دیموکراسی راستەوخۆ و راپرسی

دیموکراسی راستەوخۆ و راپرسی 

هەردوو چەمکی دیموکراسی راستەوخۆ و راپرسی، پەیوەندییەکی توندیان پێکەوە هەیە، بە جۆرێک دەوترێت راپرسی، شێوەیەکە لە شێوەکانی دیموکراسی راستەوخۆ. لێرەدا بە کورتی باس لەو
دوو چەمکە دەکەین و هەندێ نموونەیان بۆ دەهێنینەوە.
دیموکراسی راستەوخۆ: شێوەیەکە لە شێوەکانی دیموکراسی، تێیدا میللەت، بۆ یەکلاییکردنەوەی، پرسێک یان کێشەیەک یاخود مەسەلەیەک، بەشێوەیەکی راستەوخۆ دەنگدەدات. ئەمەش پێچەوانەی دیموکراسی نوێنەرایەتییە، کە تێیدا میللەت لە رێگەی دەنگدانەوە، نوێنەرەکانی خۆی هەڵدەبژێرێت، تا دواتر ئەم نوێنەرانە لە ئەنجوومەنی نیشتیمانی یان پەرلەمان، گوزارشت لە داواکاریی و خواست و ویستی میللەت بکەن و هەوڵی جێبەجێکردنی بدەن. دیموکراسی راستەوخۆ رێگە بە سێ شێوە لە کاری سیاسی دەدات، ئەوانیش بریتین لە:
راپرسی- الاستفتاء
بانگهێیشتکردن- الاستدعاء.
دەستپێشخەری-المبادرە.
راپرسیی رێگە بە هاوڵاتیان دەدات، هەر یاسایەک یان تەشریعێک کە بە دڵیان نەبوو، رەتیبکەنەوە.
بانگهێشتکردن دەرفەتی لێسەندنەوەی متمانە، لە هەر بەرپرسێکی فەرمی حکومەت، دەڕەخسێنێت. پێش ئەوەی ئەو بەرپرسە وادەی یاسایی حکومڕانییەکەی تەواو بووبێت.
دەستپێشخەری رێگە دەدات جەماوەر، پێشنیاری هەندێک پرۆژە و یاسای تایبەت بکات.
دیموکراسی ئەسینا لە یۆنانی کۆندا، نموونەی کۆنترین جۆری دیموکراسی راستەوخۆیە. دامودەزگا دیموکراسییەکان لە ئەسینای ئەو رۆژگارەدا، لەم دامودەزگایانەی ئەمڕۆ نەدەچوون. لەو سەردمە کۆنەی یۆناندا، هاوڵاتییە نێرەکان (جگە لەکۆیلەکان)، دەیانتوانی لە ئەنجومەنە گشتییەکاندا، لە رێگەی دەنگدانەوە، راستەوخۆ بەشداری لە بڕیاردانی سیاسیدا بکەن، بێ ئەوەی نوێنەرانی خۆیان بۆ ئەو ئەنجومەنە گشتیانە هەڵبژێرن و دواتر ئەو نوێنەرانە، بڕیارەکان دەربکەن. بەڵکو هاوڵاتییە نێرەکان، خۆیان راستەوخۆ دەنگیان لەسەر بڕیارە سیاسییەکان دەدا.
بەڵام ئەم حاڵەتە، واتە دیموکراسییەتی راستەوخۆ، لە یۆنانی کۆندا، لەبەر دوو هۆکار، نەیتوانی بەردەوامبێت: یەکەمیان زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و زۆربوونی ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو. دووەمیان گەورەبوون و بەرفراوانبوونی زیاتری شارەکان. ئەم دوو هۆکارە وایکرد سەرجەم هاوڵاتیان دەرفەتی ئەوەیان نەبێت لە ئەنجومەنە گشتییەکاندا کۆببنەوەو راستەوخۆ بەشداربن لە پرۆسەی دەنگداندا. لێرەوە وردە وردە ئەم جۆرە لە دیموکراسی پاشەکشەی کردو دیموکراسی نوێنەرایەتی، شوێنی گرتەوە.
