یاخیبوونی مەدەنی و پرنسیپەکانی

یاخیبوونی مەدەنی و پرنسیپەکانی

زوڵم و ستەم، چەوساندنەوەو بوونی نایەکسانی و نادادپەروەری، رێزنەگرتن لە مرۆڤ و مافەکانی و سوکایەتیکردن بە کەرامەتی ئینسانی مرۆڤەکان، خراپی بژێوی ژیان و دابین نەکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، لەلایەن سیستمە سیاسیەکانەوە، هۆکارن بۆ ناڕەزایی دەربڕین و رازینەبوون بەو سیستمە حکومڕانییەی لە ئارادایە. یەکێک لەو ئامرازانەی بۆ مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی و داواکردنی مافەکان بەکاردێت، بریتییە لە یاخیبوونی مەدەنی. هەنووکە قسەو باس لە یاخیبوونی مەدەنی دەکەین و دەپرسین ئاخۆ دەبێت یاخیبوونی مەدەنی مانای چی بێت و چی بگرێتەوەو پرینسیپەکانی چین؟

شارەزایان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، وەڵامی جیاوازو پێناسەی جیاوازیان هەیە. لەوانە هەندێکیان پێیانوایە یاخیبوونی مەدەنی بریتییە لەو رێگایەی خەڵکی ناڕەزایی خۆیان لەبەرامبەر ئەو یاساو بڕیارانە دەردەبڕن کە نایەکسانن و نادادپەروەرن. هەندێکی دیکەیان پێیانوایە یاخیبوونی مەدەنی بریتییە لەو ئامرازەی جەماوەر بۆ لابردنی ئەو زوڵم و ستەمەی دەسەڵاتی سیاسی سەپاندویەتی بەسەریدا، پەنای بۆ دەبات و بەکاریدەهێنێت. بەشێکی دیکە لە شارەزایان لەو بڕوایەدان یاخیبوونی مەدەنی بریتییە لە ملکەچ نەکردن بۆ ئەو یاسا یان بڕیار یان سیستم یان دەسەڵاتەی کە بەجۆرێک لە جۆرەکان زوڵم و ستەم لە هاوڵاتیان دەکەن. هەیانە دەڵێت: یاخیبوونی مەدەنی شێوازێکی ئاشتیانەی ناڕەزاییە، خەڵکی بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی ناوخۆیی یان دەرەکی و بیانی پەنای بۆ دەبات، بە ئامانجی گۆڕینی ئەو یاساو بڕیارانەی کە پێیانوایە دادپەروەر نییە و پڕە لە ستەم و ناحەقی و گەندەڵی. ئەو پێناسانە پێناسەیەکی گشتییە بۆ چەمکی یاخیبوونی مەدەنی، وەلێ پێناسەیەکی ئەکادیمی بۆ ئەم چەمکە هەیە و دەڵێت: کارێکی گشتییە، ئاشتیانەیە، بە هۆشیارییەکی تەواوەتییەوە ئەنجامدەدرێت، بەڵام کارێکی سیاسییە و لە زۆربەی جارەکاندا بۆ گۆڕینی یاسایەک یان بۆ گۆڕینی سیاسەتی حکومەتە یا بۆ گۆڕینی دەسەڵاتە.

لێرەوە دەکرێت پێناسەیەکی گشتگیرو ئەکادیمیانە بۆ یاخیبوونی مەدەنی بکەین و بڵێین: بریتییە لە رەتکردنەوە یان ناڕەزاییەکی مەبەستداری ئاشتیانەیە، لە پێناو ملنەدان بۆ ئەو یاسا زاڵمانەی دەسەڵات دەریاندەکات یان پیادەیان دەکات و تێیدا مافە گشتییەکانی میللەت پێشێل دەکرێت، یان کەمتەرخەمە لە بەدیهێنانی بەرژەوەندییە گشتییەکانی میللەت یاخود پێشێلی ئامانجە سەرەکییەکان و بەها مرۆییەکان دەکات. خودی چەمکی یاخیبوونی مەدەنی هەڵگری کۆمەڵێ ئاماژەیە، لەوانە شارستانیبوون، دەربڕینی ئاشتیانە، دوورکەوتنەوە لە تووندوتیژی، دوورکەوتنەوە لە پێکداهەڵپژان، ئامادەبوون بۆ گفتوگۆو دانوستان، رێگریکردن لە هەموو ئامانجێکی تاوانکاری کە خۆی لە پشت یاخیبوونی مەدەنییەوە شاردبێتەوە. دەکرێت ملکەچنەکردن بۆ یاساو بڕیارەکان، ملکەچنەکردنێکی کۆیی و گشتگیربێت، یان دیاریکراو تایبەت بێت و بۆ کات و ساتێکی دیاریکراویش بێت. بەم جۆرە یاخیبوونی مەدەنی لەسەر ئاستی تاک، هەڵوێستێکە لەسەر کۆمەڵێ بەها وەرگیراوە، سەرەکیترینیان رەتکردنەوەو رازینەبوون بە ستەم و ملکەچنەکردن بۆ چەوساندنەوە. لەسەر ئاستی کۆیی، دەڕژێتە نێو بازنەی جووڵەیەکی سیاسی جێگیرو رێکخراو و ئاشکراو بەردەوام، لە ڕووی هەمو ئەو یاسایانەی دژ بە مافە شەرعییەکانی تاک و کۆمەڵگایە.

