دادگایی باڵای فیدراڵی چییە و ئەرکەکانی چین؟

دادگایی باڵای فیدراڵی چییە و ئەرکەکانی چین؟

لە دەوڵەتی فیدراڵیدا، چاودێری/ رەقابە لەسەر دەستوریبوونی یاساکان، مەسەلەیەکی زۆر گرنگ و چارەنوسسازە. لەم دەوڵەتەدا مەسەلەی دابەشکردن و دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی نێوان ناوەندو هەرێمەکان، مەسەلەیەکی جەوهەری و سەرەکییە، بنەما یان کۆڵەکە هەرە بنەڕەتییەکەیەتی. ئەگەر ئامرازێک نەبێت کە زامنی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بکات، ئامرزێک رێگە بە هەردوو لا نەدا، ناوەندو هەرێمەکان، دەستدرێژی بکەنە سەر دەسەڵاتی یەکترو مافی یاسایی یەکتر پێشێل نەکەن،  ئەوا ئەو دەوڵەتە فیدارڵییە زەحمەتە بەردەوامبێت.

ئاشکرایە لە دەوڵەتی فیدراڵیدا، هەم حکومەتی ناوەندو هەم هەرێمەکان، خاوەنی دەستورو یاسای تایبەت بە خۆیانن. وەلێ دەستورو یاسای هەرێمەکان کە سەربەخۆن و تایبەتن بە هەرێمەکان، نابێت بڕگەو مادەی وا لە خۆبگرێت کە پێچەوانەی دەستورو یاساکانی دەوڵەتی ناوەند بێت. ئەم حاڵەتە، واتە بوونی دوو دەستور، دوو دەسەڵات، دوو پەرلەمان، دوو حکومەت، دوو یاسای جیاواز: دەستوری دەوڵەتی ناوەندو دەستوری هەرێمەکان، دەسەڵاتی ناوەندو دەسەڵاتی هەرێمەکان، پەرلەمانی ئیتیحادی و پەرلەمانی هەرێمەکان، حکومەتی ناوەندو حکومەتی هەرێمەکان، یاساکانی ناوەندو یاساکانی هەرێمەکان،  وایکردووە بوونی ئامرزێک بۆ پاراستنی هاوسەنگی نێوان ئەو دەستورو یاساو دەسەڵاتە جیاوازانەو رێکخستنیان لە یەک قەوارەی یاسایی فیدراڵیدا، مەسەلەیەکی هێجگار گرنگ و بایەخداربێت. لێرەوە بایەخی رەقابە یان چاودێریکردنی دەستوریبوونی یاساکان، لە سیستمی فیدراڵیدا، وەک ناوبژیوان/حەکەمێک دەردەکەوێت و بڕیارەکانیشی دەبێت هەمووان پابەندبن پێیەوە. ئەو چاودێریکردنە کێ ئەنجامی دەدات؟ یاخود ئەو ناوبژیوانە کێیە کە بەو کارە هەڵدەستێت؟ بێگومان ئەو چاودێرە یان ئەو ناوبژیوانە، بریتییە لە دادگای باڵای فیدراڵی و ئەو ئەنجامی دەدات و پێیهەڵدەستێت.

بێگومان لە ئێستای جیهان و لەم سەردەمە هاوچەرخەی ئەمڕۆماندا، چەندین دەوڵەتی فیدراڵی، لەسەرتاسەری گۆی زەویدا هەیە، لەوانە ئەمریکا، بەرازیل، ئەرجەنتین، ئوستورالیا، بەلجیکا، ، کەنەدا، ئەسیوبیا، ئەڵمانیا، هندستان، ئیمارات...هتد. بەڵام ئێمە لەم نووسینەدا باس لە دەوڵەتی فیدراڵی عێراق دەکەین کە لە دەوڵەتێکی ناوەندو یەک هەرێم پێکهاتووەو دادگای فیدراڵی عێراق بە نموونە وەردەگرین و رۆشنایی زیاتری دەخەینەسەر. بەڵام پێش ئەوەی بێینە سەر داگای باڵای فێدراڵی عێراق، بە باشی دەزانین چاوێک بە مێژوی سەرهەڵدانی دادگای فیدراڵی لەسەر ئاستی جیهانیدا بخشێنین و هەندێک زانیاری لەبارەیەوە بخەینەڕوو.