***
لەمڕۆدا دەوڵەتی سویسرا، تەنها دەوڵەتە کە پەیڕەوی لە دیموکراسی راستەوخۆ دەکات. لە سویسرا هیچ دەستکاریکردنێکی –تەعدیلێکی- دەستووریی تێپەڕنابێت، ئەگەر لەسەر دوو ئاست رەزامەندی بەدەست نەهێنێت: یەکەم لەسەر ئاستی نیشتیمانی، دووەم لەسەر ئاستی کانتۆنەکان. لە سویسرا بۆ ئەوەی بڕیارێک تێپەڕێنرێت، پێویستە لەسەر ئاستی نیشتیمانی، رەزامەندی زۆرینەی دەنگدەران بەدەستبێنێت، هاوکات پێویستە لە هەر کانتۆنێکدا، رەزامەندی زۆرینەی دەنگدەرانی کانتۆنەکە بەدەستبێنێت. لە سویسرا، تەشریعاتەکان و یاساکان، پێش ئەوەی لەلایەن پەرلەمانەوە تەبەنی بکرێت و پێش ئەوەی یاساکان لە پەرلەمان گفتوگۆو مشتومڕیان لەسەر بکرێت، دەخرێنە بەردەم کۆمەڵی مەدەنی و گردبوونەوەی کراوەی هاوڵاتیان لە کانتۆنەکان- تجموعات المواگنین المفتوحە فی الکانتونات- تاکو پرس و رایان پێبکرێت و پێشنیارەکانی خۆیان بخەنەڕوو. پێشنیاری هاوڵاتیان، لەلایەن لیژنە تایبەتەکانی پەرلەمانەوە، تاوتوێ دەکرێن و لە دەرکردنی یاساکاندا بەهەند وەردەگیرێن. هاوڵاتیان لە میانەی راپرسی گشتی و لە رێگەی بەکارهێنانی مافی (ڤیتۆ)وە، دەتوانن هەر یاسایەک یان تەشریعێکی پەرلەمانی رەتکەنەوە. هەر یاداشتێک بۆ گۆڕین و دەستکاریکردنی دەستور، ئەگەر واژۆی 2.5% دەنگدەرانی لەسەر بێت، ئەوا پەرلەمان ناچار دەکات گفتوگۆ لەسەر ئەو یاداشتە بکات و بیخاتە راپرسییەوە.
لێرەدا پێویستە ئاماژەیەکی خێرا بەوە بدەین کە بزووتنەوە ئانارشیستییەکان، واتە بزووتنەوە فەوزەوییەکان، پاڵپشتێکی گەورەی دیموکراسی راستەوخۆ دەکەن، چونکە لای ئەو بزووتنەوانە دیموکراسییەتی راستەوخۆ، ناوەندێتی- مەرکەزییەتی- دەسەڵات و بڕیاردان تێکدەشکێنێت و لەبەریەک هەڵیدەوەشێنێتەوە. بەڵام ئێمە کاتێ ئەوە دەڵێین، نابێت ئەوەشمان لە یاد بچێت کە هەندێ لە بزوتنەوەی ئەنارشیستییەکان، هەر لە بنەمادا باوەڕیان بە پرۆسەی دیموکراسی نییە، چ جای دیموکراسی راستەوخۆ.
****
راپرسی چییە؟
راپرسی یان گشتپرسی، بە زمانی ئینگلیزی پێیدەوترێت Referendum و بە زمانی عەرەبی پێیدەوترێت الاستفتاء، لای خۆشمان زۆرجار لەبری هەردوو زاراوەی راپرسی یان گشتپرسی، زاراوەی ریفراندۆم بەکاردەهێنرێت. بە وتەی شارەزایانی بواری راپرسی، راپرسی یەکێکە لەو چەمکانەی، پێناسەکردنی هیچ جۆرە سەختی و ئاڵۆزییەکی ئەوتۆی تێدا نییە و بە ئاسانی پێناسە دەکرێت. لێرەوە باوترین و بەربڵاوترین پێناسە کە بۆ راپرسی دەیکەن، ئەم پێناسەیەیە: بریتییە لە وەرگرتن یان زانینی رای جەماوەر- میللەت- لە پرسێکی تایبەت دا بە بەڵێ یان بە نەخێر.