شارەزایانی ئەم بوارە، هاوڕان لەسەر ئەوەی دەرکەوتنی ئەم چەمکەو گەشەکردنی، بە سێ وێستگەی سەرەکیدا تێپەڕیوە کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

وێستگەی یەکەم: دەرکەوتن و لەدایکبوونی ئەم چەمکە لەسەر دەستی فەیلەسوف و توێژەری ئەمریکی (هێنری داڤید1817-1862) بووە، ئەم توێژەرە یەکێک بووە لە سەرسەخترینی ئەو کەسانەی دژایەتی کۆیلایەتی کردووە لە وڵاتەکەیدا و تەواوی ژیانی بۆ بەرگریکردن لە کۆیلە راکردووەکان تەرخان کردووە. ساڵی 1846 بە هۆی ئەوەی رازینەبوو باج بدات و دژ بە جەنگی ئەمرکیا بوو بەرامبەر بە مەکسیک، زیندانیکرا. ئەو یەکەم کەسە لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (یاخیبوونی مەدەنی) ئەم چەمکەی بەکارهێناوەو تیۆریزەی بۆ کردووەو لە کتێبەکەیدا دەڵێت: (ئەگەر هەزار کەس رازینەبن باج بدەن، ئەمە کارێکە لەو خوێن رشتنە کەم دەکاتەوە کە حکومەت لە رێگەی وەرگرتنی باجەوە بەردەوام دەبێت لە جەنگ و رشتنی خوێنی بێ تاوان. ئا بەم جۆرە ئەگەری شۆڕشی ئاشتیانە ئەگەرێکی مومکینە. ئەگەر باجوەرگرەکە لێی پرسیم باشە من چی بکەم؟ پێیدەڵێم دەست لەکاربکێشەوە. کاتێک هاوڵاتی رازینابێت ملکەچ بێت باج بدات و فەرمانبەریش دەست لەکار دەکێشێتەوە، ئەوا شۆڕش سەرکەوتوو دەبێت).

وێستگەی دووەم: بریتییە لە کاریگەربوونی رابەری هیندستان مهاتەما گاندی بە تیۆرەکەی هێنری داڤێد و هەوڵدان بۆ پراکتیزەکردنی. لەوانە گاندی لە ساڵی 1930 داوای لە کرێکارە هیندییەکان کرد کە لە باشوری ئەفریقا کاریان دەکرد، رازینەبن پەنجەمۆر بکەن بۆ جێبەجێکردنی یاسای رەگەزپەرستی. هەروەها دواکردنی لە هاوڵاتیانی هیندستان، ئەو خوێیە نەکڕن کە پارەکەی دەچووەوە خەزێنەی ئیمپریالیزمی بەریتانی و خەڵک بە تۆپزی دەبوایە بڕێک لەو خوێیە بکڕن. بۆ ئەم مەبەستە جەماوەری بەرەو رووبارەکان برد تا خۆیان خوێ بۆ خۆیان دەربێنن. پاشان هاوارە بەناوبانگەکەی کرد: (لە هند بڕۆنە دەرەوە). لێرەوە خەباتی ئاشتیانەی لە رەتکردنەوەی یاساکانی ئیمپریالیزمی بەریتانییەوە، گواستەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاشتیانەی خودی ئیمپریالیزمی بەریتانی و داواکردنی بە جێهێشتنی وڵاتی هیندستان.

وێستگەی سێیەم: بریتییە لە جەنگە مەدەنییەکان بۆ ئازادی کە لەسەر دەستی رابەری رەشپێستی ئەمریکی مارتن لۆسەر گینگ، لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی بیستەم بەرپای کرد، دژ بە یاسا رەگەزپەرستییەکان کە لە ویلایەتەکانی باکوردا پەیڕەو دەکران.