کورتەیەکی مێژویی دەربارەی دادگایی باڵای فیدراڵی

شارەزایان پێیانوایە یەکەم دەرکەوتنی چاودێریکردنی دادگا بۆ دەستوریبوونی یاساکان، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە سەریهەڵدا. ئەم سەرهەڵدانە دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەربەخۆبوونی ئەمریکاو جیابوونەوەی لە ئینگلتەرە. لەو رۆژگارەدا هەر ویلایەتێک لە ویلایەتەکان، لەسنوری خۆیدا دەسەڵاتی یاسادانانی هەبوو، وەلێ ئەم دەسەڵاتە دەسەڵاتێکی ڕەها نەبوو، بەڵکو پابەندی ئەو فرمانانە بوو کە لەلایەن تاجی پاشایەتی بەریتانیاوە دەردەچوون یان پابەندی ئەو یاسایانە بوو کە پەرلەمانی بەریتانی دەریدەکردن. فەرمانەکانی تاجی پاشایەتی و یاساکانی پەرلەمانی بەریتانیا، لەسەرو هەموو ئەو یاساو بڕیارانەوە بوو کە پەرلەمانی ویلایەتەکان دەریاندەکرد. دادگای ویلایەتەکان، ئەو یاسایانەی پەرلەمانی ویلایەتەکەی جێبەجێ نەدەکرد، ئەگەر لەو سنورەی بۆی دیاریکرابوو دەرچووایە. ئەو یاسایانەی لە ویلایەتەکان دەردەچوون، ئەگەر تەجاوەزی دەسەڵاتی ویلایەتەکەی بکردایە، ئەوا لەبەردەم ئەنجومەنێکی تایبەت بە پاشا کە لە لەندەن بوو، تانەی لێدەدرا. ئا لێرەوە ئەو ئەنجومەنە تایبەتە، چاودێربوو بەسەر ئەو یاسایانەوە کە لە ویلایەتەکانەوە دەردەچوون و هەمو ئەو یاسایانەی رەتدەکردەوە کە لەگەڵ فرمانە پاشایەتیەکاندا نەدەگونجان یان ناکۆکبوون لەگەڵیدا. ئەمە دەریدەخات لە ئەمریکا، بەر لە یەکگرتنی ویلایەتەکان لە ساڵی 1779، پێشینەیەک هەبووە بۆ چاودێری دەستوریی و کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر گەڵاڵەکردنی بیرۆکەی چاودێری دادگایی هەبووە.

وەک باسدەکرێت ئەزموونی ئەمریکا لە رەقابەی دەستووری، کۆنترین ئەزموونەو لە سەرجەم ئەزموونەکانی دیکە دەوڵەمەندترو کاریگەرترە. ئەم ئەزموونە بە درێژایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەم، وەک تاکە ئەزموونێک بۆ چاودێری بە دەستووریبوونی یاساکان مایەوە. پاشان لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی، لە ئەوروپاش سەریهەڵدا و لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاوبوەوە. لە ئەمریکا دادگای باڵا، بەرزترین دادگایە و تاکە دادگایە کە دەستوور بەدیاریکراوی دایمەزراندووە، هیچ دادگایەکی دیکە بۆی نییە تێهەڵچوونەوە بۆ بڕیارەکانی دادگای باڵا بکات. دەستوور سەربەخۆیی دادگاو دادوەرەکان دەپارێزێت. لە دەقێکی دەستوورەکەدا هاتووە دادوەرە فیدرالییەکان مادام خاوەنی ڕەوشتی باشن، ئەوا لە پۆستەکانیاندا دەمێننەوە، ئەمە لە ڕوویی کردەییەوە واتە مانەوەیان تا مردن یا تا خانەنشینبوون یان تا دەستلەکارکێشانەوەیان دەگەیەنێت. هەردادوەرێک کە لە پۆستەکەیدایەو کارێکی نایاسایی دەکات، ئەوا دووچاری لێپرسینەوەی پەرلەمانی دەبێت و لە کۆنگرێس دادگایی دەکرێت. دادوەرە فیدراڵییەکان لەلایەن سەرۆکەوە دادەمەزرێن و دەبێت ئەنجوومەنی پیران رەزامەندی لەسەر دامەزراندنیان بدات. هەروەها کۆنگرێس موچەی ئەو دادوەرانە دیاریدەکات. دەستور سەبارەت بە لێهاتوویی یان توانای دادوەرەکانی دادگای باڵا، هیچی دیاری نەکردووە و پێویستی نەکردووە دادوەر دەبێت پارێزەر-محامی-بێت، هەرچەندە بەردەوام سەرجەم دادوەرە فیدراڵییەکان و دادوەری دادگاکان، پارێزەربوون.

