یاسای دەستکەوتنی مافی زانیاری

یاسای دەستکەوتنی مافی زانیاری

کتێبی مافی زانیاری... دەستکەوتنی زانیاری و بەهێزکردنی رۆڵی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە کۆمەڵگای دیموکراسیدا، نووسینی دانا سەعید سۆفی و لەبڵاوکراوەکانی ئینستتیوتی ریفۆرم بۆ گەشەپێدان، یەکێکە لەو کتێبە باشانەی کە بە زمانێکی کوردی رەوان، باس لە مەلەسەی مافی بەدەستکەوتنی زانیاری و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم دەستکەوتنە، باس لە یاسای مافی بەدەستکەوتنی زانیاری لە هەرێمی کوردستان و کەموکوڕی و ناتەواوییەکانی ئەو یاسایە دەکات. ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا بریتییە لە توێژینەوەیەکی مەیدانی بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی، نووسەری کتێبەکە جگە لەوەی بە وردی قسەی لەسەر رۆڵی دیموکراسی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی پەیوەست بە مافی زانیاری و، ستانداردو پرنسیپە نێودەوڵەتییەکانی دەستکەوتنی زانیاری  کردووە. لە هەمانکاتدا بەراوردێکی گرنگی لەنێوان هەردوو یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کردووەو خاڵە لێکچوو جیاوازەکانی ئەو دوو یاسایەی خستووەتەڕوو.

ئێمە لێرەدا وەک پاڵپشتێک بۆ ئەو کتێبە گرنگە و زیاتر دەوڵەمەندکردنی، هەروەها بۆ زیاتر ئاشنابوون بە مافی دەستکەوتنی زانیاری و گرنگی بوونی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری و تیشکخستنە سەر رەهەندە جیاوازەکانی ئەم مافە، لە خوارەوە کۆمەڵێ دیدو بۆچوون و زانیاری دیکە دەخەینەڕوو.

سەرەتا با پێناسەیەکی ئەم مافە بکەین و بزانین شارەزایان و پسپۆڕانی ئەم بوارە، چۆن و بە چ شێوەیەک باسی مافی دەستکەوتنی زانیاری دەکەن و گرنگییەکەی لە چیدا دەبینن. هەم شارەزایان و هەم رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کۆکن لەسەر ئەوەی مافی بەدەستکەوتنی زانیاری، یەکێکە لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و بەردی بناغەی هەمو ئازادییەکانی دیکەیە. لەم دەستپێکەوە دەکرێ سادەترین پێناسە بۆ ئەم مافە بەم شێوەیە بێت: جەماوەرو تاکەکان (الافراد)، بەهەر شێوازو رێگایەک بێت، مافی وەرگرتنی هەمو ئەو زانیارییانەیان هەیە کە لای دەسەڵاتە گشتییەکانە. دەسەڵاتە گشتییەکان لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتیدا، هیچ نین جگە لە بریکار (وەکیل)ی میللەت و تاکەکان، بۆیە مافی وەکیل نییە هیچ شتێک لە خاوەنە راستەقینەکەی، واتە لە میللەت بشارێتەوە و پێویستە هەمو زانیارییەکان بخاتە بەردەست میللەت و، جەماوەرو تاکەکان بتوانن بەئاسانی دەستیان بەو زانیارییانە بگات، مادام شاردنەوەو پاراستنی ئەو زانیاریانە، هیچ بەرژەوەندییەکی گشتی تێدانییە و هیچ دەسکەوت و قازانجێک بەدیناهێنێت، بۆیە شاردنەوەیان دژ بە یەکێک لە مافە هەرە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە کە بریتییە لەمافی بەدەستهێنانی زانیاری.

