ئەنجامدانی گرێبەست و ێەفقاتی پڕ گەندەڵی دەکاتەوە کە بە نهێنی و لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە واژۆدەکرێن. وەلێ لەگەڵ بوونی شەفافییەتدا، ئەوا زەحمەتە گروپێک دەسەڵات بە خراپ بەکاربێنێت و لە پشتی دەرگا داخراوەکان و بە نهێنی، دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی شەخسی و تایبەتی خۆی بەکاربێنێت. شەفافییەت ئەو دەرگا داخراوانە بە ئاسانی دەکاتەوەو لێناگەڕێت کاروبارەکان لە تاریکیدا ئەنجامبدرێن. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەین میدیا، لە بەدیهێنانی شەفافییەت دا، رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت. ئازادی قسەکردن و ئازادی بڵاوکردنەوە، یارمەتیدەرە بۆ پارێزگاریکردن لەم پرنسیپە، لە هەمان کاتدا رووناکی دەخاتە سەر هەر گەندەڵییەک و ئاشکرای دەکات. بڵاوکردنەوەی زانیاری و داتاکانی حکومەت و بە ئاشکرا وردبینیکردن لەو زانیاری و داتایانە، لە میدیا بینراو و بیستراو نووسراوەکاندا، رەگەزێکی سەرەکییە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و هەڵکێشانی لە رەگ و ریشەوە.

دەستپاکی: بریتییە لە کۆمەڵێ بەهای پەیوەست بە راستگۆیی و ئەمانەت و دڵسۆزیی لە کاردا. هەرچەندە لە نێوان هەردوو چەمکی شەفافییەت و دەستپاکیدا، لێکچونێکی زۆر هەیە. بەڵام ئەمەی دواییان پەیوەستە بە بەهای مەعنەوییەکانی ئەخلاقەوە، بەڵام ئەوەی یەکەمیان پەیوەستە بە سیستم و گرتنەبەری رێوشوێنی عەمەلییەوە. لە زۆربەی سیستمە سیاسییەکانی جیهاندا، دەزگایەک هەیە پێیدەوترێت (دەستەی دەستپاکی)، ئەم دەزگایە دەستەیەکی حکومی فەرمی سەربەخۆیە، بایەخ بە دەستپاکی گشتی و نەهێشتنی گەندەڵی دەدات. ئەم دەستەیە بۆ رێگەگرتن لە گەندەڵی و بەجێهێنانی ئەرک و کارەکانی، رێوشوێن و ئامرازی یاسایی تایبەت بە خۆی هەیە کە دوو لایەن دەگرێتەوە: لایەنی یاسایی و لایەنی پەروەردەیی و رۆشنبیری. لایەنی یاسایی چوار خاڵ لەخۆدەگرێت کە ئەمانەن:

1-لێکۆڵینەوە لە پرسەکانی گەندەڵی، لە رێگەی (لێکۆڵەرەوەکانەوە- المحققین) کە لەژێر سەرپەرشتی و چاودێری دادوەرێکی لێکۆڵینەوەی تایبەتمەندان.

2-پێشنیاری دەرکردنی یاساو رێنمایی کە لە خزمەتی نەهێشتنی گەندەڵیدایە، گەشەپێدانی کەلتوری دەستپاکی و شەفافییەت و ملکەچبوون بۆ موحاسەبەکردن و بانگهێشتکردن بۆ لێپرسینەوە.

3-پابەندکردنی بەرپرسە هەرە باڵاکانی حکومەت و دەسەڵاتداران، بۆ ئاشکراکردنی سەروەت و سامانیان.

4-دەرکردنی بڵاوکراوەیەک (کوڕاسێک) تێیدا بنەماکانی رەفتاری فەرمانبەرانی کەرتی گشتی روونکرابێتەوە. ئەوە خرابێتە ڕوو  رەفتارو هەڵسوکەوتی ئەخلاقی، لە گۆڕەپانی وەزیفیدا چۆن بێت.

لایەنی پەروەردەیی و رۆشنبیری، خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە لە پرۆگرامەکانی خوێندندا، بایەخێکی زۆر بەلایەنی دەستپاکی و بەهێزکردنی رەفتاریی ئەخلاقی، لە کایەی گشتیدا بدرێت. لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوەو توێژینەوەی زۆر ئەنجامبدرێت. مەشق و راهێنان بە کارمەندانی حکومەت بکرێت. کۆڕو کۆبوونەوە لەسەر پرسی دەستپاکی و نەهێشتنی گەندەڵی سازبکرێت. هەڵمەتی راگەیاندن و چالاکی جەماوەریی ئەنجامبدرێت.