لە ئەوروپا هەرچەندە داڕشتنی ئەم چەمکە دواکەوت، بەڵام بیرۆکەی ناڕەزایی دەربڕین لەبەرامبەر یاسایەک یان بڕیارێکی  ناحەق و ناڕەواو زاڵمانە، دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەدەی نۆزدەهەم.  یاخیبوونی مەدەنی، وەک جووڵانەوەیەکی سلمی، لە زۆر شوێنی جیهان بەکارهاتووە، لەوانە هندستان. رابەری رۆحی هندستان مهاتما گاندی بە یەکێک لە سەرکردە هەرە دیارەکانی یاخیبوونی مەدەنی دادەنرێت، گاندی چ لە پێناو عەدالەتی کۆمەڵایەتی، یان لە پێناو رزگارکردنی هندستان لەژێر چەپۆکی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا، پەنای بۆ یاخیبوونی مەدەنی بردووەو تێیدا سەرکەوتووبووە. لە باشوری ئەفریقاو لەسەر دەستی نیلسۆن ماندێلا بۆ کۆتایی هاتن بە رەگەزپەرستی بەکارهاتووە. لە ئەمریکاو لە لایەن مارتن لۆسەر گینگ-وە لەپێناو بەدیهێنانی مافی رەشپێستەکان کاری پێکراوە. لێرەوە میللەتانێکی زۆر بۆ بەدیهێنانی مافە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانیان، بۆ وەرگرتنی ئازادییەکانیان، بۆ چاککردنی بارودۆخی ژیانیان، بۆ گۆڕینی ئاشتیانەی دەسەڵات، بۆ رەتکردنەوەی زوڵم و سەربەخۆیی دادگاکان، بۆ رێگریکردن لە ئەشکەنجەو ئازاردان و گرتن و کوشتنی نایاسایی و ناڕەوا، لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە تێیدا گواستەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات رووبدات، پەنایان بردووەتە بەر بەرگری ئاشتیانەو یاخیبوونی مەدەنی دوور لە تووندوتیژی.

بەڵام زۆرێک لە توێژەرانی ئەم بوارە، لەو بڕوایەدان دیاردەی یاخیبوونی مەدەنی، تەنها لەو وڵاتانەدا روودەدات کە سیستمەکەی دیموکراسییە و رێگە بە هاوڵاتییەکانی دەدات فشاری مەدەنیانەی لێ بکەن، بۆ ئەوەی لە رێڕەوی راستەقینەی خۆی لانەدات. پاساویان بۆ ئەم تێڕوانینەی خۆیان ئەوەیە کە لە سیستمە دیکتاتۆرو ستەمگەراکاندا، هەموو جۆرە جووڵەیەکی جەماوەری کە یاخیبوونی مەدەنی لێبکەوێتەوە، قەدەغەیەو رێگەپێنەدراوە. ئەمە جگە لەوەی سیاسەتی سەرکوتکردن و پێشێلکردنی مافەکان کە لە لایەن ئەم جۆرە دەسەڵاتەوە پەیڕەو دەکرێت، کۆمەڵگای مەدەنی سست و نابووت دەکات کە توانای رابەرایەتی کردنی ئەم جۆرە لە یاخیبوونەی هەیە. هەروەها حکومەتە ستەمگەرو دیکتاتۆرەکان، شارەزاییەکی باشیان لەوەدا هەیە کە سومعەو پێگەی رابەرانی یاخیبوونی مەدەنی، لە میدیاکان و لە مینبەری مزگەوتەکانەوە کە سەر بە دەسەڵاتن،  لەکەدار بکەن و دەیان ناو و ناتۆرەی ناڕاست و نابەجێیان بخەنە شوێن. لەوەدا لێزانن چالاکییەکانی ئەو یاخیبوونە مەدەنییە بە گێرەشێوێن و تێکدەرو نا نیشتیمانی لە قەڵەمبدەن، بە ئاسانی تۆمەتباریان دەکەن بەوەی دەستی دەرەکی لە پشتەو ئەجێندای وڵاتانی دیکە جێبەجێ دەکەن، بگرە هەڕەشەی کوشتن و گرتن و ڕفاندن و بزرکردن و دەستبەسەراگرتنی موڵک و ماڵی ئەوانە دەکەن کە رابەرایەتی جووڵانەوەیەکی لەو شێوەیە دەکەن.

ئەزموونی تووندوتیژی و تووندوتیژی پێچەوانە، لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامی و بە کوردستانیشەوە، وردە وردە گەرموگوڕی و بریقەی خۆی لەدەستدەدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نازانین لە ئایندەدا چی روودەدات، لەوانەیە تووندوتیژی جارێکی دی گەرموگوڕی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. وەلێ مەسەلەکە هەرچۆنێک بێت، هەست دەکەین ئەو تووندوتیژییەی لە ناوچەکەدا بڵاوبووەتەوە، کێشەکان چارەسەر ناکات، بەڵکو زیاتر ئاڵۆزتری دەکات و ژیانی میللەتان بەرەو نائومێدی و پەشێوی و ناسەقامگیری زیاتر دەبات. لە مڕۆدا دەرککردنێکی باش بە خراپی تووندوتیژی و دوورکەوتنەوە لێی دەکرێت، هەنووکە دیدێکی گشتگیر هەیە نایەوێت ببێت بە بەشێک لە تووندوتیژی و پەلاماردان و تێکدان و سوتاندن. ئەمە مانای ئەوە نییە حکومەتەکان و دەسەڵاتدارانی ناوچەکە- بە ویستی خۆیان یان بەناچاری- وردە وردە بەرەو دیموکراسی هەنگاو دەنێن. بەڵکو مانای ئەوەیە میللەتانی ئەم ناوچەیە لە کۆتایدا قەناعەتیان بەوە هێناوە گرتنەبەری ستراتیژیەتی نا تووندوتیژی، باشترین رێگایە بۆ وەرگرتنی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەکانی. بڕوایان بەوەیە کوشت و بڕین و پەلاماردانی خوێناوی، ماڵوێرانی زیاتری لێدەکەوێتەوە، بەکارهێنانی چەک و تووندوتیژی، رق و کینە و خوێنڕشتنی زیاتری لێدەکەوێتەوەو ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان هاوڵاتیان لەناودەبات. ئەمە جگە لەوەی پاساو دەدات بە دەسەڵات بە تووندترین شێوە وەڵامیان بداتەوەو سەرکوتیان بکات.