لە راستیدا خودی چەمکی ئازادی کە یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی ژیانی مرۆڤایەتی و مافێکە لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و دیارترین دەرکەوتەی ئازادی-ش بریتییە لە ئازادی بیروڕا، بەڵام چ ئازادی بە شێوە گشتییەکەی و چ ئازادی بیروڕا بە تایبەتی، پێویستیان بە گرەنتی و زەمانەت هەیە، دیارترین گرنتیش بریتییە لە مافی بەدەستهێنانی زانیاری. لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە: بۆچی مافی بەدەستهێنانی زانیاری هێندە گرنگە؟ لە وەڵامدا دەتوانین بڵێن لەبەر ئەوەی ئەو مافە، وا دەکات هاوڵاتیان توانای (رەخنە)گرتنیان هەبێت لە کەموکوڕییەکانی ناو کۆمەڵگا، لە پێناو بونیادنانی کۆمەڵگاو پێشخستنی و بەرزراگرتنی کۆڵەکەکانی. ئەم مافە لە رێگەی فەراهەمکردنی زایارییەکانەوە، دەرفەت بۆ هاوڵاتی دەڕەخسێنێت، چارەسەری دروست بۆ گەندەڵی و کێشەو قەیرانەکانی کۆمەڵگا بدۆزێتەوە، پێش ئەوەی ئەو گەندەڵی و کێشە و قەیرانانە، رەگداکوتن و بە تەواوی بەناو کۆمەڵگادا بڵاوببنەوەو سەرجەم سێکتەرەکانی ژیان بگرنەوە. چونکە رەگداکوتان و بڵاوبوونەوەیان، وا دەکات دواتر چارەسەرەکان زۆر زەحمەتترو سەختتربن. بە مانایەکی تر هاوڵاتی بۆ ئەوەی یارمەتی پێشکەوتن و گەشەکردنی کۆمەڵگاکەی بدات و بتوانێت لەسەر بنەمایەکی زانستی و لۆژیکی رەخنە لە گەندەڵی و ناتەواوییەکان بگرێت و چارەسەری دروست و گونجاویان بۆ بدۆزێتەوە، پێویستی بە زانیاری و داتای ورد هەیە کە لای دەسەڵاتە گشتییەکانە. لەسەر دەسەڵاتە گشتییەکانیش پێویستە، هیچ کۆسپ و بەربەستێک بۆ بەخشینی زانیاری و داتاکان دروست نەکەن و نەیشارنەوە. پاساوی ناڕەواو نا راست بۆ شاردنەوەی زانیارییەکان نەهێننەوەو لەناو چەکمەجە و ژورە تاریکەکاندا هەڵینەگرن، بگرە لەسەریانە بیانخەنە بەر تیشکی خۆرو بەرچاوی هاوڵاتیان. چونکە شاردنەوەیان گرفت بۆ رەخنەکان دروست دەکات و ئەگەری ئەوە هەیە رەخەکان لەبەر نەبوونی زانیاری کاریگەری ئەوتۆیان نەبێت و تەنها لە سنوری کۆمەڵێ قسەی گشتیدا بمێننەوەو نەبنە جێگای متمانە و باوەڕ. ئا لێرەوەیە نەتەوە یەکگرتووەکان پێش71 ساڵ لەمەوبەر، واتە لە کۆبوونەوەی ساڵی 1946دا،  ددانی ناوە بەم مافەداو دەڵێ: (ئازادی گەیشتن بە زانیاری، مافێکی بنەڕەتی مرۆڤە و سەنگی مەحەکی هەمو مافەکانی دیکەیە).

گرنگی و بەهای ئەم مافەیە، وا دەکات هەندێک لە وڵاتان بە پێویستی بزانن، یاسای تایبەتی بۆ دەرکەن و بەدەستگەیشتنی زانیاری بە یاسا رێکبخەن. لە ئێستادا ئاراستەیەکی جیهانی بەرفراوان هەیە- بەتایبەت لەو وڵاتانەی پەرۆشی بە دامەزراوەیی و جێگیرکردنی دیموکراسین- بۆ تەبەنیکردنی داننان بەم مافەدا وەک مافێکی بنەڕەتی مرۆڤ، بەو پێودانگەی زانیاری (ئۆکسجینی دیموکراسییە) و ئامرازێکی سەرەکییە بۆ بەرقەرارکردن و بەرزراگرتنی دیموکراسی. ئەم مافە لەسەر ئەو پرنسیپە سەرەکییە راوەستاوە کە دەڵێ پێویستە حکومەت لە خزمەت میللەتدا بێت. ئەم خزمەتکردنە، حکومەت ناچار دەکات ئەو زانیارییە زۆرانەی کە لایەتی، بخاتە بەردەست میللەتەکەی، تا میللەت ئاگاداری چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کاروبارەکان بێت و بتوانێت لەکاتی بوونی کەموکوڕی و ناتەواویدا، بەشداربێت لە دۆزینەوەی چارەسەرو لێپرسینەوەی دروست لە بەرپرسی ئەو کەموکوڕیانە بکات. ئەم مافە چەندین مەبەست و ئامانجی سیاسی و ئابوری بەدیدەهێنێت کە دەتوانین لە خوارەوە هەندێکیان دەستنیشان بکەین:

1-زامنی بەشداریکردنی هاوڵاتیان دەکات لە دروستکردنی سیاسەتی وڵات و بڕیاردان لەسەر هەمو ئاستەکان.

2-توانایەکی گەورە بە هاوڵاتیان دەبەخشێت بۆ چاودێریکرنی رەفتارو هەڵسوکەوتی بەرپرسەکان و لێپرسینەوەیان.