دامەزراندنی دادگای باڵای فیدراڵی لە عێراق

ئاشکرایە ئەو پێشکەوتنە سیاسی و دەستوریانەی عێراق، لەم ساڵانەی دویدا بەخۆیەوە بینی، هاوکات وەرچەرخانی لە دەوڵەتێکی تاک حیزبییەوە بۆ دەوڵەتێکی فیدراڵی، لە بەعسەوە بۆ فرە حیزبی، لە سەرۆکی قائیدی هەتاهەتاییەوە بۆ سەرۆکی کاتی، لە گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی لە سەرۆکایەتییەوە بۆ پەرلەمانی و جیاکردنەوەی هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریی لەیەکترو بوونی دەستورێک کە لەسەرو هەمو یاساکان و دەسەڵاتەکانی دیکەی دەوڵەتەوەیە، هەموو ئەو گۆڕانکاریانە وایکرد بیر لەوە بکرێتەوە پارێزگاری لەو دەستکەوتانە بکرێت و رێگە نەدرێت جارێکی دی عێراق بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێشوو. واتە سەردەمی حیزبی قائید و سەرۆکی هەمیشەیی خوا بیپارێزێت. پارێزگاریکردن لەو دەستکەوتانە سپێردرا بە دەستەیەکی سەربەخۆ، ئەو دەستەیەش بریتییە لە دادگای باڵای فیدراڵی.

ئەم دادگایە لەلای خۆیەوە چاودێری ئەو یاسایەنە دەکات کە دەسەڵاتی یاسادانان دەریدەکات، جگە لەوە چاودێری دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە دەرکردنی بڕیارو رێنمایی و کارەکانی دیکەی دەکات و رەتکردنەوەی هەمو ئەو یاساو بڕیارو رێنماییانەی لەگەڵ دەستوردا ناگونجێت. لێرەوە لە دەستوری قۆناغی گواستنەوە لە مادە 44/ڕ هاتووە پێویستە بە یاسا دادگایەک لە عێراق پێکبهێنرێت و ناوبنرێت دادگایی باڵای فیدراڵی. دەستوری ساڵی 2005 جەختی لەسەر بوونی ئەو دادگایە کردەوەو پێکهێنان و رێکخستنی سپارد بە یاسایەکی تایبەت کە بریتییە لە یاسای دادگای ژمارە 30 ساڵی 2005، ئەمە جگە لە پەیڕەوی ناوخۆیی ژمارە 1 ساڵی 2005. هەر بە پێی ئەو یاسایە ئەرکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەستنیشانکراوە، لەو ئەرکانەی لەسەر شانییەتی و ئەنجامیاندەدات: زەمانەتی رێزگرتنی بەندەکانی دەستور، جێگیرکردنی پرنسیپی سەروەری یاسا لە میانەی چاودێریکردنی بۆ بەدەستوریبوونی یاساکان و لێکدانەوەی ئەحکامەکانی و هەندێک تایبەتمەندی دیکە. دەستوری ساڵی 2005 عێراق، لە رووی تەشریع و دیموکراسییەوە، بە قۆناغێکی مێژوویی و پێشکەوتو دادەنرێت. چونکە دەستورەکە چەندین دەق و ماددەی هاوچەرخ و سەردەمیانە لەخۆدەگرێت. خودی دەستورەکە لە راپرسییەکی گشتیدا خرایە بەردەم گەلی عێراقەوە بۆ رەزامەندی لەسەر دەربڕین. لەم دەستورەدا بڕیاردراوە دادگای باڵای فیدراڵی دابمەزرێت. ئەرکی ئەو دادگایە بریتیدەبێت لە چاودێریکردنی دەستوریبوونی یاساکان.

پێناسەی دادگایی باڵای فیدراڵی

لە مادەی ژمارە 92ی دەستوری عێراقدا، ئاوا پێناسەی دادگای باڵای فیدراڵی کراوە: بریتییە لە دەستیەکی قەزائی سەربەخۆ لە ڕووی دارایی و کارگێڕییەوە، لە چەند دادوەرێک و شارەزای فقی ئیسلامی و یاساناس پێکهاتووە، ژمارەیان و شێوازی دەستنیشانکردن و هەڵبژاردنیان و کاری دادگاکە، بە یاسایەک رێکخراوە. ئەم دادگایە لە رووی پێکهاتەو ئەرک و پسپۆڕی و سەڵاحیاتەکانی، لە دادگاکانی دیکەی عێراق جیاوازترە، لەوانەی دادگای تێهەڵچوونەوە/ التمیز.