بە کورتی و بە پوختی یاخیبوونی مەدەنی باڵاترین جۆری بەرگری و یاخیبوون و رەتکردنەوەو ناڕەزایی دەربڕینە، بەڵام بە شێوەیەکی ئاشتیانەی سەردەمیانە کە چەندین شێوەی جۆراو جۆری هەیە، لەوانە هاتنەدەرەوەی ناڕەزاییکاران بە شێوەیەکی دەستەجەمی و لە کات و ساتێکی دیاریکراودا، لە پێناو ناچارکردنی دەسەڵاتداران تا ملکەچی داواکاریی ناڕەزاییکاران ببن کە بە هێمنانەو ئاشتیانە گوزارشت لە ناڕەزاییەکەیان دەکەن. جگە لەوە نەڕۆشتنی فەرمانبەران بۆ سەر کارەکانیان لە فەرمانگاکانی دەوڵەت، نە رۆشتنی مامۆستایان بۆ قوتابخانەکان و خوێندنگەکان و زانکۆو پەیمانگاکان،  لەگەڵ داخستنی دوکان و بازاڕە بازرگانییەکان و نانەواخانە و سەمونخانەکان، کارنەکردنی شۆفێری ئۆتۆمۆبێلە گشتی و تایبەتەکان و داخستنی وێستگەکانی فرۆشتنی سوتەمەنی، لەبەرکردنی یەک جۆرە جلوبەرگی ڕەش یان سپی لەلایەن ناڕەزایکارانەوە بە نێرو مێوە و هاتنەدەرەوەیان بۆ  سەر شەقامەکان، دانیشتن لە چەقی شەقامەکان، سەر شۆستەکان، بەڵام بە هێمنی، بێ وتنەوەی دروشم، بێ هاتووهاوار، بێ تەشهیرو سوکایەتیکردن.

پێویستە ئەوانەی یاخیبوونی مەدەنی ئەنجامدەدەن، پابەندی ئاشتیانەی جووڵانەوەکە ببن و دان بەخۆیاندا بگرن و پشوو درێژبن، کاتێک پۆلیس و ئاسایش دەیانگرن، دەبێت رووخۆشبن لەگەڵیان، بەردەوام بە ڕوویاندا پێبکەنن، ئەگەر قسەی سوکیان پێ وتن، دەبێت ئەمان وەڵامی ئەو قسە سوکانەی ئەوان نەدەنەوەو بێدەنگبن، چونکە لەم حاڵەتانەدا بێدەنگی کاریگەرترین قسەیە، یان بە جۆرێکی شیاو وەڵامیان بدەنەوە کە دووربێت لە هەموو جۆرە جنێو و قسەی ناشرین، ئەگەر مەفرەزەیەکی پۆلیس یا ئاسایش چەند کەسێکی گرت و بردنی بۆ گرتوخانەکانی پۆلیس و ئاسایش، دەبێت رازیبن و نابێت مقاوەمە بکەن، بۆچی؟ چونکە مقاوەمەی تووندوتیژ، بە تووندوتیژی لەگەڵ جەوهەری یاخیبوونی مەدەنی رێکناکەوێت و ناکۆکن بەیەک! لە یاخیبوونی مەدەنیدا تاک دەبێت پەیمان بە خۆی و ویژدان و نیشتیمانەکەی بدات کە بە تەنها بەرپرسیارەتی کارەکەی هەڵدەگرێت و وەک ئەوەی هەر بە تەنها خۆی بێت لە گۆڕەپانەکەدا، پاشان هەوڵدەدا قەناعەت- بە ڕەوایی کێشەکەی- بەوانی دیکەش بکات.

لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە، ئایا شێوازی یاخیبوونی مەدەنی، لەو وڵاتانەی لە دیموکراسییەوە دوورن، وەک وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و هەرێمی کوردستان، سەرکەوتوودەبێت؟ لێرەدا شارەزایان بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبن بە دوو بەشەوە. بەشی یەکەم پێیانوایە لەم جۆرە وڵاتانەدا، پەنابردن بۆ یاخیبوونی مەدەنی بە مەبەستی بەدیهێنانی مافەکان، هیچ نییە جگە لە خەیاڵپڵاو زیاتر، هیچ نییە جگە لە کۆمەڵێ قسەی پڕوپوچ و بێمانا زیاتر. تۆ دەتوانیت لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا و کەنەدا و سویسرا و لە وڵاتانی جیهانی شارستانییەت، قسە دەربارەی یاخیبوونی مەدەنی بکەیت و ئەنجامی بدەیت. بەڵام لە وڵاتانی دڕندەی وەک وڵاتە عەرەبییەکان، تەنانەت ناتوانیت قسەشی لەبارەوە بکەیت نەک ئەنجامی بدەیت، مەگەر شێت بیت و عەقڵت لەدەستدابێت، بۆچی؟ چونکە بەکارهێنانی شێوازی ناتووندوتیژی، لەو وڵاتانەدا جێگیرو رەگداکوتاوە کە بەهاکانی لەسەر بنەمای کاری دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکانی دامەزراوە، پرنسیپی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەرێوەیدەبات. کەچی لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی چەقبەستوو، ناکرێت بە شێوەیەکی راستەقینە پەنا بۆ ئەم شێوازەی خەباتی مەدەنی ببرێت، لە پێناو گۆڕینی حکومەتی ستەمگەر یان گۆڕینی دەسەڵاتی خۆسەپێن و کورسی پەرست. لەم جۆرە حکومەت و دەسەڵاتەدا، کەلتووری نا تووندوتیژی و یاخیبوونی مەدەنی، وەک پێویست کاری لەسەر نەکراوەو بەناو چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا بڵاونەبووەتەوە. نە لای دەسەڵات و نە لای جەماوەر، بە شێوەیەکی باش و لۆژیکی لە گرنگی و بایەخی ئەم شێوازەی خەبات و بەرگری، قسەوباسی لەسەر نەکراوە. لەم جۆرە سیستمە و لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا، هەمیشە بیر لەوە دەکرێتەوە کە یاخیبوونە ئاشتی و مەدەنییەکان، بگۆڕدرێت بۆ شۆڕش و راپەڕینی چەکداری، لە حاڵەتی هێمنییەوە وەرچەرخێت بۆ حاڵەتی تووندوتیژی و تەقەکردن و کوشتن و برینداربوون و کاولکاری. لێرەوە قسەکردن لە یاخیبوونی مەدەنی لە وڵاتێکی عەرەبی یان ئیسلامی وەک میسر یان تونس یا وڵاتانی کەنداوی عەرەبی نەریتخواز یاخود هەرێمی کوردستان، قسەکردنێکە هیچ پەیوەندییەکی بە واقیعەوە نییەو ئاسنی سارد کوتیینەو بژارکردنی پووشە لە کا.

ئاپۆرایەکی جەماوەری دەورەدراو بە سیخوڕو پۆلیس، ئاسایش، پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان، دژە تیرۆر، سەرباز، لیوای تایبەتی بەرپرسان، دەتوانێت چی بکات و چی بگۆڕێت؟ ئاپۆرایەکی لەو جۆرە کە دەیەوێت تەنها لە شێوازی یاخیبوونی مەدەنی، گوزارشت لەتوڕەیی خۆی بکات، چۆن دەتوانێت سیستمێکی ستەمکاری چەکدار بە هەموو جۆرەکانی چەک بگۆڕێت؟ سیستمێک لە هیچ شتێک تێناگات تەنها لۆژیکی هێزو چەک و تووندوتیژی نەبێت؟ ئایا پێشتر کەسێکی عاقڵ هەبوو قسە لەوە بکات حکومەتی بەعسی جاران یان سەرۆکەکەی، دەتوانرێت بە شێوازی ناتووندوتیژی و یاخیبوونی مەدەنی ناتوڕە بڕوخێنێت!؟ قسەیەکی لەو جۆرە زیاتر قسەیەکی فشقیات بووە تان قسەی جدیی. لەو رۆژگارەدا تاریق عەزیز وەک تەحەدایەک بۆ تەواوی جیهان وتوویەتی: (ئێمە بە زەبری هێزو چەک گەیشتووین بە دەسەڵات، ئەوەی بیەوێت دەسەڵات لە ئێمە وەرگرێتەوە، پێویستە بەختی خۆی لە بەکارهێنانی چەکدا تاقیبکاتەوە).

بە کورتی لایەنگرانی ئەم دیدە، پشتگیری لە یاخیبوونی مەدەنی دەکەن وەک شێوازێکی شارستانی بۆ گۆڕین و هێنانەئارای وەرچەرخانی سیاسی، بەڵام قسەکردن لە یاخیبوونی مەدەنی لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، قسەکردنێکی نا واقیعییەو دوورە لە کەشوهەوای چەقبەستووی هەم دەسەڵات و هەم کۆمەڵگاوە. ئەگەر لەو وڵاتانەدا بەهاو کەلتووری ئاشتی و نەرمونیانی، ستراتیژیەتی نا تووندوتیژی جێگیرنەکرێت و بڵاونەکرێتەوە، ئەوا ئەستەمە یاخیبوونی مەدەنی بتوانێت بگاتە ئامانج و مەبەستەکانی خۆی بەدیبێنێت. پێیانوایە شێوازی یاخیبوونی مەدەنی ئاشتیانە و ناتووندوتیژ، لەم جۆرە دەسەڵاتە ستمگەرو کورسی پەرستەدا، قوربانی زۆری لێدەکەوێتەوەو هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆشی نابێت لەسەر گۆڕینی حوکم و دەسەڵات. لەم سیستمە سیاسییەدا جگە لە زمانی جەنگ و چەک، هیچ زمانێکی دیکە ناتوانێت وەرچەرخانی گەورە بێنێتە ئاراوە. ئەوەی دەسەڵات لێیدەترسێت و حسابی بۆ دەکات، توڕەیی چەکدارانەی جەماوەرە، ئەو هێزە چەکدارەیە کە جەماوەر دەتوانێت ئامادەی بکات و لە ساتەوەختی پێویستدا بیخاتەگەڕ.