3-یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی هوشیار، ئەو کۆمەڵگایەی توانای بەدەستهێنانی زانیارییەکانی نەبێت، ناکرێت پێی بووترێت کۆمەڵگایەکی ئازاد. لە کۆمەڵگایەکدا شاردنەوەی زانیاری ببێتە ئەرکی سەرەکی حکومەت و دەسەڵاتداران، ئەو کۆمەڵگایە هەمیشە لەبەردەم ئەگەری تەقینەوەی گەورەو ئاڵۆزی و پەشێوی قورسدایە. جگە لەوە رێژەی گومانی هاوڵاتیان لە گەندەڵی بەرپرسانی حکومەت، رۆژانە لە زیادبوون و هەڵکشاندایە.

4-بڕێکی زۆر لە شەفافییەت دابیندەکات، بوونی ئەم بڕە زۆرە لە شەفافییەت، وا دەکات بەرپرس و حیزبەکان لە گەندەڵی و دزینی سامان و پارەی گشتیی میللەتەوە نەتلێن. دەوترێت (کەمەکێک لە تیشکی خۆر، باشترین دەرمانە بۆ لەناوبردنی میکرۆبەکان).

5-ئازادی میدیا تۆکمەتر دەکات و دەسەڵاتەکەشی بەهێزتر دەکات، توانای فشارو پەردەهەڵماڵین لەسەر گەندەڵییەکان و دۆزینەوەی راستییەکان زیاتر دەکات.

6-دەرفەتێکی راستەقینە دەبەخشێت بە دروستکردنی متمانەیەکی بەهێز لە نێوان حکومەت و میللەت، ئەمەش لە میانەی بڵاوکردنەوەی هەمو شتێک بۆ میللەت.

7-رێگە لە بڵاوبوونەوەی پڕوپاگەندەو وتی وتی ئەو کەسانە دەگرێت کە لە ئاوی لێڵدا راودەکەن.

8-هەڵە و کەموکوڕییەکان ئاشکرا دەکات، تاکو ببنە شوێنی قسە لەسەرکردن و رەخنە لێگرتن، ئەمەش یارمەتی چارەسەرکردن و دووبارە روونەدانەوەی دەدات، هەروەها سزای ئەنجامدەرانیشی دەدات.

شارەزایان و چالاکوانانی ئەم بوارە، بوونی سێ دیاردە لەلایەن حکومەت و دەسەڵاتدارانەوە بە گرنگ دەزانن، بۆ دەستکەوتنی مافی زانیاری کە بریتین لەم دیاردانەی خوارەوە:

یەکەم: پابەندبوونی دەسەڵاتە گشتییەکان بە پێشکەشکردنی زانیاری بە هەر تاکێک یان رێکخراوێکی نا حکومی کە بۆ ئەو مەبەستە داواکارییان پێشکەش کردبێت.

دووەم: پابەندبوونی حکومەت و دەسەڵاتداران، بە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان، بێ ئەوەی هیچ کەس و لایەن و دەزگایەک داوای کردبێت. وەک ئەو زانیارییە گشتییانەی پەیوەستن بە چۆنیەتی کارکردنی دەسەڵات یان وەزارەت یان دامودەزگاکانی دیکەی وڵات و ئەو خزمەتگوزاریانە چین کە پێشکەشی دەکەن و چۆنیەتی سودوەرگرتن لەو خزمەتگوزاریانە و چۆنیەتی بەشداریکردن لە کارو چالاکییەکانیان.

سێیەم: پێویستە ئەو زانیاریانە بڵاوبکرێنەوە کە پێشێلی مافەکانی مرۆڤ دەکەن.

لێرەوە دەکرێت بڵێین حکومەت و دامودەزگاکانی، نابێت ئەو زانیاریانەی کە لەبەردەستیاندایە، بۆ خۆیان قۆرخبکەن  یان بیشارنەوەو لە تاریکیدا بیانهێڵنەوە. بەڵکو پێویستە بۆ بەرژەوەندی گشتی بەکاریبێنن و مافی هەموانە ئەو زانیاریانەیان بگاتە دەست. کە دەڵێین هەموان، ئەو هاوڵاتیانەش دەگرێتەوە کە لە هەرێمدا نیشتەجێن و سەر بە رەگەز و نەتەوەی جیاوازن.

