خەوشەکانی راپرسی

خەوشەکانی راپرسی

هەرچەندە راپرسی وەک مافێکی گشتی هاوڵاتیان هەژمار دەکرێت کە لە رێگەیەوە؛ دەتوانن راستەوخۆ بڕیار لەسەر یەکلاییکردنەوەی پرسێکی چارەنوسساز بدەن، هەروەها راپرسی وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پیادەکردنی دیموکراسی تەماشادەکرێت و  بە ڕەگەزێکی گرنگی بەشداریکردن و بڕیاردانی میللی لەقەڵەمدەدرێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم رەگەزە گرنگە و ئەم مافە گشتییە، بێبەش نییە لە هەندێ خەوش(عەیب)و ناتەواوی کە زۆرێک لە یاساناسان و شارەزایانی بواری راپرسی، ئەو خەوشانە بەم جۆرەی خوارەوە دەستنیشان دەکەن:

یەکەم: لەبەر ئەوەی زۆرینەی میللەت کە لە راپرسیدا مافی دەنگدانی هەیە، تێگەشتن و بەرچاوڕوونی پێویستیان نییە بۆ بابەتی راپرسییەکە، بۆیە پرۆسەی راپرسییەکە ئاسان نابێت و بڕیاردان لەسەر بابەتی راپرسییەکە زەحمەت دەبێت. زۆرجار بابەتی راپرسییەکە، گەلێک لایەنی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و هونەری و زانستی لەخۆدەگرێت، کەسی دەنگدەر پێش ئەوەی بە بەڵێ یان نەخێر وەڵامبداتەوە، بە شێوەیەکی باش و ورد، لەو لایەنانە و کاریگەرییان لەسەر ژیانی تێنەگەشتووە. بەشێوەیەکی گشتی هاوڵاتی ئاسایی وەک پێویست، درک بەو ئەگەرو پێشهاتانە ناکات کە لە دوای راپرسییەکە دێنەئاراوە. زۆرجار حەماسەت و سۆزو هەستی نەتەوایەتی یان خێڵەکی یا ئاینی یا مەزهەبی، وا دەکەن هاوڵاتیان روو بکەنە سندوقەکانی راپرسی و دەنگی خۆیان بە بەڵێ بۆ بابەتەکە بدەن، نەک تێگەیشتنی لۆژیکی و عەقڵانی و بیرکردنەوەی راست و دروست.

ئەم حاڵەتە زیاتر لەو وڵاتانەدایە کە دانیشتوانەکەی هوشیاری سیاسیی و نەزجی سیاسییان، لە ئاستێکی نزمدایەو وەلائاتی حیزبی و خێڵەکی و مەزهەبی و بنەماڵەیی لە ئاستێکی بەرزدایە. لە فەرەنسای سەردەمی ناپلیۆن، دانیشتوانی فەرەنسا، لە راپرسییەکاندا، زیاتر دەنگیان بەکەسایەتی ناپلیۆن دەدا و وەلائیان بۆ سەرکردەکەیان بوو، نەک بۆ بابەتەکانی راپرسییەکە، هەر ئەوەش بوو وایکرد ناپلیۆن لە دوو راپرسیدا یەکەمجار ببێت بە باڵیۆزی فەرەنسا بۆ هەتاهەتایە و دووەمجار ببێت بە ئیمپراتۆری فەرەنسا.  هەندێجار بابەتی راپرسییەکە، ئەوەندە بە زمانێکی سۆزداریی قسەوباسی لەبارەوە دەکرێت و ئەوەندە ختووکەی سۆزی هاوڵاتی دەدرێت و پرسەکە ئەوەندە سادە و ئاسان دەکرێتەوە، هاوڵاتی دەنگدەر وا لێدەکات، دیوە مەترسیدارەکەو دەرئەنجامە قورس و ئاڵۆزەکانی راپرسییەکە نەبینێت.