بەشی دووەم پێیانوایە یاخیبوونی مەدەنی، باڵاترین نموونەیە بۆ بەرگریکردنی ئاشتیانە، سەلامەتترین و زامنترین شێوازە بۆ گۆڕینی رژێم، تەنانەت لە وڵاتە دڕندەکانی وەک وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش. بگرە ئەمە باشترین ئامرازە بۆ گەیەشتن بە ماف و داوا رەواکان. چونکە سیستمە شمولی و ستەمگەرەکان، لەسەر تووندوتیژی و تووندوتیژی پێچەوانە دەژین و شارەزاییەکی باشیان تێیدا هەیە. یاخیبوونی مەدەنی ئاشتیانە و نا تووندوتیژی، دەوڵەتی ستمگەر پەکدەخات و وایلێدەکات رووە دزێو ناشرینەکەی ئاشکرا ببێت و حەقیقەتی راستەقینەی دەرکەوێت. جگە لەوە ئامرازی ئاشتیانەی بەرگریکردن، لەگەڵ پێشکەوتنی شارستانییەتدا پێشدەکەوێت و بەها مرۆیی و کەلتووریی و مەعریفییەکان زیاتر گەشەپێدەدات. نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە هێزی دەوڵەت و دەسەڵاتی ستمگەرو دڕندەییەکەی، لە گەشەکردنی جەهل و پەشێوی و نەزانین و کۆمەڵگای مەدەنی لاوازەوە سەرچاوە دەگرێت.

چاوخشاندنێکی خێرا بە رووداوەکانی مێژووی هاوچەرخی ئەم ناوچەیەدا، بۆمان دەردەکەوێت شۆڕشە چەکدارییە تووندوتیژەکان، دواجار گۆڕان بۆ بزووتنەوەی تیرۆرستی تۆقێنەر و دژ بە میللەتی چەوساوە هەڵگەڕاونەتەوەو بوون بە سیستمی شمولی دڕندەو مافی میللەت و جەستەی میللەت و موڵک و ماڵ و سەروەتی میللەتیان خەڵتانی خوێنکردووە. لێرەوە بەشێک لەشارەزایان لەو بڕوایەدان بەرهەڵستکاریی تووندوتیژ، ناڕەزایی چەکدارانە، ڕاپەڕینی خوێناوی، شۆڕشی پڕ کوشتن و بڕین، فاشیلترین جۆری بەرگریکاری بووە. لەبەرچی؟ لەبەر ئەوە وتەیەکی بەناوبانگ هەیە دەڵێت: تووندوتیژی تەنها تووندوتیژی زیاتر بەرهەمدەهێنێت و ئەوەی بە خوێن هاتبێت تەنها بە خوێن لادەچێت.

پرنسیپەکانی یاخیبوونی مەدەنی

1-دەبێت یاخیبوونی مەدەنی وەک مافێک لە مافەکانی میللەت تەماشا بکرێت، ئەم مافە نابێت لە ژێر هیچ بڕوبیانویەک و پاساوێکدا وەلابخرێت.

2-دەبێت یاخیبوونی مەدەنی وەک ئامرازێکی شارستانی تەماشابکرێت، ئامرازێکی شارستانی بۆ هێنانەئارای گۆڕینی سیاسی و فەرمانڕەوایی.

3-پێویستە یاخیبوونی مەدەنی لە رێگەی بڵاوکردنەوەی کەلتووری ناتووندوتیژی، گشتاندنی بۆ بکرێت. پێویستە یاخیبوونی مەدەنی بکرێت بە کۆمەڵێ بەهای کەلتووری رەگداکوتاوی نێو کۆمەڵگا و ناوەندەکانی خوێندن و خێزان و حیزبی گەورەو بچووک.

4-هوشیارکردنەوەی هاوڵاتی بەوەی یاخیبوونی مەدەنی، ئامرازێکە لەو ئامرازانەی کە لێیانەوە داوای مافە رەواکانی خۆی دەکات و ئامرازێکە بۆ مومارەسەکردنی ئۆپۆسیۆنی ئاشتیانە.

5-پێویستە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، قسەوباس لەسەر ئەم ئامرازە بکەن و لەناو سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا بڵاوبکەنەوە. بەمەش هێزی کۆمەڵگا یان ناڕەزاییە ناوخۆیی و دەرونییەکان لە هێزێکی وێرانکەری نەرێنییەوە بگۆڕێت بۆ هێزێکی پۆزەتیڤ و ئەرێنی کاریگەر.