بیرۆکەیەکی گرنگ و بایەخدار لە پشت فیکرەی ئەنجامدانی پرۆسەی راپرسییەوە هەیە، ئەم بیرۆکەیە دەڵێت: مادام ناکرێت و مەحاڵە کۆی سەرجەم هاوڵاتیان- میللەت- لە شوێنێکی دیاریکراودا کۆبکرێنەوە، تا راستەوخۆ مومارەسەی دیموکراسی بکەن، بۆ نموونە ناکرێت تاک بە تاکی هەموو میللەت لە پەرلەماندا کۆبکرێنەوە تا دەنگ لەسەر پرسەکان بدەن. بەڵام دەکرێت هەندێک ئامراز بخرێتە بەردەست هاوڵاتیان- میللەت- بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی راستەوخۆ بڕیار لە هەندێک پرسی تایبەت و گرنگ و چارەنوسسازدا بدەن. یەکێک لەو ئامرازانە پرۆسەی راپرسییە.
میللەت لە رێگەی راپرسییەوە، ئەو مافە بە خۆی دەدات کە بە هاریکاری ئەنجومەنی نیشتیمانی، دەنگ لەسەر هەندێ کاروباری حوکمڕانی بدات و ئەو کارە تەنها بۆ ئەندامانی پەرلەمان و حکومەت جێنەهێڵێت. لێرەوە وەرگرتنی بڕیار، بەسەر دوو لایەندا دابەشدەبێت: لایەنی یەکەم پەرلەمان و حکومەت،لایەنی دووەم هاوڵاتیان- میللەت، ئەمەش بەو پێیەی میللەت، لەپاڵ هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادگادا، دەسەڵاتی چوارەمە. پێویستە لێرەدا ئاماژە بە خاڵێک بدەین، ئەویش ئەوەیە چەمکی میللەت، بە مانا کۆمەڵایەتییەکەی ئەم چەمکە نییە، بەڵکو بە مانا سیاسییەکەیەتی، واتە تەنها ئەو هاوڵاتیانە دەگرێتەوە کە مافی دەنگدانیان هەیەو ناویان لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا تۆمارکراوەو سەرجەم مەرجەکانی دەنگدانی تێدایە.
بەمانایەکی دی، راپرسی وەک پرنسیپ، جۆرێکە لە جۆرەکانی پیادەکردنی میللەت بۆ دەسەڵاتی خۆی، بە رێگایەکی دیموکراسی. بەو مانایەی راپرسی گەڕانەوەیە بۆ جەماوەری دەنگدەر- بەو سیفەتەی جەماوەر خاوەنی سەروەرییە- تا بیروڕا یاخود بڕیار، دەربارەی بابەتێکی تایبەت کە دەخرێتە بەردەستیان، دەرببڕن.
جۆرەکانی راپرسی
ا/ بەپێی جۆری بابەتەکە: راپرسی بە پێی جۆری ئەو بابەتەی راپرسییەکەی لە بارەوە دەکرێت، جیاوازە و دەکرێت بە سێ بەشەوە:
یەکەم: راپرسی دەستووری: بابەتی راپرسییەکە دەستورییەو پێویست بەوە دەکات رای میللەتی لەبارەوە وەربگیرێت، ئەمەش لەکاتی دانانی دەستوردا دەبێت یاخود لەکاتی دەستکاریکردن و گۆڕینی هەندێ بڕگەو مادەی دەستورەکەدا دەبێت. لەم حاڵەتەدا دانانی دەستور یاخود دەستکاریکردنی دەستور، ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، تەنها ئەو کاتە نەبێت کە میللەت بڕیاری لەسەردەدات.