پرسیاری نۆیەم: ستراتیژیەتی نەهێشتنی گەندەڵی چییە؟

وەڵام: دیاردەی گەندەڵی تا بڵێی دیاردەیەکی ئاڵۆزەو بڵاوبوونەوەی لەنێو سەرجەم بوارەکانی ژیاندا، ئەوە دەخوازێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستراتیژییەتێکی گشتیرو  گونجاو پەیڕوبکرێت. ستراتیژیەتی نەهێشتنی گەندەڵی، پێویستی بە بەکارهێنانی ئامرازگەلێکی فرەڕەنگی سیاسی و یاسایی و کەلتوری و جەماوەریییە کە لە خوارەوە هەندێکیان دەستنیشان دەکەین:

1-تەبەنیکردنی سیستمی دیموکراسی لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و ملکەچی هەموان بۆ یاساو رێزگرتنی یاساو یەکسانی لەبەردەمیداو جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لە لایەن هەموانەوە.

2-بونیادنانی دەزگایەکی دادوەری بەهێزو دەستپاک، دوورخستنەوەی یان رزگارکردنی لە هەمو پیلان و فشارێک کە دەخرێتە سەریان و رەنگە کارەکانیان لاواز بکات. پێویستە دەسەڵاتی جێبەجێکردن پابەندی بڕیارەکانی ئەو دەزگا دادوەرییە ببێت و بەربەستی بۆ دروست نەکات.

3-گشتاندنی هەمو ئەو یاسایانەی تایبەتن بە نەهێشتنی گەندەڵی، بەسەر هەمو دامودەزگاکاندا و پەیڕوکردنی لەسەر هەمو ئاستەکان. ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی بەرپرسانی باڵا. کارکردن بە یاسای ئەمەت لە کوێ بوو؟ بەگەڕخستنی یاسای گەیشتن بە زانیارییەکان و پێداگریی لەسەر جێبەجێکردنی یاساو رێنماییەکانی نەهێشتنی بەرتیل.

4-پێشخستن و فراوانکردنی رۆڵی چاودێری و لێپرسینەوەی دەستەی دەستپاکی، ئەمەش لەمیانەی ئاراستەکردنی پرسیار بۆ سەرجەم وەزیرەکان و دەسەڵاتدارە گەورەکان. خستەڕووی گفتوگۆکان بە شێوەیەکی ئاشکرا و ئەنجامدانی لێپرسینەوەو لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون بۆ سەروەت و سامانی دەسەڵاتداران کە گومانی گەندەڵی لێدەکرێت.

5-بۆ نەهێشتنی گەندەڵی لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتی، جەخت لەسەر رەهەندی ئەخلاقی بکرێتەوە، لێرەدا دەکرێت سود لە ئاینەکان ببینرێت کە هەر هەمویان بانگەشەی دەستپاکی و دوورکەوتنەوە لە دزی دەکەن.

6-بەخشینی مافی ئازادی بە رۆژنامە و کەناڵە میدیاییەکان، بەوەی دەستیان بگات بە زانیارییەکان و بڵاوکردنەوەیان. لەگەڵ ئەوەشدا رۆژنامەنوسان پێویستە حەسانەیان هەبێت، بۆ ئەوەی لەکاتی بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان و بەدواداچوونی گەندەڵییەکان و ئاشکراکردنیان، لەلایەن بەرپرسان و دادگاکانەوە دووچاری لێپرسینەوەو زیندانیکردن نەبن.

7-بەهەند وەرگرتنی رۆڵی جەماوەر لە نەهێشتنی گەندەڵیدا، ئەمەش لە رێگەی پەخشکردنی بەرنامەی هوشیارکردنەوەی تایبەت لەسەر ئەم پەتا کوشندەیە لە تەلەفزیۆنەکانەوە. دەرخستنی لایەنی مەترسیداری ئەم ئافاتە و ئەو بارگرانییەی لەسەر وڵات و هاوڵاتیان بەجێیدەهێڵێت. بەهێزکردنی رۆڵی کۆمەڵگای مەدەنی و زانکۆو پەیمانگاکان و رۆشنبیران.

سەرچاوەکان:

1- ar.wikipedia.org

2-ttp://blog.amin.org

3http://www.alukah.net

4- http://mawdoo3.com

 

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

7,373 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...