6-دەبێت دەسەڵاتدارانی وڵات، لە ئامانجی یاخیبوونی مەدەنی تێبگەن و لەبەرچاوی بگرن و دڵنیایی لە جێبەجێکردنی بدەن. ئەم هەنگاوە زامنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵات دەکات، بەوەی ئیحتیوای کاری تێکدەرانە و تووندوتیژی و پەشێوی دەکات کە لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی ئامانجەکاندا، لەوانەیە رووبدات.

7-پێویستە کۆمەڵگای مەدەنی، یاخیبوونی مەدەنی بکاتە باشترین شێوازی سەرتاسەری بۆ پیادەکردنی ئۆپۆزسیۆن بوون. لێرەدا پێویستە دەسەڵاتداران پەیمانی ئەوە بدەن کە هیچ جۆرە خۆپیشاندان و رێپێوانێکی مەدەنی سەرکوتناکەن و رێگری لێناکەن.

8-بۆ گشتاندنی یاخیبوونی مەدەنی و بڵاوکردنەوەی بەناو کۆمەڵگادا، پێویستە سود لە شۆڕشی تازەی تەکنەلۆژیای مۆدرێن کە خۆی لە ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبینێتەوە، وەربگیرێت.

9- ناتووندوتیژی فەلسەفەیەکە توانای جووڵاندنی هێزی عەقڵ و وزەی مەعریفەی هەیە، کەواتە توانای هەیە فەوزای نەزانین و جەهل و نەخوێندەورای لەناوببات کە لە پشت تووندوتیژییەوە ئامادەییان هەیە.

11-یاخیبوونی مەدەنی مافێکە دەستور رێگەی پێداوە، بۆچی دەستور رێگەی پێداوە؟ لەبەر ئەوەی شێوازێکی ئاشتیانە و دیموکراسیانەیە بۆ بەدیهێنانی مافەکان.

12-یاخیبوونی مەدەنی بۆ سەرکەوتنی، پێویستی بە کەسایەتی مەدەنی مەیدانی هەیە کە شارەزایی باشی لە سیاسەتدا هەبێت، بەڵام لە بواری کۆمەڵگای مەدەنی و نا حکومیدا ئیش بکات. پەیوەندی بەرفراوان و باشی لەگەڵ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا هەبێت، لەوانە چینی گەنجان و ئافرەتان و خوێندکاران و کاسبکاران و فەرمانبەران، ئەوانە ئەو چین و توێژە گرنگانەن کە وا دەکەت یاخیبوونی مەدەنی سەرکەوتن بەدەستبێنێت.

یاخیبوونی مەدەنی چۆن و بە چ شێوەیەک جێبەجێ دەکرێت؟

یاخیبوونی مەدەنی لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە هیچ جۆرە کارو مامەڵەو پەیوەندییەک لەگەڵ دەسەڵات و دامودەزگاکانیدا ئەنجامنەدرێت، تا ئەو کاتەی دەسەڵاتداران بە ئاگادێنەوەو واز لە ستەم و چەوساندنەوەو لوتبەرزی و خەمساردی دەهێنن و بەدەم داواکارییەکانەوە دەچن. لە خوارەوە هەندێک نموونە بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاخیبوونی مەدەنی دەخەینەڕوو:

*مامەڵە نەکردن لەگەڵ دادگاکاندا

*مامەڵەنەکردن لەگەڵ بەشە جیاواز جیاوازەکانی پۆلیس.

*نەدانی هیچ جۆرە باج و رسوماتێک، نەدانی پارەی ئاو و کارەبا و تەلەفۆن و ئەوانی دیکە.

*هاوڵاتیان پارەکانیان لە بانکەکان وەربگرنەوە.

*فەرمانبەرانی حکومەت و دامودەزگا گشتییەکان، بەدەم داواکارییەکانی میللەتەوە بچن، سەرەتا کاروبارەکان بە خاوخلیچکی بەڕێوەبەرن- مانگرتنی لابەلا- دواتر راگرتنی سەرجەم کارەکان- مانگرتنی گشتی- تەنها کارە پێویستییەکان نەبێت، وەک تەندروستی و کارەباو ئاگرکوژێنەوە.

*راگرتنی هەمو ئەو کارو خزمەتگوزاریانەی کە دەسەڵات و حکومەت لێی سودمەند دەبن.

*چۆڵکردن: ئەمە رۆژی مانگرتنی گشتییە، داوا لە سەرجەم میللەت دەکرێت شوێنی کارکردنیان جێبێڵن و چۆڵی بکەن. رۆژێکە تێیدا هەمو دەوامکردنێک و چالاکییەک پەکدەخرێت. چۆڵکردن سووربوونی میللەت پیشاندەدات لەوەی جدییە لەسەر بەردەوامبوونی داواکارییەکانی تا ئەو کاتەی جێبەجێ دەکرێن. هەروەها یەکگرتوویی و یەک دەستی میللەت دەردەخات.