دووەم: راپرسی تەشریعی: بابەتی راپرسییەکە دانانی یاسا گشتییەکانە، لە بنەڕەتدا دانانی یاسا گشتییەکان ئەرک و پسپۆڕی ئەندامانی پەرلەمانە، بەڵام لێرەدا بۆ هەندێ یاسای تایبەت رای میللەت وەردەگیرێت، ئەگەر میللەت لە راپرسییەکەدا رەزامەندی لەسەر ئەو یاسا تایبەتە دەربڕی، ئەوا یاساکە سیفەتێکی قانوونی تەواو وەردەگرێت و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لێ ئەگەر میللەت رەزامەندی لەسەر ئەو یاسایە نەدا، ئیدی ئەوا یاساکە شکستدێنێت و ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سێیەم: راپرسی سیاسی: بابەتی راپرسییەکە پرسێکی سیاسی تایبەتە کە پێویست دەکات رای میللەت وەرگیرێت. بۆ نموونە راپرسی یەکلایی دەکاتەوە، پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵات کە پرسێکی سیاسییە، ئایا لە رێگەی پەرلەمانەوە بێت یان راستەوخۆ لە رێگەی دەنگدانی میللەتەوە بێت.
ب/ بەپێی کاتی ئەنجامدانی: لەم حاڵەتەدا، راپرسییەکە بۆ دوو بەش دابەشدەبێت: راپرسی پێش دەرچوونی یاساکە، یاخود راپرسی دوای دەرچونی یاساکە:
یەکەم: راپرسی پێش دەرچوونی یاساکە: لەم حاڵەتەدا، دەستپێشخەری لەلایەن پەرلەمانەوە دەبێت، پەرلەمان پێش ئەوەی یاساکە- کە بێگومان یاسایەکی گرنگە- دەربکات، پێیباشە بیرۆکەی یاساکە بخاتە بەردەست هاوڵاتیان- میللەت- و بیروڕای ئەوان وەربگرێت. ئەگەر میللەت بیرۆکەکەی پێباش بوو، ئەوا پەرلەمان لەبەر رۆشنایی رەزامەندی میللەت، بیرۆکەکە لە شێوەی یاسایەکی گونجاودا دادەڕێژێت.
دووەم: راپرسی دوای دەرچوونی یاساکە: لەم حاڵەتەدا، پەرلەمان پرۆژە یاساکەی لەسەر شێوەی یاسا دەرکردووە، بەڵام ئەم یاسایە ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوەو مولزەم نابێت، تەنها دوای ئەوەی میللەت لە راپرسییەکدا رەزامەندی لەسەر دەدات. لێ ئەگەر رەزامەندی میللەتی بەدەستنەهێنا، ئەوا یاساکە ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ج/ بەپێی ڕێوڕەسمی یاسایی: لەم حاڵەتەدا راپرسییەکە دابەش دەبێت بۆ راپرسییەکی ناچاری- ئیجباری- و راپرسییەکی ئارەزوومەندانە- ئیختیاری-.
یەکەم: راپرسی ئیجباری: ئەو جۆرە راپرسییەیە کە بە پێی دەستور بڕیاری لەسەردراوەو دەبێت پێش ئەنجامدانی کارێکی تایبەت، پێویستە راپرسی لەبارەوە بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە دەستور، بە دەقێکی یاسایی دەسەڵاتی (یاسادانان و جێبەجێکردن)ی ناچارکردووە راپرسی لەسەر بابەتێکی تایبەت ئەنجامبدەن، پێش ئەوەی ئەو بابەتە تایبەتە، ببێت بە یاسا. لێرەدا پەرلەمان و حکومەت هیچ بژاردەیەکیان لەبەردەستا نییە، جگە لە ئەنجامدانی ئەو راپرسییە.
دووەم: راپرسی ئیختیاری: لەم حاڵەتەدا، دەستور مافی ئەنجامدانی راپرسی یان ئەنجامنەدانی راپرسی، دەداتە دەست دەسەڵاتی تایبەتمەند و سەرپشکی دەکات لەوەی ئایا راپرسی بکرێت یان نەکرێت. کردن و نەکردنی راپرسییەکە، پەیوەستە بە بڕیاری ئەو دەسەڵاتە تایبەتمەندەوە کە دەستور بۆ ئەنجامدانی راپرسی، دەستنیشانی کردووە.