دووەم: نەبوونی کاتی پێویست بۆ قسەکردن لەسەر بابەتی راپرسییەکە، زۆرجار ئەو بابەتانەی دەخرێنە بەردەست میللەت بۆ ئەوەی لە راپرسیدا دەنگی لەسەر بدات، کات-وەقت-ی پێویستی بۆ تەرخان نەکراوەو میللەت نەیتوانیوە بە جوانی و بە شێوەیەکی وردو عەقڵانیانە، لە بابەتەکە تێبگات. ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەنجامی دەنگدانەکە دەبێت و زۆرجار وەڵامەکان (بەڵێ یان نەخێر)ەکان شێوەیەکی کارتۆنی وەردەگرێت و هیچ پەیوەندییەکی بە حەقیقەتەوە نییە. بەشداری سیاسی لە راپرسیدا، مانای ئەوە نییە هاوڵاتی تەنها کاری ئەوەیە بێت دەنگ بە بەڵێ یان بە نەخێر بدات، بەڵکو هاوڵاتی پێش ئەوەی ئەو هەنگاوە بنێت، پێویستە دیدیگایەکی هەمەلایەنەی لەسەر بابەتی راپرسییەکە هەبێت و ئاگاداریی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی بێت. ئەم دیدگایە و ئەم ئاگاداربوونە، هەر وا لە خۆڕاو بە هەڕەمەکی و لە شەو و رۆژێکدا دروست نابێت، بگرە پێویستی بە بیرکردنەوەو لێکۆڵینەوەو گفتوگۆی چڕو پڕ هەیە. بێگومان بیرکردنەوەو لێکۆڵینەوەو گفتوگۆی چڕو پڕیش، پێویستیان بە بڕێکی باش لە کات هەیە.

لایەنگرانی راپرسی، پێیان وایە ئەم رەخنەیە لە راپرسی، ناگەڕێتەوە بۆخودی سیستمی راپرسی، بەڵکو ئەم رەخەیە پێویستە ئاراستەی ئەو حیزب و کەسانە بکرێت کە داوای ئەنجامدانی راپرسی دەکەن، بێ ئەوەی زەمینەسازییەکی باش و کاتی گونجاویان بۆ قسەکردن لەسەر بابەتی راپرسییەکە تەرخانکردبێت. لێرەوە راپرسی بە پەلەپڕوزێ و خێرایی ئەنجامنادرێت، ئەو لایەنانەی داوای ئەنجامدانی راپرسی دەکەن، پێویستە لەسەریان پەلە لە ئەنجامدانی نەکەن و کاتی تەواو بۆ میللەت بڕەخسێنن، تا بە تەواوی شەن و کەوی بابەتی راپرسییەکە بکات و لە وردەکاری و دەرئەنجامەکانی تێبگات. شارەزایانی بواری راپرسی پێیانوایە هەر بابەتێکی راپرسی، بە تایبەت بابەتە چارەنوسسازەکان، واتە ئەو بابەتانەی دوای ئەنجامدانی راپرسییەکە، ئەگەری زۆرە کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان هەبێت، وا دەخوازێت کاتی زۆری بۆ تەرخانبکرێت و قسەوباسی زۆری لەبارەوە بکرێت، هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی بۆ بکرێت و میللەت بە تەواوی ئاگاداری ئەوە بێت کە دەنگی بەڵێ یان نەخێری، چ دەسکەوتێک یان زیانێکی لێدەکەوێتەوە.