خاڵێکی گرنگ کە پێویستە لێرەدا ئاماژەی پێبدەین، ئەوەیە یاسای مافی بەدەستخستنی زانیاری، نابێت حاڵەتی هەڵاوێردن یان ئەوەی د. دانا لە کتێبەکەیدا پێیدەڵێت (بەدەرکاری- الاستثناء) زۆربێت و لە میانەی پاساوی گشتی نابەجێ و لاستییکییەوە رێگە لە پێدانی زانیاری بگرێت. بەڵکو رێژەی هەڵاوێردن دەبێت لە نزمترین ئاست و زۆر سنوردارو روون و ئاشکراش بێت. هەڵاوێردەکان دەبێت ئەم دوو مەرجەیان تێدابێت: یەکەم/ بڵاوکردنەوە یان پێدانی زانیارییەکە زیانێکی گەورە بە بەرژەوەندی گشتی بگەیەنێت. دووەم/ ئەوە بەس نییە زیانەکە گەورەبێت، بەڵکو دەبێت شاردنەوەی زانیاری لەو بەرژەوەندییە گشتییە گەورەتر بێت کە ئاشکراکردنی زانیارییەکە دەیهێنێتە ئاراوە. بۆ نموونە ئاشکراکردنی زانیاری هەستیاری سەربازی، دەربارەی گەندەڵییەکانی ناو سوپا و هێزە چەکدارەکان، لەوانەیە بەرگری نیشتیمانی لاواز بکات، بەڵام لەوانەیە بەرژەوەندییەکی گەورەتر بەدیبێنێت کە بریتییە لە خستەڕووی گەندەڵییەکانی ناو سوپاو کارکردن بۆ نەهێشتنی و چارەسەرکردنیان کە لە ئاسۆیەکی دوورمەودادا دەبێتە هۆی بەهێزکردنی سوپا. بۆیە ئەو جۆرە زانیارییە سەربازیانە، ئەگەرچی هەستیاریشبن، بڵاوکردنەوەیان گرنگە، مادام دواجار دەبێتە هۆی بەهێزکردن سوپا و بنبڕکردنی گەندەڵی. جگە لەوە پێویستە هەڵاوێردکردنەکە تەنها ئەو بەشەی زانیارییەکە بگرێتەوە کە زیانی لێدەکەوێتەوەو نابێت کۆی بەشەکانی دیکەی هەمان ئەو زانیارییە هەڵاوێرد بکرێت. تەنانەت ئەو بەشە بچوکەش کە هەڵاوێرد دەکرێت، پێویستە لە کات و زەمەنێکی دیکەدا بڵاوبکرێتەوە. بە مانایەکی دی هیچ زانیارییەک نییە کە بۆ ئەبەدو تاهەتا هەتایە بە هەڵاوێردی بمێنێتەوەو بشاردرێتەوە، بەڵکو دەبێت لە کات و ساتێکی دیکەدا رۆشنایی ببینێت و بخرێتە بەردەست رای گشتی و میللەت.

بە کورتییەکەی پێویستە لیستی هەڵاوێردەکان لە یاساکەدا دەبێت زۆر کەم و سنوورداربێت. لە راستیدا بوونی ئەو لیسە لە هەڵاوێردکردنی نەدانی زانیاری، مەترسیدارترین بەشی یاساکەیە، چونکە هیچ دوور نییە ئەو بەشەی یاساکە، ببێتە هۆکارێک بۆ پەکخستن و کارپێنەکردنی تەواوی یاساکە، بەتایبەت ئەگەر ئەو بەشە روون و ئاشکراو سنوردارنەبێت و سیمایەکی لاستیکی هەبێت. لێرەوە پێویستە لیستی هەڵاوێردەکان هەم زۆر کەم بێت و هەم بە دەقێکی روون و رەوان دیاریکرابێت، دەقێک هەڵگری تەفسیرو بۆچونی هەمەلایەنە نەبێت.

مەسەلەیەکی دیکەی گرنگ، ئەوەیە دەبێت یاساکە کاتێکی دیاریکراو بۆ وەڵامدانەوەی داواکاری زانیارییەکان تەرخان بکات. ئەگەر کاتی وەڵامدانەوە بۆ ئیدارەو لایەنی فەرمی جێبهێڵرێت و بە یاسا رێکنەخرێت، دوور نییە لایەنی فەرمی داواکە بە تەواوی پشتگوێبخات، هەر بۆیە پێویستە کاتێکی دیاریکراو بۆ وەڵامدانەوە دانرێت کە لانی هەرە زۆری لە بیست رۆژ تێپەڕ نەکات، لە رۆژی داواکردنی زانیارییەکەوە.

سەرچاوەکان:

1-کتێبی مافی زانیاری، دەستکەوتنی زانیاری و بەهێزکردنی رۆڵی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە کۆمەڵگای دیموکراسیدا، نووسینی دانا سەعید سۆفی، لەبڵاوکراوەکانی ئینستتیوتی ریفۆرم بۆ گەشەپێدان، هەولێر/ 2016

2-http://www.iraqja.iq/

3- https://www.abjjad.com

4-http://www.article-15.com


ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

6,227 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...