پاڵپشت بە ئەحکامی مادەی 44 لەیاسای ئیدارەی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوەو بەشی دووەمی هاوپێچەکەی، هەروەها پاڵپشت بە رەزامەندی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە دەرکردنی یاسای ژمارە 30 ساڵی 2005، ئەم یاسایە ئەو مادە و بڕگانە لەخۆدەگرێت کە تایبەتن بە دروستکردنی دادگای باڵای فیدراڵی. میکانیزمی کارکردنی و پسپۆڕییەکانی و مەرجەکانی هەڵبژاردنی ئەندامەکامی دەستنیشانکردووە. ماددەی 9 لە یاسای ناوبراودا، سەڵاحییەتی داوەتە دادگای باڵای فیدراڵی پەیڕەوێکی ناوخۆ بۆ خۆی دامەزرێنێت، تێیدا ئەو رێوڕەسمانە دیاریکراوە کە چۆنیەتی رایکردنی کاروبارەکانی دادگاکە رێکدەخات. لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگاکەدا هاتووە: ئەگەر کەسێک داوایەک/دەعوایەکی بۆ ئەم دادگایە بەرزکردەوە، پێویستە لەسەری تەواوی بەڵگەنامە داواکراوەکان ئامادە بکات، ئەگەر تەواوی بەڵگەنامەکان ئامادە نەکران، ئەوا دادگا مافی هەیە ئەو داوایە رەتکاتەوە. بەڵام ئەگەر بەڵگەنامەکان تەواوبوون و هیچ نوقسانییەکیان تێدانەبوو، ئەوا دادگا کەسی داواکراو/ نەیار/ الخێم ئاگادار دەکاتەوە، کەسەکە پێویستە لە رۆژی ئاگادارکردنەوەکەوە بۆ ماوەی 15 رۆژ، بە شێوەی نووسین/ تحریری وەڵامی دادگا بداتەوە. دوای تەواوبوونی وەڵامەکان، دادگا دەبێت رۆژێک بۆ دادگاییکردنەکە دەستنیشان بکات.

دادگای باڵای فیدراڵی بە پێی مادەی 3 بە فەرمانی ژمارە 30 ساڵی2005، لە سەرۆکێک و 8 ئەندام پێکدێت کە لەلایەن ئەنجومەنی سەرۆکایەتییەوە دادەمەزرێن. ئەنجومەنی دادوەریی بە راوێژکردن لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمەکان، وەک ئەوەی لە فەقەرەی (ه) لە مادەی 44ی قانونی ئیدارەی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە لەساڵی 2004هاتووە، ناوی دادوەرەکان بۆ ئەنجومەنی سەرۆکایەتی بەرزدەکاتەوەو ئەنجومەنەکەش رەزامەندی لەسەر دامەزراندنیان دەدات. بەڵام لەو دەقەدا ئاماژە بەو ماوەیە نەکراوە کە دەبێت دادوەر لە پۆستی ئەندامێتی دادگای فیدراڵیدا بمێنێتەوە. ئەمەش وا دەکات مانەوە لەو پۆستەدا بۆ هەتاهەتایی بێت، سەرۆک و ئەندامانی دادگاکە دەتوانن تا لە ژیاندابن لە پۆستەکانیان بمێننەوە، مەگەر خۆیان بە ئیرادە و رەزامەندی خۆیان رایگەیەنن کە نایانەوێت چیتر لەو پۆستەدا بمێننەوە. یاخود ئەگەر تۆمەتبارکران بە تۆمەتی شەرەف یان خیانەتی نیشتیمانی یا تاوانی گەندەڵی. هەندێک لە شارەزایانی بواری یاسایی، پێیانوایە دیارینەکردنی ماوەی مانەوەی سەرۆک و دادوەرەکانی دادگای باڵای فیدراڵی، ناتەواوی و خەوشێکە لە یاساکەدایەو پێویستە ئەو یاسایە هەموار بکرێتەوەو ماوەیەکی دیاریکراو دەستنیشان بکرێت، بۆ نموونە 5 ساڵ کە لە زۆرێک لە وڵاتاندا پەیڕەودەکرێت. دیاریکردنی ماوەی مانەوە، دەرفەت بۆ دادوەرانی دیکە دەکاتەوە تا لەم دادگایەدا ببن بە ئەندام و شارەزایی و تواناکانی خۆیان بخەنەگەڕ. واقیعی حاڵ دەڵێت مرۆڤ کە چووە ساڵەوە، تواناو کەفائەت و چالاکییەکان وردە وردە کەم دەبێت. جگە لەوە مانەوە لەو پۆستانەدا بۆ هەتا هەتایە، کێشەی گەورەی تێدایە، چۆن؟ باشە ئەگەر ئەو کەسە دووچاری نەخۆشی بیرچوونەوە یان هەر نەخۆشییەکی دیکە بوو کە کاریگەری گەورەی لەسەر کارەکەی هەبێت و خۆشی ئامادەنەبێت دەستلەکار بکێشێتەوەو پێداگریی لەسەر مانەوەی لە پۆستەکەیدا بکات و یاسایەک یان دەسەڵاتێک نەبێت ناچاری بکات خانەنشین بێت، ئا لەو حاڵەتەدا چار چییە و دەبێت چی بکرێت؟ هەروەها لە یاساکەدا هیچ مەرجێک بۆ کاندیدەکان دانەنراوە، ئەمە وا دەکات هەندێک دادوەر کە تواناو کەفائەتیان نزمە، لە رێگەی واستەو خزمخزمێنەو مەحسوبییەتەوە، ببن بە ئەندام لەو دادگایە.