سێیەم: بەرزبوونەوەی رێژەی ئەوانەی بەشداری راپرسی ناکەن و دەنگنادەن، سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی راپرسی، تا رادەیەکی زۆر، بەندە بە رێژەی ئەوانەی بەشداری لە دەنگدادا ناکەن. ئەگەر رێژەی ئەوانەی بەشداریان لە راپرسییەکەدا نەکرد، زۆرتر بوو، مانای وایە ئەو راپرسییە گوزارشت لە بیروڕای راستەقینەی میللەت ناکات، بۆچی؟ چونکە بەشی زۆری میللەت بەشداری لە راپرسییەکەدا نەکردووە. وەلێ لەگەڵ ئەوەشدا، شارەزایانی بواری راپرسی، جەخت لەسەر ئەوە دەکەن کە دەکرێت لە هەمو راپرسییەکەدا، رێژەیەک لە هاوڵاتیان بەشداری نەکەن، بەو مەرجەی ئەو رێژەیە 25%ی دەنگدەران، تۆزێک زیاتر یان کەمتر لەو رێژەیە، تێنەپەڕێنێت. بەڵام هەر ئەو شارەزایانە، پێیانوایە لە وڵاتانی جیهانی سێیەم، رێژەی بەشدارینەکردن زۆر لەو رێژەیەی سەرەوە زیاترەو هەندێجار دەگاتە سەرو لە 50%. کەچی حکومەتی ئەو وڵاتانە، بەردەوام ئەو رێژەیە دەشارنەوەو بانگەشەی ئەوە دەکەن کە رێژەی بەشداربووان 80% یان 90% تێپەڕاندووە. لەبەر ئەوەیە زۆرێک لە راپرسییەکانی ئەم وڵاتانە، ساختەیەو گوزارشت لە ئیرادەی راستەقینەی میللەت ناکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئومێد دەکرێت بەگەشەکردنی هوشیاری سیاسی و هوشیاری دیموکراسی لەم وڵاتانەدا، رێژەى بەشداری راستەقینەی میللەت لە پرۆسەی راپرسیدا، بەرزتر ببێتەوە. ئەم مەسەلەیەش بەوە زامن دەکرێت کە ئازادی بیروڕا فەراهەم بکرێت.

بێگومان هۆکاری بەشداری نەکردنی هاوڵاتیان لە راپرسیدا، زۆرە، لەوانە دەتوانین ئەم خاڵانەی خوارەوە دەستنیشان بکەین:

 ا-تەمەڵی و گرنگی نەدانی دەنگدەران بە کێشە گشتییەکان، هۆکاری ئەمەش بۆ نزمی ئاستی هوشیاری و کەلتووری دەنگدەران دەگەڕێتەوە. ئەم حاڵەتە زیاتر لە وڵاتانی دواکەوتوودا دەبینرێت کە تێیدا دەنگدەران لە بەهاو بایەخ و گرنگی دەنگی خۆیان نازانن.

ب-نەبوونی حەماس و پەرۆشی و حەز و ویستی دەنگدەران بۆ بەشداریکردن و بە هەند وەرنەگرتنی بابەتی راپرسییەکە.

ج-زۆربوونی ئاراستەکان و قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوانیان، وا دەکات کەسی دەنگدەر نەزانێ دەنگ بە کام ئاراستە بدات و جۆرێک لە رارایی و سەرلێشێوانی بۆ دروست دەبێت. بەتایبەتی کاتێک بابەتی راپرسییەکە، بابەتێکی قورس و ئاڵۆزبێت و هاوڵاتی سادەش هیچ زانیارییەکی پێشوەختەی لەسەر بابەتەکە نەبێت، کەچی داواشی لێدەکرێت دەنگبدات.

د-سروشت و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئاینی و فەرهەنگی هەندێک لە هاوڵاتیان، بە جۆرێکە لە ئەساسەوە ئیمانی بە مەسەلەی بەشداریکردن لە راپرسیدا نییە.

ر-دووبارەبوونەوەی راپرسی بەشێوەیەکی بەردەوام، جۆرێک لە وەڕسی و بێزاری دروست دەکات، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەی دەنگدان دەبێت.

ز-نەبوونی متمانە بە دەرئەنجانی راپرسییەکە، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەو تەزویرو ساختەکارییە دەگەڕێتەوە کە لە پرۆسەی دەنگدانەکەدا ئەنجامدەدرێت و دەستکاریکردنی ئەنجامی راپرسییەکە بەو جۆرەی لە خزمەت ئەجێندای دەسەڵاتداراندابێت.

چوارەم:: کەمکردنەوەی هەیبەت و شکۆی پەرلەمان، لە وڵاتێکدا پەرلەمانێکی هەڵبژێردراو هەبێت، پەنا بردن بۆ راپرسی، لە هەیبەت و شکۆو دەسەڵاتی پەرلەمانەکە کەمدەکاتەوە. ئەم پەنا بردنە بۆ راپرسی، بایەخ و گرنگی پەرلەمان بۆ ئەو یاسایانەی دەریدەکات کەمدەکاتەوە. بۆچی؟ چونکە ئەندامانی پەرلەمان، هەست دەکەن بەرپرسیارەتی بڕیاردان، لە ئەستۆی ئەواندا نییە و لایەنی دیکە هەیە لە بری ئەوان بڕیاردەدات. ئەمە جگە لەوەی هەست دەکەن بڕیاری کۆتایی لەسەر پرسە چارەنوسسازەکان لای ئەوان نییە، بەڵکو لای حیزب و پارتە سیاسییەکانە کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان راپرسی ئەنجامدەدەن. ئەم حاڵەتە بە زۆری لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا بوونی هەیە.