د/ بەپێی هێزی یاسایی: لەم حاڵەتەدا راپرسیییەکە دابەشدەبێت بۆ راپرسی پابەندبوون- ملزم- یان راپرسی پابەندنەبوون- غیر ملزم- لێرەدا بنەمای دابەشبوونەکە ئەوە نییە راپرسییەکە بکرێت یان نەکرێت، بگرە بنەمای دابەشبوونەکە بریتییە لەوەی دەسەڵات تا چ ئاستێک پابەندی ئەو بیروڕایەیە کە میللەت لە راپرسییەکەدا دەریبڕیوە، یاخود تا چ ئاستێک پابەندنابێت پێیەوە.
یەکەم: راپرسی پابەندبوون: لێرەدا ئەو دەسەڵاتەی راپرسییەکەی ئەنجامداوە: واتە چ دەسەڵاتی یاسادانان بێت یان دەسەڵاتی جێبەجێکردن بێت، پێویستە پابەندی ئەنجامی راپرسییەکە بێت و جێبەجێی بکات.
دووەم: راپرسی پابەندنەبوون: پێشی دەوترێت راپرسی راوێژکاری- الاستشاری- لێرەدا ئەو دەسەڵاتەی ئەم راپرسییەی ئەنجامداوە، لەڕووی یاساییەوە پابەند- مولزەم- نییە بە جێبەجێکردنی ئەنجامی راپرسییەکە، بۆیە ئازادە لەوەی کار بە ئەنجامنی راپرسییەکە دەکات یان نایکات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، جوان نییە بۆ دەسەڵاتێکی دیموکراسی، کار بە رای میللەت نەکات، تەنانەت ئەگەر ئەو رایە بۆ کاری راوژێژکاریش بێت. لێرەوە ئەم دابەشوونەی لەم جۆرە راپرسییەدا هەیە، تەنها وەک دابەشبوونێکی تیۆری دەمێنێتەوە.
چێوارچێوەی جێبەجێکردنی راپرسی
شێوازی کردەیی بەشداریکردنی میللەت لە راپرسیدا، بە دەنگدانی جەماوەریی دەبێت لەسەر پرسێکی دیاریکراوی تایبەت بە دەستور یان یاسا یاخود پرسێکی گرنگ و چارەنوسساز کە تاڕادەیەکی زۆر ئایندەی وڵاتی پێوە پەیوەستە. لێرەدا بە پرسیارێکی روون و ئاشکرا، داوا لە میللەت دەکرێت بە یەکێک لەم دوو وشەیە وەڵام بدەنەوە: بەڵێ، نەخێر. لە هەندێ راپرسیدا دەستەواژەی هاوڕام یان هاوڕانیم بەکاردەهێنرێت. بۆ سەرکەوتنی راپرسی و بەدیهێنانی ئامانجەکەی و بۆ زانینی رەئی راستەقینەی میللەت، پێویستە پرۆسەی راپرسی لە کەشوهەوایەکی هێمن و ئازاد و دیموکراسدا بەرێوەبچێت، کەشوهەوایەکی دوور لە بارگرژیی و هەڕەشەو پەشێویی. کەشوهەوایەک دەرفەتی یەکسان و وەک یەک، دەخاتە بەردەست لایەنگران و نەیارانی راپرسییەکە. واتە هەردوو بەرەی رازیی و ناڕازیی، پێویستە بەو پەڕی ئازادییەوە گوزارشت لە بیروڕای خۆیان بکەن، هیچ ترس و تۆقاندنێک، هیچ تەخوینکردنێک بۆ هیچ لایەک لەئارادا نەبێت. بەڵام نەبوونی ئەو کەشوهەوا پۆزەتیڤ و گونجاوە، وا دەکات راپرسییەکە تەنها ئامرازێکی شکڵی بێت بۆ ساختەکردن و تەزویرکردنی ئیرادەی میللی. تەنها شێوەیەکی دیموکراسی چەواشەکارانە و موزەیەف بێت، بۆ بەدیهێنانی حەزو ویستی دیکتاتۆرەکان. بۆ نموونە هێتلەر لە هەموو دیکتاتۆرەکانی دیکە، زیاتر پەنای بۆ راپرسی میللی دەبرد، ئەمەش بۆ پشتگیریکردنی سیستمە نازییەکەی و بۆ دەرخستنی حوکمڕانییەکەی وەک حوکمڕانییەکی دیموکراسی میللی.