پسپۆڕییەکانی دادگای باڵای فیدراڵی

یاساکە پسپۆڕییەکانی دادگای باڵای فیدراڵی پشتگوێ نەخستووە، بگرە لە مادەی 44 دیاریکردووە. ئێمە لێرەدا ئەو ئیختیساسانە لە دوو لایەنەوە دەخەینەڕوو: لایەنی یەکەم پسۆڕییەکانی دادگای باڵای فیدراڵی کە لە دەستوری 2005دا هاتووە، دووەم پسپۆڕییەکانی دادگای باڵای فیدراڵی کە لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگاکەدا هاتووە.

پسپۆڕییەکانی دادگای باڵای فیدراڵی کە لەدەستوری ساڵی 2005 دا هاتووە:

یەکەم/ چاودێریکردنی دەستوریبوونی یاساکان

چاودێریکردنی قەزائی لەسەر دەستوریبوونی یاساکان، رەزامەندی رەهای بەدەستنەهێنا. هەندێک لە فوقەهاکان و یاساناسەکان، بە پاساوی ئەوەی یاسا گوزارشتە لە ئیرادەی گشتی میللەت، رازینەبوون بەوەی دادگای باڵای فیدراڵی چاودێری دەستوریبوونی یاساکان بکات. مەسەلەکە هەرچۆنێک بێت، ژمارەیەک وڵات هەیە لە دەستورەکەیاندا رێگایان بەو جۆرە چاودێریکردنە داوە، لەوانە دەوڵەتانی ئەمریکای لاتین و سویسراو نەمسا و ئیتالیا. لە عێراقدا ئەگەرچی وەک ئاماژەمان پێدا، ئەو چاودێریکردنە رەزامەندی رەهای بەدەستنەهێنا، بەڵام کاریپێدەکرێت و یەکێکە لە ئەرکەکانی دادگای باڵای فیدراڵی.

دووەم: لێکدانەوە یان تەفسیرکردنی دەقەکانی دەستور

ئەم پسپۆڕییە تازە هاتووەتەئاراو زیادکراوە، چونکە نە لە یاسای ئیدارەدانی دەوڵەتی عێراقی بۆ قۆناغی گواستنەوەو نە لە یاسای ژمارە 30 ساڵی 2005 دا نەهاتووەو ئاماژەی بۆ نەکراوە. دەستور ئەو لایەنەی دایارینەکردووە کە داوای تەفسیرکردن دەکات. بەڵان دادگای باڵای فیدراڵی داواکاری تەفسیکردنی دەقەکانی دەستور وەردەگرێت، ئەگەر ئەو داواکردنە لەلایەن جیهەتێکی فەرمییەوە هاتبێت.

سێیەم: یەکلایکردنەوەی ئەو ناکۆکیانەی لە نێوان حکومەتی ناوەندو حکومەتەکانی هەرێمەکاندا روودەدات.

چوارەم: یەکلایکردنەوەی ئەو ناکۆکیانەی لە نێوان حکومەتەکانی هەرێمەکان روودەدات.

پێنجەم: یەکلایکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی سەرۆک کۆمارو جێگرەکانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەکان دەکرێت.

شەشەم: بڕیاردان لەسەر ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی یاسادانان.