پێنجەم: بەهۆی کاری تەزویرەوە، بەشداری میللەت دەبێتە بەشدارییەکی شکڵی، زۆرجار گومان لە پاک و بێگەردی راپرسییەکان دەکرێت، کاتێ رێژەی بەشداربووان زۆر بەرزەو لەسەرو چاوەڕوانییەوەیە، بەتایبەت ئەگەر بابەتی راپرسییەکە پەیوەستبێت بە دەقی یاسایی و دەستوریی کە پێویستیان بە تێگەیشتن و تێفکرینی راستەقینە هەیە. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجامی دەنگدان نزیکدەبێتەوە لە سەدا سەد. ئەمە وا دەکات پێچەوانەی واقیع و لۆژیک بێت، چونکە میللەت دیدو بۆچون و بەرژەوەندی جیاواز جیاوازی تێدایە کە مەحاڵە هەر هەمویان لەسەر یەک هەڵوێست کۆببنەوە. چاودێران بەرزبوونەوەی رێژەی دەنگدەران بە رەهایی، بۆ دوو هۆکار دەگەڕێننەوە:

1-فشارخستنە سەر هاوڵاتیان بە هەمو ئامرازو شێوازێکی ترس و تۆقاندن، تا بەشداری پرۆسەکە بکەن و بە ویست و ئارەزووی حکومەت و دەسەڵاتداران دەنگبدەن. لێرەوە بەشداریکردن و دەنگدان بە بەڵێ، لە ئەنجامی پاڵنەری ترسەوە دێت، ترس لەوەی ئەگەر بەشداری نەکەیت، ئەوا چ حکومەت چ دەسەڵاتداران، سزایی ئیداری و داراییت بدات، یاخود ئازاری جەستەیی یان مەعنەویت پێبگەیەنن.

2-ساختەکردن و تەزویرکردنی ئەنجامی راپرسییەکە، ئەمەش لە رێگەی دەستکاریکردن و یاریکردن بە ئەنجامەکان لەلایەن حکومەت و ئەو حیزبەی یان ئەو دەسەڵاتەی بانگەشەی بۆ راپرسییەکە کردووە. بێگومان تەزویرکردن شێوازی زۆرە، لەوانە پڕکردنەوەی سندوقەکانی دەنگدان بە فۆرمی ساختە، یان گۆڕینی سندوقە راستەقینەکان بە سندوقی دیکە کە پڕکراون لە فۆرمی ساختە، پڕکردنەوەی ئەو فۆرمانەی کە خاوەنەکانیان نەهاتوون بۆ دەنگدانەکە، تەلەفکردنی ئەو فۆرمانەی کە بە دڵی دەسەلاتداران نەبوون و دەنگیان بە نەخێرە، نەبوونی تۆمارێکی پاکی دەنگدەران کە ناوی دووبارەو ناوی مردووی تێدا نەبێت...هتد.

شەشەم: بارگرانی دارایی بۆ سەر شانی حکومەت، راپرسی پێویستی بە خۆئامادەکردن و دابینکردنی گەلێک پێداویستی مادیی و مرۆیی هەیە کە خەرجییەکی زۆریان تێدەچێت. ئەم خەرجییە زۆرە کاریگەری لەسەر بودجەی وڵات دەبێت و دەبێتە بارگرانی بەسەر دارایی حکومەتەوە.

سەرچاوەکان

بۆ ئامادەکردنی ئەم بابەتە سود لەم سەرچاوانەی خوارەوە  وەرگیراوە:

1- http://almerja.net

2- http://www.aljazeera.net

3- الشرق الاوسط، 26 یونیو 2016 مـ رقم العدد [13725]

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

7,556 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...