کاریگەری راپرسی
راپرسی وەک دەوترێت تەرجەمەکردنی لایەنی کردەیی- عەمەلی- دیموکراسییە، چونکە تێیدا میللەت راستەوخۆ بەشدارە لە داڕشتنی هەندێک لە بڕیارە گرنگەکان کە کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی ئایندەی دبێت. میللەت لە رێگەی ئەنجامدانی راپرسییەوە، دەکرێ ئەم دەستکەتانەی خوارەوە بەدەستبێنێت.
1-ئەنجومەنە میللییەکان کاتێک دەسەڵاتەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن، چاویان لەسەر بەرژەوەندی میللەتە و میللەتیش چاودێرە بەسەریانەوە. بەم جۆرە میللەت سنورێک بۆ ستەمی- استبداد- ئەنجومەنەکان دادەنێت.
2-هاوسەنگی لەنێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن بەدیدێت، لێرەدا میللەت رۆڵی داوەر لەنێوان ئەو دوو دەسەڵاتەدا دەگێڕێت.
3-سەقامگیری بۆ حکومەت دێتەئاراوە، بەو پێیەی میللەت دەتوانێت بە رێگایەکی ئاشتیانە گوزارشت لە رای خۆی بکات، بێ ئەوەی میللەت پەنا ببات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نیشتیمانی یان بێ ئەوەی پەنا بۆ بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی وەک کۆدەتا یان شۆڕش ببات.
4-هاوڵاتیان لە روبەڕوبوونەوەی پارتە سیاسییەکاندا، هەست بە دەسەڵات و سەربەخۆیی خۆیان دەکەن. بۆیە بەوپەڕی راستگۆییەوە دەنگی خۆیاندەدەن، بێ ئەوەی پێویستیان بەوە بێت پابەندی بیروڕای حیزبێکی دیاریکراوبن.
5-میللەت بەو پێیەی خاوەنی سەروەرییە- سیادەیە- لە دەرئەنجامی رێزگرتن لە ئیرادەی و حەزو ویستەکانی، بەرزدەبێتەوە بۆ ئاستێکی مرۆیی باڵا. بەم جۆرە بیرۆکەی سەروەریی، لە سنورە تیۆرییەکەیەوە دەگوێزرێتەوە بۆ سنورە عەمەلی و پراکتیکییەکەی.
ئەو رەخنانەی ئاراستەی راپرسی دەکرێت.
راپرسی لەو رەخنانە بەدەرنییە کە شارەزایان ئاراستەی دەکەن، لەوانە:
1-مێژونووسی زانستی یاسا (ئەدیمار ئیسمن Esmein)پێیوایە راپرسی، لە شکۆی ئەو حکومەتە کەمدەکاتەوە کە لە ئەنجومەنی نیشتیمانییەوە متمانەی پێدراوە.
2-بەپێی تێڕوانینی (مۆریس دوڤرجیر Duverger)، راپرسی سروشتێکی کۆنزەرڤاتیڤانەی هەیە، بۆ نموونە بەشی زۆری ئەو پرۆژانەی چاکسازی کە لە سویسرا دەخرانە راپرسییەوە، چارەنووسی رەتکرنەوە بوو، چونکە دەنگدەران پەرۆشی مانەوەی ئەو بارودۆخە جێگیرەبوون کە لەسەری راهاتبوون.
3-زۆربەیجار راپرسییەکان، چەمکی –التێدیق الشعبی- بەسەریدا زاڵە، چونکە داوا لە میللەت دەکرێت متمانەی خۆیان ببەخشنە کەسێکی تایبەت، لەم حاڵەتەدا دەنگدەران بە پێی هەست و سۆزیان بۆ کەسە، دەنگدەدەن و دەنگ بە ناوەرۆکی پرۆژەکە نادەن. واتە زیاتر دەنگ بە کەسەکە دەدەن، تا ئەوەی دەنگ بە ناوەرۆکی پرسی ریفراندۆمەکە بدەن.