حەوتەم: یەکلایکردنەوەی ئەو ناکۆکیانەی لە نێوان پسپۆڕی داگای فیدراڵی و دەستەی دادوەری هەرێمەکاندا روودەدات.

 پسپۆڕییەکانی دادگای باڵای فیدراڵی کە لە یاسای پەیڕەوی ناوخۆکەیدا هاتووە.

ماددەی 4 لە یاسای پەیڕەوی ناوخۆی دادگای فیدراڵیدا، ئەم پسپۆڕیانەی خوارەوەی بۆ دادگاکە دەستنیشانکردووە:

1-یەکلایکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمەکان.

2-یەکلایکردنەوەی ئەو ناکۆکیانەی پەیوەندی بە شەرعیەتی ئەو یاساو بڕیارو رێنماییانەوە هەیە کە لەلایەن جیهەتێکەوە دەردەچێت، رەتکردنەوەی هەر شتێک ناکۆکە لەگەڵ ئەحکامی یاسای ئیدارەدانی دەوڵەتی عێراقی بۆ قۆناغی گواستنەوە. ئەمەش لەسەر مەبنای داواکارییەکەوە دێت کە لەلایەن جیهەتێکی فەرمییەوە یان کەسێکی خاوەن بەرژەوەندیەوە بەرزکرابێتەوە.

3-تەماشاکردنی ئەو تانانەی/ تەعنانەی کە دژ بە بڕیارەکانی دادگای کارکێڕی دەردەکردێت.

لێرەوە یاساناسان و شارەزایانی بواری یاسایی، پێیانوایە  دادگای باڵای فیدراڵی، وەک سەمام ئەمانێک وایە، رێگرە لەبەردەم دەرکردنی هەر یاسایەک کە ناکۆکە لەگەڵ ئەحکامەکانی دەستوری فیدراڵی وڵات. لە کۆتایدا دەکرێت بڵێین بوونی دادگای باڵای فیدرالی لە دەستوری عێراق بۆ ساڵی 2005، وەک باڵاترین دەستەی دادوەریی، هەنگاوێکی گرنگە لە بواری قەزائی و دادگا و دادوەریدا. بێگومان لە سیتمە فیدراڵییەکاندا، دادگای باڵای فیدراڵی، رۆڵێکی سەرەکی هەیە لە پارێزگاریکردنی دەستوری فیدراڵی. ئەم پارێزگاریکردنە بەو مەرجە دەبێت کە ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی، کەسانی سەربەخۆو بە تواناو بێلایەن بن، دادوەری بوێرو ئازاو راستگۆبن. واتە لە کاتی کارکردنیان بۆ یەکلایکردنەوەی ناکۆکییەکان، چ ناکۆکییەکانی ناوخۆی حکومەتی ئیتیحادی بێت، یاخود ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی هەرێمەکان بێت، بە چاوێکی بێلایەن و سەربەخۆیانە لێیان بڕوانێت و نەکەوێتە ژێر کاریگەری دەسەڵاتی هیچ حیزب و کەسایەتییەکی سیاسی و ئاینی و مەزهەبێکی دیاریکراو.

سەرچاوەکان

ar.wikipedia.org 

www.iraqfsc.iq

http://nahrainuniv.edu.iq

ماڵپەڕی سەکۆ

سەکۆیەک بۆ هەمووان

سەکۆیەک بۆ بەرپرسیارێتی

 

69 پرسیار

3 وەڵام

7,556 بەکارهێنەر

مەرجەکانی بەشداریکردن لەم سەکۆیە

هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی هەیە لەم سەکۆیە بەمەرجێک کە:

١. خۆی تۆمار بکات لە بژاردەی “چوونە ژوورەوە”

٢. ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران دەکرێ، پێویستە دوور بێ لە ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەسایەتی پەرلەمانتاران.

٣. بەهەمان شێوە وەڵامی پەرلەمانتاران پێویستە دوور بێ لە هەڵچوون.

٤. پرسیارەکان، بەهەمان شێوە وەڵامەکانیش، پێویستە بابەتیانە بن، واتە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری بن.

٥. هەموو پرسیار و وەڵامێک بە فیلتەری شیاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە گفتوگۆی بێهودەو، بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەم سەکۆیە لانەدەین.

 

سوپاس بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران بۆ فراوانکردنی ئەم سەکۆیەو پانتایی گفتوگۆی دیموکراسیانە، هەروەها بۆ بەرفراوانکردنی فەزای بەشداری گشتی.

 

 

 

 

 

 

 

...