موقاتەعە: پرنسیپی موقاتەعە یەکێکە لەو پرنسیپە سەرەکیانەی لەم ململانێیەدا لەگەڵ دەسەڵات بەکاردێت، موقاتەعە دەکرێت شێوازی جۆراو جۆر لەخۆبگرێت، وەک موقاتەعەی دامودەزگاکانی حکومەت، نەدانی باج، نەدانەوەی قەرزەکان بە حکومەت. بەڵام ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەی سەرکەوتووبێت، پێویستە زۆرترین کەس بەشداری تێدا بکات و ئامانجیان بە وردی دیاری کرابێت.

دانیشتن لە شوێنە گشتییەکاندا: ئەمە داگیرکردنی شوێنە بە دانیشتن تێیدا، دەکرێت ئەو شوێنە گۆڕەپانێک، کارگەیەک، کۆمپانیایەک، چەقی شەقامێک، فەرمانگەیەک بێت. ئامانج لێی بەدیهێنانی ماف و ئامانجەکانی میللەتە. دەکرێت دانیشتن لە بەرامبەر پۆلیس، ئاسایش، سوپادا ئەنجامبدرێت، لێرەدا پێویستە ریزەکانی پێشەوە زۆر بە باشی رێکخرابێت تا بتوانێت رووبەڕووی ئامرازەکانی سەرکوتکردن ببێتەوە.

مانگرتن: مانگرتن لە کارگەکان و کۆمپانیاکان و فەرمانگەکان و قوتابخانە و پەیمانگاو زانکۆکاندا، بریتییە لە پیشاندانی هاوهەڵوێستی لەگەڵ یاخیبوونی مەدەنی و پشتگیریکردنیان و پەکخستنی کاروبارەکانی ئەو سێکتەرانەیە.

رێپێوان: یەکێکە لەو ئامرازە ئاشتیخوازانەی دەکرێت لە یاخیبوونی مەدەنیدا پەنای بۆ ببرێت. بۆ نموونە ئەگەر بتوانرێت لە یەککاتدا و لە چەند شوێنێکەوە، 20 ڕێپوارن ئەنجامبدرێت و لە هەر یەکێکیاندا هەزار کەس بەشداری بکات، ئەوا 20 هەزار کەس لە کۆمەڵێ شەقامی سەرەکی و گۆڕەپانی گرنگ و جیاوازدا بەشداردەبن، دەکرێت هەندێک لە رێپێوانەکان ئەو شەقامانە بگرن کە دەزگای ئابوری گرنگی لەسەرە، وەک فڕۆکەخانەکان، بانکەکان، بۆرسە، باڵیۆزخانەی وڵاتان، کەناڵەکانی میدایا...هتد. بە گرتنی ئەو شەقام و گۆڕەپانە سەرەکیانە، تا رادەیەکی باش رێگە لە هاتنی هێزی سەربازی و دەگیرێت، یان هێزە سەربازییەکان بە ناچاری پەرت دەبن و ئەو توانا گەورەیەیان نامێنێت بۆ سەرکوتکردنی سەرجەم رێپێوانەکان.

گرنگی رێکخستنی یاخیبوونی گشتی

یەکێک لە مەترسیدارترین ئەو هۆکارانەی وا دەکات بە خێرایی نەگەیتە ئامانج، بریتییە لە نەبوونی رێکخستن و دیسپلین لە کاری سیاسیدا. کاریگەری و چالاکبوون، پەیوەستن بە هێزی رێکخستنەوە کە لە یەک ئاراستەدا کۆکرابنەوە، یەک مەبەست ئامانجی هەبێت، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری جەماوەر. مرۆڤ زۆرجار تەنها لە کاتی رووبەڕووبوونەوەو ململانێ لەگەڵ رژێم و دەسەڵاتی سەرکوتکەردا، لە گرنگی و بایەخی گەورەی رێکخستن و دیسپلین تێدەگات. لەبەر ئەوە پێویستە یاخیبوونی مەدەنی خاوەنی رێکخستنێکی تۆکمە و پتەو و مەرکەزی بێت، لە میانەی کاری دەستەجەمعی رێک و پێکەوە بجووڵێت، دووربێت لە کاری پەرتەوازەیی و بێسەروبەری. یاخیبوونی مەدەنی پێویستی بە بەشداری هەمووان هەیە، دەخوازێت سەرجەم لایەنگرانی لە نێو دامودەزگاکان و سەندیکاکان و رێکخراوە پیشەییەکان بەشداربن و هەموان وەک یەک دەست و یەک جەستە کاربکەن. بە تایبەت دوای ئەوەی قۆناغی کارکردنی راستەوخۆی راستەقینە دێتەپێش و دەبێت بڕژێنە نێو شەقام و گۆڕەپانەکانەوە. لەبەر ئەوە باشترە، بگرە پێویستە یەک ناوەندی بڕیار و یەک سەرچاوەی بڕیار هەبێت، ئەمەش لە پێناو بەدیهێنانی یەکگرتوویی جووڵەکە و یەکگرتوویی کار. بێ ئەوە، هێزی یاخیبوونەکە پەرش و بڵاودەبێتەوەو چالاکییەکانیش لە جێی خۆیان بە سەرگەردانی دەمێننەوە.

سەرچاوەکان

 ar.wikipedia.org

al-aalem.com

http://www.alshirazi.com

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

6,227 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...