لە مێژودا چەندین نموونە هەیە، دەریدەخات راپرسی لە رێڕەوی راستەقینەی خۆی لایداوەو گۆڕاوە بۆ التێدیق الشعبی. ساڵی 1799 داوا لە میللەتی فەرەنسی کرا، راپرسی لەسەر پرۆژەی ئەو دەستورە بکرێت کە ناپلیۆن داینابوو، بە پرۆژەی دەستوری ساڵی هەشتەمی شۆڕش ناسراوە. راپرسییەکە تا بڵێی پۆزەتیف بوو، زۆرترین دەنگی دەنگدەرانی بەدەستهێنا، چونکە دەنگدەران رێزیان بۆ کەسایەتی ناپلیۆن هەبوو کە خاوەنی راپرسییەکە بوو. ناپلیۆن دەرکی بەو کرد کە دەتوانێت لە رێگەی ئەنجامدانی ئەم جۆرە راپرسییەوە، دەستکەوتی گەورە بۆ خۆی بەدەستبێنێت. بۆیە ساڵی 1802 دیسانەوە راپرسی دووبارە کردەوەو لە ئەنجامی راپرسییەکەدا، بە درێژایی ژیانی بوو بە کونسوڵی فەرەنسا. ساڵی 1804 لە رێگەی راپرسییەوە، ئیمپراتۆریەتی راگەیاندو خۆشی وەک ئیمپراتۆر دەستنیشان کرد. ساڵی 1815 دوای ئەوەی بارەگاکەی لە دورگەی ئەلبە Eibe بەجێهێشت و جارێکی دی دەسەڵاتی گرتەوە دەست، راپرسییەکی لەسەر دەستکاریکردنی دەستور ئەنجامدا، مەبەست لەو راپرسییەو دەستکاریکردنەی دەستور، بەهێزکردن و پتەوکردنی پایەکانی دەسەڵاتەکەی خۆی بوو.
4-پێش ئەنجامدانی راپرسی، کاتی پێویست و دەرفەتێکی باش بۆ قسەکردن و لێکۆڵینەوە لە بابەتی راپرسییەکە، بەشێوەیەکی قووڵ و زانستی، فەراهەم ناکرێت. وەک ئەو قسەکردن و لێکۆڵینەوە بەرفراوان و قووڵەی لە ئەنجومەنی نیشتیمانیدا، لەسەر پرسەکان یان لەسەر یاساکان دەکرێت و لایەنی راست دەردەکەوێت. لەم حاڵەتەدا بڕیاری میللەت، دەبێتە بڕیارێکی رووکەش.
5-بەردەوام داواکردن لە هاوڵاتیان بێن و دەنگی خۆیان بدەن، هاوڵاتیان دووچاری بێزاری و ناڕەحەتی دەکات و؛ وا دەکات هاوڵاتیان ئامادەیی ئەوەیان نەبێت وەک پێویست بەشداری دەنگدان بکەن. ئەو چەکەی زۆر باسی لێوە دەکرێت، بەهای خۆی لەدەست دەدات. ئەمە جگە لەوەی راپرسی خەرجییەکی زۆری دەوێت.
دواجار پێویستە راپرسی، تایبەت بێت بە بابەتێکی روون و ئاشکراو دیاریکراو، بابەتێک جێگای بایەخی میللەت بێت و کاریگەری لەسەر ژیان و چارەنووسی میللەت هەبێت. جگە لەوە پێویستە ئەو پرسیارەی لە راپرسییەکەدا دەخرێتە ڕوو، پرسیارێکی سادە و ڕوون و رەوان بێت، وەڵامەکەشی بە بەڵێ یان نەخێر بێت.
سەرچاوە:
1-ar.wikipedia.org
2-http://www.freearabi.com
3-http://www.aljazeera.net


 

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

6,227 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...